ما 1191 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لەتیف بێوار

ناونیشانی شیعرەکە ناونیشانێکی شیعریی جوانەو وەرزی پاییزیش وەرزێکە زۆر جێی ئاماژەو ئیلهامی مرۆڤە، جا لێکدانی توولە ڕێ کە دەمانباتەوە نێو سروشت و  کەژو کۆو لکاندنی بە پاییزەوە ئەوە دوو جار هێز دەبەخشێت بە ناونیشانەکە، بەڵام ئایا تا چەند ئەم ناونیشانە پەیوندی بە ناوەڕۆکەکەوەو هەیە؟

پێداچوونەوەیەك بە شیعری: توولەڕێکانی پاییزدا

لەتیف بێوار

لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن و
چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە
بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا
دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا
خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا
شارێک ئەخولقێندرێ
حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر
ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان
لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن
توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە
لێوم بە هەناسەکانتەوە
سەرگەردانە و
چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.

***

کوردانی رۆژهەڵات پارچەیەکن لە جەرگمان، بوونیان بوونمانەو نەبوونیان نەبوونمانە؛ هەر پارچەو بە جۆرێك دەردەوە دەناڵێنێت کە هی هیچیان لە هیچی ناچێت، لە رووی فەرهەنگیشەوە وەک چۆن نزیکییەك هەیە لە نیوان هەردوو زمانی کوردی و فارسیدا، لە هەمان کاتیشدا شتێك لە دووریی هەیە، بۆیە ئەو ئەدیبە کوردەی رۆژهەڵات کە لە ژێر هەیمەنەی زوبانی فارسیدا رزگاری بوو بێت و کاریگەریی لە ڕێزمانی کوردی و وشەسازییەکانی نەکرد بێت من ئەوە بە یەکەم قۆناغی سەرکەوتن لێك دەدەمەوە.

ئەنجا دێینە سەر لێدوان لە خودی دەقەکە وەکو دەقێکی ئەدەبی کوردی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بیروبۆجوونی خۆمانی دەربارە دەردەبڕین؛ بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بڵێین ئایا بەس دەقی باش شایستەی لێدوان و لەسەر وەستانە؟ یان هەموو دەقێك بە باش و خراپەوە دەتوانین چەقی لێدوانی تێدا بدۆزینەوەو لەسەری بوەستین؟ من رام لەگەڵ دووەمدایەو وای دەبینم هەموو دەقێك بایی هێندە رەهەندی باش و خراپ لە خۆ دەگرێت تا بیخەینە ژێر کارکردنی رەخنەییەوەو ئەم ڕێژەیەش لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر کەم تا زۆر فەرق دەکات، هەر یەکەو خاڵی بەهێزی و لاوازی خۆشی هەیە.

ئەگەر بمانەوێت قسەش لە دەقی شیعریی (توولەڕێکانی پاییز.. ئیلهام موڕادی)ی بکەین دەبێت هەمان پێودانگ بەکاربهێنین و بە چاوێکی ئینسافەوە تەماشای چەند خاڵێکی گرنگ بکەین وەك هەر شیعرێکی تر؛ لەوانە:

١- ئاستی زمان و زاراوەسازیی تاچەند پەتی و شیعرییە و لایەنی ڕێزمان تیایدا بەهێند گیراوە؟

٢- وێنە شیعرییەکان تا چەند نوێن و ئافراندنیان تێداکراوە؟

٣- زنجیرەی پێکەوەبەستن یان (یەکێتی بابەت) تیایدا بەدی هاتووە و گونجاوە؟

٤- تییمەی شیعرەکە شتێکی نوێ دەڵێت ، و ئایا رامان و وەرچەرخانێك دەسازێنێت؟

***

ناونیشانی شیعرەکە ناونیشانێکی شیعریی جوانەو وەرزی پاییزیش وەرزێکە زۆر جێی ئاماژەو ئیلهامی مرۆڤە، جا لێکدانی توولە ڕێ کە دەمانباتەوە نێو سروشت و  کەژو کۆو لکاندنی بە پاییزەوە ئەوە دوو جار هێز دەبەخشێت بە ناونیشانەکە، بەڵام ئایا تا چەند ئەم ناونیشانە پەیوندی بە ناوەڕۆکەکەوەو هەیە؟

ئەوەی لێرەدا لام مەبەستە لەم کورتە شرۆڤەکاریەدا وێنەکانی بخەینە ژێر تیشکی رەخنەوە، جونکە زۆر وێنەی لە خۆ گرتووەو هەندێکی پێکاویەتی و هەندێکیشی پێویستی دەسکاریکردنێك هەیە، راستە مانا وال ە دڵی شاعیردا، بەلام هەندێكجاریش شاعیر دەیەوێت شتێك بڵێت و ئاراستەی شیعرەکە یان نزیکمان دەخاتەوە لە مەبەست یان دوور، یان پڕاوپڕ دەیپێکێت.

کۆپلەی یەکەم:

من وەك چێژبینێکی شیعر دەمەوێت وردببمەوە لە پێچ و پەناکانی هەر وشەیەك لەم کۆپلەداو بزانم ئایا چەشە دەبەخشێت؟ ئایا دەتوانم لە بۆتەقەی خەیاڵدانمدا هەرسی بکەم، ئایا دەمخاتە کەشێکی تایبەتی دونیای شاعیرەوە؟

لەگەڵ یادت قامکەکانم لەسەر لاپەڕەی ڕۆژژمێرەکەم بەجێما
وانەکانی دڵداریم لێ ون بوو
ونبوو ڕۆژژمێری تەمەن
قامکەکانی خەیاڵم لەنێو بۆتەی ڕۆحێکدا دەئافرێن

١- لەرووی ماناوە مرۆڤ هەر کات دەتوانێت یادی کەسانی دی بکاتەوە چونکە ئەمە حاڵەتێکی دەگمەن نییە، بەڵام کۆچکردن یان دابڕان رەنگە ئەو حاڵەتە بێت کە زۆر دووبارە نابێتەوەو کاریگەری خۆی لە دڵی یادگاریەکاندا جێ دەهێڵێت، بۆیە رەنگە پەسەندتر بووایە گەر وشەی (کۆچ یان دابران) لە جیاتی (یاد) بەکاربهێنرایە، چونکە وەك لە دەقەکەشدا دیارە باسی دوورکەوتنەوەو نەبینیەوەو دابڕان دەکات، هەروەها دەتوانرا لەبری قامك هاومانای وشەی شیعریی تر بەکاربهاتایە تا زیاتر نازکی و ئیقاع بە رستەکە ببەخشێ بۆنموونە  وەك پەنجە، ئەنگوست، تل....تاد پاشتر شیعرانەتر دەبوو گەر بەس راناوی (م)ی لە گەڵ قامکەکانم بە کاربهێنایەو بۆ رۆژمێرەکەی دانەنایەوەو  نەیبووایە. ئاوها:

لەگەڵ کۆچت قامکەکانم لەسەر لاپەرەی رۆژمێرەکە بەجێما

أ- وانە ون نابێت، ئەوەی ون دەبێت فیزیکە وەکو خودی شیعربۆگوتراو، بەڵکو وانە یاد دەچێتەوە یان لەمرۆڤ دەئاڵۆسکێ و تێکدەچێت.

ب- گەر دیقەت بدەن دەبینین لە دێڕی سێهەمدا  وشەی ونبوون و رۆژمێر دووبارە بەکارهاتووەتەوە!

ج- دێڕی چوار زۆر وێنەیەکی شیعریی گونجاوە، چونکە هەم قامکی خەیاڵ مەجازەو  هەم بۆتەی رۆح دنیای میتافیزیکە.

کۆپلەی دوو:

چاوەکانم وێنەی پڕۆفایلەکەتی لە قاپگرتووە

بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا

دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا

خەو خەیاڵێکە لەکەناری هەر خەزانێکا

شارێک ئەخولقێندرێ

لای من دێڕی یەکەمی ئەم کۆپلەیە زیاتر قسەی رۆژانەیە نەك شیعر، بەلام شاعیر ئەوەی شك بردووە تا دەربڕین لەو هەستی دوورکەوتنەوەیە بکات، دێڕی دواتریش دەتوانرا زۆر شاعیرانەتر بهۆنرایەتەوە بۆ نموونە لە بری (بۆیە لەهەر چاوترووکانێکدا

دووپات ئەبی لە شاشەی مێشکمدا) بنووسرایە: لەهەر چاوتروکانێکما...ئامادەی لەناو هەستمدا یان ئەندێشە یان هزر....)

پاشان لە دێڕی چواردا وشەی خەو وخەیاڵ کە نزیك مانای یەکن هەردووکیان نادیدەو نابەرجەستەن و ناون، دەبوو وشەیەکی تر لە بری خەو دابنرایە تا زیاتر شیعرانەتر دەربکەوتایە، بۆ نموونە ژووان یان هیوا یان بینینەوە، پاشان لابردنی ئەو وشە زیادانەی وەك (هەر) لەم رستەیەدا شیعرەکە تۆکەتر دەکات، لە دوایشدا دێڕی کۆتای ئەم کۆپلەیە رەنگە گەر لاشببردرێت هیچ لە ماناو سیاقی شیعرەکە نەگۆڕدرێت بەڵکو جوانتری بکات.

کۆپلەی سێ:

حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر

ڕوو لە نشێوییە گەڵاڕێژەکانی خەزان

لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن

توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە

لێوم بە هەناسەکانتەوە

سەرگەردانە

١- حەز نیشتمانێکە لە ئۆغر زۆر دەستەواژەیەکی شیعری جوانەو وەسفێکی شاعیرانەیە لە وەسفی شاعیر بۆ مەبەستی دەربڕینەکەی.

٢- گەلاڕێژەکانی خەزان دەوەرێن ، ئیتر چ لە وەرین نشێویی زیاترە، بەڵام بە کارهێنانی وشەی (نشێو) بۆ (گەڵا) دەستاندات و نایەتەوە، بۆ نموونە نشێو بۆ ڕێگای مادی و مەجازی بەکاردێت نەك گەڵا.

٣- لە غەمگینییە قەدگرتووەکانی تەمەن، رەنگە ئەم دێڕە لاببرایە باشتر بووایە بۆ شیعرەکە، بەڵام دێڕی دواتر(توولەڕێیەکان حەز دەبەنەوە سەر دوا نشینگەی هەناسە) دەستەواژەیەکی شیعریی و هەستێکی رۆمانسی جوانە، بەڵام نازانم بۆچی لەم کۆپلەیەشدا دوو جار وشەی (هەناسەو حەز) بەکارهاتووەتەوە، مەگەر زۆر دووپاتکردنەوەی یەك جۆر وشە زیان بە بەهای شیعر ناگەیەنێت؟ رەنگە هەندێك خوێنەر بڵێت بۆچی بەس ئەو وشە زۆر بەکارهاتوو و دووبارانە لە هەمبانەی شیعریی شاعیردا هەن؟

دوا کۆپلە:

چاوم مۆمی هیوا کز کز ئەسووتێنێ
لە شوێنکی ئەم چیرۆکەدا
شەو بڕیاری لەسەر قەدەغەیە
پیاسە تیسکە
شەقام لەخۆ بایی.

١- لە رووی ماناوە چاو مۆم ناسوتێنێ بەڵکو لە رووی رەوانبێژییەوە تەشبیهـ و لێكچوون هەیە لە نێوان مانای چاو و مۆمدا بەوەی خاڵی تروسکاییان تێدایە و هاوبەشن لەو خاڵەدا، بۆیە شیعرانەتر بوو بۆ نموونە گەر بنووسرایە: چاو مۆمی هیوایە و کز ئەسووتێ.

٢- من لە دوو دێری کۆتاییدا کەمێك سەرم بە گێژ هات، ئایا ئەمە چیرۆکە یان شیعر؟ یان چیرۆکە شیعر؟ باشە بابڵێین یەکێکیانە؛ بەڵام بڕیاری چی لەسەر شەو قەدەغەیە؟ یان بڕیاری پیاسەی شەوانە قەدەغەیە؟ دواتر لە خۆبایی بوونی شەقام  کە پێکهاتەیەکی لێکدراوی شیعرییەو هەوڵێکی جوانە، بەڵام وا هەست ناکەن کە دوورن لە مانای سەراپای کۆپلەو دێرەکانی تری شیعرەکەوە؟ شەقام ئاماژەی چییە لێرەدا گەر وەك سیمبوڵیش بەکارهاتبێ چ پەیوەستێکی هەیە بە قەدەغەی بڕیاری شەوەوە؟ پاشان لێرەدا هەست بە نا پەیوەندییداریەك دەکرێت لەگەڵ بەشی یەکەمی دەقەکەدا.

دوماهی:

لە کۆتاییدا ئەمە لێکدانەوەو چەشەی من بوو بۆ ئەم شیعرە، پاش ماندووبوونێکی زۆر و بێ هیچ بەرامبەرێك بەم خوێندنەوەیە هەستام، بەس خۆزگە شاعیرەکان خۆیان پێش بلاوکردنەوەی دەقەکانیان نیشانی چەند کەسێکی شارەزایان بدایەو سوودیان لە ڕێنموونیەکانیان وەربگرتایە، وێڕای ئەوەی من دەستخۆشی لە شاعیر دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بۆ دەخوازم بە تایبەتی کە ئەو هەناسەیەکی شیعر لە گیانیدایەو بەس کارکردنی گەرەکە تا لە کۆتا نوسخەیدا بە شێوەیەکی پوختەو بوتیقایانە بەردیدەی خوێنەران بکەوێت.

گەڕان بۆ بابەت