ما 5256 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ناسیونالیزمی کوردی (کوردایەتی)، سەرەرای بەهێزبوونی لە خۆدەربڕین و خۆنیشانداندا، بەڵام لەباری ئایدیۆلۆژییەوە رێگای خۆی نەدۆزیوەتەوە. بۆ وێنە نە لیبرالە، نە ئیسلامییە و نە چەپ. بەگوێرەی رۆژ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حیزبی کە کاکڵەکەی بنەماڵەیە عەمەل دەکا. تەنانەت بەرنامەی سیاسی دوو هێزی سەرەکیی هەرێم لەگەڵ ئەوەی نیشانی دەدەن کە گوایا خاوەن ئایدیۆلۆژیان، بەڵام ئەمە تەنها رواڵەتە و بەهۆی راستییەکی تاڵتر، واتە بێ‌هێزیی بنەمای کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەوان قەت ناتوانن بەکردەوە ئەم بەرنامانە بەدی بێنن.

کوردایەتی، بوونێکی بەردەوامی بێ گەیشتن

فەڕۆخ نێعمەتپوور

پێشەکی

رەنگە هیچ کێشەیەکی سیاسی ـ ناسیونالیستی بەقەدەر کێشەی کورد خاوەن ئەزموونی شکست و هەستانەوە نەبێ. نەتەوەیەکی دەیان میلیۆنی لە ناوچەیەکی خاوەن شارستانیەتی کۆنینە کە هێشتا بەدەست ساخکردنەوەی جۆرێک لە دەسەڵاتی سیاسی کە بتوانێ دەربڕی ئاواتەکانی بێ، دەناڵێنێ. ساخکردنەوەیەک کە بەئاکام نەگەیشتنی پرۆسەکەی، هەر مرۆڤێک بەتایبەت خودی کورد زیاتر لەهەر چاودێرێکی تر دەحەپەسێنێ.

دیارە لەم بارەیەوە گەلێک لێکۆڵەر گوتاریان پێشکەش کردووە و، ئاماژە بە زۆر خاڵی گرینگ کراوە. بەگشتی دوو هۆکار، واتە دەرەکی و دەروونی دەستنیشان کراون کە تێیدا هۆکاری دەرەکی زیاتر لە هۆکارەکەی تر بەرجەستەکراوەتەوە. واتە شکست بەهۆی زەختی دوژمنەوە بووە، ئەوەیکە ئەوان نەیانویستووە قەوارەی سیاسیی کوردی شکڵ بگرێ و بەهەموو شێوەیەک دژایەتیان کردووە.

لە رەخنەگرتن لەم روانگەیە دەتوانین بڵێین کە ئەگەرچی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی لەباری قەوارەی سیاسی و جۆری کارتێکەرییەکانی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان بۆ کورد لەبار نیە، بەڵام ئەزموونی هەرێمی کوردستان، وەک گرینگترین ئەزموونی سەردەمی کورد، زیاتر لە هەر کاتێکی تر پێمان دەڵێ کە کێشەکە جیددی‌تر و قووڵترە لەوەی کە تەنها بە قەوارەی سیاسی ناوچەکە و زلهێزەکانەوە گرێی بدەین. ئەزموونی هەرێم پێمان دەڵێ کە وەک هەمیشە هۆکاری دەروونی لەدووا پێناسەدا گرینگترین هۆکارە لە ساخکردنەوەی رەوتەکاندا.

ناسیونالیسم

ساخکردنەوەی کێشەی نەتەوەیی بەگشتی خۆی لە قەوارەی بیرێکی سیاسی، یان باشتر وایە بڵێین بەستێنێک بەناوی ناسیونالیسم‌دا دەبینێتەوە. بەڵام گرفتی ناسیونالیسم ئەوەیە کە ئەگەرچی بەستێنە، بەڵام ناچێتە خانەی ئایدیۆلۆژیاوە. بەو مانایە کە خۆبەخۆ کۆمەڵێک بیر و ئایدیای سیاسی، ئابووری و فەلسەفیی لەوە پێش ئامادەمان بداتێ کە وەک یەکەیەکی تۆکمە رێگا پیشاندەر بێ. ناسیونالیسم لە راستیدا قاڵبە، چوارچێوەیە و دەبێ لەلایەن ئەو کەسانەوە کە باوەڕیان پێیە بە ئایدیای تر نێوئاخن بکرێ. لەخۆوە نیە کە لە بەگوێرەی ئەزموونی ساخکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە وڵاتان، ئەم قاڵبە جاری وایە نێوئاخنی چەپی وەگرتووە (وەک ئەزموونی چین و ڤیەتنام)و، جاری وایە ناوەڕۆکی راست و بگرە ئایینی (نموونەی پاکستان و حەماس).

ئەزموونی کوردستان

لە بزووتنەوەی کوردستان ناسیونالیزمی کوردی بەشێوەی سەرەکی (لەدەربرێنی ئایدیا یاخود لە گوتەی سەر کاغەز)، یان راستڕەو یاخود چەپی میانە واتە سۆسیال دیمۆکرات بووە. نموونەکانی دەتوانن پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکیەتی نیشتمانی و حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بن.

هەرێمی کوردستان وەک گرینگترین ئەزموونی سەردەمی دەسەڵاتی کوردی نیشانیدا کە هەر دوو حیزبی سەرەکی نەتەنها پابەند و ملکەجی بەرنامەی ئایدیۆلۆژیکی خۆیان کە بەحسێب ناوئاخنی قەواری ناسیونالیزم پێکدێنن، نەبوون، بەڵکوو بەپێچەوانەوە جووڵانەتەوە و بگرە نیشانیانداوە کە لە کردەوەدا ملکەچی هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی ئەوڕۆیی لە شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا نین. بۆ نموونە شکستی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک حکومەتێکی ئاسایی و ئەوڕۆیی و گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتی حیزبی و بگرە قۆرخکردنی جمگەکانی دەسەڵات لە دەست بنەماڵەدا، ئەوە دەسەلمێنن کە ناسیونالیزمی کوردی واتە کوردایەتی بە کردەوە خاوەن هیچ چەشنە ناوئاخنێکی فکری و ئایدیایی نیە. بوونی وەها دیاردەیەک بووە هۆکاری ناوخۆیی شکستی دەسەڵاتی کوردی یاخود کوردایەتی لەم بەشەی کوردستاندا. دەتوانین بڵێین گەر ئەم تایبەتمەندییە ئامادە بووایە ئەوە سەرەرای هەموو دژوارییەکانی ناوچەکە دەیانتوانی بە جۆرێک حکومەتی کوردی لە فۆڕمی فیدراڵیدا ساخ بکەنەوە، بەتایبەت کە لە یاسای عێراقدا وەها فۆرمێک پەسندکراوە.

بۆ

شکستی ئەزموونی دروستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیسپاتی کرد کە لاوازبوونی ئایدیولۆژی سیاسی ـ فکری وەک نێوئاخن لە قاڵبی ناسیونالیسمی کوردی‌دا، هۆکاری سەرەکیی ئەم داڕمانە بووە. پرسیار ئەوەیە بۆ دوو حیزبی سەرەکیی هەرێم نەیانتوانی وەها دیاردەیەک پێشکەش بکەن؟... یان ئەگەر لە بەرنامەی حیزبیدا گەڵاڵەیان کرد بۆ نەیانتوانی بەکردەوە جێبەجێی بکەن؟

رەنگە گرینگترین هۆکار، قەوارەی کۆمەڵایەتی ـ ئابووریی  کوردستان بێ کە تێیدا نە چینی بۆرژوازی بەمانا ئۆرووپییەکەی شکڵی گرتووە و، نە نیاز بۆ ئابوورییەکی یەکگرتوو و بازاڕێکی یەکانگیر لەئارادایە. ئەزموونی ئۆرووپا بە ئێمە دەڵێ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کاتێک سەریهەڵدا کە سەرهەڵدانی پیشەسازی و نیاز بە بازاڕێکی یەکگرتوو کە بتوانێ بەستێنەکانی گەشەی ئەم پیشەسازییە دابین بکا، هاتە ئاراوە. بۆیە شۆڕشگێران کەوتنە خۆ و دام و دەزگای ئاریستۆکراتیان تێک و مەکان دا و کۆتاییان بە پرش و بڵاویی سەردەمی پاشایەتی و فیوداڵی هێنا. لێرەوە هەروەها مەفهوومی 'تاک' کە وابەستە بە هیچ ئاریستۆکرات و کۆیەک نەبوو سەریهەڵدا و بەم شێوەیە نەزمی نوێ کە نەزمێکی سەرمایەدارانە بوو سەری هەڵدا.

بەڵام لە کوردستان داخۆ ئێمە خاوەن وەها ئەزموونێکین؟ داخۆ پیشەسازی و پێویستیی بازاڕی یەکگرتوو و دیاردەیەک بە ناوی دابڕینی کەسەکان لە پێوەندییە کۆمەڵایەتییە کۆنەکان و سەرهەڵدانی تاک هاتوونەتە ئاراوە، یاخود بیری کوردایەتی تەنها هەستێکە و جۆرێکە لە کاردانەوە سەبارەت بەو ستەمەی وا لەلایەن نەتەوەی باڵادەستەوە تەحمیل دەکرێ؟

ئەزموونەکان پێمان دەڵێن کە نەتەنها وەها بەستێنێکی کۆمەڵایەتی ـ ئابووری لەئارادا نیە، بەڵکو ئەوەی هەیە بریتییە لە جۆرێک بەستێنی عەشیرەیی یان 'کۆ'یی بە رواڵەتی نوێ کە نەزمی سەرمایە نەیتوانیووە بڕبڕەی پشتی بشکێنێ.

دەسەڵاتدارەکان کێن

ناسیونالیزم وەک گوترا لەسەر دیاردەیەک بەناوی تاک راوەستاوە. تاکێک کە خاوەن مافە سیاسی و ئابوورییەکانە و تێکشێنەری پێوەندییە باوەکانی سەردەمی فیۆداڵیە.

ئەزموونی دەسەڵاتداریەتی هەرێمی کوردستان نیشانی دەدا کە کاکڵی سەرەکی و ئەسڵیی دەسەڵات لە هەر دوو زۆنی زەرد و سەوز، بەتایبەت زەرد، عەشیرەیە. جمگەکانی دەسەڵات بەگشتی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە و تاکی کۆمەڵگای کوردی ناتوانێ خۆی لە مومارسەی راستەوخۆی دەسەلاتدا ببینێتەوە. ئەو بڕە مرۆڤە حیزبییەیش کە بە دەوری پیاوانی عەشیرەوەن، گەرچی بەڕواڵەت لە چینی مامناوەندین و بە هۆی مشەخۆرییەوە هەڵیانداوەتە چینی دەوڵەمەند، بەڵام لەباری کەسایەتی و کولتورەوە فڕیان بەسەر کولتوری چینی مامناوەندی و بۆرژواوە نیە و بگرە لە خزمەت پتەترکردنی سەرخانێکی فیۆداڵیدان کە لە رواڵەتێکی مودێڕن و بۆرژواییانەدا دەسەڵات دەکەن. ئەمە بووتە هۆی ئەوەی هەر دوو حیزب لە کۆتاییدا خاوەن ناوچەی خۆیان بن و، نەتوانن لە رەوتێکی دیمۆکراسییانە و ئازادانەدا رەوتی دەسەڵات بەرەوپێش ببەن. واتە تەسلیم بوونی رەوتی خوێندەوار و مامناوەندیی لە ناو حیزبدا بە عەقڵی عەشیرەیی لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە لاوازیی بەستێنی کۆمەڵایەتی بۆ سەرهەڵدانی تاک، بەریان بە سەرهەڵدانی جۆرێک لە ناسیونالیزمی شیاو گرتووە.

بەرەو کوێ

نەبوونی بنەمای کۆمەڵایەتی ـ ئابووری بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی (لە شکڵی فیدرالی)، هەروەها زاڵبوونی پێوەندییە عەشیرەیی و فیۆداڵییەکان وەک گوترا بووەتە هۆی چێ نەبوونی حکومەتی هەرێم و شی‌بوونەوەی بەرەو قەوارەی عەشیرەیی ـ فیۆداڵی لە فۆڕمی بەڕواڵەت مودێڕندا. لەڕاستیدا وەک دەڵێن گیا لەسەر بنچی خۆی شین دەبێتەوە. واتە دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی لەبارنەبوونی بنەما کۆمەڵایەتی ـ ئابوورییەکان و ئامادەبوونی نەزمێک کە تێیدا نە سەرمایەداری مودێرنە و نە فیۆداڵی بەو مانایەی جاران، بەهۆی بەردەوامیی کلتوری عەشیرەیی و حوزوری بنەماڵە لە سیاسەتدا، شۆڕدەبێتەوە بۆ باوەشی بنەماڵە و عەشیرە. بۆیە ئەوەی دەیبینین ئاکامی ئاسایی رەوتێکە کە جگە لەمە هیچی تری لێ نابێتەوە! بەواتایەکی تر عەشیرە و بنەماڵە دەبن بە میراتگری راستەقینەی کوردایەتی لە قەوارەی دەسەڵاتدا.

پێشنیارێک

هەتا ئیستا چەندین جار لەلایەن خودی کاربەدەستانی هەرێمەوە باسی ئەگەری داڕمانی قەوارەی هەرێم و دابەشبوونی بەسەر دوو زووندا کراوە. دیارە پێش هەر شتێک دەبێ بگوترێ کە لەڕاستیدا قەوارەیەکی یەکانگیر بەناوی هەرێمی کوردستان بوونی نیە و، ئەوەی هەیە دابەشبوونی بەکردەوەیەتی بەسەر دوو زووندا و بگرە زیاتریش.

ئەوەی ناهێڵێ بە فەرمی قەوارەی هەرێم دابەشبکرێ، هەبوونی یاسای ناوەندی لەمەڕ بوونی حکومەتی فیدرالی لە عێراق و لە کوردستان و جگە لەوە جۆرێک لە گوشاری ناو حیزبەکان و ناو خەڵکیە.

بەڵام وا دەردەکەوێ کە بەگوێرەی ئەزموونی دەیان ساڵەی ئەم ناوچەیە واباشە کە لە راستیدا حکومەتی هەرێم بەسەر دوو ناوچەی زەرد و سەوزدا دابەش بکرێ. بە چەند هۆکار:

ـ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەسەڵات لەسەر بنەمای عەشیرەیی و بنەماڵەیی خۆی بتوانێ ساخ بێتەوە و، وەک وڵاتانی عەرەبیی کەنداوی فارس ئیتر سەریان بپڕژێتە سەر کاروباری ناوخۆیان و ئەوەندە سەرقاڵی کێشەکانی نێوان خۆیان نەبن،

ـ قەوارەی کۆمەڵایەتی ـ ئابووریی هەرێمی کوردستان توانای ساخکردنەوەی دەسەڵاتێکی گشتی بەناوی حکومەتی هەرێم نیە،

ـ دوواجار ئەوەیکە حکومەتی کوردی بەم شێوەیە قەوارەی راستەقینەی خۆی لەم دۆخەی ئیستادا و بەگوێرەی ئەو توانا کۆمەڵایەتییەی کە هەیەتی، دەدۆزێتەوە.

کۆتایی قسە

ناسیونالیزمی کوردی (کوردایەتی)، سەرەرای بەهێزبوونی لە خۆدەربڕین و خۆنیشانداندا، بەڵام لەباری ئایدیۆلۆژییەوە رێگای خۆی نەدۆزیوەتەوە. بۆ وێنە نە لیبرالە، نە ئیسلامییە و نە چەپ. بەگوێرەی رۆژ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی حیزبی کە کاکڵەکەی بنەماڵەیە عەمەل دەکا. تەنانەت بەرنامەی سیاسی دوو هێزی سەرەکیی هەرێم لەگەڵ ئەوەی نیشانی دەدەن کە گوایا خاوەن ئایدیۆلۆژیان، بەڵام ئەمە تەنها رواڵەتە و بەهۆی راستییەکی تاڵتر، واتە بێ‌هێزیی بنەمای کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەوان قەت ناتوانن بەکردەوە ئەم بەرنامانە بەدی بێنن.

بۆیە ساخکردنەوەی دەسەڵات لە هەر زۆنێک بەگوێرەی ئەو بنەما عەشیرەیی و بنەماڵەییەی کە هەیە دەتوانێ دەستپێکێک بێ بۆ سازکردنی دەسەلاتی کوردی بە گوێرەی توانا دەروونییەکانی خۆی. دەسەڵاتێک کە بنەماڵە (وەک وڵاتانی کەنداوی عەرەب) کاکڵی دەبێ و ئایدیۆلۆژیاکەیشی راکردن بەشوین ویستی ئەو زلهێزانەوە دەبێ وا بە کردەوە داوایان لێدەکەن. یەعنی جۆرێک لە پراگماتیزم. دیارە ئەمە ئاوات نیە، بەڵام پەنگ‌خواردنەوەی کۆمەڵگای کوردی لە ناو خواستی کوردایەتی، بە بێ ئەوەی بتوانێ ئەم خواستە بەدی بێنێ، دەبێتە پشێوی زیاتر و سەرلیشێواویی زیاتری کۆمەڵگا و تاکی کوردی لەم سەردەمەدا. کورد دەبێ لە شوێنێکدا خۆی ببینێتەوە (جا چاک یان خراپ)، بۆ ئەوەی بزانێ لە کوێدا راوەستاوە و چۆن چۆنی دەتوانێ هەنگاوەکانی داهاتوو هەڵبێنێتەوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت