ما 936 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جەماوەرەکە بێدەنگ دەبن. کاک شیروان درێژەی دەداتێ. دەڵێ سەد ساڵی تر زۆربەی ئەم خانووانە نامێنن، کۆن دەبن یان دەڕمێن، شار دەکشێ و گەورەتر دەبێتەوە، چەمەکەیش گەر وشک نەکا ئاوەکەی یەکجار کەم دەبێتەوە، دەبێ بە جۆگەلەیەک، شوێنێک بۆ مەلە و پیاسەی مێش و مەگەز، هەروەها بۆ ئەو مارمێلکانەی وا رەنگە بەشێکیان لە نەوەی ئەو مارمێلکانە بن وا تەرم و مەیتی ئێمەومانایان خواردووە. بۆیە بۆنی ئێمەیان لێدێ و، چاوەکانیان جاری وایە لە چاوی ئێمە دەکەن، وەک ئێمە هێشتا لایان وایە مردن هێشتا زۆری ماوە و ساڵەکان ئەوەندەیش سامناک نین.

سەد ساڵی تر

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کاک شیروان لەو کەسانەیە کە دەتوانێ داهاتوو پێشبینی بکا. ئەو خاوەن هێزێکی نادیار و دەروونی و سەیرە، کە کەم کەس خاوەنی وەها شتێکە. بۆ خۆی دەڵێ خوای گەورە پێی بەخشیوە. هەرچەند ئەمە بۆ رەچەڵەک و رابردووی خۆیشی دەگێڕێتەوە. ئاخر ئەو لای وایە کە بە بنچینە دەگەڕێتەوە بۆ نەسڵی جادووگەر و ئەستێرەناس و هەروەها ئەو سوورپێستانەی وا جێ پێی ئەسپ و وڵاغیان هەڵدەگرتەوە و سوپای سپی پێستەکانی بەرەو مەبەست لە ناو بیابان و لێڕەوارەکاندا وریایانە بەرەوپێش دەبرد. ئەو بە شانازییەوە باسی ئەمە دەکات، هەرچەند مەجبوورە جاروبارە کەمێک مەبەستی خۆی دەربارەی جادووگەر شیبکاتەوە و بڵێ کە جادووگەر نەک ئەوانەی وا خەڵکیان دەترساند، بەڵکو ئەوانەی و لە هۆزە کۆنەکاندا بەرپرسایەتی رۆحی گشتییان لەئەستۆ گرتبوو و، لە کاتی قەیرانەکاندا ورە و هێزیان بە خەڵکی دەبەخشی. ئا، مەبەستی ئەو لە جادووگەر ئەم جۆرە کەسانە بوو.

رەنگە بپرسن دەی باشە ئیستا کە لەو سەردەمانە گەلێک ساڵ تێپەڕیوە و،عیلم و زانست جێگای زۆر شتی گرتووەتەوە و چیتر مرۆڤ پێویستی بە جادوو و پێشبینی نەماوە، کاک شیروانمان بۆ چییە! دیارە ئەم پرسیارە لەجێی خۆیەتی. بەڵام تەنیا بەو جیاوازییەوە کە کاک شیروان پێی وایە چیدی سەردەمی جادوو و جادووگەری نەماوە، بەڵام پێشبینی هەر لە جێی خۆیەتی و خەڵکی هێشتا پێویستییان پێیەتی. لای ئەویش زانست گرینگە، بەڵام گرینگتر لە زانست چۆنیەتی لێکدانەوەکەیەتی. هەروەها لە کاتێکدا کەس نازانێ لە جادەکەی ئەو دیوەوە چی دەگوزەرێ و، داخۆ لە کاتی پەڕینەوەدا کتوپڕ ماشینێک خۆیت پیادەدا یان نا، ئینسان زیاتر لە جاران گیرۆدەی پێشبینی دەکا. ئەمەیش دیارە نەک لە رێگای جادووەوە، بەڵکو لە رێگای ئەو هێزە دەروونییەوە دەکرێ کە خوا بەوی بەخشیوە. واتە چیتر پێویست ناکا وەک زەمانی قەدیم ئەو وەک جادووگەرەکان هۆز لە خۆی کۆبکاتەوە و، بە پێشکەشکردنی کۆمەڵێک سەما و جووڵەی سەیروسەمەرە لە کاتێکدا ئاوری کردووەتەوە و بە گۆچانێک لە ژوور یا شەوێکی تاریکدا بەگژ ئاسماندا دەچێتەوە و ئاماژە بە شتێک لەو سەرسەرانەوە دەکا، باسی داهاتوو بکا. نا، بە هیچ کلۆجێک. تەنیا ئەوەندە بەسە کە کەسی خاوەن بەهرە بە دڵنیایی و بە کەلامی مەحکەم و جوانەوە، هەروەها بەو چاو و نیگایانەوە کە دەڵێی لە داهاتوودا دەژین و هەموو شتەکان لێرەوە دەبینن، پێشبینییەکانی بدرکێنێ.

بۆیە کاک شیروان وادەکا. لەکاتێکدا بە باوەڕبەخۆبوونێکی زۆر لەناو جەماوەری دەورووبەریدا، کە پێی سەرسووڕن، راوەستاوە و لەناو نیگاکانیانەوە لە شوێنێکی نادیار دەڕوانێ، باس لە داهاتوو دەکا. بۆ وێنە دەڵێ سەد ساڵی دیکە هەموو ئێمە کە لێرەدا راوەستاوین و پێکەوە قسەدەکەین، چیتر زیندوو نین، هەموو لینگمان لێ قووچکردووە و مردووین! دەڵێ ئەرێ سەد ساڵی تر، تەنانەت منداڵەکانیشمان، دراوسێ و خەڵکی گەڕەک و بگرە هەموو شاریش نەماون. دەڵێ هەموو لەناو گۆڕەکاندا راکشاوین و، رەنگە تەنیا ئێسک و پروسکی هەندێکمان مابن. دەڵێ ئەمە تەنیا ئێمە ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو خەڵکی دونیایش هەر ئەم بەڵایەیان بەسەردا دێت. تەواوی ئەو کەسانەی وا بۆ یەک جاریش لە ژیانماندا نەمانبینیون، کەچی دەمرن! سەیر نیە بە بێ ئەوەی بیانبینین و بیانناسین دەزانین چییان بەسەر دێ!؟ جا هەر لە 'شی جی پینگ'ەوە بگرە کە کۆمپلێت رەنگە هەتا پوتین و بایدن و کوڕەکەی و،... بەگشتی تا 'جاستین ترودو' سەرۆککۆمارە لووسکەکەی کانادا. خەڵک کە بەم ناوانە سەریان سووڕماوە، دەڵێن چی چی 'جی پنگ' کێیە... چی، ئەمەی دووایی ئەو هەتیوە لووسکەڵە کێیە وا ناوە سەیروسەمەرەکەی هەیە... ها؟ کاک شیروان دەست بە ریشی ماش و برینجیدا دێنێ و، دەڵێ ئەوانە وەک وتم سەرۆککۆمارن، پیاوە بەهێزەکانی دونیان، ئەوانەی وا مێژوو ناوی ئەوانی لەبیردەمێنێ، ئەوانەن وا بیر لە مەرگی خۆیان ناکەنەوە و، بۆیان گرینگ نیە سەد ساڵی تر چی روودەدا.

جەماوەرەکە بێدەنگ دەبن. کاک شیروان درێژەی دەداتێ. دەڵێ سەد ساڵی تر زۆربەی ئەم خانووانە نامێنن، کۆن دەبن یان دەڕمێن، شار دەکشێ و گەورەتر دەبێتەوە، چەمەکەیش گەر وشک نەکا ئاوەکەی یەکجار کەم دەبێتەوە، دەبێ بە جۆگەلەیەک، شوێنێک بۆ مەلە و پیاسەی مێش و مەگەز، هەروەها بۆ ئەو مارمێلکانەی وا رەنگە بەشێکیان لە نەوەی ئەو مارمێلکانە بن وا تەرم و مەیتی ئێمەومانایان خواردووە. بۆیە بۆنی ئێمەیان لێدێ و، چاوەکانیان جاری وایە لە چاوی ئێمە دەکەن، وەک ئێمە هێشتا لایان وایە مردن هێشتا زۆری ماوە و ساڵەکان ئەوەندەیش سامناک نین.

کاک شیروان بەردەوام دەبێ. دەڵێ سەد ساڵی تر هەڵبەت کێوەکان و تەپۆڵکەکان وەک خۆیان دەمێننەوە، دەشت و دەر هەر هەمانن. دارستانەکان هێندێکیان لەناودەچن و، هەندێکی تریان چڕتر دەبنەوە. حکومەت لە هەموو کاتێکی بەهێزتر دەبێ و، چیتر زیندان پێویست ناکا لەبەر ئەوەی ژیان بۆخۆی دەبێ بە جۆرێک لە زیندان، ئاخر گەر حکومەتەکان ئەوەندە بەهێز بن ئیتر زیندایان بۆچییە و کەسە سەرەڕۆ و یاخییەکان هەر لە شوێنی خۆیان وا دەپێچنەوە کە پێویست بە وەزیر و گزیری ناو بینا تەریکەکان نەکا. سەد ساڵی تر شەڕ دەبێ بە بەشێکی ئاسایی ژیانی رۆژانە، بۆمبەکان ئەوەندە دەقیق دەبن کە تۆ دەتوانی بە بێ ترس لەبەر پەنجەرەکەی خۆت دانیشی و سەیری تەقینەوەیان لە ماڵی دراوسێکەت بکەی بێ ئەوەی خەمی ئەوەت هەبێ تۆ بکوژێ. تەنیا ئەوەندەی کە نەهێڵی ترس بە سەرتدا زاڵ بێ، ئەیچۆن! ژیان لە داهاتوودا دەبێ بە فیلمێکی بەر پەنجەرە. هەموو کەس هەموو شتێ ئاسایی دێتە بەرچاوی. چیتر پێویست ناکا خۆت سەخڵەت بکەیت. ژیان دەبێ بە خۆی، وەک خۆی، ئیتر ئێمە یەعنی ئەوانەی ئەو سەردەمە دەژین دەبێ رێک وەک خۆی وەریبگرین، سەد ساڵی تر هەموو کەس بە جۆرێک حەقیەتی، بۆیە چیش بکا هەر مافی خۆیەتی، تەنیا ئەوەندەی دیمەنێک هەبێت لە ناو پەنجەرەکەی تۆوە و لەبەر پەنجەرەکەی تۆدا.

خەڵکەکە کە لەم قسانەی دووایی زۆر تێناگەن، یەکیان دەڵێ کاک شیروان گیان ئەی تەماتە کیلۆی چەند دەبێ؟ یەکی تر دەنگ هەڵدەبڕێ کە بەخوا ئەم کابرایە کەرە لەجیاتی ئەوە لە ئارد و رۆن بپرسێ لە تەماتە دەپرسێ! خەڵکەکە پێدەکەنن، بەڵام کاک شیروان نا. دەڵێ تەماتە و رۆن و ئارد و برینج و هەموو شتێ بە گشتی زۆر گرانتر دەبێ. خەڵکی ئەو سەردەمە بە ئێمە دەڵێن خۆزگەم بە خۆیان! نەفەرێک هاواردەکا حەک بەزیانەبێ! وادایارە خراپتر دەبێ. شیروان دەڵێ خراپتر نابێ، ئاڵۆزتر دەبێ، ئا، ئاڵۆزتر. خەڵکینە ژیان سەد ساڵی تر ئاڵۆزتر دەبێ.

یەکی تر هاواردەکا دەی بڵێ قۆڕتر دەبێ و تەواو... ئەوسا دەمی بۆ خواردەکاتەوە و دەڵێ ئاڵۆزتر دەبێ ئاڵۆزتر دەبێ! دەڵێ کۆن و ئیستا و داهاتوویش هەر ئێوە قوڕتان کرد بە سەر خەڵکیدا و بەردەوام دەیشیکەن! ئێوە دایکی ئێمەتان گا! یەک لە دوواوە هاواردەکا دایکی خۆت! دانەیەک مشتێک تف رۆدەکاتە سەر زەوی. دیارە لەمێژە رایگرتووە. رەنگە لەبەر قسەکانی کاک شیروان ئەوەندە سەری سووڕمابوو کە لەبیری چووبوو رۆیکات. قاچ بە سەر تفەکەدا دەنێ و، دەڵێ باسی ژنەکانمان بکە ئا ژنەکانمان، ئەوان چییان بەسەردێ؟ داخۆ دووای مردن کەس نایانخوازێتەوە؟ کاک شیروان بۆ یەک چرکە چاو لە چاوی دەبڕێ و، سەیری قووڵاییەکانی پشتەسەری خەڵکەکە دەکاتەوە و، دەڵێ ژنەکانیشمان سەد ساڵی تر وەک خۆمان نەماون، کچەکانیشتان، بۆیە کەس چیتر چاوی تەمەحیان لێنابڕێ و ناتوانێ بە نیازی خراپ لێیان بڕوانێ، هەر ئەوەندەی کە مارمێلکەکان زیاتر لە جەستەی ئێمە حەزیان بە جەستەی ئەوانە. لەخۆوە نیە هەندێکیان دەبن بە قۆڕیەزەردە و لەبەر هەتاو و تیشکدا رەنگ دەگۆڕن.

دەنگی گریانی یەکێک بەرزدەبێتەوە. هاواردەکا ئەی باوکەڕۆ چەند سەختە چەند قورسە، باشە ئێمە بۆ هاتینە دونیاوە؟ ئەوسا قاچ بە تووندی بە عەرزەکەدا دەدا و، دەقیژێنێ خوایە گیان بۆ منت هێنایە ناو ژیانەوە،... بۆ بۆ؟

خەڵکەکە بێدەنگ دەبن. پیاوێکی بەتەمەن کە هەموو روخساری نوقمی چرچە ناوەختەکانیشن، بە ئەسپایی و بە ڵاڵەڵاڵ دەپرسێ ئەی... ئەی خوا ئەی... ئەی ئەو خوایە گیانە دووای سەد ساڵ چی لێ بەسەردێ... ها، چی،... ئەو چی لێ بەسەردێ؟

سەیرە کەس دەنگ هەڵنابڕی کە کابرا کفر مەکە، ئەم قسە قۆڕانە چییە دەیکەی. کاک شیروان ئەوەندەی تر چاوەکانی بچووک دەکاتەوە و دوورتر دەدڕوانێ. هەناسەیەک دەدا و، دەڵێ خوای ئەو ساڵانەیش جۆرێکی ترە، یەعنی جۆرێکی تری لێدێ. هاواردەکەن چۆن چۆن؟ شیروان بەردەوام دەبێ، دەڵێ بۆ وێنە چونکە بنیادەمی تری لەبەردەستدا دەبێ، ئەویش بیر لە رووداو و بیر لە کارەساتی تر دەکاتەوە، بۆ وێنە رەنگە لەبیری پیەغەمبەرێکی تردا بێت، ئا رەسوڵێکی تر، هەڵبەت نەک لە نەوعی جاران، لە نەوعێکی تازە، مەسەلەن لە تەلەفزیۆنەوە لەگەڵ ئۆممەتی خۆی بدوێ.

خەڵکەکە هەڵاهەڵایان تێدەکەوێ. وەی لەم پیاوە مەزن و بیرڕوونە! وەی لەو پیاوەی کە مردن و دونیای مردووەکان دەخوێنێتەوە! یەکیان بەسەر قاچەکانیدا دەکەوێ و بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و هەناسەی گریانەوە دەڵێ تکایە تکایە بڵێ ئەی لە دووای مردن چیمان لێدێ... ها... چی؟ من حەزدەکەم بژییەمەوە و ژن و منداڵ و کەس و کارەکەم ببینمەوە، ئا بیانبینمەوە، کە بیر لە مردنیان دەکەمەوە لەوانەیە دڵم بتۆقێ، بەڵام گەر زیندووبینەوە گرینگ نیە، تەحەمولی دەکەم، تکایە تکایە!

شیروان لێی ناڕوانێ. لەکاتێکدا هەست بە لەرەی دەستەکانی لەسەر گۆزینگی خۆی دەکا، دەڵێ من لەسەر ئەو دونیای تر هیچ نازانم، یەعنی نابێ بزانم، نە من و نە کەسی تر، ئەوێ قەڵەمڕەوی کەسی ترە، پرسیارەکانت هەڵگرە بۆ ئەوێ. تەنیا ئەوەندەی کە سەد ساڵی تر مردووەکان لەوانەیە خۆیان داوا لە خوا بکەن بگەڕێنەوە، ئا بۆخۆیان، هەڵبەت نەک بۆ ئەوەی جارێکی تر بژینەوە، نا، تەنیا بۆ ئەوەی بزانن لە دووای مەرگیان دنیا چی لێ بەسەراهاتووە، ئەیچۆن! مردووەکانی سەد ساڵی تر زیاتر لە ئێمە بیر لە جاران دەکەنەوە.

ئەوەی وا بەسەر قاچەکانی شیرواندا کەوتووە، بەئەسپایی هەڵدەستێتەوە. دەستێکی شیروان دەگرێ و شێتانە ماچی دەکا. جەماوەرەکە مقۆمقۆیان تێدەکەوێ. کتوپڕ یەک هاواردەکا کوڕە جا بە کێرمەوە سەد ساڵی تر چی دەبێ، بە من چی، من ئیستا نانێکم هەبێ بیخۆم و سەقفێکم هەبێ بەسەر سەرمەوە بەسە، چی لە سەد ساڵی تر بکەم، بە کێرمەوە دەمرم، بە کێرمەوە ژن و منداڵ و کەس و کارم دەمرن و خەڵکی شار تاقیان چییە نامێنێ، بە کێرمەوە پینگ پینگ پینگ خلۆر دەبێتەوە و داخۆ لووسکەی حیز داخۆ دووای سەد ساڵ هەر لووسکە دەمێنێتەوە یان نا!

کاک شیروان روو وەردەگێڕێ و، لەناو خەڵکەکە دەڕوانێ. بە شوێن بێژەری قسەکانەوەیە. خەڵکەکە لادەکەنەوە. پیاوێکی کورتەباڵای جل شەق و شڕە. سمێڵی لێوەکانی داپۆشیوە. هەر دوو دەستی لە گیرفانی کۆتە کۆن و شیتاڵ شیتاڵەکەیدایە. خەڵکەکە خۆیان لادەدەن. باڵای کورت بەڵام تێکسمڕاوی لە شیروان دەردەکەوێ. شیروان بە سەر سەریدا دیسان لە دوور دەڕوانێتەوە. ئەوسا بە دەنگێکی گڕ و نەوی دەڵێتەوە کە سەد ساڵی تر هەموو پیاوە باڵابەرزەکانیش نامێنن و، تەنیا باڵاکورتەکان لەدایکدەبن و درێژە بە ژیان دەدەن. دەڵێ بۆیە مارمێلکەکانیش بچووکتر دەبن. هیچ پیاوێکیش دڵەڕاوکێی ئەوەی نابێ کە ژنەکەی خیانەتی پێ دەکا یان نا. ئا، سەد ساڵی تر 'شی جین پینگ'یش گەر بە دەرمانیش بیهێڵنەوە سەری رەنگ ناکاتەوە و هاوڕێکانیشی لە حیزبی کۆمۆنیستی چین لەبەر ئەوەی ئەوانیش ئیزنی ئەمەیان نابێ دەستدەکەن بە مانگرتن و بۆیە رەنگە گۆڕانێکی گەورە لە وڵاتی چاوبچووکەکان رووبدا.

سەرێک بادەدەم و بەرەو ماڵەوە دەبمەوە. وەک هەموو ئەوانی تر. پێم سەیرە لەگەڵ ئەوەی من قەت باوەڕم بەم پیاوە فێڵبازە پێشبینیکەرە نەبووە، کەچی هەموو جارێک وەک ئەوانی تر بە دەمییەوە رادەوەستم و، گوێی بۆ شلدەکەم. گوێ بۆ سەد ساڵی تر، سەد ساڵی تر هەمیشە سەرنجڕاکێشە،... جا چ باوەڕت بەم پیاوە جادووگەرە فێڵبازە هەبێ یان نا.

راستی سەد ساڵی تر دەریاکەی بەر ماڵەکەمان چی لێ بەسەردێ؟ دەریاکە بە بەلەمەکانی ناویەوە؟

رەنگە سبەی لێی بپرسم. ئا، لێی دەپرسم.

گەڕان بۆ بابەت