ما 2423 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

من ویستم ڕووناکی بگەڕێنمەوە نێو دوێنێم

بیرم چووبوو ئەمڕۆم ناتەبایە لەگەڵ ڕووناکی

هاتم و لەسەر هەموو کانییەک قومە ئاوێکم خواردەوە و بە هەموو ڕەنگێک

نیگاری ئومێدەکانم ڕەنگ دەکرد.

هەڵاتن لە ڕووناکی

ناڵە حەسەن

من لەوەتەی هەم

لە ئاسمان ڕادەکەم و لەنێو با خۆم دەشارمەوە

لە ئەستێرەکان ڕادەکەم و لەنێو ئاگر خۆم دەشارمەوە

ڕەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت

من لە شەوێکی تاریک و بەدیار فانۆسێکی شووشە شکاوەوە

هاتوومەتە دونیا و

ختوکەی شەرمێکی ڕۆژهەڵاتیش لە جەستە و ناخم جیا نابێتەوە

ماندووم و لەنێو ئەشکەوتە تاریکەکانی شکستەکانەوە هاتووم

گوێم لە زریکە و هاواری هەموو زەمەنەکان و چەرخەکان و وەرزەکان و

باخچەکان بووە

لەنێو ڕەشماڵ و پەرستگە و خەڵوەتگەکانی عەشق

گوێم لە ڕازە ڕەونەقاوییە ڕووناکەکانی شاپەرییەکانیش بووە

کتێبە پیرۆزەکانیشم یەکبەیەک خوێندۆتەوە

دێربەدێری ئایەتەکان و پەڕپەڕی خەونی بەیاتریسەکانیشم شیکردوونەتەوە

هەر بەم دەنگ و ڕوخسارو شان و ملە تۆزاوییەوە

هاتم و سەدەیەک لە مەمکۆڵە سپییەکانی ڕووناکی و

ئۆقیانووسێک لە شەپۆلی بێدەنگی و

کیشوەرێک لە نیگای خەواڵووی لەخۆم نامورادتر بە کۆڵمەوەیە

چ زەمەنێکی دژوار و ڕۆژگارێکی سەخت بوو

نەمانتوانی / لەنێو بەلەمەکانی باران بمینینەوە

لەگەڵ سەمفۆنیا هێمنەکانی سپێدە سەمابکەین و وێنەکانی خۆمان

لەنێو ئەلبوومەکانی مردن بهێنینە دەرەوە

خەونە خرپنەکانی خۆمان لەباوەش بگرین و نەهێڵین لێمان دوورکەونەوە

هاتم و من ویستم  ڕووناکی ببەمە نێو سبەینێم

بیرم نەبوو ئەمڕۆم پڕە لە تاریکی

من ویستم ڕووناکی بگەڕێنمەوە نێو دوێنێم

بیرم چووبوو ئەمڕۆم ناتەبایە لەگەڵ ڕووناکی

هاتم و لەسەر هەموو کانییەک قومە ئاوێکم خواردەوە و بە هەموو ڕەنگێک

نیگاری ئومێدەکانم ڕەنگ دەکرد

گەرووم وەک شمشاڵێک هەموو ئاوازە غەمگینەکانم پێ دەچڕی

لەژێر سێبەری هەموو سنەوبەرێک خەونی خوناویم دەبینی

وەکو بارانیش بە پێدەشتی هەموو بەهەشتێکدا دادەباریم

سەردەمانێک ڕووناکی ماڵ بەماڵ و کۆڵان بە کۆڵان بەدوامدا دەگەڕا

ئێستا من لێی ڕادەکەم و دوور دەکەومەوە

لێی ڕادەکەم و ژیانیش لەپێشمدایە و وەکو من ڕادەکات

سەوزایی لە کەنار ڕێگاکان دوور دەکەونەوە

هێلەکان و رەنگەکانی پەلکەزێڕینەش

لە ئاسمان یاخی دەبن و جیادەبنەوە

 جیادەبنەوە و ئەوانیش دوور دەکەونەوە

منیش هەر دەڕۆم و دوور دەکەومەوە

خۆم و خەیاڵێکی ڕووت ڕووت

خۆم و خەونێکی گۆچان بەدەستی رووت

خۆم و پەنجەرەیەک لە تاریکی ڕووت

خۆم و ڕۆحێکی هەلا هەلا و هەستێکی فۆبیایی

خۆم و خەیاڵێکی نامۆ و دەست و پەنجەیەکی لەرزۆک

ئەم جیهانە چەند چڕ و تێکئاڵاو و سەراسیمە و ئاڵۆزە

ڕەگەکانی ڕەش و ئەستێرەکانی ڕەش و مەمکۆڵەکانی ڕەش

شەو و شەوگاریش هەر ڕەش

ناتوانین وشەکان و ڕستەکان و نیگاکانی بخوێنینەوە

سەیرکەن بەردیش لێمان دوور دەکەوێتەوە و

ڕووناکیش بوخچەیەکە پڕ لە نهێنی نەدرکاو

عەشق بازنەیەکی داخراوە و دەرگایەکی هەیە بۆ چوونە ژوورەوە

دەرگای هاتنە دەرەش لە گۆڕستان سەر دەردەکا

چیڕۆکەکانی پێکەوەبوون گەیشتنە خاڵی کۆتایی

دەستەکانمان توانای لێکردنەوەی هەنجیرە گەییوەکانییان نەماوە

مەوداکانی نێوانیشمان بە ئەندازەی مەودای

ڕووناکی نێو دڵی تۆ و تاریکی نێو چاوەکانی من لەیەکەوە دوورن

هەر بەو نیگا تاریکانەوە دەڕوانم

هەندێجار کە لە ئاوێنەوە سەیری خۆم دەکەم / ڕوخساری خۆم ناناسمەوە

چ هەستێکی تووڕەهات و پووچ و هێڵنجاوییە ئەم خەیاڵانەی من

ڕووناکی نێو گەردوون پڕاوپڕە لە شتی نامۆ

بۆیە منیش نامۆم بە ڕووناکی و بە هەموو هاوکێشەکانی ئەم گەردوونە

من بە شێوەیەک خۆم فڕێدایە نێو چاڵەکانی عەشق

نەمدەزانی ڕۆژێک لەنێو قووڵاییەکاندا دەگەمە خاڵی کۆتایی و لەوێدا دەوەستم

دەوەستم و قاچەکانم لە جووڵە دەکەون

جەستە و میشک و پەنجە و چاوەکانم سڕ دەبن

لەدوورەوە / تەنها یەک ڕووناکی و یەک پەنجەرە و یەک مەشخەڵی ئاگر دەبینم

بۆیە ژیانێک ژیام / بیرم چووبوو لە کۆتایی دەگەمە خاڵی وەستان و مردن

هەر ژیام و لە ڕووناکی و ئاگر نزیک دەبوومەوە

کەچی ئیستا هەموو ڕۆژێ مردن قسەم لەگەڵ دەکا و پێمدەڵێ

چیتر خۆت بە فەتارەت مەدە و لە ڕووناکی دوورکەرەوە

ئێستا من چرکە چرکە لە ڕووناکی دوور دەکەومەوە

ڕووناکی ترسناکە لە مردن نزیکم دەکاتەوە

من ئێستا گومان لە هەموو ئاوێنەکان دەکەم

وەکچۆن گومان لە بوون و بیرکردنەوەکانی خۆیشم دەکەم

گومان لەو تاریکییە دەکەم کە ماڵێک نەبێت بۆ ڕووناکی

گومان لەو ڕووناکییەش دەکەم گۆشەیەک لە گۆشەکانی

پەناگەیەک نەبێت بۆ تاریکی

هەموو ڕووناکی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم

نەمتوانی لە زەردەخەنە مۆنالیزاییەکەی منداڵیم تێبگەم

نەمتوانی گومانەکانی نێو خەون و خەیاڵەکانم بخوێنمەوە

نەمتوانی لە نیگەرانییەکانی نێو تریفەی شەوەکانم تێبگەم

هەموو ڕووناکییەکانی گەردوونم هێنایە نێو شیعرەکانم

نەمتوانی تاریکایی نێو تەنیایی خۆم و تاریکایی نێو تەنیایی خۆرەتاو و

تاریکایی نێو تەنیایی خودا بخوێنمەوە

ئەی ڕووناکی من ئێستا لەتۆ ڕادەکەم و لێت دوور دەکەومەوە

لێت ڕادەکەم خۆم و خەونێکی ڕووت و گومانێکی ڕووت

وەکچۆن / وەرزەکان لە زەمەن ڕادەکەن و گەردوون لەبوون و

ئەی ڕووناکی منیش لەتۆ

هەندێجار ژیان نوختەیەکی ڕەشە بە سەر گۆنای مانگەوە

یان تابلۆیەکە لەشێوەی ئەسپێکی بچکۆڵە لەنێو هەورە ڕەشەکانەوە

منیش ڕادەمێنم و دەکەومە نێو خەیاڵێکی قووڵ قووڵەوە و دەپرسم

دەبێ من لەکوێی نێو ئەم نوختە ڕەشەی سەر گۆنای مانگ لەنگەرم گرتبێ

یان گەر لەو ئەسپە بچکۆڵەیەی نێو هەور ڕەشەکانەوە نزیک ببمەوە

تۆ بڵێی ئەمیش وەک هەمیشە لێم دوور نەکەوێتەوە

نوختە ڕەشەکە و ئەسپە بچکۆڵانەکە بە ڕووناکی ئەستێرەکانەوە

 دەورە دراون

ئەستێرەکان ماڵی تیشکە سوورە ڕووناکەکانن

تیشکە سوورە ڕووناکەکان و من سەدەیەک لە نیوانمان

تریفە زەردە ڕووناکەکانی مانگ و سەدەیەک لە هەڵوەرین

سەدەیەک لە هەڵوەرین و پایزێکی سەرمەدی لەنێوانمان

ڕووناکی لەنێو بوونی من سەرابێکە بە نزیکبوونەوە ون دەبێ

وەک تەنکە بەفرێکی بەهاری بەنیگایەکی خۆرەتاو ڕەش دەبێتەوە

بێئاگا لەخۆم / کاتژمێرێکم لەدەستە قایش ڕەش و میلەکانی ڕەش

چرکە چرکە کات و زەمەنی سەدە تاریکەکانم بۆ دەخوێنێتەوە

زەمەنی لێکدابرانەکان و مردنەکان و وەستانەکان و سڕبوونەکان

ئێستا من / هەر پەنجەیەکم لە بنارێک و هەر قاچێکم لە کیشوەرێک و

چاوەکانم و پارچەکانی تری جەستەم فڕێدراونەتە نێو دەریاچەکانەوە

سەدەیەکم پێویستە بۆ خۆکۆکردنەوە

سەدەیەکم پێویستە تا نیگاکانم بە جووڵە بێنەوە و ئەو ڕووناکییە ببەخشن

کە لەنێو گۆشەیەکی چاوەکانم و لەنێو ژوورێکی قەسیدەکانم هەڵم گرتوون

ئاخ چ زەمەنێکی پڕ ئازار و خەفەتاوییە کاتێک ئەم دیمەنەم بیردەکەوێتەوە

منداڵیم کۆڵارەیەک بوو بەرز دەبوویەوە لە ڕووناکی نزیک دەبوویەوە و ون دەبوو

باڵندەکان بەرزدەبوونەوە لە ڕووناکی دوور دەکەوتنەوەو ون دەبوون

هەور لە بازنەیەکی ناڕێک دەخولایە و شەپۆلەکان سروودەکانیان بیردەچوویەوە

با مانی دەگرت و گڤە گڤی نەدەهات

گۆپکەی درەختەکانیش خالیبوون لە بوخچە ڕەنگاوڕەنگەکانی خەون

ئەم گەردوونە پێویستی بە تەقینەوەیەک و بورکانێکی گەورەتر هەیە

تا ئێمەش نوختەیەکی ڕەش دابنێین و سەر لەنوێ دەست پێبکەینەوە

بەڵام / ئەمجارەیان لە ڕووناکی ڕانەکەین و ببین بە تابلۆیەک لە ئاگر

 

                                                        ڕێبەندانی ٢٠٢٤

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت