ما 17075 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ساڵانی ساڵ تێپەڕی. ئیستا ئیتر پیاوێکی گەورەساڵ بوو. ریش و سمێڵیشی ماش و برینجی کردبوو. رۆژێ لە مەلەوانگەیەک بەڕووتی لەبەر ئاوێنەیەکدا راوەستابوو. چاوی لە جەستەی خۆی دەکرد، کە لەپڕ نیگای چووە سەر شوێنە ناحەزەکەی خۆی. بە تەعەجوبەوە بینی کە رێک لە هی باوکی دەچێ،… لە قنی رۆژی فۆتەکە. هەر وەک ئەوەی باوکی تووکن و شل و زل. سەرەتا تێکچوو. پاشان بزەیەکی هاتێ. بیری باوکی کەوتەوە کە لەمێژبوو مردبوو. باوکی، دوواساڵەکانی تەمەنی ئەوەندە بێدەسەڵات و داماو بوو، نەبێتەوە. هەر بەو قنەیشەوە مردبوو کە ئەو ساڵانی ساڵ لەوە پێش لای وابوو نەیبوو و کەچی هەیشیبوو! یاخود بەو قنەوە کە ئەم لای وابوو باشتر وابوو باوکی نەیبووایە.

شوێنەواری مێژوویی

قەت باوەڕی نەدەکرد لە حەمام شتی وەهای لێ بقەومێ. لە حەمامی گشتی دەڵێم. ئەو حەمامەی وا شەش رۆژی هەفتە هی پیاوان بوو و، تاقە رۆژێکیش بۆ ژنان. تەمەنی حەوت و هەشت دەبوو. تا ئیستا باوکی ئاوەها تەواو بەڕووتی نەبینیبوو. باوکی هەمیشە شۆرتێکی درێژی لەبەردەکرد، لەو شۆرتانەی دایکی ئەم (واتە هاسەرەکەی) بۆی دەدووری. بەڵام ئەو رۆژە بەهۆی رووداوێکی چاوەڕواننەکراوەوە شۆرتەکە ئەرکی هەمیشەیی خۆی بەڕێوەنەبرد و، شتێک قەوما کە نەدەبووا بقەومێ.

وەک هەمیشە، رۆژێکی هەینی چووبوون بۆ حەمامە گشتیەکەی شار. ئەو حەمامەی ئەم زستانان لەبەر گەرمییەکەی ئاشقی بوو. خۆیان جوان شۆردبوو. دەستێک کیسە و دوو دەست لفکە، وەک ئەوەی وا ئەو ساڵانە باو بوو و هەموو کەس دەیکرد. ئەم وەک هەمیشە کەفیش چووبووەوە چاوەکانییەوە، بەڵام نەیوێرابوو هاواربکا. راوەستابوو تا باوکی بە جامۆڵکە رۆحەکە ئاوەکەی بەسەردا بکا. ئەویش بەپەلەپەل کەفەکەی سڕیبووەوە، چاوەکانیشی جوان جوان هەڵگڵۆفیبوو تا لە کزەکزی سابوون و کەف بەتەواوی رزگاری بێ. پاشان لە ناو نمرەیەکدا خۆیان ئاوکێشابوو و چووبوونە بەر دەرگاکە. وەک عادەت باوکی لەوێ رادوەستا و، چاوەڕوان دەمایەوە. لەم کاتانەدا ئەوەندەی پێ نەدەچوو حەمامچییەکە پەیدا دەبوو، بە چەند فۆتەی گەورە، سوور، کۆن و نوێوە. ئەم کە منداڵ بوو، پێویستی بە فۆتە نەبوو. حەمامچییەکە فۆتەکەی دەکردەوە و، باوکی لەوبەرییەوە بۆ ماوەیەک ون دەبوو. پاشان لە کاتێکدا شۆرتەکەی دادەکەند، خێرا بەیارمەتی حەمامچییەکە فۆتەکەی لەخۆی دەئاڵاند و جوان جوان لە خۆی دەبەست. باوکی هەمیشە وشیار بوو کوڕەکەی چاوی بەو شوێنانە نەکەوێ کە بەگوێرەی یاسایەکی نەنووسراوەی ئەزەلی، بەتایبەت بۆ منداڵان قەدەغە بوو. لەدووا قۆناغدا حەمامچییەکە فۆتەیەکیشی دەدا بە شان و ملی باوکیدا. ئەمیش وەک بەچکە چۆلەکەیەکی خووساوی بەر باران، بە بێ هیچ چەشنە فۆتە یان خاولییەک بەشوێن باوکییەوە بەرەو رەختکەنەکان دەڕۆیشت. وای کە زستانان تا خۆی وشک و پۆشتە دەکردەوە، چەند سارد و ناخۆش بوو!

ئەو رۆژە وەک رۆژانی تر نەبوو. وەک گوتمان رووداوێک خۆی بە ژوورەوەدا کرد و هەموو شتێکی بۆ هەمیشە سەبارەت بە باوکی لەلای ئەو گۆڕی! داخۆ حەمامچییەکە قسەی لەگەڵ خەڵکی تر دەکرد، فۆتەکەی لەدەست ترازا، یان باوکی خراپ راوەستابوو،… نازانێ؛ هەر ئەوەندە کتوپڕ قنە تووکن و شل و زلەکەی باوکی دەرکەوتبوو و، ئەم وەها داچڵەکابوو و بەچاوە دەرپەڕیوەکانی وەها لێی مۆڕ ببووەوە کە هەتا حەمامچییەکە بەپەلەپەل بە فۆتەکەوە سەرلەنوێ شاردبوویەوە، حەپەساو و تۆقاو نیگای لێ هەڵنەگرتبوو.

ئیتر لەو رۆژەوە زانی باوکیشی خاوەن قنە! ئەم قەت وای بۆ نەچووبوو. هەمیشە لای وابوو باوکی وەک خەڵکی تر نیە و لە ئەساسدا قنی نیە. یان باشتر بڵێین گەر قنیشی هەبایە ئەوا لانیکەم لە هی خەڵکی نەدەچوو. هەمیشە شتێک لەدەروونەوە دەنگی دەدا کە باوکی کەسێکی تایبەتە و، ئەم نابێ وەک خەڵکی تر چاوی لێ‌بکا. کەچی لەو رۆژەوە، بەدەرکەوتنی قنی باوکی هەموو شتێ گۆڕا. ئیتر باوکی ئەو گەورەیی و عەزەمەتەی جارانی لا نەما! هەموو شتێ لەبەرچاویدا داڕمابوو. ئاخر مەگەر دەکرێ باوکی لەو چەشنە، خاوەن ئەندامێکی قێزەونی لەو چەشنە بێ!؟ ئەویش باوکێک کە کەس نەیدەوێرا قسە لەقسەیدا بکا و، کە دەردەکەوت دونیا لە بێدەنگیدا دەبوو بە بیابانی بەرەهووت و هەموو خێزان لەهەیبەتیدا متەقیان لەخۆدەبڕی!

نا، باوک نابی خاوەن شتی وەها بێ. قن هی ئەو کەسانە بوو کە تێیان هەڵدەدرا، یاخود کەس گوێی لە قسەیان نەدەگرت، یان هی ئەوانە بوو وا کاتێ باوکی دەردەکەوت ورتەیان لێوە نەدەهات. ئای لەو شتە تووکن و ناشێرینە چۆن سەری لێ شێواند! هەستی کرد تەنانەت وای لێهاتووە رقیشی لە باوکییەتی. بەهیچ کلۆجێک نەیدەتوانی وەک جاران سەیری بکاتەوە. دیوارە چێمەنتۆ رەق و تەقەکە قڵشی تێکەوتبوو. ئەو کە جاران بە ترس و ئیحترامێکی سەیرەوە لە باوکی دەڕوانی، لەو رۆژەوە بەهۆ و بێهۆ خۆی لێ دوور دەخستەوە. بەدەستی خۆی نەبوو، هەر کە دەیبینی بیری ئەو رۆژە دەکەوتەوە. رۆژە نگریسەکە. باشە نەدەکرا باوکی پشتی لەم نەبووایە و بە جۆرێکی تر راوەستایە؟ یاخود حەمامچییەکە کەمێک وریاتر بووایە و، ئەمە نەقەومایە؟ بێگومان دەکرا، بەڵام ئیتر وەهای لێهات.

زۆر جار لەگەڕەک جوێنی بیستبوو، چ لە زمانی منداڵانەوە و چ لە زمانی گەورەکانەوە کاتێک شەڕیان لەگەڵ یەک دەکرد، یان کاتێک قەڵس دەبوون و بە جوێن دەریاندەبڕی، ئەوانەی وا بێڕحمانە جوان جوان بە قسەی پیس و ناشیرین یەکتریان دادەشۆرد: هەی لە قنی بەم!… ئەو قنەی بگیەم!… ئەو قنە لووس و خڕەی… لە کەلەمەکەی دایک و خوشکت بەم! نا، نا،… خەیاڵی ئەوەی کە باوکی بەو عەزەمەتەوە خاوەن قن بێ و، پاشان ئەوانی تر بتوانن ئاوا جوێنی پێبدەن و سووک و ریسوای کەن، تێکی دەدا.

راستی بۆ تا ئیستا بیری لەوە نەکردبووەوە کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێ بێ قن بێ! باشە شتی وا دەبێ! هەموو کەس دەزانێ ئەگەر قن نەبووایە کەس نەیدەتوانی درێژە بە ژیان بدا و، ئەوەندەی پێ نەدەچوو بەلادا دەکەوت و دەمرد.

بەڵام نا، باوکی ئەو جیاواز بوو. لە نەوعێکی دیکە بوو. ئەو گووی نەدەکرد، قەت بای لێ نەدەبووەوە. باوکی بەجۆرێکی تر ئەم کارانەی دەکرد، جۆرێک کە تەنیا خۆی دەیزانی چۆنە،… ئا، تەنیا خۆی،… کەسی دیکە نەیدەزانی، یەعنی مەعقول نەبوو بزانێ.

هەفتەیەک گوزەرا. کتوپڕ رۆژی هەینی هاتەوە و، ئەو دەبا لەگەڵ باوکی بچێتەوە بۆ حەمام. هەرچی بیری لێکردەوە، بینی ناتوانێ. کار لە کار ترازابوو. ئەوەی وادەبوو نەقەومێ، قەومابوو! کە بیری لێدەکردەوە دڵی بەیەکدا دەهات، سەری لەگێژەوە دەچوو، هەستی دەکرد هەر ئەوەندەی بگاتە ئەوێ سەقفی حەمامەکە بەسەریدا دەڕووخا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە دونیا دەکرد. بە ئارامی و ترسەوە بە دایکی گوت کە نایەوێ سبەی بچێ بۆ حەمام. دایکی بەلاچاو سەیرێکی کرد و، گوتی رۆژ تا ئێوارە لە کۆڵان هەڵات هەڵاتتە و هەرچی تەپ و تۆزی دونیایە بە هۆی ئارەقەوە بە لەشتدا وەک قوڕو چڵپاوی پاییزی دەلکێ و دەڵێی ناچم بۆ حەمام!… وەڵڵا تەواومان کرد! ئەم پاش ماوەیەک پێی داگرتەوە و، مەحکەم گوتی نامەوێ بچم. دایکی ئەمجارە وەڵامی نەداوە. سبەی کاتژمێر شەشی بەیانی لەخەو هەڵیستان و لەگەڵ باوکی وەک هەموو هەینییەکانی تر ملی رێگایان گرتەبەر. ئەو رۆژە بە تەنیشت باوکییەوە نەدەڕۆیشت. بە چەند هەنگاو خۆی دووادەخست، بەڵام کێشە ئەوە بوو کاتێک لە دوواوە دەڕۆیشت سەرنجی دەچووە سەر قنی باوکی و ئەمە سەری لێ تێکدەدا. یەک دوو جارێک پێشکەوت، باوکی دەنگی دا کە پێش نەکەوێ! بەناچار هاتەوە تەنیشتی. لە حەمام ئەو رۆژە سەرتاسەر تا ئەو جێگایەی بۆی دەکرا چاوی دەقونجاند. بەپێچەوانەی رۆژەکانی تر، خواخوای بوو کەفێکی چڕ بەردەوام بە سەر و سەکوتییەوە بێ تەنیا بۆ ئەوەی نەتوانێ باوکی ببینێ کە لێی دوور نەدەکەوتەوە. کاتی هاتنی فۆتەکەیش، رووی وەرگێڕا و خۆی بە سەیرکردنی خەڵکی ترەوە سەرقاڵکرد.

دوو رۆژ پێش هەینییەکەی تر، لەدووای ترس و دڵەڕاوکێ و گومانێکی زۆر لە هاوڕێیەکی هاوتەمەنی خۆی پرسی کە داخۆ باوکی ئەویش قنی هەیە؟ هاوڕێکەی بە تەعەجوبەوە سەری وەرگێڕا، لێی رووانی و ئەوسا بەشێوەیەک دایە پڕمەی پێکەنین کە ئەم هەتا تەپڵی سەری وەها گەرم داگەڕا کە دەڵێی ئاگریان تێبەردابوو. هاورێکەی هەر جوابی نەدابووەوە. پێکەنین نەیهێشتبوو. بۆ سبەی لە قوتابخانە چەند کەسی تریش زانیبوویان و، هەر هەموویان کە دەیانبینی قاقا دەستیان دەکرد بە پێکەنین.

ساڵانی ساڵ تێپەڕی. ئیستا ئیتر پیاوێکی گەورەساڵ بوو. ریش و سمێڵیشی ماش و برینجی کردبوو. رۆژێ لە مەلەوانگەیەک بەڕووتی لەبەر ئاوێنەیەکدا راوەستابوو. چاوی لە جەستەی خۆی دەکرد، کە لەپڕ نیگای چووە سەر شوێنە ناحەزەکەی خۆی. بە تەعەجوبەوە بینی کە رێک لە هی باوکی دەچێ،… لە قنی رۆژی فۆتەکە. هەر وەک ئەوەی باوکی تووکن و شل و زل. سەرەتا تێکچوو. پاشان بزەیەکی هاتێ. بیری باوکی کەوتەوە کە لەمێژبوو مردبوو. باوکی، دوواساڵەکانی تەمەنی ئەوەندە بێدەسەڵات و داماو بوو، نەبێتەوە. هەر بەو قنەیشەوە مردبوو کە ئەو ساڵانی ساڵ لەوە پێش لای وابوو نەیبوو و کەچی هەیشیبوو! یاخود بەو قنەوە کە ئەم لای وابوو باشتر وابوو باوکی نەیبووایە.

حەمامە گشتییەکەیش لەمێژ ساڵ بوو نەمابوو. لانیکەم دە پانزە ساڵێک. بەسەریەکدا داڕمابوو. ئیستا کەلاوەیەک بوو. خەڵکی شار شەڕی ئەوەیان بوو بەڵکو شارەداری بیکا بە شوێنەواری مێژوویی!

بزەیەکی دێتێ! لەبەر خۆیەوە بەتەوسەوە دەیڵێتەوە: “شوێنەواری مێژوویی!”

بەخۆی دەڵێ تاوانەکە هی قن نەبوو، نا،… هی ئەوە بوو باوکم قەت نەیدەدوواندم.

ئای یادت بەخێر باوکە!

گەڕان بۆ بابەت