و: نەژاد عزیز سورمێ
سەربڵیند
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
نیگەرانی لە بـارەی چارەنووسم لە بەهەشتدا
فازڵ عەززاوی
و: نەژاد عزیز سورمێ
ئەوەی ئێستا زیاتر نیگەرانم دەکا
کە ژیانم
بە ڕاکردن
بەدوای وەھمدا لەبێن برد
سەراب دوای سەراب
تا وەناو ساڵان کەوتم
کە ببیەم
کەسێ بێ لە دەرگام بدا
تاکو - بێویستی خۆم -
لە پاداشتی ڕەفتاری باشم لە دونیادا
لەگەڵ خۆیم بباتە بەھەشت
تا فریشتان
لەبن داران ببینم
بە ڕاست و چەپ ڕیز دەبەستن و
ھوتاف بەناوی من لێ دەدەن:
شاباش!
شاباش!
*
سەربڵیند
وەک تاووسی پەڕبڵاو
لەسەرخۆ
بەسەر فەرشی سووردا دەڕۆم
کە بە دوور و درێژی ڕاخستراوە
دەف و تەپڵم بۆ لێدەدرێ
وێنەی ڕاکەرێکی سەرکەوتووی
یارییەکانی ئۆلۆمپیش
دەروێشە پیرۆزەکان ،
لەسەر شانیانم دادەنێن
بەرەو دیجلەیەک لە مەی و
فووراتێک لە ھەنگوێنی شاخاوی
لەوێ غیلمانان دەبینین
دەفری زێڕین دەھێنن
تژی میوەی ھەمەجوور
کەنیزە و حۆریـش
لە فلیمێکی پیرۆزدا
بێ پەردە
مێینەتیانمان پێشان دەدەن
شاباش!
شاباش!
*
بەڵام من ڕازی نیم
ھاوار دەکەم:
ئەمن!
کە ئەوەش دوور و نزیک
لەبارەی منەوە دەیزانن
وەک ھەموو حەکیم و عاقڵان
وێسکی سکۆتلەندیم
لە مەی پێ خۆشترە
وەک ھەمیشەیش
بەبۆنی ھەنگوێنی لینج
گـێژ دەبم
لەوەش زیاتر
من بەڕاستی بێزار دەبم
ھەموو کاتم بە سەرخۆشی
لە ئەبەدییەتدا بەسەربەرم و
بەناو بەھەشتێکدا بسووڕێمەوە
تەنانەت ئەگەر دەرگاکانی
لە زێڕ و زوبەرجەدیش بن
یا میوانەکانی
ئەو قەددیسانە بن
کە ھەندێ جار
بەسەر ئاودا ھاتبن و چووبن و
بەڕیشیان
ڕاوی شەیتانیان کردبێ.
*
لە دوایدا
گوێم لێیە لە دەرگام دەدەن
منیش ھاوار دەکەم
لە کاتێکدا گەیشتووەتە سهر ئێسقانم:
- چ دەکەم لە بەھەشت؟
ببمە برادەر!
بمبەرە دۆزەخی گڕدار!
تا لەوێ بە بەختیاری و
بە کەرامەت بژیم
تەنیا لەوێ
دەتوانم ئەوەی بنووسم
لەو شیعرانەی نەمنووسیون
ناڕازی
داوای خۆم
دژ بە ھەموو
کڵـۆڵی و کوێرەوەری جیھان
عەرزی مەلەکووتی ھەرە بەرز بکەم
شاباش!
شاباش!
· لە سایتی گۆڤاری (کیکا)وە کراوە بە کوردی:
www.kikah.com/indexarabic.asp?fname=kikaharabic\live\k51\2015-01-04\23.txt&storytitle=