ما 10685 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

قادر سەری هەڵبڕی. وەک هەمیشە لە نیگاکانیدا هیچ نەدەخوێندرایەوە، بەڵام عەتا سات بەسات زیاتر لەوە دڵنیا دەبوو کە هەڵەناکا و هاوڕێکەی چیرۆکێکی شاراوەی ساڵانی دووری لایە. متمانە لەمە، بێدەنگ بوو. نا، نەدەبووایە لەمە زیاتر بچێتە پێشەوە. دەیترساند، دەیسڵەماندەوە. دەبا چاوەڕوان بێ. سێو کە گەیی خۆی دەکەوێتەخوارەوە. چی بکا چی نەکا، خۆی بە خەیارماستەکەوە خەریک کرد. خەیارێکی تری پاک کرد و لەگەڵ سیر تێکەڵی ماستە مانگاکەی کرد. بۆنی خەیاری تازەی گوڵ بەدەم بە ژوورەکەدا ئەوەندەی تر بڵاوبووەوە.

هێشوویەک ترێ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

شەوێکی دووای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و ئێراق بوو. عەتا لەگەڵ 'قادر'ی هاوڕێی لە ماڵەوە دانیشتبوون و، خەریکی خواردنەوە بوون. لەمێژبوو نەیانخواردبووەوە.

ئەو ئێوارەیە عەتا لە بازار تووشی دەبێ و، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆرە یەکتریان نەبینیوە قادر دەعوەت دەکا بۆ ماڵەوە؛ دەڵێ:

ـ خێزان لە ماڵەوە نین و، یەک دوو شەوێک نایەنەوە،... چوون بۆ گوند، لە ماڵی باوکیەتی. دەچینەوە و ئەمشەو بە یادی جەوانی جەوێک بۆ خۆمان وەردەگرین.

قادر چاوێک بە دەوری خۆیدا دەگێڕێ، وەک بڵێی زەینی بە شتێکەوە مەشغوڵە، قەیرێک رادەمێنێ و ئەوسا بە دەنگێکی نەوی وەڵامدەداتەوە:

ـ زۆر باشە، ئەمشەو دێم.

ـ ئەمشەو؟ هەر ئیستا ئەڕۆینەوە. ئەچین بتڵێک ویسکی ئەکڕین. هەڵبەت چۆڕێکم لە ماڵەوە هەیە، ئەمما بەش ناکا.

ئەمە دەڵێ و، پێش دەکەوێ. دڵنیایە قادر بە شوێنیدا دەڕوا. وەک جاران. قادر دیسان هەڵوێستەیەکی بۆ دەکا و، ئەوسا شوێنی دەکەوێ. خیابان قەرەباڵغ نیە و، پەڕینەوە لێی ئاسانە. ماشینەکەی عەتا لەو بەر جادەکە پارککراوە. پەیکانێکی سپیی نە زۆر تازە کە پێویستیی بە حەمامێکی باشە!

عەتا سەیارەکە هەڵدەکا و، بەرەو گەڕەکی خواروو بەرێدەکەوێ. لە خیابانی دوخانیات لەبەر دووکانێکدا رادەوەستێ و، دادەبەزێ. دەلێ ئیستا دێمەوە. کە دێتەوە 'عومەر تەنەکە'ی لەگەڵە. عومەر بە تەنەکە بەناوبانگە. بەڵام جگە لە هاورێکانی کەس ناوێرێ بەم نازناوەوە بانگی لێبکا. شێت دەبێ و بە جوێن و بە قسەی ناشیرین ئاوقات دەبێ. بەو سمێڵە قەیتانی و فەرمان دووچەرخەییەوە تەنانەت دەتوانێ بەر مشت و لەقەیشت بدات. بەوە نیە لەڕ و لاوازە. کە تووڕەدەبێ وەک تەراکتۆری لێدێ. بەهێز و ترسناک و خەتەر. وەک زەوی بەرباران تێکت دەشێلێ و ئەم دیواودیوت دەکا. دەڵێن پێیشی دەڵێن تەنەکە لەبەر ئەوەی کاتی خۆی باوکی تەنەکە خۆڵی پێ دزییوە بۆ ئەوەی کۆی بکەنەوە و، دووایی بە تەنەکەچییەکانی شاری بفرۆشنەوە.

عومەر تەنەکە لەگەڵیان سواردەبێ. سڵاوێکی بەرز و موحتەرەمانە دەکا. قادر بە ئارامی جوابی دەداتەوە. عومەر حەزی بە مشتەری وەک عەتا و قادرە. ئا، پێدەزانن. ئەویش لەم دۆخەدا کە ساڵانی ساڵە لە پەنجاوحەوتەوە وڵاتی داگرتووە. دەزانێ دەزانن کارەکەی قەدری هەیە. قادر و قەدر! بزەیەکی دێتێ. خۆ هەر لات و لووت نین ئارەق دەخۆنەوە. ئەم شارە پڕە لە مرۆڤی باش و خاوەن کەسایەتی کە دەخۆنەوە بێ ئەوەی کەس هەست بکا دەخۆنەوە. موحتەرەم و ئارام بە بێ ئەوەی موزاحیمی کەس بن. عومەر تەنەکە بە ئەزموونی خۆی دەزانێ کە تەنانەت ئەم جۆرە کەسانە لەدووای خواردنەوە ئەوەندەی تر باشتر دەبن. عومەر لە کاتی بەرگری لە ئیش و کارەکەی، بەرامبەر بە تانە و تەوسی خەڵکی دەڵێ:

ـ ئەوە من نیم خەڵکی خراپ ئەکەم. بەو ئارەقەی من پێیان ئەفرۆشم ئەوەی خراپ بێت خراپتر ئەبێ و، ئەوەی چاک بێ چاکتر. خراپە و چاکە لە راستیدا دەسکردی ئەو خوا گەورەیەیە. بە من چ رەبتی هەیە! من تەنیا کەم و زۆری ئەکەم. تازە لە کۆتاییشا وەک خۆی لێدێتەوە. زۆریی چاکە لەبەرامبەر زۆریی خراپە ئەبێتەوە پێش ئەوەی کەم و زۆر بکرێن!

ئەوسا هەستێکی فیلسووفانە رووی تێدەکا و، دەڵێ:

ـ دونیا بەدەوری خۆیا ئەسووڕێتەوە... ئەیچۆن!

 

چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی تەنیشت پادگان تێدەپەڕێنن و، لەبەر خانوویەکی کۆنی گڵیدا رادەوەستن. عومەر تەنەکە دەڵێ:

ـ وەک وتم تەنیا ئارەق سەگیم هەیە. بەداخەوە ویسکیم نەماوە. بەڵام ئارەقەکەی چاکە، هی رەزاییەیە. دڵنیام زەوقی پێدەکەن!

عەتا جواب ناداتەوە. عومەر دادەبەزێ و، دەڕوا. لە ناو کۆڵانەکە چاوێک بە دەورووبەری خۆیدا دەگێڕێ. عەتا دەڵێ:

ـ عارەق سەگییەکانی پڕن لە ڤالیۆم. هەڵبەت ئەمە لەگەڵ ئێمە ناکا. دەزانێ بە کێی بدا. قوڕ بەسەری ئەو جەوانە داماوانە کە لێی نازانن و، دوواتریش ناوێرن گلەیی لێبکەن. دڵنیام ئارەقێکی باشمان ئەداتێ.

قادر لە کۆڵانەکە دەڕوانێ. سەیرە منداڵ بەدەرەوە نین. ئەو دەزانێ ئەم گەڕەکە پڕی منداڵە و، ئێوارەیان بەرناکەوێ. ئەم گەڕەکە لەگەڵ ئەوەی لە تەنیشت پادگان بوو و بۆ بۆمباران زۆر خەتەر بوو، کەچی درەنگتر لە گەڕەکەکانی تر چۆڵکرا و زووتریش قەرەباڵغ بووەوە. بیر دەکاتەوە:

ـ بێگومان تەنیا رێکەوتە.

عەتا دەڵێ:

ـ بەدبەختە. بەوە نیە دەنگی زلە و بۆ خۆی پێی وایە کەسێکی موهیمە، خەڵک بە سووکی لێی ئەڕوانن، دیارە بۆخۆیشی ئەمە ئەزانێ بۆیە ئەوەننە زوو هەڵئەبەزێتەوە. هەنێ کەس پێیان وایە بەم شێوەیە قەرەبووی ئەکەنەوە و ئەتوانن رێز و حورمەت بۆ خۆیان دابین بکەن.

قادر دیسان هیچ ناڵێ و، نیگای بەردەوام لەسەر کۆڵانەکەیە. عەتا بەلاچاو سەیرێکی دەکا.

لەسەر رێگا کەمێک گوڵەبەڕۆژە دەکرێ، لەگەڵ خەیاری گوڵبەدەم و کیلۆیەک ماست. کەمێکیش سیر. ئارەقی سەگی بە خەیار ماست و سیرەوە خۆشە. ناهێڵی قادر دەست بکا بە گیرفانیدا. قادریش پڕکێشی لێناکا. لەدووای کڕینی شمەکەکان بە ئەسپایی دەڵێ:

ـ مەگەر ئەمانەتان لە ماڵەوە نیە؟

ـ نازانم، رەنگە هەمانبێ، بەڵام کار لە مەحکەمکاری عەیبی نیە. زایەنابێ،... دەخورێ.

ئەگەرچی شەڕ کۆتایی هاتووە، بەڵام هێشتا حاڵ و هەوای شەڕ بەسەر شاردا زاڵە. خەڵکێکی زۆر هێشتا نەهاتوونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان. تەمی مەرگ و وێرانی تەراتێنیەتی و سیمای شار بەردەوام غەمگین دەنوێنێ. هەڵبەت شادییەکی سەیر لە دەروونی خەڵکیدا لە گەڕدایە. کەم کەس باوەڕ دەکا ساڵانی ساڵ بۆمباران، ئاوارەیی و بەدبەختی کۆتاییان پێهاتبێ.

قادر بیردەکاتەوە "بەرزەخ،... لە بەرزەخ ئەچێ."

ماڵی عەتا بەرقیان نیە. یەعنی گەڕەک هەر هەمووی نیەتی. رایەڵەی کارەبای شار لەمێژە بەهۆی شەڕ و بۆمبارانەکانەوە تێکچووە. جاروبار هەیە و جارجارە نیە. ئەمشەو یەکێک لەو جارجارانەیە.

عەتا چراتۆڕییەکەی هەڵدەکا و، سفرە دەڕازێنێتەوە. قادر دەڵێ "ئاخۆ ئینگلیزی باشتر نیە؟" عەتا سەیری دەکا. دەڵێ "حەزئەکەی جەوەکە ئاشقانەتر بێت؟"

ـ ئاشقانە نا، خۆمانەتر!

عەتا بیردەکاتەوە کە قادر حەقیەتی. تیشکی بەهێز و زۆر روون بەجۆرێک دەسکردە و ژیان لە حاڵ و هەوای خۆی دووردەخاتەوە. بەبێ ئەوەی شتێک بڵێ دەچێ چرامووشیەکە دێنێ، هەڵیدەکا و چراتۆڕییەکە دەکوژێنێتەوە. بۆنی سیر و خەیارماست و ئارەق سەگی بە ژوورەکەدا بڵاودەبێتەوە. قادر چاوێک بە ژوورەکەدا دەگێڕێ. شوێنە تاریک و سێبەراوییەکانی قەراغ و قوژبنەکان لەبەر چاویدا چەند پڕ لە رەمز و راز دەنوێننن. ئەو هەمیشە حەزی بەم حاڵەتە بووە. شەڕ ئەگەرچی کارەسات بوو، بەڵام رۆژانی زووی زیندوو کردبووەوە.

یەکەم پێک هەڵدەدەن. عەتا بە دەنگێکی گڕ و خوازیار و پڕ لە حەز دەڵێ:

ـ بەخۆشیی برادەرایەتی کۆنمان!

قادر پێکەکە هەڵدەدا و، بە بێ ئەوەی وەڵام بداتەوە تەنیا سەرێکی بۆ دەلەقێنێ. چاوەکانی دەبریسکێنەوە. پڕن لە هاوڕێیەتی و سۆز،... هی ئەویش. عەتا رۆحی پێدەکەنێ. دەڵێ:

ـ هەی داد و بێداد گۆرانیمان لەبیرچوو!

ئەوسا رادوێ توشیباکە دێنێ و، جیق و فیق بەشوێن ئیزگایەکدا دەگەڕێ. کەرکووک،... ئا کەرکووک. گەر بەختیان بێت لەسەر گۆرانییە. دەنگی زاهیر جەلال دێت. لە دامێنی چیای ژینا دەچڕێ. عەتا دەڵێ:

ـ ئەمیش لاسایی ناسر رەزازی ئەکاتەوە، گوایا لەو دیو پێی ئەڵێن ناسر رەزازیی ئەوێ!

ـ دەنگی لە ناسر ئەچێ و ئیتر خۆبەخۆ وەک ئەوی لێدێ. هەندێ کەس شانسیان هەیە و پێش ئەکەون و ئەوانی تر بەناچاری بەشوێنیانا ئەڕۆن.

لەدەرەوە، دەنگی هاڕەی سەیارەیەک دێت. ئەوەندە بەهێزە دەنگی ماتۆڕەکەی گوێ ئازارئەدات. عەتا دەڵێ:

ـ نازانم ئەم سەگبابانە بۆ هەمیشە حەزئەکەن بە فولگاز لێخوڕن!

یەک دوو پێکی تر کە هەڵدەدەن سەریان گەرم و گەرمتر دەبێ. دوو جگەرە دادەگیرسێنن. قادر فێرە، دووکەڵ بەفیڕۆ نەدا. وای قووتدەدا دەڵێی دوواجارە سیگار دەکێشێ. عەتا کە نیوەی فڕێدەدا و نیوەکەی تریشی قووتدەدا، دەڵێ:

ـ بەختمان بوو نەکوژراین و، شەڕ تەواوبوو. بیر لەو هەموو خەڵکە بێتاوانە بکەوە لەخۆوە و لەسەر هیچ کوژران و بۆ هەمیشە کۆتایی بە ژیانیان هات. ئیتر جگە لە کەسوکاری بەدبەختیان.

قادر جواب ناداتەوە. وەک بڵێی حەزی بە قسەوباسی شەڕ نیە. عەتا عادەتی دەزانێ. دەزانێ ئەم هاوڕێ هەمیشە بێدەنگەی کاتێک لەسەر سفرەی ئارەقخواردنەوەیش سەبارەت بە شتێک ساکت بێت، مانای ئەوەیە ئیتر بەتەواوی لەو باسە بێزارە و حەزی لێی نیە. مژێک لە جگەرەکەی دەدا و، قسە دەگۆڕێ. سەر سفرەی خواردنەوە، دوو بابەت باوە: سیاسەت و ئەشق. ئیستا کە قادر مەیلی بە سیاسەت نیە، با ئەوی تر تاقی بکاتەوە. دەڵێ:

ـ هەتیو تەمەنەت گەیشتووتێ و، کەی بەتەمای تەقەی لێ هەستێنێ؟ ئیتر وەختیەتی. بگرە کەمێکیش بەسەریا تێپەڕیوە (ئەمە بە ئەسپایی دەڵێ)، شەڕیش تەواوبوو و ئیتر بەهانەت نەماوە. شوکور کار و پووڵ هەیە و کەسوکاری باش و جگە لەمە بۆ خۆت ئاغایەکی بەتەواو مانای،... هەموو کەس خواخوایاتی کچت بداتێ و ببی بە زاوای،... ئێمەیش تامەزرۆی بینینی براژنە خۆشبەختەکەمان و هەڵپەڕینێکی بەتام و زەماوەندێکی گەرم و گوڕ. لاقەکانمان بە شەڕ تەزین و، تامەزرۆی هەڵپەڕینێکی شێتانەن!

ـ کوڕە وازبێنە، ژنی چی و شتی چی! گەنجیەتیمان رۆی، ئەمە قسەی ئەو سەردەمانەیە. پیاو کە شەڕ بەرۆکی پێگرت کەی زەوقی ئەم جۆرە شتانەی ئەمێنێ.

عەتا کە دەبینێ چەنەی هاوڕێکەی شل بووە، دەستبەجێ باسەکە پێچەوانە دەکاتەوە. دەڵێ:

ـ گەنجییەتیمان رۆی!؟ ئەمە چ قسەیەکە برا، ئێمە هێشتا سەرەتامانە، بەوە نیە شەڕمان بینیوە. ئیستا کە شەڕ تەواوبووە، با کەمێک وەک جاران باسی ژنان بکەینەوە، وەک ئەو کاتانە (دەیشزانێ ئەو کاتانەیش قادر زۆر لەم بارەیەوە شتی نەدەدرکاند). با تۆزێک خۆمان مناڵ بکەینەوە. بچینەوە بۆ ئەو سەردەمانەی نیگای کچێک هەموو شتێک بوو و لەنجەولاری مانای هەموو ژیان!

قادر بزەیەکی دێتێ. عەتا ئەمە بە هێند وەردەگرێ،... بە نیشانەیەکی باش. درێژەی دەداتێ:

ـ ئەزانم، ئیتر لێمان نایێ، رەزامان گران بووە (لەبەکارهێنانی ئەم رستەیە دەستبەجێ پەشیمان دەبێتەوە، ئاخر نابێ هەستی ناخۆش لە هاوڕێکەیدا دروست بکا، بەڵام تازە گوزەراوە و بۆیە هەروا درێژە بە قسەکانی دەداتەوە)، بەڵام کەمێک گەڕانەوە بۆ جارانیش ناخۆش نیە. با باسی... باسی یەکەم ئاشق بوونی خۆمان بکەین... باسی دڵە سادە و پڕ لە خۆشەویستییەکەی جاران... ها چی ئەڵێی؟

قادر خەریکی ئارەقخواردنەوە و، جگەرەکێشانە. وەڵام ناداتەوە. عەتا دەڵێ:

ـ بەخوا چارەنووسیش سەیرە! من ئاشقی کێ بووم و، کێم هێنا! هەڵبەت پەشیمان نیم. ژنەکەم زۆر ژنی چاکە و لە ژیانم رازیم. رەنگە لەگەڵ ئەوەی وا حەزم لێ ئەکرد زەماوەندم بکردایە ئاوا خۆشبەخت نەبوومایە، بەڵام وایە ئیتر، دڵ لایەتی و جاروبار بیری ئەکەمەوە. لە شوێنێکا خوێندوومەتەوە کە هەستی ئەشق لە خودی ئەشق خۆشترە، یەعنی لە خودی ئەوەی وا حەزت لێیەتی. تۆ ئەڵێی چی؟

قادر لە هاوڕێکەی وردەبێتەوە. عەتا هەمیشە نیگاکانی قادر بۆی سەرنجڕاکێش بووە. گەرمی و جیدییەت دەبەخشن. جۆرێک لە مەحکەمی و دڵنیایی دەروونیی. هەروەها بەزییەکی شاراوەیش. چەند حەزی دەکرد چاوەکانی خۆیشی وەها بوونایە. قادر دەڵێ:

ـ ئارەقەکەی باشە، فێڵی لێ نەکردووین. رێک هی رەزاییەیە. بەخوا سەیرە ئەو خەڵکە چۆن لەوێوە ئەیهێنن. یەعنی مەبەستم ئەوەیە ئەم ریسکە چییە ئەیکەن. باشە بۆ بۆخۆیان دروستی ناکەن. ئەوەی سەری لەم کارەیا بێت بێگومان شێوەی دروستکردنەکەیشی ئەزانێ، یەعنی خێرا ئەتوانێ فێری ببێ...

مژێکی تووند لە جگەرەکەی دەدا:

ـ بەڕای من... بەڕای من ئەشق لە هەر دووکیان پێکهاتووە، هەم خودی هەستی ئەشق و هەم ئەوەی وا حەزی لێئەکەی. تەنیا بەو جیاوازییەوە کە پێکەوە کۆنابنەوە و ناتوانن لەگەڵ یەک بن.

عەتا کە خۆشحاڵە سەرئەنجام هاوڕێکەی هاتۆتەگۆ، بە بزەیەکی دەروونییەوە گوێی بۆ شلدەکا. قادر درێژەی دەداتێ:

ـ کاتێک ئاشق ئەبی زیاتر هەستی ئەشقە لاتە و، کاتێک پێیشی ئەگەی کەسەکەیە لاتە، خۆت گوتەنی ئەشق. هەڵبەت من ناوی نانێم ئەشق، ناوی ئەنێم مەبەستی هەستی ئەشق.

عەتا سەری ئەوەندەی تر گەرم دەبێ. شەڕ لە مێژە نەیهێشتبوو بەم شێوازە لەگەڵ دەورووبەریدا بکەوێتە گفتوگۆ. قادر هەمیشە بێدەنگ و لەهەمان کاتدا قسە زل بووە. بیردەکاتەوە رەنگە هەر ئەمەیش، یەعنی قسە زلەکانی بووەتە هۆی ئەوەی بەم حاڵ و رۆژگارە بگات. زۆر کەس دەبنە فیدای بیر و باوەڕ و قسەکانی خۆیان. زۆر بە جیددی وەریاندەگرن و، ئیتر ژیانیان دەفەوتێ.

عەتا دەڵێ:

ـ ئەگەر خراپ تێنەگەیشتبێتم کەواتە قەت کەس ناتوانێ بە ئەشق بگات، هەمیشە بە لایەکدایە، یان ئەم یان ئەو.

ـ ئەرێ، بەو سەرنجەوە کە هەستی ئەشق لە خودی ئەشق خۆشتر و سەرنجڕاکێشتر و مانابەخشترە. لە راستیدا ئەشق زیاتر هەستە تا گەیشتن. ئەوەیە وا لە دەروونەوە هەستی پێ ئەکەین و مەستمان ئەکا.

ـ سەرەتا زۆر ناڕەحەت بووم کە پێێ نەگەیشتم، بەڵام دوواتر عادەتم گرت. ژن و منداڵ لەگەڵ خۆی بردمی و، بیرەوەرییەکان کاڵ و کاڵتر بوونەوە.

قادر بزەیەکی دێتێ. وەک بڵێی شێوەی دووانی هاوڕێکەی لا پەسندە. عەتا لای ئەو هەمیشە کوڕێکی ئەهلی ژیان بووە. هەمیشە قاچی لەسەر عەرز بوو و، زۆر بە شوێن خەیاڵدا نەدەڕۆیشت. دەبوو بەوەی کە دەهاتە سەر رێگای. زۆر بەسادەیی. قادر هەستدەکا ئەمشەویش وەهایە. عەتا جەوی شێوەی قسەکردنی هاوڕێکەی گرتبووی. جارانیش وابوو.

قادر دەڵێ:

ـ ئەرێ، بۆت باسکردووم. ئەی خۆ منیش ئاگام لە هەموو شتێک نەبوو!؟

عەتا سەر بەرزدەکاتەوە. کەمێک رادەمێنێ:

ـ ئەیچۆن وا بوو، بەڵام قەراری ئەمشەومان ئەوەیە کەمێک باسی جاران بکەین. هەتیو تۆ قەت سفرەی دڵت بۆ من نەکردووەتەوە. من وەک تۆ نەبووم، هەرچیم هەبوو هەڵمدەڕشت، بەس تۆ وا نیت، یەعنی نەبووی. ئەزانی جاری وابوو خۆمم گەمژە دەهاتە بەرچاو. بەخۆمم ئەگوت خۆزگە وەک قادر ئەبووم، هەڵبەت با سادق و رووڕاست بم ئیستا کە وەزعی خۆم و خۆت ئەبینم بە خۆم ئەڵێم باشتر کە وەک خۆمم!

عەتا دیسان پەشیمان دەبێتەوە. رقی لە خۆیەتی. ئەوە ئەمشەو چەندەم جارە لە قسەکانی خۆی پەشیمان دەبێتەوە! هەستدەکا لەبەرامبەر قادردا هەم خۆیەتی و، هەم خۆی نیە. جۆریەکی لێدێت. جارانیش وابوو. درێژە بە قسەکانی دەداتەوە:

ـ ئەرێ ئەرێ لەبیرمە. ئەی خۆم نەئەکرد بە ماڵەکەتانا و هۆڕهۆڕ ئەگریام و تا بەیانی باسی چاوەکانی و شێوەنیگای و لەنجەولاریم ئەکرد؟ ها؟ ئیستایش هەروا جوان ماوەتەوە. چووەتەوە سەر دایکی. دایکیشی وابوو. دەی باشە با لە من گەڕێین. من جەرگ و ریخۆڵەم بەدەرەوەیە و، شتی شاراوەم نیە. کەمێک باسی خۆت بکە!

ـ وا قسەئەکەی ئەڵێی هەزار ساڵ تێپەڕیوە، هەموومان هێشتا لە بیست و دوو و بیست و سێ ساڵیداین! دیارە تۆ یەک دوو ساڵێ لەمن گەورەتری.

بەڵام رابردوو چەند دوور دەهاتە بەرچاویان.

لەبیری دێ قادر بە گەنجیەتیش، یەعنی بە منداڵی و مێردمنداڵی، باسی هیچی نەدەکرد. قادر هەمیشە وەها بوو. ئاشق نەدەبوو. جۆرێک لە بێ منەتی لە رەفتاریدا بوو. گوێی بە کچان نەدەدا. سارد و سڕ بە لایاندا تێدەپەڕی. کە سەیریشی دەکردن، هەر بەم نیگایانەی ئیستایەوە. ئەو نیگایانەی هیچیان تیا نەدەخوێندرایەوە. عەتا شتێک لە دەروونەوە پێی دەڵێ کە ئەمە راست نیە. نا، ناکرێ پیاو وابێ. ئەزموونی ژیانی پێی دەگوت کە هەموو پیاوێک، بە شەرتێک نەخۆش نەبێ، جا چ دەروونی و چ جەستەیی، بەشێوەیەکی سروشتی مەیلی بەرەو ئافرەتان هەیە. ئەم بیرە کە نەکا هاوڕێکەی نەخۆش بێت و ئەم نەیزانێ، یان تەنانەت قادر بۆخۆیشی پێی نەزانێت، رایچڵەکاند. باشە بۆ تا ئیستا بیری لەمە نەکردبووەوە. لە قادر زیاتر وردبووەوە. بیری کردەوە نەکا شتێک ئازاری بدات، نەکا شتێک وەها ئازاری دابێ کە چیتر تاقەتی نەمابێ و، لە هەموو شتێک ترسابێ یاخود وەڕەز بووبێ.

دوو پێکی دیکەی تێکرد و، لە پەنجەرە تاریکەکە راما. لە دەرەوە دەنگەکان خنکابوون. شار ئۆقرەی گرتبوو. قادر گوتی:

ـ دەی بۆ باسی ناکەی؟ بۆ بێدەنگ بووی؟ حەزم لێیە گوێت لێ بگرمەوە. دووای ماوەیەکی یەکجار زۆر یەکمان گرتووەتەوە. منیش پێم خۆشە باسی رابردوو بکەین. رەنگە باشترین کار بێ بۆ ئەوەی ئەم ساڵە نگریسانەی شەڕ و ئاوارەیی لەبیربەرینەوە. بەرجەستەکردنی ئەو بەشە لە رابردوو کە فڕی بەسەر شەڕەوە نیە، باشە. ئا، زۆر باشە! ئاراممان ئەکاتەوە.

عەتا ئەمەیشی بە باش لێکدایەوە. کەواتە هومێد بۆ ئەوەی هاوڕێکەی بکەوێتە قسە زۆرتر بوو. بەڵام نەدەبووایە پەلەی بکردایە. گوتی:

ـ گەڕەکە کۆنەکەت لەبیرە؟ کۆڵانە پڕ لە خانووە قەیمی و گڵینەکان ئەڵێم. بانیژێکەی ئێوە بەسەر حەوشی ئێمەیا ئەیڕوانی. بەو پەیژە چکۆلەوە لەوێوە ئەچووە سەر بانی گەورە. جستانان چەن سەرکەوتن پیایا ترسناک بوو. بەڕاستی باوەگەورەیشت بەو تەمەنەوە ئازا بوو کە بەو بەفرە زۆرە بە پێمەڕەوە پیایا سەرئەکەوت بۆ بەفرماڵین.

ـ ئەیچۆن لەبیرم نەماوە. هەر ئەوەندەی کە زۆر کەس چۆڵیانکرد و، رۆیشتن. خانووەکان ئیستایش وەک جارانن. ئەو ساڵانە بەفرماڵینی سەربانی بەشێک بوو لە ژیان. بەشێکی گرینگ.

ـ جاری وابوو لەسەر بەفر ئەبوو بە بەزم، ئەبوو بە شەڕ.

ـ لەسەر بەفرێک کە ئەتواوە!

ـ ئەی هەروا نەبووە هەمیشە؟ ها؟ ئەم شەڕی ئێران ئێراقەیش هەر وا بوو، لەهەمان چەشن. شەڕێک بوو لەسەر بەفر، بەفرێک کە بەهار ئەتواوە. ئەم گەوادانە ئەو هەموو خەڵکەشیان تیابرد. ئاخریشی هەر دوو وڵات گەڕانەوە سەر هەمان سنوور کە بەزاندبوویان. راستی خانووەکەی تەنیشت راستی خۆتان لەبیرماوە؟ ئەها ژن و پیاوێکی پیری تیا ئەژیان و دوواتر فرۆشتیان و رۆیشتن؟ پێش شۆڕشی پەنجاوحەوت رۆیشتن. سەیربوو وەک بڵێی ئیلهامیان بۆ هاتبێ. کەلوپەلیان پێچاوەو و ونبوون. وەک بڵێی زانیبێتیان کە مانەوە لە شارێکی مەرزنشین لەدووای شۆڕش کارێکی ئاقڵانە نیە!

ـ ئاخر لە راستیا خەڵکی ئێرە نەبوون، خەڵکی سەقز بوون. خۆ سەقزیش لێرە وەزعی باشتر نەبوو.

ـ چۆن باشتر نەبوو. ئەوان شاری مەرزی نەبوون. لە شەڕی ئێران و ئێراقدا وەک ئێمەیان لێنەهات. مەگەر چەن جار بۆمباران کران؟

عەتا بوو راستی دەکرد. عەتا درێژەی دایە:

ـ راست ئەکەی لە بیرمە رۆیشتن. راستی دووای ئەوان کێ هاتە ناوی؟

بەم پرسیارە، حاڵەتی قادر گۆڕا. عەتا دەستبەجێ قۆستییەوە. شتێک هەبوو کە قادر دەیشاردەوە. عەتا ئەوسا هاتەوە بیری کە رێک یەک دوو ساڵی پێش شۆڕش بنەماڵەیەکی کوردی ئێراق لەو خانووەدا نیشتەجێ ببوون. بەڵام هیچی نەگوت. چاوەڕوان مایەوە قادر بدوێ. ئەوان دراوسێی ئەو ماڵە بوون و، باشتر ئاگای لە هەموو شتێک بوو.

قادر لە عەتا زیاتر وردبووەوە. چاوەکانی لەوانە بوون هەڵیدڕن. ئاە، نیگاکانی چەند تیژ و چەند قورس بوون. وەک بڵێی لە هیچ شتێک سڵ ناکەن.

قادر گوتی:

ـ چاکت لەبیرماوە! رەنگە زیاتریشت لەبیرمابێ گەر کەمێک زۆرتر فشار بۆ خۆت بێنی!

ـ ئەرێ وایە، ئاخر زۆر کۆن نیە. خانەوادەیەکی قەرەباڵغ بوون. ژن و پیاوێک و شەش حەوت منداڵ. باوکیان زۆر خۆش تیپ بوو. جل و بەرگێکی جوانی کوردی بەو جامانەوە کە هەر لەخۆی دەهاتەوە. باڵابەرز و خۆش هەیکەل و خۆش لیباس. وانەبوو؟

ـ وابوو. سپی و خرپنیش!

ئەوسا بزەیەکی هاتێ. بزەکەی چەند شیرین بوو. ئەوانەی کەم پێدەکەنن، وەهان. قادر لە سفرەکەی رووانی. عەتا بەپەلە پێکێکی تری تێکرد و، گوتی "بەخۆشی ئەو ساڵانە! بەخۆشی دراوسێ کۆنەکانمان بە غەریبە و ناغەریبییەوە!" قادر پێکەکەی هەڵدا.

ـ ئەرێ دراوسێی دەستی چەپی ئێمە بوون. لەدووای تێکشکانی شۆڕشی بارزانی لە ساڵی پەنجاوچوار پەنجاوپێنج روویان کردە بانە. پارتی بوون. خەڵکی پێنجوێن.

عەتا گوتی:

ـ ئای ی ی... لەبیرتە لە کۆڵانەکەمانەوە سەیری دووکەڵی سووتانی دێهاتەکانی ئەودیومان ئەکرد؟ ئیستا هاتەوە بیرم! تەواوی ئاسۆ دەبوو بە دووکەڵ، لەگەڵ تیشکی داچوونی هەتاو تێکەڵ دەبوو و ئیتر هەموو شتێک لێڵ و رەش و تاریک دائەهات. من کە زۆر بە جوانی لە بیرمە.

ـ ئەرێ، وایە. کە هاتن ئەو رۆژەم جوان لەبیرە، بە ماشینێکی لەندوێر هاتن. بە چەند ساکێکەوە. ژن و پیاوێک بە شەش منداڵەوە. پێنج کوڕ و کچێک.

کە گوتی کچێک، راوەستا و لەبەر دەمی خۆی رووانییەوە. عەتا زانی خەبەرێکە و ئەو قەت نەیزانیوە. زرنگی کرد، ویستی وەهای نیشان بدات کە کاری بە کچەکە نیە. گوتی:

ـ چاکم لەبیرە. منداڵەکان بچوک بوون و زۆر لە ماڵەوە دوورنەدەکەوتنەوە. بگرە زۆر بۆ کایە تێکەڵ بە منداڵی گەڕەکیش نەئەبوون.

ـ سەرەتا وابوو، دوواتر باشتر بوو.

ـ دایکیشیان کورتەباڵا و جوانکیلە بوو. سپی سپی وەک بەفر. دەم بە پێکەنین و شیرین. وانیە؟

قادر وەڵامی نەدایەوە. زیاتر لەبەردەمی خۆی رووانی. عەتا لە دڵی خۆیدا گوتی "نەکا ئاشقی دایکەکەیان بووبێ!"، بەڵام دەستبەجێ وازی لەم بیرە هێنا، لەگەڵ ئەوەی دەکرا زۆر مێردمنداڵ ئاشقی ژنی گەورەتر لە خۆیان بووبن. بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت نا، شتی وانابێ، ژنێک کۆشێک منداڵی بەبەرەوە بێ و ئاشقێنی لەکوێ! ئەوسا زەینی دووبارە چووەوە سەر کچەکەیان. ئا، تاقە کچەکەیان کە ئەو کات ئەگەرچی بە قیافە وەک دایکی بچوک بوو، بەڵام مەمکی کردبوو و وەک دایکی سپیکەڵە و خوێن شیرین بوو. دەنگێک لەدەروونەوە پێی دەلێ هەڵەناکا و، قادری هاوڕێی کەین و بەینێکی لەگەڵ ئەو کچە هەبووە. دەڵێ:

ـ کچەکەشیان کە لەهەموو منداڵەکان گەورەتر بوو، بەستەزمانە دەبووایە بەردەوام ئاگای لە براکانی بووایە. لەبیرم دێ نەئەچوو بۆ مەدرەسە. نا، نەیاندەنارد. هەمیشە لەماڵەوە بوو. بەو جلە کوردییە ئێراقییەوە کە پشتوێنی نەبوو و فەقێیانە شۆڕەکەی بە چمک و باڵییەوە شۆڕدەبووەوە. گوناحیش بوو. هەمیشەیش بە بزە و لێوبەخەندە. لەبیرتە؟

قادر سەری هەڵبڕی. وەک هەمیشە لە نیگاکانیدا هیچ نەدەخوێندرایەوە، بەڵام عەتا سات بەسات زیاتر لەوە دڵنیا دەبوو کە هەڵەناکا و هاوڕێکەی چیرۆکێکی شاراوەی ساڵانی دووری لایە. متمانە لەمە، بێدەنگ بوو. نا، نەدەبووایە لەمە زیاتر بچێتە پێشەوە. دەیترساند، دەیسڵەماندەوە. دەبا چاوەڕوان بێ. سێو کە گەیی خۆی دەکەوێتەخوارەوە. چی بکا چی نەکا، خۆی بە خەیارماستەکەوە خەریک کرد. خەیارێکی تری پاک کرد و لەگەڵ سیر تێکەڵی ماستە مانگاکەی کرد. بۆنی خەیاری تازەی گوڵ بەدەم بە ژوورەکەدا ئەوەندەی تر بڵاوبووەوە. قادر گوتی:

ـ بۆم سەرنجڕاکێش بوون. هەر لە سەرەتاوە پێیانەوە مەشغوڵ بووم. نەک لەبەر جل و بەرگیان، یاخود قەڵافەتی جوان و رێک و پێکی باوکیانەوە، نا، لەبەر دووکەڵەکەی ئەودیوی سنوور کە چەند مانگ لەوە پێش لە کۆڵانەکەی خۆمانەوە بینیبووم. دووکەڵی سووتاندنی دێهاتەکانی سەرسنوور. چیرۆکەکانی ئەو دیو کە گەورەکان شەوانە لەسەر نان یان دوواتر ئەیانگێڕاوە. ئەزانی قەت باوەڕم نەئەکرد ئێمەیش پێوەندیمان پێیەوە هەیە و، رۆژێک لە رۆژان بنەماڵەیەک رووئەکەنە گەڕەکەکەمان کە لەناو ئەو دووکەڵەوە ئەهاتن. تۆزێک بەلامەوە سەیربوو.

عەتا هیچی نەگوت، بگرە سەیری هاوڕێکەیشی نەدەکرد. هەروا خۆی بە خەیارماستەکەوە سەرقاڵ کردبوو. بەئەزموون دەیزانی سەرنج دەبێتە وازهێنانی قادر لە قسەکردن و گێڕانەوەی بەسەرهاتێک کە قەت قەت بۆ کەسی نەگێڕابووەوە.

ـ لەڕاستیدا دوواکەس کە لەو خانەوادەیا سەرنجی راکێشام کچەکەیان بوو. سەرەتا باوکیانم بینی، دوواتر منداڵەکان و ئەوسا دایکیان. هەمیشە بیرم لێ ئەکردنەوە. هەمیشە لام وابوو بەوە نیە دراوسێمانن و لەو کۆڵانەی وا ئێمەی تیا ئەژین ئەژین، بە جۆری تر جیاوازن... زۆر جیاوازتر لەئێمە،... چ بیر و خەیاڵاتێکی باتڵ و سەیر و سەمەرە! رەنگە هی سەردەمی منداڵی لە مەدرەسە بووبێ. لەبیرمە کاتێ جوغرافیامان ئەخوێند و مەعلیمەکە باسی وڵاتانی دەرەوە و خاریجی ئەکرد هەمیشە بۆم سەرنجڕاکێش بوو. هەمیشە بەخۆمم ئەگوت بڵێی ئەو وڵاتانە و خەڵکەکانیان چۆن چۆنی بن. ئیستا بنەماڵەیەک کتوپڕ دەستی قەزا و قەدەر هەڵیگرتبوون و هێنابوونیە ناو کۆڵانەکەمانەوە ئەویش رێک لە تەنیشت ئێمەدا! وەک بڵێی عەبەسابووم. لەبیرم دێ ئێوارەیان کاتێک باوکیان لە بازاڕ ئەهاتەوە و لە کۆڵانەکەوە تێئەپەڕی و ئەچووەوە بۆ ماڵەوە چەنە سەرنجی منی بۆ لای خۆی رائەکێشا. پەلەپەل رۆیشتنی و بێدەنگییەکەی. لەگەڵ پیاوانی گەڕەک تەنیا سڵاوی ئەکرد و بەس،... هەر ئەوەننە... جارێک لە جاران لەگەڵ کەسیان رانەوەستا و نەدووا! سەیر نیە؟

عەتا گوتی:

ـ نازانم غەریبی چۆنە، هەر ئەوەننە ئەزانم کە پیاوی غەریب نادڵنیایە، دڕدۆنگە... خۆی زۆر لە قەرەی هیچ نادا.

ـ منیش ئەمە ئەزانم، بەڵام هی ئەوان شتێکی تر بوو،... رەنگە شتێک وەک... نازانم بڵێم چی... بەهەرحاڵ شتێکی زیاتر لە خودی غەریبی.

عەتا ئەم بەشەی زۆر بەلاوە گرینگ نەبوو. خواخوای بوو قادر بازبداتە ئەوێی وا ئەم دەیویست. لەوەیش دەچوو بەرەو ئەوێ دەروات.

ـ بەپێچەوانەی باوکیان، کە ناوەکەیم لەبیرنەماوە، دایکیان زوو لەگەڵ ماڵی ئێمە ئاشنا بوو. ئێوارەیان دەهات لەبەر دەرگا لەگەڵ دایکم و نەنکم دادەنیشت. کە پێویستی بە شتێک بووایە منداڵی دەنارد و داوای ئەکرد. دایکم و ئەوان خۆشیان ئەویست و، رێزیان لێئەگرت. گوتبووی حکومەتی ئێران ئیجازەیان داون و ئەتوانن لێرە بژین. تازە ئەتوانن بچنە تاران و 'کەرەج'یش. یان شارە کوردنشینەکانی تر. دایکم ئەیگوت قەت باسی شەڕ و شۆڕی ئەودیوی بۆ نەگێڕابوونەوە. جا نازانم بە ئەنقەست بووە یان هەر حەزی نەکردووە. زیاتریش شەوانە چێشتیان لێئەنا، نەک وەک ئێمە بۆ نیوەڕۆیان... ئەوە دوواتر بوو سەرنجم چووە سەر کچەکەیان. جاروبارە ئەمبینی لەگەڵ دایکم و دایکی و ئەوانی تر لەکۆڵان دائەنیشتن. لەبیرم دێ زیاتر زەردەخەنەکانی سەرنجیان رائەکێشام. دیارە بە بێ هیچ شتێکی تایبەتی لەلایەن منەوە. وەک بڵێی پێم سەیربوو کچێکی وا ئەتوانێ بەو ژیانەوە پێبکەنێ. زۆربەی کات بەدەم براکانییەوە بوو کە لەکۆڵان راکەڕاکەیان بوو. من ئەو کات تەمەنم تەنیا دوازدە یان سیانزە ساڵ بوو. کچەکەیش ئیستا کە بیری لێ ئەکەمەوە ئەبێ یان لەتەمەنی خۆما بووبێت یان ساڵیک دوو ساڵ کشاوەتر. بەهەرحاڵ، بەم جۆرە وەزعەکە درێژەی کێشا تا عەسرێک شتێک روویدا.

ـ عەسرێکی رۆژێکی هاوینی ساڵی پەنجا و شەش بوو. لە سەر سەکۆی پلیکانەکانی ژوورەوە دانیشتبووم. دونیا کپ و بێدەنگ بوو. هێشتا کەس نەهاتبووە کۆڵان. هەوا زۆر گەرم بوو. من کە ئەو رۆژە نەمتوانیبوو لەگەڵ رفیقێکم بچین بۆ مەلە بۆ قەراخ شار، وەڕەز پاڵکەوتبووم و خەیاڵاتی بێهوودە دەیانهێنام و دەیانبردم. ئەوەندەی نەخایاند کە گوێم لە دەنگێک لە کۆڵانەوە بوو. دەنگی چەند کچۆڵەیەک بوو، یەک لەوان کچەکەی دراوسێمان، ئەها ئیستا ناوی هاتەوە بیرم! بێری، ئەرێ ناوی بێری بوو. ئەو کاتە چەندە لام ناوێکی سەیربوو! لەبەردەمی درگاکەی ئێمەدا دانیشتن، کەمێک بەولاترەوە. کەوتنە قسە. پاش ماوەیەک بێری هەستا و وتی ئیستا دێمەوە. گوێم لێبوو کە هاتەوە جەماعەت وتیان ئەرێ ئەوە چییە و بۆ زەحمەتت کێشاوە. ئەویش وتی ئەو قسانە چییە و، بۆخۆی حەزی لێی بووە. نازانم ئەیزانی من لە پشت درگا کراوەکەوە لەسەر سەکۆکە راکشاوم یان نا، بەڵام ئەوەننەی پێنەچوو گوێم لە دەنگی پێی کەسێک بوو. راچەنیم. بینیم بێری بوو، بە هێشوویەک ترێ بە دەستییەوە. لێوبەبزە لە کاتێکدا لەو دووانیوەڕۆیەی هاوینی پەنجاوشەش جوانییەکەی لە دالانەکەی ئێمە گەش و گەشتر دەبووەوە و سەرکوڵمەکانی خوینیان تێزابوو، دەستی راکێشا و هێشووەکەی دامێ. منیش بە بێ ئەوەی شتێک بڵێم یاخود کردەیەک لەخۆم بتوانم پیشان بدەم، دەستم راکێشا و وەرمگرت. وەک کەسێک جادووکرابێ. خوایە بە چ نیگایەکەوە لێی دەڕوانیم! کاتێکش رۆیشت لەناو درگاکە لایکردەوە و، بەهەمان بزە و خەندەوە لێی رووانیمەوە.

عەتا سەری هەڵهێنا و، لە هاورێکەی رووانی. چەند داماوانە بەسەرهاتەکەی دەگێڕایەوە! عەتا باوەڕی نەدەکرد لە پشت ئەم هەیکەلە بەڕواڵەت سارد و لەخۆباییە کە بە هیچ شتێکی دونیا سەری سووڕنەدەما و دەیتوانی شتەکان زۆر بە باشی لێکبداتەوە، وەها رووداوێک راوەستابێ. قادر درێژەی دایەوە:

ـ ئیتر هەر ئەوەننە بوو! منی بەدبەخت لەوەبەدووا گێژ و وڕ بووم!

عەتا ویستی پرسیارێک بکا، بەڵام نەیکرد. بە خۆی گوت با بۆ خۆی درێژەی بداتێ.

ـ ئارام و قەرارم لەوە بەدووا نەما. منێک کە دەیان و بگرە سەدان جار ئەوم بینیبوو و هیچ رووینەدابوو، کەچی ئەو عەسرە ئاوای لێهات! رەنگە هی ئەوە بوو کە من و ئەو تەنیا بە بێ کەسی تر دووبەدوو لە ناوچاوانی یەکترمان رووانیبوو. یان ئەوەیکە شتەکە لەودا بوو و منی گەمژە پێم نەزانیبوو و، ئەو عەسرە خۆی نیشاندا و من پێمزانی. یەعنی... یەعنی پێزانین ئاوەهایە!؟ بەتایبەت جاری دووهەم لاکردنەوەکەی و بزەکەی! لەبیرم نەماوە ئاخۆ هێشووە ترێکەم خوارد یان نا، ترێ رەشکە بوو یان... نا، نازانم. سەیرنیە؟ سەیر ئەوەیە لەوە بەدووایش هیچم نەکرد. لەگەڵ ئەوەی گیرۆدەی ببووم، هیچ هەنگاوێکم هەڵنەهێنا. لە حەوشەکەیانا درەختێکی لێبوو کە لق و پۆپەکەی دەگەییە سەربانەکەی ئێمە، زۆر جار دەچووم و بەدزییەوە لەوێوە سەیری حەوشەکەیانم ئەکرد بەس بۆ ئەوەی بیبینیم! سەیرنیە! ئا، نەمدەوێرا هیچی تر بکەم. دوواتر زیاتر سەرنجم چووە سەر باوکی. دائەنیشتم هەتا باوکی ئێوارەیان لە بازاڕ ئەهاتەوە بۆ ئەوەی بیبینم، بە بینینی باوکی لەززەتم ئەبرد! وەک بڵێی بۆنی ئەوی لێ ئەهات! سەیرنیە! منی گەمژە... منی نەزان. لەبیرم دێ خەو و قەرارم نەما. ئیتر وەک جاران نەمام. تاقەتی هیچم نەما. هەموو شوێنێکم لێ بوو بە هێشووە ترێ! هە هە هە... هێشووە ترێ!

پێکەنینە کورت و لاوازەکەی قادر سەرنجی زیاتری عەتای بۆ لای خۆی راکێشا. پێکەنینێک کە دەبا ساڵانی ساڵ چاوەڕوانی بی تا لەوی ببیستی! ساڵی پەنجاوشەش رێک ساڵی دەستپێکردنی شۆرش بوو لە وڵات. لێرەدا خۆی پێڕانەگیرا و پرسی:

ـ دەی دوواتر چیت کرد؟... بە کوێ گەیی؟

ـ پێت وایە بۆ گەمژەی وەک من شت بە کوێ دەگا!؟ ها بە کوێ؟ هیچ شوێنێک! شتەکان هێشتا دەستیان پێنەکردووە، کۆتاییان دێ. هەر کە بەرەبەرە وەزع شلوغتر بوو، یەعنی نەگەیشتینە شەهریوەر رۆژێک باروبنەیان پێچایەوە و رۆیشتن. هەر بەو سادەییە کە من بۆتی باس ئەکەم. نازانم بۆ کوێیش چوون. بەعزێ ئەلێن ئەماننامەیان وەرگرت و گەڕانەوە بۆ ئەو دیو بۆ پێنجوێن، بەعزێکیش ئەڵێن چوون بۆ کەرەج. کەس نازانێ، بەڵام ئەوەننە دڵنیام کە لە گەڕەکەکەی ئێمە نەمان. بۆ هەمیشە.

ـ ئەرێ منیش لەبیرمە. دایکم هەمیشە ئەیگوت ئاوارە و غەریبن، خوا بە گەورەیی خۆی روحمیان پێ بکا!

لێرەدا ئیتر قادر بێدەنگ بوو. ئیتر یەک وشە چییە لەسەر بێری نەهات بە دەمیدا. عەتا چاوەڕوان مایەوە. بێسوود بوو. بەڵام خۆ هیچی تریش نەمابوو. با، مابوو. مەسەلەن ئەوەیکە ئەو ماوە کەمە چیتر روویدابوو و حاڵ و هەوای دەروونیی هاوڕێکەی چۆن بووە. بەڵام قادر بڕیاری دابوو هیچ نەڵێ. رەنگە ناڕازیش بێت لەوەی وا لەدووای ساڵانی ساڵ بەدەمیدا هاتبوو. رەنگە لە خۆی تووڕە بوو. ئاخر تازە چ پێویستی دەکرد.

ئەو شەوە رادوێ کەرکووک بەخۆشییەوە گۆرانی زۆری بڵاودەکردەوە، وەک بڵێی مودیری ئیزگاکە خۆشحاڵ لەوەی شەڕی ئێران و ئێراق کۆتایی هاتبوو، لەسەریەک لەسەریەک ئاهەنگی گۆرانی بێژە بەتایبەت تازەکانی دادەنا. شەو درەنگان کاتێک جێگایان راخست بۆ خەو، عەتا لە دووای کێشانی دوواجگەرە لە ناو جێگاکەدا بە خۆی گوت:

ـ ئاشقبوونەکەیشی وەک قسەکردنەکانی کورت و کەم مەودا بووە. بەستەزمانە!

 

 

 

 

 

 

 

  

   

گەڕان بۆ بابەت