هاوڕێ نەهرۆ
زانایەکی کۆمەڵناسی ئیراقی وەک دوکتور عەلی وەردی لە پەرتووکی کەسایەتی تاکی ئیراقی باسی دووفاقی ئەکا سەرەتا لە کەسایەتی جیهانی بە گشتی دواتر لە کەسایەتی تاکی ئیراقی، بۆ نموونە دەڵێ کەسایەتی تاکی ئیراقی لە نێوان قوناغی شوانکاری و قوناغی شارستانی لە نگەری گرتووە، تەنانەت لە پەرەگرافێک دا باسی شیزوفرینیا لە کەسایەتی ئیراقی دەکا.
تواندنەوەی تاک لە نێو وەهمی کۆدا
هاوڕێ نەهرۆ
بیخوفسکی پەرتووکێکی هەیە بە نێوی تاک و کۆمەڵگا، زیاتر لە چل ساڵە خوێندومەتەوە، دانەری ئەم پەرتووکە زیاتر باسی ئایدۆلۆژیا و تاک دەکا، وەک دەرئەنجامێک دەڵێ ئایدۆلۆژیەت کۆنترۆڵی سەرەکی رەفتاری کۆمەڵایەتی یە، ئەم قسەیە تا ئەو ڕادەیە ڕاستە کە ئایدۆلۆژیەتێکی دیاریکراو لە ئەلفەوە تا یاء لەسەر کەسێکی دیاریکراو ئیش بکا بە وردو درشتییەوە، ئەو باس لە دونیای سوسیالیستی و کۆمۆنیستی دەکا، بەڵام ئەم پێناسەیە جوڵانەوە ئاینی یەکانی دیکەش دەگرێتەوە، بەتایبەتی تەوژمە ئیسلامییەکان، کاتێ تەوژمێکی ئیسلامی دیاریکراو ئیش لەسەر تاکی کورد دەکا، ئاکام تاکێکی فونتامینتاڵی لێ دەرئەچی، بە هێج شیوەیەکی ئازادی تاکی ئەوانی دیکە قەبوڵ ناکا، سەرئەنجام ئامادەی دەکەن بۆ خۆتەقاندنەوە لە پێناو وەهمی بەهەشت دا، ئەم پێشەکی یە ئەسلی بابەتەکە نییە بەڵکۆ دەروازەیەکی پێویستە تا بچینە نێو چەمکی تواندنەوەی تاک لە نێو وەهمی کۆ دا، سەرەتا دەبێ دان بەوەدا بنێن کە شوناس وەهمە، هوشیاری وەهمە، دەسەڵات وەهمە، مەعریفە وەهمە، سەرئەنجام ئاگایی مرۆڤ وەهمێکی کارەبایی و موگناتیسی یە لە رێگای وشەو قسەوە لە مێشکی مرۆڤ دا دەچێنرێ، مرۆڤ لەسەرەتای لە دایک بوونییەوە لەگەڵ چەمکی وەهم رووبەرووە، وەهم لە هەموو بوارێکدا، لە بواری پەروەردەی خێزانی، وەهم لە گەڵ شوناس و یادەوەریی خێڵ، وەهمی مەعریفی و پەروەردەیی لە دەزگاییەکی مۆدرێن وەک قوتابخانە، وەهمی ئاینی لە بواری پەروەردەی ئاینی و مەزهەبی دا، لەڕاستی دا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی وەک سینییەکی باقلاوە لە رووی یادەوەریی و شوناس و پەروەردەی ئاینی و مەعریفی یەوە قاژ، قاژ بڕدراوە، قوڕ بەسەر یادەوەریی مناڵێکی دیاریکراو کە لەسەرەتای ژیانی چۆن سەر لەو هەموو شوناسە ئاڵۆزانە دەر بکا، لە کاتێکدا ململانی نێو شوناسەکان بەردەوامەو لە ئارا دایە، لە قۆناغی ناوەندی قوتابخانە، خێزانێکی مەسیحی لە شارەکەمان بوو، ئەلکولیان دەفرۆشت، کوڕەکەی لویس لە گەڵمان دا بوو لە پۆل بەڵام لە وانەی پەروەردەی ئاینی دەرئەکرایە دەرەوە، ئەم هەنگاوە خۆی لە خۆی دا بەشێکە لە ئازادی و رێز گرتنی مافی مرۆڤ و یەکسانی، بە واتای دەسەڵاتی قوتابخانە نایەوێ وەهمی دەسەڵاتی مەعریفی وەک ئیسلام بسەپێنێ بەسەر کەمایەتی پێکهاتەی مەسیحی لە کۆمەڵگای ئیراقی ئەو سەردەمە، بەڵام بۆ مێرد مناڵێکی وەکو من لەو دەمە هەزم نەکرا، بەچاوێکی نامۆ سەیرم دەکردن یەکەم سوورو سپی بوون وەک خێزانێکی دەوڵەمەند هاتنە بەرچاوم لە کاتێکدا ئێمە هەژار بووین، دووەم لە رووی ئینتمای ئاینی یەوە لە ئێمە جیاواز بوون، وەک لەسەرەتا دا گوتم شوناسەکان گەرچی وەهمیین بەڵام هەر لە فەزای وەهم دا وەک سینییەکی باقلاوە بە شێوەیەکی میتافوری خۆی دەنوێنی.
زانایەکی کۆمەڵناسی ئیراقی وەک دوکتور عەلی وەردی لە پەرتووکی کەسایەتی تاکی ئیراقی باسی دووفاقی ئەکا سەرەتا لە کەسایەتی جیهانی بە گشتی دواتر لە کەسایەتی تاکی ئیراقی، بۆ نموونە دەڵێ کەسایەتی تاکی ئیراقی لە نێوان قوناغی شوانکاری و قوناغی شارستانی لە نگەری گرتووە، تەنانەت لە پەرەگرافێک دا باسی شیزوفرینیا لە کەسایەتی ئیراقی دەکا، دەڵی کاتێ کەسایەتی ئیراقی تەنگاو ئەکەیت واز لە هەموو شوناسەکان دێنێ و دەگەرێتەوە سەر شوناسی بنەماڵەوە خێڵ، ئەمە لە کاتێکدا کە باسی هۆکارەکانی شکستی شوڕشی بیست دەکا لە وڵاتێکی وەک ئیراقی ژێر دەستەی بریتانیا لەو سەردەمە، سەبارەت بە وەهمی شوناس دوکتور عەلی وەردی دەڵێ مرۆڤەکانی نێو کۆمەڵگا هپنوتیزم کراون بە شێوەیەک لە شێوەکان بە واتایەکی دی بە خەوی موگناتیستی خەوێندراون، کاتی دەمرن بە شێوەیەکی کاتی وەئاگا دێنەوەو جارێکی تر دەچنە خەوێکی موگناتیسی دیکەی قووڵەوە، کەم کەس سەر دەر ئەکا لە مەبەستی هپنوتیزم و خەواندنی موگناتیسی، لە گوتاریکی دیکەدا دانم پێیاناوە کە ئێمە هەر لەسەرەتای تەمەنەوە گیرودەین بە وەهمی دەسەڵاتی شوناسەکان کە بریتی یە لە وزەی کارەبایی و موگناتیسی، بەواتایەکی دی مرۆڤ لە نێو توڕێکی ئەلکتروموگناتیسی دایە وەک چۆن هەر موبایلێک ژمارەی دیاریکراوی ماتماتیکی هەیە ئا بەو شێوەیە مرۆڤەکان رەقەم و نومارەیان هەن لە لایەن دەسەڵاتەوە بە پێ ژمارە مامەڵە لە گەڵ یادەوەرییان دەکرێ، بەڵێ وەک ژمارەی دۆسیەی قارەمانی رۆمانێکی کافکا بە نێوی دادگا، کاتی قارەمانەکە دەڵێ دەمویست لە دادگا بچمە ژوورەوە، پۆلیسەکە پێگوتم، تۆ ژمارەیەکی لە بیرکراوی لە دۆسییەکی تۆز لێنیشتوو، ئیدی قارەمانەکە بێهودە دەکەوێتە ژماردنی ئەسپی یەکانی سەر یەخەی پۆلیسەکە، دواتریش دەڵی ئێستا وەک سەگێکی هیچ و پووچ خۆم دەکوژم ! بەڕای من خەمی مرۆڤایەتی لەساتەوەختی ئێستا ئەوەیە مەرجەعە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارانی جیهان، ناکۆکی نێوان شوناسە جیاوازە لوکاڵیەکان نەلەقێنن، ئاکام شەڕوشوڕی لێ بکەوێتەوە، وەکو لەقاندنی دۆسیەی ئۆکراین بەمەبەستی هاتنە ناوەوەی ناتۆ یان شەڕی نیمچە بەردەوامی نێوان دەسەڵاتی ئیسلامی کە ئەمرۆ فەلەستین نوێنەرایەتی یی دەکا دژ بە دەسەڵاتی جوو وەک دەسەڵاتێکی بەهێزو سەرسەخت کە ئەمریکا هەمیشە پاڵپشتی یی دەکا وەک یەکخستنی نهێنی دەسەلاتی مەسیحی و جوو لە پشتی پەردەدا بە واتایەکی دیکە هاوکاری نێوان رێکخراوە نهێنیەکانی نێوان سیاو مۆسادی ئیسرائیلی.
ئەگەر بگەرێنەوە سەر پەرتووکەکەی بیخوفسکی سەبارەت بە تاک و کۆمەڵگا، شوناسەکان و دەسەڵاتە مەعریفیەکان و گرایش و مەیلە ئاینی یەکان تێکرا وەهمن، بەڵام کاتێ دەخرینە چوارچێوەی ئایدۆلۆژییەوە دەبنە کۆمەڵی ڕایەڵ و ئاراستەی کۆنترۆڵ کراو کە لە ئاکام دا رەفتاری کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆنترۆڵ دەکەن، بە واتایەکی دی هەر وەهمە لە ئاکام دا دەبێتە گۆڕانی فیزیکی، جەستەو مێشکی مرۆڤ وەک گوڵچییەتی لە نێو گروپێکی وەرزش وانی فوتباڵ، لە ئاکامی یاریەکە دا تۆپی جوراوجۆری دەسەڵات و شوناس دەگرێتەوە، بۆ هەر یەکێکیان کاردانەوەو واکنش نیشان ئەدا، لە توانای دایە هەندێ تۆپ بگرێتەوە بەڵام هەندێ تۆپی بەهێز گوڵی لێ دەکەن، مەبەست لێرەدا مرۆڤ هەمیشە سەرکەوتوو نابێ لە هەڵمژین و ناسینی شوناسەکان، چونکە بەریەککەوتن رووئەدا لە نێوان شوناسە جیاوازەکان، بەواتایەکی دی ڕێژەی وەهمێک لە وەهمێکی دی زیاترە، هەر بۆیە شەڕوشوڕی کۆمەڵایەتی زۆربەی لەسەر وەهمە، جنێو دان بە یەکتر جۆریکە لە بریندار کردنی بەهاکانی وەهم، لەڕاستی دا شەرەف وەهمە، کاتێ ئەم بەها وەهمییە بریندار دەکرێ، لە نەستی کۆ دا وەک پرنسیپێکی ڕەوشت جێگیرە کە دەبێ تاک کاردانەوە بنوێنێ بەرانبەر بریندارکردنی وەهمێکی دیاریکراو وەک بەهای شەرەف، وەهمی بەهای کۆمەڵایەتی. تەنانەت شەری نێوخۆ لە نێوان پارتە سیاسیەکان لەسەر بە گژدانی وەهمی بەها جیاوازەکانن سەرئەنجام دەسەڵاتدارانی جیهان وەک یاریکردن لە نێوان دوو تۆپی فۆتباڵ سەیری ئەکەن بۆ نموونە پارتێکیان بەرشلونەیە ئەوی دیکەیان ریاڵ مەدریدە گەرچی دیوێکیان خوێن ڕشتنە دیوێکی دیکەیان بۆ سەرگەرم کردنە، لێرەدا ئازار بەرجەستە دەبێ لە بەراورد کردن نێوان جیهانی رۆژئاواو رۆژهەڵات دا، سەربازەکانی شەری ناوخۆ سەر بە یەک میللەتن بەڵام ئایدۆلۆژیەتیان جیاوازە، هەڵگری سیمبولی وەهمی جیاوازن، سەرئەنجام بەم وەهمە جیاوازانە شەڕ هەڵدەگیرسێ، لێرەدا ئەگەر قسەیەک دەربارەی چەمکەکانی مارکس بکەم و بڵێم کە برسیەتی و تێری وەهمن، هیوادارم مارکسیستە وشکەکان بە کوفر لێم وەرنەگرن بەڵام ئەمرۆ دەکرێ خەڵکانێک بە گەردیلەو وزەی کارەبا تێر بکرێن ئەمە لە کاتێکدا ئەمرۆ دەسەڵاتی زانست هێلکە دروست دەکا ناڕاستەوخۆ لە هێلکەدانی مریشک دا، چەند ساڵێک پێش ئێستا بەرخی دولی کوپی کرا !
لەڕاستی دا مرۆڤ ئەگەر وەهمی برسی بوونی نەبێ نان ناخوا، بۆ ئاگاداری ئەوانەی دەچن بۆ سەر مانگ بۆ چەند رۆژێک حەب و کولاج دەخۆن، پێکهاتەی ئەو حەبانە ئەوە نییە تەنیا تێریان بکا بەڵکو وەهمی برسی بوون لایەن دەکوژێ، لەژیانی خۆم دا چەندین کرێکارم بینیوە نان و شوتییان خواردووە بەڵام وەک پاڵەوان ئیشیان کردووە، ئەمە لە کاتێک دا بیرکردنەوەی مرۆڤ دەگاتە ئاستێک تەنانەتە ئەلکولی بەهێزیش چارەی ناکا، شاعریکی شیوعی وەک موزەفەر نواب یادی بەخێر دەڵێ (أنا کما اسفنجة أمتص الحانات ولا أسکر) بەواتای من وەک ئیسفەنج باڕەکان هەڵدەمژم بەڵام سەرخۆش نابم. ژیاننامەی شاعرێکی فەلەستینیم خوێندەوە لە گێڕانەوەی دا دەڵێ (نحن شعراء مکهربة) بەواتای ئێمە شاعری کارەبا زەدەکانین، چەشنی ناڵی و مەحوی و جەلالدین ئەلرومی و دەیان شاعری دیکەی عاشق و خواپەرەست، دەکرێ و ڕێ تێ دەچی لە ئاکامی بارگاوی یادەوەریی بە ڕێژەی کارەبای دیاریکراو، یادەوەری دونیای عیشق و عاشق دروست بکرێ بەمەرجێ لە واقیع دا سیمبولیان هەبێ، هەر بۆیە دەڵێین (السیاسة فن الممکنات) بە واتای سیاسەت هونەری شێمانەکانە، لە کۆتایی ئەم بابەتە دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کەمرۆڤ دووجۆرە ئورگازمی هەیە، یەکەم ئورگازمی فیزیکی سەر جەستە گەرچی پروسەی خوڵقاندنی وەهم لەگەڵ دایە، دووەم، ئورگازمی روحی یان یادەوەریی ئەم جۆرە ئورگازمە سەراپا وەهمییە، بۆ نموونە فەیلەسوفی ئینگلیزی برتراندرسل باسی هەقیقەتێکی زانستی دەکا و دەڵێ، کاتێ مرۆڤ زانیارییەکی نهێنی لۆژیکی یان کۆمیدی لە یادەوەریی دا دەدۆزێتەوە لە ئاکام دا هەست بە بەختەوەرییەکی بێ پایان دەکا، ئەم جۆرە ئورگازمە پێدەڵێن ئورگازمی یادەوەریی یان روحی لە نێو دونیای وەهمی ئەبستراکت دا .
٥ / ٧ / ٢٠٢٤