هاوڕێ نەهرۆ
زۆرن ئەو کەسانەی بە جوانی شەهید بوون لەوانە حەمە حەللاق و هاورێیەکانی بە شێوەیەکی تراژیدی، داستانی شەهید بوون تەنانەت بە برینداری بران بۆ سەربازگەی سەلام لە سولەیمانی و کران بە ژیر خوڵەوە، بەڕای من حەمە حەللاق وەک شیوعیەکی کوردی سەربەرز حەللاجی کورد بوو، بۆ هەمیشە یادی گوللە باران کردنی دایکی ( ئایشە گوڵ ) و شەهیدبوونی بەشداری برای و حەمە حەللاق خۆی و هاورێیەکانی لە یادو یادەوەریی کومەڵگای کوردستان دەمێنێتەوە.
جوانی مەرگ لە ئاوێنەی میژوودا
وەک ئاشکرایە ژیان چەشنی کچێکی ژیکەڵەی جوانە بریتی یە لە فێنکی سروەو درەوشاوەیی سەوزایی و شینایی ئاسمان و ڕەنگی فەیروزی رووبارەکانی کوردستان لە وێنەی تانجەرؤو سیروان، ژیان تام و چێژی خۆی هەیە تەنانەت لە داستانی گلگامش، گلگامش بەدوای نهێنی نەمری گەڕا لە دواجاردا رووەکی نەمری لە بنی دەریا دۆزییەوە، بەڵام لەکاتی پشوو دان داینا، مارێک هات خواردی تەنانەت سیمبولی پزیشکی گڵاسێک و مارێک لێ ئاڵاوە، مارەکە هی داستانی گلگامشە بەشێوەی میتافوری و سیمبولی وەریانگرتووە، لە کاتێکدا مەرگ سیمبولی خامۆشی و تاریکی و دڵتەنگی یە بەڵام ئێمە تامی ژیانمان کردووە ئەزانین لە چ ئاستێک دایە با تامی مەرگیش بکەین ڕنگە بەو شێوە ناخۆش نەبێ کە باسی لێوەدەکرێ و لە مێشکی ئێمە وێنایان کردووە بەدرێژایی میژوو، لە دکتور نەوال سەعداوی دەپرسن ئاخۆ تۆ ناترسی لە مەرگ لە وەڵام دا دەڵی، مەرگ درێژە دانە بە ژیان بەشێوەیەکی دی وەک لە ئاینی بودا بەرجەستە کراوە کە روح وەک لایەنی ئەلکتروموگناتیسییەکەی یادەوەریی لە پانتایی یادەوەریی سروشت دا جێگیر دەبێ و دەمێنێ و دەچێتە نێو پروسەی دوناودونەوە لە نێون گیانلەبەرەکانی سروشت وەک درەخت و باڵندەو سیمبولەکانی دیکەی ژیان، بۆ ئاگاداری چەندین نووسەری بەناوبانگ تا ئێستا مەرگیان لەنێو بەرهەمەکانیان بەرجەستە کردووە وەک شکسپیر لە هاملت و رومیو جولێت دا، مەرگ لە پێناوی مەبەستێک دا هەروا لای ئەلبێر کامۆ ( نووسەری پووچگەرا )ی فەرەنسی لە رۆمانی مەرگی بەختەوەر، لای قارەمانی ئەم رۆمانە تەنانەت نرخی بەختەوەری بە ئەنجام دانی تاوان کۆتایی پێدێ، گەرچی قارەمانەکە کەسێکی هەژارەو لە رووی دەروونی یەوە شەلەژاوە، هەروا نووسەری بەرازیلی پاولو کویلهۆ لە رۆمانی ڤیرونیکا بریاری مەرگی داوە، ڤیرونیکا خەڵکی سلوڤینیایە دەیەوێ بە جوانی بمرێ، نایەوێ شادەمارەکانی دەستی ببڕێ چونکە لە نێو خوێن دا نوقم دەبێ، ئەم دیمەنەش دایکی و باوکی بێزار دەکا لە ئاکام دا هەروا نایەوێ خۆی لەسەر ساختمانی بەرز فڕێ داتە خوارێ چونکە چەند جێگایەکی دەشکێ لە ئەنجام دا ئەم وێنەیەش ناشیرین و قێزەوەنە، هەر بۆیە بڕیاری داوە، دەنکە، دەنکە حەب قووت بدا، گەرچی لە دواجاردا قەدەر یارمەتی یی داوەو نامرێ.
دروشمێکی بەرچاوی فەلسەفەی پووچگەرا ئەوەیە، مەرگ ئاسانترین رێگایە بۆ چارەسەری کێشەکان ! بەڵام لە فیلمی بە نێوبانگی تایتانێک، یەکی لە موزیک ژەنەکان دەڵی، با بە جوانترین شێوە بمرین هەر بۆیە تا دوا ساتی نوقم بوونی کەشتی یەکە بەشێوەیەکی هاوسەنگ و نایاب موزیک دەژەنێ، لێرەدا ئەگەر ئاوەرێک لە میژووی ئاین بدەینەوە حەزرەتی مەسیح بەجوانترین شێوە لە خاچ درا، لە تەمەنی سێ و سی ساڵی دا بە مەرگێکی تراژیدی کارەساتبار شەهید بوو بەڵام مەحەمەدی پەیامبەر قەدەر وێنەو میژوویان شێواند وەک ئەوەی سی ژنی هیناوەو پەلاماری وڵاتانی دراوسێ یی داوە، دەسەڵاتی جیهانی ئەوسا زورینەی مەسیحی بوو هەر بۆیە قەدەری ژیانی مەحەمەدی پەیامبەریان وایان لێکردووە، میژوویان شێواند تەنانەت چوارژنە لە ئاینی ئیسلام دا زادەی شوێن و کاتی دیاریکراو بوو، پەیغەمبەر وەک ( متعهد ) شارەزا لە کایەی یادەوەری بە هۆی شەڕوشوڕەوە رێژەی کەمی پیاوان لە کۆمەڵگای ئیسلامی ئەو سەردەمە زانیوە بۆیە ئەو دەقەیان لە زەمان و زەمینەی دیاریکراو داتاشیوە تەنانەت دەڵی ئەگەر یەکسانیتان پەیڕەو نەکرد یان نەتانتوانی یەکی یان دووان بەسە وێرای دووپات کردنی ڕای خۆم لەسەر یەک ژنە ( مونو گامی )کەزادەی کۆمەڵگای مۆدیرنە.
نموونەیەکی دیکە لە میژووی ئیسلام دا حەللاج وەک متەسەوفێکی عیرفانی، دەسەڵات و توانای خوداوەند وەک میتافوری دەسەڵاتی باڵا ناسیوە، کە لەخاچیان دا بە دڕندەترین شێوە کوشتیان، هەر جارێک پارچەیەک لە جەستەیان لێکردەوە کەچی ئەو لەوپەڕی ورە بەرزی دا بوو، هەمیشە بەشان و باڵی ئەو دەسەڵاتەی هەڵئەدا کە ئەوی خوڵقاندووەو لە هەمان کاتدا بەرپرسیارە لەمردنی بەو شێوەیە !
بەڕاستی مردنی یان شەهید کردنی حەللاج مەرگێکی جوان بوو لە ئاوێنەی میژوودا، مەرگێکی تراژیدی کە وەک داستان لە میژووی مروڤایەتی مایەوە. گەرچی حەللاج وەک هەوڵێکی تاکە کەسی بوو لە پەردە هەڵماڵین لەسەر دەسەڵاتی خوداوەند، حەللاج وەک مەسیح رابەرایەتی شوڕشێکی کومەڵایەتی، سیاسی، ئاینی نەکرد، کەواتە لێرەدا وێنەی حەڵلاج و وێنەی مەسیح گەرچی لە یادەوەریی میژوو، چارەنووسی مەرگیان لە یەک دەچن بەڵام لە پەیامیان دا جیاواز بوون، مەسیح بزمارێکی ئەستوری چەقاند، تابلوی فەلسەفەی میتافیزیکی تا ئێستاش پێیان هەڵواسیوە بەڵان حەللاج هەوڵی دا ئەنالیزەی سیمبولەکانی دەسەڵات بکا لە ئاوێنە ودیوی ماتریالیزمی فەلسەفی یەوە سەردەربێنێ هەر بۆیە بەو شێوە تراژیدی و دڕندەیە لە خاچیان داو کوشتیان. هەروا لە مەزهەبی شیعە ئیمام حوسەین وەک سیمبولی چینایەتی و دادپەروەری بە جواترین وێنە شەهید کرا لە میژووی ئیسلام دا. گەرچی نیکوس کانتزاکی نووسەری یونانی رۆمانێکی نووسی بە نێوی ( سەرلەنوێ مەسیح لە خاچ دەدرێ ) بەڵام کانتزاکی مەبەستی دروستکردنی کەسایەتیەکان بوون لەلایەن دەسەڵاتی نهێنی یەوە کە چۆن زوڵم و زۆریان لێدەکرێ، بەشێوەی نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن تا بەرهەمی نایاب بخوڵقێنن و داهێنان ئەنجام بدەن وەک کەسایەتی نووسەرو هونەرمەندو و موزیک ژەن و وێنەکێش و هەروا کەسایەتی ئەستانداری کومەڵایەتی و سیاسی، کەسەد دەر سەد قەدەر ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئیشیان لەسەر دەکات بەشێوەیەک کە لە ئاکام دا دەبنە ( متعهد ) و کویلەو کڕنووش بەری دەسەڵاتی نهێنی ! تەنانەت دەسەڵاتی کڵیسا لە ئیتالیا، لاوەکانی دەخەساند تا وەکو دەنگیان و قورگیان لەسەر تونی ناسک و باریک بمێنیتەوەو لە کوڕی بە کومەڵ بەشدار بن و سرودەکانی کڵیسا بەشێوەی کاریگەرو لە سروتی تایبەتی دا بڵێنەوە . ئەوانەی لە میژووی عەرەب بە جوانترین شێوە شەهید بوون، عومەر ئەلموختارو عەبدولکەریم قاسم بوون تەنانەت ( عمر المختار ) کە لە سێدارەی ئەدەن هەرگیز ناچەمێنێتەوە، ( عبدالکریم قاسم ) یش لە ئیزگەی رادیوی سالحیە ئەیدەنە بەر دەسترێژی گوللە، ئەوەش پاداشتی پاکی و دادپەروەری قاسم بوو کە لەمێژووی ئیراق دا رابەریکی کەم وێنە بوو. ئەو نووسەرانەش کە بەجوانترین شێوە شەهید بوون غەسان کەنفانی فەلەستینی و عەبدولخالق مەعروف و سەیدا سالح یوسفی لە نێو کوردا.
زۆرن ئەو کەسانەی بە جوانی شەهید بوون لەوانە حەمە حەللاق و هاورێیەکانی بە شێوەیەکی تراژیدی، داستانی شەهید بوون تەنانەت بە برینداری بران بۆ سەربازگەی سەلام لە سولەیمانی و کران بە ژیر خوڵەوە، بەڕای من حەمە حەللاق وەک شیوعیەکی کوردی سەربەرز حەللاجی کورد بوو، بۆ هەمیشە یادی گوللە باران کردنی دایکی ( ئایشە گوڵ ) و شەهیدبوونی بەشداری برای و حەمە حەللاق خۆی و هاورێیەکانی لە یادو یادەوەریی کومەڵگای کوردستان دەمێنێتەوە.
هەروا لەیلا قاسم لە ریزەکانی خویندکاران و شەهید مەلا عەلی لە ریزەکانی کومەڵەی رەنجدەرانی کوردستان خاوەن دروشمی کەم بژی و کەڵ بژی لەکاتی لە سێدارەدانیان بە جوانترین و بە قارەمانترین شێوە شەهید بوون تەنانەت شەهید لەیلا کەخەڵکی خانەقینە لە کاتێ ئیعدام کردن دا داوای جلی کوردی دەکا بۆ لەبەر کردنی هەروا شەهید مەلا عەلی لە کاتێ لە سێدارەدانی دا نایابترین شێعری هونیوەتەوە دەربارەی خوڕاگری و نەترسان لە مەرگ و پەشیمان نەبوونەوە لە رێگاورێبازەکەی. لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردا لەسەر ئاستی پارچەکانی دیکە شیخ سەعیدی پیران و قازی نەمرو قاسملوو شەرەف کەندی بە جوانترین و شکۆمەندترین شێوە شەهید بوون، هەڵویستی شیخ سەعید سەرسوڕهێنەرە لە دادگا هەروا قازی رابەری کۆمارێکی شورشگیڕ بوو لە نێو دەوروبەری دڕندە دا یازدە مانگ بە باشترین شێوە بەردەوام بوو، گرنگی کۆماری مەهاباد لەم کورتە چیرۆکە دەبینمەوە. دەگێرنەوە کە دوو برا دەبن لە بیابان چاویان بە بەردێک دەکەوێ لەسەری نووسراوە لەدوای ئەم بەردە ماوەیەک دەرۆن تووشی چیایەکی سەخت دەبن، چیاکە دەبڕن تووشی رووبارێک دەبن، لە رووبارەکە دەپەڕنەوە تووشی جەنگەڵێک دەبن دوای جەنگەڵەکە تووشی شارێک دەبن لەوێ هەر کەسێ ئەو کوسپانەی بڕیوە دەیکەنە پادشا، برا گەورەکە ئەترسی و ئەڵی، ئەم چیا سەختەمان پێ نابڕدرێ، لە رووبارەکە دەخنکێن، لە جەنگەڵەکە گورگ دەمانخوا، هەر بۆیە برا گەورە لە گوندێکی بیابانەکە دەمێنێتەوە خەریکی مەڕداری ئەبێ، کەچی برای بچوک هەموو کوسپەکان دەبڕێ و ئاکام دەیکەن بە پادشا بۆ ماوەی شەش ساڵ دوایی کودتای لێ دەکەن و دەگەڕێتەوە بۆ لای براگەورەکەی لەو گوندەی لێ نیشتەجێ بووە، یەکسەر برا گەورەکە پێی دەڵی، نەمگوت نەرۆ، لەوەڵامدا برا بچوکەکە بەگەشبینییەوە دەڵی، من شەش ساڵ یادگاری پادشایەتیم هەیە بەڵام تۆ خاوەن هیچ یادگارییەک نییت، مەبەست لە کوردستان رۆژهەڵات خاوەن ئەزموونی یانزە مانگ حوکمڕانی یە، وەک کورد دەرس و پەندی زۆرمان لێوەرگرتووە تا ئێستا.
لە کۆتایی دا هەندێ باسی ئەوانەش بکەین کە بە جوانی نەمردوون، بەناویش رابەر بوون لەوانە سەدام حوسەین سەرۆکی پێشووی ئیراق گەرچی عەرەبەکان وەک ئەسپێکی ڕەسەنی خۆیان چاوی لێدەکەن، لەماوەی حوکمڕانی یی دا قسەکانی زۆر نەستەق و گەورە بوون بەڵام کە بەجیددی لێقەوما خۆی لە نێو چاڵێکا دوزییەوە کە لە سێدارەشیان دا زۆر شپرزە دیار بوو .
یەکی لەو سەرکردانەی کە بەداخەوە بە ناشیرینی کوشتیان لەلایەن دەم رووتەکانی لیبییاوە، موعەمەر قەزافی بوو، موعەمەر خاوەن پەرتووکی سەوز بوو، پەرتووکەکەش لەلایەن برای نووسەر جەوهەر کرمانجەوە بۆ زمانی شیرینی کوردی وەرگێڕدرا، قەزافی وەک سەرۆک یارمەتی گەلی کوردی داوە لە خەباتی چەکداری دا، شایانی ئەوە نەبوو بەو شێوە ناشیرینە بکوژرێ، ئاکام هەزار سڵاوو لەوانەی بە جوانی شەهید بوون لە ئاوێنەی میژوودا .