ئەدیب نادر

لەمێژ بوو پێویستم بە گەورەبوون بوو، بەڵام هەر دوام دەخست، ئەوا ئیتر کاتی بەدیهێنانی هات و هیچ پاساوێكیش بۆ دواخستنی نەما. سەداکەی قەرەباڵغییەکی پەرتوبڵاوی لەدەوروبەریدا خستە گەنمگردەوە. سەداکەی. ئاخر ڕووی مەتاڵەکەت بۆ کردبووە من؟! نەدەبوو ئاڕاستەکەی بگۆڕیت؟ ئاخر. ئاخر. لەوێوە بە جادە سەدییەکەدا پەڕییەوە و لەلای مزگەوتەکەی خەدیجەی کوبرا لایدا و خۆی بە کۆڵانەکەیاندا کرد و تاریکییەکی لە تاریکییەکانی تاراوگەیش ڕەشتری بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و گەیشتە ماڵەوە.                                                                                                                                                                

تارمایییەکی بەرجەستە

ئەدیب نادر

خۆری زەردە هێشتا بە تەمای ڕۆیشتن نەبوو، بێباك لەسەر تەنافە بێپایانە مەیلە و شینەکەی ئاسۆدا پرچی زێڕینی خۆی  هەڵخستبوو. تا زوو بگاتەوە، چووە خوار پردەکەی سەیداوە و چاوەڕێی پاسی کرد... دڵتەنگ بوو، بێڕادە دڵتەنگ، هەر ئەو ڕۆژە  وانەبوو، بۆ عەیامێك دەچوو بەردەئەستێی شادییەك نەبوو سەرلەنوێ چرا خامۆشەکانی دڵی دابگیرسێنێتەوە.. حەشامەتێکی بێشومار سرەوتبەدەرانە لەو دەوروبەرە کۆببوونەوە، هەموو هەر چاوەڕوان بوون بۆ ئەوەی بە ئاڕاستەیەکی جیاوازی شار جۆبڵاوی لێبکەن.. هەر پاسێك دەهات هینی هێڵەکەی ئەو نەبوو، شۆڕش... سەروەران... هەڤاڵان..عەنکاوە.. کەسنەزان..هەولێری نوێ... هەناسەیەکی تابڵێی سارد لێوەی سەری کرد... ڕانەهاتبوو وەرەوورد بکات، بەڵام..دواجار دەرووی لێکرایەوە... لەنگە... سێتاقان... لەنگە... شورتاوا... بە شەڕەشەق کورسییەك گرتییە خۆی..نەفەرەکەی تەنیشتی بە شێوەیەکی سەیر لە سەرو سەکوتی وردبووەوە، نەیزانی بە چ مەبەستێك ئەو چاوانە تێیانڕوانی، گەرچی پاکیش بوو، بەڵام وەك بڵێی تۆزی نەبوون دایگرتبێت،  بیری بۆ ئەوە چوو ڕیشەکەی هۆکار بێت، ئاخر لانیکەم سێ هەفتە دەبوو گوێزانی بەر نەکەوتبوو.. ڕیشێکی چەرمووی ئەوتۆ دەتووت گوێزی هیندی هاڕڕاوە..لە هەموو شتێك دابڕابوو، تەنانەت لەو غەڵبە غەڵبەی ناو پاسەکەیش ترازابوو، تا ئەو کاتەی گوێی لە "ئەو کرێیەمان بۆ کۆبکەنەوە"ی شوفێرەکە بوو..پێنج سەد دینارەکەی لە گیرفانەکەی باخەڵی چاکەتە نیلییەکەی دەرهێنا و بۆ ئەو لاوەی درێژ کرد کە کاری کۆکردنەوەکەی گرتبووە ئەستۆ... دیسان وەك سندیبادێك کەوتە سەر دوورگەیەكی دوور و دابڕایەوە... هەستی ئەوە بەرۆکی گرت کە نە سەر بەو کاتەیە و نە سەر بەو شوێنەشە! وەك ئەوەی بە زۆرەملێ هەڵدرابێتە ناویانەوە... ئەم هەستە ستەمکارە کرد بووی بە خاکێکی نەزۆك، خاکێك تەنها وێرانەی دەهێنایە ئارا. لە پەنجەرەکەوە چاوی ئاڕاستەی دەرەوە کرد، ئەگەرچی هێشتا تاریکیش دانەهاتبوو، کەچی ئەو تەنها پەی بە تاریکیی برد.  ئەوەی تاریکییەکەشی تۆختر کرد زەنگێك بوو، زەنگی ماسنجەرە نەعلەتییەکەی. . ئەمجارە وەکو جارەکانی پێشوو زەنگی مۆبایەڵە سڕسڕەکەی نییە کە هاوڕێیەکی دووروڵاتی چەندین جار لە سەردانییەکانی بۆی پێی دەوت لە دونیا کەسی تر نەماوە ئەم مۆبایەڵەی پێمابێ تۆ نەبێت!. بیگۆڕە. بیگۆڕە. ئەویش گەرچی حەزی نەدەکرد باگۆبداتەوە، بەڵام دەیووت من تا فێری بەکارهێنانی ئەمە بووم بەرد وتی چەق، چۆن لەگەڵ تازەکاندا ڕادێم کە بە دەیانجار لەمە ئاڵۆزتر و زەحمەت ترن.  نەیدەویست دابڕانەکەی لێ تێکبدرێت و.  لێ زەنگەکە قیرسچمەیەکی وابوو کۆڵی نەدەدا.  تەماشایەکی شاشەکەی کرد، نەیدەویست وەڵام بداتەوە، وەڵامی کێیش؟!ئەمە زەنگە زیقنەکەی پێشووی لە گوێچکەی زرینگاندەوە. هەر کە پاسەکە لە پێچەکەی تەنیشت نەخۆشخانەی ڕزگاریی هاتە ناو جادە سەدییەکە، سەرومڕییەکەی تاقەتپڕووکێن هەڵگەڕا، وەك بڵێی قەرزی لەسەر ئەم بێت و. بێچەندوچوون دەبێ لێی بە دەنگ بێ یان قەرزەکە بداتەوە! پاسەکە بێڕادە قەڵەباڵغبوو، کاتێ لە لەنگە نزیك کەوتنەوە، وەکو ڕوبۆتێك وتی کاکە دابەزین هەیە. لەدوای ئەو ڕۆژەی ئۆکتۆبەرەوە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەریدا هاتبوو  وەکو ئەوەی لە دەرەوەی خۆی و لە دەرەوەی جیهانیشدا بێت، بۆ خۆیشی نەیدەزانی چۆن پێناسەی ئەو گۆڕانکارییە بکات. کە دابەزی پەنجەی بە دووگمە سوورەکەدا نا. ئینجا بە نۆڕمەڵ زەنگەکە بەردەوام بوو. دڕدۆنگییەکەی پشتگوێ خست و دۆشاومژەی کەوتە سەر دوگمە سەوزەکە و گوێی سەرپشك کرد، چونکە دەمێك بوو بەڵێنی بەخۆی دابوو لەفزی لە لەفزی نەکەوێت.  ڕاستە گوێی سەرپشك کرد، بەڵام گوێیشی کە هەمیشە ئاژەڵێکی دەستەمۆ بوو، هەقی خۆی بوو بە مۆمی بێئومێدیی خۆی بئاخنێت و هیچ نەژنەفێت، بەتایبەتی هیچێك کە یەکێکی وەکو ئەو بە تەمابوو بیڕێسێ و پەرێزی پیسی خۆی پێ پاکبکاتەوە. پیتیکیش لە زارییەوە دەرنەهات. بەناو تەکسییە بەیەکداچووەکان پێچاوپێچ خۆی نقوومی بۆتەی تێك قژقژانی ئەو شوێنە بە هەراوزەنایە کرد کە لەوەتەی شارەکەی خۆی جێهێشتبوو هەنگاوەکانی لە هەموو شوێنێك زیاتر هەدادان و سەبوورییان پێی دەهات.  بێگومان ناوبەناو هەستەکانی شوورەیان لەدەوری خۆیاندا هەڵدەچنی و لە دونیای دەرەوە دادەبڕان تەنها چاوەکانی و یادەوەرییەکانی نەبێت، چاوەکانی،  ئەگەرچی پێڵووەکان نەدەهاتنەوە سەریان، لێ گشت شتێك لەبەردەمیاندا دەبووە تارمایی و تارماییش چەشنی با نە دەبینرا و نە دەستیشی لێ دەدرا. بەڵام یادوەرییەکان. لەم ساتەوەختانەدا فریادڕەس بوون تاکو بە ئامان و زەمان شتەکانیان لەبیر کاڵ نەبێتەوە. چونکە ئەم ئیدی باوەڕی بەوە نەمابوو فرسەتی دی تەنانەت بە هەڵەیەکی بچووکیش ببەخشێت. نەخوازەڵا. ئەوەی لەو ڕۆژە بەدیوومەدا ڕوویدا! هیچ پاساوێکیش دڵی نەدەدایەوە. ئەو، ئەوی ئەودیو هێڵەکەیش هەر دەیڕێسا و... ئەمیش لە دەرگادانەکەی چەند ڕۆژێك بەر لەو ڕۆژە شوومە هەستەکانیان ورووژاند و خستیانە ئاوڕدانەوە. کە گەیشتە دەرگاکە و کردییەوە، ماوەیەکی پێچوو، سەربار سەرکۆنەیەکی ناهەق بە تەنگەیدا درا. ئەوە چییە ئەوانەی لە هەندەران بوونە بۆ لە کردنەوەی دەرگا ئاوها دوا دەکەون؟ دە دەقیقەیە چاوەڕێم! دوای پتر لە بیست ساڵ و دوای ئەوەی لە خوشکە قەیرەکەیەوە بیستبووی کە لەدوای گەڕانەوەی ئەو بۆ شار، زوو زوو لە دەرگای دابوو، بێگومان بە پاساوی هەواڵ پرسینی ئەم، بەڵام لە ڕاستیدا بە نییەتێکی خراپەوە خۆی دەئاخنییە ماڵێکەوە کە پیاوی تێدا نەبوو، باوکی چوارساڵ زیاتر بوو کۆچی دوایی کردبوو، برا بچووکەکەشی ئاشقی ڕێگا هاتونەهاتەکان ببوو و دەمێك ساڵیشبوو سەرو شوێنیان لە ئاوە دوورەکاندا ونکردبوو. هەر خوشکە قەیرەکەی و خوشکە بێوەژنەکەی و کوڕە شەش ساڵانەکەی لە ماڵەوەدا بوون. ئاخر ڕەسەنزادە ڕێ بە خۆی دەدا کۆسپەی ماڵێك ببڕێت کە پیاوی تێدا نییە؟ دونیا تا دەهات بەلەزتر خۆی دەئاخنییە ناو باوەشە بە نهێنی ئابڵووقەدراوەکەی تاریکییەوە، گوێی هەر بە تەلەفۆنەکەوە بوو، بەر لەوەی بەڕوویدا دایبخات تەنها شتێك کە بیستی ئەوە بوو: ناونیشانەکەتم بدەرێ. ناونیشانەکەت. زۆر شت هەبوو وایان لێکردبوو ڕەزای ئەوی لا گران بێت و چاوی پێیدا هەڵنەیەت، وەکو ئەو سەروبەندەی لە شاخ ڕاوشکاری هەنگاوە گڵاوەکان بوون. بە وردیی نایەتەوە یادی گەنگەشە و مشتومڕیان لەسەر چی بوو، بەڵام چاك دێتەوە بیری کاتێ میلی چەکەکەی لێ هێنایەوە و خەریك بوو وەکو هەنگاو گڵاوێك بیکات بە نێچیر، بەڵام پاش قەدەرێكی کەم لوولەکەی کردە ئاسمان. و بە داخێکەوە وتی ئاخخخخخ نانو نمەکەکەی دایکت نەبووایە! ئیتر لە دڵی خۆیدا وتی نازانم ئەو کاتەیش هەروا بوویت، یاخود من لێت تێنەگەیشتبووم!؟ بەڵێ زۆر شت وایان لێکردبوو، بۆیە بڕیاری دابوو هەرچی چۆنێك بووە دیدار و گوفتاری خۆی لێ حەرام بکات. بەڵام. بە بێ فەرموو. بەرەو ژوورەوە ملی نا و ئەمیش پێیوابوو ئەو دە دوازدە مەترەی نابەینی دەرگاکە و ژوور و هەیوانەکەی وای لێبکەن لەو سەرکۆنە کردنەی تەریق بێتەوە و داوای لێبووردن بکات، وەلێ. !میوانی خۆ داوەتکەر بوو ئیدی!نەدەکرا پێچەوانەی هەڵسوکەوتی بۆماوەی مامەڵە بکات. هەرنەیسە. لەسەر قەنەفە قاوەییئاماڵە ڕەنگبزڕکاوەکە دانیشت و دانەنیشت چاوێکی بە کتێبخانە مامناوەنجییەکە و ژوورە بە کتێب قانگدراوەکەدا خشاند و وتی: هێشتا وازت لەمانە نەهێناوە؟. ئینجا دەستی خستە بەر پشتێنەکەی و دەمانچەکەی دەرهێنا و لە تەنیشت خۆی داینا. زۆر پێی قەڵس بوو، کەچی. کوڕە حەوت ساڵانەکەی ویستی دەستی لێ بدات، ئەم تێیڕاخوڕی.  منداڵەکەیش دڵی پڕبوو، خەریکبوو  بداتەگریان، تێیڕاخوڕییەوە، ئەویش دڵشکاو، پچڕ پچڕانە وتی منداڵانی گەڕەك هەموو هەیانە بۆچی بۆ منیشی ناکڕن؟. بە چاوێکی هەڵۆئاسایانە لەوی ڕوانی و بە نیگا بەرپەرچی سەرکۆنەکەی ئەوی دایەوە. ئەو مەتاڵە هێندەی تر مەزاجی لێڵ کرد. بچووکترین شتیشی ئەنجام بدایە قورس لەسەری دەکەوت، بۆیە بە خۆی وت لێگەڕێ با بەخێر بگەڕێت. ئەمە حیکمەتی دانسقەی باوکی بوو، ژێرلێوانە ڕەحمەتێکی بۆ نارد و هەرچۆنێك بوو دانی بەخۆیدا گرت.  بەڵام چاوەکانی وەك پەڕەی گوڵی بەیانیان شەونمیان لێ نیشت. بە هەڵچوونێکەوە وتی شلێر. شلێر.  وەرە یادوەر لەو دەمانچەیە دوورخەرەوە. پاش نیوەڕۆژەکردن، ئەم هەر مەنگ بوو، ئەویش بەردەوامبوو لە کردنەوەی کڵافەی پاڵەوانبازییەکانی خۆی، چۆنیش ببووە پەنجە بۆ ئەم و ئەو تا بیهێنن بە پەلەپیتکەدا. !لە دڵی خۆیدا وتی تۆ نانونمەکی دەستی داکمت کردووە و ئەوا هینی دەستی خێزانەکەی منیشت کرد، بەڵام بە هیچ کلۆجێك گومانم لەوە نییە کە زۆر بەدنمەکی.  بەدنمەكی و شەرتبێ نەهێڵم نانونمەکی کوڕەکەم بکەیت! ئەگینا بۆچی چەك لەگەڵ خۆت بۆ ماڵی من دەهێنیت. ؟ئیتر دەمەوعەسرێکی درەنگ ئەو هەورە خەڵووزییەی کەشوهەوای ماڵەکەی گەمارۆدابوو ڕەوییەوە. چەند ڕۆژێکی نەبرد، ئەو ڕۆژە لە یادەوەریی ئەمدا تۆمار کرا. وایش تۆمار کرا بە هیچ شێوەیەك نەسڕێتەوە. ئیدی لەگەڵ ئاپۆرەیەکی لە شوماربەدەر شاری بەجێهێشت، لە ڕێگەی نیگاکانیشییەوە وێنەی ملیۆنەها چاوی فرمێسکاویی لە ئەلبوومی یادیدا هەڵگرت و ڕۆیشت. بەڵام بۆ ئەوەی جارێکی تر بۆی نەگەڕێتەوە، چونکە ئیتر چاوی بەرایی نەدەدا شار ببینێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی لەوەش پەشیمان بێتەوە کە دوای ئەو هەموو ساڵەی تاراوگە، گەڕاوەتەوە، گەڕاوەتەوە ئەو شوێنەی جارێکی تر نابێتە سەرزێدی ئەو، ئەو شوێنەی تەنها و تەنها دەبێ لە دونیای یادوەرییەکانیدا بۆی بگەڕێت و لەڕاستیشدا چیدی بوونی نەماوە. ڕەنگی شەو تادەهات تۆختر دەبوو، تاوایلێهات ئەمیش بووە تارمایییەك. لێ تارمایییەکی بەرجەستە. بیری جەنجاڵتر هەڵگەڕا. تانك و زرێپۆشەکانی هاتەوە یاد کە شاریان گڵاو دەکرد و فس فس پاڵەوانەکانیش لە پێشبڕکێی ئەوەدا بوون کێیان تۆزی زیاتر  بەدوای خۆیدا بەجێبهێڵێت.  ئەوانەی سەری زمان و بنی زمانیان با بێن. با بێن.  بوو. ئەوانەی. .لە پڕێکا، هاوارێکی بەندکراو لە ناخی بەرهەڵدابوو، هاواری جارێکی تر جارێکی تر دەرگای من بۆ تۆ ناکرێتەوە. هاواری. لەمێژ بوو پێویستم بە گەورەبوون بوو، بەڵام هەر دوام دەخست، ئەوا ئیتر کاتی بەدیهێنانی هات و هیچ پاساوێكیش بۆ دواخستنی نەما. سەداکەی قەرەباڵغییەکی پەرتوبڵاوی لەدەوروبەریدا خستە گەنمگردەوە. سەداکەی. ئاخر ڕووی مەتاڵەکەت بۆ کردبووە من؟! نەدەبوو ئاڕاستەکەی بگۆڕیت؟ ئاخر. ئاخر. لەوێوە بە جادە سەدییەکەدا پەڕییەوە و لەلای مزگەوتەکەی خەدیجەی کوبرا لایدا و خۆی بە کۆڵانەکەیاندا کرد و تاریکییەکی لە تاریکییەکانی تاراوگەیش ڕەشتری بەدوای خۆیدا بەجێهێشت و گەیشتە ماڵەوە.                                                                                                                                                                

لەندەن2024 کۆتایی نیسانی

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت