ناڵە حەسەن
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتە بەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
میمی پاشگر و منی پیاو
ناڵە حەسەن
١
من نامەوێت
ڕوخسار و جەستەم بگۆڕم و
خۆم بکەم بە ژن
بەڵام حەزدەکەم
منی پیاو
بە خەیاڵ و مێشکی ژن
بیربکەمەوە و شیعر بنووسم
بە چاوەکانی ژن بڕوانم و
بە هەستەکانی ژنیش خەون ببینم
٢
کاتێک
لەسەر سەکۆیەکی بڵندەوە
بە دەنگێکی نێرینەی گڕەوە
لەنێو گوتارەکانم دا دەڵێم
(ژنەکەم، ئۆتۆمبێلەکەم، خانووەکەم، دەمانچەکەم،
قاسەکەم، سامانەکەم
کورسییەکەم، تاجەکەم، دەسەڵاتەکەم ...!)
منی پیاو
خۆم وەک کۆیلەیەک دێتە بەرچاو
کۆیلەی کاڵا و کۆیلەی زەوی و
کۆیلەی شتومەکە بێ گیانەکان
بۆیە ڕقم لە میمی پاشگر و
لە هەموو میمەکانیتر دەبێتەوە
٣
کاتێکیش
ئەم هەموو جەنگ و خوێن و
کوشتن و مردن و
تاریکی و تێنوێتی و
برسییەتی و کۆچکردنە دەبینم
منی پیاو
خۆم وەک دڕندەیەک دێتە بەرچاو
بۆیە ڕقم لە پیاوبوونی خۆم دەبێتەوە
٤
شەرمەزارم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ
عاشقانە بژیم و
لەگەڵ کوڕ و کچە دڵ پڕ ئومێدەکان
دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری و
بەدەوری مەشخەڵی ئاگرێکی گەش
سەما دابەستین و
گۆرانییەکانی موحیبەت و
سروودەکانی ئازادی و
بەستەکانی خۆشەویستی بڵێینەوە
٥
چاو بەرەوژێرم
کە نەمتوانی وەک مرۆڤ بژیم
بە هەورازەکانی جوانی هەڵگەرێم و
هەر لەشوێن خۆم
لەنێو
گۆمە شینکە پڕ قەوزەکانی ناشیرینی مامەوە
بۆیە دەمەوێت
منی پیاو
لەنێو کیشوەری میمی پاشگر و
لەنێو نیشتیمانی پیاوەتی خۆم بڕۆمە دەرەوە!