ما 1758 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵان گوزەرا. ئەوسا بینیم گۆڕانێکی سەیر لە ماڵی ئێمە روویدابوو. باوکم و باوەگەورە کە ئەوەندە گوێیان لە گۆرانی گرتبوو، بەپێچەوانەی تەمەنیان نەک تەنیا چرچ و لۆچ نەکەوتبووە دەموچاویانەوە، بەڵکو هەتا دەهات ساف و لووستر دەبوون و کوڵمەکانیان گەش و گەشتر. منیش کە ئەوەندە سەرم بە بن لێفەدا کردبوو، چاوەکانم وەک گۆمی خوێنیان لێهاتبوو، روخسارم پڕ لە گنج و سەریش زل زل بە قەدەر پووتێکی شانزە کیلۆیی!

هەواڵ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لەمێژە نە باوکم و نە باوەگەورە گوێ لە هەواڵ ناگرن. لە رادوێ و تەلەفزیۆنی ماڵی ئێمەوە دەنگی هیچ هەواڵنێر و خوێنەری هەواڵێک ناگاتە گوێ. ئێمە تەنیا یان گوێ لە گۆرانی دەگرین، یان سەیری فیلم دەکەین.

بەڵام لەو بەر کۆڵان، ئەو کۆڵانەی تەنیا سێ میتر پانە، دراوسێیەکمان هەیە کە هەمیشە گوێ لە هەواڵ دەگرێ. بە رادوێ و تەلەفزیۆن خەریکە. لەم کاناڵەوە بۆ ئەو کاناڵ. لەم وڵاتەوە بۆ ئەو وڵاتە! لەم ئیزگەوە بۆ ئەوی دیکە. تێرنابێ. خۆی گوتەنی رووداوەگەورەکانیش لە ئان و ساتدا روودەدەن و، بۆیە گرینگە چرکە لە دەست نەدرێ.

ئەویش لەدەستی نادات.

دەنگی رادوێ و تەلەفزیۆنەکەی دەگاتە ماڵی ئێمە. بەتایبەت هاوینان کاتێک هەوا خۆشە. ئاخر دەنگیشی دەداتێ. وەک بڵێی هەواڵخوێنەکە لە تەنیشت باوکم و باوەگەورە لە ژوورەکەی ئێمە دانیشتووە. باوەگەورە یەک بە خۆی دەنەڕێنێ کە "ئادەی ئەو تا پەنجەرەیە پێوەدەن، با دەنگی رادوێی ئەو گەوادە نەگاتە ئێرە!" باوکم لەگەڵ ئەوەی موافقی داواکارییەکەی باوکیەتی، بەڵام لە شێوەی گوتنەکەی رازی نیە. ناوچاوی تێکدەنێ و، بە دەنگی نەوی دەڵێ "باوکە منداڵی لێیە!" باوەگەورە مۆڕەکەیەک لە باوکم و، لە منداڵەکان دەکا و بێدەنگ دەبێ.

دەنگی هەواڵ لە ماڵی دراوسێکەمانەوە، سەرەڕای بەستنی پەنجەرەکە هەر دێتەگوێ. باوەگەورە دیسان پڕ بە خۆی هاواردەکاتەوە "بەڵکو پەردەی گوێی بدڕێ!... بەڵکو مێشکی بتەقێ و نەجاتمان بێ... ئەو گەوادە!"

بەڵام نە پەردەی گوێی دراوسێکەمان دەدڕێ و، نە کەلەیشی دەتەقێ. تازە بەهۆی شەڕە یەک لە دووای یەکەکانەوە کە دادەگیرسێن بازاڕی رادوێ و تەلەفزیۆنەکەی گەرمە و شایی لۆغانیەتی. من پێم وایە دراوسێکەمان قەت بێتاقەت نابێ.

تەنیا دڵخۆشی باوکم و باوەگەورە ئەو کاتانەیە باران دەبارێ و، دەبێ بە هەورەتریشقە. چ باشتر شەستەبارانیش بێت. ئیتر دەنگی هەواڵەکان ناگاتە ماڵی ئێمە. ئیتر لە شوێنێک لە نێوان دنکە بارانەکان و لە نێوان تیشکە بەهێزەکان ون دەبن و، لە ماڵی ئێمە دۆخ ئاسایی دەبێتەوە.

من کە لەمێژە بەجوانی گوێم لە هەواڵ نەبووە، بە دزییەوە دەچمە کۆڵان و، لە کاتێکدا لەبەردەرگا پاڵ بە دیواری ماڵەکەمانەوە دەدەم گوێ لە ماڵی دراوسێکەمان دەگرم. ئاگام لێیە کاکی دراوسێ بە ژێرکراسی و بە بیجامەیەکەوە لە تەنیشت پەنجەرەکەدا دانیشتووە و، لە کاتێکدا جگەرە یەک لە دووای یەک بەبادەدا، گوێ لە هەواڵ دەگرێ. خێزان جاروبارە چایی بۆ دێنن و، ئەویش بە دەم هەڵقوڕاندنییەوە چاو لە تەلەفزیۆنەکە زیت دەکاتەوە.

کەمکەم لە دووای چەندین و چەندین شەو دانیشتن لە کۆڵان و گوێ گرتن لە هەواڵ، تێدەگەم کە بەڕاستی خۆشە. هەستدەکەم هەواڵ رۆحی من لە جەستەم جیادەکاتەوە و، هەڵیدەفڕێنێ و بەرز بەرزی دەکاتەوە و دەیبا و دەیبا هەتا ئەو سەری دونیا. من کە جاری وایە ئاگام لەخۆم نیە، دەبینم بە ساعەت دانیشتووم و بە بێ جووڵە گوێ لە هەواڵ دەگرم. لەگەڵ ئەوەی هەواڵەکان هەموو شەوێ زۆر لەیەک دەچن، هەر ئیزگایەکیش تام و بۆنی خۆی هەیە. لەخۆوە نیە دراوسێکەمان ئاوەها لەمەوە دەپەڕێتە سەر ئەوی تر و لەویشەوە بۆ یەکی تر. بەڕاستی چەند دونیایەکی خۆشی هەیە! چەند ماڵی ئەوان پڕە لە رووداو و پڕە لە شتی تازە.

بەرەبەرە لە بەر خۆمەوە رقم لە باوکم و باوەگەورە دەبێتەوە. هەستدەکەم ئەوان نەک تەنیا منیان لە بیستنی شتێکی گرینگ بێ بەش کردووە، بەڵکو ماڵی ئێمەیان کردووە بە قەڵایەکی وشک و برینگ و خاڵی لە هەر شتێکی بەکەڵک هاتوو. هەستدەکەم ئێمە رۆژبەڕۆز خەریکە گەمژەتر دەبین. ئەدی، هەواڵ و گوێگرتن لێێ دوو رووی دراوی وریابوون و زیرەکین.

تووڕە لەم وەزعەی ماڵی ئێمە، دەچم و بەدزییەوە رادوێیەکی دەستی دوو و کۆن دەکڕم و شەوان بە دزییەوە لە ژێرخان، لە ژێر لێفە یاخود لە کۆڵان گوێی لێدەگرم. خۆ ناکرێ ساڵ دوانزە مانگ من لە سەر قن دانیشم و لە سەرما و گەرمادا گوێ و چاوم لە ماڵی دراوسێکەمان بێت.

رادوێکەم هەرچەند زۆر باش نیە، بەڵام تێرم دەکا. تەقریبەن هیچ هەواڵێکم لەدەست ناچێ. تاران، بی بی سی، ئامریکا، فەڕانسە، بەغداد و... یەک لەدووای یەک بە جیق و فیقێکی زۆرەوە دەچمە سەریان و دەگەمە ئەوەی وا نیازمە. بەرەبەرە تێدەگەم کە هەواڵەکان لە راستیدا دوودەستەن: هەواڵی دەرەکی و هەواڵی ناوخۆیی. دوواتر تێدەگەم کە بەگوێرەی هەر وڵات، هەواڵیک دەتوانێ یان دەرەکی بێت یان ناوخۆیی. دوواتر بەوەیش دەزانم کە هەواڵەکان چەند بەشن: سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کلتوری. هەمدیسان تێدەگەم کە هەواڵەکان دەتوانن بە گشتی دوو دەستە بن: هەواڵی شەڕ و هەواڵی بێ شەڕ. ناڵێم ئاشتی چونکە هیچ هەواڵنێرێک ناڵێ هەواڵی ئاشتی. هیچ شتێکیش لە بیستنی هەواڵی شەڕ لام سەرنجڕاکێشتر و سەیر و سەمەرەتر نەدەهاتە بەرچاوم. وام لێهات زیاتر لە هەر شتێکی تر بە دووای هەواڵی شەڕدا دەگەڕام. ئەو شەوانەی رادوێکەم هەواڵی شەڕی پێ نەبوو، تووڕە و گرژ دەبووم و لام وابوو شتێکم لێ ون بووە و دونیا بەگشتی تامی نەماوە.

بە خۆشییەوە هەمیشە، یاخود زۆربەی کات، لە شوێنێک لەم دونیا پان و بەرینەدا شەڕێک روویدەدا تا هەواڵەکان باسی لێبکەن. زۆر سەیر بوو کاتێک دەچووە سەر هەواڵی شەڕ، جیق و فیقی پاڕازیتیش نەدەما و بەجوانی گوێم لە هەموو شتێک دەبوو.

ساڵان گوزەرا. ئەوسا بینیم گۆڕانێکی سەیر لە ماڵی ئێمە روویدابوو. باوکم و باوەگەورە کە ئەوەندە گوێیان لە گۆرانی گرتبوو، بەپێچەوانەی تەمەنیان نەک تەنیا چرچ و لۆچ نەکەوتبووە دەموچاویانەوە، بەڵکو هەتا دەهات ساف و لووستر دەبوون و کوڵمەکانیان گەش و گەشتر. منیش کە ئەوەندە سەرم بە بن لێفەدا کردبوو، چاوەکانم وەک گۆمی خوێنیان لێهاتبوو، روخسارم پڕ لە گنج و سەریش زل زل بە قەدەر پووتێکی شانزە کیلۆیی!

ئیستا لە ماڵی ئێمە لە دووای گوێگرتن لە هەواڵەکان (لە لایەن منەوەو)، گوێگرتن لە گۆرانی (لەلایەن باوکم و باوەگەورمەوە)، دادەنیشین و تێرتێر بەیەکتر پێدەکەنین. من بە سیمای منداڵانەی ئەوان و، ئەوانیش بە سەری زل و دەموچاوی پڕ لە چرچ و لۆچی من.

 

گەڕان بۆ بابەت