ما 1055 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

سەرئێشەکە هەتا دێ زیا و زیاتر دەبێ. دەستدەبەم جگەرەیەکی تر دەردێنم. دیسان بێ هومێدانە دەیخەمەوە گیرفانم. لەناوەراستی کۆڵانەکەدام کە دوو سێ نەفەر بەرەوڕووم دێن. دەیانناسم. بە تەعەجوبەوە لێم دەڕوانن. یەکیان بە گوێی ئەوانی تردا دەچرپێنێ. هێشتا لێم نزیک نەکەوتوونەوە، کتوپڕ دەستدەکەن بە راکردن! گوێم لێیە یەکیان دەڵێ باوکەڕۆ مردوو زیندوو بووەتەوە!

بۆ سییەکانم

پێشکەش بە رۆحی پاکی کاک رەسوڵ محەممەدی

فەڕۆخ نێعمەتپوور

کە شۆڕش کرا، ئەوەی لە کۆڵانەکەی ئێمە لەدایکبووی سییەکان بوو، هەر هەمووی بەر گێژەڵووکەکەی کەوتن و رۆیشتن. هەر یەکەی بە لایەکدا و، بە چارەنووسێکەوە. یەک بێ سەرەوشوێن بوو، یەک کوژرا، یەک گیرا و یەکیش کۆچی کرد.

جگە لە من!

باوکم بەم وەزعە ناڕەحەت بوو و، حەزی دەکرد ئەویش وەک خەڵکی گەڕەک هەست بە شانازی بکا. تا لەبیرم نەچووە ئەوە بڵێم کە ئەو ساڵانە وەها بوو، ئەوەی کوڕی ئەهلی سیاسەت بووایە، خەڵکی بە چاوی پڕ لە رێزەوە لێیان دەڕوانی. باوکم کە چاوی بە من هەڵنەدەهات، منی وەک کەسێکی ترسنۆک و گەلحۆ دەهاتە بەرچاو کە فڕی بەسەر دونیاوە نەبوو! بەتایبەت کە جارێکیان منی بەڕێکەوت بەدەم دەستپەڕەوە لە ژوورەکەی پشتەوە بینیبوو! ئیتر ئەوەندەی تر رقی لێ هەڵگرتبووم و، لە داخا خەریکبوو دەتەقی. چی بکا چی نەکا، سەرئەنجام نیوەشەوێک سییەکانمی دزی.

من گەنجێکی جگەرە کێش بووم. سیگارکێشێکی وەک دەڵێن قەهار! جگەرەم بە جگەرە دادەگیرساند. ئەی کەواتە بە بێ سییەکانم چیم بکردایە. دووکەڵەکەم بەرەو کوێ قووت بدایە!

شەو لەکاتی دەرهاوردنی سییەکانم، نەموێرا هاواربکەم. لەکاتێکدا چاومان لە چاوی یەکتر بڕیبوو، بێڕەحمانە لە دەممەوە رایکێشانە دەرەوە و، بە دەستە خوێناوییەکانییەوە دوورکەوتەوە. خوێنین بە خۆم گوت هەزار ئەوەندەش خۆی بە زیرەک بزانێ، سبەی دەیاندۆزمەوە. بۆ بەیانی کە لەخەو هەستام، هەرچیم کرد نەمدۆزینەوە. ژێرخان گەڕام، ژێر سەرینەکەی باوکم، گیرفانی پانتۆڵەکەی و تەنانەت ناو یەغانەکەی کە هەمیشە قوفڵدرابوو. باشە لەکوێ حەشاری دابوون؟... باشە مەگەر من تاکەی دەمتوانی بە بێ سییەکانم بژیم؟ لێرەدا بوو کە تێگەیشتم باوکم دەیەوێ من بمرم، بەڵام بەشیوەی خۆی. ئیتر پێویست نەبوو وەک کوڕەکەی میرزا براییمی دراوسێمان کە لەسێدارەیان دابوو، بە گەردن هەڵمواسن و بمخنکێنن. دەرهێنانی سییەکانیش هەر هەمان کار بوو، بەڵام بە جۆرێکی تر. بەم شێوەیە باوکم دەیتوانی باس لە سێدارەدانی من لەلای دراوسێکان بکاو، کەم نەهێنێ!

دایکم کە هەمیشە لەبەردەم سەماوەرەکەی تەنیشت ئەو پەنجەرەیەدا وا بە سەر حەوشەکەدا دەیڕوانی، دادەنیشت، کە بینی من ئەو بەیانییە جگەرەکەم بە لێومەوە نا کەچی دوواتر کوژاندمەوە و خستمەوە گیرفانم، سەری سووڕماو لە خۆشیان هاواری کرد "سماییل... سمایل گیان وەرە کورەکەمان تەرکە جگەرەی کردووە و چیتر نایکێشێ!" هەروا شێتانە لە هاوارکردن بەردەوام بوو و، ئەمجارە گوتی "سەرئەنجام دۆعاکانم لەلای خوای گەورە گیرابوون!" باوکم کە دەیزانی چە خەبەرە، بە بێ ئەوەی لە جێگای خۆی ببزوێ، گوتی بە کێرمەوە دەکێشێ یان ناکێشێ،... کوڕی خەڵکی دنیا دەگۆڕێ و ئەوەی منیش خەریکی دووکەڵ هەڵمژین بەناو قونچکدایە!

ئەوەندەی پێنەچوو سەرئێشەم گرت. من دەبووایە هەرچی زووتر سیگارێک داگیرسێنم و دووکەڵەکەی بکەم بە قوڕگمدا و لەوێوە بۆ ناو سییەکانم و دیسان لەوێوە بۆ ناو دەمارەکان و ئەوسا...  بۆ ناو مێشکم. بۆ ئەوەی چاوەکانم دونیا ببینن و، مێشکم بتوانێ لێکی بداتەوە کە جیهان چ خەبەرە. نازانم باوکم چۆن گوێی لەم بیرانەی من بوو کە جرتێکی بە لێوە زلەکانی بۆ لێدام. بەخۆمدا شکامەوە. بە بێ ئەوەی نان بخوم، رووم لەدەرەوە کرد.

کە لە کۆڵان دەترازێم، گوێم لێیە بڵیندگۆی مزگەوت دەنگی قوڕعانیان سەرخستووە. بەم بەیانییە زووە و مردن! لەگەڵ ئەوەی هەناسەم سواردەبێ و، دەڵێی شتێک سینگم دەگووشێ خۆم دەگەیەنمە بەر مزگەوت. نا، درۆ نیە. کەسێک مردووە. دەنگی عەبدولباسیت تەواو دونیای داگیرکردووە. کتوپڕ دڵم تەنگ دەبێ. زۆر بەزەییم بەسەر مردووەکەدا دێتەوە. باشە چۆن دەبێ بە بەیانییەکی جوانی ئاوەهای هاوینی، بەو ئاسمانە ساف و گەش و شینەوە پیاو بمرێ! نا، نابێ. با من سینگیشم بێشێ و، نەتوانم مژێک چییە لە دووکەڵی جگەرە هەڵمژم. بەخۆم دەڵێم بێگومان باوکم ئیستا گوێی لێیە و، تێدەگا کە ژیان عاقیبەتی مردنە و ئیتر چی دیکە عەزیەتم ناکا و سییەکانم دەداتەوە؛... ئیتر بۆی گرینگ نیە کوڕەکەی وەک ئەوانی تر لەگەڵ گێژەڵووکەکە رۆیشتووە یان نا. بگرە پێشی خۆش دەبێ لەماڵەوەم و نەبوومەتە مایەی دەرد و خەمیان. ئیتر ئەوان مەجبوورنابن وەک دایەی حەسەنی پینەچی لە کونجی ژوورەوە دانیشێ و لە خەفەتی کوڕەکەی کز بە چاوە هەمیشە فرمێسکاوییەکانییەوە ئاە هەڵکێشێ و هاواری هەموو ئازای ئەندامی بکا. لەگەڕانەوە بەرەو ماڵەوە بووم کە بینیم بایەکی لەناوەخت هەڵیکرد و هەڵمێکی شین بەسەر ئاسمانی گەڕەکدا بەرزبووەوە. کەسێک هاواریکرد "دەبمە هەڵمێکی شین و بەجێتان دێڵم. سەری خۆم هەڵدەگرم."١ دەنگەکە چەند ئاشنا بوو! هەرچی بیرم لێکردەوە، نەمناسییەوە. هیچ شتێک نەدەهاتە زەینمەوە. بەخۆم گوت وەکوو هەموو دەنگەکانی تری دونیا.

هێشتا نەگەیشتمە کۆڵانەکەی خۆمان کە بەتووش عەبباسی قەسابی دراوسێمانەوە بووم. کیسەیەکی بەدەستەوە بوو. عەبباس زۆر خۆشەویست نەبوو. نەک تەنیا لەبەر ئەوەی هەمیشە فێڵی لە مشتەری دەکرد و لە جیاتی گۆشت ئێسک و چەقی زۆری بە بەسەریاندا دەسەپاند، نا لەبەر ئەوەی هەمیشە خەریکی کاروکاسبی خۆی بوو و لای ئەو پێش و پاشی شۆڕش هیچ فەرقیان نەبوو. کە بە تەنیشتمدا تێپەڕی، هەستم بە بۆنێکی ئاشنا کرد. لامکردەوە و سەیری کیسەکەیم کرد کە بە شانیدا دابوو. شتێکی نەرم و شلکەئاسا نەرم نەرم دەجووڵا. بۆ ساتێک بیرم چووەوە سەر سییەکانی خۆم. نە بابا، شتی وا چۆن دەبێ! کێ سیی مرۆڤ دەفرۆشێ و کێ دەیخوا! مەگەر ئاخرزەمانە؟

هەڵبەت باوکم لەمێژە لای وایە ئاخرزەمانە، تەنیا ئەوەندەی بە مەزەنەی ئەو، خوا هیشتا نایەوێ تەواو تێک و مەکانی بدا. لای باوکم ئاخر زەمان چرکەیەک نیە و، بەڵکو دەتوانێ سەدان و هەزاران ساڵ درێژەبکێشێ. مەگەر هەزاران ساڵ لای خوا ناتوانێ چرکەیەک بێ؟...ها؟ بێگومان دەبێ.

سەرئێشەکە هەتا دێ زیا و زیاتر دەبێ. دەستدەبەم جگەرەیەکی تر دەردێنم. دیسان بێ هومێدانە دەیخەمەوە گیرفانم. لەناوەراستی کۆڵانەکەدام کە دوو سێ نەفەر بەرەوڕووم دێن. دەیانناسم. بە تەعەجوبەوە لێم دەڕوانن. یەکیان بە گوێی ئەوانی تردا دەچرپێنێ. هێشتا لێم نزیک نەکەوتوونەوە، کتوپڕ دەستدەکەن بە راکردن! گوێم لێیە یەکیان دەڵێ باوکەڕۆ مردوو زیندوو بووەتەوە!

دەگەمەوە بەردەرگا. بەخۆم دەڵێم چارم نیە دەبێ هەموو کونج و کەلەبەرێک بگەڕێمەوە! دەست دەبەم دەرگاکە بکەمەوە، دەبینم بە دەستمەوە نایەت. هەرچی دەکەم پاڵی پێوە بنێم، بێسوودە! بە مشت لێی دەدەم و، هاواردەکەم لێم بکەنەوە! بەڵام هیچ دەنگێک لە دەرگاکەوە هەڵناستێ. لەم کەین و بەینەدا ئاگام لێیە دووانی تر تێدەپەڕن، بەڵام وەک بڵێی هەر منیش نابینن! ماندوو، چۆک دادەدەم. بەخۆم دەڵێم پەلە مەکە وەک چۆن لە کاتی شۆڕشیشدا پەلەت نەکرد،... کەمێک زیاتر بیربکەوە. گوێم لێیە باوکم پوڵ دەژمێرێ. نە یەک جار و دووجار، چەندین جار. رادوێکەی لەسەر ئەخباری تارانە. هەواڵنێرێک باس لە مانگرتنی کرێکارەکانی وڵاتی ئینگلیز دەکا. نازانم بۆ، بەڵام بیری ئەو کرێکارانە دەکەومەوە کە ئێوارەیان لە گەڕەکی خواروو لای سینەماکە خەریکی خواردنی سیی برژاون. چڕەدووکەڵێک ئاسمانی داپۆشیوە. باوکم جارێکی تریش پارەکەی دەژمێرێتەوە. بە دایکم دەڵێ ژنەکە ئەوەندە مەگری، گریانی ناوێ، ئەو لەراستیدا زۆر لەمە پێش مردبوو. دەڵێ ئەمڕۆیش دەینێژین و، بە پارەی سییەکانیشی پڵاوخۆریشتێکی باشیشی لێدەخۆین!

ئەژنۆم شلدەبێ. باشە ئەی جگەرەکانم... ئەی سیگارکێشانەکەم! هەڵمە شینەکە دیسان بە ئاسمانەوە پەیدادەبێتەوە. لە دوورەوە بۆنی غەریبی دێ. کەسێک دیسان هاواردەکاتەوە: "دەبمە هەڵمێکی شین و بەجێتان دێڵم. سەری خۆم هەڵدەگرم." هەڵدەتروشکێمەوە. با، دەنگی قورئانی بڵیندگۆی مزگەوتەکە دێنێ و دەبا. دونیا چەند لە شەپۆلان دەکا. بە خۆم دەڵێم وا باشترە بڕۆم. دەڵێم رەنگە لەوێ لەو دوورانە، سییەکانم بدۆزمەوە و سەرلەنوێ بتوانم لە بەیانیانی ژیاندا جگەرە بەبابکەمەوە. ئەرێ لەو دوورانە، لەو شوێنەی هەموو شتێک شین دەچێتەوە.

دەڕۆم. شار جێدێڵم. دەنگەکان وندەبن. دەنگی عەبدولباسیتی میسری نەبێ. دڵنیام سەرئەنجام ئەویش وندەبێ. باڵندەیەکی سەیروسەمەرە دێتە سەر رێگا خۆڵێنەکەم. بە سەر لقی داربەڕوویەکی دەیان و رەنگە سەدان ساڵەوە هەڵنیشتووە و، وەک بڵیی چاوەڕوانی من بێت. هەناسەی سوارە و، دەندووکی کراوە. بە باڵی چەپ ئاماژە بە رۆژئاوا دەکا. بزەیەک دەنیشێتە سەر لێوەکانم. کەواتە دڵنیابم سییەکانم دەدۆزمەوە. خۆشحاڵم لەسەر سنوور دەژین.

لە بەینی خۆماندا بێ، باوکم عەجەب قاچاخچییەکە!

 

ژێرنووس:

١ـ لە چیرۆکی 'سییەکانم'ی رەسوڵ محەممەدی وەرگیراوە لێرە بیخوێنەوە

 

 

گەڕان بۆ بابەت