ما 2915 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

کابرای گونک بەدەست کە بێدەنگ نەدەبوو، خەریک بوو قسەبکاتەوە کە پیاوێک بە پەڕۆیەکی سەوزەوە هات و بە سڵاو لە جەماعەت بە دووای ئاخر نەفەر کە من بووم گەڕا. فریای جوابی سڵاوی ئەویش کەوت و، وتی: من ئەوانە نازانم هەر کەس بە نوبەتی خۆی چەندی دەوێت دەیدەمێ، بۆیشم گرنگ نیە هەینی یا رۆژی ترە، گرنگ ئەوەیە هەویرەکەمان تەواو بێت و، نەترشێت.

نۆرەی نانەوایی

موحسین ئەمینزادە

لە ئاخرین هەینی دووهەم مانگی وەرزی پاییز، کە ڕۆژێکی سارد بوو، ئاسمان پڕ بوو لە هەوری ڕەش. وا دیاربوو دەیویست بە بارین تەپوتۆزی ئەم چەند مانگە بە جارێک لە سەر عەرز بشواتەوە. بای پاییزیی گەڵای سەر شەقامی یەک بەدووای یەک هەڵا دەبڕی. هەرچەندە زوو بوو، بەڵام کزەسەرما جاربەجار تەزووی بە لەشدا دەهێنا.

بە تەمای کڕینی نان بووم. چەند گەڕەکیش چووم، بەڵام نانەواخانەکان داخرابوون. کە گەیشتمە نزیک ئەو ئادرەسەی راننده پاسەکە چەن کۆڵان بەولاترەوە پێیدابووم، بینیم مێرمنداڵێ بە نانەوە هاتەدەر. هەر بە بینینی، ماندوویی لە لەشەم دەرچوو! سەیارەکەم پارک کرد. پاش سڵاو و ماندوونەبوونی، خۆم لە نۆرەی نانەواخانەکە بە وتنی چەند رستە دامەزراند. زۆر زوو بۆم دەرکەوت دوو کەس پێش من نانێکی ئێجگار زۆریان دەوێت و، کێشەیان لەگەل نەفەری پێش من هەیە. زوو زوو ئەوەی گونکی دەگرت بە روپۆشێکی سپییەوە، کە چڵک و هەویر دایپۆشیبوو و زۆرتر بە زەرد دەچوو، بە سمێڵێکی زل و رەنگکراو و سیگارێ بەلالێویەوە کە نیوەی سوتوو بوو، دەیگوت: کێشە چییە، کابرا منداڵ وردبێت زۆر لەوەش زیاتری پێویسته!

نەفەری پێش من کە نانەواکە بە کەمال بانگی لێدەکرد و، بۆنی خۆشی لێ دەهات و فریای ڕیش تاشین کەوتبوو لەوەڵامدا ڕوو بە نانەواکە، نەک ئەوەی گونکی دەگرت، دەیگوت: کابرا پوڵی خۆیەتى و چەنەی پێ خۆشە بیکڕیت، بەس شاتر گێان ئێستا هەینیە و ماڵومنداڵی ئێمەش چاوەڕوانی نانن، یەکی وەک من کە لە دایرە دەوام دەکەم هەفتەی جارێک بۆم دەڕەخسێت نانی بەیانی لەگەل بنەمالەم بخۆم، جا خوا هەڵئەگرێ نیوەی رۆژ لە سەفی نانەواخانە بم؟

شاتر کە جۆلەجوڵی زیا لە رادە بوو و، دەستی نەدەوستا تا دەیویست شتێک بڵێ کابرای گونک بەدەست قسەکانی پێدەبڕی و هەر دەنگە دەنگی سمێڵ ڕەشی گونک بەدەست بوو دەهاتە گوێ: کاکە ئێوە ساڵی جارێک بە ڕێکەوت رێگاتان دەکەوێتە لای ئێمە، کابرا هەموو ڕۆژێک لێرەیە و مشتەری خۆمانەو خۆ ناکڕێت جوابیان کەین، تاقەتتان بێت، هەویرێکی زۆرم شێلاوەو بەشی هەمووتان دەکات.

کەمال کە دیار بوو زۆر بەو قسانە تێکچووبوو، وتی: کاکە من کەی وتوومە جوابی کە؟ من دەڵێم با بەیانیانی هەینی ئەوەننە نان بگرین کە هەموومان فریای بنەماڵە بکەوێن و، پاش نانی بەیانی بێینەوە و چەندێکمام ویست، بیگرین.

کابرای گونک بەدەست کە بێدەنگ نەدەبوو، خەریک بوو قسە بکاتەوە کە پێاوێک بە پەڕۆیەکی سەوزەوە هات و بە سڵاو لە جەماعەت بە دووای ئاخر نەفەر کە من بووم گەڕا. فریای جوابی سڵاوی ئەویش کەوت و، وتی: من ئەوانە نازانم هەر کەس بە نوبەتی خۆی چەندی دەوێت دەیدەمێ، بۆیشم گرنگ نیە هەینی یا رۆژی ترە، گرنگ ئەوەیە هەویرەکەمان تەواو بێت و، نەترشێت.

منیش کە لە هەمووان بەپەلەتر بووم، هەر ئەوەندەم وت: با ئەوانەی کەمتریان ئەویت بیگرن و بڕون، پاشان ئەو برادەرە هەر چەندێکی ویست بێگرێ، ئاوا بۆ هەمومان باشە، ها...

لەو کاتەدا کە وامدەزانی رێگایەکی باشم پێشنیارکردبوو، وام لێ هاتنە جواب وامزانی سێ چوار کەسم کوشتووە! ئەو سمێڵ ڕەشەو، ئەو برادەرە کە دوو نەفەر پێش من بوو، دەمیان لێکردمەوە هەر مابوو سوار سەرم بن!

کابرای دوو نەفەر پێش من، کە باڵابەرز و عەینەکی بوو و جلوبەرگی یەکدەست شینی لەبەرکردبوو، وتی: بۆ کاکە هەر ئێوە مالومنداڵتان هەیە،... کەس ئێمە نابینێت، ئێمەیش پێمان خۆش بوو وەک ئێوە بەس بە هەینی بێینە نانەواخانە و باقی ڕۆژانی تر بەجێی نان پڵاو بخۆین و گۆشتی برژاو!

قسەکانی تەواو نەبوو کە گونک بەدەستەکە هەروا کە هەویری لە مەنجەلی دەزگای هەویر شێلەکە هەڵدەگرت، وتی: بەخوا باشە، ئەمجارە مەهێڵن خەلکی نانیش بخوا، هەر ئەمەمان کەم بوو!

شاتر کە دی وەزعەکە بەرەو ئاڵۆزی دەڕوا، کەوتە ناو قسەکانەوە و هەوڵیدا هێورمان کاتەوە. لەسەرخۆ وتی: ئەوانەی دوێنێ مردن بۆ ئەمڕۆ بەرنامەیان هەبوو و، ئەوانەی ئێستا دەمرن بۆ شەو بەرنامەیان هەیە،... ژیان زۆر بە سەختیی مەگرن، لە چاو قونجاندنێکا هەموو شت ئەتوانێ بگۆڕدرێت.

بێدەنگییەکی سەیر بە سەر نانەواخانەکەدا زاڵ بوو. کەس هوشی نان و نانگرتنی نەمابوو.

گەڕان بۆ بابەت