ما 1486 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

بێهنام فەتاحی

ئەم کتێبە کە دەشێ ناوی «ناچیرۆک»ی لێبندرێ تاکوو ڕۆمان یان چیرۆک، زیاتر بابەتگەلی ئەزموونکراو و ڕاستەقینەی خەڵکی سنوورەکان و ناوخۆی ڕەفغانستانە. بگرە زۆربەی ئەو شتانەی نووسەر لە ژیاندا بە چاوی خۆی بینیویەتی و یان لە نزیکەکانی خۆی بیستوویەتی، یان شایەتحاڵێک بۆی گێڕاوەتەوە، زۆر لێزانانە دایڕشتۆتەوە و بەرگی هوونەری گێڕانەوەی بەبەر بەسەرهاتەکاندا کردووە. وەها کە ڕووداوەکان، لیپاولیپن له تەکنیک و تازەگەری، ڕۆحێکی بزێو بەسەر دەقەکەدا زاڵە و خوێنەر تامەزرۆی خۆی دەکات تا کۆتایی سەرەنجی لەسەر خوێندنەوەکە قوتار نەبێ

خاتوو عالییه عەتایی کێیە

بێهنام فەتاحی

لە وتووێژێکدا خۆی دەگێڕێتەوە، لە ماڵەوە خانمێکی بەخێوکەری هەبووە، کە لەوەوە فێری گێڕانەوە بووە. ئەو خانمە لە ئەدەبی کلاسیک شارەزایی تەواوی بووە و زۆربەی کاتەکان چیرۆک و بەسەرهاتی بۆ  گێڕاوەتەوە. جگە لەوەش، هەر کات ویستبێتی بۆ کارێک سەرنجی ڕابکێشێت یان بەرگری لێبکات، قسە و ئامرازەکانی خۆی بەشێوەی چیرۆک پێ ڕاگەیاندووە. بۆ نمونە گەر ویستبێتی بڵێ شەکر مەخۆ بۆ ددانەکانت خراپە، لە توێی چیرۆکێک دا بۆی گێڕاوەتەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، کەسێک شەکری زۆر دەخوارد، تاکوو ددانەکانی ڕزی و هەڵوەری و...

خۆی دەڵێت ئەم خانمە، زۆر لەسەری کاریگەری بووە و هاندەری بووە بۆ ئەوەی بەردەوام شت بگێڕێتەوە و چیرۆک بکاتە خولیای خۆی.

خاتوو عالییە عەتایی، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی لە شاری هەرات لە وڵاتی ئەفغانستانە. بنەماڵەکەیان بە بۆنەی دۆخی زۆر خراپی وڵاتەکەیان کە بەرەو رووی شەڕی ناوخۆیی بوونەتەوە، وەک زۆر هاووڵاتی تری ئەفغانستان، کۆچیان کردووە بەرەو وڵاتی ئێران.

 بە پێچەوانەی زۆر بنەماڵەی تری ئەفغانستان، باری ماددی بنەماڵەکان سەقامگیر و باش بووە، لە هەمان کاتیشدا باوکی کابرایەکی تێگەیشتوو و خوێندەوار بووە.

خاتوو عەتایی، تەمەنی منداڵی خۆی تا تازە لاوی لەسەر سنووری ئێران- ئەفغانستان لە گوندی دەرمیانی پارێزگای خوراسان ژیاوە و لە نزیکەوە بینەری ئەو زام و مەینەتیانە بووە کە ژیانی خەڵکی لەو ناوچە سنووریە خستۆتە تەنگەژی، بە تایبەت ژیانی کچان و ژنان.

دواتر ئەو ئەزموونە تاڵ و دژوارانەی بە شێوەیەکی هونەرمەندانە گواستۆتەوە ناو چیرۆکەکانی خۆی، بە جۆرێک کە کرۆکی زۆربەی چیرۆکەکانی ئەو نووسەرە، بابەتگەلی کۆچبەری و مەینەتی ژنان و ژیانی سەرسنوورە، کە زۆربەی ئەم چەمکانەش، بەرهەمی شەڕە ناوخۆیییەکان و شەڕە سەپاوەکان بوون.

بە شێوەیەک کە خۆی دەگێڕێتەوە، خەڵکی ناوچە سنووریەکان، بە بۆنەی زۆربوونی ڕاددەی کوژراوەکانی ئەفغانستان، کاسپی کفنیان کردووه و به قاچاخی لە ئێرانەوە کفنیان بۆ وڵاتەکەی خۆیان هاوردە کردووە تاکوو هەم بەشی کوژراوەکان بکات، هەمیش لەم رێگەوە دەسکەوتی ماددیان ببێ!

خاتوو عالییە عەتایی، دواتر لە شاری بیرجەندی ئێران نیشتەجێ بووە و هەر لەو شارەش دیپلۆمی وەرگرتووە.

لە تەمەنی هەژدە ساڵی دەچێتە گەورەشاری تاران بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن. دواتر دەتوانێ پلەی کارناسیی باڵا لە زانکۆی هونەرەی تاران لە بەشەی ئەدەبی شانۆیی تەواو بکات.  ئەم خاتوونە بەسەر زمانی ئینگلیزی و فەڕانسی زاڵە و زۆر یەک لە بەرهەمەکانیشی بەو دوو زمانە وەرگێڕدراونەتە و چاپ کراون. لە هەمان کاتیشدا، براوەی دەیان خەڵاتی ئەدەبی بووە و تاکوو ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی چیرۆکی نێودەوڵەتی وەک داوەر، ئەرکی پێ سپێردراوە.

خاتوو عەتایی لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوییەوە چالاکی خۆی لە بواری نووسینی چیرۆک و شانۆنامە دەستپێدەکات و سەرەتا بەرهەمەکانی لە گۆڤارەکان ئێران بڵاو دەکاتەوە.

لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، یەکەم ڕۆمانی خۆی بە ناوی «مەگەر دەکرێ قابیل، هابیلی کوشتبێ!؟» دەخاتە بازاڕی کتێب و بەردەستی هۆگرانی ئەدەب.

پاشان ڕۆمانی «کافور پۆش» لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی لە چاپەمەنی «قوقنووس» بڵاو دەکاتەوە و ناوی وەک نووسەرێکی سەرکەوتوو دەکەوێتە سەر دەمی ڕەخنەگران و بەردەنگانی ئەدەبی چیرۆک. ئەم ڕۆمانە دەتوانێ خەڵاتی «مێهرەگانی ئەدەب» و خەڵاتی ئەدەبی «واو» بۆ نووسەرەکەی دەستەبەر بکات.

لە ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی کتێبی کۆمەڵەچیرۆکی «چاوی سەگ» لە چاپەمەنی «چێشمە» بڵاو دەکاتەوە. ئەم کتێبە لەخۆگری حەوت کورتەچیرۆکە، کە هەر کام باس لە مژارێکی تایبەت دەکات، بەڵام ژیانی نائاسایی کەسانی کۆچبەر و دوورەوڵات، بابەتی سەرەکی هەر حەوت چیڕۆکەکەیە. کەسانێک کە هەمیشە غەریبایەتیەک لە خۆیاندا هەست پێ دەکەن و هیچ کات وەک شارۆمەندێکی ئاسایی هەڵسووکەوتیان لەگەڵ ناکرێ.

کۆتا بەرهەمێ کە لەم نووسەرە بڵاو بۆتەوە، کتێبی «سوور کوێر»ە کە لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاو بۆتەوە.  مەبەستی نووسەر لە هەڵبژاردنی ناوی «سوور کوێر» ئەوەیە، کە کەسانێک هەن بۆ بینینی ڕەنگی سوور، کوێراییان داهاتووە، بە ئەنقەست ڕەنگی سوور نابینن کە سومبولی خوێنی بێ تاوان و بێ دەرەتانەکانە.

ئەم کتێبە کە دەشێ ناوی «ناچیرۆک»ی لێبندرێ تاکوو ڕۆمان یان چیرۆک، زیاتر بابەتگەلی ئەزموونکراو و ڕاستەقینەی خەڵکی سنوورەکان و ناوخۆی ڕەفغانستانە. بگرە زۆربەی ئەو شتانەی نووسەر لە ژیاندا بە چاوی خۆی بینیویەتی و یان لە نزیکەکانی خۆی بیستوویەتی، یان شایەتحاڵێک بۆی گێڕاوەتەوە، زۆر لێزانانە دایڕشتۆتەوە و بەرگی هوونەری گێڕانەوەی بەبەر بەسەرهاتەکاندا کردووە. وەها کە ڕووداوەکان، لیپاولیپن له تەکنیک و تازەگەری، ڕۆحێکی بزێو بەسەر دەقەکەدا زاڵە و خوێنەر تامەزرۆی خۆی دەکات تا کۆتایی سەرەنجی لەسەر خوێندنەوەکە قوتار نەبێ.

ئەم کتێبە لە ڕووی ناوەرۆکەوە، ژانی خەڵکی مەدەنی و دەستەوەستان دەگێڕێتەوە کە لە جوغرافیایی ئاڵۆزی ئەفغانستان شەو ڕۆژ شەڕیان بە تووشەوەیە و لەگەڵ مەرگ دەستەویەخەن. کەس لە چرکەساتێکی داهاتووی خۆی ئاگادار نییە. دڵەڕاوکەیەکی هەمیشەیی، ئەرخەیانی و ئاسوودەیی لێ بزر کردوون.

لە هەمان کاتیشدا کەسانێکی بە ناو هاووڵاتی بەم دۆخەوە کاسبی دەکەن و به خوێنی کەس و کار و هاووڵاتی یەکانی خۆیانەوە، پاره کەڵەکە دەکەن. دۆخێکی ئاشنا نەک بۆ ئەفغانستان، بەڵکوو بۆ هەموو قوژبن و پەسیوێکی ڕۆژهەڵاتی ناوین.


عالیە عطایی
 

گەڕان بۆ بابەت