و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

كەواتە هەر گورگی گۆرینە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم، كەچی ئەوەی بیرم لێ نە دەكردەوە و بەخەیاڵم دا نەدەهات بە چاو بینم. كاتیرین تاكو خواردی، خواردی، ئینجا كشایەوە بواری گورگیش بدا دەست پێ بكاتەوە، گورگ دەخوا و كاتیرینیش تێیەوەڕاماوە و دەم ئەتەقێنێ! هەموو شتێك ڕوون و ئاشكرایە، كاكەلەبرالەی خۆیان كردووە! ئەو جار تێگەیشتم كاتیرین چ دەكا، بەڵام ناتوانم بە تەنێی حوكم بەسەردا بدەم، چونكە مام باچۆلا ئەو لەعنەتییەی خۆش دەوێ و بە تەمایە بەری بۆ باوێ. 

چیرۆك له‌ (نیكۆلای خایتۆڤ)ـه‌وه‌(*)

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

سەگێكی جەربەزەمان هەبوو پێمان دەگوت! (كاتیرین) خووی بە ڕاونانی گورگانەوە گرتبوو، دەنگی ڕەشەبایێك بوو بۆ خۆی ، كە دەوەڕی، حەو... حەو، دارستان دەلەرزی و دەنگی دەدایەوە. مل ئەستوور و خۆشبەز و گوێ قوڵاخ بوو وەك بڵێی قەت نەنوێ، دیسان وای ئەگەر كلكت دەدی، چ كلكێكی بادراوی بەگەوەی هەبوو. سەگێكی تابڵێی چاك بوو، بەڵام مام (باچۆلا) تەواوی تێر نەدەكرد لە

سەرەكۆزە و پووش زیاتر چیدی نەدەدایێ.

چەند جارم پێ وت: نەختێ ئاردی گەنمەشامیم بدێ بۆی تێكەڵ بكەم ، ڕەزیل بوو دەیگوت باشە بەڵام نەیشیدەدا. پێنج شەش ساڵ بوو لەگەڵ كاتیرین بزنەگەلمان دەلەوەڕاند. متمانەی تەواوم پێ بوو، دەهاتمەوە ناو كۆلێتیی، چیلكەدارم كۆدەكردنەوە و لە ئاگردانم  دەنان و ئاگرم دەكردەوە و پێم دەدانە بەرێ... دەتدی وەنەوز دەیبردمەوە... من دەزانم كاتیرین جێی خۆی گرتووە و ڕێی گورگان نادا نزیك ببنەوە، خۆ ئەگەر شتێكی وایش بوو ئەوا ئاگادارم دەكاتەوە.. ئەمەش شتێكی جوان بوو بەڵام چی قەوما؟ ئەو ڕۆژە، یا بابڵێین ئەو بەیانییە كە لە خەو ڕابووم بزنە بەڵەكێكم نەدی، (كاتیرین)یشم بەر چاو نەكەوت. سەیرە؟! چی ڕووی داوە؟ دوای تۆزێ تەماشا دەكەم دەگەڕێتەوە و بەتەنێیە بە دوویدا چووم بزنەردێن سپی یەكەم دۆزیەوە بەڵام چۆنم دیتەوە؟ گورگ كەل و پەلی كردبوو! كاتیرین ڕاوی نابوون بەڵام پاشی چی؟ ئەوان كاری خۆیان كرد بوو... دەم و قەپۆزی خۆێناوی بوو، ئەمەش وا دەگەینێ كە تێیان بەربووە، شتێك هەبوو لای من ڕوون نەبوو ئەویش ئەوە بوو داخۆ بۆچی نەوەڕی بوو گوێم لێی بێ و خەبەرم ببێتەوە.

بەرامبەرمان بەردەڵانێكە، هەر بەردی كەرتە شاخێكە بۆ خۆی ، ئەمەش دەنگدانەوە زل تر دەكا، ئەگەر بڵێن دەنگی خۆیم نەبیستووە. بۆ چی گوێم لێی نەبووه‌؟ لە بەر خۆمەوە وتم: (دیارە كە ئەمە ڕووی داوە من لە خەوێكی قووڵ دا بووم).

ڕۆژێكی دی (دیسان هەر ڕۆژێكی پاییز بوو)، تەمێكی چڕو شێدار دای گرتبوو هەر بەرز دەبووەوە و نەدەبووەوە تاكو دادەكشایەوە. وەختی گورگانە. گورگ ئەو وەختەیان لە هەموو وەختان پێ خۆشترە كە خۆ لە نێو تەم و تاریكیدا وەشارن. ئەو لەعنەتیەش منی بەنێچیر هەڵبژارد بوو. بزنێك كەوتە ماعەماع، منیش هاوارم كرد. كاتیرین ڕاپەڕین و وەڕینی یەك بوو، كەوتە دوای گورگی، هەندەی نەبرد بەدەم و قەپۆزی بە خوێنەوە گەڕایەوە، چ سۆراخی بزنەكەیش دیار نەبوو، لە ڕیخۆڵانیش بەدەر چیدیم لە نێو دۆڵەكەدا نەدۆزیەوە. دەم و قەپۆزی خوێناویش خستمیە گومانەوە، ئەوە دەگەیێنێ سەگەكە بەگژ گورگدا چووە و پڕی داوەتێ، ئەوەتا دەم و قەپۆزیشی لە خوێنی گورگ خەڵتانە مەگەر وانییە؟ بەڵام كە بیرم لێ كردەوە: باشە ئەگەر ڕاست بێ تێكبەربووبن، داخۆ گورگ كاتی ئەوەی هەبووە ئاوا بە ڕەحەتی چنگی تێ بنێ بە جۆرێك لە ڕیخۆڵەكانی زیاتر نەمێنێ؟ خۆ ئەگەر شەڕێكیش ببووایە ئەوا سەگوەڕ هەر دەبیسترا، منیش نە سەگوەڕ و نە دەنگی دیم بیست. تۆ بڵێی خرتە خرتی ئێسقانی بزنەكە كە گورگ دەیهاڕی بگاتە گوێ ، بەڵام سەگوەڕ نەبیسترێ. ئەمەیان كە مەحاڵە! گومانم زیاتر بوو. وتم: چاوەڕوان دەبم و خۆمی بۆ لە بۆسە دەنێم داخۆ لێرەوە بەدوا كاتیرین چ دەكا.

شتێكی تریش سەرنجی ڕاكێشام: پێشان سەگەكە كلكی قەف قەف دەكرد، بەڵام ئێستا ئەوەتا لە ئاستی پشتییەوە درێژ بووەتەوە. ئەمەیان گەزێ. گەزی دووەمیش ئەوە بوو سەگی كەللەبۆرە وای لێ هات بن بێژینگ و سەر كوزەرەی دەدرایێ، بۆنی دەكرد و پەرش و بڵاوی دەكردەوە و بەپێیان دەی شێلا، ئەمەش مانای وایە كە تێرە و نایەوێ بیخوا.

ماوەیه‌ك ڕابرد، ئەوەتا جارێكی تر گورگ بەدیار كەوتنەوە. دەستم دایە دارێك (بێ قیمەتانە قەڵەوترین كووریان هەڵبژارد بوو، ڕفاندیان)، بەڵێ ڕفاندیان و بەدوایی خۆیشیان ڕاكێشا (كاترین) یش بەدوایانەوەیە. چاوەڕێ نەبووم تا دەگەڕێتەوە. بە دوایاندا چووم، سەركەوتم تاگەیشتمە لووتكە، تەلانێكی دەپێشدا بوو، ئینجا دەگەیشتەوە گوزەرێ و دەردەچووەوە. لە شوێنێكدا سه‌یرم دەكرد ، هەموو شتێكم لێ دیار بوو. كوورەكەم دی كەل و كۆم كراوە و فڕێ دراوە ، گورگەكەیش هەر (30) هەنگاو بەو لاوەیە و دەڕشێتەوە. كاتیرینیش بەسەریەوە وەستاوە و بە كەڵبەو چڕنۆكان لەعنەت بۆ دایكی دەنێرێ.

كەواتە هەر گورگی گۆرینە، هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووم، كەچی ئەوەی بیرم لێ نە دەكردەوە و بەخەیاڵم دا نەدەهات بە چاو بینم. كاتیرین تاكو خواردی، خواردی، ئینجا كشایەوە بواری گورگیش بدا دەست پێ بكاتەوە، گورگ دەخوا و كاتیرینیش تێیەوەڕاماوە و دەم ئەتەقێنێ! هەموو شتێك ڕوون و ئاشكرایە، كاكەلەبرالەی خۆیان كردووە! ئەو جار تێگەیشتم كاتیرین چ دەكا ، بەڵام ناتوانم بە تەنێی حوكم بەسەردا بدەم، چونكە مام باچۆلا ئەو لەعنەتییەی خۆش دەوێ و بە تەمایە بەری بۆ باوێ.

وتم ئەوەی دیتم پێی دەڵێم و ئەو چۆنی حوكم دەدا بابیدا. مەسەلەكەم بە مام باچۆ وت، بەڵام بڕوای نەكردو وتی: ـــ بە چاوت نەدیوە، بە خەونت دیوە! سەگ و گورگ چۆن دانوویان پێكەوە دەكووڵێ؟

ـــ: هاوبەشن مام باچۆ، بە چاوی خۆمم دیتن.

ـــ: نەخێر كاری وا نابێ ، شتی وا مەحاڵە.

وتم:ـــ وا دەكەم بەو چاوانەی ببینی. ئیتر خواو ڕاستان ڕۆژێ، چاكم لە بیر نەماوە چ ڕۆژێ بوو، بەڵام لە دەوروبەری جێـژنی (قەدیس دیمتری)دا بوو، دیار بوو مام باچۆ قسەی خۆی بڕی و پێی وتم:ـــ دەچم داران بۆ كۆخەكە خڕ دەكەمەوە، تۆش لەو ژۆرانە لە (فایراك)، (ئێمە بەو بەستە دەڵێین فایراك) بزنەگەل بلەوەڕێنە، پاشان وتی: تۆ لەوێ خەریكی لەوەڕاندنی بزنەگەل بە منیش خەریكی دار كۆكردنەوە دەبم.

ڕۆیشتم، كاترینیشم لەگەڵ بوو. ئەها! بوو! هەر تازە بزنەگەل كەوتبووە سەر لەوەڕێ كە یەكێكیان كەوتە ماعەماع، گورگەكە خۆی شاردبووەوە دەیزانی ڕوومان له‌كوێدایه‌ ، چاوەڕێی كردبوو تا تێدەپەڕین و نێچیرەكەی ڕفاند بوو. كاتیرین وەڕی و كەوتە دوای گورگی بەڵام من نەمتوانی لە نێو قامیشەڵانەكەدا بیانبینم، قامیشەڵانێكی چڕوپڕ و هەڵچوو بوو بنیادەم سەری تیا ون دەبوو! تەنها لەرینەوەیم دەدی، دیار بوو بە تەنیا ڕێی دەكرد، لە جوولانەوەیان زانیم بزنەكە بۆ كوێ ڕادەكێشێ: 

هاوارم كرد ـــ: مام باچۆ، مام باچۆ وەختیەتی وەرە. بەڵام تا مام باچۆ گوێی لێ بوو و هات گورگ لە گوزەرەكەی بەرامبەر بۆی دەرچوو و ون بوون، پاشان بەخۆ و بەبزنەوە دۆڵەكەیان بڕی و خۆی دەكەلێنێك ئاخنی لەوێدا وەستا، من و مام باچۆیش بە دیاریەوە وەستا بووین. گورگ پڕی دایە بزنەكە و كوشتی، ملی كەلاشەكەیشی ڕاكێشا كاتیرینیشی بەدواوەیە نەدەوەڕێ و نەخۆیشی تێك دەدا. مام باچۆ هاواری كرد:

 ـــ: لەعنەت لە شیری سەگ، ئەوە چی لێ هاتووە! گۆڕاوە؟ وتم:ـــ ڕاوەستە ئێستا دەبینی چی لێ هاتووە. وەستاین، تەماشامان كرد، كاتیرین نەك وەك دژمنێك، بەڵكو هێمن و لەسەرخۆ لە گورگی نزیك دەبووەوە.

گورگ سەیرێكی دەوربەری كرد ، بێ ئەوەی كەڵبەكانی بشارێتەوە یا كارێكی لەو چەشنە بكا تەماشای كرد نە سەگ دەوەڕێ و نە گورگیش كارێ دەكا. تێك گەیشتوون! لەعنەت لە شیریان بڵێی چ چاوو ڕاویان كرد بێ؟ داخۆ چیان دەچاوی دایە ئاوا تەبان؟، نازانم، بەڵام گورگ وازی لە بزنەكە هێنا و ڕێی بۆ كاتیرین چۆل كرد. چووە ئەولاوە. كاتیرین لە بزنەكە نزیك بووەوە و كەوتە هەڵلووشینی، وەكو گورگی كەڵبەی لێ گیر دەكرد، بە چڕنۆكی پارچە پارچەی دەكرد. مام باچۆ لەسەرسامیا دەمی داچەقی بوو بڕوای نەدەكرد. هیچی نەگوت، كشایەوە و هاواری كرد:

ـــ: ڕاوەستە! گەڕایەوە كۆخەكە تاپڕەكەی بێنێ ، كە بەسەدای گوێی دارستان كەڕ دەكا. من نەمدەزانی بۆ ئەوە چووە، بەڵام كە هاتەوە دیتم بەدەستییەوە بوو. سێرەی لێ گرت، ڕەنگ دابچكوڕاو ببوو بە خەزنەی سپی. هاواری كرد: ـــ: دەیكوژم گجوولەی پیرەخاینێ دەكوژم! لەگەڵ گورگان خۆ لێك دەداتەوە؟ بەڵام زۆر دوورە چاوەڕێی دەكەم تا دەگەڕێتەوە ئینجا لە تەختی نیوچاوانێی دەدەم. ئەمەش وا دەگەیێنێ دیارە تا ئێستاش ڕوحمی بۆ دەبزوێ. دانیشتین چاوەڕێی ئەوە بووین تـا كاتیرین تێر دەبێ. ـ

ــ: كاری بزنێ لە كار ترازا، با وازی لێ بێنین تا پێش مردن تێر دەبێ، سەرەڕای ئەوەش زۆری بە دڵسۆزی خزمەت كردووین. مام باچۆ دیار بوو لەرزی پێوە نووسا. 

پێم وت: ـــ: خزمەتی كردین، ڕاستە بەڵام مام باچۆ ئێمە ئەگەر ئاردە گەنمەشامی نەدەینێ برسی دەبێ. ئەو جار تێگەیی خزمەتەكەی سوودێكی نییە، ئیتر بوو بە دەستەبرای گورگان. 

ـــ: نەخێر! بەهۆی برسییەتییەوە نییە. پەروەردەی فێڵ و مەكرانە. راستیی مەسەلەكە ئەوەیە. پەروەردەی فێڵە فێڵ! وای بە خەیاڵدا هاتووە،»گەر ئاگاداری بزنەگەل بم و نەبم وەكو یەك وایە، كە ئەوانیش (قەڵێ)م نادەنێ با بە خۆم بیكەم«. ئەوەتا كردیشی. قیژاندی. دەیكوژم، لێی خۆش نابم. دەیكوژێ و دەیكوژێ، بەڵام تاپڕی بەرز نەكردەوە، كاتیرینیش تێر بوو و بواری دایە گورگەكەو ڕۆیی، دۆڵەكەی بڕی و تاوێ وەستا تۆزێ ئاوی دەسەر كرد و ڕۆیی.

ـــ: دەی مام باچۆ دەی ئەگەر ڕاست دەكەی ڕقت لێیەتی بیكوژە! یا دەڵێی ڕقت لێی نییە؟! تاپڕەكەی بەرز كردەوە و سێرەی لێ گرت، پاشان بیری كردەوە دایگرتەوە. 

هاواری كرد ـــ: ئای هەی چەند خاین دەرچوو، دایكی پیرە. چۆن وازی لێ دێنم، ئەمڕۆكە بزنێكم چوو سبەینێ هەمان كار دووبارە دەكاتەوە. جارێكی تر تاپڕەكەی بەرز كردەوەو(بوومم!). كاتیرین ڕاپەڕی و خۆی هەڵاوێت، دوو سێ جاران خلۆر بووەوە و پێی جووت بوون.

مام باچۆ پێی وتم: ـــ: بینێژە! حەیوانێكی بە فێڵ بوو، چاڵێكی بۆ هەڵكەنە! ناشتم، تەنانەت بۆیشی گریام، سەگم نەدیوە دەنگی بەو جۆرە بێ و نایشیبینم. ئەدی چاوی. سەیری بكە بەڵام بێ ئەوەی قسە بكەی. پێی ڕەق بوون. منیش وەبن خۆڵێم دا. مام باچۆ سەگێكی دیكەی بۆ ناردم، كیسەیێك هاڕاوی گەنمەشامیشی لەگەڵ ناردبوو ڕایسپاردم:

ـــ: دەولكێكی بۆ چێ بكە و خواردنی بدەیێ، ئاخری هەستی پێ كرد، بەڵام پاشی چی؟ سەگە تازەكە ده‌می له‌ خواردن نا، بخۆ بخۆ تاكو تەواو قەڵەو بوو، وای لێ هاتبوو لەبەر قەڵەوی پێی ناخۆش بوو ڕاوی گورگان بنێ مام باچۆ جارێكی دی لە چۆكی خۆیدا.

دانی پێدا دەنێم كە من لە مەسەلەی بەخێوكردنی كسۆكان بە سەهوو چوو بووم. تێری دەكەی قەڵەو دەبێ ڕاوی گورگان نانێ، تێری ناكەی لەگەڵ گورگی دەبێتە دەستەبرا. بۆیە ئیتر كە خواردنی دەدەمێ زۆر وریا و ئاگادار دەبم.     

 

(*) چیرۆكنووسێكی به‌ناووبانگی بولگارستانه‌ .

    ئه‌م چیرۆكه‌ له‌ ژماره‌ (2)ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری (الاداب الاجنبیة) ی سوورییه‌وه‌

    كراوه به‌ كوردی .

گەڕان بۆ بابەت