ما 2658 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لەتیف بێوار

وای دەبینم  دەبوو بۆ تەبایی و گونجانی مانا کە سیفەتێکی ئەرێنی و نەرێنی لە پێش دواکۆپلەدا هێناوە(ئاو/ئاسن) دەبوو لەبری خوێن بۆ نموونە ئەسرینی دانایە نەك (خوێن و قاقای مس) کە هەردووکیان نەرێنین. جگە لەمەش دژبەرییەك هەیە لە نێوان ئاوی ناونیشانەکەو کە توڕەبوونە لێی و ئاوی ناو دەقەکە کە سەرچاوەی دادوەری و پێکهاتەی بەژنی ژنە وەك دەڵێت: لە باران باڵای ژنێک دروست دەکەم بە ویژدانەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە زمانی ئەم شیعرە لە هەموو ئەوانی تر تۆکمە ترو وێنەکانی شیعریترن، هەرچەندە هیچ دەقێك بێ کەموکورتی نابێت بەڵام ئێمە بە بەراورد بەوانی تر باسی لێ دەکەین.

مرواریەکانی شیعر، یان قەزوانە پووچەکانی پەخشان

لەتیف بێوار

من نە شاعیرم نە هیچ بەرژەوەندییەکم لەگەڵ شیعرو شاعیراندا هەیە، بەڵام خوێنەرێکی سەرسەختی شیعرم وحەز دەکەم شیعر هەردەم لە برەودا بێت، چێژ دەبەم لە خوێندنەوەو ڕامانی دەقی جوان لە ناو واقیعی ناشرینی ئەمڕۆماندا کە هەموو شتەکان تەنیا رووکەشیان لێ ماوەتەوەو بارگاوی بوون بە دەستی بۆرو جێ پەنجەی گەندەڵی و سیاسەت و نادادپەروەریی، کەسانی ناشایستە جڵەوی کاروباری بە ناو ڕۆشنبیریی و ئەدەبی و هونەریی و فەرهەنگییان گرتوەتە دەست کە هیچ لە بوارەکە نازانن و زۆریان بە تەزکیەی حیزبی دانراون.

لە لایەکی تریشەوە وێڕای بوونی ئەو هەموو سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییانە و بڵاوکردنەوەی بە لێشاوی شیعرە جۆراوجۆرە، بەڵام هێشتا بوارە هەمەچەشنەکانی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە هۆکارێکی باشی پەرەپێدانی دنیای شیعرن و وەك فاکتەری هاندان و پێشبڕكێی دەقی جوان دەتوانن زەمینە بڕەخسێنن بۆ درەوشانەوەی شیعر، بە پێچەوانەشەوە دەکرێت ئەو سەکۆ ئەدەبی و هونەری و بڵاوکراوەو چالاکییە هەمەچەشنانە تەبیعەتی خوێنەران تێك بدەن و دووریان بخەنەوە لە موتابەعەو خۆمژیلکرن بەو کەناڵانەوەو تەنانەت بە خوێندنەوەی ئەو جۆرە شیعرانەشەوە.

بە ڕای من پاشکۆی مرواریەکانی شیعر کە بە شەش مانگ جارێك لە چوار لاپەڕەدا دەردەچێت، یەکێکە لەو قۆرتانەی دنیای شیعر کە شاعیران و خوێنەران توشی هێڵنج دەکات و دەنکی قەزوانە پووچەکانی بەهارمان دەهێنێتەوە یاد کە لەبەر هەتاودا زەردو بۆش و قەرپۆك دەردەچن، هەر هیچ نەبێت گەر کەمێك دەست بە شیعرەوە ناگرن، ڕێزی پایەی ئەدەبی پاشکۆکە بگرن، هەروەها شیعرە بێ تام و دڵداریەکانی رۆژنامەی هەولێریش هەر بەهەمان شێوەن، گەر ئەوانەی سەرپەرشتی دەکەن هیچ زائیقەیەکی ئەدەبییان نەبێ، ئەوا با تەسلیمی تایبەتمەندانی  بوارەکەی بکەن و کەسانی شارەزای دەرەوەی خۆیان رابسپێرن بۆ هەڵبژاردنی شیعرەکان، یان رەنگە عوزریشیان هەبێت و لە ژێر فشاری ئەملاولادا بڵاوبکەنەوە، یان هەر ئەو دەقانەیان بۆ بچێت. هەروەها بێئاگاییان دەردەخات لەمەڕ شیعری پۆستمۆدێرن و رەوتی شیعری جیهانی.

  پاشکۆی مرواریەکان  هەرچەندە وا پێدەچێت زیاتر بۆ خانمان تەرخان کراوەو لەگەڵ دانانی وێنەی گەورەدا یادی پروپاگەندەی سینەماییمان دەهێنێتەوە بیر، ئیتر بێ رەچاوکردنی دنیای ناوەوەی شیعرەکان و هونەرەکانی شیعرو تازەگەریی و بوونی خاڵی وەرچەرخاندن لە دەقە بڵاوکراوەکاندا، ئەمەش بەس دادەنرێت بە لە کۆڵ خۆ کردنەوە، ئەگینا لە هەمان کاتدا هەر خۆیان پاشکۆی هەفتانەی بەردەوامیان هەیە وەك کەشتی نوح و ستادیۆم و هەڵبژاردن و دۆسیەو چەندان بابەتی بێ سوود و دووبارەو بێ خوێنەری تر کە گرنگی پێدان و خۆماندووکردنێکی زۆریان پیوە دیارە، ئەمە خۆی لە خۆیدا دەدەنرێت بە گاڵتەکردن بە شیعرو خوێنەرەکانیشی، رەنگە واشی لێك بدەنەوەو پاساوی بۆ بهێننەوە کە دنیای شیعری کوردی هەر ئەمەیەو بۆیە هەرکەسێك هەڵدەستێت دەبێت بە شاعیر.

لە ٢/١١/٢٠٢٣داو دوای شەش مانگ بە ژمارەی ٩٠٣٨(ساڵی سی و دوو) دوا ژمارەی ئەم پاشکۆیە کۆمەڵێك شیعری هەرزەکارانەو دڵداری لە خۆ گرتووە کە خوێنەر هەست بەفیڕۆدانی کاتەکەی دەکات لە کۆتایی هەڵدانەوەی دوا لاپەڕەدا و پەشیمان دەبێتەوە بۆ ئەم ناوی زل و دێی وێرانە.

ئێستا بە پێکەوە تێپەڕینێکی خێرا بکەین بە خانووە روخاوەکانی ئەو خەراباتەدا، لە یەکەم شیعردا وێڕای کۆنێتی زاراوەی خۆرو ئەوانی تری نێو شیعرەکە، سەبارەت شێوازی شیعرەکە زاتییە، بابەتی شیعرەکە حاڵەتی تەمەنی بێهیوابوونی شاعیر(سن اليأس) باس دەکات لەگەڵ نەناسینەوەی شارو جێهێشتنیدا، سەبارەت زمان تیایدا زۆر دەستەواژەی ناشیعریی تێدا بەکارهاتووەو زیاتر هی قسەکردنە، لە لایەکی ترەوە خوێنەر وا گومان دەبات شاعیرەکەی تازە فێری زمانی کوردی بووە، ئەمەش چەند نموونەیەکە لەو بارەیەوە:

١/ لە جیاتی ئەوەی شاعیر بنووسێت: (کچێکی خوێن ئاڵە)یان (کچی خوێن ئاڵە) دیقەت بدەن چی دەڵێت:

ئەم شارە

کچی خوێنێکی ئاڵە

هەورێک بەسەر سەریەوە وەستاوە

*

٢/ ناتەبایی مانا لەم دەستەواژەدا ئەو کات دەردەکەوێت کە ئەو باسی شار دەکات کە لە خۆی بێبەری دەکات ، کەچی ئەو بە شار دەڵێت پێویستم پێت نەماوە، وێڕای ناشیعرێتی کۆپلەکەو دووبارە بەکارهێنانی وشەی (کەچی) کە یەکێکیان زیادەیە:

کەچی لە خۆت بێبەریم دەکەیت

پێویستم پێت نەماوە

کەچی گۆڕێکت لە کۆشتا بۆ هەڵکەنیوم

*

٣/ کورد دەڵێت: گشت پارچەکانی، کەچی شاعیر دەنووسێت:

گشتی پارچەکانی تری جەستەم.

٤/ لە رووی تەبایی و یەکانگیری ماناوە، شاعیر شەمەندەفەرو هەڵفڕین بۆ یەك مەبەست کۆ دەکاتەوە کە لەگەڵ یەکدا نایەنەوەو دەبوو هەر یەکێکیان بەکاربهێنێت، شەمەندەفەر بەسەر زەویدا دەڕوات و باڵندە لە ئاسماندا هەڵدەفڕێت، وێڕای ئەوەی هەردووك هێمای ماڵئاوایین، بەڵام سەبارەت پێکەوبەستنەوەی رایەڵەی واقیع؛ ئەوا هێڵی شەمەندەفەر لەو شارەدا نییە کە شاعیر لێوەی دەدوێت:

خۆم لەناو شەمەندەفەرێکدا دۆزیەوە

لە پەنجەرەکەوە سڵاوێكم لێ کردو

بەدەم گۆرانی وتنەوە هەڵفڕیم

پێویست ناکات من ڕێنمایی شاعیر بکەم کە دەبێت بزانێت دەسمایەی شاعیر وشەیە، بۆیە تا بتوانێت وشەی شیعریی دەگمەن و ئیقاعدارو کاریگەر بەکاربهێنێت مەودای لێکدانەوەو بەهای دەقەکەی بەرزتر دەبێتەوە، بەڵام کە هەندێك شیعر دەخوینیتەوە وا دەزانیت شاعیرەکەی هەر ویستوویەتی تەواوی بکات بێ گوێدانە لایەنی رەسەنایەتی و دەگمەنی.

شیعری دووەم: شۆڕشی مەستێك لە سووچێكی زەوی:

شیعرێکی پەخشان ئاسای ویژدانییە، باس لە مەست بوونی خۆی دەکات و رەفزی ناڕێکییەکانی ئەوانی تر دەکاتەوە، گاڵتەیان پێ دەکات کەچی لە کۆتاییدا دەڵێت: دەپرسم بۆ ئەوەندە گەورەیە مرۆڤبوون. لە لایەکی ترەوە ئەو بۆ كشان نوكتە دەكات، ئیتر نازانم گەر مەبەستی لە کشانی ئەستێرەکان بێت چ حەوجێی نوکتەیە، ئەو رایەڵە لەقە لە زنجیرەی لێکدانی وێنەکان تاسە بە رۆشتنی خوێنەر دەبەخشن لە کۆڵانەکانی ئەو شیعرەدا. پاشان رەنگە خوێنەرێک بپرسێت خۆ مەستکردن چ چارەیەك بە گرفتەکان دەبەخشێت، وێرای ئەوەی ئەم کەرەسەی مەستییە لە پێش خەیامیشەوە بەکارهێنراوەو چەندبارەیە، ئەو دەڵێت:

*

بەیانییەكەی لە سوچێكی ئەم زەوییە پڕ ژاوەژاوە

قاپێك ئارەقی مەستەكی

دەخۆمەوە

نامەوێ گوێ لە چرپەچرپی ئێوە بگرم

*

سێیەم/ بۆیاخی نەبم

من وام زانی مەبەستی شاعیر بۆیاخە! چونکە سپەیسی لە نێوان بۆ + یاخی دانەناوەو هەر بەیەك وشە نووسیونی، سەبارەت لایەنی فۆرم وەك شیعرەکانی تر فەرامۆشی زمانی شیعری کردووەو هونەرەکانی وەلا خستووەو بیری لە ئستاتیکای فۆرم نەکردووەتەوە ، سەبارەت ناوەڕۆکیش ئەمیش وەسفی خۆی دەکات و یاخی بوون لەشەقدان لە سەرپۆش و کەلتوردا دەبینێتەوە، واتا بەس شێوەی یاخی بوون دەنەخشێنێت، لە کاتێکدا یاخی بوون چەمکێکی مەعریفی ناوەکییە، ئەو دەڵێت:

من لە كچێنیەوە یاخیم

وەكو دایكم نزام نەدەكرد

وەكو خوشكەكانم

سەرپۆشم نەدەپۆشی

یاخیبوون

هەڵاتنە لە شتە باوەكان

*

یاخیبوون..

وەستانەوەیە بەرامبەر كەلتور،

شەق هەڵدانە لە شتە باوەكان

چوار/ ئەستێرەناس : شیعرێکی تری پەرەی دووە، شیعرێكی رۆمانسییە، زمانێکی رۆژانەی تیا بەکارهاتووە، زمانێکی شلۆق، وەك شاعیرەکانی پێشتر بواری پێداچوونەوەیان بە خۆ نەداوە، خۆ شیعری سەربەست ئەوە نییە یەکجار لە کێش و سەروا دایبماڵین؛ بۆ نموونە ئەو دەیتوانی ئەم کۆپلەیە بگۆڕێت و دەسکاری بکات تا پاراوی پێ ببەخشێ لە جیاتی رەکیکی و ناڕێکی:

گەر رۆژگارەکانی ساڵ

ھەمووی ھەناسە سوار بم

باسی ناکەم،

==

گەر هەموو رۆژەکانی ساڵ

هەناسەسوار....

*

کۆتایی هێنانی شیعر وەك سەرەتای گرنگە، نازانم بۆ زۆربەی شاعیرەکان لە کۆتاییدا زمانەکەیان وا سادە دەبێتەوەو وەك بیانەوێ لە کۆڵ خۆیانی بکەنەوە:

ئەڵێم ھەق نییە

ھێندە بیرت بکەم

بەڵام لەکوێی دونیادا ھەق ماوە.

*

پێنج/ دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە:

هەندێك جار لەبەر رەکیکی لێکدانی وێنە شیعریەکان ئاستەم دەبێت لە خەیاڵداندا وێنەو کۆپلەو مەبەستەکان بخەمڵێنیت، چونکە کاتێك دوو شت تێکەڵ دەکەیت یەکیان واقیع و ئەوی تر خەیاڵ، دەبێت زنجیرەی پێکەوەبەستن و خاڵی هاوبەشیان هەبێت تا وێنەیەکی نوێ و جوانی شیعری لێ دەرچێت؛ لەم کۆپلەیە رابمێنن:

ڕێگاکان،

لەخۆیاندا وون دەبن،

ناتوانن ئاوڕێک لەڕابردوو بدەنەوە،

 راوەستانێکە ،کە ئەژنۆ دەشکێنێ!!

هەنگاوەکان خۆیان،خۆیان دەبژێرن و سێبەری

دارسنەوبەرەکان

لەخوارو خێچییان رازی دەبن،

*

لێرەدا تێکەڵ و پێکەڵیی و ئاڵۆسکانێکی تێدا دەبینرێتەوە کە خوێنەر نازانێت رێگا بۆ ئەو شوێنە لەو رستەیەدا دروستە؟ ئایا شاعیر گەر خوازەی تری بەکاربهێنایە تا ماناکانی بگەیاندایە جوانتر نەدەبوو؟ وێڕای ئەوەی ئەمیش وەك شیعرەکانی تر شیعرەکەی پڕ لە ڕاناوی (م)ی منی شاعیر کردووە، ئیتر نازانم ئەم جۆرە لە شیعر دەچێتە چ خانەیەکی شیعرەوە؟

لێرەدا جێی خۆیەتی پرسیاری ئەوە بکەین: دەبێت لەم رستەیەدا چ قووڵییەك هەبێت وا شاعیر دەخنکێنێت؟

چەند خۆشم دەوێیت!!!

قووڵی ئەم رستەیە دەم خنکێنێت

پاشتر ئەو وەسفی بێ سنووریی خۆشەویستی بە سێوی ئادەم کردووە کە من زۆر بیرم هێناو برد، نەمزانی رووی لێكچوونی ئەو دووە چییە؟ ئەو دەنووسێت:

دڵم بۆنی یەکەم بارانی بەهاری گرتووە

شێتانە پێم دەڵێ: خۆشەویستی هیچ سنوورێکی نییە!!!

سێوی ئادەمێکی یاخی بووە،

بەڵام ئەم دەستەواژانە کە دواتر جۆری بیرکردنەوەو دنیای شاعرەکان دەردەخەن پێکهاتەی خودی شاعیرەکانن و لەو سۆنگەیەوە دەتوانین زۆر رەهەندی جۆراوجۆری تایبەتی و گشتی شاعیرو دەوروبەرەکەی و ئاستی رۆشنبیریی شیعریی و زانیاری و تێگەشتنی گشتی تێبگەین، باشترە شاعیرەکان شاعیرانی پێشووی خۆمان و گەلانی دراوسێ و جیهان  بخوێننەوە تا زیاتر ئاشنای شێوازو بونیاتنانی شیعرو مامەڵە لەگەڵ بابەت و هەڵبژاردنی وێنەدا بکەن.

شەش/ وەرینی دواین گەڵا و دوو شەمس

ئەم دوو شیعرە چونکە پێشکەش کراوە بە دوو مرۆڤ، من لەسەریان نادوێم. مرۆڤ لە ژیانیداو لەپاش مردنی بوونەوەرێکی ڕێزدارو بە بەهایە، ئاواتەخوازم خاوەنی شیعرەکانی تریش زویر نەبن، کە ڕای خۆمانیان سەبارەت دەنووسین، ئێمە قسەمان لەسەر خودی تێکستەکانە نەك شاعیرەکان، ئەم دوو پێودانگە دوو شتی لێک جیاوازن. لە کاتێکدا ئەوان رەنگە لە داهاتودا زمانیان زۆر پوخت و کۆ بکەنەوەو شاعیری ناوداریان لی دەرچێت، بەڵام قسە لەسەر ئەو بەرهەمە شیعریانەیە کە دەیانخوێنینەوەو هەمووان دەتوانن رای خۆیان دەرببڕن و شاعیرەکانیش وەڵام بدەنەوە.

حەوت/ تووڕەبوون لە ئاو .... نزایەک بۆ ژن

ئەمیش شیعری خانمێکە وەکو یەکەم شیعر وێنەیەکی گەورەی لەگەڵدا دانراوە، کە ئەمە بە رەوا نەزانراوە بۆ شاعیرە پیاوەکان و لەهەمانکاتیشدا فاکتی پیاوسالاری لێ دەخوێنرێتەوە، شیعرەکەش لە خولگەی ململانێی فێمینیزمی و پیاوسالاریدا دەخوڵیتەوەو هێشتا ئەو زۆرانبازییە تەقلیدیانەی جێ نەهێشتووە، هەر وەك ئەو چۆن رەچەڵەکی پیاو دەباتەوە سەر سمێڵ و هەر وەك بەهایەكی پیاوەتی کە لەو کۆمەڵگایانەدا تەماشای دەکەن مامەڵەی لەگەڵ کردووەو جۆرێك لە ساتیری تێدایە:

بەدوای میهرەبانی ژنبوونمدا

هەموو دەربەندەکانی سمێڵ دەگەڕێم

بۆ خوێنی هاوڕێکانم

حاشا لە خەنجەری بەر بەرۆکی ئەو پیاوانە دەکەم

کە وشەیان لە ئاو و دڵیان لە ئاسنە

چاویان لە خوێن و قاقایان لە مسە

وای دەبینم  دەبوو بۆ تەبایی و گونجانی مانا کە سیفەتێکی ئەرێنی و نەرێنی لە پێش دواکۆپلەدا هێناوە(ئاو/ئاسن) دەبوو لەبری خوێن بۆ نموونە ئەسرینی دانایە نەك (خوێن و قاقای مس) کە هەردووکیان نەرێنین. جگە لەمەش دژبەرییەك هەیە لە نێوان ئاوی ناونیشانەکەو کە توڕەبوونە لێی و ئاوی ناو دەقەکە کە سەرچاوەی دادوەری و پێکهاتەی بەژنی ژنە وەك دەڵێت: لە باران باڵای ژنێک دروست دەکەم

بە ویژدانەوە دەبێت ئەوە بڵێین کە زمانی ئەم شیعرە لە هەموو ئەوانی تر تۆکمە ترو وێنەکانی شیعریترن، هەرچەندە هیچ دەقێك بێ کەموکورتی نابێت بەڵام ئێمە بە بەراورد بەوانی تر باسی لێ دەکەین.

لێرەدا رقێکی پەنگخواردووی کۆنینە بە پیاو دەرێژرێت و بێئاگا لەوەی کە پیاویش خۆی بە جۆرێکی تر کۆیلەو قوربانییە لە کۆمەڵگا کەنەفت و یەخسیرەکاندا، تا دەگاتە ئەوەی خۆی وەکو سیمبوڵی هەموو ژنێك و پاکیزەیی بە بلوور بچوێنێت و سمێڵیش بە ڕەژوو و لە گۆڕی بنێ:

هەر جارەو دەبم بە گیاندارێک

دەبمە نەوڕەس

حیکایەتی خۆر بۆ گوڵەبەڕۆژە دەگێرمەوە

تووڕەبوونی شەپۆلەکان

دەبەمە بەردەم دادگای ئاو

لە سپێتی خۆم کفنێک بۆ سمێڵ دەدورم

*

خاڵێکی تری جیاوازی ئەم شیعرە لەوانی تر  سوود وەرگرتنە لە رەمزەکانی ناو ئەفسانەکانی گریك و ئەدەبی گەلان و کلاسیكی کوردی و بەکارهێنانەوەیەتی وەکو کەرەسەیەکی شیعریی کە ئەمەش بە ئاگایی شاعیر دەردەخات لەو جیهانەدا، ئیتر ئایا تۆ لەگەڵ پەیامی شیعرەکەیدا هاوتای یان نا ئەوە بابەتێکی ترە، چونکە ئەمە ئەزموون و ئایدیاو تێڕوانینی شاعیرە:

بە دواکۆپلەی ئەم شیعرە کۆتایی بەم کورتە نووسینە دەهێنین و خۆزیار بووین شاعیر لە پەراوێزدا روونکردنەوەی بە ئاماژەی (قەیسدە) بدایە!

دواجار دەبمەوە بەخۆم

بە قەیسدە دەڵێم

بڕۆ حاشا بکە لەو درەختانەی مانفێستی گەڵا دەسووتێنن

حاشا بکە لەو چۆلەکانەی گۆرانی جریوە زیندە بەچاڵ دەکەن

حاشا بکە لەو دۆلفینانەی ئاو دەکەن بە قوربانی ئاگر

حاشا بکە لەو ئاسکانەی پەیمانی ئاشتەوایی لەگەڵ پڵنگەکان

دەبەستن

حاشا بکە لەو نەوڕەسانەی بە دەم گریانەوە فرمێسکی مردن

دەنووسنەوە

بە خۆم دەڵیم ببە بە ئافرودەیت

زیویس بهێنە سەر بەرماڵەکەی دەروێش عەبدوڵڵا

ئەپۆلۆ بکە بە ئاسەوار و لە سەیوان دایشارە

 

گەڕان بۆ بابەت