ما 588 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەرهاد نێعمەتپوور

دۆشەکەکە تەڕ ئەبێت. لە تاریکیا هەموو رەنگەکان رەش دەنوێنن. خۆت ئەسپێریە دەست شەو. چاوەکانت قورس دەبن. خەوت دێت. هەناسەکانت ناڕێک دێنەدەر. ساردتر دەبیت. پەشۆکاوم. دادەنیشم. هەنیشکەکانم لەسەر ئەژنۆکانمن. دەستە لینجاویەکانم دەخەمە سەر سەرم. خۆشم ئەوێیت.

ئازار

خۆشم ئەوێیت. پەشۆکاوم. دەستە لینجاویەکانم ئەخەمە سەر سەرم. دادەنیشم. هەنیشکەکانم لەسەر ئەژنۆکانمن. نازانیت منت خۆش ئەوێت یان نا. راکشاویت. دەست ئەخەیتە قژەکانمەوە. نیگاکانت لە نێوان من و تۆدا مۆڵەق ماون. بێدەنگیت. بێدەنگی شەو لەو ژورە تاریکەدا کەڕ و کاسم دەکا. تارمایی و روناکی نادیاری پشت پەنجەرەکە سەرنجمی راکێشاوە. مەودای نێوان نیگاکانت و قۆلەکانت زۆر لەیەک دوورن. تل ئەدەیتەوە. قۆلە سپیەکانت وەک هێڵی سپی شەو دوو شەق دەکات. هەست ئەکەم ئامادەیت. ون بویت لە نێوان خۆت و مندا، یان لە نێوان من و ئەودا. خەنجەری گۆڕینی خۆشەویستیت لە پشتمدایە. هەناسەم هەڵنایە. ماسولکەکانم رەق هەڵگەڕاون. خوێن لەناو دەمارەکانی بن گوێمدا شەپۆل ئەدەن. خۆم لە ژێر لێفەکەوە لێت نزیک ئەکەمەە و باوەشت پیا ئەکەم. زۆر باش دەمناسیت. ناجوڵێیت. چاوەڕوانیت. دەم لە گەردنت نزیک ئەکەمەوە. خۆم پێناگیرێت. هەست بە رۆچونی تیژایی لە جسمتدا دەکەیت. هەناسەیێکی قوڵ هەڵئەکێشیت. نازانیت کامیان تیژترە. خەنجەری تۆ یان خەنجەری من. کامیان ئازاری زیاترە. دۆشەکەکە تەڕ ئەبێت. لە تاریکیا هەموو رەنگەکان رەش دەنوێنن. خۆت ئەسپێریە دەست شەو. چاوەکانت قورس دەبن. خەوت دێت. هەناسەکانت ناڕێک دێنەدەر. ساردتر دەبیت. پەشۆکاوم. دادەنیشم. هەنیشکەکانم لەسەر ئەژنۆکانمن. دەستە لینجاویەکانم دەخەمە سەر سەرم. خۆشم ئەوێیت.

گەڕان بۆ بابەت