موحسین ئەمینزادە
بەکورتی، بە بڕوای هانا ئارێنت، بۆ درێژەدان بە گەیشتن بە ئازادی لە دوای هەر شۆڕشێک، پێویستی بە هەر دوو دامەزراوەی بەهێز و سەقامگیر هەیە کە بەرگری لە سەقامگیری بکەن یان بە واتایەکی تر مۆحافزەکار بن، هەروەها پێویستی بە دامەزراوە ناوچەییەکان هەیە لەگەڵ بازنەی چالاکییە ناوچەییەکان کە بەرگری لە گۆڕانکاری دەکەن، بەجۆرێک ئەو ئەزموونە نوێیەی کە گەنجینەی شۆڕشە پارێزراو بێت.
ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٩)
موحسین ئەمینزادە
بەشی شەشەم: نەریتی شۆڕشگێڕانە و گەنجینەی ونبووی
لە بەشی چوارەم و پێنجەمدا، هانا ئارێنت باسی دیدگای خۆی کرد سەبارەت بە دامەزراندنی سەرکەوتووانەی ئازادی لە ئەمریکای دوای شۆڕش. بۆیە گوتیشی بۆ دامەزراندنی ئازادی پێویستمان بە دەسەڵاتە. مرۆڤ بۆ ئەوەی دەسەڵات بدۆزێتەوە، پێویستە سەرچاویەک بۆ دەسەڵات دابمەزرێنێت. گوتمان دامەزراندنی دەسەڵات لە سەردەمی مۆدێرن دوای دابڕانی ئایین و نەریت و شکستی پشت بەستن بە تەنیا بە بناغەی زانستی کارێکی قورسە. بۆیە ئەمریکییەکان دەستووری خۆیان نووسی؛ گرنگییەکی زۆریان پێدا؛ وە دەستوور خۆی بوو بە ئاماژەیەک بۆ دەسەڵات. هەروەها پێکهێنانی دادگای باڵای سەربەخۆ، لێکدانەوەی دادگای باڵای دەستوور بوو بە ئاماژەیەکی تر بۆ دروستکردنی دەسەڵات.
ئەوەی پێدەچێت وابێت ئەوەیە کە مێژووی ئەمریکا ئەرێنی و بنیاتنەر بووە. وەک پێشتر وتمان هانا ئارێنت دەڵێت کۆیلایەتی یەکەم گوناهی ئەمریکییەکان بوو و دامەزرێنەرانی ئەمریکاش بێباک بویان گرنگ نەبوو، بە پشتگوێ خستنی ئازاری جەماوەری کۆیلە.
ڕوانگەیەک دەتوانێ ئەوە بێت کە ئەوەی لە بەشی چوارەم و پێنجەمدا وتراوە تەنها بۆچوونێکی لە ڕادەبەدەر گەشبینانە و ئێستا لەم کۆتا بەشەی کتێبەکەدا ئارێنت بۆچوونێکی ڕەشبینانە دەوروژێنێت و باس لە نیگەرانییەکانی بەردەوامیی ئازادی لە کۆمەڵگەی ئەمریکادا دەکات. هانا ئارێنت پێی وایە شۆڕشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئازادی ئەمڕۆ شکستی هێناوە و ئێستا دەمانەوێت زۆر بە کورتی ڕوونی بکەینەوە کە هۆکاری ئەو جۆرە بانگەشەیە چی بووە.
باشە ئارێنت باسی دادگای باڵای کرد. ئێستا باسی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەکات. ئەنجومەنی پیران ئۆرگانێکی بەهێزە کە خەڵک دەتوانن بۆچوونەکانیان تێدا دەرببڕن. بە بڕوای ئارێنت و دامەزرێنەرانی ئەمریکا، ئەنجومەنی پیران دامەزراوەیەکی مۆحافزەکارانەیە، وەک دادگای باڵا، کە جۆرێک لە سەقامگیری دروست دەکات؛ شوێنێکە کە بۆچوون و تێڕوانینی جیاواز لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەوە بەرز دەبێتەوە و هیچ ڕوانگەیەک ناتوانێت دیدگاکانی تر بترسێنێت یان سەرسام بکات. بەم هۆیەوە ئەم دامەزراوە زۆر گرنگە؛ ئاماژەیەکی هەمیشەیی بۆ چاودێریکردنی گرنگی دیموکراسی. کەواتە بە جۆرێک سەقامگیری بۆ هەمووان دروست دەکات؛ سەقامگیرییەک کە وەک دادگای باڵا وایە، بەڵام جۆرێکی ترە.
هەردوو ئەنجومەنی پیران و دادگای باڵا دامەزراوەیەکی مۆحافزەکارن و لە ئەزموونی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی ئازادیدا زۆر گرنگن. بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە هیچ دامەزراوەیەکی هەمیشەیی تر نییە کە شوێنیکی هەبێت بۆ پاراستنی پێداویستییەکانی دیکە کە بۆ بەردەوامیی دامەزراندنی ئازادی پێویستن. وەک چی؟
ئەوە ڕاستییەکە کە نەک تەنها پێویستت بە سەقامگیری هەیە، بەڵکو پێویستت بە دەرفەتێکە بۆ گۆڕانکاری و دروستکردنی شتێکی نوێ! لە زۆر ڕووەوە ئەم ڕۆحی تازەگەرییە ئەوەیە کە ئارێنت بە "گەنجینەی نەریتی شۆڕشگێڕانە" ناوی دەبات و پێی وایە ئازادی، وەک میراتێکی باوباپیرانمان، هیچ وەسیەتنامەیەکی پێ نەبەستراوەتەوە، ئینجا دەگاتە دەستمان! بەڵکو ئێمەین کە ئەم ئازادییە بەدەست دەهێنین و دواتر دەبێت بیدۆزینەوە، دەبێت بەپێی ئەو ئازادییە مامەڵە بکەین. زۆربەی ئەو شتانەی شۆڕشگێڕانی ئەمریکا لە پێشخستنی شۆڕشدا دیانمەزراند و فێربوون و ئەزموونیان کرد، ئەزموونی ئازادی بوو. ئەوە ڕاستە! بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە کاتێک ئامانجی تۆ لە شۆڕشدا دامەزراندنی ئازادییە و لە هەمان کاتدا ئەو سیستەمەی کە دەتەوێت دایبمەزرێنیت دامەزراوەی سەقامگیر و بەردەوامی هەیە بۆ دامەزراندنی ئازادی، ڕۆحی کارێکی لەو شێوەیە، بناغەیەکی لەو شێوەیە دژ بەیەک دەردەکەوێت و بەشێک لە "گەنجینەی شۆڕش" و ئەو "ڕۆحی شۆڕش"ه. بەشێک لە دروستکردنی شتێکی نوێ! ئەو بەشەی پەیوەندی بە بیرۆکەی ڕووخاندن و ئاوەدانکردنەوە هەبوو!
ئێستا ئەو کێشەیەی کە سەرهەڵدەدات ئەوەیە کە چۆن گونجان لە نێوان ئەم دوو حریفەدا دروست بکرێت - واتە سەقامگیری و نوێکردنەوە؟
ئارێنت بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکە ڕوو لە نووسینەکانی تۆماس جێفرسۆن دەکات. جێفرسۆن وتەیەکی بەناوبانگی هەیە و دەڵێت: "دارستانی ئازادی دەبێت لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر زیندوو بێت، بە خوێنی نیشتمانپەروەر و زالمان". ئەم بانگەشەیە کە دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ بە مانای شۆڕشی هەمیشەیی دێت؛ بەو مانایەی کە شۆڕشێک هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتوو بێت بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات شۆڕشەکانی تر ڕوو بدەن. ئەمە یەکێکە لەو ئارگیومێنتانەی کە زۆر کەس دەیخەنە ڕوو: کە شۆڕشەکان دەبێت بەردەوام بن و ئەمە ئەو باجەیە کە دەدرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو گەنجینەیەی کە لە دڵی شۆڕشێکەوە دێتە دەرەوە - ئەزموونی نوێکردنەوە. و ئەمەش بەو مانایەیە کە ناتوانرێت ئەزموونی نوێکردنەوە جێگیربکرێت.
پێشتر باسمان لە خواستی ئارێنت کرد بۆ دروستکردنی دامەزراوەی سەقامگیر و بەردەوام بۆ ئازادی و ئارێنتیش تەنیا نەبوو. لە سەردەمی هاوچەرخدا بیرمەندی دیکەش هەبوون کە هەمان خەمیان هەبووە. کەواتە ئەو پرسیارەی کە لە خۆیانیان کرد ئەوە بوو، ئایا ڕێگەیەک هەیە بۆ جێگیرکردنی ئەم بیرۆکەیە - ئەم ئەزموونەی نوێکردنەوەیە؟
هانا ئارێنت بەم شێوەیە باسی دەکات:
"بەڵام لەم کۆمارەدا [واتە ئەمریکا]، وەک ئەمڕۆ دەردەکەوێت، هیچ شوێنێکی سەلامەت و شوێنێک نەبوو بۆ پاراستنی بە تەواوی ئەو تایبەتمەندیانەی کە بۆ بنیاتنانی ئەم کۆمارە بەکارهێنران."
بە واتایەکی تر مەبەستی ئەوەیە کە لە دەستووردا هیچ شوێنێک نەبووە بۆ ئەوەی دامەزراوەیەکی تر ئازادی بەرقەرار بکات و بەم شێوەیە دەست بە ڕەخنەکانی دەکات.
دەڵێ ئەم دەستوورە، کە ئەوەندە شتی باشی لێ دەرچووە، ئەوەندە ماوە لەلایەن خەڵکەوە پەرستراوە، پیرۆز بووە، و سەرچاوەی دەسەڵات بووە؛ ئەنجومەنی پیران لە دڵیا هاتە دەرەوە - ئەنجومەنی پیرانێک کە کورسییەکانی سەقامگیر و بەهێزن و خەڵک دەتوانن لەوێدا بۆچوونەکانیان دەرببڕن؛ ئەو دەستوورەی دادگای باڵا لێی دەرچوو، کە سەرچاوەی دەسەڵاتی سەقامگیرە، لەگەڵ هەموو ئەمانە دامەزراوەیەکی سەقامگیری دروست نەکردووە کە بتوانێت سەرچاوەیەکی سەقامگیر بێت بۆ ئەم گەنجینەیە، ئەم سەرەتایە، بۆ دروستکردنی شتی نوێ.
ئەم پرسە ئارێنت دەهێنێتە سەر بیرۆکەی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕان.
ئەم بیرۆکە ڕۆشنگەرە دوا بەشی نوێترین کتێبی چاپکراوی ئارێنتە. ئەم بیرۆکەیە لە دەربڕینەکانی دیکەی نامەکانی جێفرسۆندا دەبینرێت، بەڵام جێفرسۆن ناوی لێنا "سیستەمی ناوچەیی" یان ward System.
بەڵام ئەم بیرۆکەیە دەربارەی چییە؟ جێفرسۆن لە نامەکانیدا نووسیویەتی، "پێویستە هەر ویلایەتێک دابەش بکەین بەسەر هەرێمە بچووکەکاندا کە نزیکەی دوو هەزار کەسی تێدابێت، هەریەک لەو ناوچانەش دامەزراوەیەکیان هەبێت بۆ ئەوەی خەڵک باس لە پرسەکانی ڕۆژ و شێوازی بەڕێوەبردنی هەرێمەکەی خۆیان بکەن". ئەرکی ئەم جۆرە دامەزراوانە چییە نابێت پێناسە بکرێت. چونکە ئەمە پرسێکە کە پێویستە بە کراوەیی بمێنێتەوە”.
ئارێنت هەروەها دەڵێت نابێت بڵێین ئەم دامەزراوانە چی بکەن، پێویستە ڕوانگەیەکی کراوە و قبوڵکراومان هەبێت بەرامبەریان. ئەوە دامەزراوەکان خۆیانن کە دەبێت بزانن دەیانەوێت چی بکەن. ئەمە ئاماژەیەکی بەردەوامە بۆ بڕیاردانی ناوچەیی کە خەڵک کۆدەبنەوە و قسە دەکەن بۆ ئەوەی تێبگەن کە دەبێت چ هەنگاوێک بۆ ناوچەکەیان بگرنەبەر. ناوەڕۆکی ئەم کارە تا دەکرێت کراوە بێت. ئەمە سیستەمێکی ناوچەییە لە ڕوانگەی جێفرسۆنەوە، کە بۆ دامەزراندنی ئازادی و پاراستنی گەنجینەی شۆڕش - واتە ئەزموونی تازەگەری - پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز و سەقامگیر هەیە.
پاشان هانا ئارێنت دێت و باس لە کەیسە کۆنکرێتی و مێژووییەکانی ئەو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕانە دەکات، وەک ئەو نموونانەی کە لە شۆڕشەکانی هەنگاریا و پاریس و ڕووسیادا ڕوویانداوە. ئارێنت دەڵێت هەموو شۆڕشەکان بەم شێوەیە دەست پێدەکەن، بەڵام دوواتر شکست دەهێنن. هۆکاری جۆراوجۆر هەیە بۆ شکستهێنانیان، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەم جۆرە ئەنجومەنە هەوڵ دەدەن چاودێری کارکردی حکومەت بکەن! لەبری ئەوەی زۆر بە سادەیی حوکمڕانی ناوچەی خۆیان بکەن!
بۆیە هانا ئارێنت تەنها لە حاڵەتێکدا ئەم پرسیارە بەجێدەهێڵێت کە بتوانرێت:
"دەتوانین شۆڕشێک بکەین کە بنەمای ئازادی بێت؟ ئایا دەتوانین ئەنجومەن، یان بە وتەی جێفرسۆن، دامەزراوەی ناوچەیی بەردەوام دابمەزرێنین کە ڕێگە بە ئازادی بدات بەردەوام بێت لە ژیان؟"
ئارێنت بەم پرسیارە کۆتایی بە کتێبەکە دەهێنێت و بە بۆچوونی ئەو ئەمریکا دامەزراوەیەکی لەو شێوەیەی دانەمەزراندووە و هەر بۆیەش مەترسی گەندەڵی لەسەرە. مەبەست لە گەندەڵی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی جێگای بەکارهێنانی دەسەڵاتیان نییە، بە تێپەڕبوونی کات زورتر لە گۆڕەپانی گشتی دەکشێنەوە و زیاتر بە تایبەتمەندی خۆیان سەرقاڵ دەبن و هەوڵی بەدواداچوونی ئامانج و بەرژەوەندییەکان دەدەن. لەبری بەشداریکردن لە گۆڕەپانی سیاسیدا، هەوڵدەدەن بە بەرتیلدان و ڕاکێشانی ئەو سیاسەتمەدارانەی کە شوێن بەرژەوەندییە کەسییەکانیان دەکەون، لە سیاسەتدا کاریگەر بن و هەموو ئەمانەش بە گەندەڵی دیموکراسی لە ئەمریکا و گەندەڵی کۆماری کۆتایی دێت.
بۆیە ئەمە بیرۆکەی ڕەشبینانەی ئارێندتە سەبارەت بە دۆخی کۆمار و دیموکراسی لە ئەمریکا و بیرۆکە گەشبینەکەی ئەوەیە کە ئەنجومەنە شۆڕشگێڕییەکان دەتوانن چارەسەری کاریگەر بن. ئارێنت پێی وایە ئەم دامەزراوە ناوچەییانە وەڵام دەدەنەوە و دەتوانن مۆدێلی سەقامگیر و بەردەوام بن بۆ ئازادی - یان دامەزراوەی ئازاد.
ئەنجام
ئەوەی بیستوتانە بەشی سێیەمی تەوەری "پەیوەندی نێوان شۆڕش و ئازادی لە ڕوانگەی 'هانا ئارێنت' ەوە بوو. بۆ ئەمە سەرچاوەی جیاوازمان هەبوو کە لە وەسفی هەر بەشێکدا نووسیمان.
بەکورتی، بە بڕوای هانا ئارێنت، بۆ درێژەدان بە گەیشتن بە ئازادی لە دوای هەر شۆڕشێک، پێویستی بە هەر دوو دامەزراوەی بەهێز و سەقامگیر هەیە کە بەرگری لە سەقامگیری بکەن یان بە واتایەکی تر مۆحافزەکار بن، هەروەها پێویستی بە دامەزراوە ناوچەییەکان هەیە لەگەڵ بازنەی چالاکییە ناوچەییەکان کە بەرگری لە گۆڕانکاری دەکەن، بەجۆرێک ئەو ئەزموونە نوێیەی کە گەنجینەی شۆڕشە پارێزراو بێت.
سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی که ئارێنت لە ژیانیدا هەیبوو، وەک زۆرێک لە فەیلەسوفەکان کەلێنێکی قووڵی لە نێوان باوەڕەکەی و پراکتیکەکەیدا نەبوو. چونکە فەلسەفەی خۆی ژیاوە. نیگەرانییەکانی بوون بە ئەزموونە ڕۆژانەی ژیانی.
ئەگەر ئارەزووی بابەتگەلێکی وەک فەلسەفەی سیاسیت هەیە، پێشنیار دەکەم کتێبەکانی "قەیرانی کۆمارییەکان"، "دۆخی مرۆڤ" و "لە نێوان ڕابردوو و داهاتوو" لە نووسینی هانا ئارێنت بخوێنیتەوە. بەڵام چاوەڕێی ئەوە مەکە ئەدەبیاتی هانا ئارێنت بە خێرایی بخوێنیتەوە و بڕۆیت. ئەدەبیاتی ئارێنت کلاسیکە و پێویستە بە وردی بخوێنرێتەوە.
سەرچاوەکان:
۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت
۲. کلابهاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاههای توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت
۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب