ما 3428 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

زمـانی رۆمـانی ملـوانکەی ئەفـسووناوی، زمـانێکی ئەدەبی کـوردی، پەتی و سووک و ئاسـان و شـیرینە، وشـەی بێـگانە و نامـۆی تـێـدا نیـیە، رسـتەکـان کـورتـن و خـوێنـەر هەناسەسوار نابێت. بە وردی پەیـڕەوی شوێنی دروستی خاڵـبەنـدییەکانی کـردوون. بۆ تەکـنیک و شـێوازی داڕشـتنەکەی، گونجـاوە بـۆ قـۆنـاغی هـەرزەکاری. ئـەم هـەمـوو خـاڵ ئەرێنیانە، بۆ بە تـوانـایی و شارەزایی و ئەزمـوونی چەند ساڵەی مامۆستا ئەمین محەمەد لە زمـان و نووسـینی بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان و هەرزەکـاران دەگەڕێتەوە.   

خوێنـدنەوەیەک بۆ رۆمـانی ملـوانکەی ئەفـسونـاوی

رەزا شـوان    


رۆمانی
(ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان، دووەم رۆمانی شاعیر و چیرۆکنووس و رۆمـانـنووسی ناسـراوی ئەدەبیـاتی منـداڵانی کـورد، مـامـۆسـتا (ئەمیـن محـەمـەد) ە. ئەم رۆمـانەی بـۆ هـەرزوکاران نووسیوە. (١٢) بەشە، (٩٢) لاپـەڕەی مامناوەنـدییە. چاپی یەکەمی لە چاپخانەی (پـانـدا) لە ساڵی (٢٠٢٤) دا چاپکـراوە. لە بڵاوکـراوەکانی دامەزراوەی کەریمی ئەلەکە یە، بە سپۆنسەری دارایی بەڕێـز دکتۆر (تەهـا رەسـووڵ)   چاپکـراوە، تیراژی (٥٠٠) دانـەیە. کوالـیتی دیـزایـنی بەرگ و وێنەکـان و چاپکـردن و جـۆری کاغـەزەکەی باشـن. چەپکەگـوڵی سوپاسم بـۆ مامۆستا ئەمـین محەمـەد، کە بە (پی دی ئێـف) رۆمـانەکەی بـۆم نـارد. جـوانـترین دەستخـۆشی و پـیرۆزبـایی لێـدەکەم.

رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی، لە ناونیشانەکەیەوە و لە سەرەتاوە بە ئەفسوون دەست پێـدەکـات، هـەر بـە ئەفـسوونیش چـارەسەری رووداوەکـان دەکـات و کۆتـایی دێـت. ئەم رۆمـانە، رۆمـانێکی خەیـاڵـيی فـانتـازییە، لە هەمانکاتیشدا رۆمانێکی خەیـاڵی زانستییە و رۆمانێکی داهاتـووە (جۆرێکە لە جۆرەکانی رۆمان). پێم باشە پێش ئەوەی بێمە سەر دەربـڕینی را و چەنـد تێبینی و سەرنجی تایبەتیم دەربارەی ئەم رۆمـانە. بە کورتی و بە چـڕی، پێناسەی رۆمـان و ئەفـسوون (جـادوو) و رۆمـانی فـانتـازیـا بـکەیـن.

رۆمـان مێـژووییەکی کـۆنی هـەیە، هـەزاران ساڵە هـاودەمی مـرۆڤـە. چەنـدیـن رۆمـان هـەن کـە مێـژوویان بـۆ پێـش زایـنی دەگـەڕێـنـەوە. بـۆ نمـوونـە: رۆمـانی گـلگـامـیش. رۆمانی مۆدێـریـن. لە سەدەی هەژدەمـدا، لە ئەوروپادا سەریهـەڵـدا. گەلێ گۆڕانکاریی بەسەر هـاتـووە. بەڵام تا ئەمـڕۆش پێگەی خـۆی لەنـاو جـورەکانی ئەدەبـدا پاراستووە.  مەرج و بنـەما سـەرەکـییەکـانی رۆمـانی هـەرزەکـاران، هـەمـان مەرجـەکـانی رۆمـانی گەورەکـانـن بە کەمێک جیـاوازی و تایبـەتمەنـدییەوە.   

رۆمـان، چ بۆ گەورەکان چ بۆ هـەرزەکاران، یەکـێکە لە هـونەرە ئەدەبیـیە مۆدێـرن و جـوان و فـرە بەربـڵاوەکـانی ئـەم سەردەمـە. ژانـرێکی گـرنگە لە ژانـرەکـانی ئـەدەب، هـونـەرێکی گـێڕانـەوەی خـەیـاڵـئامـێزی پەخـشان نـووسـراوی دوورودرێـژە. لەسـەر بنـەمـای خەیـاڵ دامـەزراوە، لە زنجـیرە ڕووداوێک یان زنجـیرە چـیرۆکـێکی یەک لە دوای یەک پێکهـاتـووە، کە رەگەزەکانی رۆمـان پـێکەوەی گـرێـداون. بەپێی رۆمانەکە پەیـڕەوی لە ریـزبەنـدی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکان دەکرێـت. کارەکتەرەکانی رۆمـان زۆرن و رووداوەکانی تێکهـەڵکـێشن. رۆمـان فـۆرم پـرۆژەیەکی زەبەلاحـە، نـووسینی رۆمان وەک دروستکردنی مـاڵ وایە. تا زیاتر بـڕازێـنرێتەوە و تاسولووس و تیـفـتـیـفە بـدرێـت جـوانـتر خـۆی دەنـوێـنـێـت. بـەڵام بە مەرجـێک درێـژدادڕی بـێـزارکەر نەبێـت.
رۆمان بەرهەمی ئەزموونی خەیاڵ و داهێنانی مرۆڤە. رۆماننووس توانای ئەوەی هەیە، کە خەیـاڵ و بیرۆکەکان و زادەی هـزر و پەیـام و رێنمـاییەکانی خـۆی کە باوەڕی پێیان هـەیە، لە چـوارچـێـوەی رووداوەکـانی رۆمـانـەکەیـدا دایـانبـڕێـژێـت و پەخـشی بـکات. رۆمـان بـۆ ئاسـانی و بـۆ بـێـزارنەبـوونی خـوێنـەر لە خـوێـنـدنـەوەی، دابەشـدەکـرێـت بـۆ چـەنـد بەشـێک، یـان ژمـارە بۆ بەشەکانی دادەنـرێـت.

گرنگـترین رەگەزە (توخـمە) پێکهـاتـووەکانی رۆمـان: خەیـاڵ، بیـرۆکە، بابـەت، گـرێ، پاڵەوان و کارەکتەرەکان ـ مەرج نییە کارەکتەرەکان مـرۆڤ بن، دەشێ ئاژەڵ و باڵندە و رووەک و شتی ئەفسانەیی خەیاڵی بن. بە تایبەتیش لە رۆمان بۆ هەرزەکاران ـ دیمەن و دیالۆگەکان، تەکـنیکی گێڕانەوە. هەر رۆماننووسێکیش شێوازی مامەڵەکردنی خـۆی هەیە لەگەڵ هەر رەگەزێک لەو رەگەزانە. لـێرەوە دەکرێت داهێنان لە رۆمانـدا بکرێت.

فـانتـازی بە خـەیـاڵ پـۆشـراوە. یەکـێکە لە فـاکـتەرەکانی جـیهـانی رۆمـان و چـیرۆک و هـونـەر. فـانتـازی لە ئەدەبـدا، بە شێوەیەکی ئەدەبی دەوترێـت، مەیـلی ئەوەی هـەیە کە لە داب و نەریتی باو دابـڕێت و لە راستییەکان رابکات و کاری لە لـۆژیک بەدەر بکات. رۆمـانی فـانتـازی، ئـەو رۆمـانەیە، کە رۆمـاننـووس بە پـلەی یەکـەم پشـت بە جیهـانی خەیاڵ دەبەستێت. رووداوەکانی لە جیهانێکی خەیاڵـیدا روودەدەن. لە سنوور و کۆت و پـێـوەنی لـۆژیـک خـۆی رزگـار دەکـات. خـوێنـەر بـۆ گـەشـتـێکی دژەبـاو دەبـات. ئـەم جیهـانە خەیاڵـییەش، لە داهـێنانی رۆماننووسە. بەڵام ئەم وەسـفە هـەمـوو رۆمانێکی فانتـازی ناگـرێتەوە، ئەگەر بە شـێوەیەکی هـونەری لە ژیـان بـڕوانـێت و وردبێـتەوە.
چـیرۆکـنووسی بەنـاوبـانگی منـداڵان، دکتـۆر (
سـیوس) دەڵـێـت:" فـانتازیـا بە تەواوی دیوەکەی تری عـەدەسەکەیە". فانتازیا نکووڵی لە بوونی ئازار و مەینەتییەکان ناکات. لەوانـەیە رۆمـاننـووس بۆ چارەسەرکـردنی کـێشەکانی جیهـان، بە شێوەیەکی هـێمایی خەیـاڵ بەکـاربهـێنـێـت. نووسـەری ئـوسـترالی، پسـپۆر لە ئـەدەبی منـداڵانـدا، خـاتـوو (کەیـت فـۆرسـت) دەڵـێـت:"فـانتـازیـا لـە چـیرۆکە ئەفـسانەییـەکـانـدا، وەک مـۆمـێکی داگیرساو دەدرەوشـێتەوە و دڕ بە تـاریکی دەدات. بەڵام گرنگـترین شـت ساتەوەخـتی روونـاکـیـترە، کە پـێمـان رادەگـەیەنـێـت، هـیوا و کـۆتـاییـە خـۆشـەکـان هـەن".

تایبەتمەندییەکانی رۆمانی فانتازی، رۆماننووس بە شێوەیەکی داهێنەرانە لە دەرەوەی ژیانی باودا، چارەسەری کێشەکان دەکات. بۆ گەیاندنی پەیام و هـێنانەدی ئامانجەکانی رۆمـانەکەی پشـت بە ئەفسوون (جـادوو) و شـتەکانی دەرەوەی سروشت دەبەستێـت. نموونەی رۆمانی فانتازی: رۆمانی (هـاری پۆتـەر) ە. لە نـووسینی جـوان رۆلـینگ.



ئەفـسوون (
جـادوو) بـریتیـیە لە بەکـارهـێنانی هـێزی نائـاسایی، بـۆ ئـەوەی بە خەیـاڵ شـتـێکی ئەستەم بکـرێت. ئەفسوون چالاکییەکە کە بەپێی ئەو کەسەی ئەنجامی دەدات، دۆخـێکی دیـاریکـراو دەگـۆڕێـت. مێـژووی ئەفـسوون بـۆ هـەزاران ساڵ دەگـەڕێتـەوە.
قسەکردن لەسەر ئەفـسوون، شتێکی پـڕوپـووچ و نامـۆ نییە. لە یادەوەریی کـولتووری کوردیدا، لە گەلێ چـیرۆکی رەسەنی ئەفـسانەیی و داستانە کورییەکان و حیکایەتەکاندا، کە هـەزاران ساڵە کورد دەیـانگـێڕێتـەوە. لە بەشێکی زۆریـانـدا، ئەفـسوون رەگەزێکە لە رەگەزەکـانی ئـەو چـیرۆکانە. بۆ نمـوونە چـیرۆکی (
پیـرەژن و چـەرخ و فـەلـەکەکە ئەفـسووناوییەکەی). تەنانەت لە رۆمانی (مـەم و زیـن) یشدا، ئەحـمەدی خـانی پەنـای بۆ ئەفـسوون بـردووە. لە کولـتوور و ئەدەبیاتی ئەفـسانەیی و نوێی هەموو گەلانیشدا ئەفـسوون بوونی هەبووە و هـەیە. ئەفـسوون لە ئەدەبـدا ئامانج نییە، بەڵکو هـۆیەکە بـۆ هـێنانـەدی ئامـانجی لە تـوانـابەدەر. لە هـەمـوو ئـاینـە ئاسمانییەکـانیشدا، جەخـت لەسەر بـوونی ئەفـسوون دەکـەن.
من خۆم لە ئەدەبـدا نەبێت، بـڕوام بە ئەفسوون و جادوو و فـاڵ و بـورجەکانیش نییە. ئەفـسوون بە سێ جـۆرە ناسـراوە: ئەفسوونی سپی و ئەفسوونی رەش و ئەفسوونی سوور. ئەفسوونی سپی بۆ کردەوەی چاک بەکاردەهـێنرێـت. ئەفسوونی رەش بۆ کارە خراپەکان بەکاردەهێنرێت. ئەفسوونی سوور بۆ چارەسەری کێشەکان بەکاردەهێنرێت. لەم رۆژانـەدا کەسانێکی زۆر، بۆ چارەسەرکـردنی کـێشەکـانیان، باوەڕیـان بە توانای سەرووی سـروشـتەوە هـەیە. ئەفـسوون لە رۆمـانـدا کـارێـکی هـەڕەمـەکی نیـیە. لە رۆمانی فانتازیـدا، ئەفـسوون نرخ و یاسا و دەستوور و مەرجی هـەیە. میکانـزمێکی گـەورەی رووبـەڕووبـوونەوەوەیە. بەبێ ئـەوەی یاساکانی سـروشـت پێـشـێـل بکات. بـۆیـە رۆمـانـنـووسی سـەرکـەوتـووی رۆمـانی فـانـتـازی، سـەبـارەت بـە چـۆنـیـەتی بەکارهێنانی ئەفسوون لە رۆماند لە کات و شوێنی خۆیدا. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکـییەکـان بە شێوەیـەکی دروست و تاڕادەیـەک باوەڕپێکـراوبێـت و لە راستییەوە نزیک بێت. پێویستی بە دەستوورێکی ئەفسوون و بە شێوازێکی نووسینی ورد هەیە.

رۆمـانی داهـاتـوو: جـۆرێـکە لە جـۆرەکـانی رۆمـان. کە رۆمـاننـووس تێـیـدا هـەوڵی پێشبینـیکـردنی رووداوەکـانی داهـاتـوو و داهـێـنانی ئـامێـری نـوێ دەدات. وەک ئـەو رۆمانانەی وێنەی داهـێنانەکان و گەیشـتنی مـرۆڤ بـۆ بـۆشـایی ئاسـمان و بـۆ سـەر هەسارەکان دەکات. ئەم رۆمانـانەش پشـت بە شێوازی خەیـاڵی فـراوان و بە وشـەی تـازە دەبـەسـتـێـت. ملـوانـەکەی ئەفـسوونـاوی رۆمـانێکی فانتـازی و داهـاتووشـە.      

دێینە سەر رۆمانی (ملوانکەی ئەفسوناوی) ی، بۆ مێردمنـداڵان، لە نووسینی مامۆستا ئەمـین محـەمـەد. پێمـوایە مامۆستا ئەمـین داهـێـنەر و رابـەری راستـیی سەرهـەڵـدانی رۆمـانی هـەرەزەکارانی کوردە لە کوردستانـدا. رۆمـانی یەکەمی بۆ هەرزەکاران (کچی دورگە بچکـۆلەکە) کە لە ساڵی (٢٠٢٢) دا، چاپیکـرد و بڵاوی کردەوە، نووسـەران و خوێنـەران پێشوازییەکی گەرمیـان لـەم رۆمـانـەی کـرد. بـوو بـە هـانـدان بۆ مامۆسـتا ئەمین. ئەزمـوون و شارەزاییەکی قـووڵـتر و باشـتری دەربـارەی نووسینی رۆمـان بۆ هەرزەکاران پێبەخشی. بۆیە رۆمانی دووەمی (ملوانکەی ئەفسوناوی) بۆ مێردمنداڵان بە تەکـنیک و بە ستایـلێکی جوانتر و پـڕ خەیاڵـیتر و فـانتازیتر و هـونەریتر نووسیوە.

رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی، رۆمانێکی خەیاڵیی فانتازییە، بە تام و چێژێکی کوردی. مامۆسـتا ئەمـین کـراسـێکی هـاودامـانی ئەفـسوونـاویی لەبـەر ئەم رۆمـانەی کـردووە. پاڵـەوانی سەرەکـیی ئـەم رۆمانە (
سـیـتا) یە. کە کچێکی ئەفـسانەیی پـرچ زێـڕیـنی زۆر چـالاک و گـورج و گـۆڵـبوو. کچـێکی نـاوازە و جیـاواز و لە تـوانابەدەربـوو. دەیتوانی هەموو شتێک بکات. خەیاڵ سەرتاپای ژیانی داپـۆشیبوو. سیتا کچێکی چاونەترسبوو. هـێمای چاکەخوازی بوو. نازناوی (کچە ئەستـێرە) شی هـەبـوو. ئەو خـۆشی رۆژێـک لە رۆژان یەکـێک بووە لە ئەستـێرەکـان، بە رێکەوت هـاتبووە سەر هەسارەی زەوی. خـۆی ئەم نهـێنیـیەی لای ئازا درکانـدبـوو.

ئەم رۆمانە ململانێیەکی سەختە، شەڕێکی گەورەی مان و نەمانە لەنێوان هـێزی خێر و هـێزی شەڕدا. هـێزی خـێر لە سیتادا کۆبـبووەوە، هـێزی شەڕ و بەدکاریش لە پیرەژنی جادووبـازدا بەرجەستەببـوو. هـەردوو لایـان تـوانـا و هـێزی ئەفـسووناوی و كاری لە توانابەدەریـان ئەنجـام دەدا. نازانـم بۆ زۆربەی ئەفسانەکان و چیرۆکە فـۆلکلۆرییەکان، زیـاتر پیـرەژن دەکـەن بە هــێمای جـادووبـازی و شـەڕانی و بەدکـاری. پێمـوایە ئەمـە ناڕەواییەکە دەرهـەق بە ژنان، ئەو سۆز و نیانی و میهـرەبانییەی لە ژناندا هەیە، بەو رادەیە لە پیاودا نییە. بەڵام لەم رۆمانەدا، رۆماننووس پیرەژنێکی تری (دایەگەورە) ی سەر هەسارەی شینی کردووە، بە فـریادڕەس و بە یارمەتیدانی سیتا بۆ رزگاربوون لە پیـرەژنی جـادووبـاز. بەشـێکی زۆری کـارەکـتەرەکـان، پیـرەژنی جـادووبـاز، جـادووی لێکـردبـوون و کـردبـوونی بە گیـانەوەوەرێـکی تر یان بە دڕکەزێ، بەشێکـیانـیشی لە ئەشکەوتەکەدا بەنـدکردبوون. ئازای لەناو گوێـزێکی گەورەدا بەندکردبوو، حەوت برا پاڵەوانەکەکەشی لەناو پرتەقـاڵێکـدا بەنـدکردبوون، دارکـونکەرەش هـاوڕێی ئازا بـوو، چاوشارێکـیان کردبـوو. کە ئازا لەناو گوێـزە گەورەکەدا خۆی شاردبووەوە، بەنـدکـرا، هـاوڕێکەی ئـازا کە بـبـوو بە دارکـونکەرە، وایدەزانی کە ئـازا لەنـاو دارەێـکـدا خـۆی شاردۆتەوە، بـۆیە شەو و رۆژ خـەریکی کونکـردنی دارەکـان بـوو و بۆ ئـازا دەگـەڕا. پۆلێک پەڕەسێلکەشی کەربوو بە دڕک زێ. هیچ گیانلەبەرێک نەیدەوێرا نزیکی بێتەوە. سـیتا بە هـۆی گوڵەئەستێرەکەیەوە، زۆریـانی رزگارکرد. ترسی گەورەیـان لە پیـرەژنی جادووبـاز بوو کە جادوویـان لـێـبکات. ژیـانی لە گیانلەبەرانی دارستانەکە تاڵ کردبـوو. پـرچـی ئـەوەنـدە درێـژبـوو، تـاڵـەکـانی پـرچـی وەک داو، لەنێـوان لـووتـکە چیـاکـانـدا دەنایەوە. پۆلـێک قازوقورینگ لە ئاسمانی دارستانەکەدا، بەسەر ئەو تاڵە جادوویانەدا  فـڕیبـوون. وەک رسـتە بـامێ وشک ببـونەوە.

ئەگەرچی بابـەتی مـلمـلانی لەنێـوان، چاکەخوازی و خـراپەخوازیـدا لەنێـوان ئاشتی و شـەڕدا، لەنێـوان روونـاکی و تاریکـیدا، شـتێکی تـازە نییە. بابـەتی سـەرکی زۆربـەی رۆمان و چیرۆک و ئەفسانە و داستانەکان و حـیکایـەتەکان بـوونە. بە زۆریـش هێزی چاکە و ئاشتی و روونـاکی، بەسەر هـێزی شـەڕ و خـراپە و تاریکـیدا سەردەکەوتووە. ئەم راستییانەش لە ئاینەکاندا رەنگـیان داوەتەوە. بۆ نموونە لە ئاینی (زەردەشـتی) دا.  ئاینی زەردەشتی لە سـەدە شەشی پێـش زاینی سەریهـەڵـدا. زەردەشت پەیامبەری خودا بـوو، یەکـتاپـەرسـت بـوو. وشـەی زەردەشت، زاراویـەکی کـۆنی کـوردییـە، بە مـانـای ئەستێرەیەکی روونـاک و دروشـاوە و جـوان دێـت. رۆگـەی زەردەشـتییەکان تیـشک و روونـاکییە. ئاینی زەردەشـتی لەسەر دوو بنـەمـا بنیاتـنراوە: یەکەمیـان (ئاهـورامەزدا) واتا خودای چاکە یان هـێزی چاکە. دووەمیان (ئەهـریمەن) بە مانای هـێزی شەڕ دێت. یۆنانییە کـۆنەکانیـش خوداوەنـدی ئاشتی و خـوداوەنـدی شەڕیان هەبـوو. هـەردەمیش پاڵـپشتیکارانی چـاکە و خـێرخوازی و ئاشتی و سـەرکەوتـن زیـاتـربـوونە.

نووسـەر بۆ رووداوەکانی ئەم رۆمـانە فانتازییەی، جیهـانێکی خەیـاڵی دروستکـردووە، کە دارستانێکی پـڕ لە دار و گوڵ و گوڵزار و چـیمەن و دڕک و داڵ و کـانی و روبـار و ئەشکەوت و دۆڵ و گـرد و چیـایە. پـڕە لە مێروولە و هەنگ و پەپوولە و خاڵخاڵۆکە و باڵندەی رەنگاوڕەنگ و سمۆرە و دارکونکەرە و کەروێشک و بەرخ و مەیموون و بۆق و ژیشک و زەرافـە و فیـل و ئەژدیهـای حەوت سەری رەنگاوڕەنگ و قـازوقـورینگ و مـاسی و دێـوی زەبـەلاح و گیانلەبەر و حەشـامـاتی تـر. لە رۆمـانـدا نەبێـت، لە کـوێـدا ئەژدیهـای حەوت رەنگ و حـەوت سەر هەیە، کە هـەریـەکە و گـۆرانی بە ئاوازێـکەوە دەڵـێت. لەم رۆمانەدا کـۆمەڵـێـک کارەکـتەری سـەرەکی و لاوەکی هـەن، سەرەکـییەکان وەک: سیتا و هـاوهەمانگـیکارانی، ئازای هـاوڕیی و حـەوت بـرا پاڵـەوانـەکە و ریتـا و دایـەگەورەی دانیشتووی سەر هەسارەی شین. پیـرەژنی جادووبـاز و دێـوی زەبـەلاح.

مامۆسـتا ئەمـین، نووسـەری ملـوانکەی ئەفـسونـاوی، باکگـراونـدێکی رۆشـنبـیری و زانیاری و زانستی گـشتی و خەیـاڵێکی فـراوانی هـەیە. سەرتاپـای گەردوونی خستۆتە ژێـر رکـێفی رۆمـانەکەی و ئاستەم لە بەردەم سـیتای پاڵەوانی چـیرۆکەکەیـدا نیـیە. بە سەر پەیژەی ویست و هیوادا بۆ لای دایەگەورەی سەر هەسارەی شین سەردەکەوێت. ئەگەرچی تا ئەمڕۆ ئەو راستییە پشتڕاست نەکراوەتەوە، کە ژیان لەسەر هەسارەکانی تـردا هەبێت و یان دەفـری فـڕیـو لەسەر زەویـدا بینرابێـت. ئەمە تەنیا خەیاڵ و قسە و باسـە. بەڵام نووسەران دەتـوانن جیهـانێکی خەیـاڵی دروست بکەن و پێشبینی داهاتوو بـکەن و بە تـاڵی خەیـاڵ، زەوی و هـەمـوو هـەسەرەکانی گـەردوون پێکەوە ببـەستن.

"ریتـا"ی کەشتییەوانی ئاسمانیی هـەسارە شین، کە جـەسـتەیەکی تایبەتی هـەیە، سێ جار بە کەشتییەک لە هـەسارەی شینەوە، هـات بـۆ سـەر هـەسـارەی زەوی و لەسـەر گردەکەی ناو دارستانەکەدا، دادەبزێت و لەگەڵ سیتا و ئازا دەبن بە هاوڕێ و بەهەمان زمان قسەدەکەن. ریتا لە گەشتی دووەمیدا، ملـوانکەیەکی ئەفسونـاوی دەنک گەورەی یاقـووتی، پێشکەشی سیتای کرد، کە هـەر مـووروویـەکی لە ئەستێرەیەکەوە هـێناوە. دەنکە سەوزە گەورەکەی ئەفسووناوییەکی تایبەتییە، لە هەسارەیەکی زۆر دەگمەنەوە هـێناوێتی، هـەرکەسێک پەنجـەی لەسەر دابنێـت و بڵـێـت:"هـەسارە دەگـمەنەکە تکـایە هاوکاریم بکە" یەکسەر ملوانکەکە دادەگیرسێت و دەبێت بە پەیژە لەنێوان هەسارەکاندا. بەبێ تـرس دەتـوانێـت پێـدا سەربکەوێـت. دەبینرێت بەڵام کەس ناتـوانێـت بیگـرێت. ئەم ئـەم ملـوانـکە ئەفـسـونـاوییـە، دایـەگـەورەی سـەر هـەسـارەی شـیـن، بـە چـل سـاڵ بـە هـاوکاریی دانیشتوانەکەی بە تـاڵـێک لە قـژێ پـرچی خـۆی هـۆنیـویتـەوە. دەنکـێکی لێ دەپەڕی و نەیان دۆزییەوە. ئەو دەنکەش، گوڵەئەسـتێرەیەیە، کە کەوتبـووە لای سـیـتا. لە دواییدا دەیبات بۆ لای دایەگەورە و دەیکات بە ملوانکە ئەفـسوناوییەکەوە. سیتا دوو جار چوو بۆ لای دایە گەورە لەسەر هەسارەی شین. دواجار بۆ ئەوە چـوو کە یارمەتی بدات بۆ رزگاربوون لە پیرەژنە جادووبازەکە. دایەگەورە بە تاڵێک لە قـژی خۆی، سیتا دەبەستێت بە خۆیەوە. پـلانی چۆنیەتی رزگاربوون لە پیرەژنی جادووبـاز بۆی دادەنێت. کلـیلی نهـێنی پلانەکەش ئەمەیە: (کچە ئەستێرەکە، دایەگەورە، هەسارەشینەکە) یە. بە کـورتی لەکـوتـاییـدا، بـە هـۆی ئـەم پـلانـە ئەفـسـوونـاوییـەوە، سـیـتا بەسـەر پیـرەژنـە جادووبازەکەدا سەردەکەوێـت. پیـرەژنە جـادووبازەکە هەڵدەداتە ناو ئەشکەوتێکی سـەر هـەسارەی سێیەم و سێ جار دەڵێت:"ئەشکەوتە رەشەکە ئەم بەڵایـە بە تۆ دەسـپێرم." دەرگـای ئەشکەوتـەکە دادەخـات و فـوویەک دەکات. بێجـگە لە پەڵـەیـەکی رەش هـیچ شوێنەوارێکی دیارنامێنێـت. کە دەگەڕێتەوە بۆ هەسارەکەی خۆی هەمووشتێ ئاسایی بۆتەوە. حەوت بـرا پاڵەوانەکە، بـوونەوە بە ئەستیرەی حـەوتەوانە و چـوونەتەوە بۆ ئاسمان. ئەستێرەی کاروان کـوژە و دێـوە زەبـەلاحەکەی نـاو بیـرەکە، بێجگە لە خۆم، کەس نازانێـت بۆ کـوێ رایـان کـردووە.

لێرەدا رۆمانی ملـوانکەی ئەفـسوناوی کۆتایی هـات. بەڵام هەموو رووداو و کێشەکان چارەسەر نەکراون. رەنگە رۆماننووس دەستەوستان دانەنیشێت و لە رۆمـانێکی تری خەیـاڵی فانتازیـدا، چارەسەری بەشێکی تـریان بکات و بە بیانخاتە بەردەم خوێنـەران.

رۆماننووس هـێمایەکی زۆری بەکارهـێناون، هـەریەکە لە کارەکتەرەکانی هـێمایەکن بۆ مەبـەسـتێکی راستی، لەپـاڵ هـەر رسـتە و بەشـێکـدا، مەبـەستـێکی تێـدایە، پێـویسـتە خوێنەر بیر لە مەبەستە خوازراو و شارەوەکانی دیوەکەی تری رۆمانەکەی بکات. هەر وەک چـۆن گـورگ هـێمای دڕنـدەیی و زۆردارییە. هەروەهـاش پیـرەژنە جادووبازەکە هـێمای بەدکاری و زۆرداری و ستەم و دوژمنی ئازادی و ئاشتییە. میروولەکان هێمای کۆمەڵـگایەکی نموونەیی تەبایی و تێکـۆشەر و کۆڵـنەدە و دووربـین و یاساپەروەرن. وەک چۆن دەڵێن (واتای شیعر لە دڵی شاعـیر دایە) زۆر واتا و مەبەست لەم رۆمانەدا هـەیە، دەشێت خوێنـەر لـێیان تێ نەگـات. مەگەر رۆماننووس خۆی ئاشکـرایان بکات. کـۆمەڵـێک هـێـمای نەتـەوەیی و نیـشـتـمانی و سـیاسیی و کارەسـاتی لەخـۆگـرتـوون.
رۆمـاننـووس بە وردی کارەکتەرەکـانی هـەڵـبژاردوون، بە وردیـش مامـەڵـەی لەگەڵ رۆڵەکانیانـدا کردووە. بە سەرکەوتـن و چارەسەرکـردنی کـێشەکان کۆتـایی پێهـێناوە.  

زمـانی رۆمـانی ملـوانکەی ئەفـسووناوی، زمـانێکی ئەدەبی کـوردی، پەتی و سووک و ئاسـان و شـیرینە، وشـەی بێـگانە و نامـۆی تـێـدا نیـیە، رسـتەکـان کـورتـن و خـوێنـەر هەناسەسوار نابێت. بە وردی پەیـڕەوی شوێنی دروستی خاڵـبەنـدییەکانی کـردوون. بۆ تەکـنیک و شـێوازی داڕشـتنەکەی، گونجـاوە بـۆ قـۆنـاغی هـەرزەکاری. ئـەم هـەمـوو خـاڵ ئەرێنیانە، بۆ بە تـوانـایی و شارەزایی و ئەزمـوونی چەند ساڵەی مامۆستا ئەمین محەمەد لە زمـان و نووسـینی بـواری ئەدەبیاتی منـداڵان و هەرزەکـاران دەگەڕێتەوە.   

بۆچی رۆمانووس (ئەستێرەی شین) ی هەڵبژاردووە؟ پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی لە زانیـاری و زانستی دەربـارەی هەسارەکـانی گـەردوون. لە راستییدا هەسارەی شـین، یەک هەسارە نییە، کۆمەڵێک هەسارەی شینن. لە ساڵی (٢٠١٢)دا، تیمێک لە زانایانی ئەستێرەناسی ئەمریکی، لە زانکـۆی کالـیفـۆرنیا، بە هـۆی تەلـیسکـۆپی "هـابیـل" ەوە. هـەسـارەیـەکی شـیـنی زەبـەلاحی گـەش و درەوشـاوەی زۆر دووریـان دۆزیـیەوە، کـە دەکەوێتە نـزیکەی ناواڕاستی گەردوونەوە. ناویان لێنا (ئیکارۆس) بەناوی پاڵەوانێکی ئەفـسانەیی یۆنانی کـۆنەوە. ئـەم هـەسارەیـە (٩) مـلـیـار ساڵی تیـشکی لە زەوییـەوە دوورە. (٣٠) جـار لە قـەوارەی خـۆر گـەورەتـرە. (١٧٣٣) جـار لە قـەوارەی زەوی گەورەترە. پلەی گەرمیی لەسەر روویدا، دەگاتە (٣٥) هەزار پـلەی سەدی. هەندێ لە هەسارە شینەکان، شەوان بە هـۆی گەورەیی و درەوشانەوەیان، لە زەوییـەوە بە چاو دەبیـنرێـن.

زامـوا: لۆلۆییەکان کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی گەلی کوردی ئەمڕۆ، (٤٣٠٠) ساڵ بەر لە ئـێستا، لە ناوچـەی (میـزۆپـۆتـامـیا) بە تـایبـەتی لە خـواووی گـۆمی ورمـێ و زێـی بچـووک و شـارەزوور و زەهـاودا، تا نـزیکی شـاری کەرکـوک، دەوڵـەتێکی کوردییان دامـەزرانـد. لە سـەردەمی ئـاشـووریـیـەکـانـدا بـەو نـاوچـەیـەیـان دەوت (زامـوا). بـە گـشتی پارێـزگای ئێـستای سـلـێمـانی دەگـرێتەوە، کە نیـشــتمانی لـۆلـۆیـیـەکـان بـوو.

رۆمـاننـووس لـە دوالاپـەڕە و لـە بـەرگـی دووەمـی رۆمـانـەکـەیـدا، نـووسـیـوێـتی:
(ملـوانکەی ئەفسونـاوی رۆمـانێکی تایبـەت بە مـێردمنـداڵانە، بەشـێکە لە کـتێـبـێکی گـەورە بە ناونیـشانی یاداشـتەکـانی ریتـای ئەستـێرە شـیـنەکە، دەڵـێن گـوایە نـزیکەی حەوت سـەد س
اڵ پێش زایـن لە لایەن یەکـێک لە بوونـەوەرە ئاسمانییەکـانەوە لەسەر پێستی شەمشمەکوێـرە نووسراوە، ئەم کـتێبە دەست نووسە. لەلایەن پـرۆفیسۆرێکی شوێنەوارناسەوە بە نـاوی (ئەمـین محەمـەد) لە ساڵی دوو هـەزا و بیـست و سێ لە وڵاتـی زامـوا لـە ئـەشـکەوتـێکـدا دۆزراوەتـەوە. (وڵاتـی زامـوا شـانـشـیـنـێکی ئـەم هـەسـارەیـەیە. مێـژوونـووسـێک دەڵـێ بـە هـۆی نـاکـۆکی نـاوخـۆوە لەنـاوچـوە).

مەبەستی رۆمـاننووس لە شانشینی زامـوا، ئیمـپراتـۆریەتی میـدیـایە، کە حەوت سەد سـاڵ پێـش زاینی دامـەزرا. بە هـۆی ناکـۆکی و ناپـاکـیـیەوە. بە دەستی ساسانییـەکان کـۆتـایی هـات. ئەگـەرچـی ساسانییـەکـانیـش بە ڕەچـەڵـەک فـارس نیـن کـوردن.

بە رای مـن، ملـوانکەی ئەفـسونـاوی، لە هەمـوو روویـەکەوە رۆمـانـێکی خەیـاڵـیی فـانتازیی نـاوازە و تـازەی جیاوازە بۆ هـەرزەکارانی کوردمان. مـن وام پێ باشـە کە بیست و پێـنج دانـەی لـێبـدرێـت بە بیـست و پـێنج هـەرزەکاری خـۆێنـەری کـورد، تا بیخـوێننەوە و لە کۆڕێکـدا را و بـۆچـوونەکانی خۆیـان دەربارەی رۆمانەکە دەرببڕن.

دووبارە جـوانترین پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە پـرۆفـیسۆر (ئەمـین محەمەد) دەکەم.



گەڕان بۆ بابەت