ما 2175 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زەردەخەنەیەکی تاڵ نیشتە سەر لێوەکانی. مۆسیقا چەند دەتوانێ سیحری دونیا و بوون فراوانتر بکاتەوە. ئەوەندە فراوان کە خەیاڵ نایگاتێ. مۆسیقا، ئامرازێک خەیاڵ دەیخوڵقێنێ و، کەچی خۆیشی لێی بەجێ دەمێنێ. هەنگاوەکانی ئارامتر کردەوە، پاڵی بە دیوارێکی گڵینەوە داو و کەمێک راما. لە دووای ساڵانی ساڵ هەستی بە ئازاری قاچەکانی کرد، بە قورسایی هەنگاوەکانی،... بە جەستەی کە چین چین نیشتبووە سەر یەک. زەمەن چەند نامەردانە گوشیبووی. بە خۆی گۆت "ئەمەیش ئیعجازێکی تری ژیان، هەمیشە کەسێکی تر هەیە هەست بە بوونت بکا... ئەگەرچی درەنگ."

باڵندەکان بانگی دەکەن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەو شەوە، ڤیۆڵۆنەکەی هەڵگرت، پەنجەرەکەی کردەوە و لەسەر قەراغ دانیشت و دەستی کرد بە ژەنین. لە دەرەوە مانگ چواردە بوو و گەواڵە هەورەکان پەڵە پەڵە بە بەستێنی ئاسماندا تێدەپەڕینن. دونیا چۆڵ چۆڵ بوو. کۆڵان و دونیا لە نێوان کایەی دەرکەوتنی تیشکی مانگ و سێبەری هەورەکان لە سەمادا بوون. دونیا چەند بێدەنگ بوو. تەنیا دەنگی مۆسیقا دەهات و... تێدەپەڕی. ئەم کە ئەمەی بینی، ئەوەندەی تر شانی بۆ دادا و هەوڵیدا وەها بژەنێ کە بێدەنگی تەنیا لێوالێوی دەنگی سازەکەی ئەو بێت. مانگ چەند قەترە فرمێسک لە چاوەکانیدا قەتیس مابوون.

راستی ئەو بۆ؟!

کەسێک لە کۆڵانەوە تێدەپەڕی. نە ئاهەنگ و نە مانگ و نە فرمێسکە قەتیس بووەکانی ئاگایان لێ نەبوو. کەسێک، یان رەنگە سێبەرێک بەو هەنگاوانەوە کە لە دەنگی مۆسیقاکە نەرمتر بوون و لە فرمێسکە قەتیس بووەکانی مانگ... هێورتر.

راستی ئەو کەسە کێ بوو؟

کەسەکە، سێبەرەکە، یان رەنگە 'سێبەر ـ کەسەکە' جاری وابوو هەدای دەدا، جاری وابوو سەری هەڵدەبڕی و لە ئاسمانی دەڕوانی و هەندێ جاریش گوێی بۆ دەنگی ڤیۆڵۆنەکە شل دەکرد. لە خۆی دەپرسی راستی ئەوە کێیە بەم نیوەشەوە خەوی نایەت و خەریکی ژەندنی سازەکەیەتی؟ لە خۆی دەپرسی داخۆ کەسی تر هەیە لەم دونیادا کە خولیای نیوەشەو سەری پێ هەڵگرتبێ؟

چاوی بە پەنجەرەکاندا گێڕا. لە کۆڵانە تاریک و نیوەتاریکەکەوە هیچ نەدەبینرا. جیاوازییەک لە نێوان پەنجەرەی کراوە و داخراودا نەبوو. بەڵام گرینگ نەبوو. گرینگ ئەوە بوو دەنگی مۆسیقا دەهات. ئەو کە لە مێژ بوو بە رێگاوە بوو و، جگە لە دەنگی هەنگاوەکانی خۆی و هەناسەی و دەنگی 'با' هیچی دیکەی نەبیستبوو، چەند بەم ئاهەنگە ئەفسانەییەی نیوەشەو دڵی خرۆشا. بە خۆی گوت "نا، هێشتا ژیان بەردەوامە،... نا، هێشتا کەسی تر هەیە کە خەون بیجوڵێنێ."

زەردەخەنەیەکی تاڵ نیشتە سەر لێوەکانی. مۆسیقا چەند دەتوانێ سیحری دونیا و بوون فراوانتر بکاتەوە. ئەوەندە فراوان کە خەیاڵ نایگاتێ. مۆسیقا، ئامرازێک خەیاڵ دەیخوڵقێنێ و، کەچی خۆیشی لێی بەجێ دەمێنێ. هەنگاوەکانی ئارامتر کردەوە، پاڵی بە دیوارێکی گڵینەوە داو و کەمێک راما. لە دووای ساڵانی ساڵ هەستی بە ئازاری قاچەکانی کرد، بە قورسایی هەنگاوەکانی،... بە جەستەی کە چین چین نیشتبووە سەر یەک. زەمەن چەند نامەردانە گوشیبووی. بە خۆی گۆت "ئەمەیش ئیعجازێکی تری ژیان، هەمیشە کەسێکی تر هەیە هەست بە بوونت بکا... ئەگەرچی درەنگ."

چی دەبوو هەر لە سەرەتاوە، لەسەرەتای خڵقەتەوە مۆسیقا هەبا؟ رەنگە نە پێویست بە تەنیا رێگاکردن بایە و نە پێویست بە کۆڵانە تەنیاکانی سەفەر. ئەو کات هەموو رێک لە پەنجەرەکانی تەنیشتەوە دادەنیشتین و، گوێمان دەگرت. هیچ کەسیش مەجبوور نەبوو تێپەڕێ و، بەردەوام خەیاڵی مانگ و گەواڵەهەورەکان بیبەنەوە.

رێبوارەکە هەڵتروشکا. با کەمێک هەدا بدا. بە هەدایەکی وا نە رێگا دوورتر دەکەوێتەوە و،... نە نزیکتر. مەگەر ئەمەیش خۆی بەشێک لە سەفەر و لە رێگا نیە!؟

مانگ بە گوێی هەورێکدا شتێکی چرپاند.

ڤیۆڵۆنژەنەکە گەرمتر و هەستیارتر ژەنی. دەنگ، بوو بە چەند توێژاڵی گەڕۆکی ئەستوور و ئەوەندەی تر دونیای تەنی. پرچەکانیشی هەتا دەهات درێژ و درێژتر دەبوون. وەک شازادەی ناو چیرۆکە ئەفسانەییەکان. مەگەر بەڵێن بوو رێبوارەکەی ئێمە بەو پرچەدا سەرکەوێ و بگاتە کۆشکی ئاواتەکانی؟ مەگەر قەرار لەسەر کیژێکی ڤیۆڵۆنژەنی ناو پەنجەرە بوو؟

رێبوارەکە باوەڕ ناکات. نا، ئەم رێگا دوور و درێژ و سەغڵەتە مەبەستی تری هەبوو. ئەگەرچی رێک نازانێ چە مەبەستێک، ئەگەرچی تەنیا وێنایەک لە قەرارەکەی لە زەیندایە، بەڵام دڵنیایە بەڵێنەکە ئەمە نەبوو.

ئاە، گەر ئەمەیش دەبوو چ باشتر! مەگەر مرۆڤێک، رێبوارێک چی لە ژیان دەوێ؟ مەگەر تا کوێ بڕ دەکا؟

بەستەزمان رێبوارەکەی ئێمە کە نازانێ رێگا بەشێکی گرینگی خولیاکەی ئەوە؛ بەستەزمان رێبوارەکەی ئێمە کە نازانێ کە کاتێک مانگ کەوتە گریان و هەور بوو بە هاوڕێی، ئیتر بەڵێن نیە لە شوێنێک هەدا بدات. رێبوارەکەی ئێمە هەر لە سەرەتاوە فێریان نەکرد هەنگاوەکانی خۆی بژمێرێ.

لەبیری کە گیانە، لەبیری کە... دوور بنواڕە... لەو دیو تیشک و با و مۆسیقا بڕوانە! هەنگاوەکانت هێشتا بۆنی سەردەمی منداڵیان لێدێت.

تۆپەڵێک تیشک لە مانگ جیادەبێتەوە و، ئارام ئارام دادەبەزێتە سەر زەوی. گێژ و لوول دەخوا و وەک کانییەکی پڕ لە گەمەی تیشکی سوور و زەرد و سپی لە ناو کۆڵانەکەدا دەکەوێتە سەما. ڤیۆڵۆنژەنەکە شێت دەبێ. روخسار و سازەکەی لە نێوان سەمای قژە ئاڵۆزەکەی وندەبن. رێبوارەکە سەر هەڵدەبڕێ. ئاە، ئەمشەو رێگا روونترە! رادەبێ. سوپاس بۆ مۆسیقا! هەنگاو هەڵدەگرێتەوە. "چ دەبوو نە رێگا بایە و نە رێبوارێکی تەنیا!"

پرچەکە درێژ و درێژتر دەبێتەوە. دەگاتە کۆڵان و خۆی دەکشێنێ و، دەکشێنێ. لەبەر نووری تۆپەڵەتیشکەکەدا دەدرەوشێتەوە. رەش رەش. دادەنەوێ. دەستی بۆ دەبا. نەرم نەرم لەبن پێیدا شەپۆلان دەدا. پێش ئەوەی پەنجەکانی بیگەنێ، دەبێ بە نۆت. دەبێ بە ژێ. دەنگ دەبێ بە هەزاران هەزاران باڵندە و هەڵدەفڕن. تۆپەڵەتیشکەکە دادەپۆشن. داپۆشینێک بە بێ ئەوەی نوور ون بێت. کەواتە ئەو هێشتا دەبێ بەردەوام بێ.

باڵندەکان بانگی دەکەن.

نۆتەکان لەوسەری کۆڵانەوە هاواری لێدەکەن، هەموویان لەو شوێنەدا کە کەس نازانێ لەدووای ئەوە دەبێ بە چی، دووا بزەکانی خۆیانیان ئاراستەدەکەن.

مەگەر هەمیشە وا نەبووە؟

رێبوارەکە بەردەوام دەبێ. بە خۆی دەڵێ ئەمەیش بەشێکی ترە لەوەی کە دەبێ ببێ. سەیر نیە. نا، سەیر نیە. ئەوەندەی کە دەبێ بۆ هەموو شتێ ئامادە بم.

رێگا، پڕی پرچ و پڕی ژێ و پڕی نۆتە. ڤیۆڵۆنژەنەکە ماندوو نابێت. رەنگە دەستی رێکەوت هێناویەتە سەر رێگای رێبوارەکە. رەنگە هەموو شتێک تەنیا رووداو بێت بە بێ هیچ چەشنە پلانێک. بەڵام چەندە رێکەوت و رووداوە بێ پلانەکانیش دەتوانن خاوەن مانا بن!

دەست بە سەرییەوە دەگرێ. بەرەبەرە هەست بە ماندوویی هەست و نەستی دەکا، ماندوویی ئەندێشەکانی. نا، ناکرێ هەموو رێگا وەک ئەم کۆڵانە بێت! نا، گەر وا بێ بەرگە ناگرێ. ئەو دەبێ تەنیا خۆی بێت، خۆی و خۆی. تەنیا لەگەڵ دەنگی هەنگاو و دەنگی هەناسەی و... دەنگی با. لەمە زیاتر، رێگا چۆکت پێدادەدا. لەمە زیاتر، قورس دەبێ. بڕینی رێگا بە هێز نیە، بەڵکو بە سووکی جەستەیە. لە سۆزی مۆسیقایش لەم دونیایەدا قورستر نیە. ئەوەندە قورس کە مانگ دەگریەنێ. نا. نا، لەعنەت لە دەنگە بەسۆزەکان!

رێبوارەکە، ملی کۆڵانەکە بەهێزتر دەگرێتەبەر. ئەو دەبێ ئەم کۆڵانە هەرچی خێراتر تێپەڕێنێ. ئەو دەبێ هرچی زووتر بگاتە ئەو سەر. ئەو جێگایەی لەبخەندەکان چاوەڕوانین. لەوێوە دیسان سەحرا و دیسان بەرەهوت. دیسان ئاسمان و دیسان ئەستێرە بێ ئەژمارەکان. دیسان بۆنی خۆڵ، تامی باران و... چپەی کانی. لەوێوە خودی رێگا بە تاقی تەنیا.

دڵۆپێک باران، نۆتێک لەگەڵ خۆی دەبا. باڵندەیەک دەجریوێنێ.

دایکم گوتی هەر ئەوەندەی لەبیرمان نەکەی، ئەگینا لەهەر شوێنێکی ئەم دونیایە هەی، لە ئاماندا بی کوڕم. هەر ئەوەندەی لەبیرمان نەکەی.

رێبوارەکە هەموو شتێکی لەبیرە. هەر ئەوەندەی کە قەرارە رێبوارێک چەندەی لەبیر بێت!؟ مەگەر مرۆڤێک خەزێنەی جێکەرەوەی چەندە رووداوی جیهان و ژیانە؟ لەبیرمە. لەبیرمە، هەموو شتێکم لەبیرە، تەنیا ئەوەندەی بێڵن ئەم کۆڵانەیش تێپەڕینم. مۆسیقایەکی ئەفسانەیی شێتی کردووم. هەر ئەوەندەی کە باوەڕ ناکەم کەسێکی تریش هەبێ و پرچی لەگەڵ نۆتەکان بژی. هەر ئەوەندەی تا دەگەم مانگ نەگری.

هەر ئەوەندەی بەدەوری خۆمدا خول نەخۆمەوە. هەر ئەوەندەی ئەم کۆڵانەیش کۆڵانێکی دوورودرێژ بێت بە بێ دەوردانەوە. هەر ئەوەندەی نە تاریکی درۆم لەگەڵ بکا و نە مانگ و نە تۆپەڵەتیشکەکە. رێبوارەکە دەتوانێ لەگەڵ بیرەوەرییەکان بژی، دەرەقەتیان دێ. فێربووە چۆن لە خەونەکاندا جێگایان بۆ بکاتەوە. کە هەموو شتێ لە داهاتوودا ئاخنرا، ئیتر ئاسانە. بەخەیاڵی گەیشتن، رابردوویش دەژیەتەوە. نا، هیچ شتێک لەبیرنەکراوە. رابردوو بەشێکە لە داهاتوو. بەڵێنە لەوێ لە ساڵەکانی بەردەم دیسان لە دەوری یەکتر کۆبینەوە. هەر ئەوەندەی بگەم و هەرئەوەندەی ئەم خەیاڵ و خولیا قورسە لە شوێنێک بخەمە سەر عەرز. دڵنیا بن مردووەکانیش دێنەوە... دەگەڕێنەوە.

ڤیۆڵۆنژەنەکە دەژەنێ. دەڕۆم و دەڕۆم. کۆڵان درێژ و درێژتر دەبێتەوە. خەندەکانیش بەرزتر. قەی چێکە! خۆ من ماندوو نیم. ئەوە نیە هەنگاوەکانم هەر دەڕۆن. مەگەر من هەر وا نەبووم؟ بووم. ماڵئاوا هاوڕێ،...ماڵئاوا! رۆژێ لە رۆژان لە داهاتوو یەک دەگرینەوە. گرینگ نیە چەندە رابردوو دەبێ بە رابردوو. ئێمە هەر یەک دەگرینەوە. بۆ من ئەوەندە بەسە کە ئێوە لە خەیاڵمدا هەن،... هەمیشەیش وەک جارانن. گەنج و... من وەسیەتەکەی دایکمم لەبیرنەکردووە. دڵنیابن فەرامۆشم نەکردووە.

فرمێسکەکانی مانگ دەتکێن و، بەسەرمدا دەبارێن. باڵندەکان بەو شەوە بەرز و بەرز دەبنەوە! دەنگی شەقەی باڵیان، دیسان بیری رێگام دەخەنەوە. هاواردەکەم با دونیا پڕی مۆسیقایش بێ، بەڵام ئێوە دەبێ وشیار بن، وشیار!

بزەیەکم دێتێ. ئەوەی وشیار بوو، زوو لەرێگاکردن مایەوە،... هەر زۆر زوو.

دەستێک بۆ باڵندەکان رادەوەشێنم. سەفەرخۆش، یەک دەگرینەوە.

ڤیۆڵۆنژەنەکە دەژەنێ و دەژەنێ. پرچی و شەو، چیتر لێک جیاناکرێنەوە.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت