ما 2221 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

هەورەکان نزم و نزمتر دەبنەوە. قەلەڕەشەکانی باغی گشتی کتوپڕ هەموویان پێکەوە هەڵدەفڕن. درەختەکان لە ژێر فڕینی رەشیاندا وندەبن. بای باڵەکانیان، باران دەکا بە بێ ئەژمار وردەشەپۆل. رەنگە لە کۆبوونەوەیەکی پڕ لە بێدەنگیدا بەو ئاکامە گەیشتوون کە تەنیا رێگای دەربازبوون، ئاسمانی پشتی هەورەکانە. بە هاوڕێی کۆترم دەڵێم ئەها ئەوانیش پێشمان کەوتن... ئەها ئەوانیش رۆیشتن!

ژەنگاو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵانێکە کاتێک باران دەبارێ، هەموو شوێنێ بە توێژاڵێک لیتەی سوور لە چەشنی ژەنگ دادەپۆشرێ. قوڕاوێکی ژەنگاوی بە کۆڵان و بنجۆکاندا وەرێدەکەوێ و، تاقە چۆمەکەی شار دەکا بە لافاوێکی ترسناک کە سەرەڕای تەنکبوونەکەی وەها قووڵی دەنوێنێ کە کاتێک مرۆڤ لەسەر پردەکەوە لێی دەڕوانێ، ترسێکی سەیر سەرتاپای دادەگرێ. چەمەکە بە گرمە و لرفەیە. باران، مەستی قوڕاو و ژەنگاو، لەچاو هەر ساتێکی تر پێداگرترە لەسەر بارین. لەم کاتانەدا دانیشتووانی شار لە کۆڵان و شەقامەکان دەکشێنەوە و، روودەکەنەوە ماڵەوە. رادەوەستن تا باران کۆتایی بێت. جا گرینگ نیە چەندە دەخایەنێ.

ساڵانێکە هەوا لە دوو جۆر زیاتر نیە: یان تەپوتۆزێکی چڕی سوورباو دونیا دادەگرێ، هەوا وەها وشک و برینگ هەڵدەگەڕێ، هەناسەکێشان سەخت و دژوار دەبێ و قوڕگ دەبرژێتەوە، یان دەبێ بە بارانێکی وەها بەلێزمەی ژەنگاوی کە کەس جورئەتی دەرکەوتنی نابێ. بەم شێوەیە ژیان لەنێوان تۆز و ژەنگاودا دەمێنێتەوە.

بە کۆترەکەی هاوڕێم دەڵێم دەبێ بڕۆین، کاتی سەفەرە! کۆترەکەی هاوڕێم کە لە هەر کاتێکی تر سرکترە و، نیگا بێ ئۆقرەکانی بەرسەر هەموو شتەکانی دەورووبەریدا دەخشێنێ، وەڵامم ناداتەوە. بە پەنجە ئاماژە بە ئاسمان، چەمەکە و کۆڵانەکان دەکەم و، دەڵێم سەیرکە داخۆ ئەمە بەس نیە بۆ سەر هەڵگرتن و بۆ سەفەر؟

لە دوورەوە، لە حەوت تەبەقی ئاسمان دەنگی شریخەی هەورەتریشقە گوێی دونیا کەڕ دەکا. لە دەنکەبارانەوە بگرە هەتا خانووەکانی شار لەبەر هوروژمیدا دەلەرزێن. کۆتری هاوڕێم لادەکاتەوە و، لێم دەروانێ. وەک بڵێی دەڵێ سەفەر!... ئەویش بەم هەوایە!... ئەویش لەم کاتەدا!

ئەمجارە من وەڵامی نادەمەوە.

ئاسمان گرمەو هووڕیەتی و، پشتی پەنجەرەکان پڕە لە چاوە چاوەڕووانەکان. سەیرە، نازانم بۆ کۆترەکەی هاوڕێم لەمە تێناگا کە سەرئەنجام یان تەپ و تۆز دەمانکوژێ، یان لافاوی ژەنگاوەی لەگەڵ خۆی دەمانبا. نازانم بۆ تێناگا کە ئاکامی ژیان لەوەها شوێنێکدا تەنیا سەفەرە و سەری خۆ هەڵگرتن.

لەسەر پردەکەوە لە چۆمەکە دەڕوانم. لە ئاراستەکەی کە بەرەو باکووری رۆژئاوایە. لەسەفەرەکەی. زیاتر هەست بە تەنیایی دەکەم. بزەیەکی تاڵم دێتێ. ئەمجارە هاوڕێکەم، بەپێچەوانەی ویستی خۆم، گەمژە دێتە بەرچاوم.

چیاکانی دەوری شار بەدەرەوە نین. تەنیا تارماییان دیارە. ئەوانیش نوقمی هەورەتریشقە و ژەنگاو، چاوەڕووانن. تێدەگەم. رەنگە تەنیا چاوەڕووانییە دەتوانێ کۆتایی بە وەها دۆخێک بێنێ. لەسەر پردەکەوە بەرەو باغی گشتی شار کە باغێکی قەدیمی و یەکجار کۆنە تێدەپەڕم. ئاو تا گۆزینگم دێ. پێڵاوەکانم دەکەونە مەلە. بە خۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی بتوانم بگەمە ئەوێ و، لەسەر کورسییەکی بەردین دانیشم. لەو کورسییانەی هەتا ئەبەد بەبێ ئەوەی شتێکیان لێ بێ، دەتوانی چاوەڕوان بمێنیتەوە.

درەختە باڵابەرزەکان سوور سوور هەڵگەڕاون. بارانی ژەنگاوی بێ بەزەییانە دەیانشواتەوە. گوێم لە گریانی گەڵاکانە. گوێم لە سەرمای تا مۆخی جەستەی قەدەکانە. لەو سەرسەرە، لەناو لق و پۆپە بێ ئەژمارەکاندا چاوم لە قەلەڕەشەکانە. بە تەنیشت یەکترەوە هەڵکورماون، سەریان لەناو جەستەیاندا و بەو چاوە نیوەکراوانەوە... پڕ لە چاوەڕوانی. لافاو، زبڵەکانیشی لەگەڵ خۆی بردووە. قەلەڕەشەکان نازانم لێم دەڕوانن یان نا،... گرینگ نیە. هەر ئەوەندەی ریقنەیان لەگەڵ ژەنگاو بەسەر سەرمدا نەبارێ.

لە دوورەوە دەنگی گریان دێ. لە دەنگی منداڵ دەچێ. لە راستەکۆڵانەکەی ئەودیو باغەکە دەڕوانم. دڵنیام لە پشت یەکێک لەو پەنجەرە لێڵانەوەیە. منداڵێک کە بێتاقەتی کۆڵانە و، بێتاقەتی کایە.

لەرزێک دەنیشێتە جەستەم. سەرمامە. بەڵام گوێ نادەمێ. بە خۆم دەڵێم خۆ دەبێ لانیکەم کەسێک، ئا تاقە کەسێک بەدەرەوە بێت. جەستەم کۆدەکەمەوە، زیاتر بارانییەکەم لەخۆم دەئاڵێنم و خۆم کووڕدەکەمەوە. نازانم بۆ، بەڵام بەو ئاکامە دەگەم کە کۆترەکەی هاوڕێم راستی دەکرد، ئا، حەق بەو بوو.

کات، لام روون نیە. دونیا وەها لەنێوان شەو و رۆژدا گیری خواردووە کە نازانم کامیانە. تیشکی ژەنگاو، هەم هەتاوی کوشتووە و هەم تاریکایی شەو. وەک بڵێی دنکە تۆزەکان ئەو بڕە تیشکەی کە لە هەتاوەوە لەگەڵ خۆیان هەڵیانگرتووە، بەرینادەن و هێناویانە. ئەوەندەی کە باران لێیاندەستێنێ و، بە هەموو دونیادا لەکاتی شۆڕبوونەوەدا پەخش و بڵاوی دەکاتەوە. ئا، تیشکێک وەک هەتاو و وەک شەو. شتێک لەو نێوانەدا.

رادەبم. ئەمجارە بە گردەکەی شاردا سەردەکەوم. چیتر تەڕیی یان وشکی، مانای نەماوە. لێرە دونیا سوورترە و، هاواری ئاسمان بەگوڕتر. دەنگی هاژەی خۆفناکی چەمەکەیش روونتر دەگاتەگوێ.

بەلای چەپمدا قەڵایەکی چۆڵی کۆنە. کەس نازانێ هی چ سەردەم و ساڵانێکە. یەک دەڵێ هی کاتی عوسمانییەکانە و، یەکی تر دەڵێ هی سەردەمی قاجاڕەکان! بەڵگەشیان ئەوەیە کاتێک بەلایدا تێدەپەڕی، گوێت لەو دەنگانەیە کە تەنیا ئەو زەمانانە دەتتوانی گوێت لێیان بێ! دەنگی رۆحی ئەو سەربازانەی وا لەو قەڵایە بەرگرییان کرد و، هەر لەوێیش کوژران. وەک دەڵێن. دەنگە بێ کەلامەکان. ئەوەیکە چۆن دەنگی سەربازی عوسمانی و قاجاڕیش لێک جیادەکرانەوە، کەس نازانێ!

بە کۆتری هاوڕێم دەڵێم رەنگە تۆ رۆژێک بتوانی لەو دەنگانە تێبگەی. تەنیا بەو هۆکارەی کە ئەوان لە تۆ ناسڵەمێنەوە و، لەکاتی بوون و فڕینی تۆدا دەنگیان نەوی ناکەنەوە. هەڵبەت کۆتری هاوڕێم کە رقی لە رابردوو و لە مێژووە، قەت بەقسەی نەکردم و، قەت لەسەر دیوارێکی رووخاو یان نیوەڕووخاوی ئەو قەڵایە هەڵنەنیشت. وتی لێگەڕێ ئەوێ هی کووندەبەبووەکانە.

بەخۆم دەڵێم هەر ئەوەندەی تەنیا سەدان ساڵ لەوە پێش چەند مانگێک بژیامایە، دەمتوانی لەم رازە سەردەربێنم. دەمتوانی لە چپەچپی شاراوەی قەڵاکە تێگەیشتمایە. ئەوسا بیر لە سەدان ساڵ دەکەمەوە. ئەوەندە دوور و درێژ نایەنە بەرچاوم. لەناو رەنگی سوورباو و غەمگینی دونیا، هەر ئەوەندەی دەستم ببردایە دەمتوانی بگەمە ئەو سەری.

کۆتری هاوڕێم لە کولانەکەی، کە لە ژێر میچی شیروانییەکی کۆنی یەکێک لە ئیدارەکانی شارە، لای وایە ئەمجارە باران بەم زووانە وازناهێنێ و بەردەوام دەبێ. دەڵێ رەنگە قەت خۆشیشی نەکاتەوە. من دیسان بە چاوی سەفەر لێی دەڕوانمەوە. لەمە زیاتر، تێیشی دەگەیەنم کە چیتر تاقەتی پیاسەی ژێر بارانی ژەنگاویی ناو خیابان و کۆڵانەکانم نەماوە و، تەنیا لەبەر ئەوە لێرە ماومەتەوە. دیسان کۆتری هاوڕێم بە نیگا هەمیشەییەکانی لێم دەڕوانێتەوە.

هەورەکان نزم و نزمتر دەبنەوە. قەلەڕەشەکانی باغی گشتی کتوپڕ هەموویان پێکەوە هەڵدەفڕن. درەختەکان لە ژێر فڕینی رەشیاندا وندەبن. بای باڵەکانیان، باران دەکا بە بێ ئەژمار وردەشەپۆل. رەنگە لە کۆبوونەوەیەکی پڕ لە بێدەنگیدا بەو ئاکامە گەیشتوون کە تەنیا رێگای دەربازبوون، ئاسمانی پشتی هەورەکانە. بە هاوڕێی کۆترم دەڵێم ئەها ئەوانیش پێشمان کەوتن... ئەها ئەوانیش رۆیشتن!

نیگای هاوڕێکەم غەمگین دەبێ.

قەلەڕەشەکان بەدژواری بەرزو بەرزتر دەبنەوە. جەستەی خووساویان و، قورسایی باران ناهێڵن. هەتا دەتوانن زیاتر بەدەوری خۆیاندا پێچ و لوول دەخۆن. هەتا دێ دەوری فڕینیان فراوان و فراوانتر دەکەنەوە. سەرئەنجام دەگەنە هەورەکان. کە دووادانەیان بزردەبێ، چەخماخەی هەورەبرووسکەیەک چەند دانەیەکیان دەپێکێ و وەک دەنکە خەڵوز بەریاندەداتەوە. کەچی سەفەر بەردەوامە. هاوڕێی کۆترم راستی دەکرد!

هێشتا لە کۆڵانەکەی بەر قەڵا نەترازاوم کە چەند جوندییەک بە شمشێر و تفەنگەوە بەرم پێدەگرن. بە کڵاوی درێژ، پانتۆڵی فش، جووتێک پۆستاڵی بڵیند، کراسێکی شین بە نەوارێکی سوور بە سەر شانەوە، کەمەربەند و جووتێک قایش کە چەپ و راست بە سەر شان و ملیاندا هاتوونەتە خوارەوە، لە بەردەممدا قوت دەبنەوە. سمێڵە قنجەکانیان کە لە هی ناسرەددین شا دەکەن، خووساوی بەر باران وەها شۆڕ بوونەتەوە کە دەمیان ونبووە. کە دەدوێن مڵچە مڵچیان دێ. من کە لەبەر بارانی زۆر، ژمارەیانم بۆ لێکنادرێتەوە، هاواردەکەم کە تەنیا رێبوارێکم و بەس،... کە تەنیا بەتەمای ئەوەم کۆتری هاوڕێم بگەیەنمە ئەو قەناعەتەی دەبێ ملی رێگا بگرینەبەر و لێرە بۆ هەمیشە بڕۆین. دەڵێم کە سیخوڕی هیچ دەوڵەتێکی بێگانە نیم و، تەنیا ئەوەندەی کە ساڵانی ساڵە لێرە دەژیم و هەتا ئیستا قەت بیرم لە سەفەر و لە رۆیشتن نەکردۆتەوە. لەوەی کە پەشیمانم. سەربازەکان بە سەرسوڕمانەوە لێم دەڕوانن. باران شێتانە بە روخسار و بە جل و بەرگەکانیاندا دێتەخوار. ئەوسا دووان لەوانەی پێشەوە دەست دەبەن بۆ شمشێرەکانیان، رەنگە بۆ ئەوەی سەرم ببڕن کە کتوپڕ وەک مەقەبای تەڕ بەسەر خۆیاندا بەردەبنەوە و تێکدەتەپن. ئەوانی تر کە ئەمە دەبینن بەپەلە هەڵدێنەوە بۆ ناو قەڵاکەیان. دیسان دەنگی چپە دێ.

من کە لە مەترسییەکی مێژوویی ناکاو، رزگارم ببوو، بزەیەک دێتە سەرلێوانم و خۆشحاڵ لەوەی نەبوومە قوربانییەکی مێژوویی، ئارام بەو دیوی گردەکەی قەڵادا دادەگڕێم.

نازانم چەندەی تر سووڕامەوە. نازانم باران چەند رۆژ و چەند مانگی تری خایاند. هەر ئەوەندە دەزانم کە بەرەبەرە تاسەی تەپ و تۆزە سوورباوەکەم کردبوو. تاسەی رۆژانی تەنگیی هەناسە و وشکیی گەروو. ئارەزووی ئەو ساتانەی وا هەتاو لەگەڵ دنکە خۆڵەکاندا چاوشارکێی تیشکی دەکرد.

 بەخۆم دەڵێم رەنگە ئەوجا بتوانم کۆتری هاوڕێم بەو قەناعەتە بگەیەنم کە بڕۆین. دڵنیا لەوەی کە بارانیش سەرئەنجام کۆتایی دێ، بەلای باشووردا بادەدەمەوە. وەک دەڵێن هەورەکان یەکەم جار لەوێوە تەنک دەبن و، روو لە کەمی دەکەن. باشووری هەمیشە گەرم و، هەمیشە تەژی لە هەتاو. باشوورێک کە هێشتا لە ژێر لێزمەی قورسی بارانی ژەنگاویدا بەقورسی دەناڵێنێ و، بە دژواری هەناسە هەڵدەکێشێ.

کە دەگەم، کۆتری هاوڕێم هەستاوەتە سەرپێ و باڵە فڕێیەتی. هاواری لێدەکەم کە جارێکە دەبێ راوەستێ. دەڵێم ئەوەندە نیە قەلەڕەشەکانی باغی گشتی بەڕێکەوتوون. دەڵێم هاوڕێ، رێگا قەرەباڵغە!

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت