ما 2614 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

ئەو ئازادییەی هانا ئارێنت باسی دەکات، ڕزگاربوون نییە لە دیلێتی ستەمکارێک؛ بە واتایەکی تر بە مانای ڕزگاری لە ڕستەی چوارچێوە نییە. ڕاستە ڕزگاربوون لە چوارچێوە مەرجی پێشوەختە بۆ ئازادی، بەڵام بە تەواوی خودی ئازادی نییە. ئەو ئازادییەی کە هانا ئارێنت باسی دەکات زیاترە لەمە. ئازادی واتە قسەکردن، واتە بڕیاردان، واتە هونەری دەربڕین و بیرکردنەوە و ڕازیکردنی ئەوانی تر، لە ئامادەبوونی مرۆڤەکانی تردا، بۆ ئەوەی بتوانین وەک مرۆڤ، گرنگ و کاریگەر بین. شۆڕشەکان ئەوەن. شۆڕشەکان پرۆسەی پارە پەیداکردن نییە بۆ خەڵکی هەژار، بەڵکو ئاشکراکردن و ناسینی ئەو هەموو مرۆڤ و پرسانەیە کە نەبینراوبوون!

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٦)

موحسین ئەمینزادە

 

لە کولتوری وشەی ئارێنتدا، ئازادی تەنیا گەیشتن بە هەندێک مافی مەدەنی و بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕزگاربوون لە چنگی فەرمانڕەوایەکی ستەمکار نییە. نەک ئەوەی مەبەستی ئازادی ئەمانە نەبێت، بەڵکو بە سادەیی ئەمە نییە. با نموونەیەک بهێنینەوە. لە بەهاری عەرەبیدا دەبینین کە بەشێک لەو وڵاتانە توانیان خۆیان لە دەست دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانیان ڕزگار بکەن، بەڵام سەرکەوتنیان بەو مانایە نەبوو کە توانیان سیستەمێکی ئازاد جێبەجێ بکەن و دابمەزرێنن! یان بۆ نموونە ئەمریکا توانی سەرەتا خۆی لە ئینگلتەرا ڕزگار بکا، پاشان توانی بۆ ماوەیەک ئازادی دابمەزرێنێت. بۆیە ئارێنت دەڵێ، ئەمریکا سەرەتا ئازاد بوو و، دواتر کە شۆڕشەکەی سەرکەوت توانی ئەم ئازادییە دابمەزرێنێت.

بەڵام مانای ئەو ڕستەیەی کە "ئازادیی دامەزراندووە" چییە؟ یان جێگیر کراوە؟"

ئارێنت دەڵێت، دامەزراندنی ئازادی لە کۆمەڵگادا بە واتای "چوونە ناو کایەی گشتی و بەشداریکردن لە کاروباری گشتیدایه". واتە تۆ ئازادیت لە قسەکردن و مامەڵەکردن لەبەردەم خەڵکدا، لە گۆڕەپانی گشتیدا، بۆ ئەوەی خەڵک دەنگی تۆ ببیستن و گوێت لێبگرن، بۆ ئەوەی تۆ جیاوازتر دەربکەویت و گرنگ بیت.

بۆیە لە لایەنێکەوە ئازادی بە مانای گرنگ بوونە. بەو مانایەی کە تۆ بەدوور لەوەی چەندە دەوڵەمەند بیت یان هەژار، بەبێ گوێدان بە ڕەگەز و نەتەوە و ئایین دەسەڵات و تواناییت هەیە بە شێوەیەک کە گرنگە قسە بکەی و هەنگاو بنێی. بۆیە وەک لە کتێبی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم"دا وتمان، ئازاد بوون بە واتای نواندنە! نەک هەر کردارێک، بەڵکو کارکرد لەسەر شتێک کە بە واتای گشتی گرنگە!

ئارێنت دەڵێت ئەم چەمکە نوێیەی ئازادی گرنگە، چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئەو جۆرە شتانە نییە، بەڵکو پرسی "دیاربوون"، "هاتنەبەر چاو"و "دەرکەوتن"ە!

بۆیە ئازادی بە هیچ شێوەیەک بە مانای یەکسانیی ئابووری نییە! ئازادی بە هیچ شێوەیەک چەمکێکی مارکسیزمی و سەرمایەداری نییە! بەڵکو ئازادی واتە ئازاد بوون لە دیلێتی و کۆیلایەتی، کە تو لە دەرفەتی دیاربوون و گەیشتنی دەنگت بە خەڵک بێبەش دەکات!

هانا ئارێنت دەڵێ کۆیلایەتی گەورەترین گوناهی شۆڕشی ئەمریکا بووە، چونکە ئەوەی کردی ئەوە بوو کە بەشێکی زۆری خەڵکی، بەناوی ڕەشپێستەکانەوە لە هەبوونی دەنگ لە گۆڕەپانی گشتیدا بێبەش کران و دەرفەتی دیاربوونیان لێ سەندرا. بەڵام لە شۆڕشێکدا کە ئامانجی دامەزراندنی ئازادییە، واتە پێویستە هەموو کەسێک دەرفەتی دیاربوونی هەبێت. بەڵام له ئەمریکا ئەوەی له کۆماردا، له دوای ڕاگه یاندنی سەربەخۆیی ڕوویدا ئەوه بوو که کۆمەڵێکی بەرچاو له خەڵک بۆ ئەوەی دەنگیان له ناو کۆمەڵگادا ببیسترێ و له ئەنجامدا دەرکەون، له م دەرفه ته بێبەش بوون. بۆیە ئەمە یەکێکە لە ڕەخنەکانی ئارێنت لە شۆڕشی ئەمریکا لەم کتێبەدا.

پاشان دەگەڕێتەوە سەر ئەو بابەتەی کە پێشتر وتوویەتی. دەپرسێت ئێستا کە شەڕ ڕەوا نەماوە، ئایا دەکرێت شەڕ نەمێنێت؟ ئایا دەکری شەڕ ڕوونەدا؟

ئەم پرسیارە بۆ سەدەی بیستەم، کە هانا ئارێنت تێیدا ژیاوە، زۆر گاڵتەجاڕانە و نەشیاو بوو، بەڵام ئارێنت مەبەستی کۆتایی هاتنی هەموو شەڕ و توندوتیژی نەبووە، بۆ نموونە مەبەستی شەڕی شۆڕشگێڕانە نەبووە، بەڵکو ئەو شەڕانە بووە کە لەسەر سوودی جیۆپۆلەتیکی ڕوو دەدەن. چونکە لە خاڵێکەوە ئەم شەڕانە هێندە وێرانکەر بوون کە چیتر نەتوانرا پاساویان پێ بدرێت. بەهۆی ئەمەوە ئیدیعای کرد کە "نزیکە لە دڵنیابوون کە کۆتایی شەڕ، شۆڕشە". تاکە هۆکارێک کە ئەگەری هەیە پاساوی شەڕ بێت، ئامانجی شۆڕشگێڕانەی ئازادییە.

بەو پێیەی که پێکهاتەی هاوبەشی نێوان شەڕ و شۆڕشەکان توندوتیژییە و، ئەم توندوتیژییە بەشێکە لە سیاسەت. بۆیە لە هەر شۆڕشێکدا کێشەی دەستپێکی نوێ ئەوەیە کە توندوتیژی لەگەڵدایە. بەڵام بەو پێیەی که مرۆڤەکان تامەزرۆی خاکێکن، کە پێش هەر سیاسەتێک بێت، پێش هەر توندوتیژییەک بتوانن بە شێوەیەکی سروشتی پێکەوە بژین، توندوتیژی سەرەتایی بۆ سەرەتایەکی نوێ، کە بە "کێشەی دەستپێکردن" ناوی دەبات، بە گیان دەکڕنەوە.

ڕاستییەکەی ئەوەیە شۆڕشەکان تاکە ڕووداوی سیاسین کە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ کێشەی دەستپێکردن ڕووبەڕوومان دەکەنەوە! ئەمە ئەو بابەتەیە کە ئارێنت لە باقی کتێبەکەدا بەدوایدا دەگەڕێت: چۆن دەتوانین دەست بە شتێکی نوێ بکەین کە جیهانێکی سیاسی ئازاد دابمەزرێنێت؟

بابەتی یەکەم: مانای شۆڕش

بۆیە ئارێنت تەنها پێناسەیەکی سادەمان پێنادات سەبارەت بە شۆڕش. نایەوێت بڵێت ئەگەر ئەمە و ئەوە ڕووبدات شۆڕش ڕوودەدات، بەڵکو باس لەوە دەکات بۆچی شۆڕشەکان "لەناکاو" لە دونیادا مانایان پەیداکرد؟ هەروەها بۆ ئەمەش وشەی "لەناکاو" بەکاردەهێنێت، چونکە بە گوتەی هانا ئارێنت، پێش شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەرەنسا بە هیچ شێوەیەک شۆڕش نەبووە، هەموو ئەوەی ڕوویداوە شەڕی ناوخۆ و دامەزراندنی حکومەتی نوێ بووە. ئارێنت پێی وایە سەردەمی شۆڕشەکان لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمەوە دەستی پێکرد و، لەبەر ئەوەی شەڕەکان وردە وردە زۆر وێرانکەر و تێکدەربوون، پاساویان بۆ نەمایەوە و هەر بۆیەش وردە وردە شەڕ نەما و شۆڕش لە جێگای ئەوان دەرکەوت. لە کۆتاییدا چەمکی ئازادی بوو بە تاکە هۆکارێک کە بتوانێت پاساو بۆ شەڕ و شۆڕش بهێنێتەوە.

بەم شێوەیە شۆڕشەکان لە سەردەمی مۆدێرنی ئێمەدا ڕۆڵێکی گرنگتر دەگێرن. بۆیە لەخۆی دەپرسی: چی وایکردووە ئەم شۆڕشانە مانادار بن؟ بە بڕوای هانا ئارێنت پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان چەمکی شۆڕش و ئازادیدا هەیە.

ئازادی بۆ ئارێنت دوو شتە: یەکێکیان چەمک یان بیرۆکەی ئازادییە و، ئەوی دیکەیان ئەزموونی ئازادییە. دەڵێت بۆ ئەوەی لە شۆڕشەکانی سەردەمی مۆدێرن تێبگەین، دەبێت چەمکی ئازادی، ئەزموونی ئازادی و ئەزموونی سەرەتای نوێ هاوسەنگ بێت. ئەو دەڵێت لە ڕووی مێژووییەوە بیرۆکەی ئازادی لە یۆنانی کۆنەوە لەگەڵ بیرۆکەی یەکسانی تێکەڵ بووە. بەڵام یەکسانی چییە؟

دەڵێت ئەم یەکسانییە نە یەکسانی ئابوورییە و نە یەکسانی کۆمەڵایەتییە! یەکسانی سیاسییە! یەکسانی لە خۆدەربڕیندایە! هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە دەڵێت پێویستە هەموو مرۆڤەکان لە هەموو چین و توێژێکەوە بتوانن وەک کەسانی دیکه، یەکسان، لەبەردەم خەڵکدا دەرکەون و قسەی خۆیان بکەن و کار لەسەر شتێک بکەن کە گرنگە!

هەمان شت کە لە کتێبی "سەرچاوەی تۆتالیتاریزم"دا وتویەتی، دەڵێت مافی ڕاستەقینەی مرۆڤ ئەوەیە کە مافی ئەوەی هەیە مافی هەبێت و ئەو مافانەش بریتین لە قسەکردن و مامەڵەکردن بە شێوەیەکی مانادار لە کۆمەڵگەیەکی سیاسیدا.

ئەو ئازادییەی هانا ئارێنت باسی دەکات، ڕزگاربوون نییە لە دیلێتی ستەمکارێک؛ بە واتایەکی تر بە مانای ڕزگاری لە ڕستەی چوارچێوە نییە. ڕاستە ڕزگاربوون لە چوارچێوە مەرجی پێشوەختە بۆ ئازادی، بەڵام بە تەواوی خودی ئازادی نییە. ئەو ئازادییەی کە هانا ئارێنت باسی دەکات زیاترە لەمە. ئازادی واتە قسەکردن، واتە بڕیاردان، واتە هونەری دەربڕین و بیرکردنەوە و ڕازیکردنی ئەوانی تر، لە ئامادەبوونی مرۆڤەکانی تردا، بۆ ئەوەی بتوانین وەک مرۆڤ، گرنگ و کاریگەر بین. شۆڕشەکان ئەوەن. شۆڕشەکان پرۆسەی پارە پەیداکردن نییە بۆ خەڵکی هەژار، بەڵکو ئاشکراکردن و ناسینی ئەو هەموو مرۆڤ و پرسانەیە کە نەبینراوبوون!

ڕاستییەکە ئەوەیە ئامانجی شۆڕشگێڕانی ئەمریکی و فەرەنسی هەر لەسەرەتاوە ئەوە نەبووە کە "دەمانەوێت پلانێکی نوێ بدەینە دەرەوە و شتێکی نوێ دروست بکەین!" بەڵکو تا ئەو ساتە، وایان دەزانی دەیانەوێت بگەڕێنەوە و ئەو ئازادییانە وەربگرنەوە کە پێیان وابوو لەدەستچووە! بەڵام لە کاتی ئەو شەڕەدا، شەڕ بۆ ئازادی، لەکاتێکدا توندوتیژی دەردەکەوێت، دەستدەکەن بە جووڵە و هەوڵدان. ئەمە دەبێتە شتێکی گرنگ. ئەم بەنرخ بوونە کە لە دڵی بیرۆکەی ئازادییەوە دێتە دەر، دەبێتە ئەزموونی خودی ئازادی و دەبێتە ئەزموونێکی نوێ، کە مانای شۆڕشە، هەرچەندە ڕەنگە بە دامەزراندنی ئازادی کۆتایی نەیەت.

دواترئارێنت دەڵێ نابێ چەمکی ئازادی لە شۆڕش داببڕێت، دەڵێ ئەو کەسانەی لە ئەمریکا شۆڕشیان کرد، خوڵقێنەری مێژوون، ئەوان مێژووی خۆیان دروستکردووە. لێرەدا ئارێنت نموونەیەک لە شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا دەهێنێتەوە وەک شۆڕشێک کە لە مۆدێلی شۆڕشی فەرەنسا وەرگیراوە. ڕەنگە شۆڕشی ئۆکتۆبەرتان بە ناوی شۆڕشی بەلشەفیکیش بیستبیت؛ ئەو شۆڕشە بوو کە تزار ڕووخێنرا و کۆمۆنیستەکان دەسەڵاتیان لە ڕووسیا گرتە دەست و یەکێتی سۆڤیەتیان دامەزراند. شۆڕشی ئۆکتۆبەر بڕیاربوو خەونە بەرزەکانی مرۆڤایەتی بەدی بهێنێت! بەڵام بوو بە چەکوشێک لەسەر ئەو هەموو خەونانە و، هەموویانی لەگەڵ زەویدا یەکسان کرد.

شتێکی سەرنجڕاکێش لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا کە پێویستە ئاماژەی پێبدرێت ئەوەیە کە بەهۆی ئەزموونێکی پێشبینینەکراوەوە بەلاڕێدا نەچوو، بەڵکو بەهۆی "مۆدێلکردنی هۆشیارانە"ی ڕێبازی شۆڕشی فەرەنسا بوو کە بە کارەسات کۆتایی هات! تا ئەو ڕادەیەی ڕووسەکان پێیان وابوو بۆ ئەوەی شۆڕشەکەیان سەربکەوێت، دەبێت ئایدۆلۆژیایەک بۆ خۆیان دروست بکەن و دەبێت خەریکی تیرۆر بن، بۆ ئەوەی وەک فەرەنسا ئەو ڕووداوەی کە دەبێت ڕووبدات ڕووبدەن و، ببێتە هۆی ڕووخانی ڕژێمی تزاری و جۆرێکی نوێ لە کەسایەتی دروست بکەن. بۆ ئەوەی بتوانن لەم جیهانە ئایدیۆلۆژییە نوێیەدا بژین.

ڕاستییەکەی ئەوەی ڕووسەکان - یان وردتر بڵێین بەلشەفیکەکان - لە شۆڕشەوە فێری بوون نە ئازادی بوو و نە کردەوە! بەڵکو ئەوان باوەڕیان بە "دیتەرمینیزمی(جبر) مێژوویی" و "پێویستی مێژوویی" بوو! هەر ئەمەیە دەبێتە هۆکاری رەخنەی هانا ئارێنت لە مارکس و هیگل! بەهۆی ڕێبازی زۆرەملێ و تەنیا زانستیانەیان لە سیاسەت! کێشەی وەها ڕێبازێک ئەوەیە کە پێکهاتەی ئازادی و ئەزموونی نوێ لەدەستدەدات! بۆیە کاتێک ئەم پێکهاتانە لە بزووتنەوەیەکدا نەبن، ئیتر باسی چەمکی شۆڕش لەگۆڕێدا نامێنێ!

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت