ما 1265 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

بۆیە ئارێنت دەڵێت یاسای زۆرینە، ئازادی مرۆڤ کەمدەکاتەوە. کاتێک دەڵێت سەیرە شەڕ و شۆڕشەکان لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا تاکە پاساوێک کە دەتوانن هەیانبێت، بەهۆی ئازادییەوەیە، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان. لێرەدا بووین کاتێک ئارێنت وتی شەڕ هیچ پاساوێکی لۆژیکی تری نییە. بۆ نموونە کێ شەڕ بۆ بەرگریکردن لە مافە ئابوریەکان دەست پێدەکات؟! لە کاتێکدا کە شەڕ بە مانای وێرانکاری دێت! کەواتە ئازادی وەک دووا و تاکە ڕێگا بۆ پاساوهێنانەوە، بۆ ڕوودانی شەڕ و شۆڕشەکان دەخرێتەڕوو. ئێستا گرنگ ئەوەیە بزانین مەبەستی ئارێنت لە ئازادی چییە!

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٥)

موحسین ئەمینزادە

 

شۆڕش سەرەتایەکی نوێیە و، ئازادی هاوکات لەگەڵ ئەم سەرەتایە نوێیەدا جێگیر دەبێت. بۆیە باس لە دوو چەمک دەکەین: یەکێکیان بیرۆکەی ئازادییە، ئەوی دیکەیان ئەزموونی سەرەتایەکی نوێیە.

بیرۆکەی ئازادی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە هەموو خەڵک بەشداری لە حکومەتدا دەکەن. ئازادی بە هیچ شێوەیەک بە مانای یەکسانی ئابووری، یان یەکسانی کۆمەڵایەتی نییە؛ نەخێر، بەڵکو مانای یەکسانی هەمووانە لە حوکمڕانیدا.

لە ئازادیی کرداردا گرنگ ئەوەیە کە "هەندێک" لە کردارەکانی مرۆڤ (بە هیچ شێوەیەک هەموویان نا!) دەبێ بتوانن لە بەردەم خەڵکدا، لە فەزای گشتیدا، کە هانا ئارێنت بە گۆڕەپانی گشتی ناوی دەبات، دەرکەون، ببینرێت و له لایه ن خەڵکانی دیکه وه بیبیسترێت، تێبگەن و قەزاوه ت بکرێت. هەروەها لەبیردا بمێننه وه. ڕاستییەکەی ئەوەیە ژیانی مرۆڤی ئازاد پێویستی بە بوونی کەسانی دیکەوه هەیە. بۆیە ئازادی پێویستی بە شوێنێکە کە خەڵک تێیدا کۆببنەوە. بۆ نموونە لە ڕابردوودا، سه‌رده‌مه‌ كۆنه‌كان، "ئاگۆرا" (گۆڕەپانی گرنگ لە شارە کۆنەکانی یۆنانی، کە ڕۆڵی ناوەندی شارەکەی دەگێڕا)، لە ڕۆڵی ئەم گۆڕەپانە گشتییەدا بووە. ئه مڕۆ ده توانێت بازاڕ، یان هەر فەزای گشتی بێت که خه ڵک بتوانن له بەرده م خه ڵکی تردا قسه بکەن و، کارێک بکەن که بە شێوەیەکی گشتی گرنگه.

بۆیە مانای ئازادی لە ئەدەبیاتی ئارێنتدا جیاوازە لە تەنها ڕزگاربوون لە یەخەی دیلێتی مرۆڤێکی تر. ئازادی واتە گرنگ بوون، جیاواز بوون، تریبونت هەبێت، دەنگت هەبێت بۆ ئەوەی خەڵک وەڵامی دەنگت بدەنەوە. کەواتە کاتێک هانا ئارێنت باسی ئازادی دەکات مەبەستی "قسەکردن و کردار"ە لەبەردەم خەڵکدا بۆ ئەوەی خەڵک "حسابت" بۆ بکەن. دەڵێ کاتێک لەبەردەم خەڵکدا دەردەکەویت و دەبیسترێت و ده بینرێت، ئەمە ئەزموونی ئازادییە؛ ئەزموونێکی نوێیە کە شۆڕش هەوڵی دروستکردنی دەدات. کەواتە شۆڕش بەدوای دروستکردنی ئەم ئەزموونەی ئازادییە.

