ما 2877 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەناسەی سواردەبێ. کات دەست دەخاتە بینەقاقای. دەیگووشێ. وەک دێوەزمە سوار سینگی دەبێ. گەر هەوای فێنکی دەرەوە هەڵنەمژێ، دەخنکێ. نەک لە ترسی مەرگ، بەڵکو لە حەزی بەردەوامیی خەیاڵ بەپەلە دەرگای باڵکۆنەکە دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە. چەند هەناسەی قووڵ بەپەلەپەل لەسەر یەک هەڵدەمژێ. جەستە بەرەبەرە ئارام دەبێتەوە و، هەناسە ئاسایی. دێوەزمەکە وندەبێ. لە باڵکۆنەکەوە لە دیمەنەکەی بەردەمی دەڕوانێ. تا چاو بڕدەکا هەورێکی روون ئاسمانی داگیرکردووە. سرتە چییە لە هیچ شوێنێکەوە نایەت.

تامەزرۆیی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لینکەکەی کۆپی کرد، گواستییەوە بۆ ناو واتساپ و لەوێوە بۆ ئەو ئاردەسەی بەڕێکرد وا مەبەستی بوو. ئادرەسی هاوڕێیەکی کۆن کە لەمێژبوو هەواڵی لێی نەبوو. باشتر بڵێم راستەوخۆ هەواڵی لێنەبوو، ئەگینا بە هۆی ئەپ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەگشتی جیهانی نێتەوە دووراودوور و ناڕاستەوخۆ ئاگای لێبوو. دەیزانی سەلامەتە و دەژی و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیەتی. سەیرە! ژیان وەهای لێهاتبوو کە سەرەڕای ئەو دەرفەتانەی جیهانی نێت خوڵقاندبووی، کەچی پەیوەندییەکان کەمتر ببوونەوە. مرۆڤ لە دونیای نێتیشدا غەریب کەوتبووەوە.

نازانێ ئەمشەو بۆ لینکی ئەو گۆرانییەی بەڕێکرد. گۆرانی 'ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی' نەجمەی غوڵامی و شیعری 'گۆران'. ئاوازێکی غەمگین و شیعرێکی تەواو لە وەسفی سروشتدا، سروشتی کوردستان. هەڵبەت ئەم لای وانەبوو گۆرانییەکی غەمگینە، جا با بە نەرمی و بە دەنگێکی نەوی و سۆزداریش گوترابێ. نا، زیاتر رۆچوونی رۆح بوو لە حاڵەتێکی تایبەتیدا کە تەنیا کاتێک شێعرێکی لەم چەشنە و مۆسیقا یەکدەگرن دەتوانن لە دەروونی مرۆڤدا دروستی بکەن.

لە ژێر لینکی گۆرانییەکەدا بۆی نووسی: "سڵاو کوڕی باش، هیوادارم باش و سەلامەت بیت و بە دوور لە دەستی زاڵمی زەمەن، ئەم گۆرانییەیش پێشکەشە،... بەیادی زەمانی کۆن و بە یادی ئەو رۆژانە!"

ئەوسا دوواکلیکی کردبوو.

دەستی لە سەر کامپیوترەکە هەڵگرت و، پاڵی لێدایەوە. لە سەقفەکەی رووانی. لە پەنجەرە تاریکەکەی تەنیشتی. لە بێدەنگی ژوورەکە. لە ئێوارەوە بێ ئەژمار گوێی لە گۆرانییەکە گرتبوو، لێیدابووەوە و لێیدابووەوە. لە کۆتاییدا لەبەر رێزی گۆرانییەکە وازی لێهێنابوو. نەکا لێی بێزار بێت. بە گوێرەی ئەزموونی ژیان، دەیزانی کە زۆرو بۆری لەگەڵ خۆی بێزاری دێنێ. بۆیە دەبا وازی لێ بێنێ. ئا، سبەی گوێی لێدەگرێتەوە. یان رەنگە سەعاتێکی تر.

لەبەر خۆیەوە گوتییەوە:

"جۆگە وردەکان ئەکشێن سەرەوخوار،

ئەبریقێنەوە، وەک توولەی ڕەشمار!

ڕەنگ ڕەنگ پەپوولە ئەفڕی زەلاوزەل؛

گا کناچەی پۆڕ، گا جریوەی مەل"

نازانێ بۆ لە هەموو شێعرەکە ئەم بەیتەی لە زەینا دێت و دەچێ. دەنگی هەڵبڕی، ئەگەرچی بە راکشانەوە ئەستەم بوو: "گوڵەبەڕۆژەی قژزەردی چاوکاڵ / مل کەچ وەستابوو: سەرگەرمی خەیاڵ!"

لە گڕی دەنگی خۆی قیت بووەوە. قەت دەنگی خۆش نەبووە. چەندە ئارەزووی دەکرد خاوەن دەنگێکی خۆش بووایە. هەستدەکا ئەو سۆز و گڕەی لە دەروونیدایە گەر دەنگێکی خۆشی لەگەڵ بووایە ئەوا کاری گەورەی لەدەست دەهات. رەنگە ئەویش ببووایە بە گۆرانیبێژێکی بەناوبانگ، هەروەها شاعیرێکی باشیش. گۆرانیبێژێک کە بۆخۆی شیعری گۆرانییەکانیشی دادەنا. دڵنیا بوو دەیتوانی. تەنیا ئەوەندەی دەنگی خۆش بووایە!

کامپیوترەکە هەر وا لە تەنیشتیدا بوو. بە لینک و ئەو تێکستەی وا بۆ هاوڕێکەی ناردبوو. هاوڕێ ریش و سمێل سپییەکەی. هاوط بەتەمەندا چووەکەی. جارێکی تر تێسکتەکەی خوێندەوە: "سڵاو کوڕی باش، هیوادارم باش و سەلامەت بیت و بە دوور لە دەستی زاڵمی زەمەن، ئەم گۆرانییەیش پێشکەشە، بەیادی زەمانی کۆن و بە یادی ئەو رۆژانە!"

رستەکە چەند غەمناک دەهاتە بەرچاوی؛ بەڵام نا، ئەو مەبەستی ئەوە نەبوو تێکستێکی غەمگین بەرێ بکا، هەروەک چۆن لای وابوو گۆرانییەکە لەراستیدا گۆرانییەکی حەزین نەبوو. لەبەر خۆیەوە گوتی تێمدەگا، ئا تێمدەگا، دەزانێ مەبەستم چییە. ئەو بۆنی هاوڕێیەتی دەکاتەوە.

لە ناو دەقەکەدا رستەی "بەیادی زمەنی کۆن و بە یادی ئەو رۆژانە" سەرنجی زیاتر قۆستەوە. لەبەر خۆیەوە دووپاتی کردەوە "بەیادی زمەنی کۆن و... بە یادی ئەو رۆژانە". پالکەوتەوە. زەمەنی کۆن و ئەو رۆژانە! شەستەکانی هەتاوی. چل ساڵ لەوە پێش. گۆرانییەکەیش چەندە چل ساڵ لەوە پێشی وەها زیندوودەکردەوە کە دەڵێی تەنیا یەک چرکە چییە تێنەپەڕیبوو! ئەوسا زەمەن وەها لە دەروونیدا کۆبووەوە کە هەستی کرد هەرئەوەندەی ئیرادەبکا، بە چرکەیەک هەرچی رابردووە بانگهێشت دەکاتەوە. بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی. دڵنیا بوو تەنیا بە هەڵهێنانی دەنگ یاخود کردنەوەی دەرگایەک هەموو رابردوو دەبێتەوە بە ئێستا. یان ئیستا بە رابردوو. بەڵام نەیکرد. چێژی خەیاڵ لەخودی خەیاڵ خۆشتر بوو. دەستێکی لە بەردەمی خۆیدا بەرزکردەوە... وەک بڵێی شتێک لە حەوادا دەکێشێتەوە. وەک بڵێی شتێک دەسڕێتەوە. ئەوسا بە بزەیەکی تاڵەوە چاوەکانی مۆڵەق بوون.

شەستەکان. ئا، شەستەکان. وشەکە لە مێشکیدا دەزرینگایەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی مرۆڤ لە چرکە بە چرکەی ژیانی، لەناو کاتدا جێدەمێنێ. گوتی ئێمە هەمیشە هەمووی خۆمان نین، بوونێکن هەم لێمان دەڕوا و هەم لێمان دەمێنێتەوە. وەک ئاوی چۆم.

"دەشتی تەخت و پان، دەریای سەوزایی،

خاڵ خاڵ تیا دیارە شوێنی ئاوایی."

هەناسەی سواردەبێ. کات دەست دەخاتە بینەقاقای. دەیگووشێ. وەک دێوەزمە سوار سینگی دەبێ. گەر هەوای فێنکی دەرەوە هەڵنەمژێ، دەخنکێ. نەک لە ترسی مەرگ، بەڵکو لە حەزی بەردەوامیی خەیاڵ بەپەلە دەرگای باڵکۆنەکە دەکاتەوە و دەچێتە دەرەوە. چەند هەناسەی قووڵ بەپەلەپەل لەسەر یەک هەڵدەمژێ. جەستە بەرەبەرە ئارام دەبێتەوە و، هەناسە ئاسایی. دێوەزمەکە وندەبێ. لە باڵکۆنەکەوە لە دیمەنەکەی بەردەمی دەڕوانێ. تا چاو بڕدەکا هەورێکی روون ئاسمانی داگیرکردووە. سرتە چییە لە هیچ شوێنێکەوە نایەت.

بۆنی باران دێت و... تامی بارین. بایەکی توند هەڵدەکا.

"گوڵەبەڕۆژەی قژزەردی چاوکاڵ،

مل کەچ وەستابوو: سەرگەرمی خەیاڵ!"

نەکا شەستەکان بێت،... نەکا! وەک شەستەباران. وەک ئەو خەیاڵانەی وا ئەو ساڵانە جێمان. جێمان لەناو شەستەکان. لەناو شەستەباران. جەستەی بەردەوام سووکە لەرزەیەکی تیایە. تێدەگا گەر زۆر بیر لە کات بکەیتەوە و زۆر پیایا بچیتەخوار، ئەوا وەک کوونێکی رەش و تاریک و ترسناک دەتوانی هەڵتلووشێ.

بە دەورووبەری خۆیدا دەڕوانێ. جگە لە خۆی کەسی تری لێ نیە. چ خەیاڵێکی خاو! ئەو هەمیشە لەوێیە، کات دەڵێم.  لێرە، لەگەڵتایە. لەگەڵی بڕۆ و بژی، ئەویش لەگەڵتدایە و لەگەڵتا دەژی. هەر ئەوەندە. پێویست ناکا زۆر ئاوێتەی بیت. کتوپڕ هەست بە ترسێکی سەیر دەکا. کەواتە مەرگ هیچ شتێک نیە جگە لە تووڕەبوونی کات. هیچ شتێک نیە جگە لە ئاوێتەبوونی بێسنووری مرۆڤ لەگەڵ زەمەن.

هاوڕێکەی ئەمشەویش نەبێ، سبەی پەیامەکەی هەر دەبینێ. دەزانی بە بینینی خۆشحاڵ دەبێ، دەزانێ بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوی و بۆ ماوەیەک خەیاڵ دەیباتەوە. رەنگە وەک ئەمیشی لێ بێت، دیارە گەر زۆر لە کات نزیک بێتەوە... لە شەستەکان. دیسان ترس رووی تێدەکاتەوە. نەکا نەخۆشی دڵی بێت و تەحەمولی نەکا! بەپەلە دەگەڕێتەوە لای کامپیوترەکە. دەستدەبا پەیامەکە و لینکەکە بسڕێتەوە. رادەوەستێ. پەشیمان بووەتەوە. پەیامەکە ئەوەندە خۆمانە و ئەوەندە هاوڕێیانە و گەرمە کە دڵی نایەت. بە خۆی دەڵێ نا، بە پێچەوانەوە خۆشحاڵی دەکا. بە خۆی دەڵێ شەرت نیە هەموو کەس وەک یەک بیر لە کات و لە رابردوو بکەنەوە. هەندێ بەهێزتر و بەتواناترن. رابردوو نایانفڕێنێ.

دەستدەباتەوە و، سەرلەنوێ گۆرانییەکە لێدەداتەوە. هەرچەند هێشتا تەواو دڵنیا نیە.

"سەرانسەری چەم داری ژاڵەیە،

ئەو داوێن سەوزی سەرلق ئاڵەیە!"

ژاڵە، درەختی هەمیشە سەوز. شتێک وەک شەستەکان و وەک ئەو ساڵانە. ئەوسا هەستدەکا بەتەواوی لە گۆران گەیشتووە. دڵنیایە گۆران ئەم شیعرەی لە شەودا هۆنیوەتەوە. تا بەیانی نەنوستووە و تا گەیشتووەتە ئەم دێرە "ئاسمانی شین و ئەستێرەکانی، پێدەکەنن بۆ بەری بەیانی." ژانێک بە درێژایی شەو. بزەیەک دێتە سەر لێوی. ئەوسا دڵنیادەبێتەوە کە ئەو شەوە گۆرانیش وەک ئەم لە ترسی هەناسەی قورسی، هانای بۆ دەرەوە و بۆ باڵکۆنەکەی بردووە. ئا، دڵنیایە. رەنگە گریابێتیش. نەک لە ترسی مەرگ. نا، لە خۆشی لەززەتی هەست بە کات کردن هەتا ئەوپەڕی قووڵاییەکانی. تا ئەو شوێنەی کات دەتوانێ وەک نوقتەیەکی بچوک و بێ قیمەت لە خۆیدا نوقمت بکا و، بۆ هەمیشە قووتت بدا و بزرت بکا.

هەوا بۆنی 'گۆران' دەدا. بۆنی ئەو شەوەی شیعرەکەی تیا هۆنیبووەوە. بۆنی هەناسەی سوار و قورسی پیاوێک لە رەگەزی خودی زەمەن.

نا، پەیامەکە ناسڕێتەوە. دەستی دەکشێنێتەوە و، و هەروا لە سەفحەکە دەڕوانێ. هاوڕێی دێرین سبەی بێگومان دەیبینێ. ئەی ئەو چی بۆ ئەم دەنووسێتەوە؟

رەنگە بنووسێتەوە: "سڵاو هاوڕێ گیان، باشی؟ هیوادارم ساغ و سەلامت بیت، مەمنوون بۆ پەیام و بۆ گۆرانییەکەت. ئەدی بە یادی ساڵان، بەڕاستی یادی بەخێر! گەنجیەتیمان لەوێ لە شەستەکان بەجێما. هەڵبەت گرینگ نیە. بەم بە جێمانانەوە هەموو شتێک مانا پەیدادەکا. خۆشم دەوێی و بەهیوای دیداری هەمیشەیی. ئاگات لە خۆت بێت. لەگەڵ رێزی دووبارە"

هەر ئەوەندە!

ئا، دڵنیایە وەها دەنووسێ. ئا ئەو هەمیشە لەم بەهێزتر بووە. زیاتر رووەوە داهاتوو و ئیستایە تا ئەم. بەخێلی پێ دێتەوە. ئەم هەمیشە لاواز و دڵناسک بووە. پێی سەیرە تا ئێرەی هێناوە. ئەم شێوە ژیانە لە راستیدا بۆ ئەم نەدەبوو، کەچی بە تووشی ئەمەوە ببوو!

بزەیەکی دێتێ. رەنگە ژیان زیاتر یەخەی ئەو کەسانە دەگرێ کە لە ئەوانی تر لاوازترن، ئەوانەی وا نازانن شەڕی ژیان بکەن و بۆیە ژیان شەڕی ئەوان دەکا.

پەیامەکە بە کلیکێک لە دەیان وڵات تێپەڕیوە. بەسەر سەدان چەم و شیو و دەریادا بازی داوە. با بگات!

لەبەر خۆیەوە دەچرپێنێ؛ "کوڕی باش تامەزرۆت دەکەم،... تامەزرۆ!"

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت