ما 409 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ماجید فاتحی

لە ناخمدا بیرمدەکردەوە ئێمەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆمان و بە ناوی پێشکەوتن لەبوارەکانی سەنعەت دا خەریکی دروستکردنی شتی وەک ئاپارتمان، شارسازی، کردنی ئاواییەکان بە شار، زەویخۆری و لەناوبردنی دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکانین. ماڤی گیانلەبەران و ئاژەڵانمان لە ناو بردووە. روومکردە سمۆرەی دارەوان، پێموت خۆم و مرۆڤەکانی وەکوو خۆم بە شەرمەزار دەزانم.

ئاواتی سمۆرەی دارەوان

ماجید فاتحی

رۆژێکی هاوین لە یەکێک لە دارستانەکانی سەر بە شاری بانە لە کەش و هەوایەکی ئێجگار گەرم و بێ سریوەی شنە بایێک کە ئاسمان لە بەر تەم و مژی خۆڵ دیار نەبوو، رۆژێک کە چاو چاوی نەدەدی و گژ و گیای زەردی پووش ئاسا ناو دارستانی تەنی‌بوو، سەر لێ شێواو و خەمگین لە داخی ئەو وەزعە بێ هیچ ئامانجێک رێم دەبری. دونیا چ دیمەنێکی ناشیرین و ناحەز و دڵ تەنگی هەبوو!

ئێجگار توڕە و دەونج بووم لە خۆم و مرۆڤەکانی وەکوو خۆم کە پاراستنی ژینگە، سروشت، دارستان و گیانلەبەرانمان لە بیر خۆ بردۆتەوە و، بەس خەریکی لە ناوبردنیان بووین.

بەم فیکر و خەیاڵەوە لە سەر بەردێکی تەختی ژێر داربەڕوویەک دانیشتم. هیز و هەناوم لێ بڕابوو و قێزم لەو وەزعە دەهاتەوە، پاڵم بە داربەڕووەکەوە دا. نازانم خەوم لێکەوت، یا وەکو خەیاڵ بوو کە سمورەیەکم دی لە داربەڕووەکە هاتەدەر و لە بەرامبەرم ڕاوستا. لێمی ڕووانی و لەناکاو هاتە قسە. پێی گوتم تۆش وەکو ئەو مرۆڤە ناحەزانەی تری کە دارستانیان نەهێشت و هەموویان بڕی!... رەگەزی وەکو منی سمۆرە و زۆر گیان لەبەری تریان لە ناو برد بۆ قازانجی کاتیی خۆیان!... بۆ ئێوەی مرۆڤ دانانیشن کەمێک بیر کەنەوە لەم رەوشت و کرداری خۆتان؟... ئاخر خۆ ئێمە پیش ئەوی ئێوە لەم دەوروبەرە پەیداتان بێت لێره بووین، ئەم سروشتە پیش هاتنی ئێوە زۆر جوان و خۆش بوو، «دارستانێکی چڕ و پڕ و بێ تەپ و توز و هەروەها سەر چاوەی کانییە پڕ لە ئاوەکان بوو... تا وەرزی گەڵارێزان گژ و گیا هەر سەوز بوو، هەروەها هیچ گیان لەبەرێک بە بێهۆ لە ناو نەدەچوو بێجگە لە زنجیرەی سروشتی کە ئەویش بە پێی پێویست بوو. ئەوتای ئێوەی مرۆڤ پەیدابوون، هەموو شتێکتان تێکداوە، بە ناوی پێشکەوتن و پیشەسازی بوونە باعسی لەناوچۆنی سەرچاوەی ئاو و کانییەکان، دارستانەکان، گیانلەبەران و سەرجەم شتە سروشتیەکان. مرۆڤی بێ رەحم دەزانێ ئەگەر دەستڕانەگرن ئێمەی کە ئێستا ماوین بەرگە ناگرین و دەبێتە هۆی لە ناوچوونی خۆتان،... دەزانن منداڵانی ئێوە بە سەر وەها کەلاوەیەکدا کە ئێوە بۆیان بەجێ دێڵن، دێنە ئەم دونیایە؟ بە راستی هیچ دەزانن هەر جۆرە گیانلەبەرێک بۆ ئەم سروشتە تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەر لە مێلورەیەکی بچووکەوە بگرە تاوەکو گیانلەبەرێکی ئێجگار گەورە؟ بۆ وێنە منی سمۆرە جیاواز لەوەی کە دەنکە بەڕووەکان سەرچاوەی ژیانم دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێتە هۆی چاندنی دووبارە و چەند بارەی دەنکە بەڕووەکان بۆ ژیانەوەی دارستان، یا وەکو شەمشەمەکوێرە، دەزانن ئەم گیانلەبەرە کاتێک دەنکە بەڕوو دەخوات بەس پێستەکەی سەرچاوەی ژیانیەتی و ئەسڵی دەنکەکە لەگەڵ مەتفوعی خۆی دائەنیتەوە و هەر ئەو مەتفوعە دەبێتە هۆی ئەوەی دەنکە بەڕووەکە جوانتر گەشە بکات. دەزانی کاتێک هەڵدەفڕێت دەنکەکان بۆ زۆر جێگا دەبا، بە راستی ئێوەی مرۆڤ دەزانن مشکەکوێرە بە کونکردنی زەوی لە ژیر عەرزدا دەبێتە هۆی کێڵانی زەوی و گەشەپێدان بە ڕەگ و ڕیشەی دارەکان، دەزانن بەراز زەوی دەکیڵی تاوەکو سەرچاوەی ژیانی خۆی تەرخان کا و لەگەڵ ئەم کارەدا ڕووی زەوی دەکیڵی؟... چەندان نموونەی تر کە دەتوانم ناوی بەرم کە دارستانەکان پێویستیی تایبەتیان بە گیانلەبەران هەیە.

سمورەکە هەر دەدواو و گلەیی لە مرۆڤ دەکرد. منیش بە سەرسامیەوە لێم دەروانی و گویم گرتبوو. لە هەمان کاتیشدا هەر چی زیاتر قێزم دەبووەوە لە خۆم و لە کەسانی وەک خۆم.

لە ناخمدا بیرمدەکردەوە ئێمەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆمان و بە ناوی پێشکەوتن لەبوارەکانی سەنعەت دا خەریکی دروستکردنی شتی وەک ئاپارتمان، شارسازی، کردنی ئاواییەکان بە شار، زەویخۆری و لەناوبردنی دارستانەکان و سەرچاوە سروشتییەکانین. ماڤی گیانلەبەران و ئاژەڵانمان لە ناو بردووە. روومکردە سمۆرەی دارەوان، پێموت خۆم و مرۆڤەکانی وەکوو خۆم بە شەرمەزار دەزانم لەبەرامبەر هەڵسوکەوتی نائینسانی خۆمان سەبارەت بە ژینگە و ماڤی ئێوە، سمورە گیان و هەموو ئاژەڵانی ناو دارستانەکان. ئێستا کەسانیک هەن بە ناوی ژینگەپارێز کە دەیانەوێت ژینگە بپارێزن و بە راستی زۆریان دڵسۆزن، زۆر جاریش بە داخەوە گیانی خۆیان لە دەستداوە.

بەدەم ئەم وتووێژە لە ناکاو وە خۆ هاتم، دێتم  لە سمورە خەبەرێک نییە، هەر خۆم بە تەنیا لە دارستاندام و رۆژ ئاوابووە، خۆزگە و هەزاران جار خۆزگە ئاواتی هەزاران گیانلەبەری وەکو سمورە بیتە دێ....

گەڕان بۆ بابەت