ناڵە حەسەن

ئازادیش ڕووناکییەکی نارنجی نوورانییە

لەنێو ئاوێنە ئاوییەکەی بووندا

لەگەڵ دەرکەوتنی

جووڵە و ژیانی مرۆڤەکان

ئاکتیڤ و گەش و ڕۆشن دەکاتەوە!

(گەڕان ١٤)

    ناڵە حەسەن

(تابلۆ، یادەوەری، عەشق، فڕین، نائومێدی، بوون، خۆزگە، ڕابردوو، جوانی، تەنیایی، شیعر، ئارەزوو، ژیان، چاوەروانی، ئازادی، پرسیار، ڕووناکی، دابڕان، گومان، گەڕانەوە، جیاوازی ...)  

١

(...........)

سەردەمانێک پەنجەکانم

لەژێر ستیانەکەتدا دەخەوتن

لاولاوەی خەونەکانیشم

دەوروبەری کانی حەزەکانتی دادەپۆشی و

ڕەگەکانیان لەنێو ئاوە ڕوونەکەی ئارەزووت

دەمیان بۆ خۆرەتاوی ئومێد دەکردەوە

منیش لەو ڕۆژانە

لەنێو ڕووناکی چاوەکانت خۆم دەشاردەوە

٢

(.............)

ناولەپی ئازارەکانم پڕە لە ئاگر

ئاگر چیڕۆکە درێژەکانی عەشقم بۆ دەنووسێتەوە

پەپوولەکانیش دڵتەنگ و خەیاڵ ماندوو

بێ مەبەست

 لە دەوری گوڵەکان دەسووڕینەوە

لە دوورەوەش

لە شەپۆلە بێهودەکانی ڕووبارەوە

گۆرانییەکی غەمگین دێتە گوێ و دەڵێن

ئاسوودەیی ئێمە خۆرەتاوێکی ڕەنگ زەرد بوو

ئاوابوو ئیتر هەڵنایەتەوە

٣

(...........)

بێدەنگیم پڕە لە قسە

پڕە لە هاوار

پڕە لە شیعر

وەکچۆن تەنیاییم

پڕە لە ئاوەدانی و ژیان و مردن

ئەی خوێنەر ...

گەر دەتەوێت زێتر

کۆدەکانی شیعر و نهێنیەکانمت بۆ بکرێنەوە

توند توند

دەست بە لچکە کراسی ژیانتەوە بگرە!

٤

(...........)

پەنجەرەی دڵت بکەرەوە و

لە چاوەڕوانیم بە

تا دوا ساتەکان و

 چرکە ڕەشەکانی کۆتایی کات

وەکچۆن منیش

بەر لە دایکبوونمەوە لە چاوەڕوانیت دام

من تەمەنێکە چرکە ڕەشەکانی

کۆتایی کاتم جیهێشتووە

لەلای من

زەمەن و ڕووناکی و ڕازە ڕەنگینەکان

دەمێکە کۆتاییان پێهاتووە

٥

(...........)

گەر شەو و ڕۆژێک

خۆر لە ماڵەکەی خۆی نەیەتەدەر و یاخی ببێ

چاوەکانی ئاسمان زەق زەق سوور هەڵدەگەڕێن

زەوی لە جووڵە دەکەوێ

کاتژمێرەکان ڕیتمی تکەتکیان بیردەچێتەوە

ڕەنگەکان بە تارایەکی ڕەش خۆیان دادەپۆشن

سیمای جوانی لەسەر ڕوخساری

تاوێر و تاڤگە و تەلارەکان دەرناکەون

منیش لەنێو ونبوونی خۆمدا ونتر و ونتر دەبم

٦

(...........)

ئایا لە دۆزەخدا مرۆڤەکان دەمرن

 یان / بەر لە ئاگر دۆزەخ هەبوو

ئەی بەهەشت و دۆزەخ  کەی هاتوونەتە بوون؟!

٧

(...........)

زۆر شەوان حەزدەکەم

مۆمێک لەسەر سینگی دەریا داگیرسێنم

تا تابلۆی ئەو چرکە ساتە بکێشم

کە باران لێوە تەڕەکانی ئاو ماچ دەکات

چەندە جوان بوو

گەر مرۆڤیش لەنێو ئاو بژیابا

نە ماڵی دەبوو نە شەقام و نە نیشتیمان

٨

(...........)

من خولیاکانتم پڕکرد لە خەون

خەونەکانیشت پڕ لە پەیکەری تۆ

تۆش لە نێو خەون و خولیاکانم

پەیکەرەکانی منت شکاند

٩

(...........)

گەر لە تاریکی نەمناسییەوە

چیت لێبکەم لە ڕووناکی

گەر ژیانی من تابلۆیەک بێت لە نائومێدی

خۆشی و سەفا و

بەزم و شادی و بەختەوەری بە من چی!

١٠

(...........)

جوانی هەورێکی سپییە

لەنێو ئاسمانە ڕەشەکەی دەقدا

بارانێکی شینی پڕ چێژ دادەکا

دەروونی خاک و گیا و باخچەکان

هێمن و ئارام دەکاتەوە!

١١

(...........)

ئازادیش ڕووناکییەکی نارنجی نوورانییە

لەنێو ئاوێنە ئاوییەکەی بووندا

لەگەڵ دەرکەوتنی

جووڵە و ژیانی مرۆڤەکان

ئاکتیڤ و گەش و ڕۆشن دەکاتەوە!

 

                                                    ڕەشەمێی ٢٠٢٤

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت