ما 1909 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسول سەفەریانی

من بەرەو مەکتەب دەچووم و ئەویش بەرەو ئیش، بەڵام رێگاکەمان لە یەک هێڵدا بوو. تەنیا دوو دەققەی مابوو بۆ هاتنی قەتارەکە. من بە پیی عادەت نازانم لە شوێنێک راوەستم و چاوەڕێ بم، بۆیە ئەمسەرو ئەوسەرێکم لەبەر ویستگەکەدا کرد. قەتار هات و سوار بووین. وەک هەمیشە چووم رۆژنامەیەکی"مێترۆ"م هەڵگرت و پێکەوە چووین لە سەر یەكێک لەوشووێنە دوو کەسیانە دانیشتین. قەتار وەک هەمیشە بێدەنگی بەسەریدا زال بوو. زۆربەی خەڵک یان رۆژنامەیان دەخوێندەوە یان کتێب یان چووبوونە نێو موبایلەکەیان و خەریکی خوێندن یان بە شتێک سەری خۆیان قاڵ کردبوو. لەم وڵاتە، بەتایبەت بەیانیان، نێو پاس و قەتار رەنگ و بۆنی کتێبخانەیان هەیە. خوێندنەوە و بێدەنگی. کەس سەیری کەس ناکات، زۆر جار ئاگات لینییە کێ لە پەناتەوە دانیشتووە.

قەتار

رەسول سەفەریانی

بەیانی زوو لەگەڵ کوڕەکەم لە ماڵ هاتینە دەر و، بەرەو وێستگەی قەتار رێکەوتین. کزەی ساردی بەیانیان هەواڵی نزیکبوونەوەی زستانی پێ بوو. هەر دوو دەستم لە گیرفانی کاپشینەکەم خنی و، کەمێکیش خۆم کۆکردەوە تا بەر بە هاتوو چۆی کزەی سارد بە بن باخەڵەکانمدا بگرم. سەیرم کرد کوڕەکەیشم دەستی لە گیرفانی خنی بوو بەڵام قنج و قیت رێیدەکرد. بە پەلە دەرۆیشتین، هەرچەند لەباری کاتیشەوە پەلەمەنان نەبوو. سەرەتا پێم وابوو هۆی سەرماکەیە کە ئینسان خێرا دەکاتەوە، بەڵام تێگەیشتم خێرایی کوڕەکەم منیشی گورج کربووەوە. تا مناڵ بوو هەمیشە بەدووما هەڵدەهات، بەڵام ئەمڕۆ من بۆ دووا نەکەوتن مەجبور بووم پێ هەڵگرم.

من بەرەو مەکتەب دەچووم و ئەویش بەرەو ئیش، بەڵام رێگاکەمان لە یەک هێڵدا بوو. تەنیا دوو دەققەی مابوو بۆ هاتنی قەتارەکە. من بە پیی عادەت نازانم لە شوێنێک راوەستم و چاوەڕێ بم، بۆیە ئەمسەرو ئەوسەرێکم لەبەر ویستگەکەدا کرد. قەتار هات و سوار بووین. وەک هەمیشە چووم رۆژنامەیەکی"مێترۆ"م هەڵگرت و پێکەوە چووین لە سەر یەكێک لەوشووێنە دوو کەسیانە دانیشتین. قەتار وەک هەمیشە بێدەنگی بەسەریدا زال بوو. زۆربەی خەڵک یان رۆژنامەیان دەخوێندەوە یان کتێب یان چووبوونە نێو موبایلەکەیان وخەریکی خوێندن یان بە شتێک سەری خۆیان قاڵ کردبوو. لەم وڵاتە، بەتایبەت بەیانیان، نێو پاس و قەتار رەنگ و بۆنی کتێبخانەیان هەیە. خوێندنەوە و بێدەنگی. کەس سەیری کەس ناکات، زۆر جار ئاگات لینییە کێ لە پەناتەوە دانیشتووە.

دوو ویستگەمان بڕی و لە سێهەمیندا کۆمەڵێک خەڵک هاتنە سەر. ئەمانە لەو دەگمەن کەسانە بوون کە هاتنەکەیان سەرنجی ساردی بێ ئیرادەە رادەکێشا. ئەڵیی لە دونیایەکی ترەوە کەوتبوونە خوارەوە. سێ کەس بوون. دەنگە دەنگ و بەرز قسەکردنیان سەیری سەرنجاوی هەمووانی بۆ لای خۆیان راکێشا. بەلام پێم وابیت جگە لە من و کوڕەکەم کەس لییان تێ نەدەگەیی. چەند کورسی لە پێش ئێمەوە لە دەستی ئەوبەرمانەوە دانیشتن. پاش چەن دەققەیەک قسەی خۆیان کەم نەبوو، یەکێکیان موبایلەکەی دەرهێنا و گۆرانییەکی کوردی خستە سەر و خۆیشیان وردە وردە لەگەڵیا دەیان وتەوە. موسافیرەکانیتر بێدەنگانە و بە ئیشارەت، لە رێگای سەیر کردنیانەوە هەڵە بوونیان پێ دەکوتنەوە، بەڵام ئەوان تەنیا هەر ئاگایان لە خۆیان بوو و بەس.

یەک دوو وێستگە دوای ئەوان کەسێک هات و لە تاکە کورسی بەتاڵی پشت سەر ئێمە دانیشت. ئەوەندە نەبوو دانیشتبوو کە موبایلەکەی زەنگی لێدا. بە وەڵامدانەوەیەکی خێرا بەری بە دوپات بوونەوەی زەنگی موبایلەکە گرت. ئەوەندە هێواش وەڵامی دەداوە کە تەنیا چەند وشەی بچڕ پچڕی دەگەیشتە گوێی من کە لەبەردەمیدا دانیشتبووم. "باشە... چشم... حتما... امتحان دارم...

 لە دەنگە دەنگی ئەوانەی ئەوبەرم بوو یان هێواش و بە سرتە قسەکردنی ئەم بوو کە نەمتوانی لەوە زیاتر تێبگەم. قەتار گەیشتە نێو شار و کوڕەکەم منی جێهێشت و دابەزی. بەڵام قەتار بەردەوام بوو لە رۆشتن. لە هەر وێستگەیەک چەند کەسێک دادەبەزین و چەند کەسیش سواردەبوون. قەتار بەردەوام دەرۆشت. دەموو چاوەکان دەگۆڕان. بەڵام کورسییەکان تەنانەت رێگای نێوان کورسییەکانیش بە بەردەوامی پڕ بوون.. ئەوەندە پڕ کە لەیەکتر دەکەوتن بە بێ ئەوەی هەست بە بوونی یەک بکەن. هەموومان لە قەتارێکدا بوویین کە کەس نەیدەزانی چ سەعاتیك یەکەم وێستگەی جێ هێشتوە، چۆن دروستکراوە و کێ لێدەخوڕێ، چۆن ئیش دەکات و تا چەندە دەتوانێت لەگەڕدا بێت؟ تەنیا خاڵی هاوبەشمان موسافر بوونمانە. تەنهایی دیارترین دیاردەی هەست پێکراوە. ئەوەندە تەنهایی زاڵە کە نە هاتن و نە رۆشتنەکان جێگەی سەرنج نین. هەرکەسە و تا لە قەتارەکەدایە تەنیا شوێنێک پڕ دەکات. لەگەڵ دابەزینیدا شوێنەکەی بە کەسێکی تر پڕ دەبێت. ئەوەندە زوو کە کەس دەمووچاوی پێشوی لەبەرچاو نامێنێت.

هەموو تەنهاین، ئەوەندە تەنها کە کەس هەست بە بوونی کەس ناکات. یان تۆ هەست بە بوونی کەس ناکەیت. هەرکەسە و لە دونیایەکی نەبین و ناراستەقینەدا خەریکی ئاخاوتن و دوواندنە. بە بێدەنگ باسی یەک دەکەن. لەسەر جل وبەرگ و تەنانەت رەنگی پێست و قژی یەکتریش بۆچونیان هەیە. ئەگەر کەرەسەیەک ئێستا ببوایە کە وەک شەپۆلی رادیو هەموو ئەو دەنگ و وتووێژە دەرونیانەی بگرتایەت، لەوانەیە هەر ئێشتا دەیان شەڕ بکرایەت یان زۆر کەس دڵیان دەدا بە پەنادەستەکەیان کە بۆیان هەڵبگرێت. یان لەوانەیە کە ئەوەندە قرمە و هەرا و قاو قیژ ببوایەت کەس خۆی لەم قەتارە بێدەنگەدا نەگرتایەت. دەردەکەوت کە ئەم بێدەنگییە قورسە چەندە دەنگی لە ژێر پێستی خۆیدا شاردوەتەوە. وەک شێتخانە هەر کەسە و لەبەرخۆیەوە باسی شتێکی دەکرد. یەک لە کێشەیەکی خێزانی دڵپڕ بوو، ئەویتر خەریکی پلان دانان بوو بۆ کار و ئیشی. یەک پیلانی خراپی بۆ هاورێکەی دادەڕشت و یەکیش جنێوی دەدا بەوانەی وا دەنگی موسیقا نامۆکەیان ئەوەندە بەرز بوو کە ئەو نەیدەتوانی کتێبەکەی بەردەمی بخوێنێتەوە.

بەڵام قەتار هەر دەروات و تەنیایی و بێدەنگی نەگۆڕترین موسافری ئەو رێگایەن. ئەوان هەموو کورسییەکانیان گرتووە و قەتار بێدەنگ و بەردەوام دەڕوات. منیش دەبێت لە ویستگەیەکدا دابەزم و شوینەکەم بدەم بە کەسێکی نوێ، کەسێک کە تا چەند وێستگە ئەرکی پڕ کردنی ئەو کورسیەی بە ئەستۆیە، بە بێ ئەوەی ئاکامی رۆشتنی قەتار و دابەزینی موسافرەکانی بۆ دەرکەویت.بێدەنگ دادەنیشێت و لە پەنجەرەیەکی بچووکەوە دونیای دەورو بەری دەبینیت کە بە خیرایی تیدەپەرن، بە بی ئەوەی دەرفەتی بیینینی دوبارەیانی پیبدریت یان بتوانیت لە خیێرایی رۆشتنەکەیان کەم کاتەوە. تەنیا مشتێ حەزی کوژراو لە وێستگەیەک دادەبەزێ و بە دەم بای رۆیشتنی قەتارەکەوە لولێک دەخوا ت و چەند کەسێکی نزیک بە دوا دەلاقەی قەتارەکە تا چەند چرکە چاویان لێیە و ئیتر پاشان لە پەنجرەی هیچ نیگایەک ناکەوێت و لە ئاڵبۆمی بیرەوەری هیچ کەسیشدا نابیندرێت. ژیان قەتارە.

 

گەڕان بۆ بابەت