ما 487 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

ئارێنت لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا عاشق بوو. لەو کاتەدا لە ساڵی ١٩٢٤ ناوی پرۆفیسۆری فەلسەفە بە ناوی مارتن هایدگەر دەکەوێتە سەر زمانەکان و هانا لەگەڵیدا فەلسەفەی خوێند. شێوازی وانەوتنەوە و پۆلەکانی هایدگەر لە سەرانسەری ئەوروپادا بەناوبانگ بوون. هایدگەر لەو کەسانە نەبوو کە کۆمەڵێک زانیاری فەلسەفی بداتە قوتابیەکەی، بەڵکو لە پۆلەکەیدا فەلسەفەی دەکرد. وەک ئەوەی بیەوێت وەک شانۆیەک فەلسەفە "ئەدا" به کات. لەبەردەم خوێندکارەکانیدا "بیری" دەکردەوە. دەوترێت ئەو قسانەی ئەو دەیڵێت و خاوەنی ئەو قسانە لەبەردەم چاوتدا زیندوو دەبوونەوه. بۆ نموونە کاتێک دەیویست قسەیەکی ئەرستۆ بڵێت، چیرۆکەکەی وا دەگێڕایەوە هەروەکو ئەوەی ئەرستۆ زیندوو بووبێتەوە و، قسەت لەگەڵ بکات!

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (١)

موحسین ئەمینزادە

 

(راستی تاڵ ئەوەیە زۆربەی شتە خراپەکان ئەو کەسانە دیکەن کە هەرگیز بۆخۆیان بڕیار نادەن باش بن یان خراپ؟!

کێشەیەکی باو کە لەگەڵ تاوانبارێکی نازی وەک 'ئایشمان'دا هەیە، ئەوەیە کە کەسێکی ئاوا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی هەموو تایبەتمەندییە کەسییەکان ئینکار بکات! وا دیارە کەس نەماوە کە بتەوێت سزا بدەیت یان لێی خۆش بیت!

ئایشمان چەندین جار بە پێچەوانەی ئیدیعاکانی داواکاری گشتی، ناڕەزایی دەربڕی کە هەرگیز هیچ شتێکی دژ بە بنەما ئەخلاقییەکان نەکردووە! وە هیچ نیەتێک لە کاره ی کە کردوویەتی نەیبووه: نە باش و نە خراپ! بەڵکو تەنها فەرمانەکانی جێبەجێ کردوه! تەنها مەئمورین و مەعزور!

ئەمە داواکارییەکی باو و ئاساییە لە دادگاییکردنی نازییەکان "ئێمە تەنها مەئمور بووین و مەعزور!"

هەروەها داواکارییەکی لەم شێوەیە بە ڕوونی نیشاندەدات کە گەورەترین تاوانەکانی جیهان لەلایەن کەسانی کەم بایەخەوە ئەنجام دەدرێن!

خراپە لەلایەن کەسێکەوە دەکرێت کە هیچ هۆکارێک و هیچ باوەڕیکیان نیه! دڵی خراپ و ئیرادەی شه یتانیان نیه! بەڵکو خراپە بەو کەسانە دەکرێت کە وازیان لە مرۆڤ بوون هێناوە! ئەمە ئەو دیاردەیە کە من پێی دەڵێم "کارەساتی خراپە"!)

***

ئێستا دەمانەوێت چیرۆکی ژیانی هانا ئارێنت سەبارەت بە پرسی ئازادی بڵاوبکەینەوە، دەمانەوێت له بەشەکانی دیکدا بێجگە لە ژیاننامەی، باسی کتێبی "شۆڕش" هانا ئارێنت بکەین. هانا ئارێنت نووسەرێکی بەرهەمدار بووە و چەندین شاکاری لە دووای خۆی بەجێ هیشتوه. سەرەتا هەوڵماندا سەرنجی ئێمە لەسەر کتێبە بەناوبانگەکەی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم" بێت، هەرچەندە سەبارەت بە بەرهەمەکانی تری چەند ڕوونکردنەوەیەکمان داوه. لە بەشەکانی دیکەدا تەنیا باسی دوواکتێبمان کرد کە لە ماوەی ژیانیدا چاپی کردبوو، بە ناوی "سەبارەت بە شۆڕش". دەکرێ بڵێین ئەم کتێبە به کورتی هەموو ئەو ئەنجامانەیە کە ئارێنت لە تەمەنی بیرکردنەوەی سیاسییەوە پێی گەیشتووە و، ڕەنگە لەم کاتە پڕ گێژاوەدا کە تێیدا دەژین دەتوانێت لە دڵەوە بێت.

گوێ لە بەشی یەکەمی تەوەری "پەیوەندی نێوان شۆڕش و ئازادی لە ڕوانگەی هانا ئارێنتتەوە" بگرن.

چیرۆکی ژیانی هانا ئارێنت

هانا ئارێنت لە ساڵی ١٩٠٦ لەدایکبووە. لە بنەماڵەیەکی جولەکەدا، لە وڵاتێک بە ناوی پرۆسیا کە لەو سەردەمەدا هەبووە و بەشێک بووە لە باکووری ئەڵمانیای ئەمڕۆ. ئەوان بە هیچ شێوەیەک پابەند بە داب و نەریتی جولەکەکان نەبوون. هانا خۆی باس لەوە دەکات کە خۆی وەک جولەکە نەبینیوە تا ئەو کاتەی بووەتە ئامانجی هێرشی دژە جوولەکەکان. ئەوە دژە جوولەکەیی بوو کە وایکرد هانا ئارێنت درک بە جوولەکەبوونی خۆی بکات. هەموو خێزانەکە بازرگان بوون. باپیرانی هەردووکیان ئەندامی یەکێک لە فرقه سەرەکییەکانی ئایینی جوولەکە بوون کە پێی دەگوترا کۆمەڵگەی چاکسازی جولەکەکان (شتێکی لەو جۆرە). یەکێک لە باپیرەکانی ناوی ماکس ئارێنت بوو، ئەو بازرگانێکی گەورە بوو، سیاسه تمەداریکی ڕەسەن بوو، هەروەها یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵگەی جولەکەکانی کۆنیگسبێرگ بوو، کۆنیگسبێرگ ناوی ئەو شارەی کە لە پرۆسیا تێیدا دەژیان. بەکورتی پێدەچێت چالاکیی سیاسی لە خوێنی ئەواندا بووبێت. بەڵام یارمەتی جولەکەی نەئەدا و لە بنەڕەتدا لە پلەی یەکەمدا خۆی وەک ئەڵمانییەک دەبینی.

یەکێک لە منداڵەکانی ماکس ئارێنت، پۆڵ ئارێنت (باوکی هانا) ئەندازیار بووە و، هێنریت ئارێنت (پوری) ژنیکی پۆلیس و کارمەندی کۆمەڵایەتی بووە! (ئەمە ئەو هێندە سەرنجڕاکێشە کە هانا ئارێنت فەیلەسوفێک بووە لە کەشوهەوای پیاوسالاری ئەو سەردەمەدا! ئەمە وەک ئەوە وایە میراتی بنەماڵییان بووبێت!)

هانا تاکە منداڵی پۆڵ ئارێنت و مارتا کۆهین بوو، لە ساڵی ١٩٠٢ هاوسەرگیریان کردووە و دوای چوار ساڵ هانا لە ساڵی ١٩٠٦ لەدایک بووە. بنەماڵەی مارتا (دایکی هانا) جولەکەیەک بوون کە لە شاری کۆنیگسبێرگ لە ڕووسیا ئەو سەردەمەدا - لیتوانیای ئەمڕۆ- دەژیا، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی دژە جوولەکە، هەڵاتبوون و ببوونە پەنابەر لە پرۆسیا. هەروەها بازرگان بۆ هاوردەکردنی چا لە ڕووسیاوه. کۆمپانیاکەیان ببوو بە گەورەترین بزنسی شارەکە! دایک و باوکی هانا، زیاتر لە داپیرە و باپیرەی، خوێندەواربون و، لە ڕووی سیاسییەوە بیری چەپگەرایان بوو. هەر بۆیە به جێ ئەوەی ببنه ئەندامی پارتی دیموکراتی ئەڵمانیا - کە زۆربەی هاوپۆلەکانیان پشتگیریان دەکرد – ببوونه ئەندامی پارتی سۆسیال ناسیۆنالیست. واتە دایک و باوکی هانا خۆیان ئەندامی حیزبی نازی بوون! مارتا کۆهین مۆسیقاژەن بوو. سێ ساڵ چووبووە پاریس و لەوێ خوێندبووی. پۆڵ ئارێنت لە زانکۆی کۆنیگسبێرگ خوێندوویەتی، ئەندازیار بووە وە کتێبخانەیەکی گەورەی هەبوو کە هانا زۆربەی کاتەکان لەوێ بوو.

بەڵام تەندروستی پۆڵ ئارێنت بەردەوام نەبوو. ئەو بەدەست نەخۆشییەکی درێژخایەنه وه دێناڵاند - سفلیسی هەبووە – بۆیە بەناچار لە ساڵی ١٩١١ لە بەشی دەروونیی نەخۆشخانەی کۆنیگسبێرگ دەخەوێنرێت. کاتێک مرد، هانا تەمەنی ٧ ساڵ بوو. هانا دوای مردنی باوکی بوو بە کەسێکی بەرهەمدار.

دەڵێن ئەم ڕووداوە پاڵی پێوەنا کە بە قووڵی بیر لە ژیانی ئەم جیهانە و، ئەزموونی بوون لە دونیادا بکاتەوە. هەروەها بووە هۆی ئەوەی کە له ناوخۆیا بێت و، بیری فەلسەفی بێته ناو مێشکیەوە. هەر لەبەر ئەمەش بوو کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ دەستی پێکرد، هانا منداڵ بوو، تەمەنی ١٠ ساڵ بوو ئەو و خێزانەکەی لە ماڵەکەدا بەندکرا بوون و نەیاندەتوانی بچنە هیچ شوێنێک. بۆیە دەستیکرد بە خوێندنەوەی کتێبی فەلسەفی. تا تەمەنی ١٤ - ١٣ ساڵی کتێبی قورسی وەک "ڕەخنە لە عەقڵی پاک"ی 'کانت'ی خوێندبووەوە! بەگشتی حەزی لە خوێندنەوەی کتێب بوو. بەم شێوەیە لە منداڵیدا لە قوتابخانە فێری زمانی یۆنانی بووە. لە تەمەنی مێرمنداڵیدا هێندە ئاشنای ئەدەب بووە، شیعری دەووت. چونکە لە قوتابخانە فێری زمانی یۆنانی و لاتینی بووە، دەیتوانی "هۆمەر" بە زمانی یۆنانی بخوێنێتەوە وە بە ئەدەبیاتی کلاسیک باش ئاشنا بێت.

لەم ماوەیەدا جوولەکەکانی دانیشتوور ئەڵمانیا مافی هاووڵاتیبوونیان به تەواوی نەبوو و، هەرچەندە دژە جوولەکەبوون جوان دیارنەبوو، نادیاریش نەبوو.

دایکی ئارێنت کاتێک هانا تەمەنی ١٤ ساڵ بوو دووبارە هاوسەرگیری کردەوە. لەگەڵ پیاوێک کە دوو کچی لە هاوسەرە کۆچکردووەکەی بوو تا لەم ڕێگایەوە بتوانێت ئاسایشی دارایی و کۆمەڵایەتی بۆ هانا دروست بکات. بۆیە کاتێک هانا تەمەنی ١٤ ساڵ بوو، دوو خوشکی دەستکەوت.

دەڵێن کێشەی ئارێنت بە درێژایی تەمەنی تێگەیشتن بووە. چاوپێکەوتنێکی هەبوو کە تیایدا وتی "لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە زانیم کە دەمەوێت فەلسەفە بخوێنم و دەبێت بەدوای فەلسەفەدا بچم، چونکە کێشەی من تێگەیشتن بوو و ویستم لە دۆخەکەم تێبگەم".

