هاوڕێ نەهرۆ

مرۆڤ لەم گەردوونە زەبەلاحە پڕ وزە کارەبایە هەرگیز سەربەخۆ نییە، مرۆڤ لەسایەی یادەوەریی و شوناسی کۆ هەرگیز سەربەخۆ نییە، یادەوەریی تاک هەر بۆیە لەنێو یادەوەریی کۆ دا ئەتوێتەوە تا وەکو بەرگەی دەسەڵاتی یادەوەریی گەردوونی سروشت بگرێ و هاوئاهەنگ و هاودەنگ قەدەری فیزیکی لە خزمەتی تاک و کۆی کۆمەڵگا بێ، دوور لە خەم و خەفت و گریان و بیهۆدەیی .

یادەوەریی تاک و کۆ

هاوڕێ نەهرۆ 

سەرەتا یادەوەریی مرۆڤ یادەوەریی تاکە. شوناسی مرۆڤ شوناسی تاکە، بەڵام بازنەکانی خێزان و قوتابخانە و گەڕەک و زانکۆ هەروا دەزگای سیاسی و مەدەنی وا لە مرۆڤ دەکەن شوناسی کۆ هەڵبگرێ، هەر بۆیە مرۆڤ گەرچی لە رواڵەت دا وەک یادەوەریی تاک مامەڵە دەکا، وەک شوناسی تاک رەفتار دەکا، بەڵام لە ناواخن و گەوهەردا ئینسان نوێنەری 'کۆ'یە، ئینسان لە گەوهەردا هەڵگری یادەوەریی کۆیە، هەڵگری شوناسی کۆیە. لەوانەیە خوێنەری بەرێز پرسیاری ئەوە بکا چۆن ئێمە وەک یادەوەریی تاک رووبەرووی دیاردەکان دەبینەوە، بەڵام هەڵگری یادەوەریی کۆین. لەبەر ئەوەی لە یادەوەریی گەردوونی دا هەر یادەوەرییەک لە رێگای شەپۆلی کهر و موگناتیسی یەوە دەنووسی و تەماس دەگرێ لەگەڵ چەندین یادەوەریی دا، ئەو یادەوەرییانەی سیمبولی هاوبەش لە نێوانیان دا هەیە لە هەمان کاتدا شوناسی هاوبەشیان هەیە، فرینکوینسیان لێکەوە نزیکە، کاتێک بە ئینسانێک دەڵین (خارق القدرة) بەواتای توانای ڕادەبەدەری هەیە لەبەر ئەوەی یادەوەریی دیاریکراو، توانای کێش و جەزبی چەندین یادەوەریی دیکەی هەیە، بە رێگای ناڕاستەوخۆ دەبێتە خاوەنی ئەو تواناو سیفەتانە، لە هەمان کاتدا دەبێتە خاوەنی زانیاری، دەبێتە خاوەنی وزە تەنانەت بۆن وەک سیمبۆلێکی کیمیاوی دەگوازرێتەوە لە نێوان یادەوەریی کەسەکان هەر بۆیە لە روایەتی ئیسلامی دا هاتووە (النظافة من الایمان) بەواتای پاکی لە ئیمانەوە دێت، لێرەدا مەبەست لە خۆدی پاکی نییە، پاکی جل و بەرگ، پاکی لەش، پاکی هەناسە، مەبەست لەوەیە ئەگەر یادەوەریی تاک پاک بوو لە هەموو رووەکانەوە بەهرەمەند دەبێ لە روح و گیان و یادەوەریی ئەوانی دیکە، ئەگەر مرۆڤ پیس بوو، روح و گیان و یادەوەریی کۆ لێ دەڕەوێتەوە، هەر بۆیە وەک یادەوەریی خۆی بە تەنیا دەمێنێتەوە کە خۆی بە تەنیا مایەوە بەرگەی شەپۆلەکانی گەردوون و یادەوەرییەکانی دی ناگرێ، یادەوەرییەکانی دی هاوئاهەنگی و هاوکاریی ناکەن ئاکام دووچاری بێزاری و وەڕس ئەبێ لەهەمان کاتدا توانای کەم دەبێ لە رووبەرووبوونەوەی کێشەوگرفتەکان لێرەدا سروشت و فەزاو ئەتمۆسفیر ئەو شوێنەیە کە تیایدا یادەوەرییەکان یەک دەگرن، تێکەڵی یەک دەبن، هەر بۆیە وەک گریمان دەکرێ یادەوەرییەکی تاکی دیاریکراو بە نێوی شوناسی کۆ وەوە قسە بکا و دەربڕی موعانات و پەیامیان بێ مەبەستم بەشێوەی ڕاستەوخۆ نییە بەڵکۆ بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیامەکان لە یادەوەریی دا کۆ دەبنەوەو یەکانگیر دەبن و لە رێگای یادەوەرییەکی دیاریکراوەوە دەردەبڕدرێ، لێرەدا وەک ئاشکرایە سەرەتا سروشت دروست بووە ئەوجا ئینسان، ئینسان وەک یەکەیەکی بایلۆژی ڕەنگدانەوەی یەکەی سروشتە، ئەگەر لە پێکهاتەی سروشت ورد بینەوە ئەوە ئۆرگانەکانی ئینسان لە نێو سروشت دا بە ئاشکرا بوونی هەیە، لێرەدا گەردوون یادەوەریی هەیە، مێشکی هەیە، دڵی هەیە، شادەماری هەیە، پروسەی بایلۆژیی تیایە، تەنانەت دەڵین بەرد زاوزێ دەکا، بۆ نموونە سروشت دووی ئۆکسیدی کاربۆن هەڵئەمژێ ئۆکسجین دەر ئەدا تەنانەت دەڵێن جەنگەلەکانی ئەمازۆن سییەکانی مرۆڤایەتین کەواتە پروسەی داهێنانەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بەواتایەکی دی داهێنەران سەرەتا ئیشیان لەسەر سروشت کردووە وەک لە بابەتێکە باسمان کرد یەکسانی و دادپەروەری خواستی سروشتەو وەک بیروکە لە نێو یەکەی سروشت هەڵهێنجراوە تەنانەت ئازادی وەک چەمک خواستی سروشتە، سیمبۆلەکانی سروشت وەک ئەستێرەو خۆرو مانگ و گەردیلەکان تا ڕادەیەک ئازادن دواتر بەرپرسیارن بەرانبەر بەو ئازادییەیان کەواتە لە مەداری خۆ دەرناچن هەر بۆیە مارکس و نیتشە و سارتەر و دەیان فەیلەسوفی دیکە سەرەتا ئیشیان لەسەر سروشت کردووە وەک گریمان هەر یادەوەریی سروشت بووە وێنەوە بیروکەی سوسیولۆژی پێشکەش بەوانی کردووە لەچەشنی وەهمی مەعریفی هەر لە بابەتێکی دی گوتمان ئاینەکان و دەقەکانیان وەک وەهمی مەعریفی لە (احداثیاتی)  شوێن و کاتی سروشتەوە وەرگیراون، سروشت خاوەنی سیستەمی رێک و پێکە، خاوەنی مۆراڵە، هەر بۆیە ئاینەکان هەوڵ ئەدەن مۆراڵ و ڕەوشتی مرۆڤەکان ئەستاندار بێ تاوەکو هاوئاهەنگ و هاودەنگ بێت لەگەل مۆراڵ و ڕەوشتی سروشت، یەکەی سروشت دڵی گەورەو فراوانە هەمیشە خۆی تازە ئەکاتەوە، لە هەڵەی مرۆڤەکان ئەبورێ ئاکام دەڵێن دڵی خوا گەورەو میهرەبانە، دەسەڵاتی سروشت و دەنگ و ڕەنگی یادەوەریی مرۆڤەکان لە یەکەی گەردوون پێناسەی خودایەکی میهرەبانە، ڕەنگە خوێنەری بەرێز پرسیاری ئەوە بکا کە سروشت خاوەنی شەڕئەنگیزییە وەک بوومە لەرزەو گەردەلوول و رووداوی سروشتی، کاتێ مرۆڤ بە خراپە ئیش لەسەر سروشت بکا، ئاکام سروشت ڕەنگدانەوە ئەنوێنی، مرۆڤایەتی لەدیالۆگی هەمیشەیی و بەردەوام دایە لەگەڵ سروشت، سروشت خاوەن یادەوەریی شەفاف و روون و ترانسپارێنتە، یادەوەریی مرۆڤەکانیش بە هەمان شێوەیە، کاتێ نیتشە داوای مرۆڤی باڵاو سوپەرمان دەکا لەبەر ئەوەیە دڵی سروشت رازی بکەن، ئەوەی بە پێ دڵی سروشت رەفتار نەکا، ماشینی گەوەرەو زەبەلاحی سروشت، لە رێگای قەدەری فیزیکی یەوە لەقەیەکی لێ ئەدا لە پروسەی ژیان ئەیکاتە دەرەوە، وەک گوتمان یادەوەریی تاک سەربەخۆ نییە، پەیوەستە بە یادەوەریی و شوناسی کۆ وەوە، یادەوەریی تاک لە رێگای دەسەڵاتی کۆ وەوە مامەڵەو رەفتار دەکا و هیزو توانای خۆی دەخاتە روو، وێرای ئەوەش یادەوەریی گەردوونی سروشت ناڕاستەوخۆ یادەوەریی تاک و کۆ بەشێوەیەکی ئەوتوماتیکی بەڕێوە دەبات، تاڕادەیەک یادەوەریی گەردوونی سروشت بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرپرسە بەرانبەر یادەوەرییەکان بۆ نموونە مرۆڤ هەر رەفتارێک بکا ئەنجامی پەیوەست بوونییەتی بە یادەوەرییەکانی دیکەوە لەگەڵ یادەوەریی گەردوونی سروشت، بۆ نموونە جوڵەی ترافیکی رێگاو بان تا ڕادەیەک وەک گریمان ڕەنگدانەوەی جوڵەی ئەستێرەکانە لە رێگای شەپۆلەکانی ئەلکتروموگناتیسی و وزەی یادەوەریی گەردوون و سروشتەوە یادەوەریی تاکەکان کۆنترۆڵ و ئاراستە دەکا بۆ ئەوەی ماشینەکان بە شیوەیەکی رێک و پێک بە لای یەک دا تێپەڕن، دیارە دەسەڵاتی مرۆڤەکان لە رۆژگاری ئەمرۆ دا ئەوەندە پەرەی سەندووە، دەستکاری وردی سیستەمی سروشت دەکا، بەم شێوەیە سروشت ڕەنگدانەوە دەنوێنێ و خۆی لە قەدەری فیزیکی بەرجەستە دەکا، بۆ نموونە رووداوی دڵتەزێنی کۆمەڵایەتی و تەرافیک و هاتو وچوو و بوونی شەڕەنگیزی ئەنجامی دەستکاری کردنی سیستەمی سروشتە لە لایەن دەسەڵاتی مرۆڤەکانەوە ئاکام کار لە یادەوەریی تاک و کۆ دەکا و ئاراستەی ناخوازراو بە خۆوە دەبینی. ئەوەی دەڵێ یادەوەریی تاک سەربەخۆ یە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی یاغنیشە، یادەوەریی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک سەربەخۆ نییە، ئەگەر تا ڕادەیەک سەربەخۆ بێت، ئەوە سەربەخۆ بوونیکی ڕێژەیی یە، جبران خەلیل جبران دەڵێ ئەوەی تاوان ئەنجام ئەدا، هەموومان لێ بەرپرسیارین بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕاستی دا هەمیشە یادەوەریی کۆ ئاراستەی یادەوەریی تاک ئەکا، دواتر یادەوەریی سروشت و گەردوون ئاراستەی هەردووکیان دەکا، لێرەدا دەمەوێ رەتی بۆ چوونیکی سیغموند فروید بکەم کە دەڵێ خوشەویستی بەرهەمی غەریزە وئالووشی سێکسی یە، لێرەدا من دەڵێم هەندی جار خوشەویستی وەک رەفتار بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە پیداویستی سێکسی یەوە نییە، لە وانەیە ئەو کەسەی خۆشت دەوێ لەبەر رەفتاری بێ یان لەبەر هەڵویستی بێ یان لە پێناوی خۆدی خۆشەویستی بێ وەک مانایەکی ئەبستراک، خۆشەویستی زۆر لە پروسەی فیزیکی سێکس قووڵترە، خۆشەویستی مەودایەکی ئینسانی بەرفراوانی هەیە بە هەمان شێوە سەربەخۆیی درۆیەکی زللە، هیچ کات بە شێوەیەکی ئەبستراک مرۆڤ سەربەخۆ نییە، مرۆڤ گیرودەیە بە دەسەڵاتی یادەوەرییەکانی دیکەوە، گیرودەیە بە توڕەکانی دەسەڵاتی گەردوونی سروشتەوە، ئەگەر مرۆڤ سەربەخۆ بێ ئەوە سەربەخۆ بوونیکی ڕێژەیی یە، لە زەمەنێکەوە بۆ زەمەنی دی، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی دەگۆڕدرێ، مرۆڤ لەم گەردوونە زەبەلاحە پڕ وزە کارەبایە هەرگیز سەربەخۆ نییە، مرۆڤ لەسایەی یادەوەریی و شوناسی کۆ هەرگیز سەربەخۆ نییە، یادەوەریی تاک هەر بۆیە لەنێو یادەوەریی کۆ دا ئەتوێتەوە تا وەکو بەرگەی دەسەڵاتی یادەوەریی گەردوونی سروشت بگرێ و هاوئاهەنگ و هاودەنگ قەدەری فیزیکی لە خزمەتی تاک و کۆی کۆمەڵگا بێ، دوور لە خەم و خەفت و گریان و بیهۆدەیی .

 

گەڕان بۆ بابەت