نه‌ژاد عزیز سورمێ

له‌ ڕۆژنامه‌یشدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌. به‌كارهێنانی ڕه‌نگ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ له‌ ڕه‌نگ وه‌ربدرێ. به‌تایبه‌تیش كه‌ ده‌بینی ڕه‌نگه‌كان هیچ هاڕمۆنیایێكان پێك ناهێناوه‌. هونه‌ر له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانیدایه‌، له‌ ڕووی ده‌سنیشانكردنی ڕه‌نگی تایتڵ و وێنه‌ كه‌ هاوسه‌نگی و هاڕمۆنیایان تێدا ون نه‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌زگای پێشكه‌وتوو و كرێكاری كارامه‌ له‌ چاپ بدرێ، بێگومان لاپه‌ڕه‌كان ساده ‌و به‌ بزاوت و سه‌نجڕاكێش ده‌بن، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌كانماندا هه‌رجاره‌ی به‌هۆیه‌ك هارمۆنیا و هاوسه‌نگی له‌ ده‌ستده‌دا.

ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا

»شه‌ش ته‌قه‌ڵ و مانگه‌ شه‌و«

 

نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

هه‌موو شتێك به‌ڕه‌نگی خۆیه‌وه‌ جوانه‌.

 سرووشت ‌، به‌ڕه‌نگه‌وه‌ مانایێك په‌یدا ده‌كا و واتایێك ده‌به‌خشێ.

فه‌نتازیای ئیستاتیك به‌ڕه‌نگ ده‌گاته‌ لووتكه‌ی كاردانه‌وه‌ و روناهیبه‌خشیی و تیشكپژێنی.  خه‌یاڵ... ڕه‌نگ زۆرجار دوور نزیك و نزیك دوور ده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر به‌ڕه‌نگیش گه‌لێ جار ژیانی خۆش تاڵ ده‌كرێ و دیمه‌نی شه‌نگ ده‌بێزێنرێ.

وام به‌ خه‌یاڵدا دێ، هه‌ر كه‌سێ به‌چاوی خۆی ڕه‌نگ ده‌بینێ.

له‌وانه‌یه ‌ڕه‌نگی سوور، یا زه‌رد، یا شین به‌و ڕیتم و ئاهه‌نگی تۆ ده‌یبینی، من نه‌یبینم.

هه‌مان ڕه‌نگ له‌ كاتێكی دیاریكراودا به‌هۆی هه‌تاو و سێبه‌ر ده‌گۆڕێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئینتیباعییه‌كان شاعیرانه‌ هه‌ستیان پێكرد.

به‌كورتی ڕه‌نگ جیهانه‌ به‌ ته‌واوی تۆنه‌كانیه‌وه‌ .

 ڕه‌نگ شته‌كانیش (با به‌ڕاده‌ی خۆیشیان بن) له‌ واقیعی  خۆیاندا وه‌ك پێویسته‌ دیاربێ ، به‌رجه‌سته‌ ده‌كا.

خۆر زه‌رده‌، گه‌لآ سه‌وز، خوێن سوور... به‌ڵام كام زه‌رد و سه‌وز و سوور.

ڕه‌نگ وا ده‌كا ماناكان له‌ یاداوه‌ری و نه‌ستیشدا جێگیربن.

ئه‌وی دیش چه‌ندی مه‌به‌ستته‌ لێی وردبه‌وه ‌و باسی بكه‌ و دیقه‌تی بدێ.

لێره‌دا باس، له‌ به‌كارهێنانی ڕه‌نگه‌ له‌ ڕۆژنامه‌دا

 دیاره‌ جارانی زوو، كه‌ هێشتا چاپ نه‌گه‌یشتبووه‌ ئه‌و ئاسته‌ی ئێستای، هه‌رچی چاپ ده‌كرا ته‌نیا به‌یه‌ك ڕه‌نگ بوو ئه‌ویش (ڕه‌ش)، ته‌نانه‌ت وێنه‌ی فۆتۆگرافیش هه‌ر به‌و جۆره‌ بوو.

با له‌ مێژووی به‌ره‌وپێشچوون و په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنه‌لۆژیای چاپ گه‌ڕیێن كه‌ باسێكی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێ.

گرینگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مڕۆ له‌ توانادایه‌ ڕۆژنامه‌ و كتێب و چاپكراوی تر به‌ ڕه‌نگا و ڕه‌نگی له‌ چاپ بدرێن، به‌ڵام دیاره‌ ئه‌م كاره‌یش ڕێسا و ده‌ستوور و هونه‌ری خۆی ده‌وێ هاوسه‌نگی پێ بدا

هه‌ر ئه‌وه‌نیه‌ رۆژنامه‌یه‌ك ڕه‌نگ بكرێ. گرینگ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ ده‌ور له‌ دابه‌شكردن و ڕه‌نگڕشتندا ده‌بینێ.

به‌كارهێنانی ڕه‌نگ له‌ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا له‌چاو خۆیشیدا مێژووییه‌كی ئه‌وه‌نده‌ له‌ مێژی نیه‌.

پێش ڕاپه‌ڕین له‌ هه‌ندێ گۆڤار و بڵاوكراوه‌ی دیاریكراو بترازێ كه‌ هه‌ندێكیان ته‌نیا دوو لاپه‌ڕه‌ یاخود به‌ ته‌نیا به‌رگ ڕه‌نگین بووه‌.

پاش ڕاپه‌ڕین، ڕه‌نگ بوو به‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی ده‌رهێنانی هونه‌ری له‌ ڕۆژنامه ‌و گۆڤاره‌كاندا، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌یان به‌تایبه‌تی ڕۆژنامه‌كان یا دوو ڕه‌نگ بوون كه‌ ئه‌ویش هه‌موو لاپه‌ڕه‌كانی نه‌گرتووه‌‌ته‌وه‌كه‌ به‌ ڕه‌نگرابن. له‌ وانیش زۆبه‌یان ته‌نیا دوو لاپه‌ڕه‌یان ڕه‌نگی بوون. له‌ گۆڤاره‌كانیشدا هه‌یانه‌ بێجگه‌ له‌ به‌رگ یه‌ك تا دوو مه‌لزه‌مه‌یان ڕه‌نگی بووه‌. هه‌یشیان بووه‌ به‌ ته‌نیا به‌رگ.

ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێ له‌ ڕووی به‌كارهێنانی ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانماندا هه‌روایی به‌ڕێوه‌ چووه‌ و تا ڕاده‌یه‌كیش كاردانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رهێنانه‌یه‌ كه‌ هونه‌ری دراوه‌ته‌ پاڵ و به‌ (ده‌رهێنانی هونه‌ری) ناوزه‌د كراوه‌.

به‌كارهێنانی ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌دا وای ده‌بینم پێشه‌كی ئاسووده‌یی و ئاهه‌نگێك پێك  بێنێ خوێنه‌ر ڕابكێشی.

ده‌رهێنه‌ریش ده‌توانێ به‌كارامه‌یی و به‌كارهێنانی تۆنه‌كان هاڕمۆنیا له‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌دا دروست بكا به‌ ڕاده‌یه‌ك كه‌ لایه‌نی چاپخانه‌و ئاستی پێشكه‌وتوویی ده‌زگاكانی چاپ و ئاستی پسپۆڕی كرێكاره‌كانی چاپخانه‌ی له‌ زه‌یندا بێ.

چونكه‌ هه‌ر چه‌ندی له‌ ئاماده‌كردندا ماندوو بێت، كاتێ ده‌زگاكانی چاپ و كرێكار و پسپۆڕانی چاپخانه‌ له‌و ئاسته‌دا نه‌بن، هه‌موو ڕیسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ خوری و ڕه‌نج و ماندوو بوونی ده‌رهێنه‌ر و نه‌خشه‌كێش به‌ با ده‌ڕوا.

زۆربه‌ی ڕۆژنامه‌كانی كوردستان، ئه‌وانه‌ی ڕه‌نگ به‌كار ده‌هێنن، سه‌یر ده‌كه‌ی به‌هۆی ده‌رهێنانی سه‌قه‌ت، چه‌ندی ڕه‌نگڕشتن و چاپیشیان شایان بێ، به‌رچاو نین.

له‌سه‌رێكی دیكه‌وه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ی زۆر له‌ ڕۆژنامه‌كان كه‌ ڕه‌نگ به‌كار ده‌هێنن لاپه‌ڕه‌كه‌ هه‌مووی ڕه‌نگڕێژ ده‌كه‌ن و ته‌واو.

وه‌ك ئه‌وه‌ی ئافره‌تێك به‌ خه‌ستی خۆی له‌ میكیاژ وه‌رده‌دا و سیمای له‌ناو ڕه‌نگه‌ گه‌چی و پاستیلیه‌كاندا ون ده‌بێ.

له‌ ڕۆژنامه‌یشدا هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌. به‌كارهێنانی ڕه‌نگ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌ له‌ ڕه‌نگ وه‌ربدرێ. به‌تایبه‌تیش كه‌ ده‌بینی ڕه‌نگه‌كان هیچ هاڕمۆنیایێكان پێك ناهێناوه‌. هونه‌ر له‌ چۆنیه‌تی به‌كارهێنانیدایه‌، له‌ ڕووی ده‌سنیشانكردنی ڕه‌نگی تایتڵ و وێنه‌ كه‌ هاوسه‌نگی و هاڕمۆنیایان تێدا ون نه‌بێت و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌زگای پێشكه‌وتوو و كرێكاری كارامه‌ له‌ چاپ بدرێ، بێگومان لاپه‌ڕه‌كان ساده ‌و به‌ بزاوت و سه‌نجڕاكێش ده‌بن، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ڕه‌نگ له‌ ڕۆژنامه‌كانماندا هه‌رجاره‌ی به‌هۆیه‌ك هارمۆنیا و هاوسه‌نگی له‌ ده‌ستده‌دا.

هه‌ندێكیان به‌هۆی ده‌رهێنانی سه‌قه‌ت كه‌ وێنه ‌و تایتڵ و ستوونه‌كانی تێكست به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كدا نایه‌نه‌وه‌.

یا ئه‌وه‌نده‌ تێكچڕژاون لێك ناكرێنه‌وه‌. كه‌چی هه‌ندێكی تر، له‌ وانه‌یه‌ ده‌رهێنانیان ساده‌ و سه‌رنجڕاكێش بێت، به‌ڵام ده‌بینی له‌ ڕووی ڕه‌نگڕشتنه‌وه‌ ته‌واونین به‌تایبه‌تیش له‌ ڕه‌نگڕێژی وێنه‌دا.

له‌كاتێكدا هه‌یانه‌ به‌هۆی چاپی بێ سه‌روبه‌ر ڕه‌نگه‌كان له‌ چه‌ند په‌ڵه‌یه‌ك زیاتر ده‌رناكه‌ون.

 به‌م جۆره‌ به‌كارهێنانی ڕه‌نگ تا ئێستا له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا نه‌گه‌یوه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی پێیانه‌وه‌ دیاربێ و له‌ ڕۆژنامه‌ یه‌كڕه‌نگیه‌كان سه‌رنجڕاكێشه‌رتر ده‌ربكه‌ون.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت