بەفراو نووری

خاڵێکی تری گرنگی ناو ڕۆمانەکە ئەوەیە، ئەم ڕۆمانەی نووسەر پێچەوانەی ئیشەکانی تری خاڵییە لە کەرەکتەری ژن، تەنیا یەک کچی تێدایە، ئەویش لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بە ڕۆلێکی زۆر کەم ڕەنگ دەردەکەوێت. ئەم نەبوونی ژنە شتێک نییە بە زیانی ژن بێت، یارییەکی نووسەرە بۆ ئەوەی دەریبخات، ئەم دۆخی جەنگ و تاریکییەی تێی کەوتووین، لەدەست کردی پیاوانە. 

 

شێتی و فاشیزم لە هەورەکانی دانیالدا

 

هەوەرەکانی دانیال دواهەمین ڕۆمانی ئەدیب و نووسەر بەختیار عەلییە، ئەم ڕۆمانە پێچەوانەی ئەزموونەکانی دیکەی نووسەر، بە تەمێکی کەم تا زۆر ڕئال و تێکەڵێک لە خەیاڵ و فەنتازیا و ڕوانینێکی ئارکولۆژییەوە نووسراوە، ئارکۆلۆژییە چوون نووسەر دەمانبانەتە ناو گەشتێک بە مێژووی دەست پێکردنی شارستانییەت و چۆنییەتی دروست بوونی شووناسی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و سەرچاوەکانی توندوتیژی و دیاردەکانی.

نووسەر پێچەوانەی ئەو ڕوانینە باوانە بۆ میژووی مرۆڤی رۆژهەلات و پرۆسەی دروست بوونی شوناسەکان هەیە کە لە ژێر کاریگەری فیکری مارکس و هێگڵدا وەک هێڵە گەشەیەکی ڕاست سەیر کراون و لە قۆناغێکەوە ڕۆیشتونەتە سەر قۆناغێکی تر، ئەو ڕوانینانە بۆ مێژوو و بۆ ئەقڵ دەخاتە شوێنی گۆمان و پرسیار. شتێک ئەم ڕۆمانە دەیدرکێنێ ئەوەیە مێژوو وەک کاری یەک هێز تەماشاناکرێت، کاری خەون، توندڕەویی، ترس لەسەر دروست کردنی مێژوو کەمتر نییە لە هێزە گەورەکان. وەک بڵێت ڕوانینی عەقڵانی هەموو شتێک تەفسیر ناکات و نهێنی مێژوو زیاتر لە ناو زیهن و خەیاڵی بەشەرەکاندایە، مێژوو چەند یاسایەک نییە بە ڕێکی بڕوات، بەڵکو ناڕێکییەکە و بە زەبری هێز دەمانەوێت ڕێکی بخەین. ترسی گەورەی ڕۆمان نووس لەو هێزانەیە کە ئەو کاری ڕێک کردنە دەگرنە ئەستۆی خۆیان، کەسانی وەک دکتۆر سیامەند و سەی ئەسڵان و نەقیب یوکسەل لەوانەن بەو کاری ڕێکخستنە هەڵدەستن و لەو ڕێیەدا دەبنە کەسی تاوانبار. لە نووسینەکانی تری نووسەرەوە ئەو ڕاستییە دەزانین کە فاشیزم بریتیە لە دروستکردنی وێنەیەک بۆ مرۆڤ کە بگونجێ لەگەڵ ئەو خواستەدا کە بۆ مێژوو دیاری کراوە. بە گشتی لای نووسەر، ڕوانینی ئارکئولۆژی بۆ تێگەیشتن نییە لە مێژوو وەک کۆمەڵێک چیرۆک و ڕووداو، بەڵکو بۆ تێگەیشتنە لەو بەشە نیشتووانەی سەر دەروونی مرۆڤ، بەشە هەست پێ نەکراوەکەی کە بە ڕوونی لێمان دیار نییە. خوێندنەوەی ئارکئولۆژی بۆ ئەوە نییە بڵێت ئێستا وەک ڕابردووە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بپرسێت بە چ هۆیەک ترسە کۆنەکان دەگەڕێنەوە و ناتوانین خۆمانیان لێ ڕزگاربکەین.
دەشێت ئێمە لە ڕێگای ئەم ڕۆمانەوە بگەین بە ئاستێکی زۆر قووڵتر لەو زانیاریانەی تا ئەمرۆی لەسەر مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی دروستمان کردوە. ڕۆمانەکە جگە لەو دیوە ئارکئولۆژییە، دیوێکی دەروونیشی هەیە. چوون نووسەر بەو دۆخانە ئاشنامان دەکات کە شوناسی مرۆڤی تێیدا دروست بووە، دەرونی مرۆڤەکان وەک بەشێک لە یادەوەرییەکی مێژوویی سەیردەکا. دەروون لەم ڕۆمانەدا جارێک وەک شانۆیەک مێژووییە و جارێکیش لە تێکەڵ بوونی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەوانی تردا، ئەوەی ئینسانەکان یەک خەون دەبینن یان ڕێنوار خەونی ئەوانی تر دەبینێت، ئاماژەیە بۆ بڕوایەکی نووسەر کە دەروون جێگایەکی کراوەیە، مێژوو دەروون دەجوڵێنێت و دەروونیش بە جێگای خۆی کار لە مێژوو دەکات. نووسەر پێمان دەڵێت، دەروونی داخراو کە دەکرێتەوە بەجۆرێکی ترسناک دەکرێتەوە و شتی سامناکی تێدایە.
چیرۆکی رۆمانەکە بە ژیانی یەکێک لە پاڵەوانەکانی بە ناوی ڕێنواری زەریاواری دەست پێدەکات، ڕێنوار گەنجێکی ساف و مرۆڤێکی میهرەبان و خوێندەوارە کە لای مامی وەک بەردەست ئیش دەکات، ماوەیەک لە شاردا خەڵک بە هۆی بینینی خەونێکەوە هەست بە پەشێوی دەکەن و ڕوو دەکەنە لای مامی ڕێنوار بۆ چارەسەری ، ئەو تەنیا دەروونناسی شارەکەیە (کە نووسەر دەڵێت دکتۆر سیا تەنیا دەروونناسی شارەکەیە، بۆ ئەوەیە پێمان بڵێت دەروون بووە بە چ جێگایەکی ناشناس و لە یادچوو) گەرچی زۆربەی کارەساتەکان لەوێوە دێن. دوای ماوەیەک خەڵکانێکی زۆری شارەکە تووشی ئەو خەونبینینە دەبن و خەونەکە وەک نەخۆشی پەردەسێنێ. خەڵکی خەون دەبینن کە کەسێک سەریان دەبڕێت، ئەوەش دەبێتە مایەی پەشێوی و نیگەرانی هاوڵاتیان و دوایی دەگەن بەو بڕوایەی کە زیندانێکی شار بکەن بە نەخۆشخانەی دەروونی و هەموو نەخۆشەکانی تێدا کۆ بکەنەوە. مامی ڕێنوار بۆ ئەوی وەک دەروونناسێک چارەسەریەک بدۆزێتەوە بۆ نەخۆشەکان بە ڕێنوار دەڵێت بڕواتە لای هاورێیەکی کۆنی بە ناوی پرۆفیسور بەهنام کە پرۆفیسوری مێژووە و داوای لێدەکات بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەکە بگات بگەڕێتەوە بۆ مێژووی دروست بوونی دێلاوار، پێی وایە خەونەکە پەیوەندی بە مێژووی شاری دێلاوارەوە هەیە. ئەم گەشتە ڕێنوار دەخاتە سەر ڕێگایەکی درێژی گەڕان لە دەروونی خۆی و دەروونی مێژوو و دەروونی ئینسانەکانی تردا، ئیشێک کە رۆمان نووس بەردەوام لەسەر سێ هێڵی جیاواز دەمانجوڵێنێت بێ ئەوەی بهێڵێت هەست بە لەنگی و ناڕێکی بکەین، بەڵکو بێ ئەوەی هەست بەخۆمان بکەین کە بەردەوام لە هاتوچۆ و جوڵەداین لە ناو شوێن و کاتی جیاوازدا. لەو گەشتەدا بە دوای نهێنی خەونەکە، تێدەگەین ئەو شارە بە هۆی بوونی زیندانێکی گەورەوە لە سەنتەرەکەیدا گەشەی کردوە و هەموو خەڵک کاتی خۆی هاتوون و بە مەبەستی جیاواز لە دەوری دیوارەکانی ئەو زیندانە نیشتەجێ بوون.
ئەوی ئاشنا بێت بە نووسینە تیورییەکانی نووسەر، دەزانێت کە سەرچاوەی زۆرێک لە رووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تز و فیکرانەی نووسەر لە سەر فاشیزم و چوونییەتی دروست بوونی لە ڕۆژهەڵاتدا نووسیونی، کە پێشتر وەک وتار کاری تیا دەکرد ولەم ڕۆمانەدا وەک نیشاندانەوەیەکی واقعی و ڕەمزی بە زمانی ئەدەب بۆیان گەڕاوەتەوە، لێرەوە ئەم ڕۆمانە بە پێچەوانەی کارەکانی تری نووسەرەوە تێهەڵکێشێکی وردی دنیای تیورە و ئەدەبە بە یەکەوە، کە لە کارەکانی تری نووسەردا بەداخەوە ئەم تێهەڵکێشە بەرچاو ناکەوێت، بەمەش نووسەر ڕەوتی هەندێک نووسەر و فەیلەسوفی ناسراو دەگرێتەوە بەر، کە بۆچوونی ئەدەبییان لە خزمەت بۆچوونی فەلسەفیاندا بووە، وەک سارتەر و کامۆ.
لێرەدا زۆر کورت باس لە هەندێ ڕەگەزی سەرەکی ڕۆمانەکە دەکەین کە نووسەر بە ڕوانینێکی فۆکۆییەوە لە ناو ڕووداوەکاندا پیشانی داون.
سەرنجی یەکەمم، دەربارەی نەخۆشخانەی دەروونییە، نەخوشخانەی دەروونی یان شێتخانە یەکێ لەو ڕەگەزە سەرەکییانەی ناو ڕۆمانەکەیە کە نووسەر فۆکوسێکی زۆری کردوەتە سەر، ئەم شێتخانەیە شوێنێکە کە ئەوانەی خەونەکە دەبینن بۆ مەبەستی چارەسەری و بۆ جیا کردنەوەیان لە مرۆڤە ساغەکان دەیانهێننە ئەو شوێنە، فەزا و وەسفی نووسەر لە شێتخانەکە بە جۆرێک (هۆپیتاڵ ژنرو)مان بیر دەهێنێتەوە، هۆپیتاڵ ئەو شوێنەیە کە فۆکۆ لە کتێبی (شێتی و شارستانییەت)دا باسی دەکات، هۆپیتاڵ ژنرۆ شوێنێکە لە فەرانسەدا دروستیان کردوە بۆ شێتەکان یان بۆ ئەو خەڵکانەی ئاسایی نەبوون. فۆکۆ دەڵێت لە ڕاستیدا ئەم شوێنە ، شوێنێکی پزیشکی نەبووە، بەڵکو شتێک بووە لە نێوان زیندان و کەمپێکی ئیش کە دەسەڵات لە بەر ڕێکخستنی نەزمی کۆمەڵایەتی و دروست کردنی ئارامی ئەو شوێنەی دروست کردبوو، دەڵێت شێتەکان لەوێ وەک ئاژەڵ سەیر دەکران و هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرا، بۆ ئەوەی کونتڕۆڵیان بکەن توندوتیژییەکی زۆریان لە دژ بە کار دەهێنان. تەنیا مەبەستی ئەو کەسانەی شوێنەکەیان دامەزراندبوو ، ئەوە بوو نەخۆشەکان کونترۆڵ بکەن نەوەک بیانەوێت چارەسەریان بکەن. لە نەخۆشخانەکەی هەورەکانی دانیالیشدا ئەو پەڕی توندوتیژیی دەبینین بەرامبەر بە نەخۆشەکان، وەک کەمپێکی ئیش هەموو ئیشێکی سەختیان پێ دەکەن، لێیان دەدەن بۆ ئەوی لەو ڕێگایەوە بتوانن زیاتر کۆنترۆڵیان بکەن. فۆکۆ دەڵێت لە سەدەی هەژدەدا ئیسڵاحگەرێک بە ناوی فیلیپ پینێل هەوڵ دەدات توزێک دۆخی نەخۆشەکان باشتر بکات تا باشتر لەگەڵیان مامەڵە بکرێت، وەک ڕێنوار کە هەوڵی چاک کردنی دۆخی نەخۆشەکان دەدات، بەڵام دوایی کە هیچی پێناکرێت، بۆیان دەگری. بەڵام جیاوازی گەورەی نێوان دنیای فۆکۆ و دنیای بەختیار لەوەدایە کە لای فۆکۆ جیاکردنەوەی دنیای عاقڵ و دنیای شێت بە دیوارێکی ئەستوور ئاماژەیە بۆ ئیش و نیازی عەقڵی مۆدێرن. عەقڵی مۆدێرن لەسەر خۆ جیاکردنەوە و خۆ دوورخستنەوە لە شێتی پایەکانی خۆی ڕاگرتوە. بەڵام بەختیار قسەی لەسەر فاشیزمی ڕۆژهەڵاتییە کە پێچەوانەی مۆدێرنەی ئەوروپی هەڵگرتنی جیاوازی لە نێوان مرۆڤی ساغ و نەخۆشدا، وەک هۆیەکی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵ بە کاردەهێنێت. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا هاتووە (پیاوماقووڵانی شار، سیاسەتمەدارەکانمان، خوێندەوارە ناسراوەکانمان خۆیان وادەردەخست وەک ئەوەی تووشی کێشەی دەروونی نەبن، شورەیی بوو یەکێکیان لای پزیشکی دەروونی ببینرێت. مامم زۆر لەوە پەستبوو، خەڵکی وایاندەزانی کە پزیشکی دەروونی تەنیا بۆ شێتەکانە. ئەو قینەی ناو دڵی وایکرد، دواتر سەدان خەڵکی ساغ بخاتە قەرەنتینەی دێوانەکانەوە، وەک بەوە بیسەلمێنێت کە دەسەڵاتی پزیشکی دەروونی تەنیا بەسەر شێتەکاندا نییە، بەڵکو لە ڕاستیدا بەسەر تەندروست و ساغەکاندایە). فاشیزم زیاتر کۆنترۆڵی مرۆڤە ساغەکانە، هەر بۆیە خەستەخانەکەی دکتۆر سیا، مەبەستی زیاتر تێکەڵاوکردنی ساغی و شێتییە تا ئەوەی جیایان بکاتەوە. لە جێگایەکی تردا ڕوونتر نیازی فاشیستی پشت شێتخانەکە ڕوون دەکاتەوە، کاتێک ژەنراڵ مەحمودی قەرەقازانی دێت و دەیەوێت دیلەکان بخاتە ئیشەوە. (ژەنراڵ لە سەرچاوەیەکی زاناوە زانیاریی تەواوی هەبوو کە نەخۆشەکانی ئێرە جورە مەخلوقاتێکی هەڵواسراون، جەشنێکن لە بەشەر کە نە ئەوەیە نەخۆشبن و نەئەوەیە ساغ، نە ئەوەیە دیل بن و نە ئەوەیە ئازاد، نە ئەوەیە کاری ئاسایی بکەن و نە ئەوەیە تەواو بێ کەڵکیش بن. دڵنیابوو ئێرە بیمارستانێکی دەروونی، شێتخانە، یان سەنتەری چارەسەریی نییە، بەڵکو مەخزەنێکی تایبەتە بە جەستەی ئادەمی کە دەشێت ژەنراڵ سوودی لێ ببینێت). فاشیزمی خۆرهەڵاتی مرۆڤی شێت و ساغ جیاناکاتەوە، بەڵکو مەخزەنێکی دەوێت پڕ بێت لە مرۆڤی بە کەڵک بۆ جەنگ و کوشتار.
رەگەزی گرنگی تری ڕۆمانەکە کەسایەتی ڕێنوارە کە وەک پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە ئەو کەسەیە کە نووسەر لە رێگایەوە، چۆنێتی بە سوژە بوونی مرۆڤی ئەم سەردەمانەمان بۆ دەردەخات، ئەو سوژەیەی کە ڕەنگە وەک زیندانییەک یان وەک شێتیک لە لایەن ئۆرگان و نەخۆشخانە و زیندانەکانەوە کونترۆڵ نەکرێت و لێی نەدرێت، بەڵام لە ناو تۆڕێک لە کونترۆڵی تردا بووە بەو سوژەیەی کە هیچ ئێرادە و ئیختیارێکی نییە، هەموو ئەو شتانە دەبینێت کە ئازاریان دەدات، بەڵام هیچ ناکات و زۆر جار بێ دەنگە و هەندێ جاریش وەک رۆبۆتێک پلانەکانی مامی دەبا بەرێوە، بێ ئەوەی خۆشی بزانێت بۆ دەیکات. ئەگەر نەخۆش و خەون بینەکان لە ڕێگای سزا و لێدانی جەستەییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن، ئەوا ڕێنوار لە ڕێگای هەندێ شتی تری نەبینراو و هەست پێنەکراوەوە کونترۆل دەکرێت و دەبێت بەو کەسەی کە خۆی نییە یان پێی خۆش نییە ببێت. ڕێنوار سەمبولی مرۆڤی بێئیرادەی ئەم سەردەمەیە کە هێزە نەناسراو و گەورەکان چیان بوێت لێی دروست دەکەن. ڕێنوار هەتا کە خۆشی بیردەکاتەوە و کە هەست بە ڕاستییەکان دەکات، ئەو هەست کردنەی هیچ سوودی نییە. وەک نووسەر بڵێت زانین و نەزانینی ڕاستی، بۆ ئەم مرۆڤە بێئیرادانە شتێکی گرنگ ناگۆڕێت. ڕێنوار هەڵەی گەورە دەکات، وەک کەرەستەیەکی جەنگی لێ دێت، وەک چۆن ئاڵ موراد ئالودەی تاوان دەبێت، ئەویش بەشی خۆی هەڵەی گەورەی دەبێت، بەڵام دەیەوێت لە ڕێگای گریان و ڕزگارکردنی زەهاوەوە پارسەنگ ڕابگرێت. نووسەر لێرەدا نەهاتووە پاڵەوانێکی گەورەمان پێشکەش بکات کە بە گژ مێژوودا دەچێتەوە، بەڵکو مرۆڤێکی جوانی پێشکەش کردوین کە بە ئەندازەی توانای خۆی دەیەوێت بە پاکی و وەک مرۆڤ بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا تەوژمەکان لەو بەهێزترن و هەر پیسی دەکەن و ئاسان دەربازی نابێت. ئەم ڕوانییەی نووسەر بۆچوونی فۆکۆمان یاد دەخاتەوە لە سەر سوژەی مودرن کە چۆن دەبێت بە دوو کەرتەوە لە نێوان کردار و بوونی ڕاستەقینەی خۆیدا، واتە بە کردار شتێکە و بە فیکر شتێکیتر، فۆکۆ پێ وایە کە لە ئەمڕۆدا دەسەڵات و ئۆرگانە دەوڵەتییەکان لە خەستەخانە و زیندان و مەکتەب و …هەموو ئیش بۆ ئەوە دەکەن کە مرۆڤێکی ستانداری خۆیان شێوە بدەن کە تەواو نامۆ بێت لەگەڵ سروشتی راستەقینەی خۆیدا، بەڵام فۆکۆ لە هەمان کاتدا کە باس لە گیرۆدە بوونی مرۆڤ دەکات لە ناو ئەو هەموو تۆڕەی دەسەڵاتدا ، ئاسۆیەکیش دەخاتە بەردەمان بۆ ڕزگار بوون لەو بە ستاندارد بوونە کە لێرەدا بۆ ئەوی باسەکە زۆر درێژ نەبێتەوە ناڕۆمە سەر ئەو بابەتە، بەڵام هەندێک لەو هەوڵانەش لە ڕێنواردا دەبینین، ڕێنوار زۆر جار ئەو زەختە دەخاتە سەر خۆی بۆ ئەوی ببێتەوە بە خۆی و لە کۆتایشدا نزیک دەبێتەوە لەو شتەی کە دڵ و دەروونی خۆی لێیەوە نزیکە.
توندوتیژی، توندوتیژیش یەکێکیتر لەو ڕەگەزە بەرجستە و زەقانەی ناو ڕۆمانەکەیە وەک کردارێک کە ڕووبەری زۆری رۆمانەکەی داگیر کردوە، ئەو توندوتیژییەی کە هۆکەی دەگەرێتەوە بۆ ڕابردووی شارەکە، ئەو کاتەی دێلاوار لە دەوری زیندانێک دروست دەبێت، بۆ ئەوەی مرۆڤەکان شارستانی بکاتەوە کونترۆڵیان دەکات، بۆ سەردەمێک شەپۆلی نوێ خوازی و مودێرنە دەگاتە شاری دێلاوار ، ئیتر ئەو کاتەیە کە شووناسی مرۆڤ لە دێلاواردا وەک خۆی نامێنێت و تێکدەچێت، مرۆڤەکان دەبن بە خاوەن شوناسێکی ترسنۆک و پر لە تەوەهوم، شووناسێکی بێ وێنە و دۆڕاو بێ ڕەنگ کە بە دوای ڕەنگەکانەوەیە، تا ڕەنگێک بدات بە خۆی. بۆیە لە دێلاوار بە ئاسانی گەنجەکان بێ ئەوەی لە خۆیان بپرسن، جارێک لە پێناو ئاییندا چەک هەڵدەگرن و جارێک لە پێناو نەتەوەدا و هەر جارە و بە بیانوویەک دەبنە کەرەستەی شەڕ. دێلاوار، مێژووی ئەم دۆخە و ئەم سەردەمەمان پیشان دەدات کە ئێستا تێیدا دەژین، کە مرۆڤەکان دروشمی نەتەوەیی و دینی تووشی هەڵچوون و خەون و هستیرییان دەکات.
خاڵێکی تری گرنگی ناو ڕۆمانەکە ئەوەیە، ئەم ڕۆمانەی نووسەر پێچەوانەی ئیشەکانی تری خاڵییە لە کەرەکتەری ژن، تەنیا یەک کچی تێدایە، ئەویش لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا بە ڕۆلێکی زۆر کەم ڕەنگ دەردەکەوێت. ئەم نەبوونی ژنە شتێک نییە بە زیانی ژن بێت، یارییەکی نووسەرە بۆ ئەوەی دەریبخات، ئەم دۆخی جەنگ و تاریکییەی تێی کەوتووین، لەدەست کردی پیاوانە. ژن لە دروست کردنی ئەو مێژووە ناشیرینەدا ڕۆڵێکی گەورەی نەبووە، ئەوەی کە هەیە تا ئێستا پیاو کردویەتی. ژن لە ناو ئەم رۆمانەدا تەنیا ئەو کاتە هەیە کە وەک ڕەمزی فریادرەسێک بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی و دروستکردنەوەی دوای ڕوخان دێتە پیشێ.
ئەم کارەی نوسەر لە هەموو ڕۆمانەکانی تری زیاتر پرسیار و مشت و مڕی سیاسی و ئەدەبی هەڵدەگرێت، چونکە بەجۆرێکی سەمبولی مێژووی نزیکی سەد ساڵی خۆرهەڵاتمان لە رێگای بەسەرهاتی دوو شار و دوو مرۆڤەوە بۆ دەگێڕێتەوە.

سەرچاوە: چراکان

 

 

گەڕان بۆ بابەت