مرۆڤ بوون لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە به مانای قسەکردن و نواندنە لەبەردەم خەڵکیدا! سەبارەت بە شتێک کە گرنگە، ئەمەیە که ژیانێکی پڕ واتا بۆ مرۆڤ دروست دەکات! ئەمەیە لە ژیانی ئاژەڵان جیای دەکاتەوە!

لەم ئەڵقەیە و ئەڵقەی داهاتوودا دەمانەوێت باس لە کتێبێک بکەین بە ناوی "شۆڕش" لە نووسینی هانا ئارێنت. هانا ئارێنت بیرمەندێکی سیاسییە و سەبارەت بە شۆڕش، دوواکتێبە کە توانیویەتی لە تەمەنی خۆیدا تەواوی بکات و لە ساڵی ١٩٦٣ چاپی کردووە. بۆیە دەکرێت بڵێین ئەم کتێبە کورتەی تەمەنێکە لە بیرکردنەوەی ئەو لە بواری زانستی سیاسیدا.

ئارێنت تەمەنێکی لە ژیانی بە بیرکردنەوە لەسەر پرسەکانی وەک "ئازادی"، "کردەوەی پراکتیکی" و "سیاسەت" بەسەر بردووە. بە لێکۆڵینەوە لە پڕۆسەی ئەو ڕووداوانەی که لە شۆڕشە جیاوازەکاندا ڕوویانداوە، دوو شۆڕشی فەڕەنسا و شۆڕشی ئەمریکای هەڵبژارد و بەراوردی کرد بۆ ئەوەی بڵێت لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا، چۆن دەتوانێ سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ ژیانێکی ئازاد لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا. بۆیە ئارێنت لە کتێبی "شۆڕش"دا باس لەو هەلومەرجە دەکات کە شۆڕشێک دەتوانێت ئەگەری ژیانێکی ئازاد بۆ هاووڵاتی دابین بکات.

ئارێنت دوای لێکۆڵینەوە لەو لێکۆڵینەوەیانەی که لەسەر شۆڕشی ئەمریکا کرابوون و بەراوردکردنی لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسادا، ئەم دوو شۆڕشە بە دوو نموونەی شۆڕشە گرنگەکانی سەردەمی هاوچەرخ دەزانێت. ئێستا بەڕاستی ئەم دوو شۆڕشە بۆچی؟ بۆچی بۆ نموونە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا نەبێت؟ ئارێنت پێی وایە ئەو شۆڕشانەی دوای شۆڕشی ئەمریکا و فەرەنسا ڕوویاندا، مۆدێلی شۆڕشی فەرەنسایان وەرگرتووە و لە لایەکی دیکەشەوە شۆڕشی ئەمریکا نموونەیەکی جیاوازە لە شۆڕشی فەرەنسەیە. ئەو دەڵێ کارێکی خراپە کە شۆڕشەکان زیاتر ئیلهامیان لە مۆدێلی فەرەنسی وەرگرتووە، ئێستاش ئامانجی ئەوەیە لەم کتێبەدا لێکدانەوە بکات کە بۆچی مۆدێلی ئەمریکی شۆڕش توانی سەرکەوتوو بێت لە دامەزراندنی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی، نەک مۆدێلی فەرەنسی!

بۆیە لەم کتێبەدا تووش بڕێکی بەرچاو زانیاری دەبیت لەسەر شۆڕشی ئەمریکا و دەستوورەکەی. بە بڕوای هانا ئارێنت، ئەم شۆڕشە دەتوانێت لانیکەم بۆ ماوەیەک ئازادی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا جێگیر بکات. هەرچەندە لە کۆتابەشی کتێبەکەدا کە بەناونیشانی "نەریتی شۆڕشگێڕانە و گەنجینەی ونبووەکەی"، ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی پێی وایە دەستکەوتی شۆڕشی ئەمریکا - کە ئازادییە - بەپێی ئەوەی چ خوێندنەوەیکمان لی هەبێت، ئەگەر نەیڵێین لەدەست دەچێت، بە لایەنی کەمەوە بڵێین لە مەترسی لەناوچووندایە!

بۆیە بڕیارە بە مێژووی کۆماری ئەمریکا و فەلسەفەی ئەو بیرە سیاسییە ئاشنا بین کە لاوازی کردوە!

لە پێشەکی کتێبەکەدا ئارێنت ئاماژە دەکات بە پێشبینییەک لە لینینەوە کە دەڵێت: "شەڕ و شۆڕشەکان پرسە سەرەکییە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم دەبن." هەرچەندە تا ئێستای سەدەی بیست و یەکەم هەڵە نەبووە! ئێمە شاهیدی بەهاری عەرەبی بووین و شاهیدی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی دیکەین. پرسیار ئەوەیە، بۆچی وا بە ئاسانی باسی شۆڕش دەکەین؟

بەشێک لە هۆکارەکانی کتێبەکە ئەوەیە کە "جەنگ و شۆڕشەکان لە هەموو پاساو ئایدیۆلۆژییای خویان تێپەڕیون!" بەشێک لە هۆکارەکەش ئەوەیە کە تەکنۆلۆژیاکەمان تا ڕادەیەک پێشکەوتووە و چەکی وێرانکەرمان دەستکەوتووە کە شەڕ لە فۆرمی نەریتی خۆیدا بە کردەوە بووەتە هەڕەشەیەکی وجودی و ئێگزیستانسیالیزمی و ئیتر هیچ پاساوێکی نییە.

واتە شەڕ لەسەر بابەتگەلێکی وەک ئایین، کۆمۆنیزم، یان شتی هاوشێوە لەمڕۆدا زیاتر و زیاتر بێمانا بووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی جۆرەکانی چەکی ئەتۆمی و کیمیایی کە مرۆڤ دروستی کردووە و توانای لەناوبردنی ژیانی هەیە. چۆن دەتەوێت پاساو بۆ ئەو ژیانە بێشومارانە کە لە شەڕدا یان وێرانکردنی وڵاتێک یان زیانەکانی وجودی هاوشێوە ی بهێنیتەوە؟ بۆیە لە بۆشایکی وادا پاساو بۆ شەڕهێنانەوە - بۆشایک کە لەناوبردنی تەواوەتی تێدا مومکین بێت- زەحمەتە. ئەمەش ئەوەیە کە وردە وردە شەڕەکان جێگەی خۆیان بە شۆڕشەکان دا. تاکە هۆکارێک کە بتوانێت پاساو بۆ سەرهەلدانی شەڕێک یان شۆڕشێک بهێنێتەوە، ئازادییە!

هەمان ڕستە بەناوبانگ کە دەڵێت: “give me liberty! Or give me death” ئازادیم پێ بدە، یان بمکوژە!

هەرچەندە هانا ئارێنت لە وتارێکی تردا بەناونیشانی "لەبارەی ئازادی" دەڵێت بانگەشەیەکی لەو شێوەیە بێمانایە چونکە زۆر کەم کەس هەیە مردنی پێ باشتر بێت لە نەبوونی ئازادی! بەڵام ئەوەی لەم ڕستەیەدا گرنگە، جەختکردنەوە لەسەر گرنگی ئازادییە! دەڵێ، لانیکەم وا دیارە تاکە ڕێگەیەک کە شەڕ و شۆڕشەکان لە سەردەمی مۆدێرندا ڕەوا دەکەن، بیرۆکەی ئازادییە!

بۆیە هەموو شۆڕشەکان بە دوای دامەزراندنی ئازادین، ئازادی سیاسی! پێش هەر شتێکی تر "ئازادی" هۆکاری ڕوودانی شۆڕشەکانە.

ئارێنت دەڵێت ئەم بیرۆکەیە زۆر سەیرە چونکە "ئازادی" لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا زیاتر و زیاتر هەڕەشە و هێرشی دەکرێتە سەر. چەند هۆکارێک دەخاتە ڕوو. یەکێک لەوانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرهەڵدانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان. ئارێنت زۆر نیگەران بوو لە کاریگەری زانستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر جیهانی مۆدێرن. چونکە دەیگوت زانستە کۆمەڵایەتییەکان تێڕوانینیان بۆ مرۆڤ جەبریە؛ وەک ئەوە وایە مرۆڤ سروشتێک بێت کە لە ڕێگەی ڕەفتارە پێشبینیکراوەکانەوە لێی تێبگەین. بەڵام ڕاستییەکی لەو شێوەیە لە بنەڕەتدا پەردە لەسەر ئەو بیرۆکەیە لادەبات کە زانستە مرۆییەکان ئازادی مرۆڤ نابینن. چونکە هەمیشە دیاگرامێکی دابەشکردنی (نمودارتوزیع) ئاسایی لە شێوەی زەنگولەیی هەیە کە کاتێک بۆ ئێمە ئامانجەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان وەرگرتە بوو، ئەوا زەحمەتە بیخەینە بەرچاومان کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئازادی هه ڵسوکەوت بکات.

بۆیە بە بڕوای هانا ئارێنت، زانستی کۆمەڵایەتی ئازادی مرۆڤ بە کەم دەزانێت. بە واتایەکی تر هانا ئارێنت بە "یاسای زۆرینە" ناوی دەبات! ئەو دەڵێ کاتێک کۆمەڵگه جەماوەرییەکانمان دروستکرد - واته له شاره بچووکەکانه وه بۆ شاره گەورەکان گواستمانەوه و ئەم شارانه ورده ورده ئاڵۆزتر و گەورەتر بوون - توانای تاک بۆ دەربڕینی هەڵسوکەوتی خۆبەسته و ئازاد، ئەوەندە کاریگەری ئەم جەماوەرەی لەسەر بوو که ئیتر وا بیرناکاتەوە کە هەڵسوکه وتی گرنگە و دەتوانێت ڕەوتی کۆمەڵگا و جیهان بگۆڕێت. هۆکارەکەی زۆر ڕوونە: ئەستەمە تاکێک بزانێت کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر جەماوەڕیکی گەورە هەبێت.

بۆیە ئارێنت دەڵێت یاسای زۆرینە، ئازادی مرۆڤ کەمدەکاتەوە. کاتێک دەڵێت سەیرە شەڕ و شۆڕشەکان لە سەردەمی هاوچەرخی ئێمەدا تاکە پاساوێک کە دەتوانن هەیانبێت، بەهۆی ئازادییەوەیە، ئەوە یەکێکە لە هۆکارەکان. لێرەدا بووین کاتێک ئارێنت وتی شەڕ هیچ پاساوێکی لۆژیکی تری نییە. بۆ نموونە کێ شەڕ بۆ بەرگریکردن لە مافە ئابوریەکان دەست پێدەکات؟! لە کاتێکدا کە شەڕ بە مانای وێرانکاری دێت! کەواتە ئازادی وەک دووا و تاکە ڕێگا بۆ پاساوهێنانەوە، بۆ ڕوودانی شەڕ و شۆڕشەکان دەخرێتەڕوو. ئێستا گرنگ ئەوەیە بزانین مەبەستی ئارێنت لە ئازادی چییە!

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت