ما 2673 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گۆران ڕەئوف

گۆرانییەک لە نێو گوێچکەکانمدا دەنگدەداتەوە،

باسی پایز دەکات

وەک ئەوەوایە باسی ڕۆحی من بکات!

ڕۆحێکی بریندار،

کە سەردەمانێکی کۆن، زۆر کۆن،

نەیزەکێک دەدات لە قوڵترین جێگای،

مەبەستم ڕۆحمە!

 

چوار ئێوارە، شکستەکانم دەخۆمەوە

 

گۆران ڕەئوف

 

١

ئێوارە دێمە دەرێ، دنیا ساردی ساردە،

ھەوای پایزان ھەمیشە دڵتەنگییەکی لەگەڵدایە

کەمن خۆشمدەوێت!

ئێستاش ھەروایە،

بێدەنگییەکی ترسناک لە کوچە و کۆڵانەکاندا ھاژەیان دێت،

گڤەی بایەکان مۆسیقایەکە وێنانەکراو،

ھەمیشە کە بەتەنیا پیاسەدەکەم،

زیاتر لەناو خۆمدام،

ڕۆچونێکی زۆر قوڵ دەبینم لە خەیاڵەکانمدا..

وەک تێکەڵبوونی پایز بە ھەنگاوەکانمەوە!

 

پایزان ئاسمان زیاتر لە ئاسمان دەچێت،

منیش زیاتر لەخۆم دەچم!

 

گۆرانییەک لە نێو گوێچکەکانمدا دەنگدەداتەوە،

باسی پایز دەکات..

وەک ئەوەوایە باسی ڕۆحی من بکات!

ڕۆحێکی بریندار،

کە سەردەمانێکی کۆن، زۆر کۆن،

نەیزەکێک دەدات لە قوڵترین جێگای،

مەبەستم ڕۆحمە!

گۆرانیبێژەکە دەڵێی ھاواردەکات..

وەک دڵی من،

ھەمیشە دەمەوێت بیسەلمێنم دڵ ھاواری نییە،

بەڵام ئێوارانی پایز خۆم گوێم لە ھاوارەکانییەتی!

مەبەستم دڵمە!

 

ئێوارە دێمە دەرەوە، خەیاڵم لای شتێکە!

جۆرێک مەستی ھەستپێدەم کە بەری خەیاڵەکانمی گرتووە..

بیرم دەچێت بەلای شەوی یەکەمی تەنیاییەوە!

ئەو شەوەی کە بۆ یەکەمجار

مرۆڤێک ‌ھەست دەکات تەنیایە..

بۆنی گوڵی دار پەرتەقاڵ دێت،

تێکەڵ دەبێت لەگەڵ بیرکردنەوە لە شەوی یەکەمی تەنیایی.

 

حەزدەکەم ھاوارێک بکەم!

من پێویستیم بە جەنجاڵی نییە،

بەڵام تەنیایشم خۆشناوێت!

 

ماوەیەکە زۆر لەخۆمدەکەم دەخەوم،

زۆر لەخۆمدەکەم لەخەو ھەڵدەسم،

ھەر بەزۆر دەرۆم بەرێدا، نانخواردن سەخترین شتە..

 

دەمەوێت ھاوارێک بکەم!

من حەزم لە ژیان نییە، بەڵام مردنیشم خۆشناوێت!

 

 

٢

 

کە بەتەنیشت ئێوارەدا دادەنیشم،

گوێ ڕادەدێرم بۆ کەوتنەخوارەوەی شیلەی شکستەکانم..

تک،

تک،

دەکەونە خوارەوە!

دڵۆپ،

دڵۆپ،

وەک ڕژانی ئابڕوی بیرەوەرییەکانم.

 

بیر لە گەرمای ھاوین دەکەمەوە؟!

تێدەگەم مرۆڤ بەبێ شکستیش ھەر نیگەرانە.

 

تا ئێستا دو جار لە مردنەوە،

خۆم ھەڵداوە بۆ گرتنەوەی شکستەکانم!

تا وەک پاڵتۆیەکی درێژ و گەرم

جەستەی بەستومی پێداپۆشم.

 

چاو لە شەڕەکان دەکەم

وەک داڕمانی چیا سەھۆڵییەکان دێن بەرەو دڵمان،

بیر لەو شەڕوانە ماندووە دەکەمەوە،

کە خوێن لە برینەکانی دەتکێ و

دەڕوا، دەڕوا..

ئەو شەڕوانەی گوللـە و شمشێری

ترسە ئەبەدییەکانی لە شەڕ، بەدوایەوەن.

دەمەوێت ھەردو دەستم بە چواردەوری دەممدا بگرم و

ھاواربکەم و بڵێم:

ھاوڕێ ئیتر بەسە،

ئەھا لە خوێندا ونبویت!؟

دەنگی بەجێھێشتنی شکستەکانم ناھێڵێت

گوێی لە دەنگم بێت!

 

تێدەگەم مرۆڤ بەبێ شکستەکانیشی، ھەر گوناھە!

 

ئێوارەیەک، ئێوارە بە تەنیشتمدا تێدەپەڕێت،

بۆنی خاکی تەڕبوی ڕێگا، دور دور دەمبات..

بۆنی تەربونی خاک یانی چی؟!

 

بیرم دەچێت بەلای ژیانەکەی جارانەوە،

بە بۆنی تەڕبوی خاک دەڵێم:

دەمەوێت ببم بەژیر ژیانە‌کە‌ی جارانە‌وە..

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ی جاران، بە‌سە‌ر سە‌رمدا تیپە‌ڕیت...

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ی جاران وە‌ک ماشینیک،

فە‌رتە‌ناش لە‌سە‌ر سە‌رم بکات!

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ی جاران،

خوین لە سە‌ر دڵم فیچقە پێبکات!

دەمەوێت ژیانە‌کە‌ی جاران وە‌ک بە‌ستە‌ڵە‌کە‌کان،

خە‌یاڵە‌کانم ببە‌ستیت!

دەمەوێت کۆیلە‌ی ژیانە‌کە‌ی جاران بم..

دەمەوێت وە‌ک بە‌ندکراویک،

لە تاریکاییە‌کانی ژیانە‌کە‌ی جاراندابم..

 

من ڕقم لە ئازادی دە‌رە‌وە‌ی ژیانە‌کە‌ی جارانە،

من دەمەوێت لە ژیانە‌کە‌ی جارانە‌وە دوبارە بژییە‌مە‌وە،

من دەمەوێت لە پە‌نجە‌رە‌یە‌کی ژیانە‌کە‌ی جارانە‌وە، ژیان ببینم،

من دەمەوێت کۆیلە‌ی ژیانە‌کە‌ی جاران بم.

 

بۆنی تەربونی خاک یانی چی؟!

 

تێدەگەم مرۆڤ بەردەوام لە ژیان ھەڵدێت!

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت