ما 3289 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دراکولا لە مانەوە و لە گەشتی ناو ئەورووپا ماندوو ببوو. بە سەدان ساڵ لەوێ ژیان بەسەربردن وەڕەزی کردبوو. لەو کاتەوە کۆشکە ترسناکەکەی خۆی لە وڵاتی رۆمانیا بە جێ هێشتبوو و بە هەموو وڵاتانی ئەورووپادا گەڕابوو و خوێنی هەزاران و دەیان هەزاری مرۆڤی لە گەردنەوە مژیبوو، ئیتر لە خوێنی ئەورووپی بێزارببوو. دەیگوت "خوێنی ئەورووپی ساردترە لە سارد 

 دراکولا و سەفەر بۆ رۆژهەڵات (١)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

دراکولا لە مانەوە و لە گەشتی ناو ئەورووپا ماندوو ببوو. بە سەدان ساڵ لەوێ ژیان بەسەربردن وەڕەزی کردبوو. لەو کاتەوە کۆشکە ترسناکەکەی خۆی لە وڵاتی رۆمانیا بە جێ هێشتبوو و بە هەموو وڵاتانی ئەورووپادا گەڕابوو و خوێنی هەزاران و دەیان هەزاری مرۆڤی لە گەردنەوە مژیبوو، ئیتر لە خوێنی ئەورووپی بێزارببوو. دەیگوت "خوێنی ئەورووپی ساردترە لە سارد و تاریکترە لە شەوانی دەورووبەری کۆشکەکانی من!"

***

رۆژێک لە یەکێک لە کۆشکە ترسناکەکانی خۆی لە دەورووبەری لەندەن لە کاتێکدا دەنگی لوورەی گورگ لە هەموو لایەکەوە دەهات و تیشکی مانگەشەوی ساردتر و ترسناکتر لە هەموو جارێکی تر کردبوو، دانیشتبوو. بیری لە سەفەرێکی تر کردەوە. بیرەکە شاگەشکەی کرد. بەڵام بۆ کوێ؟

ئارام هەستا و باڵکۆنەکەی کە بەرەو باغ و کێوە ترسناکەکانی دەورووبەری دەیڕوانی، جێهێشتوو و چووە ژوور. بۆ یەکەم جار بە دەستماڵی ئەو کچە گەنجەی چەند سەعاتێک لەوە پێش خوێنەکەی مژیبوو، خوێنی سەر لێو و روخساری سڕییەوە و چوو لە بەر نەقشەی گەورەکەی دونیا لە سەر سەر دیوارەکە راوەستا. جوان لێی راما. لەبەرچاویدا دونیا چەند بچووک دەینواند. نەقشەکەیش چەند دنەدەرانە دەیڕوانی. بۆچ تا ئیستا بەمانەی نەزانیبوو. سەیری ئاسیای کرد. گەورەترین بەشی وشکی دونیا. باشە بۆچی تا ئیستا بیری لە سەفەرێک بۆ ئەوێ نەرکردبووەوە؟ داخۆ ئەوێ باشتر نەبوو؟ وڵات هەتا لە دەریا دوورتر بێت تاریکترە. جگە لەوە وشکتر،... کەواتە خوێنەکانیش خەستتر! سەیری وڵاتی چینی کرد. هەروەها هیندستان. پێکەوە بە چەند میلیارد مرۆڤ لەو دوو وڵاتە دەژیان. ئاە، چ نیعمەتێک! بێگومان ئیتر لەوێ قەت پەکی نەدەکەوت. ئیتر پێویستیش نەبوو لەوێ ئەوەندە جێ بگۆڕێ. گەر تەنانەت تەنیا لە گوندێکی چین دامەزرابا، بە قەدەر هەموو سکاندیناڤیا دەسکەوتی دەبوو. لە خۆشیی ئەم بیرە، دیانەکانی چیڕکردەوە و چاوەکانی پڕ بوون لە خوێن، وەها وەک فرمێسک بە سەر گۆنا سپی و رەنگ هەڵبزرکاوەکانیدا رژانە خوارێ.

***

بەڵام بیرێک ئازاری دا. بیستبووی خەڵکی ئاسیا بە پێچەوانەی ئەورووپا زیاتر پێکەوە دەژین و هەربۆیە زەحمەت بوو بە تاک و بە تەنیا بینینەوەیان. هەروەها بیستبووی خەڵکی ئاسیا حسێبێکی وەها بۆخۆیان ناکەن و بەردەوام چاویان لە کەسێکە لە سەرەوەی خۆیان بیریان بۆ بکاتەوە و چاوەدێریان بکا. جگە لەمە یەکجار خواترس بوون. وەها، جاری وا بوو خودا لێیان وەڕەز دەبوو! ترسنۆکترین عەبدەکان لەوێ لەو رووبەرە وشکە یەکجار بەرفراوانەدا دەژیان. ترس! ئاە، ئەم چەند حەزی بەم ترسە بوو.

***

چاوێکی تری بە سەر سەرتاسەری ئاسیادا گێڕا. بینی چین و هیندستان یەکجار دووربوون. باش نەبوو بۆ یەکەم جار وەها دوور بڕوات. کێ دەزانێ داخۆ دەگاتێ یان نا. بۆیە چاوی چووە سەر ناوچە نزیکترەکان،... سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کاتێکدا بزەیەک نیشتە سەر لێوەکانی، لە بەر خۆیەوە گوتی:

ـ "شوێنی شەڕی خاچ پەرستەکان و موسوڵمانەکان!"

لە پەنجەرەکەوە بیرمەندانە سەیری دەرەوەی کرد:

ـ "ئەگەرچی بۆنی ناخۆشی نەوتی لێدێ و کەس کەسی تری قەبوڵ نیە و لە یەک دڕدۆنگن و هەمیشە لە کەمیندان بۆ کوشتی یەکتر،... بەڵام دەچم! (پەنجەی ئاماژەی خستە سەر نەقشەکە)، ئا،... ئێرە! لێرە هەم دەست خستنی نێچیر ئاسانە و هەم ون کردنی لاشەی بێ گیانیان لەو فەوزایەدا!"

بۆ سبەی جانتاکەی پێچایەوە و بەرەو رۆژهەڵات بەڕێکەوت.

 

... درێژەی هەیە

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت