ما 292 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

کورتە چیرۆکەکانی وەک "مرەبای شەکەر" و  "سییەکانم" لە بەرهەمەکانی ئەم چیرۆکنووسەن و هاواری رۆحی ئەون. "مرەبای شەکەر" لە پەنجەرەی فەقیرییەوە، کە بیرەوەریی سەردەمی منداڵین، دەڕوانێتە ژیان و، لە "سییەکانم"دا باس لە بەسەرهاتی خۆی و باب و دایکی بە شێوازی ئەدەبی دەکا. کاک رەسوڵ لە بوارەکانی زمانناسی، کۆمەڵناسی و ئەدەبیاتدا بەتوانا بوو و هەمیشە لەکاتی گفتوگۆکاندا قسەکانی سەرنجی گوێگریان رادەکێشا. هاوکات رەخنەگرێکی باشیش بوو کە بوێرانە سەرنجە رەخنەییەکانی خۆی دەخستنە بەرباس.

بۆ کۆچی ناوەختی هاوڕێی ئازیز 'رەسوڵ محەممەدی' ی چیرۆکنووس

کاک رەسول محەممەدی، چیرۆکنووس و رۆشنبیر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٨ لە شاری سەقز، بە داخەوە رۆژی سیانزەی دێسەمبەر لە شاری یۆتۆبۆر لە وڵاتی سوید کۆچی دووایی کرد. مەرگی لەناوەختی ئەم هاوڕێ ئازیزە بووە هۆی خەم و پەژارەیەکی قووڵ لەلای هەموو ئەو کەسانەی وا دەیانناسی و برینێکی پڕژانی چێکرد. کاک رەسوڵ مرۆڤێکی رەوشت بەرز و خاوەن هەڵوێست بوو، مرۆڤێکی شیرین و لەبەر دڵان کە هەتا ژیا خۆی لێ نەگۆڕا و سەرەڕای هەموو هەورازو نشێوەکانی ژیانی، مرۆڤانە ژیا و بێ ئازارانە دەستلەملانی ژیان بوو.

رەسوڵ محەممەدی لە حەفدە ساڵیەوە ئەرکی برا و بنەماڵە دەکەوێتە سەر شانی. هاوکات حەزی خوێندنیش ناهێڵێت دەست لە کتێب بەردات و، شان بە شانی کارکردن بەردەوام دەبێ لە خوێندن. سەرئەنجام دانشسەرای موقەدەماتی تەواو دەکات و، دەبێتە مامۆستا. لە دێهات وەک مامۆستایەکی لێهاتوو و دڵسۆز وانە دەڵێتەوە. حەزی خوێندن و پێشکەوتنی زیاتر دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی لە خوێندن و، ئەمجارە دەبێ بە مامۆستا لە بواری زمانی ئینگلیزیدا.

ساڵانی دوواتر، لەپاش هاوسەرگیری، لەکاتێکدا خاوەنی دوو منداڵە روو لە هەرێمی کوردستان دەکا و دوو ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە. لە هەرێمی کوردستان خەریکی چالاکی ئەدەبی و رۆشنبیری دەبێ و، پاشان روو لە هەندەران دەکا و لە ساڵی ١٩٩٧ لە وڵاتی سوید  نیشتەجێی دەبێ.

کاک رەسوڵ لەگەڵ هاوڕێیانی ئەنجوومەنی قەڵەم لە پەیوەندی نزیکدا بوو و، کاتێک ئەنجوومەن هەفتانە خاوەنی کۆڕو کۆبوونەوەی ئەدەبی و فیکری لەسەر مژارە جۆربەجۆرەکاندا بوو، چالاکانە بەشداری دەکرد و بە قسەوباس و سەرنجەکانی دەبووە هۆی دەوڵەمەندیی زیاتری قسەوباسەکان.

کورتە چیرۆکەکانی وەک "مرەبای شەکەر" و  "سییەکانم" لە بەرهەمەکانی ئەم چیرۆکنووسەن و هاواری رۆحی ئەون. "مرەبای شەکەر" لە پەنجەرەی فەقیرییەوە، کە بیرەوەریی سەردەمی منداڵین، دەڕوانێتە ژیان و، لە "سییەکانم"دا باس لە بەسەرهاتی خۆی و باب و دایکی بە شێوازی ئەدەبی دەکا. کاک رەسوڵ لە بوارەکانی زمانناسی، کۆمەڵناسی و ئەدەبیاتدا بەتوانا بوو و هەمیشە لەکاتی گفتوگۆکاندا قسەکانی سەرنجی گوێگریان رادەکێشا. هاوکات رەخنەگرێکی باشیش بوو کە بوێرانە سەرنجە رەخنەییەکانی خۆی دەخستنە بەرباس.

مەخابن نەخۆشی مەودای نەدا تا رەسوڵی هاوڕێ و دڵسۆز زیاتر لە کۆڕی هاوڕێکانیدا بێ و، سەرئەنجام مەرگ گیانی ئەم هاودەمە نازەنینەی لێ ئەستاندین و بۆ هەمیشە لێمانی دوور خستەوە. سڵاو لە گیانی پاکی کاک رەسوڵ! بەردەوامی بۆ هەموو ئەو خەونە جوانانەی وا بە ژیان و رۆحی ئەم مرۆڤە لەسەرەخۆ و ئارامەوە نەپچڕانە گرێدرابوون.

 

بۆ خوێندنەوەی چیرۆکی "سییەکانم" ئێرە کلیک بکەن

سایتی قەڵەم

١٤ دێسەمبەری ٢٠٢٣

گەڕان بۆ بابەت