ناڵە حەسەن

لەنێو ڕۆمانی (خانەقای میرزا)، بەسەرهات و چیڕۆکی عەشقێک دەخوێنیتەوە کە، بێئەندازە پانتایی جوانی نێو ڕۆمانەکەی بەرین و فراوانتر کردووە، چیڕۆکی عەشقێکی پاک و بێگەرد لەنێوان دوو کەسی جوان و پڕاوپڕ لە مرۆڤدۆستی و ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرائەت، ئەو دوو کەسەکەش، یەکێکیان شاعیرێکی نوێخواز و ئەویتریش شۆخ و شەنگترین کچی گەرەک واتە، جەلالی میرزا کەریم و بەهاری کچی غالیب عەربەت. عەشقەکە وەک ئەوەی بە زمانی فرمێسک نووسرابێتەوە ئاکامێکی مەرگاوی و پڕ لە حەسرەت و ژانی هەیە، هەروەکو لە پێشدا گوتم دەکرێت ئەم ڕۆمانەی میران ئەبراهام چ وەک کتێبێکی یادەوەری یان کتێبێکی مێژوویی یان وەک ڕۆمانێک سەیری بکەین.

 

(یادەوەرییەکانی شاعیرێکی نوێخواز و ڕۆمانی خانەقای میرزای میران ئەبراهام )

 ناڵە حەسەن

 بەشی دووەم و کۆتایی

 کۆمۆنیزم و کۆمەڵگەی کوردەواری

بۆ دەستپێکردنی نووسینی ئەو بەشە بە چەند پرسیارێکی گرینگ دەست پێدەکەم و دواتر هەوڵدەدەم، وەک نووسەرێکی چەپ و مارکسیست لە ڕابردوودا بەپێی ئەزموونی خۆم کە لەو نێوەندەدا تەمەنێکم تیا بەسەر بردووە، وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە. کۆمەڵگەی کوردەواری بە سیاسی و غەیرە سیاسی و نوخبە و خوێندەوار و چینی کرێکار و زەحمەتکێش و تەواوی کۆمەڵگە چۆن لە سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم گەیشتوون؟ هۆکاری هەزم نەکردنی فیکرەی سۆشیالیستی و گەشەنەکردنی حیزبە چەپ و سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان  بۆچی دەگەڕێتەوە؟ ئەگەر بە وردی ڕۆمانی (خانەقای میرزا)ی میران ئەبراهام بخوێنینەوە، وەڵامی ئەو پرسیارانەشمان هەر لەنێو خودی ڕۆمانەکە دەست دەکەوێت . هەروەک دەبینین حیزبی شیوعی عێراق لە سییەکانەوە لەسەر دەستی هاوڕێ فەهد و هاوڕێکانی ڕادەگەیەندرێ، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی ئەم حیزبە دژایەتی دەکرێت چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن خەڵکەکەشەوە، تەنانەت لەلایەن خودی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشیشەوە، هەمیشە توومەتی ئەخلاقییان دەخەنە پاڵ (گوایە شیوعییەکان لەگەڵ خوشک و دایکی خۆیان دەخەون!)، یان (شیوعییەکان کافرن دژی خودا و ئایینن!)، (یان شیوعییەکان بەکرێگیراوی دەوڵەتانن بەتایبەت ڕووسیا!)، گەر لە دونیای واقیعیش سەیری بکەین دەبینین لە هەرێمی کوردستان، حیزبی شیوعی دوای ئەم هەموو ساڵە لە خەبات و تێکۆشان، دوای ئەم هەموو زیندانی و خەباتی شاخ و شار و شەهید و قوربانی، دوای نزیکەی سەدەیەک لە خەبات و تێکۆشان لە پەرلەمانی کوردستان تەنها خاوەنی (یەک کورسی) پەرلەمانییە!! بە بڕوای من ئەو یەک کورسییەش نەبوونی لە هەبوونی گەڵێک باشتر بوو! ئایا ئەم وەزعە بۆچی؟ بەر لەوەی لە ڕوانگەی خۆمانەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە با گوێ لە گفتوگۆی یەکدوو کاراکتەری نێو ئەو ڕۆمانە بگرین و کە چۆن باس لە حیزبی شیوعی و شۆڕشی سۆشیالیستی دەکەن، لە باسی سۆشیالیزم و ئامانج لە کۆمۆنیزم ئەوە دەڵێن،، دیارە گفتوگۆکەیان کەمێک درێژە بەڵام ئێمە تەنها بەشێکیمان وەرگرتووە.

(موکەرەم گوتی، میرزا گیان سەردەمی خۆ بە زەلیل زانین و قوڕپێوان بەسەرچووە دارکەر جیاوازی لەگەڵ پارتی کۆمۆنیستی عێڕاق زۆرە، (دارکەر هەروەک لە ڕۆمانەکە هاتووە کۆمەڵە کرێکارێکی ئیتالین لە عێراق لە کۆمپانیای دروستکردنی خەڵووز ئیشیان کردووە دیارە مەبەستییان بووە حیزبێکی سۆشیالیستی ڕاگەیەنن)، بەرای من ئەگەر پەیڕەو و بەرنامەی حیزبێک دەقاودەق لە چینێک یان ڕوسێکەوە وەرگیرابێت چۆن بۆ ئەم میللەتەی ئێمە دەبێت؟ ئەگەر هەر هیچ نەبێت وەکو پێویست دەستکاری نەکرێت و خۆماڵی نەکرێت؟

میرزا کەریم گوتی : دەی خوای دەکرد سیاسەتی قەرەجەکان ئەبوو، گرینگ کورد باوەڕی پێ بێنێت و یەک بگرن.

جەنابی میرزا کەریم، پێویستە ئێمە بزانین باوەڕ بە چی دێنین؟ ئێ کەواتە ئەویش وەک قورعانەکەی لێدێت، کە میللەتی کورد تا هەزار ساڵیتر تێی ناگات! بەڵام وەکی عەوام سەری بۆ دەلەقێنێ و کوێرانە دوای دەکەوێت بەڵام موکەرەم قسەکەی بە یونس بڕی، هەرچەندە بیری کۆمۆنیستی لەگەڵ دیندا بەراورد ناکرێت بەڵام ئەوەتانێ لە سەرانسەری جیهاندا، دەیان میللەتی جیاواز ئازادن و پەیڕەوی هەمان بیروباوەڕی ئیسلام یان مارکسییەت دەکەن، تەنیا کوردە قوڕ بەسەرەکە نەبێت!

من وا هەست دەکەم کارێکی زۆر ئەستەم دەبێت ئەگەر ئێمە ئەو بیروباوەرە مارکسیەتە یان یەکێک لەو دیانانەی تر. ئیتر ئیسلام بێت یان مەسیحییەت باش تێینەگەین و خۆماڵیی نەکەین، یونس وای گوت، خۆ هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە هیچ میللەتێک بە قەدەر میللەتی کورد پێویستی بە بیروباوەڕی سۆشیالیزم نییە، چونکە میللەتی کورد بە سروشتی چەپگەرا و بەخشندەیە، تا بتوانین زۆرداری و چەوساندنەوە بنەبڕ بکەین،

میرزا کەریم بە سرنجەوە گوێی لێ گرتبوون، لەبەر خۆیەوە گوتی، موکەڕەم بۆ ئەوەیان من و تۆ هاوڕاین! ئێ خۆ ئەوە لوبی مەوزوعەکەمانە! کەواتە هەموو ڕێگەکان دەچنەوە سەربانە!). ئەمە گفتوگۆی سێ کەسی خوێندەوار و ڕۆشنبیری ئەوکاتە، کە ئەندامی حیزبی شیوعی عێڕاقی بوون، یونس دڵداری شاعیرە، میرزا کەریمیش ماڵەکەی کتێبخانەی بیری نوێی تیا بوو، بنکەی ڕۆشنبیری و سیاسەت و فیکرەی چەپگەرایی بوو. یەکێک بۆ خاڵە درەوشاوەکەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، دەتوانین خوێندنەوەیەکی دروستمان دەست کەوێت نزیکەی بۆ نیو سەدەی کۆمەڵگاکەمان لە ڕووی سیاسی و ئەدەبی و وشیاری و کڵتووری و. لە هەموو بارێکەوە. ئەگەر ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە بخوێنینەوە و بپرسین، کوێی ئەم گفتوگۆیە پەیوەندی بە خەباتی چینایەتی و ململانێی نێوان کێشەی کار و سەرمایە و هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کاری کرێ گرتەیی و نەمانی چینە جیاوازەکان و هەڵوەشاندنەوەی موڵکدارێتی تایبەتی و پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و چەوسانەوە و یەکسان هەیە؟! یان گۆڕینی سیستەمی وڵات لە دەرەبەگایەتیەوە بۆ سۆشیالیزم و دواتر کۆمۆنیزم یان لە سەرمایەدارییەوە بۆ کۆمۆنیزم؟! ئەوەی بینیمان و خوێندمانەوە بە شرو وڕی باسکردن بوو لە سۆشیالیزم بە هەستی نەتەوەیی، یان بە هەستی ئاینپەروەری! واتە ئەندامبوون لە حیزبێکی سۆشیالیستی بە مەبەستی ڕزگارکردنی میللەتەکەت لەژێر ستەمی میللی! سەردەمی ئەو گفتوگۆیەی نێوان (دڵداری شاعیر و موکەڕەم تالەبانی و میرزا کەریم)، کە هەرسێکیان ئەندامی حیزبی شیوعی بوون، لەوکاتەدا، پارتیش بە سەرۆکایەتی (مەلا مستەفا بارزانی) لە سلێمانی و لە هەموو کوردستان بوونی هەبووە، ئایا جیاوازی بیرکردنەوەی ئەو کادیرە شیوعییانە لەگەڵ مامۆستا یاسین یان قادری کوڕی میرزا کەریم لە چی دابووە کە ئەو دووانە دوو کادیری ئەساسی و پێشکەوتووی پارتی بوون؟. یانی باسکردن لە سۆشیالیزم بە خەیاڵ و بە تامی نەتەوایەتیەوە! بەبڕوای من ئەوە تەنها کێشەی کادیرەکانی خوارەوە نەبووە بەڵکو خودی سەرکردایەتی ئەو حیزبە هەمان ئەو کێشەیەی هەبووە، بڕۆننێ لە شوێنێک هەر لەنێو ئەو ڕۆمانە و هەر ئەو حیزبی شیوعییە لە ساڵی ١٩٤٨ لەدوای شکستی عەرەب دژ بە ئیسرائیل، ئیتر جووەکان برای شیوعییەکانن، لەنێو ئیسلامییەکان و نەتەوە پەرستەکان بڵاوکرایەوە و (ئیتر حیزبی شیوعی عێڕاقی ناوشیار بوو یان باشترە بڵێین لە لاوازی و نەزانینیاندا خۆیان بوو لە ناوهێنانی سەرکردە جووەکانی وەک یەهودا سدیق و ساسۆن دەلال و شائۆل تەویق و یاقووب کۆهین و هەروەها فێردا واقۆ بپارێزن!) لە کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی لەماڵی یەهودا سدیق، لە دەمی عەرەبەکان ئەوە دەبیسترا، (دەبێت ئێمە زمان و نووسین و گوتاری حیزبی شیوعی تەواو لە زایۆنیزمی جوو پاکبکەینەوە،!) لەوێدا ساسۆن دەلال وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت (ئێمە بۆ ئەوە ئەم پارتەمان هەڵبژاردووە و هەموومان چاڵاکانە کاری لە پێناودا دەکەین، کە پەیوەندی بە ئایدیا و ڕووداوەکانی ئێستای عێڕاق و جیهانەوە هەیە، تەشەنەکردنی زوڵم و زۆر و کێشەی چینایەتی و دژە سامی، نەهێشتنی جیاکاری ئایینی و نەژادی و کۆمەڵایەتی و ئێمەی جوو بە شوێن ئەو ئایدیا گشتگیرەوەین!)، ئەم کادیرە تا ئاستێکی باش لە سۆشیالیزم و شۆڕشی چینایەتی گەیشت بوو. بەڵام هەر ئەو ڕۆژە و لەو کۆبوونەوەیە بە یەکگرتنی سەرکردە کوردەکان و عەرەبەکان، سەرکردە جووەکان پەراوێز دەخرێن و نەک هەرئەوەندە دواتر بەیاننامەیەک دەردەکەن و دەڵێن، (ئەندامە جووەکان خیانەتیان لە حیزبی شیوعی کرد بوو، ساسۆن دەلال لە کۆتایی دەڵێت (ئێوە هیچ لە بیری سۆشیالیزم نەگەیشتوون، چونکە ئێوەی عەرەب سۆشیالیزم وەک ئایدیۆلۆژییەک بۆ خزمەتی پرسی نەتەوایەتی عەرەبی خۆتان بەکاری دەهێنن، بەداخەوە کوردەکانیش کوێرانە دواتان کەوتوون!!)، یان لە شوێنێکیتر یاقووب کۆهین دەڵێت،(هاوڕێیان بەو جۆرە سۆشیالیزم لە عێڕاق هیچ پاشە ڕۆژێکی نابێت!)، دواجار سەرکردە جووەکان راستییان کرد و خوێندنەوە و پێشبینیەکانیان هاتەدی،  یەکێک لەو سەرکردە جووانەی دوورخرایەوە یان پەراوێز خران ناوی (فێردا واقۆ) بوو، کە کچی یاقۆ یەهودای ملیۆنێر بوو، کە لەگەڵ هاوڕێ فەهد یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی حیزبی شیوعی عێراقی، فەرداش لەگەڵ فەهد هاوڕێ و دڵخوازی یەکتری بوون، فەهد لە بەندیخانە بە یەعقووب دەڵێت (من لە ڕێگەی هاوڕێ فێردا یاقۆ یەهوداوە سۆشیالیزمم ناسی؟ ئەم کارەی سەرکردایەتی حیزبی شیوعی بە دژی سەرکردە جووەکان شتێک نەبوو جگە لە سازشێک بۆ دەسەڵات و ڕژێمی پاشایەتی ئەوکات، ویستی بەمە خۆی لە زوڵم و دژایەتی دەسەڵات بپارێزێ و دوای شکستەکانی دووبارە خۆی ڕێک بخاتەوە، لەوەش خراتر سەرکردە جووەکانی هەمووی بەگرتن دابوون! ئێ ئەمە حاڵ و ئەحواڵی سەرکردایەتی حیزبێکی بەناو شیوعی بێت، ئەی دەبێت وەزعی کادیر و ئەندامەکانی خوارەوە چۆن بن؟ بەبروای من کێشەکان لە چەند خاڵێک دەبینم، کۆمەڵگەی کوردەواری چ ئەوکات و چ ئیستاش بە تایبەت، چینی کرێکار و زەحمەت کیش بچووکترین وشیاری چینایەتیان نییە، زێتر لەژێر کاریگەری تۆخی ئایین و خۆشباوەڕن بە ئەحزابی ناسیۆنالیستی، وەک پێویست لە خەباتی چینایەتی شۆڕشی کۆمۆنیستی نەگەیشتوون، کرێکاران و زەحمەتکێشان نەیان توانیوە لەڕێگەی داواکاریەکان و ناڕەزایەتییەکان لە دەوری حیزب و مافە ڕەواکانی خۆیان کۆببنەوە، نەک تەنها چینی کرێکار و زەحمەتکێش بەڵکو، تەواوی کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژەکانەوە تا ئێستا وەک پێویست (مارکس) یان نەخوێندۆتەوە، مارکسیزم وەک ئایدیۆلۆژییەکی ڕووت مامەڵەی لەگەڵ کراوە، لە بەرامبەر چەمکەکانی نەتەوە ئایین ڕۆشن نین. حیزبە شیوعی و چەپ و سۆشیالیستەکانیش بە تایبەت، کادیرە سەرەکیەکانیان، لەناو جەرگەی ناڕەزایەتییەکانی چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان نەهاتوونەتە دەرەوە، واتە بە مانای وشە ڕابەری کراێکاران و زەحمەتکێشان نین. واتە تەنها بەدوای قەلەباڵەغی کەوتوون، حیزبی شیوعی عێراق بەدوای هەراو زەنای شۆڕشی ئۆکتۆبەر و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاقیش بەدوای هاتوهاوارەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کەرگەرانی ئێران و مەنسوور حیکمەت کەوتبوون، هەر بۆیە قسە و پێشهاتەکانی ساسۆن دەلال و یاقووب کۆهین هاتەدی و کە ئەوان نە لە سۆشیالیزم گەیشتبوون وە نە حیزبی سۆشیالیستیش ئایندە و پاشەڕۆژێکی هەبوو، لە کۆتایی ئەم بەشە دەمەوێت زۆر بە کورتی ئەوە بڵێم، شۆڕشی سۆشیالیستی و چینایەتی، هەوڵدانێکە بۆ نەمانی کاری کرێگرتەیی و موڵکدارێتی تایبەتی  لەرێگەی بەسەرکەوتن گەیشتنی شۆڕشی سۆشیالیستی و ڕووخاندنی سیستەمی دەرەباگایەتی یان سەرمایەداری و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سوشیالیستی، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٩١٧ بە ڕابەرایەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین و هاوڕێکانی لە رووسیا ڕوویدا. بەڵام ئەم شۆڕشە سۆشیالیستییە دەبێت دواتر کارەکانی تەواو بکات و بەرەو کۆمۆنیزم بچێت، واتە کیشەی زەوی و زار و کێشەی و کاروسەرمایە و کێشە ئایینی و نەتەوایەتییەکان و هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، کە گرنگترینیان نەمانی موڵکدارێتی تایبەتییە و گۆڕانی بۆ موڵکدارێتی گشتی، چونکە دواجار هەروەک لینین لە کتێبی (دەوڵەت) دا دەڵێت، مەفهومی دەوڵەت بەمانای دەسەڵاتی چینێک بەسەر چینێکی ترەوە، بە دەوڵەتی سوشیالیستیشەوە بۆیە، دەوڵەتی سوشیالیستیش دەبێت بەرەو کۆمۆنیزم هەنگاو بنێت و وەڵام بە هەموو کێشەکان بداتەوە. بگات بە قۆناغێک کە تیایدا، چینەکان و جیاوازییەکان نەمابن، چەوساندنەوە بە هەموو شێوازەکانیەوە بنەبڕ کرابێت، گۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بەرقەرار کرابێ، کۆمەڵگە لەژێر سایەی سیستەمێکی مرۆیی بە دروشمی (بە پێی توانا کار بکە بە پێی پێویست وەربگرە!) بەڕێوە بچێت. بەم شێوەیە و لەم قۆناغەدا، سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم و دونیایەکی باشتر مانا پەیدا دەکەن!.

_ عەشق و تراژیدیایەکی خەمناک

لەنێو ڕۆمانی (خانەقای میرزا)، بەسەرهات و چیڕۆکی عەشقێک دەخوێنیتەوە کە، بێئەندازە پانتایی جوانی نێو ڕۆمانەکەی بەرین و فراوانتر کردووە، چیڕۆکی عەشقێکی پاک و بێگەرد لەنێوان دوو کەسی جوان و پڕاوپڕ لە مرۆڤدۆستی و ڕۆحێکی لێوانلێو لە بەرائەت، ئەو دوو کەسەکەش، یەکێکیان شاعیرێکی نوێخواز و ئەویتریش شۆخ و شەنگترین کچی گەرەک واتە، جەلالی میرزا کەریم و بەهاری کچی غالیب عەربەت. عەشقەکە وەک ئەوەی بە زمانی فرمێسک نووسرابێتەوە ئاکامێکی مەرگاوی و پڕ لە حەسرەت و ژانی هەیە، هەروەکو لە پێشدا گوتم دەکرێت ئەم ڕۆمانەی میران ئەبراهام چ وەک کتێبێکی یادەوەری یان کتێبێکی مێژوویی یان وەک ڕۆمانێک سەیری بکەین، بە بڕوای من ئەگەر تەنها ئەم چیڕۆکی عەشقە بە شێوەیەکی درێژتر بنووسرابا من پێموایە نووسەر لە کارەکەی بەهەمانشێوە هەر سەرکەوتوو دەبوو، هەرچەندە لایەنی یادەوەری و مێژوویەکەش چ وەک شێوازوو تەکنیکێکی جودا گرینگ و تایبەتمەندی خۆی هەیە و نووسەر بەم کارەی داهێنانێکی گەورەی پێشکەش کردووین. سەرەتای عەشقەکە لێرەوە دەست پێدەکات. جەلالی میرزا بەدوای دایکی دەڕوات بۆ قوتابخانەی زەهرای کچان، دایکی دەیەوێت ڕووناکی خوشکی لەو قوتابخانەیە ناونووس بکات، لەوێدا جەلال پێویستی بە ئاودەست دەبێت، مامۆستا تا شوێنی ئاودەستەکە دەیبات، بەڵام لە بەدبەختی خۆی بەنەخوێن واتە دۆخینی شەرواڵەکەی بۆ ناکرێتەوە،، دواتر کە سەربەرز دەکاتەوە کچێکی شۆخی باڵابەرز لەوێدا ئامادەبێت و جەلال لەودەمە هەست بە تەڕێتی شەرواڵەکەیی و ناوڕانی دەکات، کچەکە یارمەتی دەدات بە ددانی بەنەخوێنەکەی بۆ دەکاتەوە، کاتێک دەچێتە سەر ئاودەستەکە تاڕایی تیا نەمابوو، کە هاتە دەرەوە کچەکە پێی گوت، (گوێ مەدێ خێرا بڕۆ بۆ ماڵەوە، ئەوە نهێنی نێوان خۆم و خۆت دەبێت!،)، لەوکاتەیە کچێک بانگی کچە شۆخەکە دەکات و دەڵیت (بەهار، بەهار)، جەلال لەوەوە دەزانێت ئەو کچەی یارمەتیدا ناوی بەهار بوو، ماوەک دوای ئەوکاتە، لە نەورۆزی ئەو ساڵەدا واتە ساڵی ١٩٤٦، جەلال و مالیکی ئامۆزای لەسەر داوای میرزا کەریمی باوکی لەگەڵ غەفوور و عەزیزی برایی و چەند هاوڕییەکیان لەوانە کاکەی فەلاح، بڕۆن بۆ باخەکەی فەرەج بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی نەورۆز. لەوێدا چەند کچۆڵەیەک یاپراخ بەسەر ئامادەبووان دابەش دەکەن، لەنێویاندا یەکێکیان بەهار دەبێت، کاتێک جەلال یەکدوو یاپراخ هەڵدەگرێت بە نیگایەکی تایبەت و سەیرەوە لە یەکتری دەڕوانن، بەهار لە جەلال نزیک دەبێتەوە و بە چرپەوە پێی دەڵێت، (من و تۆ نهێنییەک لە نێوانماندا هەیە!)، ئیدی لێرەوە سەرەتای عەشقێکی گەورە و ئەفسانەیی دەست پێدەکات. هەرچەندە بەهار دوو سێ ساڵێک لە جەلال گەورەتر دەبێت بەڵام، بەشێوەیەک هۆگر و عاشقی یەکتری دەبن کە ئامادەی هەموو قوربانییەکن لە پێناوی یەکتریدا، دووساڵێک دوای ئەمە کاتێک لە بەغدا جەلالی میرزا کەریم کامیرایەک بۆ جەلال دەکڕێت، جەلالیش کە دەگەڕێتەوە یەکەمین وێنە، وێنەی بەهاری دوڵبەری دەچرکێنێ،، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ عەشقەکەیان پەرە دەسەنێت، کاتێک نامەی غەفووری برایی و و بڵاوکراوەی حیزبی شیوعی بۆ ماڵانی گەرەک دەبات، جەلال هەمیش یەکەمین ماڵ بۆ ماڵی بەهاری دەبات، جارێکیان بەهار بۆ یەکەمینجار لەناو پەڕۆکێک حەوت دەنکە نوقڵی ڕەنگاوڕەنگی پێچاوەتەوە بە دیاری دەیدات بە جەلال، چونکە دەزانێت جەلال زۆر حەزی لەو نوقڵانەیە، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێ و کاریگەری لەسەر جەلال دادەنێ تا ئەو ئەندازەیەی وردە وردە مەیلی بۆ خواردن کەمتر دەبێت و کێشی بەرەو دابەزین دەچێت. کاتێک جەلال لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا یەکەمین شیعری بۆ گۆڤاری گەڵاوێژی ئەوکات دەنێرێت، دوای ئەوە لای بەهار باسی دەکات، بەهاریش بەڵێنی ئەوەی پێدەدات گەر بڵاوبێتەوە ماچێک قەرزاری دەبێت، جەلالیش لەخۆشی ئەوەدا زۆرترین شیعر بۆ ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەنێرێت. عەشقەکەی بەهار هێندە گەورە و کاریگەری بەسەر جەلالەوە هەیە بۆیە لەپاڵ هەستە نەتەوەیی و چینایەتیەکان، خۆشەویستی بۆ بەهار دەبێتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ نووسینی شیعرەکانی، ئیدی عەشقەکەیان بە ئەندازەیەک پەرە دەسەنێت گەنج و لاوانی گەڕەک هەموو بە عەشقی جەلال و بەهار دەزانن. جارێک کەمالی حازم بەگ لەگەڵ کەسێک بە ناوی فەریدە ڕەش، ڕێگە بە جەلال دەگرێت و پێی دەڵێت (واز لە بەهاری غالب عەربەت بێنە، بۆ خوا پێت دەڵێم تەنیا ئەوەندە و بەس!)، هەر لەبەر ئەم عەشق کەمالی حازم بەگ، جەلال و غەفووری برای بە گرتن دەدات و یەکسەر بۆ بەغدا دەیان گواستنەوە، دوای بەربوونیاین جەلال بەهار دەبینێت، بەڵام بەهار جیاوازە تەنانەت ناوێرێ ماچی بکات، لێوەکانی دەلەرزن، ئەوەی بۆ باس دەکات کە، کەمالی حازم بەگ ئەوە بۆ چوار جارە دەنێرێ بۆ داخوازی و دەڵێ (وابزانم ئەوجارەیان هەرەشەیان لە باوکم کردووە!)، جەلال کە ئەمە دەزانێت زۆر دەڵتەنگ و پەرێشان دەبێت. داوا لە باوکی دەکات بڕۆن بۆ داخوازی بەهاری غالب عەربەت کە دڵخوازی یەکترین. میرزا کەریم ڕازی دەبێ و لەگەڵ مستەفای برای واتە مامی جەلال و جەلال خۆی دەڕۆن بۆ داخوازی بەهار. بەهار باوکی لەماڵ نابێت بەڵام، بەجلێکی نیمچە ڕووت دێتەلایان، جەلال و مامی و باوکی سەریان سووڕ دەمێنێ، شێوازی قسەکردنیشی گۆڕیبوو، ئەوانیش هەڵدەستن و ماڵی بەهار جێدەهێڵن، لە ڕێگادا، باوک و مستەفای مامی پێی دەڵێن (ئەگەر ئەو کچە ببێتە خێزانت ئێمە کەسوکارت نین!)، جەلال لەم خۆنواندن و ئەو کارەی بەهار سەری سووڕما بەڵام، خوێنەر لە کۆتایی ئەوەی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بەهار بۆیە ئەوکارەی کرد تا لەوکاتەدا گیانی (جەلال و باوکی) بپارێزێت چونکە لەلایەن کەمالی حازم بەگەوە هەڕەشەیان لێکرا بوو!. جەلالی میرزا کەریم وەک غەفووری برای هێندە دلسۆز و خەمخۆری بیروباوەڕ و هاونیشتیمانیان بوو، بۆیە هەمیشە سجن ماڵی دووەمیان بوو، لە ساڵی ١٩٦٣ جەلال لە سجنەوە نامەیەک بۆ مامۆستا یاسینی هاورێی دەنیرێت تا بیگەیەنێتە دەستی بەهار، بەڵام مامۆستا یاسین لەوکاتەدا چاوی بڕیوەتە بەهار و لەلایەن خۆیەوە وەک زۆربەی کوڕانی گەڕەک خۆشی دەوێت، هێندە سەرسام دەبێ بە نامەکە نایدات بە بەهار، نامەکە وەک خۆی دەنووسیتەوە و ناوی خۆی لە ژێرەوە دەنووسێت، بە هاوڕێکانی دەڵێ کە خۆی ئەو نامەیەی نووسیوە و بۆیان دەخوێنێتەوە، بە تایبەت زۆر بەم چەند دێرە سەرسام بوو کە لە نامەکەدا دەڵێت، (ئەگەر ئەمجارە بێمەوە، ژوورێکت لە شار، لە دڵمدا بۆ چراخان دەکەم شەو و ڕۆژ ڕووناک بێت بەهار، تا پێکەوە پیرو خەڕۆ ئەبین، شیعرت بۆ ئەهۆنمەوە.)، مامۆستا یاسین حەزی دەکرد خۆی ئەم چەند دێرە بۆ بەهار بخوینێتەوە، بەڵام لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نابێت، چونکە بەهار تەنها دڵی بە جەلالی میرزا کەریمەوەیە، مامۆستا یاسین جارێک دەچێتە ماڵی بەهار دەفتەرە شیعرەکەی جەلال وەک ئەمانەتێک لایەتی و دەیگەیەنێتە دەستی بەهار، بەر لە ڕۆیشتن ئەوەشی پێ دەڵێت کە جەلال نامەیەکی بۆ نووسیوە دەڵی، بمبوورە کە بەدەستم نەگەیاندووی، بەهاریش قسەکەی پێ دەبڕێت و دەڵێت (هەموو شتێک دەزانم، تۆ خۆت سەغلەت مەکە و ئاگات لە دڵی خۆت بێت، هاوڕێکانت و دەیان کوڕی ئەو شارە هاوشێوەی ئەو نامەیان فڕێدابووە حەوشەکەمان، هەموو نامەکان لەیەک ئەچوون، زانیم، چونکە پێشتر ئەو قسانەم لە جەلال بیستبوو!). هەر لە پایزی ئەو ساڵە جەلال لە بەندیخانە ڕزگاری دەبێت و دەگاتەوە سلێمانی، بەڵام چی دوو هەواڵی تراژیدی و ئێجگار خەمناک دەبیستێت،، یەکەم مردنی حەلاوەخانی دایکی بوو، دووەم خۆ سووتاندنی بەهار دەبێت. کە ڕۆژی مەنعەتە جەولەکە بەهار و حەلیمەی دایکی خۆیان دەسووتێنن، دراوسێکان بەر لە خۆسووتانی بەهار و دایکی گوێیان لە دەنگی چەند پیاوێک دەبێت لە ماڵەکەیان، هەرچەندە بەهار بە سووتاوی خۆی لە پەنجەرەوە ڕزگار دەکات و بە ژێرکراسەکەیەوە و ئەویش بەسەر جەستەیدا تواوەتەوە، ماوەیەک لە نەخۆشخانەش دەمێنێتەوە و لەو کاتەدا جەلال سەردانی نەخۆشخانەش دەکات بەڵام، بە شێوەیەک شێواوە کە ناناسریتەوە، دکتۆرەکانیش لە مانەوەی لەنێو ژیان نائومێد دەبن،، ئەو کارەساتە ژیان لەبەرچاوی جەلال تاریک دەکات و ناتوانێ لە سلێمانی درێژە بە ژیانی بدات و ئیتر ئەو شارە جێدەهێڵی و ڕوو دەکاتە بەغدا و چەند ساڵێک لەوێ دەژی. لە بەغدا خەریکی نووسینی شیعر و کاری میدیایی دەبێت، بەڵام لەوێش وەک کەسایەتیەکی شیوعی لە هەڕەشە و چاودێری کردنی پۆلیس بێبەش نابێت، تا دواجار لە ترسی گیران بەغداش جێدەهێڵێ و دەگەڕێتەوە سلێمانی، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول ڕوودەکاتە شاخ و لەوێش وەک پێشمەرگەیەک و شاعیرێک و میدیاکارێک کاری خۆی دەکات، دوای کۆتایی هاتنی شۆڕش ڕوودەکاتە هەندەران و لە ئەمریکا دەگیرسێتەوە. لە ئەمریکاش هەر خەریکی کاری نووسین و لەگەڵ بەهار و یادەوەرییەکانی دەژیت. شەوێک دەچیتە باڕیک و بەدەم خواردنەوەی وێسکی سەری گەرەم دادێ و چاو بە چواردەوریدا دەگێڕێ لەلای ڕاستییەوە کچێکی قژڕەشی پێست سپی دانیشتبوو، جەلال بە سرنجەوە لێی دەروانی، دواتر هەر بەدەم هەڵدانی پێکەکانی دەفتەرە بچووکەکەی گیرفانی دەردێنێ و بەیادی بەهار و ڕۆژانی ڕابردوو دەستدەکات بە نووسینی پەخشانە شیعرێک کە بەو شێوەیە دەست پێدەکات، (ئەمشەو دڵم نوقمی ئاخ و حەسرەتی لافاوێکە و نانیشێتەوە، ئاودامانم شۆڕکراوەی تەنوورێکە و ناکوژێتەوە.. لە کۆتاییش دەڵێت، ئیتر هیواکانم دەبنە پۆلە مەل و بە ئاسمانی کوردستانی پڕ ئاشتیا بالدەگرن و هەر هەڵدەفڕن،، هەڵدەفڕن و هەڵدەفڕن!). دواتر دواقومی ویسکییەکەی هەڵدەدات و دووبارە لە کچەکە دەڕوانێتەوە، کچەکە تەمەنی بیست ساڵێک دەبێت و لە بەرچاویدا ببوو بە بەهار،، ئەوەی هاتە بەر گوێ کە هەموو جارێک لێی دەپرسی جەلال گیان چیت نووسیوە؟ هەستاوە سەرپێ پاکەتە جگەرەکەی هەڵگرت و چوو لە شانی کچەکە وەستا و داوای لێکرد کە دەتوانێ لەلایەوە دابنیشێت، کچەکەش گوتی فەرموو، خۆیان بەیەکتری ناساند کچەکە گوتی من (سپرینگ)! ئەی خودایە ئەوە چی دەبیستێت، هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا و لە دڵی خۆیدا گوتی ئەوە بەڕێکەوت نییە، ئێ سپرینگ یانی بەهار! ژنەکە هەست بە باری دەروونی و شپرزەیی جەلال دەکات، لێی دەپرسێت ئەوە چیتە، ئەویش دەڵێ (ناوەکەت سەرنجڕاکیشە!)، ئیتر دوای دەستخستنە نێو دەستی یەک هەردووکیان خۆشحاڵ دەبن و دواتر بەیەکەوە دەخۆنەوە و قسەدەکەن، لێرەدا نووسەر زۆر وریایانە وەک چەند شوێنی تر بەریەککەوتنی زۆر نایاب و سەرسوڕهێنەری پڕ چێژی داهێناوە کە جوانکاری زێتری بە دیمەنەکان بەخشیوە، زێتر لە سێ پێکیان خواردەوە،، دوای هەندێک بێدەنگی دواتر کچەکە باسی ئەوەی کرد کە بەنیازی سەفەر و گەشتە بۆ چەند وڵاتێک دواتر گوتی بە نیازم بڕۆم بۆ بەغدا، بەڵام جەلال گوتی ئێستا لە عێراق جەنگە و باشترە نەڕۆیت، پرسیاری زێتر لە یەکتری دەکەن و کات درەنگ دادێ، کچەکە بەرلەوەی بڕوات ژمارە تەلەفۆنی خۆی بۆ جەلال دەنووسێت و ڕوومەتی جەلال ماچ دەکات و باوەشی پیا دەکات و دەڕوات، جەلالیش هیچ ناکات و تەنها لە دواوە سەیری دەکات و پاشان ئەویش دەرواتە دەرەوە، لە ژێر ڕووناکی گلۆپەکان سەیری کلووە بەفرەکان دەکات، لەناکاو لە پشتییەوە گوێی لە دەنگی ئوتومبێلێک دەبێت فریای ئاوڕدانەوەش ناکەوێت و دەکەوێتە ژێر ئوتومبێلەکە و بەسەر پشتیدا تێدەپەڕێت، لەوکاتەدا گوێی لە تێکشکانی ئێسقانەکانی لەشی خۆی دەبێت، لە هۆشخۆی دەچێت و دواتر لە نەخۆشخانە خۆی دەبینێتەوە، دواتر بۆی دەردەکەوێت شوفێرەکە سپرینگ ئەو کچەی ئەو شەوە بوو بە هاوڕێی، ئیتر لێرە بەدوات جەلال دەبێت بە کەسێکی تێکشکاو و نێوە مرۆڤ،، ئەم شکانی پەراسووەکانی و ئازارەکانی پشتی تا کۆتایی ژیان بە دەستییە دەناڵێنێ و لە زۆر شت مەحروم و بێبەری دەکات، یەکێک لەوانە کە ناتوانێ جارێکیتر کاری سەرجێیی بکات، دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک و مانەوە لە غەریبی و دوای ڕوودانی ئەم کارەساتە، بە ناچاری بۆ ڕزگاربوون لە دەست ئەم ئازار و تەنیاییە دەیەوێت داخوازی کەسێک بکات بە ناوی (ڕووناکی کچی جەمال بەختیار)، کە هەم کچەکە و هەم باوکی بە خۆشحاڵییەوە ڕازین بەڵام، جەلال لەبەر ئەو هۆکاری وەزعی جەستەی بێدەنگی لێدەکات و دواتر کچەکەش  لە جەلال نائومێد دەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکیتر دەکات، ئیتر جەلال لەگەڵ نووسینی شیعر و یادەوەریەکانی و عەشقە غەمگینەکەی لە غوربەت و دونیای تەنیایی ژیان بەسەر دەبات، بەدەم خواردنەوە زۆرجاران بیر دەکاتەوە و دەکەوێتە نێو دونیای خەیاڵ، زۆرجار لە خۆی دەپرسی،، (ئەگەر زوڵمیان لە بەهار نەکردایە و ئەوا مام زامن بۆ تاهەتایە ماڵئاوایی نەدەکرد و جلەوی ژیان ویژدانی مرۆڤەکان لەو شارەدا ڕەنگی سروشتی خۆیان دەنواند، منیش بەوجۆرە لە ژیان نائومێد نەدەبووم و وڵاتم بە جێنەدەهێشت! ). چ کارەساتێکە، شاعیرێکی داهێنەر و نوێخواز بەو هەستە ناسک و شاعیرانەی خۆیەوە تا کۆتایی ژیانی لەنێو ژیانی ڕەبەنی و تەنیاییدا بمێنێتەوە، بە ئاهی عەشێکی ناموراد و خەمناک سەربنێتەوە. عەشقێک لەنێو کوورەی کارەساتەکان سەری هەڵدابی و بە توونێلی ئازارەکان ڕەتبوو بێ و لەدواجاریش بە پانتاییە ڕەشەکانی تراژیدیترین خاڵ گەیشتبێ.

_ جەلالی میرزا کەریم و گرووپی ڕوانگە و وتوێژێک لەگەڵ شێرکۆ بێکەس

لەم بەشەدا دەمانەوێت باسی سەرهەڵدانی گرووپی ڕوانگە بکەین، هاوکات ڕۆل و کاریگەری جەلالی میرزا کەریم، وەک کەسێکی سەرەکی و دامەزرێنەری ئەم ڕەوتە نوێیەی ئەدەب، لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ چەند هاوڕییەکی لەوانە (حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، کاکە مەم بۆتانی، جەمال شارباژێری..) گرووپی ڕوانگە وەک ڕەوتێکی نوێی ئەدەبی و شیعری ڕادەگەیەنن، تەنانەت بایاننامەی ڕوانگەش جەلالی میرزا کەریم خۆی دەینووسێت، وە دوای ڕاگەیاندنی ڕوانگە گۆڤارێک بە ناوی ڕوانگە سێ ژمارەی لێدەردەکەن بۆ قەڵەمە نوێخوازەکان، هەرخۆی سەرپەرشتی دەکات و سەرنووسەری دەبێت. بەڵام ئەوەی مێژوو و نووسەران و شاعیران باسی دەکەن، زێتر شێرکۆ بێکەس وەک خاوەندارێتی ڕوانگە و کەسی سەرەکی ئەم گرووپە دەرکەوتووە، مەبەستمە ئەوە بڵێم کاتێک ناوی ڕوانگە دەهێندرێ یەکسەر وێنەی شێرکۆ بێکەس دیت بە خەیاڵ و بیرکردنەوەی کەسەکان، لە چەندین دیمانەش شێرکۆ بێکەس کە باسی ڕوانگەی کردووە بەم شێوە سەرەکی و داینەمۆییە باسی ڕۆلی جەلالی میرزا کەریمی نەکردووە، ڕاستە ڕاناوی ئێمەی بەکارهێناوە بەڵام، وەک پێویست ناوی جەلالی میرزا کەریم نەهاتووە وەک یەکێک لە خاوەندارێتیە سەرەکیەکانی گرووپی ڕوانگە. جەلالی میرزا کەریم هەم تەمەنی لە شێرکۆ گەورەترە هەم ئەزموونێکی زێتری هەبوو، لەو سەردەمانە شێرکۆ شیعری خۆی پێشانی جەلالی میرزا کەریم داوە  کە ڕەئی ئەوی بۆ گرینگ بووە، کە ئەمەش شتێکی زۆر ئاساییە لە نێوان شاعیرەکان . جەلالی میرزا کەریم هەر لەسەرەتای شیعر نووسینیەوە خەونێکی گەورەی هەبووە بۆ داهێنان. کەسێکی بزیو و چاڵاک بووە. لە ساڵی ١٩٥٨ کاتێک دوور دەخرینەوە بۆ بەسرە لەوێندەرێ لە ڕیگەی خوێندنەوەی شیعر و کتێبەکانی، بەدر شاکر سەیاب و نازیکە مەلائیکە و عەبدولوەهاب بەیاتی، ئاسۆ و بیرکردنەوەی بۆ شیعر و نوێگەری فراوانتر دەبێت و دواتریش هەریەک لەو سێ شاعیرە نوێخوازە عێڕاقییە هەر یەکەو  لە شوێن و کاتی جیاواز دەبینێت و دەبێت بە برادەریان، بەتایبەت دیدارەکەی لەگەڵ بەدر شاکر سەیاب دا، کە بەیەکەوە گفتوگۆ لەبارەی نوێخوازی و بەتایبەت ڕەخنە لە حیزبی شیوعی و واتە دەوری نێگەتیڤی ئایدیۆلۆژیا و حیزب بەسەر ئەدەب و شیعر تایبەتتریش قسەکردن لەبارەی شاعیر و ئازادی شیعر نووسین، ئەم رەخنە و قسەوباسانە سەرنجی جەلالی میرزا کەریم ڕادەکیشن، ئەوەش دەبێتە (هەوێنی بیری بزووتنەوەی ئەدەبیی ڕوانگە). ئیدی لێرە بەدوا بیر لە بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی دەکاتەوە بە ستایل و زمان و ئاسۆیەکی نوێوە،، بۆ ئەم مەبەستە لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت، لەگەڵ زۆرێک ئەدیب و نووسەرەکان وتوێژ دەکات و دانیشتن و کۆبوونەوە ڕێک دەخات، بۆ نموونە جارێک تایبەت دەچێت بۆ هەولێر هەروەک لەنێو یادەوەریەکانی هاتووە و دەڵێت (مەبەستی چوونم بۆ هەولێر، بێجگە لە میوانداری هاوڕیکانم بە تایبەت جەمیل رەنجبەر، گۆڕینەوەی بیرورا بوو دەربارەی ڕوانگە، کە تاوەکوو ئەو ڕۆژانە تەنیا خەیاڵ بوو)، یان لە شوێنێکی تر لەنێو ڕۆمانەکەدا جەلالی میرزا کەریم دەڵێت (ئەو شەوە من و شوکر مستەفا عەبدوڵا و جەمیل ڕۆژبەیانی میوانی عەلائەدین سەجادی بووین، باسی دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردیان بۆ کردم، داوایان لێکردم لەگەڵیاندا بەشدار بم و تەنانەت ببم بە ئەندامیش. منیش باسی بزووتنەوەی ڕوانگەم بۆ کردن، عەلائەدین سەجادی گوتی، ئەگەر ئەوە سەربگرێت، خەونی هەموومان دێتە دی!). ئیدی لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، بەردەوام لە هەوڵدان دابووە بۆ بزووتنەوەیەک یان گرووپێکی نوێگەر دواتر هەوڵەکان سەردەگرن و گرووپەکە ڕادەگەینن. جەلالی میرزا کەریم ئەو کاتەی لە ئەمریکا دەژی بەر لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان بە چەند ساڵێک، چوارشەمەیەکی وەرزی هاوین تەلەفۆنێکی بۆ دێت لەلایەن (جەمال بەختیار)ەوە پێی دەڵیت، شێرکۆ بێکەس دێت بۆ ئەمریکا و برادەران پێیان خۆشە تۆش ئامادە بیت، ئەویش ڕەزامەندی پێشان دەدات بۆ ئامادەبوون لەو ڕۆژەدا، ئەو ڕۆژە لە شارەکەی خۆیان بلیتی فڕۆکەی بڕی بۆ واشنتۆن،، ڕێگاکە بە فڕۆکە پێنج کاتژمێر بوو، لە کتێبخانەی فڕۆکەخانە کتێبێکی (ئێنگریت یۆنگەر) ژنە شاعیرێکی ئەفریقای باشوور دەکڕێت، وەک خۆی دەڵیت کە لە بەغدا تەنها ناوبانگی ئەو شاعیرەی بیستبوو، هەر لە هۆڵی چاوەڕوانی، ژیاننامەی ئێنگرێت دەخوێنێتەوە، کە دەگاتە ناو فڕۆکەش دەست دەکات بەخوێندنەوەی کتێبەکە، یەکەم شیعر بەوە دەست پێدەکات بەناوی (ئەو منداڵەی سەربازێک لە نیانگا کوشتی) شیعرێکی سەرنجڕاکێش و نایاب دەبێت، هێندە کاریگەر دەبێت هەر ئەوکات دەیکات بەکوردی، دواتر خەیاڵ دەیباتەوە و بیرۆکەی شیعرێکی بۆ دێت و هەر لەتەنیشت شیعرەکەی ئینگرێت یونگەرەوە دەنووسێت.

ئەو منداڵەی لە گەرمیان سەربازەکان کوشتیان

ئەو منداڵە نەمردووە

ئەو منداڵە مستی بۆ دایکی هەڵبڕیوە

کوردستان هاوار دەکات، بۆن هاوار دەکات

بۆ ئازادی دەر و دەشت

لە دڵی گەمارۆدراوی شارەکاندا

ئەو منداڵە بووەتە سێبەری سەربازەکان

پاسەوانە بە چەک و زریپۆش و دارەوە

لە هەموو کۆبوونەوەیەکی یاساداناندا ئامادەیە

لە پەنجەرەی ماڵەکانەوە لە دڵی دایکی ئەڕوانێت

ویستی لەژێر خۆردا یاری بکات لە گەرمیان لە هەموو شوێنێک

ئەو منداڵە گەورە بووە و بە هەموو کوردستاندا ئەگەڕیت

ئەو منداڵە بووەتە خێوێک و تەواوی جیهان دەگەڕێت.

ئیتر دوای ئەوە دەکەوێتە نێو خەیاڵی کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال و هەستێکی نائومێدانە دایدەگرێت، چەندجارێک دەگەڕێتەوە سەر ئەو شیعرە و دەیخوێنێتەوە، دەگاتە فڕۆکە خانەی واشنتۆن، لە دووری پێنج سەد مەترێک لە هوتێلێک بۆ ماوەی پێنج شەو ژوورێک دەگرێت، لە ئیوارەوە تا یانزەی شەو دەخەوێت، سەعات دوانزە لە فڕۆکەخانە ئامادە دەبێت، خۆیی و دەسکە گوڵێکی سوور، لەو ماوە چاوەڕوانییە ئازارێکی زۆری دەبێت، نزیکەی دە کەسیتریش لە ژن و پیاو لەوێ ئامادەن بۆ پێشوازی، سەعات سێی شەو شێرکۆ دەگات، خەڵکەکە بە پیریەوە دەچن، شێرکۆ کە دەیبینێت یەکسەر دەیناسێتەوە و باوەش بە یەکدا دەکەن و گوڵە سوورەکەی پێشکەش دەکات، دواتر بە شێرکۆ دەڵێت، زۆر هیڵاکم ئازارم زۆرە، ئەوە کارتی هۆتێلەکەم سبەی دوو سبەی کەی کاتت هەبوو چاوەروانت دەبم، ڕۆژی دواتر شێرکۆ بێکەس دەگاتە هۆتێلەکە، کاتێک دەگات جەلال ویسکی و لیمۆی لەسەر مێزێک دانابوو پێش گەیشتنی شێرکۆ ئەم دەستی بە خواردنەوە کردبوو، سەرەتا بە ڕووداوەکانی کوردستان دەست پێدەکەن و بە تایبەت هەڵەبجە و ئەنفال، شێرکۆ بێکەس شیعری (عومەری خاوەر)ی بۆ دەخوێنێتەوە. بەدەم خواردنەوە لە قسەوباسەکانیان بەردەوام دەبن، بەیەکەوە بوتلێک وێسکی تەواو دەکەن و هەر  بەردەوام دەبن. سەرەتا جەلال باسی کتێبی (پەرینامەی) جەمال شارباژێری دەکات، کە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە لەلایەن براکانی کچەکە  سەروگوێلاگی جەماڵ یان شکاندووە ، بەشێرکۆ دەڵێ، ئەوکاتیش تۆ و جەماڵ دانووتان بەیەکە نەدەکوڵا، شێرکۆ دەڵێ لەگەڵ حوسێن عارفیش باسی ئەو بابەتەمان کردووە و من ئاگاداری نەبووم و بەڵکو زۆریشم پێناخۆش بوو، دواتر بابەتەکە دەگۆڕێت، کتێبەکەی مارگرێتی پێشان دەدات و هەندێک باسی شاعیرەکە و شیعرەکانی بۆ دەکات پێشنیاری بۆ دەکات کە بیخوێنێتەوە، شێرکۆش بە پێکەنینەوە دەڵێ، جا بە ئینگلیزییە مەگەر تۆ بۆمی بخوێنیتەوە، ئیتر دوای تاوێک بێدەنگی، جەلالی میرزا کەریم بە شێرکۆ دەڵێت، ئێستا تەنها خۆم و خۆتین، تەنها وەکو دەردە دڵ با باسی ئەو ڕۆژە بکەین کە وەک یادەورییەکی تاڵ لەنێو خەیاڵم ماوەتەوە، دەیەوێت هەرچی لەدڵی دا هەیە بۆی باس بکات، گلەیی و دەردەڵ، دەبێ چ ناسۆر و خەمناک بێت ئەو دەمانەی شاعیرێکی بێبەش لەژیان و لە شیعر و لە نیشتیمان و لە عەشق و لە ساتە جوانەکانی ڕامووسانی ، شاعیرێکی نائومێد و جەستە تیشکاو و خەون و هیواکانی تێشکاو، دەبێ چەند بەسۆ بێت هەڵڕشتنی دەردەدڵ و گلەیی لە شاعیرێکی هاوڕێ و هاوبیر لە گرووپێکی نوێخواز، گلەیی لە شاعیرێک کە وەک چرایەک لەنێو شیعرەکانیدا بۆ میللەتەکەی دەسووتێت و ئێستا لە شوێنێکی بەرز و بڵندی داهێنان دایە؟! جەلال ڕاست و ڕەوان دێتە سەر باسی یەکەمین میهرەجانی شیعری کوردی کە لە بەرواری ٢٢/٣/ ١٩٧٢ لە کەرکووک لە قوتابخانەی ئیمام قاسم بەسترا بوو، پێی دەڵێت، شێرکۆ گلەییم لێت هەیە کە تۆو عەبدوڵا پەشێو و هاوڕییانی تر، بەو بڕیارانە ڕازی بوون کە لەسەر بیروڕای جیاواز و ڕەخنەگرتن، ڕێگە بە من و جەمیل ڕەنجبەر و چەند شاعیرێکیتر نەدرا لەم میهرەجانە بەشدار بین، ئێوە نەک هەر ڕازی بوون بەڵکو شانازیشتان پێوە دەکرد، ئێوە لە ژوورەوە و ئێمەش لە حەوشەکە، دەبوو هەڵوێستتان هەبا و بەم بڕیارانە ڕازی نەبن، بە تایبەت تۆ کە ئەندامێکی کارای ڕوانگە بووی. واتە بە سیاسی کردنی میهرەجانەکە و کۆنتڕۆلکردنی لەلایەن کەسان و لایەنێکی دیاریکراوەوە. شێرکۆ بێکەسیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت، بڕوا بکە لە بڕیارەکان هیچ دەستی ئێمەی تیا نەبوو، (مارف خەزنەدار)  بەرپرسی میهرەجانەکە بوو بڕیارەکان بڕیاری ئەو بوون، پاشان (بیرکردنەوەی ئێوە تێگەیشتنی زۆرگران بوو، هەروەها حیزبی شیوعیش لەبەرەی گەلدا نەبوون هاوپەیمانی بەعس بوون، ئیتر تۆ و جەمیل و هاوڕێیانیتر باجەکەتان دا، ئەمە لەساڵی ١٩٧٢ بوو،  کە هەموو کورد گۆرانی بە باڵای (مستەفا بارزانی) و حوکمی زاتیدا هەڵدەدا!، دەزانی کاتی خۆی لە شاخ جەمیل ڕەنجبەر هەمان گلەیی لێکردم، ڕەخنەکەی جەلالی میرزا کەریم، لە دەستەی بەڕێوەبەری میهرەجانەکە نەبوو، زیاتر ڕووی لە شێرکۆ و یەکدوو شاعیری تر بوو، چاوەڕێی دەکرد هەڵوێستیان هەبا و هاتبانە دەرەوە و بەشداریان نەکردبا یان ڕێگربان لە چوونە پێشی بڕیارێکی سیاسی لەم چەشنە، چونکە هۆکاری بەشداری نەکردنی هەندێک لە شاعیرە بە تواناکان. هۆکاری ئەدەبی و شیعری و زمانەوانی، یان ستایل و ناوەڕۆک نەبوو بەڵکو، زێتر هۆکارەکە سیاسی بوو، ئەمەش بۆ کەسێکی نوێخواز و داهێنەری وەک شێرکۆ نابێت قەبووڵکراو بێت، جەلال لە شوێنێکدا دەڵێت (لەو میللەتە نەگبەتتر نییە، کە شاعیرەکانی وەک کەسانی سیاسی و بازرگان بیر دەکەنەوە!)،لەپشتی ئەو دەربڕینە ئەوەمان پێدەڵێت کە، جەلالی میرزا کەریم چەندە شاعیرێک بووە کە لەنێو ڕووبەری شیعر ئازاد بووە و نەکەوتۆتە ژێر هیچ هێزێکی دەرەکی بە ئایدیۆلۆژییە مارکسیسیەکەی خۆیشیەوە، ئازادی نووسەر هۆکارێکە بۆ یاخیبوون و نوێگەری نووسەر، کەسێک ئازاد نەبێ ناتوانێ یاخی بێت، کەسێکیش یاخی نەبێت ناتوانێت داهێنەرێکی نوێخواز بێت. جەلال لە جانتاکەی فایلێکی زەرد دەردەهێنێ دەڵێت،(ئەوە دەربارەی میهرەجانی شیعرییەکەی کەرکووکە بەناونیشانی : لە یەکەم میهرەجانی شیعری کوردی لە کەرکووک چی ڕوویدا؟ بە نیازم بیکەم بە کتێبێک !). وردە وردە بەیەکەوە سەیری لاپەڕەکانی فایلە زەردەکە دەکەن، جەلال دێتە سەر شیعرەکەی جەمیل ڕەنجبەر بەناوی (لکە زەیتون لە گێژاوی خوێنا)، ستایشی شیعرەکە دەکات و دواتر دەڵێت، ئەوەش شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێو من نامەوێت بەراوردیان بکەم، بەس توخوا ئەو شیعرەی جەمیل ڕەنجبەر هی ئەوە بوو، سانسۆر بکرێت و ڕێگەی پێنەدەن بڵاوبکرێتەوە؟ شێرکۆ دەڵێت جەلال بە عەقلی ئێستام با بێگومان ڕازی نەدەبووم و بیرکردنەوەی ترم دەبوو لە هەمانکات دانبەوەش دادەنێت، کە شیعرەکەی پەشێو (هەندێک وانە بۆ منداڵان) لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی شیعرەکەی تۆ بەناوی (نەمر) کە ساڵی حەفتا لە ژمارە شەشی هاوکاری بڵاوت کردەوە، دەبوو سەرچاوەکەی ئاماژە پێکردبا، کاتی خۆی ئەو گلەییەم لە پەشێو هەبوو، جەلال دەڵێت ئەی، ناونیشانی (شەونامەی دڵدارێکی تینوو)، لەگەڵ (شەونامەی شاعیرێکی تێنوو.!) ، دوای ئەوەش جەلال من پێشێلی بەیاننامەی ڕوانگەم نەکردووە، تۆ ئەوەت بیرچووە هەموومان بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیا بووین، ئەی لە گوتاری ڕوانگە نەهاتووە (پیشەی شیعر نووسین کارگێڕیشە، شۆڕشگێڕیشە و جەنگاوەریشە!)، جەلالیش دەڵێت لەوەیا لەگەڵتام، گوتاری ڕوانگە هێندەی (بەلاغێکی نەتەوەیی و سەربازی بوو، هێندە ئەدەبی و هونەری نەبوو)، بەردەوام دەبن لە سەیرکردنی لاپەرەکان، شێرکۆ دەڵێت، جەلال پێکێکی ترم بۆ تێکە، ئێستا دێیتە سەر بەراوردکردنی شیعرەکەی خۆم و خۆیشت با خۆم ئامادەکەم. جەلالیش دەڵێت،  با ئەوەی خۆمان نهێنی بێت لەنێوان خۆم و خۆت، ئەوەندەم بەسە کە توانیم وەک دوو هاوڕێ و دوو شاعیر ڕووبەروو ئەوەت پێبڵێم ، (کە میللەتانی دونیا بۆیە خاوەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری ڕەسەنی خۆیانن چونکە مرۆڤی خاوەن هەڵویستیان هەیە و تا سەر ئێسقان لەگەڵ یەک ڕاستگۆن!). شێرکۆ تۆ زوو پشتت کردە ڕوانگە و دواتر هەر لێشی پەشیمان بوویتەوە، شێرکۆ بێکەسیش گوتی، جەلال نابێت ئەوەت لەبیر بچێت (کە ئێمە باس لە شیعری بەرگری و شۆڕشی ئەیلوول و بە تایبەت بەیانی یازدەی ئازار دەکەین)، ئەوەش دەڵێت کە ئەویش بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و ڕادیۆی شۆڕشی بەڕێوە بردووە و بۆ ڕۆژنامەی برایەتی نووسیوە، جەلال دەبینێت شێرکۆ مەست بووە، فایلە زەردەکەی لێوەر دەگرێت و پێی دەڵێت،  تۆ تازە بووی بە پێغەمبەری میللەتێک  من شەڕی تۆم پێناکرێت، تۆ خاوەنی شیعری (سوتماک)یت، هەرچەندە ڕەخنەی لەو شاکارەش دەگرێت و دەڵێت، لایەنگر بوویت و شیعرت بۆ زۆرکەس نووسی و ناوی شۆڕشگێڕت خستنە پاڵ کە دەستیان هەبوو لە شەڕی براکوژیدا! یان رەوایەتیدان بە وشەی شەهید لە شیعری کوردیدا. شێرکۆ بێکەس لە وەڵامدا دەڵێت (جەلال تۆ پێش ئەوەی شاعیر بیت و شۆڕشگێڕ و کەسێکی چەپی بێوێنە بوویت)،  لێرەدا شێرکۆ دان بە چەند راستییەک دا دەنێت و دەڵێت (بە بیرت دێت کە یەکەمجار یەکتریمان بینی، داوات لێکردم بخوێنمەوە!، هەموو ڕۆژێ بەدوام ئەگەڕایت و کتێبت بۆ ئەهێنام! من ئەوسا نە شاعیر و نە سیاسەت هیچیانم لە خەیاڵدا نەبوو، تۆ تووشی ئەم دەردە سەریەت کردم! ڕوانگەش بیرۆکەی تۆ و عەبدولا عەباس بوو، بەیاننامەکەش خۆت نووسیت!)، لەوەش زێتر دەڕوات و دەڵێت (بەڵێ، من ئەوسا تەمەنم چواردە ساڵ بوو، هەموومان بەخیلیمان بە تۆ دەبرد، تۆ کەسێکی ئازا و چاو نەترس بوویت، هەروەها، بەهاری عەربەت، جوانترین کچی شاری سلێمانی عاشقی تۆ بوو!)، ئەوەش قەدەری تۆ بوو کە لە دووری نیشتیمان کەوتییە ژێر ئۆتۆمبێل و بەو ڕۆژە گەیشتیت!. لێرەدا وتوێژەکەیان کۆتایی دێت، ئیتر لێرەوە لە دەمی شێرکۆ خۆی ڕاستیەکانمان بۆ دەردەکەوێت، کە جەلالی میرزا کەریم ڕۆلی کەسی یەکەم و سەرەکی هەبووە لە دامەزراندنی گرووپی ڕوانگە و خۆی بەیاننامەکەی نووسیوە، ئەم شار و ئەو شار گەڕاوە خەڵکی بۆ پەیدا کردووە و هەر خۆیشی سەرنووسەر و بەڕێوەبەری گۆڤاری ڕوانگە بووە، بۆیە لەم نووسینەم دروستبوونی گرووپی ڕوانگە و وتوێژەکەی نێوان جەلالی میرزا کەریم و شێرکۆ بێکەس تا ئاستێک  ناوەڕۆکەکەییم وەک خۆی نووسیوەتەوە، چونکە ویستوومە پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە، پێویستە مێژوو وەک خۆی بخوێندرێتەوە و ڕاستییەکانیش وەک خۆیان باس بکرێن.

                                                              

سەرچاوە: ڕۆمانی (خانەقای میرزا). نووسینی (میران ئەبراهام)

 

                         

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت