ما 2161 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەسوڵ سەفەریانی

با بزانی خوێنخۆری هار

ئێمە وەکو گیای بەهار

پتەوتر و بەهێزتر و چڕتر دەبین

بە کوشتن،

بە پەت، بە بەند، بە سێدار

لەو رۆژەوە کە تۆ ھاتی

رەسوڵ سەفەریانی

 

لەو رۆژەوە کە تۆ ھاتی

عابای پیست

بەسەر خۆری ژنا درا و

بەری بە تیشکی قژیان گرت

کە تۆ ھاتی

کتێب نەما لاڵی نەکەن،

وشە نەما باڵی نەکەن

کە تۆ ھاتی

خۆ  شی بڕاوە لە 'خۆ'

شین ھاتووە کەوتووەتە خۆ

لەگەڵ تۆمە

ھەورە رەشەی بەری ھەتاو

بە ھاتنت دڕکی درۆ کرایە باو

لە ئینجانەی ھەموو باسێک

تەنیا ئەوە ئەدا لە چاو

لەو رۆژەوە کە ناوی تۆ کەوتە نێوشار

ھەر سەرمانە و رایدەکێشی بۆ سەری دار

لەگەڵ تۆدا مزگەوت بوو بە قاڵاوخانە

رۆژێک نییە لەگەڵ بانگی بەیانیدا

چەندین جەستە نەبنە تەرم و

لە گوێی حەوزی مزگەوتێکا نەدرێن لە ئاو

لەو رۆژەوە دارەکانی ئەم وڵاتە

جگە لە پەت ھیچی تریان لێ ناڕووێت

کۆڵان نییە رۆڵە رۆیان پێنەدابێت

ماڵێک نییە شوشەی دڵی بە ساخ مابێت

ژیان یاساخ و زیندانی

مەرگیش جلی ئەللە لەبەر

خنجێرێکی ھەڵواسیوە لەبەر کەمەر

تاونەتاوێک بەدەنگی بەرز

بە ھاوارێ قاڵاوئاسا

ئەللاکەیان ئەدەن بەجووت لەگەڵ ئەکبەر

دوابەدوایا دووکەڵێ رەش لەدایک دەبێ و

بۆنی خەفەت، تامی مردن، ژارێکی رەش

شەقام و ماڵ

دڵی مناڵ

چاوی چرا

قووڕگی چۆم و

پەلی ھەموو پاسارییەکان دەپشکێنێ

نەوەک گەرای پێکەنینێک

یاخۆ ھێلکەی گۆرانیەک

لەدڵێکدا بە زیندویی بەجێ مابێت

ئەی ھەوری رەش

عابا لەکۆڵی کۆنپەرەست

ئەی ئەژدیھای بەتاڵ لەھەست

ئەگەر بکەی وڵاتم چۆڵ

تیا نەمێنێت یەک تاکە کەس

با بزانی ھەر ئەوەت بەس

تۆ وەک دوژمن

نە رووبارم پەرداخێ ئاوت پێدەدات

نە کوێستان و لوتکەکانی

بۆ تۆ سەری نەوی دەکات

نە خاکیشم دەبێتە لانکەی دوژمنم

با بزانی خوێنخۆری هار

ئێمە وەکو گیای بەهار

پتەوتر و بەهێزتر و چڕتر دەبین

بە کوشتن،

بە پەت، بە بەند، بە سێدار

 

گەڕان بۆ بابەت