ما 2366 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاوڕێ نەهرۆ

یونگ شارەزایی هەبوو لە ئەفسانەکانی کۆنی ئاینی و سیمبولەکانی، یونگ لە بەرانبەر سێ خاڵبەندییەکەی فروید کەسایەتی یی دابەش کرد بۆ پەرسوناڵا بە واتای دەمامک هەروا کەسایەتی سێبەر و ئەنیما، بەشی مێیەنە لە پیاودا. هەروا ئەنیموس بەش نێرینە لە ئافرەت دا، یونگ پێ وا بوو کە مرۆڤ دەچێ بۆ شین و شایی کەسایەتی دەمامکدار بە کار دەهێنێ کە بگونجێ لەگەڵ ئەو شوێن و کاتە.

سایکۆلۆژیا لە نێوان باڤلوڤ و فروید و یونگ و لاکان

هاوڕێ نەهرۆ

سایکۆلۆژیا بە واتای باری دەروونی مرۆڤ، هەست و نەست و رەفتاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەر لە کۆنەوە مروڤ وەک یەکەی بایلۆژی چ نێر بێ یان مێ جێ سەرنجی لێکۆڵەرەوان و زانایان و دەروونشناسان بووە، شایەنی باسە تا ئێستا زانستی دەروونشناسی دەستەوەستان ئەوەستی لە بەرانبەر هەندێ لە کاردانەوەکانی مروڤ و رەفتارەکانی، لەم گەردوونە بێ پایانە. مروڤ هەیە وەک سروتی دەرویشەکانی حاڵی لێدێت لەدەرەوەی ئیرادەو ویستی خۆی دەنگ دەر ئەکاو هاوار دەکا. کەچی سایکاترکەکان و سایکۆلۆژیستەکانی سەردەم تا ئێستا وەڵامیان پێ نیە. لەبەرانبەر ڕەوشێکی وا دا، تەنیا دەرمانی سڕ کردنەوەو هێورکردنەوەیان پێ ئەدەن بەڵام کە کاریگەری حەپەکە نەما مروڤ دەگەرێتەوە سەر دوخی جارانی کە ڕەنگە حاڵەتی وا لە ئاکامی کایەی فیزیکی ناڕاستەوخۆ هاتبێتە کایەوە کە لە ڕاستی دا دژ بە پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بەهاکانی کۆمەڵگای سەردەمە، لێرەدا لەم گوتارە کورتە لە بەر روشنایی بیرکردنەوەو تیئۆرەکانی باڤلوڤ و فروید و یونگ و لاکان، هەندێ ڕاستەڕێ تیئوری دەروونشناسی لێک ئەدەینەوەو شیدەکەینەوە، بۆ نموونە ئیڤان باڤلوڤ ١٨٤٩- ١٩٣٦ پزیشک و فسیولوژێکیکی روسی بوو خاوەن تیئوری خۆ گونجاندن بوو کە دواتر پێیان دەگوت خۆگونجاندنەکانی باڤلوڤ، لە ڕاستی دا باڤلوڤ ئیشی لەسەر دەمارەکانی پەنکەریاس کرد کە چۆن لە رێگای بۆن و سەیرکردن و دەنگەوە وەک دیاردە گەلێکی فیزیاوی لیکاوی یەکە بایلۆژیەکان دەڕژێ ئەوجا ئەو گیانلەبەرانە سەگ بن یان کۆتر. دواتر ئەم تیئورە پێدەگوترا کردەی مەرجداری پێچەوانە، بۆ نموونە سەرەتا خواردنی ئەدا بەسەگەکان هاوشانی پێکردنی گڵوپێکی سوور. لە هەما کاتدا لە کاتێ  نەدانی خواردن یان خواردنەوە گڵوپێکی شینی پێئەکرد، ئیدی ئاژەڵەکە کایەی خۆ گونجاندنی ئەنجام ئەدا. کە بە پێکردنی گڵوپی سوور، لیکاو دەڕژایە نێو دەمی. بەهەڵکردنی گڵوپی شین، ئاژەڵەکە دەیزانی کە خواردن یان خواردنەوە نایێ، ئیدی باڤلوڤ ئەم پروسەیە دووبارەو چەند بارە دەکردەوە لە رێگای پێکردن و کوژانەوەی گڵوپە ڕەنگاوڕەنگەکان تا وایلێهات خواردن یان خواردنەوە ئاراستەی سەگەکان نەکا. بە چەند بارە کردنەوەی ئەم پروسەیە وایلێهات سەگی بەستەزمان لە رووی مێشک و دەروونەوە هەرەس بێنێ. ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی فسیولوژی وەک هەستی بینینی ڕەنگی گڵوپەکان، ئەم پروسەیە دەکرێ لەسەر ئاستی کیمیش جێبەجێبکرێ وەک بۆن کردنی بۆنێکی تایبەت و بەستنەوەی بەداخوازی بایلۆژییەوەو هەرەس پێ هینانی مێشک و دەروونی ئاژەڵەکان تەنانەت باڤلوڤ لەسەر ئاستی دەنگی زەنگوڵ ئەم پروسەیە ئەنجام ئەدا و کایەی هەرەسهێنانی جێبەجێ ئەکرد. ساڵی ١٩٨٩ لە گوندی ڕاژان لە بارەگای ڕاگەیاندنی بەرەی کوردستانی بووین هەفتەنامەیەکی ئیرانیم دەستکەوت بە زمانی عەرەبی بە بیرم دێت یەکێ لە گوتارەکانی هەر چەندە لە ڕوانگەی دوژمنایەتی شیوعیەتەوە نووسرا بوو بەڵام هەڵگری ڕاستییەکی تاڵ بوو، ئەویش ئەوە بوو کە حزبی شیوعی کاتێ ئەندامی نوێ وەردەگرن لە رێگای میکانیزم و ئالیەتی تیئورەکەی بافلوفەوە، پەیوەستی دەکەن بە ڕایەڵی جۆراوجۆر بە حزبەوە، سەرەتا هەندی داخوازی دیارکراوی جێ بەجێ دەکەن دواتر وای لێدێت ئەندامی بەستەزمان نەخواسمە لە بنەماڵەیەکی شیوعی کلاسیکی نەبێ هەرچی خەون و ئاوات و ئامانجی هەیە گرێی دەدا بە حزبەوە لە کاتێکی وا دا لەوانەیە حزب بەرهەمی کومەڵگای دواکەوتووی کوردەواری یە ئەو دەزگایە مۆدرێنە نەبێ خەونی هەموو ئەندامانی بەدی بهێنێ، لەهەر ناوچەیەک هەر کادرێک (وەک ئەجنتێکی بە کرەگیراو) هەڵدەستێ بە پێ ئەزموونی خۆی ئیش لەسەر یادەوەری ئەندامان دەکا کە زۆربەی ئەو پروسانە سەقەت دەرئەچن، بنەماڵەی شیوعی هەن لە هەولێر و لە دەربەنیخان تاقە ئافرەتێکیان مێردی نەکردووە.

مەبەستی هەفتەنامەکە ئەوەیە حزبە شیوعیەکان بە شێوەیەکی گشتی بە پێ تیئوری سەگەکانی باڤلوڤ لەگەڵ ئەندامانیان مامەڵە دەکەن تا لە ئاکام دا دیاردەی خۆ کوشتن و تەڵاق و ماڵوێرانی لێ دەکەوێتەوە.

تیئوری دووەم سیغموند فروید ١٨٥٦- ١٩٣٩ لێرەدا بەشیوەیەکی سادە باسی تیئورو پرنسیپەکانی فروید دەکەین، فروید پزیشکێکی دەروونی سەیرو سەمەرە بوو تەنانەت کار دەگەیشتە ئەو حاڵەتەی لەگەڵ نەخۆشەکانی دەنووست.

فروید پێ وابوو هەموو دیاردەیەکی مرۆیی لە رووی نەست و رەفتارەوە لە سونگەی سیکسەوە ئەنجام ئەدرێ. فروید پروسەی سێکسی بە پلەی یەکەم دائەنا ئەوجا پەیوەست بوونی عاتیفی کەچی لاکان وەک دەروونشناسێک رەتی ئەکاتەوەو دەڵی یەکەم پەیوەستی سۆزداری ئەوجا پروسەی سێکس. خاڵێکی سەیرتر لە تیئورەکانی فروید ئەوەیە کاتێ مناڵی کورپە گۆی مەمکی دایکی دەمژێ، هەستی سێکسی لای دەورووژێ دوا جار وای لێدێت مەبەستی شیری دایک و خواستی برسی بوون نییە، منداڵەکە کە دەگرێ داوای ئەو چێژە سێکسیە دەکا کە لە نێوان لێخشانی خۆی و دایکی لەرووی جەستەییەوە دێتە کایەوە. فروید کەسایەتی مروڤی دابەش کردووە بۆ سێ بەش من و منی باڵاو منی پائیین یان منی خوارەوە، منی باڵا بەواتای لایەنی سوسیولوژی، من یان خود وەک لایەنی سایکۆلۆژی، منی خوارەوە یان منی پائیین وەک لایەنی بایلۆژی. منی باڵا بریتی یە لە یاساو دەسەڵاتی ئاین و عورف و داب و نەریت و دەوڵەت و حکومەت، هەروا من بریتی یە لەدەسەڵاتی خودی ئێستا بە خۆگونجاندن لەگەڵ دەوروبەر، کەچی منی خوارەوە بریتی یە لە پیداویستی سێکسی و بایلۆژی مرۆڤ، کاتێ پێداویستی سێکسی وەک لایەنی بایلۆژی ئامادە ئەبێ، دەسەڵاتی من و منی باڵا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئاوا دەبێ، هەروا کاتێ دەسەڵاتی منی باڵا ئامادە دەبێ هەردوو دەسەڵاتەکەی دیکە ون دەبن.

هەروا فروید خاوەن گرێی ئۆدیب بوو، لە ڕاستی دا گرێی ئۆدیب لە ئەفسانەیەکی یونانی یەوە هاتووە، کاتی ئودیب باوکی خۆی دەکوژێ و هاوسەرگیری لەگەڵ دایکی خۆی دەکا بەڵام کە دایکی ڕاستی یەکەی بۆ ئاشکرا دەبێ خۆ دەکوژێ و ئۆدیبیش هەردوو چاوی خۆی کوێر دەکا. لەگەڵ کچەکەی کە زادەی هاوسەرگیری دایکیەتی لە جیهانێکی بەدبەخت دا ژیان دەگوزەرێنن.

لە بەرانبەر گرێی ئۆدیب، گرێی کۆپی مێیەنەی ئۆدیب هەیە بەڵام کارل یونگ لە ساڵی ١٩١٣ ناوی لێنا گرێی ئەلیکترا، گرێی ئەلیکترا بریتی یە لەوەی کچ لە نێوان سێ ساڵان تاوەکو شەش ساڵان کێبەرکێ لەگەڵ دایکی ئەکاو حەز لە باوکی خۆی ئەکا.

هەروا گرێیەکی دیکە هەیە لە نێوان خۆشک و برا بە نێوی گرێی زەکەر، کاتێ خۆشک بەمناڵی چاوی ئەکاتەوە ئەبینی براکەی زەکەری هەیە، کەچی خۆی ئەو پارچە گوشتەی نییە هەر بۆیە ئیرەیی پێ دەبا.

ئەم قوناغە فروید ناوی لێناوە قوناغی گرێی زەکەری.

تیئوری سێ یەم کارڵ غوستاف یونگ ١٨٧٥- ١٩٦٠ یونگ وەک قوتابییەکی فروید هاتە کایەوە گەرچی فروید خاوەنی قوتابخانەی شیکردنەوەی دەروونی بوو بەڵام یونگ سەرلەنوێ ئەم قوتابخانەیە بە شێوەیەکی هاوچەرخ زیندوو کردەوە، یونگ کەسایەتی دابەش کرد لە نێوان کەسایەتی کراوە (سەلامە موسی دەڵێ دەم و چاویان خڕە) بە عەرەبی پێدەڵین (الانبساطي) و کەسایەتی داخراوە (سەلامە موسی دەڵی دەم و چاویان سێ گوشەیە) بە عەرەبی پێدەڵێن (الانطوائي).

یونگ شارەزایی هەبوو لە ئەفسانەکانی کۆنی ئاینی و سیمبولەکانی، یونگ لە بەرانبەر سێ خاڵبەندییەکەی فروید کەسایەتی یی دابەش کرد بۆ پەرسوناڵا بە واتای دەمامک هەروا کەسایەتی سێبەر و ئەنیما، بەشی مێیەنە لە پیاودا. هەروا ئەنیموس بەش نێرینە لە ئافرەت دا، یونگ پێ وا بوو کە مرۆڤ دەچێ بۆ شین و شایی کەسایەتی دەمامکدار بە کار دەهێنێ کە بگونجێ لەگەڵ ئەو شوێن و کاتە.

بەڵام کەسایەتی سێبەر سەرچاوەی شەرئەنگیزی و ئیرەیی و خولیا شاراوەکانی مرۆڤە وەک دڕندە. بۆ نموونە دیستۆفسکی رۆمانی نامەکانی ژێر زەمینی نووسییەوە گوایا گوزارشت لەم کەسایەتی یەی سێبەر دەکا.

ئەنیماو ئەنیموس لە نەستی کەسایەتی پیاوو ئافرەت جێگیرە، بەرێککەوت گوزارشتی لێ دەکرێ، لە رەفتارو کردەوەکانی روژگار بەرجەستە ئەبێ.

یونگ پێوایە کەسایەتی بریتی یە لەکەسایەتی هەست و هوشیاروکەسایەتی نەستی تاک و کەسایەتی نەستی کۆ، ئەم ڕایەڵانە کۆدەبنەوە کەسایەتی مروڤ پێک دەهێنن.

بەڵام خوێندنەوەی سایکۆلۆژیا لای جاک لاکان جیاوازە، جاک لاکان خاوەن تیئوری ئاوێنەیە، کاتێ کە منداڵ یەکەم جار خۆی دەبینێ لە نێو ئاوێنە دا، کارێگەری زۆری لەسەر ئەندیشەی دائەنێ بەشێوەیەک کە بۆ یەکەمین جار وەک کەسێکی دابڕاو خۆی دەبینێ لەگەڵ کەسایەتی باوک و دایک جیاوازەو هەوڵ ئەدا رازییان بکا، بەدرێژایی گەورەبوونیش وێنەکەی لە نێو ئاوێنە دا گۆڕانی بەسەر دێت بەڵام کاریگەری جاری یەکەم هەر دەمێنێ.

جان لاکان ١٩٠١- ١٩٩٣ کەسایەتی یی دابەش کرد بۆ سێ ڕایەڵ

یەکەم- ریئالیستی و واقیعگەرا بەشێکە لەکامڵ بوون و یەکبوون.

دووەم – قوناغی فانتازیاو خەیاڵ کە زات دابەش بووە لە نێوان خود و ئاوێنەدا.

سێ یەم – قوناغی سیمبولی کە لەدوای وەرگرتنی زمان دێت وەک سیمبولی نەست .

لاکان پێوایە زمان بونیادی نەستی مروڤە وەک سیمبول خۆی نیشان نادا بەڵکو وەک ئاماژە دەرئەکەوێ لە نەست دا.

لە کوتایی ئەم گوتارە کورتە باسی بۆچوونێکی فروید دەکەم کە دەڵی، مێشکی مرۆڤ وەک قاڵبێکی بەفر وایە کە سێ چارەکی لە ژێر ئاو دایە ئەوە حاڵەتی نەستی مروڤەو چارەکێکیش لەسەر ئاوە ئەوەش بێگومان پێ دەڵێن حاڵەتی هەستی مرۆڤ.

هەروا لە لایەکی دیکە دەڵی، مێشکی مرۆڤ وەک ساختومانێکی چەند نهۆمی یە، کاتێ مرۆڤ توڕە ئەبێ وەک ئەوە وایە دڕندەیەک لە نهۆمەکانی خوارەوە دەرچێ بۆ سەربانی سەرەوە بەشێوەیەک دانیشتووانی نێو ساختومانەکە دووچاری سەرسوڕمان دەکا.

ئەمرۆ لە ئەوروپاو وڵاتانی پێشکەوتوو پشت بە فروید نابەستن زیاتر  باسی کوگنەتیڤ و ناراتیڤ دەکەن وەک ناسینی مینتاڵێتێت و گێڕانەوە، زیاتر پشت بە دەرمان و حەپ دەبەستن کە بێگومان بازرگانانی دەرمان لە پشتەوەی ئەم پروسەیە دان.

 

 

گەڕان بۆ بابەت