ما 10918 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

جاری وایە بایەک لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدەکا و، بۆنی خوا لەگەڵ خۆی دێنێ. بۆنەکە لەناو کەژاوەیەکدایە بە سەر کۆڵی سەد و چل و چوار هەزار رۆحەوە. بۆنەکە گەرمە و، و رۆحەکان سارد. زەوی دەیبەستێ و، درەختێک گوڵدەدا. بە خوا دەڵێم ئیتر ئەمجارە بە قسەت ناکەم! نا، بەقسەی ناکەم. جێ هەنگاوەکانم بەناو بەفرەکەدا درێژ و درێژتر دەبنەوە. هەوا ئەوەندە ساردە چاوم لە هەڵمی هەناسەی مردووەکانی ناو کەلاوەکانە. خوا لەگەڵ هەتاو دەکەوێتە گفتوگۆیەکەی گرژ و بێ پایانەوە.

دووامرۆڤ

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە دووای کارەساتەکە تەنیا فەرش و، وێنەیەک مابوونەوە. فەرشەکەم خستە بن باخەڵم و وێنەکەیش کە شووشەکەی لە پەرجوویەکی سەیردا نەشکابوو، بە دەستمەوە.

بەم شێوەیە، لە رابردوو تەنیا فەرشێک و لە بیرەوەرییەکان تەنیا وێنەیەک لەگەڵما مابوون. هەردووکیان بە کۆڵمەوە. ببورن، منیش مابووم. بە منەوە دەبووین بە سیان.

بە دەوری خۆممدا رووانی. بەس وێرانە و مژ و دووکەڵێک کە لێرەو لەوێ لە زەوی و لە کەلاوەکان بەرزدەبووەوە و، لە هەودا نەرم نەرم وندەبوو. دەرکەوتن و ونبوونێکی بەردەوام. دونیا، وێنەیەکی تر لە هەمان،... بەڵام بە شێوازێکی تر.

هەنگاوم هەڵگرت. ئێرە شوێنێک نەبوو بۆ مانەوە. مردووەکان بە نهێنی پاڵیان پێوە دەنام. دەنگە شاراوەکان بە سرتە دەیانگوت بڕۆ... ئێرە چیتر شوێنی تۆ نیە... بڕۆ،... لێرە مەمێنەوە!

رۆیشتم.

دۆزینەوەی رێگا لە ناو وێرانەدا ئاسان نیە. بگرە وەک خانووەکان، رێگایەکیش نەماوە. ئەوەی هەیە ئەو شوێنانەن وا کەلاوەکان بە جوانی دەستیان نەیگەیشتووەتێ. بەڵام گرینگ نیە،... گرینگ ئەوەیە هەنگاو دەجووڵێ.

هێشتا ئەوەندە دوور نەکەوتوومەتەوە، کە تێدەگەم نە شوێنێک هەیە بۆ گەیشتن و نە خودی رێگایش شوێنێکە بۆ مانەوە. فەرش لە کۆڵ و وێنە بە دەستەوە، لەشوێنی خۆم راوەستام. دیسان بە چواردەوری خۆمدا رووانیم. نا، ناکرێ لەسەر گۆی زەوی تەنیا یەک کەس مابێتەوە. دڵنیا لەمە، هەروا بێهودە هەنگاو هەڵدەگرمەوە. رۆیشتن، سەرئەنجام بە شوێنێکم دەگەیەنێ.

شەوانە لە مانگ دەڕوانم. گوێ لە بێدەنگیی سروشت دەگرم. لە بێتاقەتی لەگەڵ با دەدوێم. لەگەڵ کانی هەڵدەپەڕم. بە هەتاو دەڵێم گەر زەحمەت نیە هەرچی زانیاریی هەیە لەسەر جیهان بمداتێ. هەتاو باوێشک دەدات. مانگ دەگری.

بن باخەڵم دەسووتێتەوە. پەنجەکانم سست دەبن. جاری وایە فەرشەکە و وێنەکە دادەنێم و، هەر دوو دەستم دەکەم بە سێبەری چاوەکانم،... بەڵکوو شوێنێک ببینمەوە. بەڵکوو!

نە دەرگایەک بۆ لێدان و، نە پەنجەرەیەک بۆ رووانین. بۆنی تەنیایی، جەستەم دادەپۆشێ. شەوێک بە مردووەکانی سەر رێگا دەڵێم زۆریش خەمین نەبن، ژیان بە بێ ئەوان نە تامی نەماوە و نە مانا. مردووەکان دەمرنەوە. دەزانم خەمی من دەخۆن. بە خۆم دەڵێم تەنیا شتێکە کە بۆیان ماوەتەوە.

بە دەم رێگاوە، دەریا ماسیم دەداتێ، دارستان میوە و زەوی گەنم. بەشی تاقە مرۆڤێک ماوە،... بە خۆشییەوە،... هەر باشە. مار و مێرووی ژێر زەویش چاوەڕوانی منن کە رۆژێک منیش وەک دەریا، وەک دارستان و وەک زەوی بەخشەندە بم. رێگا دەڵێ ئەو رۆژە دوور نیە.

بەڵام نا، ژیان دەڵێ دووامرۆڤ نامرێ. یەعنی نابێ بمرێ. بڕواناکەم بە هەڵە گوێم لەم گوتە شاراوەیە بووبێ.

شەوانە لەسەر تاقە فەرشەکە رادەکشێم و، وێنەکەیش دەکەم بە سەرین. تا خەو دەمباتەوە بە ئەستێرەکان کایەدەکەم و، مانگ چەندین جار دەسڕمەوەو سەرلەنوێ دەیکێشمەوە. کە بەیانی لەخەو هەڵدەستم، سەرپەنجەکانم دەکزێنەوە. سووتاون. بۆکزیان لێدێ. شەوی دوواتر بێ ئەوەی هێشتا ساڕێژ بووبێتنەوە، دیسان دەست پێدەکەمەوە. خەیاڵ ناهێڵێ بخەوم. راستی کەی دەگەمەوە مرۆڤستان؟

رەنگە دیسان سەرەتای خڵقەت بێت. رەنگە من 'ئادەم'ێکی تر بم. ئادەمێک لە کۆتایی خڵقەتەوە. چاو بۆ خوا دەگێڕم، بۆ باخی عەدەن... بۆ حەواو و... بۆ گەڵایەکی دیکە. رەنگە دیسان زەوی پڕاوپڕی مرۆڤ بێتەوە... رەنگە. هەر ئەوەندەی درەختێکی سێو و مارێکی تر بێنەوە سەر رێگا. حەزم بە خەڵەتاندنێکی دیکەیە. بزەیەکم دێتێ. کەواتە رێگا زۆر بێ مانایش نیە.

جاری وایە ئاسمان سوور هەڵدەگەڕێ. گێژەڵووکە ئاسۆ دادەپۆشێ. تەمی تۆز، شینایی ئاسمان بزردەکا. جاری وایە لە پشت کەلاوەکانەوە دەنگی چپە دێت. رەنگە ئەو مردووانە بن وا لە کارەساتەکە دەربازبوون. ئەوانەی وا لە مرۆڤ دەترسن. یا لە بوونەوە بە مرۆڤ. ئاگام لە نیگای شاراوە و پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێیانە. بە خۆم دەڵێم ئەوانیش بەشێکن لە بوون، وازیان لێ بێنە! وازیان لێ دێنم.

جاری وایە بۆ رەوینەوەی بێتاقەتی، لەگەڵ وێنەکە دەدوێم. وێنەی خۆمە. هی سەردەمی لاویەتییە. ئەگەرچی هێشتا پیر نیم. پاڵم بە تاقەدرەختێکەوە داوە و لە پشت سەرمەوە شار دیارە. یەکێک لە هاوڕێکانم ئەم وێنەیەی کێشابوو. دێتەوە بیرم ئەو کاتە عاشق بووم. یەکەم ئەشقی ژیانم. جۆرێک لە خەم و پەرێشانی لە چاوەکان و لە حاڵەتمدا هەیە. بزەیەکم دێتێ. بەزەییم بە خۆمدا نایەتەوە. هەر ئەوەندەی ئەو کات نەمدەزانی کە زیاتر لە خەمی خۆشەویستی، خەمێکی تریش هەیە بەناوی 'زەوییەک و تەنیا مرۆڤێک'. لە شارەکەی پشت سەرم دەڕوانمەوە. هەمووی هەر خانوو و شەقام و کۆڵان. ئەو ساڵانەی وا وەک وێنەیەک بە پاکون پاککرانەوە.

بە وێنەکە دەڵێم داخۆ دەکرێ ئەوەی وا دەیبینی بۆم بگێڕیتەوە؟ دەڵێم زۆرم لەبیرنەماو،... بگرە هەر هیچم لەبیرنەماوە. وێنەکە دەڵێ کامێراکە بەدەست منەوە نەبوو... ببورە! لادەکەمەوە. راستی وێنەکێشەکە چی لێ بەسەرهات؟

بوورین... چ وشەیەکی بێمانا! من وەک دووامرۆڤ هیچ هەستێکی لەم چەشنەم تیا نیە. هەر ئەوەندەی رێگا، ئەم دووافەرشە و ئەم دوواوێنەیەم لە شوێنێک لەکۆڵ بکاتەوە. هەر ئەوەندەی بیگەیەنمە حەوایەک، منداڵەکانی لەسەری بێنێتە دونیاوە. ئیتر گرینگیش نیە قابیل هابیل دەکوژێتەوە یان نا. گرینگ بەردەوامیی ژیانە... ئەدی، بەردەوامیی ژیان. لە بەرەهووت کارەساتبارتر نیە،... قەت قەت!

کە پێڵاوەکانم دەدڕان، دەستم دەبرد جووتێکی ترم لە لاقی مردووەکان دەکردەوە. جاری وایش بوو بەتووش ئەو جووتە پێڵاوە ریزکراوانە دەبووم وا لەسەر رێگا ریزکرابوون! گوێم لە چپەیانە. هیوای سەرکەوتنم بۆدەخوازن. سوپاس هاوڕێیان... سوپاس!

جاری وایە بایەک لە رۆژهەڵاتەوە هەڵدەکا و، بۆنی خوا لەگەڵ خۆی دێنێ. بۆنەکە لەناو کەژاوەیەکدایە بە سەر کۆڵی سەد و چل و چوار هەزار رۆحەوە. بۆنەکە گەرمە و، و رۆحەکان سارد. زەوی دەیبەستێ و، درەختێک گوڵدەدا. بە خوا دەڵێم ئیتر ئەمجارە بە قسەت ناکەم! نا، بەقسەی ناکەم. جێ هەنگاوەکانم بەناو بەفرەکەدا درێژ و درێژتر دەبنەوە. هەوا ئەوەندە ساردە چاوم لە هەڵمی هەناسەی مردووەکانی ناو کەلاوەکانە. خوا لەگەڵ هەتاو دەکەوێتە گفتوگۆیەکەی گرژ و بێ پایانەوە.

بە من چی دەیەوێ چی لە دونیا بکاتەوە!

لەسەر لوتکەی کێوەکان دادەنیشم و لە دیمەنی بەردەمم دەڕوانم،... لە دوورەدەستەکان. بەپێچەوانەی پێش کارەساتەکە، هیچ هەستی تەنیاییم تیا چێ ناکەن. لە ژوورە نیوەڕووخاوەکاندا رۆژدەکەمەوە. هیچ هەستی خانووم تیا دروست ناکەن. هەموو شتێک بیانووە بۆ هیچ. هومێدێک تیام چەکەرە دەکا. لەبیرم دێ دەیانگوت شت ئەو ساتە دەقەومێ وا کەس چاوەڕووانی نیە. کەواتە ساتەکان کە لێوڕێژی هیچی خۆیان بوون، ئاوسی لەدایکبوونی بوون دەبن. بەیانییەک دەست لە شەپۆلە وردەکانی چۆمێک دەخەم و، باوەڕ بە روونی و گەشیی ئاو دێنمەوە. بزەیەک دەمگرێ.

دەڕۆم و دەڕۆم. ماوەیەکە هەست بە شتێک دەکەم. دڵنیام هەر من نیم. دڵنیام لە زۆر شوێن زۆر کەسی تر ماون. هەر ئەوەندەی بەتووش یەکترەوە نابین. لەناو کەلاوەکاندا کەس ناتوانێ پلان دابڕێژێ. چارمان نیە دەبێ بە رێکەوت بەتووش یەکترەوە بین. ئیستا زیاتر لەجاران چاو دەگێڕم. ئەوەندە وەڕەزو تامەزرۆی مرۆڤم کە ئامادەم بە تاقیکردنەوەی کارەساتێکی تریش بێت، بیانبینمەوە. هەنگاوەکانم خێراتر دەکەم.

ساڵی... دەگەمە بەر دەروازەیەکی رەشی گەورە. بۆنی مرۆڤ ئەوەندە چڕە، کە قوڵپی گریانێک بەربینگم دەگرێ. هۆڕە هۆڕە فرمێسک دەڕێژم. کتوپڕ هەست بە تەنیایی هەموو ئەم ساڵانە دەکەم. لە هەوڵی کردنەوەی، یاخود دۆزینەوەی کێلوونێک دەست و نیگای پیادەگێڕم. بێسوودە!  دەقیڕێنم، بەو هیوایەی گوێیان لێم بێت. دەڵێم لە کارەساتەوە هاتووم. دەڵێم لەمێژە بەڕیگاوەم و، چیتر تاقەتم نەماوە.

بێسوودە! دەنگی بۆشایی تا ئەوپەڕی سنوورەکانی بوون دەڕوا و دەگەڕێتەوە.

چوارمیلکە بۆی دادەنیشم. فەرشەکە لە تەنیشتمدا و، وێنەکە لەبەردەممدا. چاوەڕووانی رێگا دەمێنمەوە. رەنگە کارەسات، مرۆڤێکی تری لەبیرچووبێ. ئەگەرچی نازانم من بەختم هەبوو، یان ئەوانەی وا لە کارەساتەکەدا بەجێمان.

لە دەروازە رەشە گەورەکە دەڕوانم. بە خۆم دەڵێم دەروازە هەر بۆ داخستن نیە، بۆ کردنەوەیشە. دەڵێم هیچ مرۆڤێکیش لەو دیویەوە نەمابێ، جاری وایە دەروازە خۆی لەخۆیدا خولیای خۆکردنەوە دڵ و دەروونی دادەگرێ.

بایەک هەڵدەکا. بۆنی هەور و دەریا و دارستانەکان دێ. دەبێ بە شەستەباران و گرمە و هوڕێک نەبێتەوە. بە خۆم دەڵێم خوا لە تەنیایی زەوی تووڕەیە... لە تەنیایی منیش. بزەیەک رووم تێدەکاتەوە.

ناهومێد نیم. ئەم دەروازەیە رۆژێک خولیای کردنەوە، دەیکاتەوە. دڵنیام.

گەڕان بۆ بابەت