ما 2619 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەکرێ بڵێین لە درێژخایەندا گەورەترین دەستپێشخەری ئەمەریکەکان لە بواری سیاسەتدا ئەوە بوو کە شتێکی لە چەمکی "سەروەری موتلەق" لە جەستەی سیستەمەکەیدا هەڵوەشاندەوە. چونکە لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری مرۆڤایەتیدا، سەروەری یەکپارچە و موتلەق، هەموویان لەگەڵ ستەمکاریدا وەک یەکن!

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٨)

موحسین ئەمینزادە

 

"ئێوە تا دەتوانن ژمارەی دەسەڵاتەکان زیاد دەکەن و دەسگەیشتن بە دەسەڵات، چ لە حکومەت و چ لە گۆڕەپانی گشتیدا، تا زۆرترین ئاست دەگەینن".

چونکە تەنها دەسەڵات دەتوانێت دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکات! تەنانەت دەستووریش ناتوانێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت! ڕاستییەکە ئەوەیە کە هیچ یاسا و پێوەریک ناتوانێت ڕێگری لە کۆمەڵێک کەسی چەکدار بکات کە بڕیاریانداوە ئەوەی خۆیان دەیانەوێت بیکەن! تاکە شتێک کە دەتوانێت دەسەڵات ڕابگرێت ئەوەیە کە سەرچاوەی تری دەسەڵات هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە!

بەشی سێیەم و کۆتای بابەتی "پەیوەندی نێوان شۆڕش و ئازادی لە ڕوانگەی هانا ئارێندتەوە". لە درێژەی بەشی دووەمدا باس لە کتێبی شۆڕشی هانا ئارێنت دەکەین؛ دوا کتێب کە هانا ئارێنت لە ماوەی ژیانیدا بڵاوی کردۆتەوە. بەڕای من ئەم سێ بەشە سەرنجڕاکێشترین بابەتی کتێبەکەن. لەم سێ بەشەدا هانا ئارێنت بەدوای وەڵامی سێ پرسیاری گرنگدا دەگەڕێت: یەکێکیان ئەوەیە، حکومەتێکی ئازاد چۆن دەتوانێت کار بکات؟ دووەم: چۆن دەتوانرێت گەرەنتی مانەوەی سیستەمەکی لەو شێوەیە بکرێت؟ سێهەم: کێشەی سیستەمی سیاسی ئەمریکا لە دوای شۆڕشەکەی چی بوو، کە بە بڕوای ئارێنت ئازادی لە ژێر هەڕەشەدایە و چارەسەری ئەم کێشەیە چییە؟

لەبیرت نەچێت، ئارێنت ٥٠ ساڵ لەمەوبەر وتی کە ئازادی لە ئەمریکا لە ژێر هەڕەشەدایە.

بەشی چوارەم: بناغەی دەستووری ئازادی

کەواتە ئێستا، هانا ئارێنت دەیەوێت لەم بابەتەدا باس لە تەحەدایە مەسەلەێکی گرنگ بکات و ئەوەش چۆن حکومەتێکی ئازاد جێبەجێ بکرێت؟ چۆن کۆمارێکی ئازاد دابمەزرێنین؟

وەڵامی ئارێنت بۆ ئەم پرسیارە زۆر سادە و ڕاستەوخۆیە:

"ئێوە تا دەتوانن ژمارەی دەسەڵاتەکان زیاد دەکەن ودەسگەیشتن بە دەسەڵات، چ لە حکومەت و چ لە گۆڕەپانی گشتیدا، تا زۆرترین ئاست دەگەینن".

ئەمە یەکەم هۆکارە کە بە بڕوای هانا ئارێنت کۆمەڵگەی ئەمریکی بووەتە کۆمارێکی ئازادی وا! تۆ دەپرسیت بۆ؟ وەک چۆن هاوڵاتیانی ئەمریکا دەسەڵاتیان زیاترە لە هاوڵاتیانی هەر وڵاتێکی تر (یان لانیکەم پێشتر هەیانبوو). بۆیە گفتوگۆی ئەم مەسەلەیە بەشێوەیەک کراوە، کە چۆن بە لامەرکەزیکردنی دەسەڵات و زیادکردنی سەرچاوەکانی دەسەڵات، ئازادی بەرقەرار دەکرێت و جێگیر دەکرێت؟

پاشان لە بابەتی پێنجەمدا دەڵێ "زۆر باشە که دەسەڵاتێکی نوێی دروستکرێت و سیستەمێکی نوێی دامەزێت کە تێیدا ئازاد بێت و دەسەڵاتی هەبێت، بەڵام جگە لەوەش دەبێت ئەم حکومەتە هەمیشەیی بێت و بەردەوام بێت!" چونکە هەمیشە ناتوانرێت سەرلەنوێ دانوستاندن بکرێتەوە و دیسان بۆ هەر پرسێک خوێنی جگەر بخورێتەوە ، بۆیە دەبێت ئەو سیستەمە ئازادییەی کە دێتە سەر کار،  سەقامگیر بێت و ئەم دەستکەوتەی ئازادیش جێگیر بمێنێتەوە.

بابەتی دەسەڵات ئارێنت دەباتەوە بۆ ڕۆمای کۆن؛ کە خەڵک توانیان بۆ یەکەمجار دەسەڵاتێکی سیاسی نائاینی دابمەزرێنن. وە ئەم کاریان لە ڕێگەی دامەزراندنی ئەنجومەنی پیرانەوە ئەنجام دا.

ئێستا دەستپێشخەری ئەمەریکەکان ئەوە بوو کە کورسییەکانی دەسەڵاتیان لە پەرلەمان وەرگرت و دایان بە دادگای باڵا و دەستوور.

بەختی گەورەی ئەمەریکەکان ئەوە بوو کە لە قۆناغێکدا، بە هەر هۆکارێک بێت، دەستوورەکەیان وەک بتێک دەپەرست! وەک کتێبی پیرۆزیان بوو! وە بەم شێوەیە شەرعیەتەکەی پارێزراو بوو. ئێستا لە بەشی پێنجەمدا جارێکی تر باسی ئەم بابەتە دەکەینەوە، بەڵام ئەم بابەتە بە بابەتێک دەست پێدەکات دەربارەی دەسەڵات.

ئەو هۆکارەى کە هانا ئارێنت خستوویەتییە ڕوو ئەوەیە:

"دەسەڵات لە ڕێگەی کردەوەی هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیکە و هاوکارییەوە دەردەکەوێت".

کاتێک مرۆڤەکان لە چین و توێژە جیاوازەکان، هەریەکەیان بە دید و پاشخانی جیاوازەوە کۆدەبنەوە و دەستورێک دادەمەزرێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕەفتاری بەکۆمەڵیان، ئەم کارە هاوبەشە جۆرێکە لە مومارەسەی دەسەڵات و ئارێنت دەڵێت ئەمە هەمان ئەو ڕەفتارانەیە کە ئەمریکییەکان له هەموو وڵایەتەکانیاندا بۆ دروستکردنی دەستوورێک لەوساتەوەختە مێژووییەدا لە خۆیان نیشانیان دا.

کەواتە ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە لە سەردەمی شۆڕشدا؛ هەر ١٣ وڵایەتی کۆلۆنیالی ئەمریکا یەکسەر دەستبەرداری هەموو شتێک بوون و چوون بۆ نووسینی دەستووری خۆیان. ئەم ئیرادە بەکۆمەڵە بۆ هانا ئارێنت بە قووڵی مانادار بوو؛ بیرۆکەیەک ئەو باوەڕە دەدات کە پێیان وابوو دەسەڵاتیان هەیە دەستوورێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن!

ئەم کردارەی نووسینی دەستوور و پەسەندکردنی بۆ ئارێنت مانای زۆری هەبوو. بۆیە مەبەستی ئارێنت بۆ دروستکردنی سەرچاویەکی تەواو نوێ بۆ دەسەڵات، ڕێک لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئەمەریکەکان بۆ دامەزراندنی وڵاتێکی نوێ وەرگیراوە. لە هەمان کاتدا سەبارەت بەم بابەتە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمەریکەکان تەنها یەک سەرچاوە نییە، بەڵکو سەرچاوەی جیاوازە بۆ دەسەڵات لە بەرچاویان گرت.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە دەکرێ بڵێین لە درێژخایەندا گەورەترین دەستپێشخەری ئەمەریکەکان لە بواری سیاسەتدا ئەوە بوو کە شتێکی لە چەمکی "سەروەری موتلەق" لە جەستەی سیستەمەکەیدا هەڵوەشاندەوە. چونکە لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری مرۆڤایەتیدا، سەروەری یەکپارچە و موتلەق، هەموویان لەگەڵ ستەمکاریدا وەک یەکن!

بە بڕوای هانا ئارێنت، ئەو عەیبە سەربازییە لە شێوەی کۆنفیدڕاڵی یان یەکێتیدا ئەوەیە کە سنووردارکردنی دەسەڵات لە نێوان هێزە ناوخۆییەکان و دەسەڵاتی گشتیدا بە تەواوی ڕوون نەبووە. مەرجەکانی ئەمریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی لە ئینگلتەرا بە جۆرێک بوو کە لەو سەردەمەدا ١٣ ناوچە یان ویلایەتی کۆلۆنیالیزم لە خاکی ئەمریکادا هەبوون کە هەریەکەیان حکومەتی ناوخۆیی هەبووە. بەڵام هیچ دەسەڵاتێکی تر نەبوو کە بتوانێت لە ڕووی بەهاوە یەکسان بێت بە دەسەڵاتی ئەم حکومەتە ناوخۆییانە، بە واتایەکی تر بتوانێت ئەم دەسەڵاتە بێلایەن بکات و لە ڕووی هێزەوە هاوسەنگی دروست بکات.

بە بڕوای ئارێنت، خالی زیرەکانەی کرداری ئەمریکا ئەوەیە کە بە ئامانجی سنووردارکردنی دەسەڵاتی حکومەتە ناوخۆییەکان پەیڕەوی دەستووریان نەکردووە! بەڵکو بەجی ئەوە سەرچاوەیەکی نوێیان بۆ دەسەڵات دروست کرد بۆ بێلایەنکردنی دەسەڵاتی ئەم حکومەتە ناوخۆییانە. بۆیە ئارێنت نووسیویەتی:

"مەبەست لە دەستووری ئەمریکا سنووردارکردنی دەسەڵات نەبووە، بەڵکو دروستکردنی دامەزراوەی دەسەڵاتی زیاتر بووە کە بتوانێت بە شێوەیەکی دروست دەسەڵاتدار بێت؛ دەسەڵاتێک بۆ کەمکردنی دەسەڵاتی کۆماریی ویلایەتەکان. چونکە دەسەڵاتی ئەم حکومەتانە بۆ ناوچە بەرفراوانەکان جێبەجێ دەکرا.

کەواتە بیرۆکەی ئەمریکایکان ئەوە بوو کە دەسەڵات لامەرکەزی بکن و ڕێگری لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت بکن. دەیانگوت لەبری سەرچاوەیەکی دەسەڵات، ئێمە سەرچاوەی زیاترمان دەوێت بۆ دەسەڵات ، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە تەنها دەسەڵات دەتوانێت دەسەڵات کۆنترۆڵ بکات! هیچ یاسا و ڕێسایەک ناتوانێت دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکات! تەنانەت دەستووریش ناتوانێت دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت!

ڕاستییەکە ئەوەیە هیچ یاسا و ڕێسایەک ناتوانێت ڕێگری لە کۆمەڵێک چەکدار بکات کە بڕیاریان داوە ئەوەی خۆیان دەیانەوێت بیکەن! تاکە شتێک دەتوانێت دەسەڵات ڕابگرێت ئەوەیە کە سەرچاوەی تری دەسەڵات هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە!

بۆیە تاکە ڕێگا بۆ دروستکردنی کۆمارێکی ڕاستەقینە کە لە دەسەڵاتی یەکگرتووی حکومەت - کە خۆی جۆرێکە لە دیکتاتۆرییە - لە ڕێگەی فیدراڵیزمەوە مومکینە؛ سیستەمی فیدراڵی، کە بە بڕوای هانا ئارێنت، تاکە ڕێگایە بۆ گەرەنتی پێکهێنانی سیستەمێک کە لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی دامەزراوە، کە لە بەرامبەر هەڕەشەی یەکدەنگی و چڕبوونەوەی دەسەڵاتدا ناڕووخێت؛ وە سیستەمێک کە یەکپارچە و تاکڕەو نەبێت.

فریدریش هایک، ئابووریناسێکی نەمسایی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئابووری، کە کتێبی ڕێگای کۆیلایەتی نووسیوە، هەروەها لە کۆتا بابەتی کتێبی بەگشتی سەبارەت بە سیستەمی فیدراڵی وەک ڕێگەیەک بۆ دامەزراندنی ئازادی نووسیویەتی. بۆیە بە بڕوای ئارێنت و هایک، سیستەمی سیاسی گونجاو بۆ دامەزراندنی ئازادی، سیستەمێکی فیدراڵییە. هەر لەبەر ئەمەشە کە ئارێنت دەڵێت لە دوای شۆڕشی ئەمریکا ئەزموونێکی نوێ و چەمکێکی نوێی دەسەڵات دروست بوو.

بۆیە گرنگترین تێڕوانین کە ئارێنت لەم کتێبەدا هەوڵدەدات بیدات بە خوێنەر ئەوەیە کە ئەمریکییەکان لە گرنگی دەسەڵات و دامەزراوە ناوخۆییەکان تێدەگەن و لەبری ئەوەی هەوڵی سنووردارکردنیان بدەن بۆ ئەوەی بتوانن دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ بکەن، سەرچاوەی جیاوازی دەسەڵات دروست دەکەن. چونکە باوەڕیان بوو تەنها دەسەڵاتە کە دەتوانێت دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکات! نە یاسا و نە هیچ شتێکی تر ناتوانێت دەسەڵات کۆنتڕۆڵ بکات! هه موو ئه و کاره به مانای دامه زراندن و بناغەی ئازادی بوو بۆ زمانەتی ئازادی و بوو دابینکردنی ئازادی پێویست بۆ خه ڵک بۆ قسه کردن و ئه نجامدانی کاری گرنگ. ئەم جۆرە ئازادییە پێویستی بە دەسەڵات هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان پێکەوە هەنگاوی هاوبەش بگرنەبەر. وە لە هەمان کاتدا ئازادی پێویستی بەوەیە هیچ دەسەڵاتێک لە هێزەکانی تر باڵاتر نەبێت.

 

 

بەشی پێنجەم: بناغەی نەزمی نوێی سەردەمەکان

وەک وتمان بابەتەکانی بەشی چوارەم و پێنجەمی کتێبەکە زۆر لە یەک نزیکن. هەردوو بابەتەکە لە ناونیشانەکانیاندا باس لە دامەزراوە دەکەن. بەشی چوارەم باس لە دامەزراندنی ئازادی دەکات. دەڵێت چۆن ئازادی لە سیستەمی وڵاتێکدا جێگیر بکرێت و چارەسەریش ئەوە بوو کە دەسەڵاتی وڵاتێەکان بپارێزرێت. ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتە لە خوارەوە بۆ سەرەوە و پەیوەندی بە دەسەڵاتی دامودەزگاکان و حکومەتە ناوخۆییەکانەوە هەیە. لە جیاتی سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئەم دامەزراوانە و حکومەتە ناوخۆییەکان، چارەسەری ئەمریکا ئەوە بوو کە سەرچاوەی تری دەسەڵات دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم دەسەڵاتە میانڕەو بکات و ئەگەری دامەزراندنی حکومەتێکی یەکپارچە کە هەمان دیکتاتۆری بێت، نەهێڵێت.

کەواتە کاتێک وڵاتێە کۆلۆنیالیزمەکان لە کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا ڕا بوون، ئەوەی کردیان، یەکسەر چون دەستووری خۆیان نووسی. ئەم دەستوورە نوێیە نموونەی ئەو هەستە بوو کە ئەم کۆلۆنیالیستانە برانبەر بە مافەکانی خۆیان و توانای بەڕێوەبردنی خۆیان و حکومەتە ناوخۆییەکانیانن ئاگادارن و ئەوانیش بە پەسەندکردنی دەستوورەکەیان ئەم توانایەیان نیشان دا.

بۆیە ئەم ١٣ دەوڵەتە یەکەم دەستووری ئەمریکایان نووسی بە ناوی مادەکانی کۆنفیدڕاڵی. بەڵام ئەم دەستوورە سەرەتاییە دوای چەند ساڵێک شکستی هێنا. بۆچی؟ چونکە حکومەتی نیشتمانی یان ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین لە شێوەی حکومەتی فیدراڵیدا زۆر لاواز بوو. لە ڕاستیدا دەستوورەکەیان لە بنەڕەتدا بە شێوەیەک نووسراوە کە تا دەکرێت حکومەتی نیشتمانی بە لاوازی بمێنێتەوە. کێشەکە ئەوە بوو کە بە کردەوە هیچ دەسەڵاتێک نەبوو بۆ جێبەجێکردنی یاساکان و سیستەمەکی دادوەری بەهێز و سەربەخۆ نەبوو. کەواتە ئەم دەستوورە شکستی هێنا و دوای چەند ساڵێک ئەمجارە ئەمریکییەکان حکومەتێکی نوێیان دامەزراند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان دامەزراند.

ئەمریکییەکان وەک ئێمە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات دەترسان و دەیانویست ئەم ئەزموونە نوێیەی دەسەڵاتی خەڵک بپارێزن، ئەمجارەیان بۆ مەبەستێکی وا هەوڵی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتە ناوخۆییەکان نەدا تا لە پێناویا کێشەی دەستووری چارەسەربکرێت ، بەڵکو لەبری ئەوە ڕێگە بەم حکومەتە ناوخۆیانە درا که سەربەخۆیی و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن. کێشەی دەستوور ئەوە بوو کە ئەم حکومەتە ناوخۆییانە ئەوەندە بەهێز بوون کە حکومەتی نیشتمانی نەیتوانی هەماهەنگی لە نێوانیاندا بکات. لە ئەنجامدا کیشەی نێوان وەلایەتەکان ئەوەندە زۆر بوو کە بە کردەوە یەکێتییەکە لەناوچوو.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، خەڵک لەبری ئەوەی دەسەڵات لە حکومەتە ناوخۆییەکان وەربگرن (واتە لەبری سنووردارکردنیان)، پشت بە دەستوورەکەیان دەبەستن بۆ دروستکردنی دەسەڵاتێکی دیکە - کە پێی دەوترێت حکومەتی فیدراڵی - کە دەسەڵاتەکەی ویلایەتەکان دەترسێنێت، بەڵام نەک بە شێوەیەک کە بتوانێت دەسەڵاتی وەڵایەتەکان وەربگرێت. کەواتە ئەوەی لە کۆتاییدا ڕوویدا ئەوە بوو کە سەرچاوەی جیاواز و دژبەیەک بۆ دەسەڵات دروستکرا.

هانا ئارێنت دەڵێت سەرچاوەی جیاوازی دەسەڵاتی جیاواز و لامەرکەزی دروست بوو و بەم شێوە دەسەڵات توانی کۆنترۆڵی دەسەڵات بکات. ئەمەش هۆکاری دامەزراندنی ئازادییە لە ئەمریکا؛ ئەو ئازادییەی کە لەلایەک ئیمکانی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری ناوخۆی دابین دەکرد بۆ ئەوەی هەمووان دەستیان بە دەسەڵات بگات و لەلایەکی دیکەشەوە دەسەڵاتی خۆیان دەپاراست، بۆ ئەوەی هیچ کام لە دەسەڵاتەکان نەتوانن بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵ بن و لە ئەنجامدا ئازادی خەڵک لێیان وەربگرنەوە.

بۆیە هەیکەلی حکومەتی فیدراڵی هەمان دەستپێشخەری زیرەکانه بوو کە هانا ئارێنت لە بواری سیاسەتدا بۆ دامەزراندنی ئازادی بینی.

ئێستا دەڵێت ئەم دەسەڵاتە جیاوازانە، کە بە بڕوای هانا ئارێنت، ئەمریکا تاکە وڵات بوو لە جیهاندا کە به مانای ڕاستەقینە هەبووی، دەبێت دەسەڵاتی خۆیان لە کوێوە وەربگرن؟

دەسەڵات هێزێکە کە تۆ گوێڕایەڵی دەکەیت و گوێی لێدەگریت، نەک لەبەر ئەوەی قەناعەتت پێکرابێت و نەک لەبەر ئەوەی بە توندوتیژی بەسەرتدا سەپێنراوە، بەڵکو گوێی لێدەگریت چونکە مافێکی ڕەسەن و حاشا هەڵنەگرە.

بە درێژایی مێژوو دوو سەرچاوەی دەسەڵات هەبووە. یەکێکیان ئایین بوو. بۆ ئەوەی بە دروستی باوەڕ بە شتێک بکەیت. وە ئەوی دیکەش نەریت بوو؛ هەمان داب و نەریت.

بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا لەگەڵ گۆشەگیرکردنی ئایین و نەریت وەک سەرچاوەی ڕەوا بۆ دەسەڵات، سەرچاوەیکی تری دەسەڵات کە یەکڕیزی لە نێوان ئێمەدا دروستکرد، ئەوە بوو کە ڕێگە نەدەین سەرچاوەیک بۆ دەسەڵاتی موتلەق هەبێت! بۆیە پێویستە دەسەڵات بەردەوام بەبەرەکانی یەکتر بکات بۆ ئەوەی دەسەڵاتی یەکتر کەم وەکەن!

ڕاستییەکە ئەوەیە کە بە بڕوای هانا ئارێنت، ئەمریکییەکان لە دامەزراندنی ئازادی لە وڵاتەکەیاندا توانیان سەرکەوتوو بن ؛ واتە توانیان دەسەڵاتی خەڵک لە بەرامبەر دەسەڵاتی سیستەمدا بپارێزن. پاشان دەڵێت، زۆر باشە کە ئێمە دەسەڵات و ئازادیمان هەیە بەو شێوەیەی کە دەمانەوێت خۆمان بەڕێوەببەین. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە مرۆڤەکان بە هەر شێوەیەک بێت فانین. ئێمە ڕۆژێک دەمرین و بۆیە تەنها پێویستمان بە دەسەڵاتی قۆناغ به قۆناغ هەیە. پێویستمان بە سەقامگیرییە. ئەگەر هەر نەوەیەک کە دێتە سەر کار، بیەوێت هەموو جارێک بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەوەی جیلی پێشوو کردی نادادپەروەرانە یان هەڵە بووە، هەرگیز بە سەقامگیری ناگەین و ژیانی خەڵک ناتوانێ بەم شێوەیە بەرەو پێشەوە بچێت.

بۆیە هانا ئارێنت لێرەدا دەڵێت کێشەی سەردەمی مۆدێرنمان ئەوەیە کە چۆن کۆمەڵێک مرۆڤ دەتوانن دەسەڵاتێکی نوێ دروست بکەن کە سەرەڕای لەدەستدانی دەسەڵات ئایینی و نەریتی بەردەوام بێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ڕازیکردن یان توندوتیژی ببەن؟

ئارێنت دەڵێ لە شۆڕشی فەرەنسادا، شۆڕشگێڕان هەوڵیان دا شەریعەتی پیرۆز بکەنە بیانوو وە لە ڕێگەی پیرۆزی دینەوە وە لە لایەکی ترەوە تەنها پشت بەستن بە زانست، دەسەڵات دروست بکن. بەڵام ڕووی نەدا. سەرکەوتوو نەبون. تەنیا ئەمریکییەکان وەک تاکە گەلێک سەرکەوتوو بوون کە لە ڕێگەی شۆڕشەوە ئازادییان دەستکەوتووە، هەروەها سەرچاوەیەکی دیکەی دەسەڵات دروست بکەن کە نە دەسەڵاتی خۆی لە ئایین و نە لە نەریت و نە لە تەنیا پشتبەستن بە زانست (وەک فەرەنسییەکان) وەرئەگرێت. ئەوان لە ڕێگەی دەستوورەوە ئەم سەرچاوە نوێیەی دەسەڵاتیان دروست کرد.

هەر بۆیە ئارێنت دەڵێت گەلی ئەمریکا بە جۆرێک دەستووری خۆیان دەپەرستن! ئەمە دەستوورەکەیان بوو کە لە سەردەمێکدا دەسەڵاتی کتێبی پیرۆزی بۆ ئەوان هەبوو. ئەوە دەستوور بوو، تا ئەو کاتەی کە پابەندکەر بوو و تا ئەو کاتەی پەرستراو بوو، هێزی دروست کرد و سەقامگیری بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەخشی. شتێکی لەم جۆرە چۆن ڕوویدا و بۆچی ڕوویدا، بەشێکی بۆ ئێمە نادیارە، بەشێکیشی پەیوەندی بە زیرەکی و هوشمندیەوە هەیە.

بە بڕوای هانا ئارێنت، زیرەکییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دامەزرێنەرانی ئەمریکا نەیانویستووە جارێکی دیکە پەیڕەوی لە فێرکارییەکانی ڕۆسۆ بکەن، نەیانویستووە پەیڕەوی لە ئایین و شەریعەت بکەن، بەڵکو چاویان بەرەو ڕۆمای کۆن کردووە و بینیان کە بنەمای بنەڕەتییە لە حکومەتەکەیان ئەنجومەنی پیران و گەلی ڕۆما بوو.

لێکدانەوەی ئێمە بۆ حکومەتی ڕۆم ئەوەیە کە دەسەڵات لە گەلەوە هاتووە. خەڵک دەسەڵاتی یاسادانانی هەبوو، ئەنجومەنی پیرانیش دەسەڵاتی ڤیتۆکردنی هەبوو – دەیتوانی ڕەتی بکاتەوە. ئەنجومەنی پیرانی ڕۆم لە نوخبە و ئاغاکانی ئەو سەردەمە پێکهاتبوو. دەرئەنجامەکە ئەوە بوو کە ئەنجومەنی پیرانی ڕۆم توانی سەقامگیری دروست بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگا گۆڕانکاری لەناکاوی بەسەردا نەێت کە ڕەنگە مرۆڤەکان ئێستا و دواتر بەناوی دادپەروەرییەوە بیهێننە ئاراوە.

ئێستا، هانا ئارێنت دەڵێت، زیرەکی ئەمریکییەکان ئەوە بوو کە کورسی دەسەڵاتیان لە ئەنجومەنی پیرانەوە گۆڕی بۆ دادگای باڵا. ئێستا دادگای باڵا کە دەسەڵاتی نەبوو، دەسەڵاتی بەدەستهێنا و ئەرکەکەی ئەوە بوو دەستوور لێکبداتەوە، بەڵام نەک بەپێی پاڵنەر و بەرژەوەندیی دەسەڵات، نەک بە ناوی قازانجخوازییەوە، بەڵکو بەپێی ڕۆحی دەستوور لەو کاتەدا و لەو بارودۆخەی کە نووسراوە و بەپێی ئەو هۆکارەی کە یاساکە بۆی نووسراوە.

دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و بەپێی گیانی یاسا و ئاوڕدانەوە لە هەلومەرجی ئێستا دەستوور لێکدەداتەوە. زۆر سادەیە بڵێین کاری دادوەرەکانی دادگای باڵای ئەمریکا ئەوەیە خۆیان بخەنە شوێنی دامەزرێنەرانی ڕەسەنی ئەمریکا و خەیاڵ بکەن ئەگەر ئەو دامەزرێنەران ئەمڕۆ لە ژیاندا بونایە، لە دۆخێکی وادا ئێستا چ بڕیارێکیان دەدا ؟ بەم شێوەیە مەبەستی ڕەسەنی نووسینی یاساکە، مانەوە و هەروەها پیرۆزی پێدەدرێت و سەربەخۆ لە هەر سوودگەرایییەک، مرۆڤەکان لەگەڵ ڕۆحی یاسادا یەکدەگرن.

ئەمە دەستپێشخەرییەکی گەورەی ئەمریکایە بۆ دروستکردنی سەقامگیری لە کۆمەڵگادا. بۆیە هانا ئارێنت دەنووسێت:

"دەسەڵاتی ئەم کۆمارە تا دەستورەکەی بەپێی مەرج و ڕۆحی ئەو سەردەمەی کە نوسراوە، لێک بدرێتەوە، بە سەلامەتی دەمێنێتەوە."

بەم شێوەیە ڕێگای جێبەجێکردنی سەلیقە و بەرژەوەندی لە لێکدانەوەی یاسادا دادەخرێت و دادوەرەکان لەبری ئەوەی ببنە بڕیاردەر بۆ خەڵک، و پێویست بیت که خەڵک قەناع کن یان ناچاریان کن به قبوڵکردنی لێکدانەوەی خۆیان بۆ یاسا، زیاتر وەک خەڵک دەبینرێن ، کە بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی خەڵک، یاسا لێکدەدەنەوە.

بەم شێوەیە ڕێزگرتن لە یاسا و شەرعیەت و قبوڵکردنی دەپارێزرێت.

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

گەڕان بۆ بابەت