مامۆستاکانی لەوەتەی دەچووە باخچەی ساوایانیش دیان وت هانا لە تەمەنی خۆی پێگەیشتووترە. هانا لەگەڵ هەموو ئەو کتێبانەی کە دەیخوێنێتەوە، بەڕاستی لە تەمەنی خۆی گەورەتر دەژیا. بەڵام کاتێک جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ١٩١٤ دەستی پێکرد، قوتابخانە داخرا و، هانا و دایکی لە کۆنیگسبێرگ هەڵهاتن و چوونە بەرلین بۆ لای یەکێک لە خزمەکانیان. چونکە سوپای ڕووسیا چووبووە ناو خاکی پرۆسەوە! بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند، دوای  ٣ - ٢ مانگ، کاتێک دۆخی پرۆس تا ڕادەیەک ئارام بووەوە، لە کۆنیگسبێرگ گەڕانەوە بۆ مالی خۆیان. دیسان وانە و قوتابخانە بەردەوام بوو و، پێگەیشتنی هانا ئارێنت بەردەوام بوو. لە منداڵیدا فێری زمانی یۆنانی کۆن بووە. زۆر کتێبی قورسی فەلسەفی و دەروونی و ئەدەبی خوێندبووەوە! لە هه رزەکاریدا شیعری دەووت. خوێندنی سەرەتایش کۆتایی پێهات کاتێک لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا، لە قوتابخانە دەرکرا! ئارێنت کەسایەتییەکی سەربەخۆ و ڕۆحێکی یاخی هەبوو. ئێمە ئەمە لە هەموو ژیانیدا دەبینین. لە قۆناغی ئامادەییدا، لەبەر ئەوەی مامۆستایەک سوکایەتی پێکرد، ناڕەزایەتییەک لە دژی ئەو مامۆستایە ڕێکدەخات کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دەرکردنی لە قوتابخانە. دووای ماوەیەک دایکی بڕیاردەدات کە بەڕاستی قوتابخانە بۆ هانا بەسە و دەینێرێت بۆ بەرلین لەوێ بە هاوکاری دارایی یەکێک له خزمەکانیان و هەوڵی خۆی و هەور و با و خۆر و ئاسمان، خۆی بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ ئامادە دەکات! وە بەم شێوەیە دەچێتە ناو زانکۆ و فەلسەفە دەخوێنێت.

ئارێنت لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا عاشق بوو. لەو کاتەدا لە ساڵی ١٩٢٤ ناوی پرۆفیسۆری فەلسەفە بە ناوی مارتن هایدگەر دەکەوێتە سەر زمانەکان و هانا لەگەڵیدا فەلسەفەی خوێند. شێوازی وانەوتنەوە و پۆلەکانی هایدگەر لە سەرانسەری ئەوروپادا بەناوبانگ بوون. هایدگەر لەو کەسانە نەبوو کە کۆمەڵێک زانیاری فەلسەفی بداتە قوتابیەکەی، بەڵکو لە پۆلەکەیدا فەلسەفەی دەکرد. وەک ئەوەی بیەوێت وەک شانۆیەک فەلسەفە "ئەدا" به کات. لەبەردەم خوێندکارەکانیدا "بیری" دەکردەوە. دەوترێت ئەو قسانەی ئەو دەیڵێت و خاوەنی ئەو قسانە لەبەردەم چاوتدا زیندوو دەبوونەوه. بۆ نموونە کاتێک دەیویست قسەیەکی ئەرستۆ بڵێت، چیرۆکەکەی وا دەگێڕایەوە هەروەکو ئەوەی ئەرستۆ زیندوو بووبێتەوە و، قسەت لەگەڵ بکات!

بەکورتی قوتابیەکانی نەک هەر بیرکردنەوە و فەلسەفە فێردەبوون، بەڵکو بە قووڵی چێژیان لە شێوازی فێرکردن و بیرکردنەوەی هایدگەر وەردەگرت. کەواتە لێرەدا باسی هایدگەر دەکەین؛ کەسێک کە ناوبانگەکەی بە نابغە و کاریزما لە هەموو ئەوروپادا بڵاوبووەتەوە!

بەڵام هانا ئارێنت شەرمن بوو. تەمەنی ١٨ ساڵ بوو و بێ ئەزموون بوو. هەر لەو کاتەدا زۆری خوێندبووە. بۆ نموونە تا تەمەنی ١٨ ساڵی نەک هه ر زمانی یۆنانی دەزانی، زمانی لاتینیش فێرببوو. ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی هەرچی دەستی پێدەگەیشت - گرنگ نەبوو شیعر، کۆمەڵناسی، یان فەلسەفە - دەیخویندەوه! بۆیە پێگەیشتنی فکری زیاتر بوو لە تەمەنی خۆی.

بەڵام سۆز و خۆشەویستی هایدگەر شتێک نەبوو کە نموونەی لێ بدۆزیتەوە. زۆر کەس دەیانگوت دوای کانت، هایدگەر هیچ نموونەیەکی نییە. دەتوانین لەوە تێبگەین کە وەستان لەبەردەمیدا و نەکەوتنە ژێر کاریگەری سۆزەکەی کارێکی زۆر قورس و مەحاڵە. قوتابیەکانی دەڵێن کە کاتی هایدگەر قسەی دەکرد، ئێمە بێدەنگ بووین! سەرخۆش دەبووین! دەنگی هەناسەی کەس نەدەبیسترا!

هانا هات لەم پۆلە دانیشت و، لە وەرزی یەکەمدا عاشقی بوو. لە شوێنێکدا لەبارەی هایدگەرەوە نووسیویەتی: "ئەو پاشای جیهانی بیرکردنەویە!" ئاشنابوونی لەگەڵ هایدگەر ڕووداوێک بوو کە وای لێکرد بە تەواوی بەسەر ڕابردووی خۆیدا زاڵ بێت. بۆیە هانا ئارێنت تەمەن ١٧ یان ١٨ ساڵان، لەگەڵ هایدگەری تەمەن ٣٥ ساڵ، کە خێزاندارە و دوو کوڕی گەنجی هەبووە، پەیوەندی خۆشەویستییەکی نهێنیان بۆ ماوەی نزیکەی ٤ ساڵ گرت. ئەوان بڕیاریان دابوو ئەم پەیوەندییە بە نهێنی بهێڵنەوە و، بابەتی ئەم پەیوەندییە لە یەکەم ژیاننامەیدا بڵاوکرایەوە کە دواتریش لەلایەن یەکێک لە خوێندکارەکانی ئارێنتتەوە بەناوی برۆوێل که لە ساڵی ١٩٨٢دا نووسی بڵاوکرایەوە.

لەو کاتەدا فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بە ناوی گونتەر ستیرن، که لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەی هایدگەر، خەریکی ئەنجامدانی تێزی دکتۆرا بوو. بەڵام لەو کاتەدا ئارێنت ئەوەندە لەگەڵ هایدگەر گەرم بوو کە گونتەری نەدەبینی. گونتەر هەر ئەو پیاوەیە دوواتر دەبێتە هاوسەری یەکەمی ئارێنت.

نامەکانی ئارێنت و هایدگەر ئەمڕۆ بڵاودەکرێنەوە، هەرچەندە تەنها ئارێنت نامەکانی هایدگەری هێشتەوە. هایدگەر هەمووی لەناوبرد. ئەمە یەکێک بوو لەو پەیوەندیانەی کە لە ماوەیەکی نه زۆر درێژدا گەیشتە لوتکە، بەڵام لەگەڵ بی وه فایی و نەبوونی خۆشەویستی هایدگەر، بەتاڵی شکستی هێنا. بۆچی؟ بێگومان هایدگەر ژیانێکی دیکەی هەبوو. بەڵام هۆکارێک ئەوە بوو کە هایدگەر هەرچەن باوەڕکردنی سەخت بێ، بەڵام پەیوەندی بە حیزبی نازییەوە کرد و هەموو دۆست و کەسانی سەرسامی خۆی بردە ناو خەون و خەیالەوه!

بە گشتی بۆ ئەو ئەوە دووجار دڵ شکان بوو. ئارێنت وەک جولەکەیەکی قوربانیی نازیزم ئاوارە بوو، زیندانی کرا، زۆرێک لە هاوڕێ و ئەندامانی خێزانەکەی لە هۆلۆکۆستدا لەناوچوون و دواتر کۆچی کرد. تەنانەت هەندێک لە هاوڕێکانیشی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. بەکورتی تێچووی زۆری لێکەوتبووەوە و، ئێستا بینی کە عاشق و مامۆستا و فەیلەسوفە ئایدیاڵەکەی چووەتە ناو ڕیزەکانی هێزە شەیتانیی خراپەکاریەکان و ئاسەواری دژە جوولەکەیی لەناویدا هێزی پەیدا کردووە.

هەموو ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی ئەم خۆشەویستییە سووتێنەرە زوو تێپەڕبووە بگۆڕێت بۆ جۆرێک لە ناحەزی، بەڵام ئارێنت ڕۆحێکی ڕاهێنراوی هەبوو و توانی بەسەر ئەم ڕق و کینەدا زاڵ بێت و پەیوەندییەکی تەندروست و داهێنەرانەی تر لەگەڵ هایدگەردا دروست بکات. کتێبەکانی وەرگێڕاوە به سەر زمانی ئینگلیزی و بە بڵاوکەرەوە ئەمریکییەکانی ناساند. تێڕوانینی خۆی بۆ هایدگەر بە تەواوی گۆڕی: ئەو بیرکردنەوەکانی بەکاردەهێنا، بەبێ ئەوەی سەرسامی بێت.

لە هەمان کاتدا کە پەیوەندی سۆزداری ئارێنت لەگەڵ هایدگەر تێکچوو، هاوکات بوو له گه ل ئەوەی کە ئارێنت چووە زانکۆی هایدلبێرگ بۆ نووسینی ریسالەی دکتۆراکەی لە ژێر دەستی جاسپەرس کە یەکێک بوو لە پرۆفیسۆر و هاوڕێکانی هایدگەر. لێرەدایە کە پەیوەندی درێژخایەن و بەردەوام لەگەڵ بیرمەندە جیاوازەکاندا دەدۆزێتەوە، لەنێویاندا خودی جاسپەرس. نامەکانی ئارێنت بۆ جاسپێرس نزیکەی ٨٠٠ لاپەڕەیە و یەکەم پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕەگەزەیە سەبارەت بە فەلسەفە. لە هەمان کاتدا، لەگەڵ ئێریک نیومان - یەکێک لە خوێندکارە بەناوبانگەکانی یۆنگ – ده ناسی و ده بیته هاوڕێی!

لەم ماوەیەدا پەیوەندییەکەی لەگەڵ هایدگەر تێکچوو و ڕەنگە لەژێر کاریگەری ئەم شکستە سۆزداریەدا ئەنگیزەیەکی دۆزیەوە بۆ هەڵبژاردنی بابەتی "خۆشەویستی" بۆ تێزی دکتۆراکەی! تەوەری ڕیساله که ی ئارێندت بریتییه له: "لەسەر چەمکی عەشق لەروانگەی سانت ئۆگستین".

وەک ئەوە وایە ئارێنت بە تێگەیشتن لە خۆشەویستی و فەلسەفەی خۆشەویستی لەم سەردەمەدا بیەوێت بەسەر ئازار و ناخۆشیەکانی یەکەم شکستی خۆشەویستیدا، زاڵ بێت. ویستی تێبگات ئەم دیاردەیە چییە؟ کە هەم ژیان و هەم وێرانکاری لێی دەردێت! ئەو دەیویست بەم تێگەیشتنە، شارەزا بێت لە خۆشەویستییەکەی.

کێشەی ئارێنت ئەوە بوو کە هەستی بە بێدەسەڵاتی دەکرد لەم جیهانەدا: لە لایەک ژیان شوێنێک بوو کە وا دیار بوو تەنیا کارەسات لە ئاسمانەوە دەبارێت. (ئەمە هەستێک بوو کە زۆر کەس لە سەدەی بیستەمدا ئەزموونی کرد، چونکە کارەساتێک ڕوویدا کە هیچ مرۆڤێک باوەڕی پێ نەدەکرد!)؛ ئەو هەستەی کە ئەم دونیایە شوێنێکی تاریکە و چەندە سارد و بە ئازارە! چۆن دەتوانیت لە جیهانێکی ئاوا جیاوازدا بژیت؟! وە هەروەک کافکا ئارێنت لە دڵی خۆیدا بیری لەوە دەکردەوە کە ئەم دونیایە شوێنی من نییە! لە دونیا نامۆ بوو و بۆشاییەک لە نێوان خۆی و دونیادا دروست بوو، کە هەرگیز نەیتوانی پڕیبکاتەوە. (ئەم هەستە لە کافکادا دەگاتە لوتکە تا ئەو ڕادەیەی کە لە کتێبی "مەسخ" وەک بێگانەیەک لەم جیهانەدا دەژی و وەک بێگانەیەک جیهان بەجێدەهێڵێت).

ئارێنت لە دۆخێکی وادا بوو و ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان خۆی و جیهاندا دەیبینی پڕ بوو لە ترس و دڵەڕاوکێی "موتلەق"!

باشە پرسیارەکە ئەوەیە، چۆن دەتوانیت لە جیهانێکی وادا بژیت؟ چۆن دەتوانی درێژە بەم ژیانە بدەیت؟ هەر بۆیە ئارێنت دەچێتە لای سانت ئۆگستین. زۆر سەیرە کە ئارێنت وەک جولەکەیەک چووە لای یەکێک لە گەورەترین و پیرۆزترین مەسیحی بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکەی. بێگومان هۆکاری ئەوەیە کە لەو سەردەمەدا ڕووداوێکی باو بووە کە فەلسەفە گرنگییەکی زۆری بە کتێبی "دانپێدانانەکانی ئۆگستین" داوە. گەورەترین فەیلەسوفەکانی ئەو سەردەمە، وەک خودی هایدگەر، شانازییەکی فەلسەفی زۆریان بۆ ئۆگستین و کەسانی وەک پاسکال هەبوو و زۆر بەکاریان دەهێنا. ڕوانگەی ئارێنت بۆ ئۆگستین ئەوە بوو کە فەیلەسوفێکە دەتوانێت شتی ڕەسەن لەسەر "ئیرادە" بڵێت.

ئۆگستین کە بە فەیلەسوفی ئیرادە ناسراوە باس لەوە دەکات کە چۆن خراپەکاری لە جیهانێکدا ڕوودەدات کە خودایەکی بەهێزی هەیە. ئایا خودا هەموو شتێک ناکات؟ ئایا خودا چاکەیەکی موتلەق نییە؟ کەواتە بۆچی خراپە ڕوودەدات؟

باشە، وەڵامی ئۆگستین بۆ ئەم پرسیارە ئایینییە، ئەو دەڵێت:  ڕاستە خودا هەموو شتێکی بەهێزە، بەڵام ڕێگە دەدات خراپە ڕووبدات و ببێت به سزای کارە خراپەکانی مرۆڤ. بەڵام کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە دەزانین ئارێنت کەسێکی ئایینی نەبووە. دیوت باشە یه ک جیهان زیاتر که نییە، ئەویش ئه و جیهانەی که ئێمە تێیدا دەژین. بەڵام جیهانێکە پڕ لە گێژاو. پرسیارەکەی ئەوە بوو کە لەم جیهانە توندوتیژی و خراپەکار و ڕەش و ساردەدا، مرۆڤ چۆن ڕزگاری دەبێت؟ (ڕزگاربوون واتە چۆن ڕزگارمان بێت لە خراپە؟)

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت