دڵشاد کاوانى

لە ئەنجامی بابەتەکەمان گەیین بەوەی کە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان کورتە ڕۆمانە و ڕۆمانی تەواو نییە، وەلێ لە ڕووی زمان و گیڕانەوە و وەسفدا کورتە ڕۆمانێکی جوانە و هەڵگری پەیام و گۆشەنیگای تایبەتە بە جیهان بینی و مرۆڤ دۆستی و هەڵگری پەیامی ئاشتیی و بەیکەوە ژیانە لە کوردستان و ئەمەش لەم کورتە ڕۆمانە بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە.

خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێک لە نێوان خەون و بێداریدا

نووسینى ڕەخەنەیى دڵشاد کاوانى

پێشەکى

ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان، ڕۆمانێکى زرار سەرتاشى ڕۆماننووسە، کورتە ڕۆمانێکە لە (9) بەش و (135) لاپەڕەدا پێکهاتووە و لە دووتوێى کتێبێکى خنجیلانەدا، بە دیزاین و بەرگێى جوان، وەک چوارەمین بەهەرمی ڕۆماننووس دواى ڕۆمانەکانى ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ کەوتۆتە بەردیدى خوێنەران.

پوختە.

زرار سەرتاشى ڕۆماننووس لە حەفتاکانى سەدەى ڕابردووەوە لە بوارى ئەدەبیات دەنووسێـت و قەڵەمێکى دیارە و لە کۆتایی تەمەنیدا پەڕیوەتەوە سەر ژانرى ڕۆمان و لە ماوەیەکى کەمدا چوار ڕۆمانى خستە نێو کتێبخانەى کوردییەوە، زرار سەرتاش لە هەرسێ ڕۆمانى ڕابردوویدا، ناوەڕۆک و شیوە و گێڕانەوەى ڕۆمانەکانى دەچێتە سەر ڕۆمانى بیۆگۆافى و ژیاننامەیى و ئۆتۆ بیۆگۆافیی یادەوەریی. بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت، لە ڕۆمانى خەونەکانى مەتڕان بۆ ڕۆمانى شێوەى ڕۆمانى ئۆستۆپیا دەچێت و لەگەڵ ئەوەش ئەو ڕێبازەى زرار سەرتاش پێى دەنووسێت ڕۆمانى ڕیالستییە.

ناوەڕۆکى ڕۆمانى خەونەکانى مەتەڕان.

ناوەڕۆکى خەونەکانى مەتڕان، بەتەواوى ناوەڕۆکى ڕووداو و سەربردەیەکى کوردیی خۆماڵى ناوچەییە. باس لە گەنجێکى کریستییانى شەقڵاوە دەکات، کە لە سەرەتاکانى تەمەنى گەنجییەتى ئاشقى کچێک دەبێت و بەهۆى جیاوازى چینایەتیی و ئایینى، ناتوانێت بە مەعشوقەکەى بگات. بۆیە مەتڕان سەر هەڵدەگرێت و ڕوو لە ئەشکەوتێکى چیاى سەفین دەکات، ساڵانێکى تەمەنى بە تەنهایی و گۆشەگیریی بەسەر دەبات. دواى ئەوەى بڕیارى گەڕانەوە دەدات و ڕوو لە ئاوەدانیی دەکات. گوندەکەیان لەسەردەستى سوپاى عوسمانیی بەتەواوى وێران کراوە و ساراى مەعشووقى مردووە و تەواوى خەونەکانى مەتڕان لە گۆڕدەنێت.

تەکنیک و گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان

گێڕانەوە لە خەونەکانى مەتڕان، تا ڕادەییەکى زۆر لەگەڵ هەرسێ ڕۆمانى ڕۆماننووس جیاوازە، دەتوانین بڵێین ڕۆماننووس لە گێڕانەوەدا، هەنگاوێکى زۆرباشى ناوە و گەمەى زیاترى بە گێڕانەوە کردووە و ئەمجارە خۆى لە گێڕانەوەیەکى سادە و ئاسایی ڕۆمانەکانى ڕابردووى پاراستووە. ئەمەش لە ڕێگەى تێکەڵکردتى خەونە پچڕ پچڕ و زنجیرەیی خەونەکانى پاڵەوانى سەرەکی و ڤەگێڕى گشتییە. دەستپێکردنى گێڕەوەى سەرەکى ڕۆمانەکە کە خودى پاڵەوانى سەرەکى و تاکە گێڕەوەى گشتییە، کە سەربردەى خۆى دەگێرێتەوە و هەندێجار لە گێرانەوەدا، خوێنەر لە نێوان بێداریی و خەون دەستەخرۆ دەکات. هەرچەند ئەم تەکنیک و گێڕانەوەیە تەکنیکى تازەنییە لە ناو چیرۆک و ڕۆمانەکەى شەستەکان و حەفتاکانى سەدەى ڕابردووى کوردیدا باوبووە بەڵام تاڕادەییەکى باش تێیدا سەرکەوتوو بووە، وەنەبێت ئەمەش بێ کەموکوڕی بێت، لە گەلێک شوێن، ڕۆماننووس ڕووداوەکانى لێ تێکەڵ دەبێت و ڕۆمانەکەى ئاڵۆز دەکات. نێوانى واقع و خەون تێکەڵ دەبن. لێرە خاڵێکى هاوبەش لە نێوان پایزە خەونى محەمەد مەولودمەم و خەونەکانى مەتڕان هەیە. کاتێک ڕەشید جەردە پاڵەوانى پایزە خەونى مەم لە ماڵەکەى خۆیدا خەون بە ڕووداوى ناو شار دەبنیێت و دەچیتە ڕاو و چیاو چۆڵ دواتر بە هەمان گۆڕستاندا دەگەڕێتەوە، کە مەتڕان پێی دەگات. دواجار هەردوو گێڕەوەى گشتى لە کۆتایی گێڕانەوەدا لەخەوندا بێداردەبنەوە. بۆیە زرار سەرتاش کەوتۆتە ژێر کاریگەرى گێڕانەوە و ناوەڕۆکى پایزە خەونى مەم.

گۆڕانکارى پەڕێنەوە لە گێڕەوەدا و کەمترین دەستاودەستکردنى گێڕەوە لەم ڕۆمانەدا هەیە، تەنیا دوو ڤەگێڕى تێدایە کە ڕووداوەکان دەگێڕنەوە، یەکەمیان ڤەگێڕى لاوەکییە، کە مەتڕانە دووەمیان ڤەگێڕى گشتى نادیارە، کە ڕۆماننووس خۆیەتى.

تەکنیکى گێڕانەوە لە بەشەکاندا لەنێوان بێدارى و خەودایە، لە هەموو بەشەکان ڤەگێر لە بێداریی دەست پێدەکات، دواتر لە زۆربەى بەشەکان دەچێتەوە ناو خەونەوە. هەر لە ڕێگەى بێداریشەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ڕابردووى مەتڕان.

نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە لەم ڕۆمانەدا دوو تەکینیکى گێڕانەوەى پەیڕەو کردووە، ئەویش کەسی یەکەمى تاکە کە مەتڕانە و کەسی سێیەمى تاکە کە ڕۆماننووسە. بۆ نموونە لە بەشى یەکەمەوە ڤەگێڕ مەتڕانى کەسى یەکەمى تاکە تاکو لاپەڕەى شەش دواتر بۆ کەسى سێیەمى تاک دەگۆڕێت تاکوو لاپەڕەى (49)ى بەشی (2) دیسان دەبێتەوە کەسى یەکەمى تاک. لە لاپەڕەى (54) دەگۆڕێت و تا کۆتایی ڕۆمانەکە لەسەر زارى ڤەگێرى گشتى کەسى سێیەمى تاک ناوە ناوە دەچێتەوە سەر کەسى یەکەمى تاکى مەتڕان. واتە تا ڕادەیکى باش لە هەردوو گێڕانەوەکەدا سەرکەوتووبووە، بەڵام زۆر بە ئەستەم جیاوازى لە نێوان ڤەگێڕى گشتى و لاوەکى کراوە.

زمان لە خەونەکانى مەتڕان

زمان لەم ڕۆمانە کوردییەکە پاڵاو و بێ گیروگرفتە، بە زمانى ستاندارى کوردیى نووسراوە و چەندین وشەى جوانى کۆنى کوردیی و ناوچەیەش تێیدا بەکاربراوە. دەتوانم بڵێم بێ کێشەتیرین بەشى ناو کورتە ڕۆمانەکەیە و ڕۆماننووس ئەزموونێکى باشى لە زمان هەیە، ئەوەى هەشە شایەنى باسکردن نییە.

هەڵە و کەموکوڕییەکانى خەونەکانى مەتڕان

زۆربەى کەموکوڕى و کەند و قۆرتەکانى ئەم ڕۆمانە لە پڵۆت و گێڕانەوە و ناوەڕۆکى ڕووداوەکانى ناو ڕۆمانەکەدایە. کە ڕۆماننووس بەسەریدا تێپەڕیوە. ئەرکى ڕەخنەیە کە لاینە نەرێنیەکانى ڕۆمانەکە دەربخات. ژمارەى هەڵەکانى خەونى مەتڕان زۆرن بۆیە بەپێى زنجیرەى بەشەکان و لاپەڕە و ڕیزبەندى گێڕانەوە هەڵەکان دەخەمەڕوو. سەرەتا لە بەشى یەک و لاپەڕە (3) کاتێک مەتڕان سەرهەڵدەگرێت لە ئەشکەوتى دوورە دەست کە ڕەبەن بویایە دەژیێت ڕۆماننووس دەنووسێت: هەر بە هەمان ئەو بەرگەى کارکردنەوە لەسەر تەختە بەندەکەم ڕادەکشێم. ئایا سیسەمى تەختە لە ئەشکەوت چی دەکات. دواتر هەر خۆشى نووسەر لە بەشى دوو و لاپەڕە (18) ڕاستى دەکاتەوە و دەڵێت: ته‌خته به‌ندێكی لە به‌ردی پان دروستكراوی بۆ خه‌وتن دروستكردبوو‌. یاخود لە هەڵەیەکی دیکەدا لە بەشى یەک و لاپەڕە (😎 نووسەر دەنووسێت: بە په‌رۆشیه‌وه بە دوای ده‌نگ و باسی ئاوایی ده‌گه‌ڕا. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین پرسیاری هه‌مه‌جۆری ڕووبه‌ڕووی ئه‌م ڕێبوارانه ده‌كرده‌وه كە ده‌یدیتن. هه‌میشه بە تامه‌زرۆییه‌وه سه‌یری ده‌می ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد، كە باسی ڕووداوه‌كانی ئاوه‌دانیان بۆ ده‌كرد. حه‌زی ده‌كرد بزانێ له‌ ناو ئاوایی، یان له ‌خواره‌وه چی ده‌گوزه‌رێ. کەواتە مەتڕان لە دەمى ڕێبوارانەوە بەتەواى ئاگادارە لە خوارەوە و ئاوەدانى چى ڕوودەدات. هەروەتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (35) بەهەمان شێوە لە دەمى ئەشقیاکاندا هەواڵى خوارەوە دەزانێت و دەڵێت: ئه‌و ئه‌شقیایانه بۆ گه‌یشتنه‌وه‌یان بۆ بێشه‌كانی خۆیان بۆ هه‌وار‌و په‌ناگه‌كانیان به‌م دۆڵه تێده‌په‌ڕین، چونكە به ‌‌‌لایانه‌وه ڕێگایه‌كی لە بار‌و هه‌روه‌ها كورترین ڕێگا بوو بۆ گه‌یشتنه‌وه بۆ بێشه‌كانیان. كە ده‌یبینین لە ده‌می ئه‌وانه‌وه سه‌ربورده‌ و هه‌واڵی جۆراوجۆری وه‌ده‌ست ده‌كه‌وتن‌ و ده‌یبیستن، کەواتە ده‌یزانی لە ئاوایی ‌و ده‌وروبه‌ری چی ده‌گوزه‌رێ. کەچی لاپەڕەى دواتر دیسان دەڵێت: هه‌سته‌كان وایان نیشان ده‌دا، كە له‌و خواره‌وه ڕووداوی زۆر ڕویانداوه‌، یان ڕووده‌ده‌ن. بۆنێك ده‌خزایه ناو لوتی لە بۆنی سووتان‌ و بۆنی خوێن ده‌چوو. دواتر لە بەشى دوو و لاپەڕە (33) ئێژێت: منێك ساڵانێكی زۆر بێ ئاگا بووم، نه‌مده‌زانی له‌و ئاوایه‌ی من چی گوزه‌راوه‌، شه‌ڕ چ كاره‌ساتێكی خولقاندووه‌. كاتێك سه‌یری ناو ئاوایی ده‌كرد، ئه‌وه‌نده‌یتر، ترسی لێده‌نیشت. لێرە نووسەر لەبیرى چۆتەوە کە متران لە دەمى ڕێبواران و ئەشقیاکان ئاگادارى ورد و درشتى ڕووداوەکانى ناو ئاواییە.

لە بەشى یەک و لاپەڕە (10) نووسیویەتى: به‌ ته‌واوی پیته‌كانی لە یه‌كتر جیاده‌كردنه‌وه‌، سه‌روده‌رێكی لێده‌رده‌كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ نا، ورده ورده ده‌یتوانی شتێك بنووسێ ‌و بیخوێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێك شتیشی لە باره‌ی زانستەكانی ئایینه‌وه ده‌زانی ‌و وه‌ك شه‌ماشه‌یه‌ك لە ناو دێره ڕه‌فتاری ده‌كرد. وەلێ لە لاپەڕەى دواتر دەڵێت: مام قه‌شه یان شه‌ماشه بە هۆی سه‌رقاڵبوونیان بە كارێكیتر، یان لە سه‌فه‌ربان، بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌ندێك لە ڕێوڕه‌سمه ئاینییه‌كانیان، ڕاده‌ستی ئه‌و ده‌كرد، به‌ویان ده‌سپارد. بە تایبه‌تی لێدانی زه‌نگی كڵێسا، ته‌راتیل خوێندن ‌و نزاكردن، ڕێنمایكردن‌ و پێش نوێژكردن. ئایە جێ بەجێکردنى ئەم سرووشتە ئایینیانە پێویستى بەو زانیاری تەواو نییە. لە کاتێکدا لە سیستەمى ئایینخوازیى مەسیحیی. لەپاڵ خوێندنى ئایینیی کۆمەڵێک زانستی دیکە دەخوێندرێت وەک زمان و فەلسەفەى لاهۆت و تا دوایی.

لە بەشى دوو و لاپەڕە (17) نووسەر وادەپەیڤێنێت: بە هۆی به‌رده‌ستێیه‌كە ئاگری لە پوشه‌كە به‌رداو ئاگری دامركاوی ناو ئاگردانه‌كەی داگیرسانده‌وه‌. هەڵەکە لێرەیە ئاگرەکە دامرکاوەتەوە، نەوەک کوژاوەتەوە، پێویستى بە بەردەستێن نییە، بەڵکوو بە فوکردن و باوەشێن دادەگیرسێتەوە.

بۆیە خۆشى هەڵەکەى بەشى دوو و لاپەڕە (21) ڕاست دەکاتەوە دەڵێت: ده‌كرده‌وه‌و بە فوو ئه‌م ورده پولووه كه‌مێك گه‌رمی تێماوانه‌ی ژێر خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی ده‌گه‌شاندنه‌وه‌.

هەر لە لاپەڕە (١٧)دا دەنووسێت: بۆ ئه‌م ئێواره‌یه‌. دوای ئه‌وه‌ی قاوەڵتیه‌كی چه‌وری خوارد تێر‌و پڕبوو لە خواردنی گۆشتی كێویه‌كه‌. لێرەش قاوەڵیتیکردنى بۆ نانى ئێوارە بەکارهێناوە و ئەوە هەڵەیە، هەموومان دەزانین قاوەڵتى واتە کەمێک خواردنى پاڵوە نانێکى نێوان جەمەکان، نەک تێرخورادن لە ئێوارەدا.

لە بەشى دوو و لاپەڕە (30) دەڵێت: ده‌بێت هه‌موو بیركردنه‌وه‌مان بۆ ئه‌و جیهانه‌كه‌‌یتری شاراوه لێگه‌ڕێین. وا بیر بكه‌ینه‌وه خۆمان بده‌ینه ده‌ستی قه‌ده‌رێكی ون، سه‌رجه‌م خه‌ونه‌كانمان له‌ بار ده‌چن. ئەم تێکسەشى لە ڕووى ڕستەییەوە زۆر ناڕوون و ناتەواوە و لەسەرەوە دەڵێت خۆمان بدینە دەست جیهانێکى نادیار لە خوارەوەش دەڵێت خەونەکانمان لەباردەچن.

لەوە خراپتر ڕۆماننووس وەرزەکانى لێ تێکەڵ بووە، لەسەرەتاى ڕۆمانەکەدا نووسەر باسى ئەوە دەکات بەهارە و دەوورى ئەشکەوت گوڵ و گوڵزارە. تا مەتڕان دادەبەزێت کە ماوەى نیو کاتژمێڕ ڕێگەیە کەچى لێی دەبێتە وەرزی پایز، لە بەشى دوو و لاپەڕە (31) دەڵێت: لە گۆشه‌ی په‌ناگایه‌كی ئارامه‌وه‌، به‌ ده‌م ڕامانێ لە ئاواییه‌وه‌، لە سه‌مای هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵاكان ده‌ڕوانین. واتە تا لەشاخەوە گەیشتە شار بووە وەرزی پایز. لەهەمان بەش و لاپەڕە (38) دەنووسێت: خۆشی نه‌یده‌زانی ئه‌و ئاره‌قه كردنه‌ی ئی گه‌رمای وه‌رزه، یان ئی شه‌رمه‌زاری. کە گەیشت ئاوایى بەو پێیەى وەرزەکە گەرممە، کەواتە وەرزەکە بۆتە هاوین.

هەروەها لە بەشى دوو و لاپەڕە (26) دەنووسێت: به‌م به‌یانیه له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه هاژه‌ و ده‌نگی سولاوكه‌كان ده‌هات، بە هۆی ئه‌و بارانه زۆره‌ی، كە ڕۆژی پێشوو باریبوو، بە بن به‌رد‌و لوتكه‌ی شاخه‌كانه‌وه ده‌هاته خواره‌وه‌. جێى سەرسووڕمانە چۆن ئاو بەشاخ و لوتەکەکاندا بە سوولاکەکان دێتەخوارەوە، لە کاتێکدا ڕۆژێک بەسەر باران بارینیدا تێپەڕیووە. هەموومان ئەوە دەزانین ئاو ڕژان لە سولاوکە هەمووى چەند خولێک دواى وەستانى باران کۆتایی دێت.

سەبارەت بە دێوانە یەڵدا لە کار و وەسفەکانى وەک کەسێک ژیر باسى هەڵوێستەکانى دەکات کەچى لە بەشى دوو و لاپەڕە (54) بە کەسێکى نەخۆشى دەروونى وەسفى دەکات و دەڵێت: نه ژنی هه‌بوو نه منداڵ، لەڕووی ده‌ڕوونیشه‌وه كه‌سێكی نه‌خۆش بوو. نەبوونى ژن و منداڵ و بەڵگەنییە لەسەر نەخۆشى دەروونى کە ڕۆماننووس خۆی لە بەشی (دوو) و لاپەڕە (64) ئەوەى ڕوونکردۆتەوە، مرۆڤێکى بەهەڵویست و ژیرە.

لە بەشى چوار و لاپەڕە (84) دەنووسێ: كە چ دایكێكی میهره‌بانی هه‌بووه‌، بۆ‌وی هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، نه‌یده‌هێشت هه‌رگیز هه‌ست بە بێ باوكی بكات. لێرە ڕستەى هه‌م دایك ‌و هه‌م باوك، پێویستى بە بوو هەیە، رستەکەى پچڕاندووە و واتا ناگەیێنێت. لە بەشى پێنج و لاپەڕە (96) دا باسى دەکات دواى وێرانکارییەى شەقڵاوە لەسەردەستى عوسمانییەکان مەتڕان دواى گەڕانەوەى لەبەردەم ماڵە بەکاوڵ بووە کەیدا دادانیشت دەست لە چۆکان وەردێنێت و دەگریێت، کە لە چیرۆکەکەدا مەتڕان هیچ ماڵ و لانەیەکى نەبووە بەڵکوو لە دێرە ژیاوە، ئەگەر ماڵى هەبووبێت بۆ لە دێرە دەژیا؟! ئەگەر ئەم شوێنەى سەرتاش باسى دەکات دێرەبێت کەوتە ماڵ نییە. لە بەشى شەش و لاپەڕە (١٠٢) دا باسى ئەوەدەکات کە مەتڕان چاوی بە گۆڕی هاوبەشی موسڵمان و مەسیحییەکان دەکەوێت تووشی شۆک دەبێت بۆیە دەنووسێت: ئه‌وه‌ی به ‌لایه‌وه سه‌یر بوو ئه‌و هه‌موو مه‌زارگه هاوبه‌شه بوو، كە به‌بێ جیاوازی په‌یڕه‌وكه‌رانی ئاینه جیا جیاكان سه‌ردانیان ده‌كردن ‌و هه‌ر هه‌موویان بە ئی خۆیان ده‌زانی. هه‌ر چه‌ند ده‌یهێنا‌و ده‌یبرد، سه‌ری له‌و بازاڕه ده‌رنه‌ده‌چوو، دووچاری شۆكێك ببوو نه‌یده‌توانی وا بە ئاسانی وه‌ڵامێكی دروستی ده‌ستكه‌وێ. ئەمەش هەڵەیە چونکە مەتڕان خۆی خەڵکی شەقڵاوەیە و دەبێت ئەو ڕاستییە چاک بزانێت ئەمە بۆ کەسێکی لایدە و نەشارەزا بەم کلتوورە تەواوە، نەوەک بۆ کەسێک کە خەڵکی ناوچەکەبێت.

لە لاپەڕەی دواتر هەمدیسان دەکەوێتە هەڵەوە کە مەتڕان ڕۆڵی ڕابەرێکی ئایینی وەک شەماشەی بینیوە و پێشنوێژ و نزا خوێندنەوەی بۆ پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی کردووە و شارەزای تەواوی لە نزا و پڕانەوەی ئایینی هەیە، کەسێکی ژیریشە کەچی دەنووسێت: كه‌مێك خۆی ده‌چه‌مانده‌وه‌، لێوه‌كانی ده‌جووڵاندن نزای ده‌كردن‌ و ئینجیلی پیرۆزی ده‌خوێنده‌وه‌. خۆشی له‌ خۆی تێنه‌ده‌گه‌یی چی ده‌ڵێ، به‌ڵام به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕ به‌خۆ بوونەوە ده‌یزانی مردووه‌كان گوێبیستی پاڕانه‌وه‌كانی ئه‌ون ‌و لە نزاكانی ده‌گه‌ن. نازانم بۆچی بەم ئەندازەیە دەروون شێواوی دەکات لە کاتێکدا مەتڕان کەسێکی ژیر و هۆشمەندە.

لە بەشى حەوت و لاپەڕە (١٢٤) دا دوای ئەوەی مەتڕان دەگەڕێتەوە گوند چۆڵە و کاوڵبووە و کەسی تێدا ناژیێت. تەنیا چاوی بە یەک کەس دەکەوێت ئەویش فەقێ میرزایە بە پەشۆکاویی و سەر و ڕێش سپییەوە و دەڵێ: وا دیار بوو میرزا نۆبه‌ته ئاوی بوو، میراوی گوند ئه‌و كاته‌ی بۆ دیاری كردبوو، تا باخچه‌كه‌ی سه‌راو بكات، په‌له‌ی بوو، به‌ر له‌وه‌ی بگاته ناو باخچه‌كه‌ی، ڕێڕه‌وی ئاوه‌كە پاك بكاته‌وه‌. سەیرەکە لەوەدایە کە میرزا لە گوندێکی چۆڵبوو و وێران بوودا نۆبەتە ئاوی لەگەڵ کێدایە؟! لە کاتێکدا کە میراویش پێی ڕادەگەیێنێت، کەوەتا دەبێت گوند جمەی بێت تا ئاو بە نۆرە بێت نەوەک گوندێکی چۆڵ.

هەروەتر لە بەشى هەست و لاپەڕە (١٣٠) هەم دیسان گوندێکی کاوڵبووی چۆڵکراو وا دەخاتە بەر باس: (ده‌رباره‌ی سارا هیچ هه‌واڵێكی تازه‌ی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت. گه‌ر كه‌سێكیش لە ئاوایی لێی بپرسیبا هیچ هه‌واڵێكت ده‌ستكه‌وت؟ وه‌ك فیشه‌كە شێته به ‌ڕووی ده‌ته‌قیه‌وه‌،...) درێژەی پێدەدات و دەڵێ: خه‌ڵكی ئاوایی بە گه‌وره‌و بچووكه‌وه شاره‌زای بووبوون، توڕه‌بوون ‌و جوێندانه‌كانی ئه‌ویان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌ده‌گرت. کەوتە بە هیچ جۆرێک ئەو گەندە نە گوندێکی چۆڵکراوە و نە وێڕانەیە.

کارەکتەرسازیی

لە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕانی زرار سەرتاشدا پێچەوانەی ڕۆمانەکانی ژەنگ و شێت و فاتە هەڵۆ پڕبوون لە کارەکتەر، کە سەرنجی خوێنەری ئاڵۆز دەکرد. بەڵام رێک لە خەنەکانی مەتڕان پێچەوانە بۆتەوە کارکەتەرانی ناو ڕۆمانەکە زۆر کەمن تەنیا یەک پاڵەوان و سێ چوار کارەکتەری لاوەکی ڕۆڵێکی کەم دەگێڕن کە ژانری ڕۆمان تێرناکات و لە دەوری چیرۆکی درێژ دەسوڕێتەوە.

گۆشەنیگا

زرار سەرتاش لە گۆشەنیگاکانی خەونەکانی مەتڕان زۆر ورد و بە دیقەت بووە، دەتوانین بڵێین لە هەر بەشێکیدا گۆشەنیگایەکی تایبەتی هەیە و بۆ نموونە لە بەشی حەوت و لاپەڕە (١٢٣) دۆزینەوەی فەقێ میرزا و موسڵمان لای مەتڕانی مەسیحیی و لە چەند شوێنێکی دیکەدا گۆشەنیگای ڕوانینی بۆ ئیستبداد و تورکە عوسمانییەکان و بەرچاو دەکەوێت.

پەیام

پەیام لە خەنەکانی مەتڕاندا دەتوانین بڵێین باشترینی بەشی ڕۆمانەکەیە، کە ڕۆماننووس پەیامی ئاشتی و نیشتمانی و نەتەوەیی مرۆڤ دۆستی هەیە، بۆیە خەونەکانی مەتڕان لە پەیامدا زۆر بەرهەمدارە و ئامانجی پەیامەکەی دیار و پێکراوە.

 ئەنجام

لە ئەنجامی بابەتەکەمان گەیین بەوەی کە ڕۆمانی خەونەکانی مەتڕان کورتە ڕۆمانە و ڕۆمانی تەواو نییە، وەلێ لە ڕووی زمان و گیڕانەوە و وەسفدا کورتە ڕۆمانێکی جوانە و هەڵگری پەیام و گۆشەنیگای تایبەتە بە جیهان بینی و مرۆڤ دۆستی و هەڵگری پەیامی ئاشتیی و بەیکەوە ژیانە لە کوردستان و ئەمەش لەم کورتە ڕۆمانە بە قووڵی ڕەنگی داوەتەوە.

سەرچاوە

ڕۆمانى خەوەکانى مەتران. چاپى یەکەم ساڵى  2024چاپخانەى حەمدى سلێمانى.

گەڕان بۆ بابەت