هاوڕێ نەهرۆ

من دژی تەسەوف نێم لە وێنەی زوهدو مەیل و گرایشی ماسوشی و وێنە پاکەکەی لە وێنەی توانەوە لە نێو دەسەڵاتی باڵا چەشنی دەسەڵاتی باوک کە دواتر درێژ ئەبێتەوە بۆ دەسەڵاتی خۆداوەند وەک فروید ئاماژەی پێ دەکا، تەسەوف لە وێنەی ڕاستگۆیی، لە وێنەی تەرخان کردنی ساتەوەختی ژیان بۆ پەیام و ئەرکی شارستانی بەڵام دژی دیوی پەهلەوانی دەروەشەم کە لە خۆیان ئەدەن و خەڵک ئەترسێنن و ڕاستیەکان لە خەڵک چەواشە دەکەن و دەشارنەوە، دژی بەلاری بردنی خەڵکم.

گەردوون ئاوێنەی کەلتوورە

هاوڕێ نەهرۆ 

با سەرەتا بزانین یادەوەریی گەردوون چی یە؟ چۆن ئەگەین پێی، چۆن تەماسی لەگەڵ دەگرین ؟ ئاخۆ یادەوەریی سروشت بریتی یە لە مۆراڵێکی ئەستاندار، لە ڕاستی دا یادەوەریی گەردوونی، یادەوەریی سروشتە، یادەوەریی خوداوەندە بەشێوەیەکی میتافوری، خودا لە وێنە پۆزەتیڤەکەی دا، لە قورئان دا دەڵێ (ان اللە خلق ادم علی صورتە) بەواتای خودا ئادەمی دروست کرد لە وێنەو شکڵی خۆی، خودا لە وێنە پۆزەتیڤەکەی دا خودایەکی میهرەبانە، خودایەکی ڕاستگۆییە، خودایەکی روون و شەفاف و ترانسپارێنتە، سیمبولی خودا هەڵگری پەیامی باڵایە، خودا نوێنەری ویژدانی گەردوونە، سروشت و گەردوون بەپێ سیستەمێکی ماتماتیکی و فیزیاوی بەرێوە دەچن، سیستەمێک کە هەڵە قبوڵ ناکا، سیستەمێکی رێک و پێک، دڵە گەورەکەی سروشت و گەردوون وەک سەعاتێکی ئەوتۆماتیک بە پێ ترپەی دڵی زەمەن هەنگاو دەنێ بەرەوەر ئاسۆیەکی باڵاو باڵاتر، رووەو بەهای بەرزی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەنگەر دەگرێ، کاتێ ئێمە خاوەنی یادەوەریی گەردوون و سروشتین بە شێوەیەکی (تماهي) لەگەڵ سروشت و گەردوون هەنگاو هەڵدێنین، لێرەدا دەمانەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە ڕەگی چەمکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە نێو پانتایی و فەزای سروشت دایە، بۆ نموونە کاتێ وزە دابەش ئەبێ بەسەر گەردیللەکان دا هەر گەردیللەیەک دەبێ وزەی دیاریکراوی خۆی بەرکەوێت، دابەشبوونی زەمەن بەسەر یەکەی دیاریکراودا، خۆی لە خۆی دا شوناسی سروشت و گەردوونە، کەواتە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوری سیستەمێکە لە نێو یەکەی گەردوون و زەمەن و سروشت جێگیرە، تەنانەت پێش مارکس فەلسەفەو ئاینەکانی دیکە هەوڵیان داوە پەیامی سروشت و گەردوون سەبارەت بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی پەیڕەو بکەن، لەوانەیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی و رێفۆرم سەرکەوتنیان بەدەست هینا بێ بەڵام مارکس هات یاسا بنچینەیەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابوری کەشف کرد و ئیشی لەسەر کردو پەرەی پێدا، هەر چۆن پەیامبەران موسی و عیسی و موحەمەد دیاری و سەوقاتی خوداوەند بوون بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئاوا مارکس دیاری و سەوقات و ئەرمەغانی سروشت و گەردوون بوو بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی. تەنانەت ئەمرۆ لە سایەی گڵوباڵیزم و بازاری ئازاد، سەرمایەداری کەڵک لە دەستکەوتەکانی سوسیالیزم وەردەگرێ وەک دابین کردنی بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و بەتەنگەوەهاتنی داخوازییەکانی تاک لە نێو کۆمەڵگا دا، ئەگەر ئەمرۆ باس لە کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران بکەین چەشنی وڵاتی نەرویج، ئەوە دادپەروەریی شێوە گشتییەکەی تێپەڕاندووەو چووەتە کونج و کەلێنی داخوزییەکانی تاکەوە، ئەمرۆ لە نەرویج جگە لە چینی کریکار کە بەرەفاهییەتێکی تەواو دەژێ و چەندین یاسای بنچینەیی لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی دایەو جێگیر کراوە لە بەرنامەی سەندیکای کرێکاران، تەنانەت نەخۆشەکان و پیرەکان و دەرمان خۆرەکان وەک قوربانی دەستی قەدەر چاوییان لێ دەکەن، دەوڵەت بە پێ دام و دەزگاکانی هەر بەشەو فەرمانبەری خۆی بۆ دیاری کردووەو بەپێ بەرنامەیەکی روونی رۆژانە بەدەنگ داخوازییەکانی نەخۆش و پیرو دەرمانخۆرەوە دێن، مەسەلەی یادەوەریی گەردوون ئەوەیە ئیش لە سەر تایبەتمەندی تاک بکەین. ڕاستە گەردیللە بە پێ سیستەماتێک لە گەردوون دایە بەڵام گەردیللە لەرووی وزەوە تێر دەکرێ، لەهەمان کاتدا گەردیللە ئازادە، هەر بۆیە لێرەدا دەتوانم بڵێم چەمکی ئازادییش چەمکێکی گەردوونی یەو لە ناواخنی سروشت دایە. ڕاستە ئەرزو مانگ و خۆر بە پێ سیستەمێکی زەمەنی بەرێوە دەچن بەڵام لەهەمان کاتدا لە میانەی ئەو سیستەمەدا ئازادی رێژەییان هەیە لە بەرانبەر چەمکی بەرپرسیاریەتی دا، کەواتە لە لایەکەوە سیمبولەکانی سروشت بەرپرسن بەرانبەر دەورانی زەمەنی دیاریکراوی خۆیان بەهەمان شێوە ئازادییەکی رێژەییان هەیە، ئازادی و بەرپرسیاریەتی ئەو چەمکانەن کە ژان پۆل سارتەر و سیمۆن دی بۆڤواری خێزانی ئیشیان لەسەر کرد، وەک دووانەی دیالێکتیکی باس لە ئازادی و بەرپرسیاریەتی دەکەن، لێرەدا بە پێ تێگەیشتنی سارتەر دەبێ ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان ئازادی و بەرەڵایی بێ سنوور، بەرەڵایی کردەیەکی ئاژەڵانەیە، کردەیەکی دڕندانەیە، کردەیەکی بەزاندنی سنوورە، بۆیە دەبێ هەر رێژەیەکی ئازادی رێژەیەکی بەرپرسیاریەتی لەگەڵ دا بێ، لەم گوتارەمان دا ئاماژەمان بە دادپەروەریی و ئازادی کرد وەک چەمک لە هەناوی گەردوون و سروشتەوە سەریان هەڵداوە. مێژووی مرۆڤایەتی هەر لە ئەفسانە ئاینی یەکانەوە بگرە هەتا سنوورو دەسەڵاتی مەعریفی و زانستی لە هەناوی سروشتەو پێ دەر پێ هەڵقوڵاوە، ئەقڵی مرۆڤایەتی رۆژ لە دوای رۆژ ئیشی لەسەر ئەقڵی تاک و کۆی کۆمەڵگا کردووەو دەکا بەمەبەستی گەیاندنی ئاستی تاک و کۆی کۆمەڵگا بە ئاست و ئاراستەی ئەستاندار. لەڕاستی دا نیتشە لە پەرتووکی (بەم شێوەیە زەرادەشت دەپەیڤی) ڕایدەکەیەنێ و دەڵێ، کاتێ دەسەڵاتی باڵا ون بوو کەسایەتی مرۆڤ دەبێ ببێ بە کەسایەتییەکی سوپەرمان بە واتای ئەستاندار بە واتای سیستەماتیک و پێرفێکت و بێ هەڵەو کەم و کوڕی وەک پێرفێکتی سروشت بە شێوەی میتافوری ئەگینا سروشت زادەی فاکتەری نەرینی و نەگێتیڤیشە هەر بۆ نموونە بوومەلەرزە، توفان، لافاو، گەردەلوول، کەواتە شەڕئەنگیزییش لەناخی سروشت و گەردوون دا تا ڕادیەک بەڕێژەیەکی دیاریکراو بوونی هەیە بەڵام لەم سەردەمە دەسەڵاتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سازشێکی بەردەوام دایە لە بەرانبەر یادەوەریی سروشت و گەردوون، مەسەلەی پاراستنی ژینگە یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە دەسەڵاتی مرۆڤایەتی سەردەم سازش دەکا بەرانبەر بە سروشت تا وەکو سروشت ڕادەی شەڕئەنگیزیی کەم بێتەوە، کەواتە دەتوانین بڵێن سروشت و گەردوون سەرچاوەی دیوی جوانی و میهرەبانی و دادپەروەریی و ئازادی یە لە هەمانکاتدا هەڵگری دیوی مەرگ ئامێزی وشەڕانی یە، ئەو کەسانەی شەڕئەنگیزن و تاوان ئەنجام ئەدەن تا ڕادەیەک بەهرەمەندن لە شەرئەنگیزی سروشت، سروشت و گەردوون بۆ یان هەیە بە شێوەیەکی میتافوری توڕە بن و تاوان ئەنجام بدەن، گەرچی شەرئەنگیزی بەرهەمی گەمەی نابەرپرسانەیە نێوان یادەوەریی مرۆڤەکان کە دووپاتی دەکەمەوە بەشی لە مرۆڤەکان بەهرەمەندن لە شەرانگیزی سروشت و گەردوون. هەر چۆن دەقە ئاینی یەکان بە شێوەی گریمان و شێمانە لە یادەوەری سروشتەو هەڵێنجراوەو کوپی کراوە، هەروا دەڵێن ئەو دەسەڵاتەی تەوراتی نووسیوەتەوە پینج سەد ساڵ دیالۆگ لەگەڵ دەسەڵاتی میتافوری خوداوەند بووە.

مەسەلەی مۆراڵ و ڕەوشتی ئەستاندار تەنانەت عیرفان و تەسەوف تەماس گرتنە لەگەڵ یادەوەریی شووشەیی گەردوون لە لایەک لەلایەکی دی بەرهەمهینانەوەی کایە فیزاویەکانی سروشتە لەسەر یەکەی بایلۆژی وەک ئینسان، ئەو هەموو سروت و موسیقاو شیعرە بۆ ئەوەیە کە زمانێکی هاوبەش بدۆزننەوە لەگەڵ یادەوەریی شوووشە ئامێزی سروشت و گەردوون، هەر چەند ئەمرۆ زانست پەی بەوە بردووە کە باکگراوندی عیرفان و تەسەوف دیاریی بکا کە باکگراوندێکی کارەبایی و ئەلیکتروموگناتیسی یە بەمەبەستی بەهرەمەند بوون لە وزەی لە بن نەهاتووی یادەوەریی سروشت و گەردوون. لە ڕاستی دا عیرفان گەیاندنی ئاستی یادەوەریی مرۆڤە لە قوناغی ئاژەڵییەوە بەرەو قوناغی ئینسانی تەواو، لەقوناغی ئاژەڵی گیانلەبەر بە غەریزە مامەڵە دەکا، داخوازییە بایلۆژیەکان مۆتیڤ و هاندەری مرۆڤە لە نێو چوارچێوەی  کۆمەڵگا، بەڵام کە مرۆڤ ئاستی تێگەیشتن و بیرەوەریی و یادەوەریی گەیشتە ڕادەیەکی بەرز ئیدی مرۆڤ لە ڕوانگەی مۆراڵێکی ئەستاندارەوە لەگەڵ دەوروبەر مامەڵە دەکا، تەسەوفیش وەک کایەێیکی فیزیاوی لە نێوان شێخ و مورید بەرێوە دەچێ لەسەر بنەمایەکی ئەلیکتروموگناتیسی، بۆ نموونە ئەگەر فرینکوینسی یادەوەریی شێخ لە ٨٠٪ بێ ئەوا فرینکوینسی یادەوەریی موریدەکان لە ٢٠٪، یادەوەریی شیخ توانای خوێندنەوەو کەشف کردنی نهێنی یادەوەریی موریدەکانی هەیە، هەر بۆیە لە ئاکام دا  موریدەکان ملکەچی ئیرادەی شێخەکەیان دەبن، وەک گریمان وێنەی دەسەڵاتی خوداوەند لە نێوچاوانی شێخێکی دیاریکراو دەبینن لە کاتێکدا دا شێخ کابرایەکی (متعهد)ی دەسەڵاتی نهێنی جیهانی یە بە دیویکی تر نوێنەری سازمانی جاسوسی دونیایە لە شوین و مەقامی خۆی، ئیش لەسەر ڕاگرتنی باری کۆمەڵگا دەکا لە چوارچێوەیەکی غەیبی دواکەوتوو، ئەگەر نە ئەوروپاییەکی بەرفراوان، ئەمریکاو روسیا و ئوسترالیا بەو پان و پۆرییە نە تەکیەیەک نە خانەقایەک نە شێخێکی دیاریکراو تیا نییە، لێرەدا من دژی تەسەوف نێم لە وێنەی زوهدو مەیل و گرایشی ماسوشی و وێنە پاکەکەی لە وێنەی توانەوە لە نێو دەسەڵاتی باڵا چەشنی دەسەڵاتی باوک کە دواتر درێژ ئەبێتەوە بۆ دەسەڵاتی خۆداوەند وەک فروید ئاماژەی پێ دەکا، تەسەوف لە وێنەی ڕاستگۆیی، لە وێنەی تەرخان کردنی ساتەوەختی ژیان بۆ پەیام و ئەرکی شارستانی بەڵام دژی دیوی پەهلەوانی دەروەشەم کە لە خۆیان ئەدەن و خەڵک ئەترسێنن و ڕاستیەکان لە خەڵک چەواشە دەکەن و دەشارنەوە، دژی بەلاری بردنی خەڵکم. ئێمە وەک خەڵکی زانست خواز تا ڕادەیەک روحانی، دەشێ دان بەدەسەڵاتی خوداوەند بنێن بەشێوە فیزیاوییەکەی، بەشێوە زانستی یەکەی، لە کۆتایی دا دەڵێم، ئەگەر نیتشە، مەرگی خوداوەندی ڕاگەیاند بەڵام دەسەڵاتی خداوەند بە شێوە زانستی یەکەی دەسەڵاتێکی ئەزەلی و نەمرە و شایانی رێزەو لەئاستی دا سەر دادەنوێنین!

 

گەڕان بۆ بابەت