ما 1231 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەفوور ساڵحی

ئەمجاریش ملم سووڕاند. چاوێکی دیم بە ژوور و وەتاغەکەمدا خشاندەوە. هەموو هی خۆم بوون. وەک خۆی. هیچ شتێک نەگۆڕابوو: «ئەقەلی کەم، دەزانم کە لە ماڵی خۆمم.» ئەوەی جێی گۆڕابوو، تەنها کراسە هەڵوسراوەکە بوو. ئەویش ئێستا لەبەر دایکمدا بوو. دایکم تێگەیی: «دەی بۆ وا تماشام ئەکەی ڕۆڵە؟ ئاها ئەتگوت دایە ئەو کراسە قەسرییەت زۆر لێ جوانە.» هیچم بۆ نەگوترا. نەمدەتوانی. ئەگەر بمتوانیایە، پێم دەگوت: «ئاخر دایە گیان، خۆ فریانەکەوتی ئەو کراسەت ئەوەندە لەبەر کەی...»

تاوان

غەفوور ساڵحی

١

ویستم هەستم. دەستم برد، لۆیەکی لێفەکەم گرت، کە لایدەم. لە پاییزدا هەستم بە سەرمایەکی زستانی کرد. ڕەهێڵەی سەرماوەز، بانگی زستانی دەکرد. گوێم لە گژەی با بوو. زەختی با و شەستەباران، زۆری بۆ پەنجەرەکان هێنابوو. تریشقەی هەورەکان، زوو زوو ڕەنگی دیوەکەمی دەگۆڕی. لۆیەکی لێفەکەم هەر بەدەستەوە بوو.

دەمێک نەبوو. هەر شەش حەوت شەوێک دەبوو، کراسێکی قەسریی نێوماڵیی ژنانەم، بە جلکگیرێکەوە هەڵواسیبوو. کراسێکی گوڵ وردی قاوەیی ڕۆشن. لە قوژبنی ئەوبەرەوەی ژوورەکەمەوە، بەرامبەر بە جێخەوەکەم، هەڵمواسیبوو. لە سووچێکی پەنجەرەکەوە. بە نیاز بووم هەتا ئەو ڕۆژەی، ئەو ژوورە هی من بێ، هەر لە بەر چاومدابێ. رەنگە کە لەوێش نەمام... جارێ نازانم... با ئەوەش بڵێم. هەر یەکەم شەو، کە ئەو کراسەم هەڵواسی، خەونم بە باوکمەوە دی و بە کۆترێکی گەورەی قاوەییەوە. باوکم لەو خەونەمدا ڕەش داگیرسابوو. بۆ بەیانی و ڕۆژانی دوواییش، هەموو ڕۆژێک، هەر ئەو کۆترەم دی، کە بە گوێسوانەی ماڵی بەرامبەرمانەوە، ڕوو بە ماڵی ئێمە، ڕاوێچکەی دەکرد. پشیلەیەکی ڕەشیش، دایم لە بن دیوارەکەدا... 

 

بیرم لە خەونەکەی دوێشەوم و، لەو کۆتر و پشیلە دەکردەوە: «بۆ هەمیشە لەوین و ئەویش ڕوو بە ماڵی ئێمە؟ بۆ...» لەپڕ چاوم بەو قامکانە کەوت. ئەو قامکانەی لۆی لێفەکەی منیان گرتبوو، کە لایدەن. بیرم پچڕا. جا چۆن ناپچڕێ؟ تازە، تۆ بوویتایە بەجێی من، زراوت دەچوو. دەبوورایتەوە. ئاخر قامکەکان هی خۆم نەبوون. قامکەکان، لە ترسا لە بزوە کەوتن. گشت سرنجم چووە سەر دەستەکانم. کەیفم کرد. یەکەم نیگا بزەیەکم هاتێ: «تماشا ئەو دەست و پەنجە جوانانە!!» بۆم نامۆ بوون. نەمدەناسین. بزە و کەیفم، ئەوەندەی نەخایاند. تەنها چرکەساتێک بوو و بەس. لە پڕ لێیان ترسام! ئا، ئا، لەو دەست و پەنجانە تۆقام. هی خۆم نەبوون، یان بە هی خۆم نەدەزانین؟ ئەی هی کێن؟ ئەی بۆ بە منەوەن؟ دوو دەست و، هەرکام بە پێنج قامکەی کچانەی باریکەڵە و ناسک و نامۆوە. ئەو پەنجانەی هێندەم بە بەر چاوی خۆمدا ڕاوەشاندن، چاوم لە ڕەشەوە دەهات. چاوم لە قامکەکانم دزییەوە. بڵێی ئەمە وەهم بێ؟ بڵێی هی خەونەکەی دوێشەوم بێ، کە لە پێش ئەوەی وەخەبەر بێم، بە باوکم دەگوت: «ئەویش تۆ کوشتت، بابە. ئاها بە دایکمت دەگوت: ئەو کارەی ئێوە دەیکەن، تاوانە تاوان! نازانم بۆ شەرم ناکەن. حەیاتان پێوە نەهێشتم. ئەترسم ئەم کچانەش چاو لە تۆ بکەن... » زۆرم پێگوتی بابە بەسسە، ئیتر بەسسە. تۆ چ باوکێکی کە لە تاوانبار کردن و کوشتنی ئازیزانی خۆت، تێر نابی. ئا، ئا، بابە گیان، دایکیشم تۆ کوشتت. کە دایکمت لە ماڵ دەرکرد، ئیتر ئەویش تەواو. بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆت، تۆ هەموومانت کوشت. کارەسات پاش کارەسات. تۆ هەموومانت چزاند. سەرەتا لە خوشکمەوە دەستت پێکرد. ئاها نەتهێشت بچێتە مەدرەسە. چەندت بیانوو بە جۆری جل و بەرگەکانی دەگرت. خۆت داپۆشە. سەرت داپۆشە. سنگ و ملت نابێ بەدەرەوە بێ. مەگەر ئەویش... جوان لە بیرمە. خۆ تۆش لەبیرتە بابە، ئاها گوتت، خۆشی نەسووتاندایە بۆخۆم دەمکوشت. جوان دیار بوو، کە خوشکم خۆی کوشت، چەن تێک ڕووخای، دە هێندە داماو و عاجز بووی. تیامابووی. کەچی لە هەموو سەیرتر، قەت دانت بە گوناحی خۆت‌دا نەنا. هەستت بە خەتا و پەژێوانی نەدەکرد. بەوەش کۆڵت نەدا. دوواییش بێبەشت کردین لەو تاقە برایەمان. مەگەر کوڕی خۆت نەبوو، بابە؟ ئاها ئەویش لە داخی تۆ، دەستی لە دەرسودەوری خۆی بەردا و، سەری خۆی هەڵگرت و ڕوووی کردە شاخ و داخە هەڵەتەکان و کەوتە سەر ڕێگەی هەزار خەتەری کۆڵبەری. بۆوەی لێت دوورکەوێتەوە. ئەویش نەما. ئێستا ڕەنگە بڵێی، هیچیان بە دەسەتی من نەکوژراون و خوا کوشتوونی؟ نازانم! نازانم، کەسانی وەک ئێوە ئەگەر ئەو خوایەتان نەبوویایە کە خەتاکانی خۆتان بخەنە ملی...ڕەحمت بە منیش نەکرد. منداڵیم زۆر لەبیر نەماوە بابە. ئەوەندەم لە بیرە کە دایم دەیگوت، ئەو نەخۆشی خستی. ئیتر نازنم چۆن. بەڵام کە نۆرەی شووکردنی منیش هات، سەردانی ماڵی خۆمانت لێ قەدەخە کردم. هەر لەسەر ئەوەی ڕازی نەبووی بە هاوسەرگیریم و خۆشیت لە ''بارام'' نەدەهات. ئەرێ بابە گیان، هەر دایکمت بەدەستەوە مابوو. نازانم بۆ ئەو بەجێی‌نەدەهێشتی. نۆرەی ئەویش هات. ئەویش تۆ کوشتت. ئەزانی بەچی؟ لە دەسەت تۆ و گرژی و ئاڵۆزیی ڕەفتارەکانت هەڵات. هەڵات و پەنای بە من هێنا و سیل‌ودیقی کرد. دایکم بەشوێن ئاڕخەیانی و ئارامییەوە بوو. ئەوەی کە تۆ قەت نەتتوانی بیدەیتێ: «چەن جارم پێگوتی مەهێڵە سەروسنگت دەرکەێ. وا دیارە هەر بۆخۆت وات ئیشتیا لێیە. بۆیە بە ئەنقەستیش هەموو ملە کراسەکانت هەراو و کراوەن...» دایکم، خۆی لەبیر کردبوو و تەنها بە شوێن ویستی تۆوە بوو، کە کارێک نەکا ئابڕووت بەرێ. ئابڕوو! ئابڕوو! ئێستاوئێستاش نەمزانی ئەو ئابڕووەی تۆ باست لێدەکرد، لە چ قوماشێک بوو؟ تۆ ئێمەت لەبیر کردبوو. دەتگوت ئامۆژگارییەکانی مەلای مزگەوت، چاوبەستیان کردوویت. ئاها جارێکیان باسی گەورەیی مزگەوتت بۆ دەکردین. دەتگوت مەلای مزگەوت گوتوویەتی، ''ئەی موسوڵمانینە، ئێوە نازانن کە مزگەوت چەن بە عەزەمەتە. ئەگەر بتانازانیبایە هاتنتان بۆ مزگەوت، چەن خێر و بێرتان بەسەردا دەڕێژێت؛ قەت پێتان لەم شوێنە موقەددەسە نەدەبڕی. ڕەنگە نەتانزانیبێ؛ کەواتە بزانن، کە هەر پێتان نایە ژووری مزگەوتەوە، پاک و موبەڕڕا دەبنەوە و خودای ڕەببولعالەمین، لە هەموو سووچ و تاوان و گوناحەکانتان، خۆش ئەبێت...'' بۆیه تۆش دوای ئەو هەموو خەتا و تاوانانه، پێت لە مزگەوت نەدەبڕی. کە لەوێ دەهاتیتەوە، واتدەزانی بەخشراوی. بۆیە ئێمەت نەئەبینی. ئەقەلی کەم هاوژینەکەی خۆشت...دایکم هەموو ژیانی هەوڵیدا تۆ متمانەی پێبکەیت و قەتیش نەتکرد. ئەویش لە دەستی تۆ هەڵات. ئەو بۆ مردن پەنای بە من هێنا. بۆ ئەوەی لای من، لە ئارامیدا بمرێت. بارام، وەک تۆ نەبوو. دایکم بە بارام، ئارام دەبۆوە. تۆ نەبوویتایە، دایکم نەدەمرد. ئەو خەم و خەفەت کوشتی. ئێستا کێت ماوە بیکوژی بابە گیان. بۆخۆت وات لە خۆت کرد. ئێستا تۆ تەنهاترین مرۆڤی ئەم جیهانەی. ئێستا تۆ دوای ئەو هەموو ساڵە هاتوویتە لام کە...»

چاوم بە دەست و قامکەکانم کەوتەوە. تێکشڵەژامەوە: «بڵێی هی من بن؟ ئەمانە، حەتم کە هی من نین! ئەگەر هی من نین، ئەی ئەوانی من کوانێن؟!» سڕی سڕ، ترس و سامێکی چڕ دایگرتم: «خوایە گیان، بڵێی چم بەسەر هاتبێ؟!» دەستەکانم بەرامبەر بە خۆم دەگرت و زوو زوو، پشت‌وڕووم دەکردن. دوو دەستی سپی و ناسک. هەر کام لە پەنجە جوانەکانی، شووش‌ولول و تەشی ئاسا بەرەو نینۆکێکی ڕووتەنک و ساف و بریقەیی کشابوون: «کوان دەستە چرچەکانی خۆم؟!» بە خۆفەوە، بڕێک بەو دەست و پەنجانەوە سەرقاڵ بووم. هەرچۆنێک بێ، پەنجە ناسکەکان، لێفەکەیان لەسەر لادام. ئەمجار قیژاندم: «ئەیەڕۆ بۆ؟! خۆ قاچەکانیشم وایان لێهاتووە. بە خوا ئەمانە هی من نین! ئەی خودایە...» ڕۆحم تۆقی. چاوێکم بە ژوورەکەمدا گێڕا. نەدەبوا بمقیژاندایە. پێم سەیر بوو، بۆ کەس بەدەنگمەوە نەهات. وروژمی سام و خۆف زیاتر دەبوو. ڕامام. هەستم بە سەرمایەکی زۆرتر کرد. چەخماخەی تریشقەو ڕەهێڵە، نەمابوو. دەنگی با، هەر دەهات. ڕەنگە کردبێتی بە بەفر. بەفرێکی ساردی پاییزی. ویستم بچم کراسێکی گەرمتر لەبەرکەم. نەگەیشتم. لە ناکاو، دەنگێک لە قوژبنی ئەوبەری ژوورەکەمەوە، لە سوچێکی پەنجەرەکەوە، ڕایپسکاندم: «مەترسە ڕۆڵە، من لێرەم.» ناسیمەوە. دەنگی دایکم بوو، هەندێک گەرمایی پێبەخشیم: «بەم نیوەشەوە دایکم چۆن گێشتۆتە ئێرە؟ ئەویش بەم تۆفانە.» ڕووم کردە قوژبنەکە. دۆخ گۆڕاو، هەر دەهاتوو هەراسانتری دەکردم. کراسە هەڵواسراوەکەی لێ نەمابوو. دایکم بە کراسێکی نیوماڵیی قەسریی گوڵوردی قاوەیی ڕۆشنەوە، هاتەوەدەنگ: «مەترسە ڕۆڵە. ئێستا لێرە، هەر من و تۆین، تەنها من و تۆ.» چکێک، هێور بوومەوە. هەبوونی دایکم، سووکە سوکناییەکی پێ بەخشیم. چاوەکانم، هەر بە شوێن چاوگی سوکنایی و گەرماییەوە بوو. بەشوێن دایکمەوە. کەچی، دەستەکانم بۆ داگیر نەدەکران. هەر دەچون بۆ لای قاچەکانم. نەمدەوێرا تماشایان کەمەوە. لێیان دەترسام. بەڵام خۆ دەستەکان، ئەو دەستە کچانە جوانکیلانه، سرەوتیان لێ بڕابوو. زوو زوو لەم لا بۆ ئەولا دەپەڕین. سەرشێتانە بەرەو دیکەی ئەندامانی لەشم دەخزان. هەموو ئازای ئەندامم، چکۆلە ببوونەوە. گچکە و ورد و سفت و سۆڵ. دایکم بێدەنگ تماشای دەکردم. دایکم وەک من نەبوو. ئاسایی بوو. تۆزێک دڵم بەو ئارامییەی دایکم خۆش بوو. وەلێ گوێم لە خورپەی دڵم بوو. دڵم بووبوە دڵە چۆلەکە. نەمدەوێرا هەستم. نازانم نەمدەتوانی، یان نەمدەوێرا. دەمویست هاوار بکەم، بەڵام: بیری بارامم کردەوە: «زۆر جار ڕۆشتووە، بەڵام هێندەی پێنەچووە و هاتۆتەوە.» ترسم لێنیشێت کە بڵێی بێتەوە: «ڕۆشتنی ئەمجاری جیاواز بوو. هەر نەهاتەوەو بەجارێک بزر و بێسەروشوێن بوو. هەر چی بێ، بەس نییە بارام لە ماڵ نییە. ئەی کوڕەکەم، ئەی کچەکەم؟ ئەوان خۆ هەن. ئەترسم لەخەو هەستن و من ئاوا ببینن! ئەی بۆ بە دەنگمەوە نەهاتن؟» دایکم تێگەیی. لە قوژبنەکەی خۆیەوە گوتی: «نەمگوت مەترسە ڕۆڵە، کەس ناتبینێ. کەسی لێ نییە کە بتبینێ و گوێی لەدەنگت بێ. هەر من و تۆین!» زمانم بۆ نەدەگەڕا. نەمدەتوانی باوەڕ بەو قسەی دایکم بکەم: «کەسی لێ نییە؟ بۆ کەسی لێ نییە؟ قەیناکا بارام لە ماڵ نییە، ئەی منداڵەکانم؟ ئەوەش قەیناکا. باشە ئەی دایکم بۆ لێم نزیک نابێتەوە؟» دایکم هەر لەو قوژبنە خزابوو. بە پێوە. هەر لە ژێر جلکگیرەکەوە. دەتگوت بەو جلکگیرەوە هەڵواسراوە: «ئەرێ دایکم بۆ لەو قوژبنە خزاوە؟ بۆ نایەیتە لام. وەرە لام دانیشە دایە گیان. وەرە حاڵیم کە، بۆ من وا شێواوم؟» لێم نەدەهاتە پێش. ویستم خۆم بچمە لای. دەبزوام. پێموابێ، دەشڕۆشتم بەرەو وی، کەچی نێوانمان کەم نەدەبۆوه و نەیدەگێشتمێ: «ئەم شتە وا نییە؟ پێم وانییە وابێ! نا، نا، نابێ وابێ!» هەرچی تماشام کرد لەخەون نەدەچوو. چاوم گێڕا. وەتاغی خۆم. هەموو شتێک لە جێی خۆی بوو. شووشەی لامپا شەوخەوەکە شۆقێکی زەردکاڵی بە ژوورەکەم بەخشیبوو. وێنەی منداڵەکانم لە سەر مێزێک، لەپشت سەرمەوە. وێنەی خۆم و بارام، کە هەر کامەمان پەلی مندالێکمان بەدەستەوە بوو. وێنەیەکی کۆن، بەڵام پێم جوان بوو. قەتم لا نەدەبرد. بیروەییەکانمی دەورووژاند. منداڵەکان تازە چووبوونە مەدرەسە کە ئەو وێنەمان گرت. پەردەکان. هەمووی مانگێک نابێ لەگەڵ دایکم چووینە بازار و پارچەمان کڕی و بەدروونمان دان. پەردەی تۆڕیی گوڵ وردی سپی، بە پەراوێزی قاوەیی ڕۆشنەوە. ئەو ڕەنگە پێشنیاری دایکم بوو. نازانم بۆ هێندە دڵی بەو ڕەنگەوە بوو. جێخەوەکەشم، هی خۆم بوو. هێشتا هەر لەسەر جێخەوە دووکەسییەکەی خۆم و بارام دەخەوتم. بە تەنها. هەر بەهیوا بووم بێتەوە. هەرچەن زۆر جار کە دەڕۆشت زۆری پێدەچوو، کەچی ئەمجارەیان...دەمێک بوو...جارێک بارام پێی گوتم: «ئەتۆ عەیبت تیا نییە. نە نەخۆشی و نە نەدار. ماڵ و حاڵی خۆمان هەیە و منداڵی جوان و...کەواتە نابێ هیچم لێ وەشاری. نازانم بۆ هەست دەکەم لە شتێک دەترسیت. جاری وایە منیش لەو شتە دەترسم، کە تۆ لێی  دەترسیت. ئەو شتەی تۆ لێمی دەشاریتەوە. بۆیە نازنم ئەو شتە چییە . وەک نەهێنییەکی شاراوەت هەبێت و...» کە بارام دەڕۆشت و درەنگ دەهاتەوە، بە دایکم گوتبوو: «دایە چاوەڕوانی زۆر سەختە، بگرە لە خەبەری مەرگیش سەختترە...» قسەی دەمێک ساڵ لەمەوبەرە. ئەوسا، دایکم لێم ڕاسا. جوابی دامەوە: «زمان، ئامان! چەتیو وا مەڵێ. نابێ هیوابڕاو بی. خوا گەورەیە ڕۆڵە. نائومێدی لە ڕەحمی خوا، گوناحێکی گەورەیە. هەر دێتەوە. داخۆ لە کوێ و بە چییەوە گیری خواردووە. خۆ زۆر جار دەڕۆشت و پێشی‌‌دەچوو و دەشهاتەوە. ئەویش وەک ئەو هەموو عالەمە. ئەو هەموو عالەمەی کە لەسەر دوو قاچ دەڕۆن، تۆ وادەزانی بۆ دەڕۆن؟ چون هەر ڕۆشتوون و نەیگێشتوونێ. دەی ئەبێ هەر بڕۆن، تا دەیگەنێ. ئەوانیش هەر کامەو بە هیوایەکەوە ماون. بەشوێن ئاواتێکەوە عەوداڵن. داخۆ بارامییش...» ئەوسا لە جوابی دایکمدا، گوتم: «هیوا بڕاو نابم دایە گیان، من هەر چاوەڕێم، بەڵام...» ویستم بە دایکم بڵێم: «ئەی ئێستا چی؟ ئەی ئەم جارەیان چی؟ هیچ جارێک ئەوەندەی پێ نەچووە؟ جاران هەتا ئەهاتەوە، چەن جار زەنگی بۆ ئەداین. لەوەتەی ڕۆشتووە زەنگێشی نەداوە؟ ئەی بۆ موبایلەکەی خامۆشە؟ منداڵ داوای باوکیان دەکەن. چییان پێبڵێم؟ » گریام. ڕووم وەرگێڕا کە دایکم نەمبینێ. هاوکات بیرم دەکردەوە: « خۆزگە ئەم ڕۆشتنەشی، وەک جاران، هاتنەوەیەکی ببوویایە. ئەگەر هاتەوە، شەرتە لە ئامێزی بگرم و بە دەم ماچێکەوە بە گوێیدا بسرکێم و بڵێم: سوێند بێ، قەت هیچم لێ نەشاردوویتەوە...»

ئەمجاریش ملم سووڕاند. چاوێکی دیم بە ژوور و وەتاغەکەمدا خشاندەوە. هەموو هی خۆم بوون. وەک خۆی. هیچ شتێک نەگۆڕابوو: «ئەقەلی کەم، دەزانم کە لە ماڵی خۆمم.» ئەوەی جێی گۆڕابوو، تەنها کراسە هەڵوسراوەکە بوو. ئەویش ئێستا لەبەر دایکمدا بوو. دایکم تێگەیی: «دەی بۆ وا تماشام ئەکەی ڕۆڵە؟ ئاها ئەتگوت دایە ئەو کراسە قەسرییەت زۆر لێ جوانە.» هیچم بۆ نەگوترا. نەمدەتوانی. ئەگەر بمتوانیایە، پێم دەگوت: «ئاخر دایە گیان، خۆ فریا نەکەوتی ئەو کراسەت ئەوەندە لەبەر کەی...»

منیش وا هەر هەراسانم لە گوورانی جەستەم و ترساو و حەیران و پەشۆکاو. دایکم تێگەیی: «مەشڵەژێ ڕۆڵە. ئەوە تۆی. خودی خۆتی و خۆت ناناسیتەوە. هەستە بچۆرە بەر ئاوێنەکە. مەترسە، دایکی خۆت لێرەیە.» وەرسووڕام. چاوم کەوت بە ئاوێنەکە. بزووتم. هەر گەیشتمە بەر ئاوێنەکە، ئەمجاریش قیژاندم. نازانم. جوان لەبیرم نەماوە. پێموابێ قسەم بۆ نەدەکرا. ئەوەش کە گوتوومە، ڕەنگبێ هەر لەلای خۆم گوتبێتم. هەر قیژەکانمم لەبیر ماوە، نەک قسەکانم. پێموابێ قسەم بۆ نەدەکرا؛ بەڵام دایکم دەیزانی...لە دڵی خۆمدا، لەگەڵ خۆم ئەدوام. نازانم دایکم چۆن دەیزانی بیر لە چی دەکەمەوە. لەودیو ڕووپەڕی ئاوێنەکەوە، کیژۆڵەیەکی جوان و نەرم و نیان و لەبەردڵان، زەق چاوی تێبڕیبوم. دەتگوت ڕوو بە من، دەرگایەکی کردۆتەوەو، لەودیوەوە تماشام دەکات. کێژۆڵەیەک، کە پێم وابوو تەمەنی دوازدە و سێزدە تێناپەڕێت. خەریک بوو زراوم دەچوو. دڵەخورپەم زۆرتر بوو. ڕووم وەرگێڕاوە بەرەو قوژبنەکەی ئەوبەر. هاوارێک کپ و بێدەنگ لە دەروونی خۆمدا: «دەی خۆ دایە، ئەوەی نێو ئاوێنەکەش من نیم. ئەی من کوانێم؟ ئەوە من نیم، وا نییە دایە؟!» کراسەکە بە جلکگیرەکەوە هەڵواسرابوو. چاوم بە هەموو ژوورەکەدا گێڕا. دایکم دیار نەمابوو. خەریک بوو زەندەقبڕ بم. چەن جارێک بانگی دایکمم کرد، بێسوود بوو. ڕووم کردەوە ئاوێنەکە: «من و ئەو سەر و پرچە جوانە؟ ئەشا ئەو مووانە! کوا ماشوبرنجییەکانم؟ حاشا لە تاڵە موێکی سپی؟ ڕووت بوومەوە. تێناگەم. من و ئەو جەستە و ئەندامە جوانەیان نەگوتووە. نێوچاوان و گۆنای ساف و لووس. حاشا لە تاقە چرچێک.» دەستە بزێوەکانم چوو بەرەو سەروسنگم: «ئەمانیش گۆڕاون. خڕوخۆڵ و سفت و سۆڵ. هەموو ئازای جەستەم، ناسک و چکۆلە بوونەوە.» سەرسام و حەیران، لەو ئەندامە ڕێک و جوانە، هاوکات وازرە و ترساو: «ئەیەڕۆ بۆ وام لێهاتووە؟ بڵێی من چم بەسەر هاتبێ، خوایە؟» بە خۆمم دەگوت: «ئاوێنە هەر ئەوەی برامبەری خۆی نیشان دەدات. وەک خۆی. بێ کەم و زیا. ئەوە زاتی ئاوێنەیە. دەی خۆ ئەوەش ئاوێنەیە. ئەی بۆ خۆمی تیا نابینم؟ سەیرە، جەستەی خۆشم وەک ئەوەی نێو ئاوێنەکەی لێهاتووە؟ من بووم بە ئەو. هەردووکمان وەک یەکین. دەی چۆن؟ ئەرێ دایە تۆ چت لێهات؟! کوانێی؟!» بە دەنگی دایکم ڕاچڵەکیم: «تۆ کێی؟! ئەوە لەبیترت چۆتەوە ڕۆڵە!» بەهەشتاو ڕووم کردەوە قوژبنەکە. کراسەکەی لەبەردابوو. هەر لە ژێر جلکگیرەکەوە. وەک دایکم زەحمەتی داگرتنی کراسەکەی بەخۆی نەدابێت و، هەروا بە جلکگیرەکەوە چووبێتە ناوی. ئەگەر جەستەو، دەست و سەر و شان و ملی نەبزاوتایە، دەمگوت هەڵواسراوە. بەڵام نا، ئەو ئاسایی بوو. قسەی لەگەڵ دەکردم. شەرمم لە دایکم کرد. جلە خەوەکانم لەبەر کردەوە: دایکم گوتی: «ترسی ناوێ ڕۆڵە. تۆ هەر هەمان کچە گچکڵانەکەی منی. ئێستا، تۆ گەڕاویتەوە بۆو ڕۆژانەی، کە لێمان نەخۆش کەوتیت. ئاها ئەو ڕۆژانەی کە ترسا بوویت و دوورەپەرێزیت دەکرد. نەخۆشییەکی سەیر و نەناسراو، کە نزیکەی نۆ مانگێکی پێچوو. بە قەد ئەو ماوەی کە لە نێو جەستەی مندا بوویت. لەو نۆ مانگ نەخۆشییەتدا، زۆرم ئازار کێشا. وەک ئازاری ئەو نۆ مانگەی کە سکم بە تۆوە بوو. تووش نەخۆشییەکی نەناسراو و ڕەمزاوی ببووی. ئەرێ ڕۆڵە. ئەو نەخۆشینە سەیرەت، لەو ڕۆژەوە دەستیپێکرد. هەر لەو ڕۆژەشەوە خەمۆکی دایگرتیت و ئیتر دەرس و دەورت بۆ نەکرا. هەر خۆت گووژمەڵە دەکردو لە سووچێک دەخزای. خوێندنی ئەو ساڵەت فەوتا. ئەو ڕۆژانە، نوتقت بەسرا و هیچت نەدرکاند. نە من و باوکت دەمانزانی چیت بەسەر هاتووە و نە ڕفیق و نە مامۆستایانی مەدرەسەکەشت. کەس ئاگاداری هیچ شتێ نەبوو. چەن جار، مامۆستاو مودیر و هاوڕێکانی مەدرەسەکەت، هاتنە لات، بەڵکوو وەقسە بێیت، بەڵام بێسوود بوو. دەبوا بۆخۆت بتدرکاندایە کە ئەو ڕۆژە چی ڕوویداوە و چت بەسەرهاتووە. بەڵام کپ و خامۆش. زمانت بۆ لە زاردا نەدەگەڕا. بۆ لای زۆر شەخس و شێخ و مشایخ و دوکتور و دەرونناس و شتیوامان بردی؛ بەڵام چارت نەکرا. هەتا ئاغای ''شێخانی'' کە ئەوکات دوکتوریش نەبوو، بۆخۆی هاتە لات. گوتی لە زانستگەم و هێشتا دەرسم تەواو نەبووە. ئەو دوای دووسێ جار دانیشتن لەگەڵ تۆ، چاری کردیت و وەقسە هاتیت. لە لای ئەو درکاندت کە ئەو ڕۆژه چت بەسەر هاتووە. ئەرێ ڕۆڵە، ئەوە خۆتی. هەتا نەچی تماشای ئالبۆمی وێنەکانت نەکەی، نازانی من باسی چیمە. ئاخر لەو باسە، ساڵانێکی زۆر تێپەڕیون. ناحەقیشت نییە کە وەبیرت نەیاتەوە. بچو ڕۆڵە. بچۆ با خۆت بناسیتەوە. بڕۆ ڕۆڵە. بچۆرە سەر ئەو ئالبۆمەی کە ساڵانێکی زۆرە چاوت پێدا نەخشاندووە. ئەو ئالبۆمەی زۆر دەمێکە شاراوەیەو کەس نەیدیوە. ئەگەر بچییە لای دوکتور شێخانی، یارمەتیت ئەدا کە هاسانتر خۆت بناسیتەوە. ئاها کە من بە موبایلەکەت قەڵس دەبووم دەتگوت، دایە موبایل وەک ڕفیقێکی باش وایە. کەست لێ ون نابێ. بۆ هەرچی بگەڕێی دەیدۆزیتەوە. دەی بڕۆ و ئەویش وەدۆزە. لەو جەستە نازک و جوانە و، لەو سنگە خڕوخۆڵانەشت مەترسە ڕۆڵە، هەر هی خۆتن. ئای شێخانی هەموو بەسەرهاتی ئەو ڕۆژەی تۆی بۆ باس کردووم. ئەو ئەندامە وردیلانەت، هی ئەو ڕۆژەن. ئەو سەر و سنگە خۆڵانەشت، هەر ئەوانەن کە ئەو ڕۆژە، لە کۆڵانەکەی خۆماندا، ئەو کوڕە ئازاری دابوون. بەڵام وەک پێم گوتی، هەتا نەچیتە سەر ئالبۆمەکەت، تێناگەی باسی چیمە.» تماشایەکی خۆم و سەروسنگم کرد:«ئازاری دابوون؟ کێ ئازاری دابوون؟ ئالبۆم؟ کام ئالبۆم؟» سەرم هەڵێنایەوە. کراسەکە هەڵواسرابوو، بەڵام تارمایییەکی هەڵم ئاسا لێم دوور دەکەتەوە. گوێم لە دەنگی دایکم بوو. بەدەم ڕۆشتنەوە، قسەی دەکرد و دوور دەکەوتەوە: «ڕۆڵە تا کەی؟! ئیتر ئەو ئالبۆمە نابێ شاراوە بێت. بچۆرە لای...» دایکم ببوو بە هەڵم و هەر دوور دەکەوتەوە. کەچی گوتی: «بچو ڕۆڵە. بچۆرە سەر ئالبۆمەکەی خۆت. ئەو ئالبۆمەی کە ساڵانێکی زۆرە چاوت پێدا نەخشاندووە. خەمت نەبێ دەیدۆزیتەوە. ئەمجار، هەر کارت پێم بوو، ئالبۆمەکەت بێنەو،  وەرە بەرامبەر بەو کراسەی هەڵتواسیوە...» زۆر دوور کەوتەوە. هەر دەڕۆشت و هەڵمەکە ڕووتەنک و شیشەییتر دەبوو. وای لێ هات، هەموو شتەکانم لە پشت ئەوەوە چاو لێ بوو. لە پڕ هەڵمە تەنکە شیشەییەکە، کۆبووەوە و، بوو بە خاڵێک و هێواش گەڕایەوە بۆ لای من، بەڵام لەپێش ئەوەی بگاتە من، ئەویش پاک بۆوە و بزر بوو. دایکم ڕۆشت. سیمای دایکم هەمیشە لەبەر چاومایە. بەڵام ئیتر لەوەدوا...»

ئەفسانە

 ٢

«ناحەقیشت نییە کە وەبیرت نەیاتەوە. ئاخر دەمێک ساڵە...بچو ڕۆڵە. بچۆ با خۆت بناسیتەوە. ئەمجار، هەر کارت پێم بوو، ئالبۆمەکەت بێنەو،  وەرە بەرامبەر بەو کراسەی هەڵتواسیوە...»دایکم وای پێگوتبووم، بڵام من نەمدەزانی ئالبۆمی وێنەکانم لە کوێ شاردۆتەوە. دەمێک ساڵ بوو، بەهۆی سەرقاڵی ژانی ژیان و مێرد و ماڵ و منداڵەوە، نەپەرژابوومە سەری. ئەسڵەن هەر لەبیرم کردبوو. ئەو لەبیری بوو: «مەترسە ڕۆڵە، دەیدۆزیتەوە» ئەمزانی کە دایکم شوێنەکەی دەزانێ. ئەی چۆن لێی پرسم؟

بەیانییەکی زوو، ڕۆژ ڕوون ببۆوە و خۆر هێشتا بە تەواوی دەرنەکەوتبوو. پەردەکە لە بەر تیشکی کزی خۆردا، ڕووتەنکتر بووبۆوە. منداڵەکانم هەڵنەستابوون. هەرچۆنێک بوو، چووم بەرامبەر بە کراسەکە دانیشتم. هەر ویستم پرسیار بکەم، کراسەکە بزر بوو. کەچی ژێر جلک‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌گیرەکە کەسی لێ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌نەبوو. پێم سەیر بوو دایکمی لێ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌نەبوو. بە میاواندنی پشیلەیەک، ڕاچڵەکیم. زۆر نزیک. سەرم داخست. پشیلەکە لە بن دیواری قەراخ پەنجەرە، لە ژێر جلک‌گیرەکەوە هەڵتروشکابوو. سڵەمیمەوە، ترسام: «ئەرێ ئەوە چۆن هاتۆته ژورێ؟» من هەمیشە لە پشیلەی ڕەش دەترسام، کەچی پشیلەبۆر، بەشەرم و کەشم و نەشمێکی سەیرەوە، تماشای دەکردم. بیرم کەوتەوە. پشیلە ڕەشەکە بوو. ڕەشێکی بۆرقنە. ئەو پشیلەی هەمیشە لەگەڵ کۆترەکەم دیتبوو: «کەواتە کۆترەکەش ئەبێ...» دەنگی دایکم بیری پچڕیم: «مەترسە ڕۆڵە، من لێرەم.» دەنگەکە لە حەوشەوە هات. چوومە بەر پەنجەرە. پەردەکەم لادا. لە سووچێکی پەنجەرەوە، تیشکی ڕۆژ خۆی کرد بەژووردا. وردبوومەوە، هیچم نەدی. کراسه هەڵواسراوەکەش لەوێ نەمابوو، کەچی دایکیشم دیار نەبوو. کۆترەکەش لە شوێنی ڕۆژان نەمابوو. چاوم گێڕا. کۆترەکەم لەسەر پەلێکی دار تووەکەی حەوشەکەمان دیتەوە. هەمان کۆتری قاوەیی مەیلەو دارچین. هەر زانی چاوم کردووە دەنگی دایکم هات: «ناڵێم مەترسە، ڕۆڵە. نەمگوت هەتا خۆت نەدۆزیتەوە هەر لە لاتم.» دەنگی دایکم، ئارامی پێدەبەخشیم، بەڵام، هەر دەترسام. ئاخر بە جێی دایکم، ئەو دەنگه لە کۆترەکەوە دەهاتە دەرێ. خۆی ڕادەوەشاند و سەری هەڵێناوی بەرەو پەنجەرە دەلەقاند: «ئەرێ ڕۆڵە. دەزانم شوێنی ئالبۆمەکەی خۆت، لە بیر چۆتەوە. منیش نەمدەزانی لە کوێیە. بەڵام ئێستا دەیزانم. کاتی خۆی، باوکت لێی شاردوویتەوە. هەر ئەو دەزانێ لە کوێیە. لەو پشیلە ڕەشەش مەترسە ڕۆڵە. ئەوە باوکتە. ئەو کاتی خۆی، منیش و تۆش و هەموومانی کوشت. بەڵام ئێستا کە دەستی نامگاتێ، بۆم دەستەمۆیە. مەترسە بۆ تۆش هەر وا ئەبێ. بەڵێنم لێستاندووە یارمەتیت بات و بتباتە سەر شوێنی ئالبۆمەکەت.» پشیلە ڕەش، خەریک بوو نەرم نەرم خۆی دەلستەوە، تماشای کردم. هێواش، هێواش شان و ملێکی بادا و زۆر بە نەرمی، بە ئەسپایی، خۆی گوژمەڵە کرد و، کەوانەیەکی دا بە پشتی و چەن جارێک خۆی کێشایەوە. ئەمجار سەری هەڵێناو و لەقاندی: «باوەڕت بە دایکت هەبێ ڕۆڵە خێرنەدیوەکەم. من پەشێمانم و بە ئەمری دایکت هاتوومە لات.» هەموو ڕەگەزەکانی پشیلە، بەجۆرێک بەدەمار و لووتبەرزن. بە تایبەت پشیلەی ڕەش. کەچی ئەم پشیلە دەتگوت، لە ڕەگەزی زۆی لایداوە. هەڵسوکەوت و حەرەکەی، لە پشیله نەدەچوو. جووڵەی پڕ بوو لە کڕنۆش و چەمانەوە. دەنگی وەک ئەو بەدەگمەن کاتانە بوو، کە  باوکم سیلەی ڕوحمی دەجووڵایەوە و بە نەرم و نیانی ئامۆژگاری دەکردم. سەیر کردنەکەیم، زۆر پێ سەیر بوو. زۆرم پێ گوناح بوو. هەڵتووتابوو و دەستەکانی ژێر چەناگەی دابوو و وەک بنیادەم لە منی دەڕوانی. وەک لێم بپاڕێتەوە...پشیلەڕەش، دەتگوت بەپەلەیە. وەدەرکەوت:«شوێنم کەوە، با بڕۆین» لەبەردەرگا وەستاو سەری بۆ لەقاندم. کاتی گوێدان بە ترکزەو دڵەخورپەکان نەبوو. جلی دەرەوەم پۆشی و وەشوێنی کەوتم. شەقام بە شەقام و کۆڵان بە کۆڵان. بە پێی من دەڕۆشت. جار جاره دەوەستاو، ئاوڕی دەداوەو، بە کزەڵۆکی سەیری دەکردم. بەزەییم پێیدا دەهات. دەڕۆشت و منیش بەشوێنیدا. ئەو خەمی سەرمای نەبوو. منیش جلی باشم لەبەردا بوو. هەستم کرد بەرەو ماڵەوە دەچێت. ماڵی باوکم. هەرواش بوو. گەیشتینێ. هەر تماشای دەرگاکەی کرد کرایەوە. چووینە ژورێ. دەمێک بوو ماڵی باوکمم نەدیتبوو. بیرەوەرییەکانم ورووژان... پشیلەڕەش فرسەتی نەدەدا. نەدوەستا و منیش بەشوێنیا. سووڕی خوارد بەرەو ژێرخان. بە پلیکانەکاندا داگەڕاین، بەرەو نهۆمی ژێرزەمین. تاریک بوو. لامپەکانم ڕۆشن کرد. بە گوزەری ناو شڕەوبڕە و خرتوپرتەکاندا گەیشتینە ئەوسەری ژێرخان. پشیلە لەوێ وەستا. تماشای شوێنێکی بن میچەکەی دەکرد. زۆر کز و بە پەرۆشەوە گوتی: «ئاها نیشانم کردووە، مەترسە ئەو وەرەقە هاسان دەردێت. تۆزێک لێیدە دەبزوێ. ئەمجار دەتوانی دەریبێنیت. مێزێکم هێنا و چوومە سەری. دووسێ جار بە مست لە وەرەقەکەم سرەواند. لە بەتاڵی نێوان ڕووبەری دەرو ژووری بان‌دا. چەمەدانێکی بچکۆلانەی پلاستیکیم دەرکێشا. هاتمە خوار. پشیلە ڕەش لەوێ نەمابوو. چەمەدانەکەم کردەوە. ئالبۆمەکەم لەوێدابوو. فریا نەکەوتم هەست بە خۆشحاڵی بکەم. زرنگەی زەنگی موبایلەکەم ڕایچڵەکاندم، دەنگی بارام بوو: «ئەلۆ، سەلام ئەفسانە، جارێ هیچ مەپرسە. من هاتوومەوە. ئێستا لای باوکتم، لە بیمارستانی...زۆر ناڕەحەتەو تۆی دەوێ. هەر ئێستا، زووکە...»

٣

 سەرەتا نەمناسییەوە. وەک زۆربەی نەخۆشەکانم، ئەویش، شڵەژاوی پێوە دیار بوو. کاتێک هاتە ژوور، دڵی پڕ بوو. دەتگوت دڵی بێتاقەتی گریانێکە. دەتگوت دەمێکە من دەناسێت و لێم گلەمەند بوو. بۆیە دەسپێكی کەلام و ڕەفتاری، پەرێشان و ڕاساو دەردەکەوت. بە سووکە تووڕەییەکەوە گوتی: «دوکتور، تۆ دەزانی من لەکەیەوە بەشوێن تۆدا دەگەڕێم.» ڕووی وەرگێڕا و لەبەر خۆیەوە گریا. فرمێسکەکانی سڕین و وەرگەڕایەوە: «قەینا دوکتور گیان، ئێستا کە تۆم دۆزیوەتەوە، دەتوانم دانیشم؟»

سەردەفتەرەکەم گوتبووی: «دوکتوور سبەینێ ئاخر نۆرەم داوە بە خانمێک کە داوای لیکردم، ئاخر کاتی بۆ دانێم و بڕیک زۆرتر. من نەمدەناسی، بەڵام ئەو دەیگوت تۆ دەناسێت. ئەم پاکەتەشی پێدام و گوتی، تکایە بە دوکتور بڵێ...»

سەعات نۆ و نیوی شەو کارم تەواو ئەبوو. تماشایەکی سەعاتەکەم کرد، هێشتا زۆری مابوو: «بەڵێ خانم، فەرموون دانیشن.» لەسەر سەندەڵیەکە، بەرامبەرم دانیشت. تەمەنی لە چل بەرەوسەر دەردەکەوت. مانتۆ و شەڕوالێکی ڕێکوپێکی ڕەنگ قاوەیی ڕۆشنی لەبەردا بوو. هەر چەن ڕەنگ و ڕووی ئاسایی نەبوو و دەتگوت لە شتێک ترساوە، بەڵام لای من ئاسایی بوو، چون زۆربەی نەخۆشەکانم وابوون. نەیدەزانی دەستەکانی چۆن و لەکوێ دامەزرێنێت. وەک بیهەوێ لێم وەشارێت. پەنجە بێ ئۆقرەکانی نەدەسرەوتن. بیرم کردەوە: هەرچەن تۆزێک چرچ بوون، بەڵام هەر لەو پەنجانە دەچوون، کە لە نامەکەیدا هاتبوو. نائارامی بە هەموو ئازایەوە دیار بوو. هەڵبەت وەک گوتم، زۆربەی نەخۆشەکانم وا بوون. بۆیە سەرەتا ئەمیشم بەلاوە ئاسایی بوو: «ڕەحەت بە ئەفسانە خانم. من لێرەم بۆ ئەوەی گوێت لێ بگرم.» بە خۆشاڵییەوەگوتی: «تۆ منت بیر هاتەوە؟»-  «نا جارێ.»-  «ئەی چووزانی ناوم ئەفسانەیە؟»- «دەی خۆ له ژێر نووسراوەکەتدا نێوی خۆت نووسیبوو. تۆ لەوە گەڕێ. تۆ بۆخۆت داوای کاتی زیادیت کردووه. ئێستاش کات زۆرە و بێخەم بە. دانیشە و بسرەوێ. پشوویەک بە، با هەندێک ئارام ببیتەوە جا» دانیشت. باشتر ببوو. سەری داخستووی، جارجارە هەڵدەهێناو، تماشایەکی دەکردم. چاوە تەڕەکانی پڕ بوون لە پرسیار و زووزوو، بە دەسماڵێکی بچووکی پەشمینەی سەوز، دەیسڕین. نەختێک ئارام بووبۆوە. دەبوو ئامادەتر بێ. پێویست بوو وەرگریی و گیرایی کەشەکەی بۆ هاسانتر کەم. بە زمانێکی نیمچە فەرمی و خۆمانەتر گوتم: «نا، نا، وادیارە باشتر بووی. هاتیتە ژوورەوە، نەختێک هەراسان و تووڕە دیار بووی. دەتگووت ئاگردانی داگیرساوی. ئێستا تۆزێک خاو بوویتەوە. ئەمجار پێم بڵێ بزانم، چۆنم دەناسیت و بۆ لێم دەگەڕایت؟ من خوا زەینێکی وەهای پێداوم، کە محاڵە کەسێک لەوە پێش هاتبێتە لام نەیناسمەوە. ئەگەر ڕێکەوێ نەخۆشێکیش نەناسمەوە، خۆ پێشینەو پەروەندەی هەیە..» هەرچەن سەردەفتەرەکەم پێیگوتبووم کە لێرە پێشینەیەکی نییە، بەڵام بۆ ئەوەی وە قسەی بێنم گوتم: «بە سەردەفتەرەکەم بڵێم پەروەندەکەت بینێ؟» بە شەرمەوە سەری هەڵێنا و گوتی: «پەروەندەی چی؟ نا، نا، من لە لای تۆ پەروەندەم نییە.» ئیتر دڵنیا بووم، لە شوێنێکم دیتووە. نەمدەزانی لە کوێ؟ بەڵام ڕەگەو شەتڵی ناسیاوییەکم، لە کانگای چاوانیدا بەدی‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌دەکرد. ناسیاوییەکی دوور. گوتم: «ئێستا پێم خۆشە بزانم تۆ چۆنم دەناسیت؟» سەری هەڵێنا، ڕێک زەق بووە نێو چاوانم. هەندێک ڕاما: «سەیرە، زۆر سەیرە!» منیش هەر وەک ئەو. چاوم لەسەر چاوی قەتیس مابوو. ئەو چاوانەی، دەتگوت، ڕۆژێک لە ڕۆژان...:«چی سەیرە خاتوون؟ بۆ منت پێ سەیرە؟» هەستا. دوو سێ هەنگاو ڕۆشت و گەڕایەوە. سەری داخستبوو. ئاخێکی هەڵکێشا. ئەو قامکەی کە لە نێوان دوو ڕەدیفی دیانەکانیدا دەیگەست، دەریهێنا و تماشایەکی کردم و دانیشتەوە: « نا، نا، ژیان شتێکی سەیرە. بەڵێ دوکتوور گیان دەتناسم. چی سەیرە؟! ئەوەم پێ سەیرە، کە چۆن دوای ئەو هەموو ساڵە، هەر هاتمە ژوور، تۆم ناسییەوە. ڕەنگە سەروپرچ و ڕواڵەتت گۆڕابێت، بەڵام من مرۆڤەکان زۆرتر بە چاوەکانیاندا دەناسمەوە. چاوەکانت، هەر ئەوانەی جارانن. چاوەکانت پیر نەبوون.» بێدەنگ بوو. منیش لێیگەڕام. دوای هەندێک گوتم: «من لام وا بوو ناوی منت لە کەسێک بیستووە، بەڵام وا دەردەکەوێ لە کۆنەو دەمناسیت، وایە؟» خۆی کۆ کردەوەو گوتی: « هەر هاتمە ژوورێ و تۆم ناسییەوە، زۆر شتم بیر هاتەوە. ئەرێ دوکتور گیان، دەمێک ساڵە. زۆر دەمێکە... ئەوسا تۆ نەببووی بە دوکتور...ئەوسا من پۆلی ٧ بووم. ئەوکات پێیان دەگوت ٢ی ناوەندی. کە تووش ئەو کێشەو نەخۆشینە بووم، تۆ وەک ئەوانیکەت نەکرد. من نەهاتمە لات. بۆخۆت هاتییە لام. هاتیته ماڵی ئێمە. گوتت: « ئاخر ساڵی زانستگەم و دەرسی دەروونناسی دەخوێنم.» لە لای کەس قسەم بۆ نەدەکرا. یانی قسەم نەدەکرد. نەمدەویرا؛ ئێستا بیرم هاتەوە. پێموابێ، وامدەزانی کە عەیبدار بووم. بەرەو نۆ مانگ ئەچوو کە یەک تاقە قسەم بۆ نەهات. بەڵام تۆ ڕزگارت کردم. دەڵێن هەتا تۆ نەهاتی زمانم نەکرایەوە. ئەگەر تۆ نەهاتیتایە ڕەنگە ژیانم...» منیش کە هەموو گیانم بووبووە گوێ، لە پڕ گوتم: «ئاهااااا، ئەفسانە ئەوە تۆی. چاکم بیرهاتەوە. ئەڵێن ئەوانەی ئەچنە سەر کار و پیشەیەک، ڕووداوە سەرتاییەکانی ئەو کارەیان قەت لەبیر ناچێت. منیش که هاتمە لات، باوەڕم نەدەکرد بتوانم وە قسەت بێنم. زۆری پێچوو و دوای چەن جار هاتنم بۆ لای تۆ، جا توانیم وەقسەت بێنم. تۆش زۆر یارمەتی منت دا، ئەزانی؟!» ئەمجار، ئەفسانە پێکەنی: «من یارمەتی تۆم دا؟ یان تۆ...چۆن؟!» گوشییەکەم زەنگی خوارد، جوابم نەدایەوە، خستمە سەر سایلێنت. گوتم: «ئەرێ ڕاست ئەکەی منیش یارمەتی تۆم دا. بەڵام، منیش ئەو کات سەرەتای کاری ڕاوێژکاریم بوو. ئەوسا بەشوێن فێربوونەوە بووم. زانستەکەم بوو، بەڵام بەتاقیم نەکردبۆوە. لە دووا خولی فێرخوازیەکانمدا بووم. دەبوو بچمە سەر ئەو کەیسانەی لە زانستگە بۆیان دادەنام. زۆر جار ئەیانناردینە نەخۆشخانەکان. بەتایبەت نەخۆشخانەی تایبەت بە نەخۆشیە دەروونییەکان. بەڵام تۆ لەو کەیسانە نەبووی. جوان لەبیرمە؛ هاوڕێیەکم کەیسی کێشەی تۆ و ماڵی ئێوەی بە من ناساند. دراوسێی ئێوە بوو. منیش کەیسەکەی ئێوەم بردە زانستگە. مامۆستاکەم قبووڵی کرد. زانستگە ئیزنی دام و منیش هاتمە لات. لە نووسراوەکەتدا، باشتر وایە بڵێم، لە چیرۆکی ژیانی خۆتدا، زۆرت باسی خراپی باوکت کردووە. هەر ئەو کاتیش کە هاتمە ماڵتان، بەخێرهاتنی منی نەکرد. بە مۆڕەوە تماشای دەکردم. کە من ئەهاتم، ئەو ئەڕۆشت. ئەو کات نەمدەزانی چی لە کەللەدایە. بەڵام دایکت هەموو شتێکی پێ دەگوتم. بەوەی کە زۆر لە باوکت دەترسایت، بۆم دەرکەوت کە تۆ هیچت نییە، بەڵام وا دەزانیت کە بە دەستدرێژی ئەو کوڕە بۆ سەر جەستەت، ئابڕووت چووەو کار لە کار ترازاوه و کچێنیت عەیبدار بووە. ئەوەش کاریگەری ڕەفتار و ڕوانگەی باوکت بوو، کە زەختی دەخستنەسەر. لە ترسی باوکت نەتدەوێرا باسی ئەو ڕۆژە بکەیت. بۆم دەرکەوت، کە تۆ دەتتوانی قسە بکەیت؛ بەڵام بۆخۆت، بە مەسڵەحەتی دۆخ و تەمەنی خۆت، بێدەنگیت هەڵبژاردبوو. بژاردەی خۆت بوو. هەر ئەو کات، ئەگەر قسەت بکردایە، زۆر زوو پاکی و بێگەردی و بێخەتایی خۆت بۆ دەردەکەوت. ئەو کات دایکت زۆری یارمەتی دام. بە دزییەوە زۆر بەسەرهاتی ژیانی خۆی و ئێوەو هەڵسوکەوتەکانی باوکی ئێوەی بۆ گێڕامەوە. هەر ئەو کات زانیم کە کێشەی تۆ ئەوە نییە کە بیری لێ دەکەیتەوە. دایکت یارمەتی دام، کە بتوانم ڕۆبچمە ناو دەروونی تۆوەو، متمانەت بۆ لای خۆم ڕاکێشم. ئێستا ئەزانم، هەتا ئەو کات و دوای ئەوەش، چ جەورێکتان بە دەست باوەڕەکانی باوکتەوە کێشاوە. بۆیە ئەڵێم تۆ زۆرت یارمەتی من دا، چون تۆ متمانەت پێکردم و ئەو ڕازەی بۆ کەست نەدرکاندبوو، لای من درکاندت. لە دەسپێکی کاری فێرکاریی کردەییم‌دا، ئەو سەرکەوتنە وەها متمانەیەکی بە من بەخشی، کە هەتا ئێستاش...

کەم نەخۆش بوو، لەکاتی قسەکردنی مندا، ئاوا بە چێژ و سرنجەوە گوێم بۆ بگرێت. ئەمجار ئەو، هەمو گیانی ببوو بە گوێ. هەستم دەکرد کاری بەو قسانەیە. چێژی دەبرد. لە گەڵ قسەکانم، سەری دەلەقاند و دەتگوت بە هەر وشەو قسەیەکم، بەشێک لە فەرامۆشییەکانی دەڕەوێنەوە. کوڵی گریانی بەربوو. لێیگەڕام و ماتڵ بووم، هەتا هێور بۆوە. دواجار گوتم: «بیرەوەر سەردانی تۆ و ماڵی ئێوەم، قەت لەبیر ناچێت. زۆر خۆشحاڵم کە دوای ئەو هەموو ساڵە، چاوم بە تۆ کەوتەوە. ئێستا پێم‌خۆشە پێـم‌بڵێیت، ئەتوانم چیت بۆ بکەم؟ چۆن ئەتوانم یارمەتیت بەم و مەبەستت لەم چاو پێکەوتنە چی بوو؟» کە سەری هەڵێنا ئیتر ئەو کچە ترساوە نەمابوو. بە ورەو بەرزەخۆیی و کەلامێکی قایم و ناوپڕەوە گوتی: « ئەمجار ئەزانم بۆ دایکم پێی‌دەگوتم، هەتا نەچیتە سەر ئالبۆمەکەت، خۆت نادۆزیتەوە. دوکتور گیان، هاتوومە لای تۆ، کە خۆم وەدۆزم. دایکم کە هاتە خەوم، تەنانەت ناوی تۆشی بیر هێنامەوە. ئەگەر ئەو نەبوایە، قەت ئەو ئالبۆمەو ئەو وێنانەو ئەتۆشم نەدەدۆزییەوە. دوکتور گیان، من ئەو ئالبۆمەم لەبیر نەمابوو. باوکم لێێ‌شاردبوومەوە. کە ئالبۆمەکەم دۆزییەوە، چوومەسەر چەن وێنەی ئەو کاتەم کە ئەو کوڕە باوەشی پێدا کردبووم. ئەو وێنەی کە دایکم لە خەونەکەمدا منی گێڕایەوە بۆ سەردەمی مێرمنداڵیم. کچی نێو خەونەکەم، کچی نێو ئاوێنەکە، هەمان وێنەبوو کە لەناو ئاوێنەکەدا، بەسەریدا کەوتم.» دەستی برد بۆ ناو جانتاکەی و وێنەکەی دەرهێنا و پینشانی دام. کە وێنەکەم دی، تماشایەکم کرد و گوتم: «بەڵێ خۆتی ئەفسانە خانم. هەر ئەو کچە جوانکیلە پاک و بێگەردەی، ئەو کات پێتوابوو پاکی و بێگەردی خۆی لە دەست داوە. ئێستا ڕەنگە باشتر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژەو، ئەوەی ئەوکات بۆ منت گێڕایەوە، وەبیرت بێتەوە. تۆ بە منت دەگوت زۆر پیر نەبوویت. دەی من ژیانێکی ئاساییم بووە، بۆیە ڕەنگە وەک تۆ ئەڵێی، لەچاو تەمەنمەوە، جوان مابم. بەڵام ژیانی تۆ ئاسایی نەبووه. سەیر ئەوەیە سەرەڕای ئەو هەموو کارەساتەی بەسەر تۆو بنەماڵەت هاتووە، هێشتاش، نەک هەر ماویت، بەڵکوو زۆرێک لە نیشانەکانی جوانی ئەو سەردەمەت پێوە دیارە...خۆ لەبیرتە دوای چاکبوونەوەشت، چەن جارێک هەر هاتمە لات. ئاها، بۆ ئەوەی بۆخۆت بۆت‌دەرکەوێ کە هەڵە بوویت و عەیبدار نەبوویت، ناردمی بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ و دوای تاقیکاری و پشکنینی پزیشکی، کە زانیت، هیچت نییە و، پاک و بێگەردی و، کچێنیت هەر وەک خۆی ماوە، بوویتەوە بە کچە بەشەوقەکوی جاران...» کە قسەکانمان تەواو بوو، هەستا و، قنج و قیت بەرەو دەرگا بوو. لە نێو دەرگاکەوە ئاوڕی دایەوەو بە شەوق و لەفزێکی شیرین، بە هەمان بەرزەخۆییەوە گوتی: «دڵنیا بە بۆ هەموو کێشەکانی ژیانم، دێمەوە لات. ئێستا ئەزانم، من کێم. سپاس، کە یارمەتیت دام خۆم وەدۆزم، دوکتور گیان...»

٤

 لەگەڵ ڕفیقەکانم لە مەدرەسە گەڕامەوە بەرەو ماڵ. لێیان‌جیابوومەوە و کەوتمەسەر کۆڵانەکەی خۆمان. تەنها مامەوە. تەنهاییم پێی خۆش نەبوو. هەر کە تەنها دەبووم، دەکەوتمە نێو خەیاڵاتەوە:

- بابە تۆ و دایکم بۆ هەمیشە شەڕتانە؟

- نازانم ڕۆڵە، هەرچی بیری لێدەکەینەوە، ئێمە بۆ یەک دروست نەکراوین.

- بۆ بابە کێ ئێوەی دروست کردووە؟

- باوکم تووڕە بوو: ئەمڕۆ پرسیاری سەیر ئەکەی! خەریکی تووش کفر ئەبی ئەفسانە! نابێ ئاگات لە قسەکردنیت بێ.. دەی وایە، هەموومان خوا دروستی کردووین

- دەی بابە گیان خۆ ئێوە ئەتان گوت خوا هەموو شتێ ئەزانێ. زۆرم لە تۆ بیستووە کە گوتووتە خوای گەورە هەموو کارەکانی دروستە و قەت هەڵە ناکات. ئاها ئەو جارەش لە کاکم تووڕەبوویت و گوتت، هەتیو وا مەڵێ کفرە! بابە بۆ ئەبێ من لە تۆ بترسم؟ بۆ ئەبێ دایکم...

زۆرم نەمابوو بگەمە ماڵ. نزیکەی نیوەی کۆڵانم بڕیبوو. قەت ئاوا کوڵانم چۆڵ نەدیتبوو. لەو سەری کۆڵان، ژنێک بە هەشتاو لە دەرک هاتە دەر. زۆر هەڵەشەو پەشۆکاو دیار بوو. بە هەشتاو، دەستی منداڵەکەی گرت و بە دوی خۆی دا ڕایکێشا. منداڵەکە دەگریا. پیاوێک پەنجێرەی کردەوە و هاواری کرد: «بڕۆ! وا بڕۆ، ئیتر نەگەڕێیتەوە. وائەزانی پەکم ئەکەوی. شەرت بێ نایخەمە حەفتەیەک ژنت بەسەر دێنم...»هاوسێمان بوو. دەمناسین: «دادە فاتم؟! بڵێی بۆ کوێ بچێت؟ بڵێی ئەوانیش وەک دایکم و باوکم...» بەڵام قەت نەمدیبوو دایکم بڕوات. پێموابێ ئەو قەت بیری لە ڕۆشتن نەدەکردەوە. دادە فاتم ئاوڕی نەداوە. بیرم کردەوە: «ڕەنگە ئەویش لە بەر پاراستنی ئابڕووی خۆی، ناوێرێ ئاوڕ بداتەوە...» لەناکاو، خشپەیەک ڕایچڵەکاندم. دووچەرخەیەک لە پەنامەوە خۆی لێخشاندم و پێشم کەوت. گەڕایەوە و دیسان خۆی لێ نزیک کردمەوە. کوڕێکی تازەلاو. شەڕواڵێکی شینکاڵی لیی لوولەتفەنگی لەبەردابوو. کە بەدووچەرخەکە بەدەورم دا دەسووڕا، زنجیرە زەردەکەی نێو ملی، دەگەیشتە سەر فەرمانی دووچەرخەکەی. هاوتەمەنی خۆم بوو. یان ڕەنگە ساڵێک دووساڵ لەخۆم گەورەتر. وەک شانۆکارێکی کارامەو لێهاتوو، بەدەورمدا کەوتە خۆنواندن. لەسەر بازنەیەک، وەک مزراق بە دەورمدا دەسووڕایەوە: «تۆ زۆر جوانی. ئەزانم ناوت ئەفسانەیە. مەدرەسەکەشتان ئەزانم. دەمێکە بەشوێنتەوەم. لەگەڵم ئەبی؟ ها؟ لەگەڵم ئەبی؟...»  جوابم نەدەداوە. ترسابووم. کەسیش دیار نەبوو هانای بۆ بەرم. دادە فاتمێش، لەترسی ئابڕووی خۆی، بێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە، ڕۆشت و لە پێچی ئەوسەری کۆڵانەکەدا ون بوو. دەشترسام بقیژێنم: «کچ ئەگەر بۆخۆی پێی خۆش نەبێ، هیچ کوڕێک ناتوانێ شوێنی بکەوێ و لێی ببێتە مڵۆزم...»

نەمدەزانی چبکەم. دەترسام و هەستم دەکرد ڕەنگم پەڕیوەو زەرد هەڵگەڕاوم. لەگەڵ ئەو حاڵەتە ئاشنا بووم. هەڵبەت لەگەڵ باوکم. کە لە باوکیشم دەترسام، وام لێدەهات. بەڵام ڕەفتاری ئەو کوڕەو، لەو شێوە، یەکەم ئەزمونی لاوەتیم بوو. ناودەمم وشک. زمانم بە مەڵاشوومدا لکابوو. تامی زارم، تاڵ وەک ژەهری مار. کوڕە تەنگی پێهەڵچنیبووم. وەک وەرزشوانێکی تەڕدەست و لێزان، هەر دەهاتوو بازنەی سووڕەکانی تەنگتر دەکرد. من جانتای مەدرەسەکەم کردبووە لەمپەری سەرو سنگم: «سەروسنگتان جوان داپۆشن. نەکا نامەحرەم...» نەشمدەوێرا پشتی تێکەم. جوابی کوڕەشم نەدەداوە و هەر دەستم ڕادەوەشاند و هەڕەشەم دەکرد: «هەتیو بۆ وا ئەکەی؟ لەکۆڵم بەوە، بڕۆ لاچۆ. مەکە هەتیو بەخوا...» کوڕە بە ئەنقەست دوا کەوت و تۆزێک لێم دوورکەوتەوە. منیش بە هەلم زانی و بەرەپێش هەڵاتم. لە ناکاو کوڕە بە دووچەرخەوە گەڕاوە و هەر لێم نزیک بۆوە، دووچەرخەی فڕێدا و دابەزی و لە دواوە باوەشی پێدا کردم و بەخۆیەوە گوشیم و، بە هەر دوو دەست مەمکەکانمی ئازار دا...

٥

«بارام؟... بارااام؟»- «ئا ئەفسانە، کارت پێمە،؟»- «وەرە دانیشە با پێت بڵێم»- «دەی» منداڵ لە دیوی خۆیان خەوتبوون. ئەفسانە بە هەلی زانی: «ئاها پێت‌دەگوتم، هەست دەکەم شتێکم لێ‌دەشاریتەوە؟»- «دەی بۆ وا نییە؟» - «کوا ئەڵێم وا نییە. با پێت بڵێم هەتا ئێستا چیم لێ‌شاردوویتەوە. وەرد دانیشه.»...

 ٦

ئەفسانە، ئالبۆمی وێنەکانی پیشان‌دام. گوتی: «بارام، تۆ ڕاستت دەکرد، کە من شتێکم لێشاردوویتەوە. ئەوەتا، ئەمە ئالبۆمی وێنەکانمە. وێنەی سەردەمی منداڵی و مێرمنداڵیم. بەڵام من لە تۆم نەشاردۆتەوە. لەمنیشیان شاردبۆوە. باوکم هەر زوو لێیشاربوومەوە. وای شاردبۆوە، کە کەس بە شوێنەکەی نەزانێت. تەنانەت دایکیشم. من دووای ئەو ڕووداوەی کە بۆم گێڕایتەوە. ئیتر ڕەنگی ئەم ئالبۆمەم نەدی. ئیتر لەبیرم کرد. دایکم هاتە خەوم و هەموو شتێکی بۆ گێڕامەوە. بارام، ئەزانی دایکم، ئێستاش، ئاگای لێمە. هەر لەخەوەکەشمدا، مژدەی ئەوەی پێدام کە تۆش دێیتەوە. ئەوەندەی پێنەچوو، هەر واش دەرچوو. تۆ هاتیتەوە و ئێسا ئیتر من بێکەس نیم...»

هەموو شتێکی بۆ گێڕامەوە. منیش بۆم گێڕایەوە کە ئەم ماوە چیم بەسەر هاتووە و لەسەر سنوور کەوتوومەتە بۆسەی تاقمێکی چەتەو هەر باش دەرچووم کە نەیانکوشتووم. ماڵێکی زۆرم فەوتاوە و بەڵام ئێستا لێرەم و بێخەم...

ئەفسانە قسەکانی بریم: «باشە تۆ لەوە گەڕێ، چون بوو هەر هاتیتەوە، گەیشتییە لای باوکم؟»- «هەر هاتمەوە، چوومە لای کاوە ی ڕفیقم. کە منی دی پەشۆکا. بە سەرسووڕمانەوە گوتی، ئەوە ماوی؟ یەکترمان لە ئامێز گرت و تێر بەدڵ گریاین. لەپڕ گوتی: لە کاتێکی باشدا هاتوویتەوە. با بڕۆین فریا کەوین...»- « بۆ کوێ؟»- «لەو خەزوورە چاکەی تۆ، بێکەستر ناناسم. پیاوی وا هەر بۆ مردن باشە. خوا کەسی بۆ نەهێشتەوە. خەریک بوو زەنگ بۆ ئەفسانە بەم. چونکا خەزوورت وا لە بیمارستانەو کەسی بەدیارەوە نییە. لەوێش گوتوێتی بێکەسم. با بڕۆین بۆ وێ و زووکە زەنگیش بە بۆ ئەفسانە..».

ئەفسانە کە ئەوەی بیست، بە کوڵی گریانەوە گوتی: «بەڕاستیش باوکم، کەسی بە دەوری خۆیەوە نەهێشتبوو. نازانم باوکم بۆ وا بوو...» قسەکەیم بڕی و گوتم: «قسەیەک ئەکەم، پێت ناخۆش نەبێ، ئەفسانە. مەجبوورم پێشت بڵێم. من دەمێکە بەوەم زانیوە. لە کاوە شم بیستبوو. سەرەتا باوەڕم نەئەکرد. بەڵام دواتر لە جێی‌کەش بیستمەوە. ئیتر، لە ستەکە دڵنیا بووم، بەڵام دڵم نەدەهات لای تۆ باسی‌کەم...» ئەفسانە ترسا: «چۆن؟ چی بووە؟!..» گوتم: «مەترسە من هەم. ئێمە هیچمان وەک باوکت بێکەس نین. کەواتە جوان گوێم بۆ بگرە و مەشڵەژێ. ڕاستییەکەو ئەبێ بیزانی. بیڵێم؟ ئەتوانم لەسەرت حساب کەم؟» ترساو شڵەژاو بوو. بەڵام خۆی کۆکردەوە و فرمێسکەکانی سڕیو گوتی: «تۆ قەت درۆت لەگەڵ نەکردووم. باوەڕت پێدەکەم و گوێم لێتە...» - «ئەفسانە، باوکت گوناح بوو. ڕێگەی ژیانی نەدەزانی. بە ڕواڵەت خۆی بە ئەخلاق و بە ئەهلی دین و مزگەوت نیشان دەدا. بەڵام لەڕاستیدا وا نەبوو.» لێرەدا وەستام. نەمدەزانی چۆنی بۆ باس کەم. بەڵام ئەفسانەم جۆرێک هاتە بەرچاو. جۆرێک کە قەت وام نەدیبوو. ئیتر نەدەگریا. بە ورەیەکی بەرزەوە، گوتی: «من چیم پێگوتی، مەگەر نەمگوت من بۆ هەر خەبەرێک ئامادەم؟ لێی‌مەوێستەو بۆم باس کە، توخوا لەوە زیاتر ...» - «ئەفسانە، باوکت هەر لەگەڵ دایکت نەبوو، لەگەڵ هیکەش بوو. بەڵام بە شاراوە. ئیتر نازانم بە حەرام یان بە حەڵاڵ. بۆیە، هەر ئەوەندە بزانە لەوانەیە خوشک و برای ‌دیشت ببن...

گەڕان بۆ بابەت