لە دژی شەڕ با دەنگ هەڵبڕین
جیهان بەگشتی بە قۆناغێکی پڕهەستیاردا تێدەپەرێ. شەڕ لە ئۆکراین، لە ئیسرائیل و فەلەستین، جموجۆڵە سەربازییەکانی دیکە لە باشووری قەفقاز و بەگشتی ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی تر، دونیا بەرەو ئاڵۆزی و هەلومەرجێکی یەکجار ترسناک پاڵ پێوەدەنێ. راستییەکەی ئەوەیە ئەگەری شەڕێکی جیهانی لە دەرگامان دەدا.
لە کات و ساتێکی وەهادا گرینگە نووسەران و هونەرمەندانی دونیا، ئەوانەی وا دڵیان لای ئاشتی و دادپەروەرییە تێکڕا و وێکڕا دەنگ هەڵبڕن و بە نوواندنی چالاکی زیاتر دەنگی رەخنە و ناڕەزایەتی خۆیان بە گوێی بیروڕای جیهانی و بە شەڕخوازن و شەڕئەنگێزان بگەیەنن.
بێگومان دەنگی نووسەران و هونەرمەندان دەتوانێ کاریگەریی خۆی هەبێ و، گوشارێکی گرینگ بێت بۆ دەسەڵاتدارانی شەڕخواز لە پێناوی کۆتایی هێنان بە شەڕ و کوشتار.
لە جیهانێکدا کە جەنگ و دەنگی نگریسی هەتا دێت زل و زلتر دەبێ، زیاتر لە هەر شتێک مەدەنییەت و پێشکەوتنە دەیدۆڕێنێ. جا با هاواری زوڵال و هاودەنگ و روونی نووسەران و هونەرمەندان بەرز و بەرزتر بگاتە گوێی جیهانیان.
سایتی قەڵەم
٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