ما 10486 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناسر جەعفەری

من لە خۆمم ئەپرسی، ئەگەر باوکم مردووە پێڵاوەکانی بۆ لێرەیە؟ بۆ گەیشتۆتە بەرهەیوانی مزگەوت؟ چۆن چۆنی ئەو پێڵاوانە هاتوونتە ئێرە؟ رەنگە باوکم بە پێی خۆی هاتووە بۆ مزگەوت، لەوێ گیانی داوە، بە دارمەیت بردوویانە بۆ ماڵەوە و لەبیریان چووە پێڵاوەکانی بەرنەوە. باشە کێ ئەو پێڵاوە ڕەشە دڕاوە قۆپچەدارانەی ئەوێت؟ ئەی باشە بۆ فڕێیان نەداوە؟

 پێڵاوەکانی باوکم

  ناسر جەعفەری   

ڕۆژێکی هاوین بوو، هەندێک پیاو لە بەردەم مزگەوتەکە ڕاوەستابون، پۆلێک لەناو مزگەوتەکەدا، هەندێکیش لە خەڵکی ئاوایی لە قەبرستان، دەنگی قورئان لە بڵیندگۆی مزگەوتەکە ئەبیسترا.

ئەرێ، قەبرەکەی حازر بوو؟!

کوڕەکەی لەسەر هەیوانی مزگەوتەکە چاوی بە بەردێکی پان کەوت، پان بە دریژایی میتریک، چاوی تێبڕی، زۆر کات لەگەڵ باوکی هاتبوو بۆ مزگەوت، بەڵام نەیدیبوو، لە ناوەڕاستی بەردەکەیا دانیشت، دەستی خستە ئەم لاولاوە، جێگایەکی باش بوو بۆ بینینی خەڵک، خەڵکانێک کە ئەهاتن و ئەڕۆیشتن، بەڵام ئەو هاتووچۆی خەڵکەکەی بەلاوە گرینگ نەبوو، ئەو چاوی لەسەر پێڵاوەکانی باوکی بوو، پێڵاوە ڕەشە دڕاوەکانی، کە لە لای سەروویەوە قۆپچەیەکی شینی پێوە بوو، زۆر کات پێیان ئەگوت، ئەوە چییە بۆ لێی ناکەیتەوە؟ ئەو بە گاڵتەوە ئەیگوت: "ئێوە نازانن، ئەوە هێمای بە ساڵاچوونە، ڕەمزی ڕۆشتنە!" 

من لە خۆمم ئەپرسی، ئەگەر باوکم مردووە پێڵاوەکانی بۆ لێرەیە؟ بۆ گەیشتۆتە بەرهەیوانی مزگەوت؟ چۆن چۆنی ئەو پێڵاوانە هاتوونەتە ئێرە؟ رەنگە باوکم بە پێی خۆی هاتووە بۆ مزگەوت، لەوێ گیانی داوە، بە دارمەیت بردوویانە بۆ ماڵەوە و لەبیریان چووە پێڵاوەکانی بەرنەوە. باشە کێ ئەو پێڵاوە ڕەشە دڕاوە قۆپچەدارانەی ئەوێت؟ ئەی باشە بۆ فڕێیان نەداوە؟

دایکم بە باوەشێک دار خۆی کرد بە ژوورەکەدا، وتی: "ئا بڕوو باوەشێک چیلکەم بۆ بێنە، با ئەو کوورە دارە نێڵ بەم، سەرما زۆری هێناوە."

وتم : "دایکە گیان بەم هاوینە ئاوری کوورە دارت بۆ چییە؟

بە لاچاوێک تێی ڕوانیم، چووە دەر، بە بۆڵەوە توند دەرگاکەی پێوە دا، لە دەریشەوە بۆڵە بۆڵەکەی هەر ئەبیسترا!

دایکم ڕاستی ئەگوت، نازانم بۆ بەو هاوینە لەرز دایگرتم؟ ڕووم کردە باوکم، عەرزم کرد: "بابە گیان سەرمات نییە؟"

وتی: "بڕۆ بۆ بەر مزگەوت بزانە پێڵاوەکانم لەوێ ماون؟ ناونیشانەکەی قۆپچەیەکی شینە، بە لاسەروویەوە. لە پێش ڕۆیشتندا، بڕوو  چیلکەم بۆ بێنە، با ئەو کوورە دارە نێڵ بەم، سەرما زۆری هێناوە."

کە لە ماڵ چوومە دەر، کڕیوەی ئەکرد، دایکمم بینی، تەلیسێک کای بە کۆڵیا دابوو، سەتڵێک ئاویشی بە دەستیەوە، وتی: "بۆ کوێ ئەچی؟"

وتم : "ئەچم بۆ مزگەوت بزانم پێڵاوەکانی باوکم لەوێ ماون؟ من فریا ناکەوم تۆ چیلکە بۆ باوکم بەرە ژوورەوە، باکوورەکە وەگەشێنێ. "

مامم لە تەنیشت دەرگاکە چاوەڕوانی ئەکردم وتی: "وەرە با بڕۆین."

وتم: "بۆ کوێ؟ من ئەبێ بچم پێڵاوەکانی باوکم لە بەر مزگەوت وەدۆزم، باوکم چاوەڕوانمە."

وتی: "پێویست ناکات، خۆم ئەیدۆزمەوە و ئەشیبەمەوە بۆ ماڵەوە."

بە تۆی کراسێک هاتبوومە دەر، چاوەڕوانم نەئەکرد کڕیوەیەکی ئاوا، سەر و گوێلاکم پڕ کا لە بەفر، هاوکات بەفر ئەچووە ناو چەکمە هەڵقڵیشاوەکانم، قاچم تەزی بوو، زۆریش سەرمام بوو.

هەندێک پیاو لە بەردەم ڕێگەی مزگەوتەکە ڕاوەستابون، دانێک لەوانە کە ڕیشێکی سپی بوو و بە ڕواڵەت لە باوکم ئەچوو، هاتە پێشێ و وتی: "ئەرێ کوڕەکە نانت خواردووە؟

وتم: "من هاتوم بۆ پێڵاوەکانی باوکم، چاوەڕوانمە."

دەستێکی بە سەر و گوێلاکما هێنا و بەفرەکانی لێ سڕیەوە و وتی:" ئەوە کڵاوێکت نەبوو لەسەری کەی؟ بۆچی بە تۆی کراسێک هاتوویتە دەرەوە؟ ئەو چەکمە هەڵقڵیشاوانە چییە ؟ ڕۆڵە گیان زستانە، زستان!

وتم: "پێڵاوەکان، باوکم چاوەڕوانمە."

وتی: "تۆ چەندە کوڕێکی ژیر و باشی، بەڵێنەکەت بە باوکت لە بیر نەبردۆتەوە."

وتم: "با زوو بڕۆم، کات درەنگ بووە."

وتی: "زۆر بێتاقەتت دەبم، کەی دێیتەوە بۆ دیدارم؟"

وتم: "ئەی پێڵاوەکان، باوکم چاوەڕوانمە."

وتی: "دایکت چۆنە؟ بڵێی مانگا بەڵەگ زابێ؟ ئیمساڵ دەغڵ و دان چۆن بوو؟ کێ جووتی بۆ کردن و نوکەکەی لەگەڵ ڕنینەوە؟ کێ گێرەی بۆ کردن؟

پرسیارەکانی زۆر ئاشنا بوو، چۆن چۆنی ئەو هەموو زانیارییەی لەسەر ئێمە بوو؟ لە کوێ ئەیزانی مانگا بەڵەک ئاوسە؟ چۆن ئاگاداری دەغڵ و دانی ئێمە بوو و ئەیزانی نۆکمان داچاندووە؟ ئەو پرسیارانەی زۆر سەیر بوو، نازانم بۆ چی، بەڵام بە پەلە خۆم لە دەستی ڕزگار کرد و، هەڵاتم.

گەیشتمە لای مزگەوتەکە، چوومە بەر هەیوانەکە، هەر وەک جاران پێڵاوە ڕەشە دڕاوەکانی قۆپچە شین، لە وێ بوو، بە پەلە هەڵم گرت و بەرەو ماڵ ڕێکەوتم. چوومە ژوورەوە.

- باوکە گیان ئەوە چی ئەکەی لەو پێڵاوانەی ناو دەستت؟

ـ قوبچەیان لێ ئەدم.

- ئەی ئەمانە؟

ـ پێویست ناکا، ئەوانە ئیتر کۆن بوون، دڕاون، ئەبێ پێڵاوی نوێ لە پێ کەم، ڕێگاکەم دوور و درێژە، بەوانە بڕ ناکەم. ببورە کوڕە شیرینەکەم، ببورە، ئاگات لە دایکت بێ. مانگا بەڵەک بەم زووانە ئەزێ، وریابە زۆر نازدارە جێگاکەی با خاوێن بێت، دەغڵ و دانەکەشت  لە بیر نەچێ، تۆ تازە بووی بە پیاو.

- باوکە گیان جارێ مەڕۆ زووە، زۆر زووە، من کارم پێتە.

لە بڵیندگۆی مزگەوتەکە دەنگێک بیسترا کە ئەیوت: "ڕەحمەتی خواتان لێبێت خەڵکی ئاوایی با بچین ئەو مردووە وەشارین، قەبرەکەی حازر بووە. "

مامەم هاتە بەردەمم، وتی: "وەرە کوڕەکەم با بڕۆین باوکت بە خاک بسپێرین." هەستامە سەر پێ، ئارەقێکی سارد بە ڕوومەتما هاتە خوار، هێزی ڕۆیشتنم نەمابوو، مامم دەستی گرتم و وتی: "وەرە با بڕۆین تۆ تازە بووی بە پیاو،... پیاو..."

 

 

گەڕان بۆ بابەت