ما 909 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سه‌روه‌ر حمدامین حاجی

ئەم هەوڵەی گەڕان بەدوایی نەمردیدا جارێکی تریش لە نێو ڕۆمانەکە دووبارە دەبێتەوە و ئەمجارەیان میخۆ دەبێت بەو پاڵەوانەیی، کە بەدوای نەمریدا بگەڕێت و لەبواری پزیشکیدا لێکۆڵینەوەی زۆر بکات لەو هەرێمەی نێرگزان، کە ئەو جاری یەکەم بە مردوویی لەو ناوچەیەدا دۆزرایەوە جارێکی تر ژیانی بۆ گەڕایەوە،بەڵام ئەو جارەیان  ئەو دەبێت بە فریاد ڕەسی نارسیس و ئەویش هەمان ئەو چیرۆکەی میخۆی بەسەردادێت دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەمردوویی میخۆ چاودێری دەکات لە تاقیگەکەیدا و جارێکی تر ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەفسانەکان بە درێژایی مێژوو خۆیان دووبارە دەکەنەوە لە هەر کات و سەردەمێک دابێت ڕەهندە ئەفسانەیەکانیان تێکەڵ بە چیرۆکی مرۆڤەکان دەکەن و مرۆڤەکانیش پەنا بۆ ئەفسانەکان دەبەن بۆئەوەی  نهێنی و شتە پەنهانیەکانیان پێ بدرکێنن.

ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی له‌ ڕۆمانی (به‌ڕێگاوه‌)ی دڵشاد كاوانی دا

 توێژینەوەى: سه‌روه‌ر حمدامین حاجی

پێشه‌كی

   ئه‌فسانه‌(میسۆلۆژیا) له‌ ساده‌ترین ناساندنیدا ده‌كرێت بڵێن سامانێكی ده‌وڵمه‌ندی كلتوری هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌، نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له‌و سامانه‌ بێ به‌ش نییه‌، هه‌روه‌ها به‌هێزترین توخمی كلتور میسۆلۆژیایه‌، فاكته‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی به‌هاو بیرو باوه‌ڕه‌ پیرۆزه‌كان بۆ تازه‌ پێگه‌یشتوانی كۆمه‌ڵگه‌، هه‌میشه‌ مه‌به‌ستێكی شاراوه‌و نادیار له‌ ناوه‌ڕۆكه‌كانیاندا به‌دی ده‌كرێت، به‌مه‌ش له‌ زینمان تۆمار ده‌بێت. ئه‌و مانا شاراوه‌و نادیاره‌ش له‌ ساده‌ترین شێوه‌یدا، چه‌مكێكی خێره‌ یان شه‌ڕه‌، هه‌ر بۆیه‌ بۆ ده‌رخستنی ئه‌و مانا شاراوه‌ و چه‌مكی خێرو شه‌ڕه‌ ئامانجمانه‌ ڕۆمانی به‌ڕێگاوه‌، كه‌ ڕۆمانێكی تازه‌ی نووسه‌ر دڵشاد كاوانییه‌ شی بكه‌ینه‌وه‌، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ ناونیشانی توێژینه‌وه‌كه‌مان له‌ ژێر ناوی ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی له‌ ڕۆمانی(به‌ڕێگاوه‌)ی دڵشاد كاوانی دا ته‌رخانكردووه‌. لە توێژینه‌وه‌كه‌ ، مه‌زراندنی ئه‌فسانه‌ له‌ناو ده‌قی ئه‌ده‌بیدا، ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی له‌ڕۆمانی (به‌ڕیگاوه‌)ی دڵشاد كاوانی دا، خراوه‌ته‌ ڕوو.

 

هۆی هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كه‌: ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی توێژینه‌وه‌كه‌م له‌سه‌ر ڕۆمانی كوردی كراوه‌، هه‌روه‌ها ڕۆمانی به‌ڕێگاوه‌ ڕۆمانێكی نوێیه‌ و نووسه‌ره‌كه‌ی به‌ڕه‌مز و موتیڤه‌ ئه‌فسانییه‌كانی به‌ پێشینه‌یه‌كی فیكری و پلان داڕێژراو له‌ ناو ڕۆمانه‌كه‌دا مه‌زراندووه‌ هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان به‌ گونجاو زانی بۆ ئه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌و ڕه‌مز و هزره‌ ئه‌فسانه‌یانه‌ شی بكه‌ینه‌وه‌ و ده‌ریان بخه‌ین.

میتۆد: ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ په‌یڕه‌وی میتۆدی وه‌سفی_ شیكاری كردووه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌قه‌كه‌ كار ده‌كات و شیده‌كاته‌وه‌، بۆ به‌ڵگه‌هێنانه‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ ده‌كاته‌ بنه‌ما، له‌به‌شی یه‌كه‌مدا میتۆدی وه‌سفیمان گرتۆته‌به‌ر بۆئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمانه‌ لایه‌نی تیۆری توێژینه‌وه‌كه‌مان بخه‌ینه‌ڕوو، مه‌به‌ستی دیاریكردن و ده‌رخستنی ڕه‌هه‌نده‌ ئه‌فسانه‌ییه‌كان له‌ ڕۆمانی (به‌ڕێگاوه‌)ی دڵشاد كاوانی، میتۆدی شیكاریمان به‌كارهێناوه‌.

 

سنوری ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕۆمانی (به‌ڕێگاوه‌)ی دڵشاد كاوانی ئه‌نجامدراوه‌.

 

گرینگی توێژینه‌وه‌كه‌: له‌ڕوانگه‌ی ئه‌فسانه‌ییه‌وه‌ ڕۆمانێكه‌ كه‌ به‌هزرو زمانی ئه‌فسانه‌یی داڕێژراوه‌ و ئه‌فسانه‌ بنچینه‌ی ڕووداوه‌كان پێكدێنێ. هه‌روه‌ها ویستوومانه‌ شكارێكی ئه‌فسانه‌ییانه‌ بۆ ئه‌م ڕۆمانه‌ نوێیه‌ بكه‌ین بۆ ده‌رخستنی چه‌ندین ئه‌فسانه‌ی یۆنانی، كه‌ له‌ ڕۆمانه‌ كه‌ به‌شێوازێكی تر له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌  به‌كارهاتوون.

له‌ كۆتایشدا‌ چه‌ند ئه‌نجامێك خراوه‌نه‌‌ته‌ڕوو.

 

  ڕەهەندیی ئەفسانەیی لەڕۆمانی (بە ڕێگاوە)ی دڵشاد کاوانی دا:

             مەزراندنی ئەفسانە لەناو دەقە کوردییەکاندا لەلایەن زۆربەی نووسەران و وەرگرتنی بەشێک لە ڕەگەزی ئەفسانە و ئاوێتەکردنیان لەگەڵ دەقەکاندا زۆر بە زەقی بەرچاو دەکەوێت بەتایبەت لە ڕۆماندا و گەڕانەوەی ڕۆمانووسان بۆ سەر ئەفسانە بەناوبانگە یۆنانییەکان، وەرگرتنی بەشێکی ئەو ئەفسانانە و مەزراندنەوەیان لەناو تێکستە ئەدەبییە کوردییەکان. لە ئەمڕۆدا بەشێوازێکی هونەریانە لەلایەن نووسەران و بەشێوازی تایبەتی خۆیان پشتی پێ دەبەسترێت، (دڵشاد کاوانی) لە ڕۆمانی (بەڕێگاوە) هەندێک لە ئەفسانە یۆنانییە بەناوبەنگەکانی لە ڕۆمانەکەیدا مەزراندۆتەوە و بەشێکی ڕەگەزی ئەو ئەفسانانەی وەرگرتوون و کۆمەڵێک ڕووداو و هەندێک لە کاراکتەرە سەرەکیەکانی نێو ڕۆمانەکەی لەسەر بنیات ناوە.

        یەکێک لەو ئەفسانە یۆنانیانەی وەریگرتووە ئەفسانەی (نارسیس)ە  ناوی کوڕێکی جوانی یۆنانییە لە چیرۆکێکی ئەفسانەیی یۆنانی کۆنەوە هاتووە عەشقی جوانی خۆی بووە، جوانی ئەم کوڕە بەجۆرێک بووە کە  سەرنجی کچان و کوڕانیشی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و سەرسام بوونە پێی، بەڵام ئەو هێندە لەخۆبایی بووە بەهیچ کەسێک ڕازی نەبووە، ڕۆژێک لای کانیاوێک دادەنیشێت و ڕووخساری خۆی دەبینێت لە ئاوەکەدا زۆر سەرسامی خۆی دەبێت عاشقی جوانی خۆی دەبێت و لەحەسرەتی بەیەکنەگەیشتنی خۆی هەر لەوێدا وشک دەبێتەوە و لەشوێنیشدا گوڵێک بە ڕەنگی زەعفەران و تەنراو بە پەڕەی گوڵی سپی دەڕوێت ناونراوە. (نەرگیس)

        لەم پەڕەگرافەی خوارەدا ئەوە دەبینین، کەسایەتیێکی تری لەسەر ئەفسانەی نارسیس مەزراندۆتەوە و کردوویەتی بە کاراکتەرێکی سەرەکی ڕۆمانەکەی و بەشێکی گرینگی ڕووداوەکان پێک دێنێت، هەوڵیداوە کەسایەتی نارسیس لە ئەفسانە ڕاستەقینەکە نزیک بکاتەوە.            

         '' منم نارسیس...

       من دوای تەواوکردنی ئەو ڕۆمانە دەستبەجێ، بێ گرخاندن خۆم دەکوژم، هەرچەندەتائێستا ڕوون نییە ئەوکەسانەی لە جوغزی نووسینەوەی ڕۆمانی بەڕێگاوە خۆکوژییان کردووە، ژمارەیان گەیشتۆتە چەند؟ دەشێ تۆش دوای خوێندنەوەی ڕۆمانەکە خۆتبکوژی و دەست بخەیتە بینەقاقای ڕۆحی خۆت و بەدەم مەرگەوەپێبکەنی، نقورچکەیەك لەگیانی خۆت بگری.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠: ٦)

   هەروەک  دەبینین  لەسەر ئەفسانە ڕاستەقینەکە کاراکتەرێکی سەرەکی هەر بەهەمان ناو   بنیات ناوە تا کۆتایی ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە ڕۆڵی لە بەرەو پێش بردنی ڕووداوەکاندا هەیە ئەگەرچی هەمان ڕووداوی ناو ئەفسانە ڕاستەقینەکەی تێدا بەرجەرستە نەکردووە، بەڵام  تاڕادەیەک هەوڵی ئەوەی داوە کەوا کەسایەتییەکەی لە کەسایەتی ڕاستەقینەی ئەفسانەکە بچێت، بۆنمونە لەم پەرەگرافەدا بەشێوەک باسی لێوەکردووە، کە نارسیس لە ئەفسانەکەیدا بەحەسەرەت بەیەکنەگەیشتنی خۆی دەمرێت، بەڵام ڕۆڵی نارسیس لەم ڕۆمانەدا بەدوای دۆزینەوەی باوکی دا وێڵە و دەیەوێت بزانێت باوکی ڕاستەقینەی ئەو کێیە؟ لەکاتی گەڕانی بەدوای باوکیدا ڕووبەڕووی ڕووداوی زۆر قورس و ناخۆشیش دەبێتەوە هەتا بەرەو مەرگیش ڕاپێچی دەکات، وەلێ ئەم کۆڵنادات و لەگەڵ ئەو ڕووداوانە دەجەنگێت تەنها بۆ ئەوەی بە باوکی ڕاستەقینەی خۆی شاد بێتەوە و بگات پێی وەک چۆن لە ئەفسانە ڕاستەقینەکەدا نارسیس کۆڵنادات لە بەیەکگەیشتنی لەگەڵ خۆیدا دواجار بەرەو نەمان و لەناو چوونی دەبات، ڕۆڵی کاراکتەری نارسیسیش لەم ڕۆمانەدا کۆڵنەدانه‌ لە گەڕان بەدوای باوکیدا بەهەر جۆرێک بێت هەتا ئەگەر  ئەمە بەرەو کۆتایی و نەمان و مردنیشی بەرێت.

 

   بەشێکی تری کاراکتەرەکانی نێو ئەو ڕۆمانە هەر  لەسەر چەند ئەفسانەیەکی کۆن و بەناوبانگی یۆنانی بنیات نراوە، پەیوەندیش لەنێوان ئەو کاراکتەرانەدا هەیە هەریەکەیان ڕۆڵیان هەیە لە بەرەو پێش بردنی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە و تەنانەت ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن لەگەڵ کەسایەتییەکانیان و هاوشێوەی ئەفسانە ڕاستەقینەکە گونجاوە. یەکێکی تر لەو ئەفسانە بەناوبانگانە لەلایەن نووسەر پشتی پێ بەستراوە ئەفسانەی (گرێی ئۆدیپ)ی یۆنانییە، یەکێک لە کاراکتەرەکانی بەو ناوە لەسه‌ر ئەم ئه‌فسانه‌یه‌ بنیات ناوه‌ و چەندین ڕووداو کاری و گرینگی بەو کاراکتەر ئەنجامداوە ڕۆڵێکی گرینگی هەیە لە بەرەو پێش بردنی ڕووداوەکان و پەیوەندیشی لەگەڵ هەندێک لە کاراکتەرەکان بەهێزە بەتایبەت لەگەڵ نارسیس، کە ئەم کاراکتەرەش هەر لەسەر ئەفسانەیەکی تری یۆنانی مەزراندووە، پەیوەندی لەنێوان دوو کاراکتەر بەناوی ئۆدیپ و نارسیس، کە ناوی هەردوو کاراکتەرەکەی لە هەر یەک لە ئەفسانەی نارسیس و ئەفسانەی گرێی ئۆدیپ وەرگیراون و لێهاتوویی نووسه‌ر ده‌رده‌خات، سەرەتا وەرگرتنی ئەفسانەی نارسیس و وەک پاڵەوانێکی سەرەکی نێو ڕۆمانەکە و دواتر وەرگرتنی ئەفسانەی گرێی ئۆدیپ  بۆ بەرەو پێش بردنی ڕووداوەکان لەگەڵ کاراکتەرەکان.

 ''لە دایک بوونی ئۆدیبی مەزن...

 ئۆدیب بەدروستی نازانێ کوڕی کێیەو دایك و باوکی ڕاستەقینەی ئەو کێن، تەنیا لەمنداڵیەوە لەگەڵ پیاوێك دەژیێ ئەو پیاوە بەشێکی لە ئاوە و بەشەکەی تری لە ئاگر، قاچێکی لەعەرزوقاچێکی لە ئاسمان، ئەو کۆچەرو گەڕۆکە، هەر ڕۆژە و کارێك دەکا، هەرجارە و ناوونیشانێکی هەیە و هەر کەڕەتەی لە شارو هەرێمێکدا دەردەکەوێ.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠: ١٧٠)

    گرێی ئۆدیب ئەفسانەیەکی یۆنانییە، کە لەلایەن گەورە نووسەری بەناوبانگ (سۆفۆکلیس) ی یۆنانیەوە بەشێوەیەکی تراژیدی نووسراوە. ئۆدیب لە دایك دەبێت و باوکی فەرمان بۆ کووشتنی دەر دەکات، چونکە لەلایەن کاهینێک بەناوی (لۆکیساس) پێی وتراوە، کە ئەو منداڵە باوکی خۆی دەکوژێت و شاژنە جۆکاستای دایکی مارە دەکاتەوە، هەر بۆیە باوکی ئۆدیب بە شوانێکی متمانە پێکراوی خۆی دەستپێرێت و پێی دەڵێت بیبات لە دەرەوەی شار بیکوژێت، بەڵام کاهین( لۆکیساس) ڕێی لێدەگرێت و منداڵەکە دەبات بۆ پاشا (پۆلیپ) و شاژنه‌ (میرۆپ)، ئۆدیپ گەورە دەبێت و دەگێڕێتەوە بۆ شاری تیبە و باوکی خۆی دەکوژێت و دواتر دایکی خۆ مارە دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی نەهامەتی بۆ وڵاتەکەی و هەموو ئەمانەش بە پلان لە لایەن کاهین (لۆکیساس)  ڕێکخراوە دواتر کاهین لەلایەن ئۆدیب دەکوژرێت و کۆتایی بەو نەهامەتی و برسیەتیە دێت کە ڕووی لە وەڵاتەکەی کردبوو.

 نووسەرئەفسانەی ئۆدیپی لە ڕۆمانەکەیدا مەزراندۆتەوە و بەشێکی ئەفسانەکەی وەرگرتووە و کاراکتەرێکی وەک ئۆدیپی بەشێوازێکی تر پێ دروست کردۆتەوە هەندێک لە سیفەتەکانی ئەفسانەکەی داوەتە پاڵ ئەم کاراکتەرە وەکو ئەوەی لە ئەفسانەکەدا ئۆدیب لە منداڵیەوە لە لای کەسانی تر گەورە دەبێت و ئەوان دایک و باوکی ڕاستەقینەی ئەو نین،  سەرنج بدەین  لەو پەڕەگرافەی سەرەوە باس لەوە دەکات ئۆدیب هەر لەمنداڵیەوە دیار نیە کە کێیە؟ دایک و باوکی ڕاستەقینەی کێن؟ بۆ نمونە دەڵێت(ئۆدیب هەر لەمداڵیەوە کەس بە دروستی نازانێ کوڕی کێیەو دایك و باوکی ڕاستەقینەی ئەو کێن، تەنیا لەمنداڵیەوە لەگەڵ پیاوێک دەژیێ ئەو پیاوە بەشێکی لە ئاوە و بەشکەی تری لە ئاگرە... هتد)نووسەر هەوڵی ئەوەی داوە کەسایەتی ئەو کاراکتەر لەڕووی کەسایەتی و ژیانی و گەورە بوونی هاوشانی ئۆدیپی ڕاستەقینەی ئەفسانەکە بکات. یاخود هەروەکوو ئەفسانە ڕاستەقینەکە کەسایەتی ئۆدیبی تیا بەرجەستە کردووە بە جۆرێک، کە ئۆدیب لە ئەفسانە ڕاستەقینەکەیدا دەبێتە پاشا دەسەڵاتێکی زۆری دەبێت بەهەمان شێوە ئۆدیبی ناو ڕۆمانەکەش دەبێت بە سەرکردەی یەکێک لە گروپە چه‌كداریه‌ بەهێزەکان بەناوی (ئەستێرەی بازنەیی) بەمەش کەسایەتی ئۆدیبی هاوشێوەی ئەوە لێکردووە کە ئۆدیب لە ئەفسانەکە دەبێت بە پاشا و لە ڕۆمانەکەشدا نووسەر ئۆدیب دەکات بە سەرۆکی گروپێکی چەکداری بەهێز کە دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە، بە جۆرێک ئەفسانەیی پاڵەوانیەتی دەداتە پاڵ کەسایەتییەکەی. 

  ''کەم کەم دەدوێ، زەق زەق سەیر دەکات، خەیاڵی دەڕوا، هیچ پرسیارێکی لێ حاسێ نابێ،              هەموو وەڵامێك دەزانێ، هەموو ڕێگاکانی دونیا شارەزایە، تەنانەت ڕێگا تەسك و لاچەپەکانی    مەرگیش، ڕێچکۆکە تەسکەکانی گەیشتن بە شەیتانکێویش، هەندێك وایان لەقەڵەم داوە ئەو خەڵکی ئەوێیە و نەسلی خێوو جنۆکەیە.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ١٧١)

لێرەدا نووسەر بەشێوازێکی لێهاتووانە سیفەتی ئەهریمەن یاخود شەیتان داوەتە پاڵ یه‌كێك له‌ کاراکتەره‌كان، كه‌ له‌گه‌ڵ ئۆدیپدا ده‌ژیت بەشێوەێك وەسفی کەسایەتی ئەم کاراکتەرە دەکات، كه‌ کەسایەتییه‌كه‌ی له‌ كه‌سایه‌تی ئه‌فسانه‌ بچێت ئەو جۆرە وەسفه‌ بە شەیتان و خێو و جنۆکە و شارەزابوون لە هەموو شوێنەکان و ڕێگاکان یان گەیشتن بە شەیتانکێویش، ئەوەمان پیشان ده‌دات نووسه‌ر بۆ به‌كارهێنانی ئه‌فسانه‌ له‌ڕۆمانه‌كه‌یدا ته‌نها سوود له‌ ئه‌فسانه‌كان  نه‌بینووه‌، به‌ڵكو به‌سوود بینین له‌ هه‌ندێ ڕه‌هه‌ند و سیفه‌ت و خه‌سه‌ڵه‌تی ئه‌فسانه‌ هه‌وڵیداوه‌ كاراكته‌ری ئەفسانەی له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا بنیات بنێت هه‌روه‌كوو ئه‌م په‌ڕه‌گرافه‌ی خواره‌وه‌:

'' دەگێڕنەوە جارێکیان، سێ میرزادەی مەزن، خوشکەکەیان دەبەن لە شەیتانکێو بیکوژن، ئەو ڕوودەبێتە کچەکە و لە بەردەم گوللەی شەستیرێکەوە هەڵیدەگرێ و کچە دەخاتە سەر شانی، شەڕێکی دەستە و یەخە لەگەڵ بەگزادەکان دەکا و بێ ئەوەی سۆتەکی جگەرەی لا لێوی بکەوێ. شەڕێکی بێ وێنە دەکات و کچی پاشا لە دەستی براکانی ڕزگار دەکا و دەیگەینێتە شاری فومەن. زۆر جار تێکەڵ بە هەور دەبێ و دەبێتە تۆفان و بەسەر شار و هەرێماندا دەبارێ،'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠: ١٧٢)

         بەشێوەیەکی وەسفی پاڵەوانیەتی ئه‌م كاراكته‌ره‌ دەکات هەندێک سیفەتی داوەتەپاڵ، کە تەنها پاڵەوانە ئەفسانەییەکان ئەو جۆرە سیفەتانەیان هەیە هەر وەك لە پەڕەگرافەکەشدا دیارە و دەیبینین دەڵێت کەوا (جگەرەیەکی لەدەم دا بووە هیچ کەسێک نەبینووە بۆ جارێکیش جگەرەکەی بکوژێتەوە بەردوام گیرساوە بووە، تەنانەت جارێکیان لە شەرێکی قورس و دەستە ویەخەدا جگەرەکەی هەرلە دەمدا بووە بەبێ ئەوەی بکەوێت شەڕی کردووە و کچێکی لە دەستی براکانی ڕزگار کردووە، یاخود تێکەڵ بوون بە هەور دواتر بوون بە تۆفان بارینی بەسەر شارەکان.) ئەمانە جۆرە وەسفێکن کە تەنها پاڵەوانە ئەفسانەییەکاندا بەدی دەکرێن و کردنی ئەم جۆرە کارانە بۆ پاڵەوانە ئەفسانەییەکاندا شتێکی مەحاڵ نییە.

یان هەندێ وەسفی خواوەندەکانی داوەتە پاڵ ئه‌م کاراکتەره‌ لێکچواندنی پێکردووە بە خواوەندە ئەفسانەییه‌ کۆنەکانی یۆنانی هەر وەك لەم پەڕەگڕافەی خوارەوەدا دیارە هەندێ سیفەتی خواوەندێکی یۆنانی داوەتە پاڵ.

  ''هەندێ جاریش دەبێ بە خواوەندی توڕ چەکوشێکی بە دەستەوەیە، خۆی و چوارسابرینی سپی، بەسواری گالیسکەیەك لە ئاسمانی بەفراویدا، دەسوڕێتەوە و ئەستێرەکان دەکەونە دوایەوە. بۆ فریای ڕزگارکردن شاژنی فەخای خواوەندی بەپیت و بەرەکەت دەچێ، کە خواوەندی فەخایای زۆردار دەستگیری کردووە، بەمەش حەوت ساڵان هیچ باران و دڵۆپێک ئاو ناڕژێتە سەر زەوی.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ١٧٢_١٧٣)

لێرەدا نووسەر جۆری ئەفسانەی خواوەندەکانی داوەتە پاڵ ئه‌م کاراکتەره‌، کە ئەمەشی هەر لە ئەفسانە وەرگرتووە بەشێکی ڕەگەزی ئەفسانەی خواوەندی یۆنانی (توڕ) ی وەرگرتووە لەگەڵ پاڵه‌وانێكی ئه‌فسانه‌یی تێکەڵی کردووە، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر کەسایەتیەکەی به‌شێوه‌ی ئەفسانەیی نیشان بدات یان هێزی خواوەندێکی پاڵەوانی داوه‌ته‌ پاڵ یان وا نیشانی بدات نیمچە خواوەندێکە توانای ئەنجامدانی هەندێک کاری هەیە، کە لە توانای مرۆڤێکی ئاسایدا نەبێت و تەنها پاڵەوانە ئەفسانەیەکان ئەو توانایان هەیە.

         '' نا ڕەنگە فاتیۆن بێ، هەرکە زیۆس لێی زویر دەبێ، چون لەسەر پشتی ئەسپەکانەوە بە نزیك زەویدا ڕەت دەبێ و زەویش لەبەر گەرمایی ئەودا گڕ دەگرێ و دەبێتە گڕکان، بۆیەشە زیۆس لێی زویر دەبێ و نەیزەکێکی تێ دەوشێنێ و پەڕو پاڵی دەسووتێنێ، فاتیۆنیش دەکەوێتە سەر گۆی زەوی و بۆ نێو دەریا بەرددبێتەوە، بەم جۆرەش جیهان ژێر ئاو دەکەوێ و لافاوەکەی نوح هەڵدەستێ.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ١٧٣)

جارێکی تریش بەکارهێناوەی ئەفسانەیەکی تری خواوەندێکی یۆنانی ئەوەمان نیشاندەدات پاڵەوانەیەتی و ئازایەتی و هێزەی ئه‌م کاراکتەره‌ له‌ ڕاده‌به‌ر زۆر بووه‌، ڕەنگە بەشێکی هێزی خواوەندەکان بووبێت یان پاڵەوانێکی نیمچە خواوەند بووبێت، تێکەڵکردنی هەردوو جۆری ئەفسانەی پاڵەوانەیەتی و ئەفسانەی خواوەندەکان لێهاتووی و شارەزای نووسەرمان پیشان دەدات. ئەو توانای هونەریەی نووسینی نووسەر دەردەخات، کە بتوانێت  دوو ئەفسانەی وەک ئه‌فسانه‌ی پاڵه‌وانییه‌تی و هەردوو ئەفسانەی خواوەندی (توڕ، زیۆس) وەرگرتنی بەشێکی ڕەگەزی ئەو ئەفسانانە و تێکەڵکردنیان. توانا و شارەزای لێهاتووی نووسەری بەدەر خستووە.

        وەسفکردنی کاراکتەرێک هەر جارەی بە خواوەندێک ئەو توانایەی نووسەرمان پیشان دەدات کەوا چۆن بەشێوەیەکی لێزانانە توانیویەتی ئەو جۆرانەی ئەفسانە تێکەڵ بەیەکتر بکات و دووجۆری ئەفسانەی وەک پاڵەوانیه‌تی و خواوەندەکان لەیەکاتدا ئاوێتەی یەکتر بکات، چێرۆکێکی تێکەڵە لە هەردووکیان دروست بکات بەشێوازێکی تایبەتی ئەفسانەکانی بەکارهێناوەتەوە هەروەکوو لەسەرەتاوەش ئاماژەمان پێ دا ئەفسانەی نارسیس و گرێی ئۆدیپ بەشێوازێکی تایبەت مەزراندۆتەوە پەیوەندی لەنێوان ئەو دوو ئەفسانەیە دروستکردووە. لەم پەڕەگرافەی خوارەوەدا ئەو پەیوەندیە بە زەقی دەردەکەوێت:

        ''بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکانی نێو دۆسییەکە، بۆم دەرکەوت کە من هەرگیز کوڕی گەردەوان نەبووم، بەڵکو من کوڕی ڕاستەقینەی ئۆدیبم، ئەو باوکە بەدبەختەی کەمن بەدەستی خۆم کوشتم. گەردەوان خاڵم بوو برای ئەبێرزە و ئەبرێزەش دایکم بوو، لەشەڕی نێوان باوکم و عەفلەقدا لەناوچەی سوڕەش بەبێنازی بە ئازارەوە کوژرا.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ٣٧٧)

        هەر وەکو دەبینین ئەو پەیوەندیەی لەنێوان ئەو دوو ئەفسانەیەی دروستی کردووە ئەوەیە، کە لە ئەفسانەکەی گرێی ئۆدیپدا، ئۆدیپ ڕووبەڕووی ئەو چارەنووسە دەبێتەوە باوکی خۆی بەدەستی خۆی بکوژێت، بەڵام نووسەر لێرەدا نارسیسی کوڕی ئۆدیپی ڕووبەڕووی ئەو چارەنووسە کردۆتەوە و نارسیس بەبێ ئەوەی بزانێت کەوا ئۆدیپ باوکی ڕاستەقینەیەتی دەیکوژێت بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەی باوکی، کە وادەزانێت گەردەوان باوکی ئەو بووە، گەردەوان خاڵی ئەو بووە لەلایەنی ئۆدیپی باوکی نارسیس کوژراوە. ئەوەی لەم پەرەگرافە بە گرنگی دەزانم ئەوەیە، کە نووسەر هەوڵی ئەوەی داوە ئەو ئەفسانە کۆنانە بەکاربهێنێتەوە و بەڵام دەقا و دەق وەکوو خۆی نا بەڵکو بەشێوازێکی تر و لە کات و سەردەمێکی ترئەو چیرۆکانەشی لەسەری مەزراندۆتەوە نزیکی کردونەتەوە لە ئەفسانە ڕاستەقینەکە. هەروەکو ئەو ڕووداوی کوشتنەی ئۆدیپ لەلایەن نارسیسی کوڕی.  

بەکارهێنانی جۆرەکانی ئەفسانە لەلایەن نووسەرەوە لەم ڕۆمانە چەند جارێک دووبارە دەبێتەوە وەک بەکارهێنانی جۆرەکانی ئەفسانەی خواوەندەکان و پاڵەوانیەتی... هتد. یەکێکی تر لەو جۆرانەی ئه‌فسانە، کە بەکاری هێناوە ئەفسانەی گەڕان بەدوای نەمرییە. هەروەک دەزانین هەموو مرۆڤایەتی بەدرێژایی مێژوو ئەو هەوڵەیان داوە بۆنمونە لە زۆرێک داستان و ئەفسانەدا پاڵەوانەکان بەدوای نەمریبووندا گەڕاون و هەوڵی زۆریان داوە بۆ مانەوەیان به‌ نه‌مری،لەم پەڕەگرافە زۆر بەڕوونی ئەو هەوڵە دەبینین.

'' بێدەنگ بە قسەمەکە، میخۆ لێی دەپرسێ: تۆکێی؟ کچەکەش بەبن گوێیدا دەچرپێنی:من ناوم مێکاوە، لە ڕۆژی هاتنت بۆ ئێرە، یەکەم کەس من تەرمی تۆم لەخوار کەندەڵانەکەوە بینییەوە. میخۆ واقوڕما و دەبێ، زاری لەیەک دەگێرێ و دەکەوێتە نێو خەیاڵ و فکران، دەکەوێتە عانی مەراق و بیرکردنەوە، دەگرمێنێ: کەواتە من ڕابردووێکی ترم هەیە، دانیشتووی ڕەسەنی هەرێمی نێرگزان نیم! ''(دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ٨٩)

لێرەدا ئەوە دەبینین کە یەکێک لە کاراکتەرەکان بەناوی میخۆ لەناوچەیەک بەناوی هەرێمی نێرگزان بە مردووی لەلایەن یەکێکی تر لە کاراکتەرەکان بەناوی مێکاو، کە کچێکی دانیشتووی ئەو هەرێمەیە بە مردووی دۆزراوەتەوە و دوای ئەوەی کچەکە ئەوە دەبینێت بە دانیشتووانی هەرێمەکەی خۆیان دەڵێت کەسێکی بەمردووی لە خوار کەندەڵانەکە دۆزیوەتەوە و پزیشکی بەتوانای هەرێمەکە پشکنینی بۆ دەکات پێیان ڕادەگەیەنێت کە بەهۆی ژەهری گوڵی نێرگز مردووە و ژەهرەکە لەناو لەشی دایە، دواتر بڕیاری ئەوەدەدات بیبات بۆ کوخەکەی و هەوڵی ئەوە دەدات ژەهرەکە لە جەستەی دەربکات، وەک لەم پەرەگرافەی خوارەوە ئەوە دەبنین چۆن ئەو هەوڵەی داوە.

''بەم جۆرە کچە بەجێی دەهێڵێ، چەند جارێکی تر بەنهێنی سەر بە کۆخەکەی میخۆ دادەگرێ، سەر لەبەری چیرۆکی هاتنی میخۆ بۆ کۆخنیشینەکە و بە مردوویی و مانەوەی لە کۆمادا بۆ ماوەی دەساڵان، جارێکی تر گەڕاندنەوەی بۆ ژیان، دەردانی ژەهری ڕەش و هەموو ئەو شتانەی ورد و درشت بۆ باس دەکات.''(دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ٨٩)

وەک دەبینین میخۆ جارێکی زیندوو دەبێتەوە و لەلایەن پزیشکی بەتوانای ئەو هەرێمە ژەهرەکەی لە لەشی دەر دەکرێت و دوای ئەوەی بۆ ماوەیی دەساڵان بە مردووی لە کوخەکەدا لەژێر چاودێر ئەو پزیشکە بووە و جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ژیان و لەمردن ڕزگاری دەبێت. ئەمەش هەروەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا هەوڵی گەڕانە بەدوای نەمریدا و ئەمەش هەر لە کۆنەوە خەونی هەموو گەلان بووە و مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لە کات و زەمەنی جیاواز و بەشێوازی جیاواز ئەو هەوڵەیان داوە وەک لەم سەردەم و زەمەنەی ئێستا مرۆڤەکان لەڕێی زانستی پزیشکیەوە هەوڵی بۆ دەدەن.

ئەم هەوڵەی گەڕان بەدوایی نەمردیدا جارێکی تریش لە نێو ڕۆمانەکە دووبارە دەبێتەوە و ئەمجارەیان میخۆ دەبێت بەو پاڵەوانەیی، کە بەدوای نەمریدا بگەڕێت و لەبواری پزیشکیدا لێکۆڵینەوەی زۆر بکات لەو هەرێمەی نێرگزان، کە ئەو جاری یەکەم بە مردوویی لەو ناوچەیەدا دۆزرایەوە جارێکی تر ژیانی بۆ گەڕایەوە،بەڵام ئەو جارەیان  ئەو دەبێت بە فریاد ڕەسی نارسیس و ئەویش هەمان ئەو چیرۆکەی میخۆی بەسەردادێت دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەمردوویی میخۆ چاودێری دەکات لە تاقیگەکەیدا و جارێکی تر ژیانی بۆ دەگەڕێتەوە، ئەفسانەکان بە درێژایی مێژوو خۆیان دووبارە دەکەنەوە لە هەر کات و سەردەمێک دابێت ڕەهندە ئەفسانەیەکانیان تێکەڵ بە چیرۆکی مرۆڤەکان دەکەن و مرۆڤەکانیش پەنا بۆ ئەفسانەکان دەبەن بۆئەوەی  نهێنی و شتە پەنهانیەکانیان پێ بدرکێنن.

 

هەروەک لەسەرەتاشدا ئاماژەمان بەوەدا نووسەر بەشێک لە کاراکتەرەکانی لەسەر ئەفسانە گریکیەکان بنیات ناوە و چەند کاراکتەرێکی سەرەکی پێ بنیات ناون وەک هەر یەک لە کاراکتەرەکانی نارسیس و ئۆدیپ، کە هەردووکیان دوو کاراکتەری سەرەکین و ڕۆڵیان لە بەرەو پێش بردنی ڕووداوەکان هەیە تاکۆتایی، لە پاڵ ئەمانەدا کاراکتەرێکی کچیش بەهەمان شێوە لەسەر یەکێك لە ئەفسانە گریکیەکان بنیات ناوە  وەک لەم پەڕەگرافەی خواوەدا بەرچامان دەکەوێت.

'' پادشا خووی بەم کارەوە گرتبوو، چێژێکی زۆری لەشەوە ڕەشدا دەبینی، شەوێکیان لەکاتی دەرپێ هەڵدان و میران دەلینگی دەرپێی کچێکی دوانزە ساڵانی دەکەوێتە دەست، کاتێ مەڕاسیمی ناسینەوەدەرپێکان دەست پێ دەکات. دەرپێکەی دەستی میر هی ئەلیکترای کچی خۆی دەردەچێ، بەمەش ئەمبێز تووشی هەڵوێستێکی ئێجگار سەخت و ناخۆش دەبێ، یان دەبێ وەك دامەزرێنەری شەوە ڕەشە، لە ڕێبازەکەی بەردەوام بێ، یاخود بنەماکانی دامەزراندنی گروپە هەوەستبازییەکەی پێشێل بکات و تێك بشکێنێ.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ :١١٢) 

لەم پەڕەگرافەشدا دەبینین کاراکتەرێکی کچی لەسەر ئەفسانەی ئەلیکترای یۆنانی بنیات ناوە و ڕۆڵی لە بەرەو پێش بردنی کۆمەڵێک لە ڕووداو و بەسەرهاتی ناو ڕۆمانەکەدا هەیە، ئەفسانەی ئەلیکترا یەکێکە لە ئەفسانە بەناوبانگە یۆنانیەکان حەزی کچە بۆ باوکی، ئەلیکترا کە کچی پادشای جاممنونی میسنا بووە، بەهۆی حەزی بۆ باوکی داوا لە براکەی (ئوریست) دەکات دایکی عاشقەکەی باوکی بکوژێت بە بیانووی ئەوەی دایکی خیانەتی لە باوکی کردووە، بۆ ئەوەی لەڕێی ئەمەوە بە حەزی خۆی بگات. لێرەدا نووسەر بەجۆرێکی تر ڕووداوەکەی مەزراندۆتەوە و ڕووداوێکی هاوشێوەی درووستکردووە لە ڕووداوە ڕاستەقینەکە نزیکی بکاتەوە، بەهۆی باوکی ئەلیکتراوە، کە حەزێکی زۆری هەیە بۆ سێکس بۆیە گروپێکی هەوەسبازی پێکهێناوە بەناوی شەوە ڕەشە لە تاریکیدا ئافرەتەکان دەرپێکانیان هەڵدەدەن و پیاوەکان دەرپێکە دەگرنەوە و دواتر مەراسیمی ناسینەوەی دەرپێکانە و لە یەکێک لە شەوەکان میر ئەمبێز دەرپێی کچە دوانزە ساڵانەکەی دەکەوێتە دەست، هەر چەندە بەمە تووشی هەڵوێستەکی ناخۆش دەبێت بەڵام یان دەبوو وەک دامەزرێنەری گروپەکە ئەو کارە ناحەز بکات لەگەڵ کچەکەی یان دەبوو یاسای گروپەکە پێشل بکات و گروپەکە هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە دەستبەرداری گروپەکە بێت بۆیە بێ بەزەیانە ئەوكاره‌ ناحەزە لەگەڵ کچەکەی دەکات و دواتر ڕادەستی براکانی دەکات بیکوژن. وەک دەبینین نووسەر چۆن بەجۆرێکی تر ڕووداوەکەی ئەفسانەی ئەلیکترای مەزراندۆتەوە

جگە لە بەکارهێنانی ئەفسانەی خواوەندەکان و پاڵەوانیەتی و گەڕان بەدوایی نەمریدا، نووسەرهەندێ ڕەهەندی ئەفسانەی داوەتە پاڵ کەسەکان و شوێنەکان بۆ ئەوەی زیاتر تام و چێژی ئەفسانە بە خوێنەر بدات و چێژو حەزی خوێندنەوە و بۆ بەردەوامی ڕۆمانەکە و ڕاکێشانی بیرو هزری خوێنەر بۆنێو ڕووداوەکان و بیرکردنەوە لێیان  تاکۆیی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە  هەموو ئەمانەشی بەهۆی ئەو ڕەهەندە ئەفسانەیان کردووە.  هەروەک لەم پەڕافەدا بەرچاومان دەکەوێت.

 "زانست لای ئەوان گەیشتۆتە ترۆپکی پێشکەوتن، پیرییان چارەسەر کردووە، مردووش چاك دەکەنەوە، وەچەیان نییە و زیاد ناکەن یاخود نایانەوێ، چونکە لێرە هەموو شتێك ڕێسای تایبەتی خۆی هەیە. هەموو شتێك بەبنەما دەڕوا، کەس گەورە نییە، کەسیش بچووك نییە، تێکڕا لەیەك دەچن، قەت بڵیی جوان و ناشیرین نییە، کورت و درێژی تێدا نییە. شەڕو کوشتنی نییە، کێشە و گرفت و سزا و پاداشت لە گۆڕێدا نییە، کەس دەغەز ناکەوێ و کەسیش غەمگین نابێ، پێکەنین وگریان دڵخۆشی و دڵتەنگبوون نییە، ژیان لێرە عەتر و عتوورە، جگە لەبۆنی گوڵ تا نها بۆنی تریان نەکردووە. خۆراکی خونچەی گوڵ و شەڕابی شیلەی گوڵ دەخۆنەوە، ڕۆژانە گوڵ دەڕووێنن و گوڵ دەدوورنەوە، خۆیان بە گڵاوی گوڵ دەشۆن و میزو پاشەڕۆی گوڵیش دەر دەدەن(دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ٨٦ _٨٧)

 دەیبینین چەندین ڕەهەند و تایبەتمەندی و بۆن و بەرامە و چێژی ئەفسانە لەم پەڕەگرافەدا بەرچاومان دەکەوێت، وەک ناونی شوێنک بە ناوی هەرێمی نێرگزانەوە و دەکرێت ناونانی ئەم شوێنەش بۆ ئەفسانەی زەردەشت بگەڕێتەوە یاخود بۆ ئەفسانەی نارسیس لەسەرەتاشدا ئاماژەمان پێدا، لەبارەی ئەفسانەی زەردەشتەوە گوتراوە کەوا  پێغەمبەر زەردەشت لە ئارەقەی گوڵی نێرگز دروست بووە، دەڵێن کە زەردەشت پێغمبەرێکی سروشت دۆست بووە، دار و گیا و گۆڵی خۆش ویستووە، زەردەشتیەکان تیشکی زەردی ڕۆژو ئاگریش بەپیرۆز دەزانن، نێرگزیش لە ڕەنگی زەردو سپی پێکهاتووە وسپییەکە وەک بەرگ وایە دەوری زەردەکەی داوەتەوە، بۆیە دەکرێ بە پیرۆزیان زانی بێت، دەکرێ نووسەر لەسەر یەکێک لەم ئەفسانانە ئەو شوێنەی بنیات نابێت، هەندێ لەو تایبەت مەندیانەی لەو شوێنە هەن، کە بۆن و بەرامەی ئەفسانەی بەشوێنەکە داوە بریتین لە:( چاکردنەوەی مردوو و چارەسەری پیری لەڕێگەی زانستی پزیشکیەوە، هەموو کەسێک وەک یەک بێت و هیچ مرۆڤێکی گەورە یان بچووك نییە یاخود جوان و ناشیرین نییە هەموویان وەک یەکن، خواردن گوڵە و شەرابی شیلەی گوڵ دەخۆنەوە... هتد.) بوونی ئاوا هەرێمێك مەگەر تەنها لە ئەفسانەدا هەبێت. لە ڕاستەقینەدا ئەگەر هەش بێت بەم جۆرە نییە.

 

نووسەر لەم ڕۆمانەیدا هەندێک ڕووداو و دیمەن دەخاتە بەرچاومان و دیمەنەکان چەند جارێکیش دووبارە دەبنەوە بە بۆن و بەرامەیەکی ئەفسانەی وەک لەم دوو پەڕافەدا دەردەکەوێت دوو جار دێمەنێک لە ژوورێکدا بەشێوەیەکی ترسناك دووبارە دەبێتەوە.

'' دیمەنەکە لەشێوەی ژنێک خۆی نیشان دەدات، پاڵی بە کورسییەکەوە ناوە، خۆی بۆ دواوە دەهەژێنێتەوە و قژی تاسەر زەوی درێژبۆتەوە، ئۆدیپ لەگەڵ هەر هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە هەناسەی توندتر دەبێ و ترپەی دڵی خێراتر دەبێ، بەترسەوە دەست دەخاتە سەر شانی هەر لە باڕبییەکی ترسناك دەچێ.'' (دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ : ١٩٦)

وەک لەم دیمەنە دا دەی بینین بەشێوەیەکی ترسناك و تۆقێنەر باس لە ژنێک دەکات، کە لە ژوورێکی تاریک دانیشتووەو دیمەنەک لەشێوەیەکی ترسناك و تارمایی خۆی پیشان دەدات ئەمانەش تایبەتمەندی و خەسڵەتی ئەفسانەین و جارێکیتر هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە و بەتایبەتمەندی زیاتری ئەفسانە وەک لەم پەڕەگرافەی خوارەوە دەی بینین.

''کاتێ خۆی قیت دەکاتەوە هەست بە تارماییەك دەکات، ئاوڕ لە پشتی خۆی دەداتەوە، تارمییەکە لەپشتی هەڵدەزڵۆقێ، تارماییەکە کچە قژ درێژەکەیە، ڕەنگێکی سپی پەڕیوی هەیە، دووچاوی زەقی ئەبلەق بوو، تریسکەیەك لە دڵی ئۆدیب گیردەکات ئەژنۆکانی تەتەڵە دەکەن، بۆ دواوە دەکشێتەوە، چەند جار بەپشتدا دەکەوێ و هەڵدەستێتەوە... هتد''(دڵشاد کاوانی، ٢٠٢٠ :٢٠٠_٢٠١)

دیمەنی تارماییەکە دووبارە خۆی پیشان دەداتەوە لە شێوەی ژنێکی قژ درێژی ڕەش و دوو چاوی زەقی ئەبڵەق و ترسناك کەوا لە ئۆدیپ بکات هەترەشی بچێت وچەند جارێک بەسەر یەکەوە بکەوێت و دواتر لە هۆش خۆی بچێت. ئەمەش ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەم دیمەنە بە خەسڵەت و تایبەتمەندی ئەفسانە خۆی پیشان دەدات.

یاخود نووسه‌ر هه‌نده‌ێك وشه‌ی به‌كارهێناون و خستوونه‌تیه‌ پاڵ هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تیه‌كان بۆئه‌وه‌ی وه‌ك پاڵه‌وانێكی ئه‌فسانه‌یی ده‌ر بكه‌ون وه‌ك له‌م په‌ره‌گرافه‌دا به‌رچاومان ده‌كه‌وێـت:

''ئه‌وخۆی هیچ ڕووداو و سه‌برده‌ و حه‌كایه‌تێكی نییه‌، هه‌موو چیرۆكه‌كانی چۆلگه‌ و گوند و شار و هه‌رێم و بگره‌ دونیاش به‌ ئه‌وه‌ به‌نده‌، له‌ به‌عزێك هه‌رێم و مه‌مه‌له‌كه‌تدا پیاو چاك و ئه‌ولیایه‌، له‌ هه‌ندێكی تر پێغه‌مبه‌ر و په‌یامهێنه‌ری خوایه‌، له‌ زۆرێكیشیان پیاو خراپ و چاره‌ پیس و ئیبلیس و ڕوو ڕه‌ش و ئه‌هریمه‌ن و دژه‌ خوایه‌. كه‌س نازانێ ناوی چییه‌ و كوڕی كێیه‌، خه‌ڵكی كام هه‌رێمه‌؟ له‌وه‌ش سه‌یرتر هیچ ته‌مه‌نێكی نییه‌،''(دڵشاد كاوانی،2020: 171)

وه‌ك له‌م په‌ره‌گرافه‌دا ده‌یبنین كه‌وا نووسه‌ر به‌كارهێنانی هه‌نده‌ك وشه‌ی تایبه‌ت، كه‌ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی ئه‌فسانه‌یان له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، وایكردووه‌ ئه‌م كاره‌كته‌ره‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌فسانه‌یی ده‌ربكه‌وێت وه‌ك به‌كارهێنان ئه‌م وشانه‌(پێغه‌مبه‌ر، ئه‌هریمه‌ن، ئیبلیس...هتد) به‌م وشانه‌ توانیویه‌تی ئه‌م كاره‌كته‌ر وه‌ك پاڵه‌وانێكی ئه‌فسانه‌یی ده‌ربخات.

 

                               ئه‌نجام:

           له‌ ئه‌نجامی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا:

     - مه‌زراندنی هه‌ر سێ كاراكته‌ری سه‌ره‌كی (نارسیس، ئۆدیب، ئه‌لیكترا) له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌             یۆنانییه‌كانی(نارسیس، گرێی ئۆدیب، گرێی ئه‌لیكترا) له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌وه‌، كه‌ ئه‌م كاراكته‌رانه‌ ڕۆڵێكی گرینگیان له‌ته‌واوی ڕووداوه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی ناو ڕۆمانه‌كه‌دا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها نووسه‌ر په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیشی له‌نێوان ئه‌م كاراكته‌رانه‌دا دروستكردووه‌.

 

      - تێكه‌ڵكردن و ئاوێته‌كردنی جۆری ئه‌فسانه‌ی پاڵه‌وانیه‌تی و خواوه‌نده‌كان و دروستكردنی پاڵه‌وانی نیمچه‌ خواوه‌ند و ئه‌نجامدانی به‌شێك له‌ ڕووداوه‌كان به‌م جۆره‌ پاڵه‌وانه‌ و پێدانی چێژی زیاتر به‌ ڕۆمانه‌كه‌، وه‌ك به‌كارهێنانی هێزی هه‌ردوو خواوه‌ندی(توڕ، زیۆس)ی یۆنانی.

 

     - بنیاتنانی شوینێك به‌ تایبه‌تمه‌ندی و خه‌سڵه‌تی ئه‌فسانه‌ به‌ ناوی هه‌رێمی نێرگزان، به‌كارهێنانی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ به‌شێك له‌ ڕووداوه‌گرنگه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌ڕان به‌دوای نه‌مریدا خه‌ونی خه‌ڵكی ئه‌و هه‌رێمه‌ بوو، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌فسانه‌كان و به‌ درێژایی مێژوو خه‌ونی گه‌لان بووه‌.

 

      - مه‌زراندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌ ئه‌فسانه‌یه‌كه‌ی گرێی ئۆدیب له‌ ڕۆمانه‌كه‌دا به‌شێوازێكی تر له‌نێوان هه‌ردوو كاراكته‌ری سه‌ره‌كی نارسیس و ئۆدیب، كه‌ په‌یوه‌ندی باوك و كوڕ له‌نێوانیاندا هه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌فسانه‌ی ئه‌لیكترای به‌شێوازێكی سه‌رنجكێش له‌نێوان باوكی و كچه‌كه‌یدا مه‌زراندۆته‌وه‌.

     - به‌كارهێنانی هه‌ندێ ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی واتا خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی بۆ ڕووداوه‌كان، شوێن و كه‌سایه‌تییه‌كان، وه‌ك به‌كارهێنانی وشه‌ی (تارمای، جنۆكه‌، ئیبلیس، ئه‌هیرمه‌ن، شه‌یتان كێو یان ده‌ستێك له‌ ئاگر و ده‌ستێك له‌ ئاو) كه‌ ئه‌مانه‌ش زیاتر بۆ مه‌به‌ستی ئه‌فسانه‌ به‌كارهاتوون.

 

 

 

سه‌رچاوه‌كان:

       

           یه‌كه‌م: كـتێبه‌كان به‌زمانی كوردی:

1_ به‌ختیارسه‌جادی و محه‌مه‌د محموودی،فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی،ده‌زگای سه‌رده‌م،سلێمانی 2002

2_ برنارد كلاڤیل، ئه‌فسانه‌ی جه‌نگه‌ڵ و چیاكان، و: به‌هزاد عه‌وێزی، چاپ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاپخانه‌ی ڕۆشنبیری هه‌ولێر2014

3_ دڵشاد كاوانی، ڕۆمانی به‌ڕێگاوه‌،چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی جه‌نگڵ(تاران) 2020

4_ دیوانی شێركۆ بێكه‌س، كۆبه‌رهه‌مه‌كان، به‌رگی سێیه‌م(1971- 1993) چاپی یه‌كه‌م- كوردستان 2006

5_ شێخ محه‌مه‌دی خاڵ، فه‌رهه‌نگی خاڵ، چاپخانه‌ی وه‌زه‌ره‌تی په‌روه‌رده‌، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر 2005

6_ عبدوڵڵائیبراهیمی، كاوه‌"فه‌رهه‌نگی فارسی- كوردی"، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ئاراس- هه‌ولێر2012

7_ فه‌رهادعزیزخۆشناو، ئه‌فراندن و مردن له‌ ئه‌فسانه‌ی كوردی به‌پێی ده‌قه‌ په‌هله‌وییه‌كان، ده‌زگای ئه‌كادیمی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر2013

8_ مه‌ولود ئیبراهیم حه‌سه‌ن، گه‌ڕان به‌دوای نه‌مرییدا له‌نێوان ئه‌فسانه‌ی كوردی و فارسیدا، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر2002

9_ محه‌مه‌د ناهید، فه‌رهه‌نگی ناهید، چاپخانه‌ی حاجی هاشم ، هه‌ولێر 2011

 10_ نه‌بیله‌ ابراهیم، ئه‌فسانه‌، و: محه‌مه‌د به‌دری، ده‌زگای ڕۆشنبیری وبڵاوكردنه‌وه‌ی كوردی، به‌غداد 1986

11_ نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، فه‌رهه‌نگی زاراوه‌كانی ئه‌ده‌ب وزانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كان، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی غه‌زلنووس، چاپخانه‌ی تاران 2015

12_ نه‌جم ئه‌ڵوه‌نی، ئه‌فسانه‌ و په‌ندی كۆمیدی گاڵته ئامێزی كوردی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی دارا، هه‌ولێر2007

 

         دووه‌م: به‌زمانی عه‌ره‌بی:

13_ كلود لیفی شتراوس،الاسطورة والمعنی، ترجمة وتقدیم: شاكر عبدالحمید، مراجحة: عزیز حمزة، الطبحة الاولی، دارالشوون الثقافیة الحامة، بغداد 1986

14_ كارین ارمسترونخ، تاریخ الاسطورة،ترجمة: وجیة قانصو، الطبحة الاولی، دارالعربیة للعوم ناشوون، لبنان-  بیروت 2008

 

   سێیه‌م: نامه‌كان:

15_ په‌ریشان خالد صابر، (ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی له‌ لاوكی كورده‌واری)دا كتێبی (سوارچاكی له‌ لاوكی كورده‌واری) به‌نمونه،2014

 

    چواره‌م: گۆڤاره‌كان:

 16_ پێشڕه‌وعبدوڵڵا ، ده‌قێتی ده‌ق، گۆڤاری ڕامان، ژماره‌(158)، 7/2010      

 17_ فه‌رهاد عزیز حسن، ڕه‌خنه‌ی ئه‌فسانه‌یی، گۆڤاری لێوار، ژماره‌ (2) ئاداری 2016

18_  مسته‌فا سه‌عید عه‌لی، ئه‌فسانه‌ چیه‌؟ گۆڤاری ڕامان، ژماره‌(209)، 5/10/2014 

19_ هیمداد حوسین، زمان وده‌قی ئه‌ده‌بی، گۆڤاری ڕامان، ژماره‌(131)، 5/4/2008 

گەڕان بۆ بابەت