موحسین ئەمینزادە
بیرمەندان و هونەرمەندانی ڕۆمانسی، جەختکردنەوەی لە ڕادەبەدەر لەسەر عەقڵیان بە سنووردارکردن و ستەمکارانە بۆ ڕۆحی مرۆڤ دەزانی. هەروەها جەختیان لەسەر پێکهاتەکانی وەک هونەر، سۆز، وروژاندن، خەیاڵ، تەوەری ڕۆحی، ڕێوڕەسم، هێماکان دەکردەوە و ئاگاداری ڕۆڵی ئەفسانە بوون لە بنیاتنانی شوناس لە کۆمەڵگادا. لە نێو هاوەڵانی ڕۆمانسیدا، بابەتی تایبەت لە بابەتی گشتی بەنرختر بوو و تایبەتمەندی کولتوورە ناوخۆییەکان، فرەچەشنی و فرەیی زمانی مرۆڤ، شوناسە ناوخۆییەکان و تایبەتمەندی مرۆڤەکان ستایش دەکرا.
ڕۆمانسیزم ڕاپەڕینێک لە دژی سەردەمی ڕۆشنگەری
موحسین ئەمینزادە
بزووتنەوەی فیکری، ئەدەبی و هونەری کە لە کۆتایی سەدەی ١٨-هەمدا لە ئەڵمانیا دەستی پێکرد، سنوورەکانی ئەو وڵاتەی تێپەڕاند و لە هەر شوێنێک جۆرێک لە ناڕازیبوونی کۆمەڵایەتی ببووایە، لە خۆی دەگرت. سەردەمێک لە مێژووی ڕۆشنبیری ئەوروپای ڕۆژئاوا کە بەرهەمەکانی خۆی لە هونەرە بینراوەکان (تجسمی)، ئەدەب و مۆسیقادا پیشان دەدا.
گرنگی ڕۆمانسیزم (سەردەمی ڕۆمانسیزم) ئەوەیە کە لە چەند سەدەی ڕابردوودا گەورەترین بزووتنەوە بووە کە ژیان و بیری جیهانی ڕۆژئاوای گۆڕیوە.
لە وتووێژی ڕۆژانەدا هەندێک جار دەبیستین کە مرۆڤ نابێت ڕۆمانسی بێت، یان بۆ نموونە باشترە لە ڕوانگەیەکی ڕۆمانسیەوە سەیری پرسێکی دیاریکراو نەکات و ئەم جۆرە بابەتانە، لە ڕاستیدا ڕۆمانسیزم زۆر زیاترە لەمانە. ئەو ڕووبەرەی کە ئەم قوتابخانەیە کاریگەری لەسەرە نەک هەر هونەر و ئەدەب، بەڵکو هەموو بیر و بۆچوون و بیرۆکەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بزووتنەوە ئاینییەکان و تەنانەت ئابووریش دەگرێتەوە.
ڕۆمانسیزم، بەرامبەر کلاسیزم
لە ڕەوتی بیرکردنەوەی کۆمەڵگای ڕۆژئاوادا، دوای گەشەکردنی زانست و ئیدیعا گەورەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، قۆناغی ڕۆمانسیزم دەردەکەوێت و ئیدیعای زانستی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە سنووردارەکان بە ئەگەرەکانیەوە لە هەموو شتێکدا. ڕۆمانسیزم ڕووبەڕووی کلاسیزم دەبێتەوە و بە چالشی دەگرێت. مەبەست لە کلاسیزم ئاماژە بەو بزووتنەوەیە کە پشتی بە دروستکردنی بەرهەمی هونەری و ئەدەبی بە ئیلهام لە هونەری کۆن (یۆنان و ڕۆم) بەستووە و گەڕانەوە بۆ بنەما و بەها جوانکارییەکانە. بە پێچەوانەی هونەری کۆن و کلاسیک، ڕۆمانسیزم ڕۆحی هونەری مۆدێرن نیشان دەدات. ئیشایا بەرلین Isaiah Berlin بە گەورەترین گۆڕانکاری دەزانێت کە مرۆڤی ڕۆژئاوا لە ژیانیدا تووشی بووە. ئەزموونێک کە دەرئەنجامەکانی بریتی بوون لە لیبرالیزم و لێبوردەیی و تێگیشتن لە کەموکوڕیەکانی ژیان، هەروەها زیادکردنی تێڕوانینی عەقڵانیمان بۆ خۆمان. دەربازبوون لە چوارچێوە و ئەو کاتەی کە هەیە، یەکێکە لە توخمە سەرەکییەکانی ڕۆمانسیزم. ڤیکتۆر هوگۆ لە پێشەکی شانۆنامەکەی هێرنانیدا بە "ئازادی لە هونەردا" وەسفی دەکات.
پێناسەی وردی ڕۆمانسیزم ئاسان نییە، تەنها ئەوە دەزانین کە کاریگەری لەسەر هەموو کاروباری مرۆڤی ڕۆژئاوا هەبووە و قسەی یەکەمی دەکەرد لە ئەوروپا لە کۆتایی سەدەی ١٨ و ناوەڕاستی سەدەی ١٩هەمدا.
کەسانی وەک گۆتێ، شیلەر، هۆڵدەرلین، ڤیکتۆر هوگۆ، شاتۆبریاند، لامارتین، ئەلێکساندەر پوشکین، لێرمونتۆڤ، ویلیام بلەیک، بیتهۆڤن، مێندێلسۆن، ڤاگنەر و هتد گەورەترین هونەرمەندەکانی ڕۆمانسین.
ڕۆمانسیزم لە کۆتایی سەدەی ١٨ دەستی پێکرد - سەردەمی سەرکەوتنە دیارەکانی زانست. لەو کاتەدا عەقڵانیزم هێندە بێباکانە بە پەلە بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت، هەست و تێگەیشتنی خەڵکی وەک دیوارێک لە بەرانبەر خۆیاندا دەیبینی. بۆیە بە ناچاری هەوڵیدا پەناگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە.
ڕۆمانسیزم ئاماژەی بە شتێک دەکرد کە کلاسیزم بە نەگوتراوی جێهێشتبوو، واتە ئەو هێزە نادیارانە و هەروەها ئەو ڕاستییەی کە وەسفی وشک و فۆرماڵی مرۆڤ و لێکدانەوە بە پێی کەسانی وەک "ئێلۆیسیۆس" و "جەیمس میل" و "ه.جی. وێڵز"، لە مرۆڤ، گوزارشت لە تەواویەتی خۆی ناکات.
چەمکی فرەیی و بێ سنووری یەکێکە لە دەستکەوتەکانی ڕۆمانسیزم. ڕۆمانسیزم گەیشتە ئەو دانپێدانانەی کە لایەنی هەستی مرۆڤ، بەتایبەتی لایەنی ژیانی دەرونی مرۆڤ کە پشتگوێ خرابوو، گرینگیی تایبەتی هەیە.
بیرمەندان و هونەرمەندانی ڕۆمانسی، جەختکردنەوەی لە ڕادەبەدەر لەسەر عەقڵیان بە سنووردارکردن و ستەمکارانە بۆ ڕۆحی مرۆڤ دەزانی. هەروەها جەختیان لەسەر پێکهاتەکانی وەک هونەر، سۆز، وروژاندن، خەیاڵ، تەوەری ڕۆحی، ڕێوڕەسم، هێماکان دەکردەوە و ئاگاداری ڕۆڵی ئەفسانە بوون لە بنیاتنانی شوناس لە کۆمەڵگا.
لە نێو هاوەڵانی ڕۆمانسیدا، بابەتی تایبەت لە بابەتی گشتی بەنرختر بوو و تایبەتمەندی کولتوورە ناوخۆییەکان، فرەچەشنی و فرەیی زمانی مرۆڤ، شوناسە ناوخۆییەکان و تایبەتمەندی مرۆڤەکان ستایشی دەکرا.
ڕۆمانسیزم، کاردانەوەیەک بەرامبەر بە شۆڕشی پیشەسازی
سەرهەڵدانی ڕۆمانسیزم دەرئەنجامی چەند هۆکارێکی کۆمەڵایەتی بوو، لە نێوانیاندا دەتوانین ئاماژە بە شۆڕشی پیشەسازی لە ئینگلتەرا بکەین. شۆڕشی پیشەسازی جگە لە کاریگەرییە گۆڕانکاری و ئەرێنییەکانی، بووە هۆی لەناوچوونی سروشت و ژینگە و پەرەسەندنی جیاوازیی چینایەتی و ژێردەستی و چەوسانەوی چینی کرێکار. هەروەها دەسەڵاتی حوکمڕانی قازانجخواز بوو و لە سەرووی هەمووشیانەوە زیانی بە هەست و سۆزی ئینسانی و ئازادی و سەربەخۆیی خەڵکی ئاسایی گەیاند. ئەم پرسە یەکێک بوو لە پاڵنەرەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ژێر ئاڵای ڕۆمانسیزمدا.
ڕۆمانسیزم لە ڕاستیدا کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە شۆڕشی پیشەسازی. هەروەها ڕاپەڕینێک بوو دژی نۆرمەکانی ئەرستۆکراتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی سەردەمی ڕۆشنگەری ڕۆمانسیزم شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی نوێ و دەربڕینی دونیابینی نەوەیەک بوو کە چیتر باوەڕیان بە بەها ڕەهاکان نەبوو و باوەڕیان نەدەکرد لە هەر بەهایەکدا بەبێ ئەوەی بیر لە ڕێژەیی و سنووردارکردنی مێژوویی بکاتەوە. هەموو شتێکی لەسەر بنەمای گریمانە مێژووییەکان دەبینی، چونکە وەک بەشێک لە چارەنووسی شەخسی خۆی، ڕووخانی کولتووری کۆن و سەرهەڵدانی کولتوورە نوێیەکەی ئەزموون کردبوو.
ڕۆمانسیزم و سەرهەڵدان و ڕووخانی ناپلیۆن
شۆڕشی گەورەی فەرەنسا و دەرئەنجامەکانیشی بووە هۆی ئەوەی ڕۆمانسیزم ژیانێکی نوێ وەربگرێت. بۆچی؟ چونکە بووە هۆی گۆڕینی پەیکەری کۆمەڵگەی ئەوروپی و گۆڕانی لە فۆرمێکی فیۆداڵیەوە بۆ فۆرمێکی بۆرژوازی و کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕۆشنبیران و نووسەران هەبوو. ئاخر سەردەمی ڕۆمانسی لە ژێر کاریگەریی شەپۆلە یاخیبووەکانی شۆڕشی فەرانسە و کەوتنی ناپلیۆن بۆناپارتدا بوو و وەک دەرئەنجامی ئەوان ئەژمار دەکرێ. پەیوەندییەکی سۆزدار و عیرفانیی و لە هەمان کاتدا پاوانخوازانەی لەگەڵ خەڵکدا هەبوو و لەو سەردەمەدا کەم نووسەر، یان شاعیر دەدۆزرێتەوە کە لە ژێر کاریگەری حوکمڕانی شانزە ساڵەی ئەودا نەبووبن. کاتێک هیگڵ ناپلیۆنی بینی کە سواری ئەسپێکی سپی بووە، بە ستایشێکی زۆرەوە وتی: "ڕۆحی گەنج لەسەر ئەسپێکی سپی لەبەر چاوانم دەرکەوت".
شۆڕشی فەرەنسا بە گشتی ناسکیی نەزمی سیاسیی دەسەڵاتدار و ئەگەری دروستکردنی سیستەمێکی سەربازیی نوێی لەسەر بنەمای ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی ئاشکرا کرد و ڕۆمانتیکەکان کە پڕ بوون لە ئایدیالیزم، ئەم پێشهاتانەیان وەک نیشانەیەکی باش وەرگرت و بە جۆش و خرۆشەوە ستایشیان کرد.
فەیلەسوفەکانی وەک یۆهان فیخت و فریدریش شێلینگ کتێب و بابەتیان نووسیوە و، وتارگەلی جۆراوجۆریان لەسەر شۆڕشی فەرەنسا پێشکەش کردووە. بیرمەندانی دیکەی وەک کانت و هیگڵیش گرنگییان بە ستایشکردنی شۆڕشی فەرەنسا و شیکارییەکانی داوە.
رەگەکانی بیری ڕۆمانسی هاوکات لەگەل مرۆڤایەتی لەدایک بوون
بەرهەمەکانی ئەدەبی کۆنی جیهان زۆر بەرزن لە ڕووی خەیاڵ و هەستەوە (کە بە دوو تایبەتمەندی سەرەکی ڕۆمانسیزم دادەنرێت). لە هەموو بەشەکانی دونیادا، کاتێک بەرهەمە ئەدەبیەکانی ڕابردوو دەخوێندرێتەوە، دەتوانرێت بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لە تایبەتمەندییە ڕۆمانسیەکانیان تێبگەین. ڕۆمانسیزم سوودی لە ئاشنابوونی بیرمەندانی ڕۆژئاوا بە جیهانی ڕۆژهەڵات وەرگرتووە. چونکە ئەم بابەتە زەمینەی بۆ جەختکردنەوە لەسەر لایەنە نهێنییەکانی مرۆڤ کردەوە. وەرگێڕانی چوارینەکانی خەیام، گۆلەستانی سەعدی، شاهنامەی فێردۆسی و چیرۆکی هەزار و یەک شەو هەموویان لەم ساڵانەدا ئەنجام دراون. لە ساڵی ١٧١١ 'ژان شاردین' کتێبی سەفەری خۆی بڵاوکردەوە. مۆنتیسکیۆ نامەی ئێرانی نووسیوە، گۆتە دیوانی ڕۆژهەڵاتی نووسیوە و ستایشی حافیزی کردووە، شۆپنهاوەر لە ژێر کاریگەری عیرفانی ڕۆژهەڵاتی و بودادا بووە و زۆر بیرمەندی دیکەش بە نووسینی سەفەرنامە و وەرگێڕانی کتێبی ڕۆژهەڵات یارمەتی خێراکردنی ئەم پرۆسەیەیان داوە. هەندێک پێیان وایە میراتی ئەفلاتون تێکەڵ بە ئایینی مەسیحییە (کە هەروەها ڕۆژهەڵاتییە) و لەگەڵ قوتابخانەی نیۆپلاتۆنیدا دەسەڵاتی زیاتری بەدەستهێناوە و سەردەمی نوێی ڕۆمانسیزمی دروستکردووە.
جگە لە شۆڕشی پیشەسازی ئینگلتەرا، شۆڕشی گەورەی فەرەنسا و ئاشنابوونی بیرمەندانی ڕۆژئاوا بە جیهانی ڕۆژهەڵات - تیۆری مەعریفەی فیختە، هەروەها ڕۆمانێکی گۆتە بە ناوی "ویلهێلم مایستەر" کاریگەری زۆریان لەسەر دروستبوونی ڕۆمانتیزم هەبووە.
ئەو ڕۆمانەی کە باسی لێوە دەکرێت چیرۆکی خۆپەروەردەکردنی مرۆڤێکە کە لە دەرەوەی ژیانی بێ ڕۆحی بۆرژوازی ئەو سەردەمە چارەنووسی خۆی دیاری دەکات. وەسفێکە بۆ خۆ باشترکردنی مرۆڤی ماندوونەناس و وەسفێکە کە چۆن دەتوانێت بە ئیرادەی خۆی شارەزا بێت و، شتێک بگۆڕێت. جگە لەوەش نۆسینی گۆتێ بۆ ڕۆمانتیکەکان سەرنجڕاکێش بوو، چونکە لەناکاو لە حاڵەتێکی جدییەوە باز دەداتە دەربڕینێکی ئیستاتیک، شیعریی و لیریکی و لەناکاو شیعرەکە بەجێدەهێڵێت و بەخێرایی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان نۆسینی مێلۆدی و جیددی.
هەروەها شتەکان مانای شاراوەیان هەیە
لە بواری ئەدەبیدا، بڵاوبوونەوەی شیعرەکانی ئۆسیان، شاعیرێکی داستانی سکۆتلەندی، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پەرەسەندن و فراوانبوونی مەیلە ڕۆمانسیەکان هەبوو. هەروەها بڵاوبوونەوەی ئەدەبیاتی سەدەکانی ناوەڕاست و بەرهەمەکانی شکسپیر لە ئەوروپا، کە ڕەوتێکی نوێی لەناو شاعیران و نووسەراندا دروستکرد و تەحەدای بەهاکانی ئەو سەردەمەی کرد.
بەهاکانی وەک:
- پاراستنی پلەبەندی کۆمەڵایەتی،
- حوکمی حیکمەت و عەقڵی ساغ بەسەر جیهانی هونەر و ئەدەبدا،
- وەرگێڕانی وشە بە وشەی بەرهەمەکانی بیرمەندانی یۆنانی و ڕۆمانی کۆن
هەڵبەستە لیریکییەکانی Lyrical Ballads "ویلیام وارد زۆرت" و "ساموێل کۆلەریج" لوتکەی ئەم پەرەسەندنە فەلسەفی و ئەدەبییە بوون. لە پێشەکییەکانی هەڵبەستە لیریکیەکاندا، وۆرد زۆرت پێشنیاری هەڵبژاردنی بابەتەکانی کرد کە لە ژیانی مرۆڤە ئاساییەکان وەرگیراون و، دەربڕینی ئەم بابەتانە بە زمانێکی سادەیە.
شاعیرانی وەک "جۆن کیتس" و "ویلیام بلەیک" نەک هەر لە شیعرەکانیاندا هێمایان بەکارهێناوە، بەڵکو کۆنتێکستی شیعرەکانیان لە کەش و هەوای نهێنی و ڕابردووی دوورەوە هەڵبژاردووە و دەربڕینێکی خەوناوییان بە شیعرەکانیان بەخشیوە.
شاعیری ئینگلیزی "پێرسی بیشێ شێلی" دەڵێت: "من هەردەم لەو شتەی کە دەبینم بەدوای هاوشێویی شتەکم کە دووا ئێستا ئەو شتە بەرجەستە و ماددیی تێدایە".
ڕۆمانتیکەکان بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی هێزی خەیاڵ، لە ڕاستیدا بناغەی بیرکردنەوەی نیوکلاسیکیان کە زۆر پشتی بە عەقڵی ساغ و تێگەیشتن دەبەست، لەناو برد. لەخۆڕا نییە کە لە زۆرێک لە بەرهەمەکانی ڕۆمانتیکدا، کارەکتەری سەرەکی شورشگێرێن و دژ بە هەلومەرجی باو دەوەستن.
ڕۆمانسیزم تەنیا قوتابخانەیەکی ئەدەبی نییە و، لە ڕاستیدا بە هەڵچوونێکی کۆمەڵایەتی - سیاسی دادەنرێت.
بزووتنەوەیەک کە هەموو فۆرم و ڕێسا و ڕێکەوتن و نەریت و سنووردارکردنی دیکەی کلاسیزمی بە بەربەستێک لە بەردەم تێگەیشتن لە سروشت و چێژوەرگرتن لێی و دەربڕینی ئوو دەزانی و، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ سنووردارکردنەکاندا پێکنەدەهات. بەهای بە هەست و خەیاڵ دەدا و، پێی وابوو کە لە عەقڵ کە ئیشی بازرگانیە، باڵاترە. بڕیاریدا کە هونەرمەند نابێت بە دیل لە ژێر کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی و هونەریدا بمێنێتەوە. پێویستە هەست و تێگەیشتنی خۆی دەرببڕێت، هیچ شتێک و کەس لەبەرچاو نەگرێت.
جیا کردنەوەی ڕۆمانسیزم وەک قۆناغێک لە مێژووی ئەدەب و هونەری نوێدا لە ڕۆمانسیزم وەک دەرکەوتنی دینامیکی ناوخۆیی مۆدێرنیتە پێویستە.
ڕۆمانسیزم ڕۆڵێکی زۆر گەورە دەگێڕێت لە بڕیارەکانی خەڵکدا
لە بەرامبەر ئەو ستەمکارە زاڵ و دۆڕاوانە کە بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی نەک تەنها هۆشیاری، بەڵکو نائاگایی و نیمچە ئاگایی تاکیشان دەستکاری دەکرد، ئازادیخوازەکان لە ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و لە دروستکردنی فەزا و ئاسانکاری بۆ کۆکردنەوەی مرۆڤەکان مەیدانی ڕۆمانسیان بەکاردەهێنا و پێویست بوو بەکاری بهێنن. ناکرێ خەڵک بەرەو بزووتنەوەیەکی یەکگرتوو و درێژخایەن بە تەنیا خواستی نەرێنی و نکۆڵیکردن لە بارودۆخی هەبوو و تەنیا مردن بۆ ئەمە و مردن بۆ ئەوە ببەین. هەروەها سۆز، ڕق، خۆشەویستی، ئیمان، بێزاری، هاوسۆزی، ناڕەحەتی، ئازادکردن، حەسرەت، حەماسەت، ئیکستازی و ئازادی بێ واستەی عەقڵ وا لە مرۆڤ دەکەن کار بکات.
ڕۆمانسیزم ڕۆڵێکی زۆر گەورە لە بڕیارەکانی خەڵکدا دەگێڕێت. ئێمە کاتێک درک بەو ڕاستییە دەکەین کە کۆمەڵگاکەمان بە باشی بناسین. هەندێک جار هەستیاری دڵێکی بەسۆز بەنرخترە لە هەڵسەنگاندنی بە پەلە و گاڵتەجاڕی حەکیمێکی خوێن سارد. هۆشیاری سیاسی تێکەڵەیەک لە زانینی دوو بواری فیکری و ڕۆمانسییە و زۆرێک لە ئێمە بێ ئاگاین لەو ڕاستییە.
ڕۆمانسیزم لە سەرەتاوە جۆرێک لە شێوازی ئەدەبی بوو
سیفەتی ڕۆمانتیک لە وشەی لاتینی ڕۆمانتیکوس (Romanticus) وەرگیراوە و ڕەگەکەی وشەی ڕۆمانە، کە ڕەگەکەی ڕۆمانۆ (Romano) بە واتای ڕۆمی هاتووە. ڕۆمان لە فۆڕمی سەرەتایی خۆیدا ئاماژەی بە چیرۆکێک دەکرد کە نەک بە زمانی لاتینی بەڵکو بە زمانی زگماکی وڵاتە جیاوازەکانی ئەوروپا یان زمانە ڕۆمایاییەکان نووسراوە و پێکهاتەیەکی نوێی هەبووە بەو مانایەی کە پەیڕەوی لە یاسا کلاسیکییەکان نەکردووە.
لە ڕاستیدا هەڵبژاردنی وشەی ڕۆمانسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەدەی یازدەهەم و دوانزەهەمدا زمانە ڕۆمانییەکان ئامرازی دەربڕین بوون بۆ خەڵکی ئاسایی و ئەو ناوەڕۆکانەی کە بەم زمانانە دەربڕدراون زیاتر چیرۆک بوون و ئەو هۆنراوەانەی کە چیرۆکی شوڕشگێڕان و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ڕێوڕەسمی شوڕشگێڕی و کردەوەی سەیر و بە شێوەیەکی نهێنی هاتووە. ئەم جۆرە چیرۆکانە بە پێچەوانەی ئەو بەرهەمانەی کە بە زمانی لاتینی نووسراون و ناوی "کلاسیک"یان لێنراوە، پێیان دەگوترا "ڕۆمان".
لە سەدەی ١٨ (ز) نموونەی کلاسیک و دەربڕینی کلاسیک بە تاکە نموونە و پێوەرێکی دروستی ئەدەب و هونەر دادەنران و ئەدەب و هونەری سەدەی ناوەڕاست بە نوێنەرایەتی شێواز و داب و نەریتی فیکر و ژیانی سەردەمی جاهیلی دادەنران، کە نەیدەتوانی لەگەڵ کەسانی خاوەن کولتووردا بگونجێت. بەڵام لە کۆتایی سەدەی ١٨ و دەیەی یەکەمی سەدەی ١٩-هەمدا مەیل و ژیانی فیکری بەتەواوی گۆڕانی بەسەردا هات و ڕۆمانسیستەکان هاتنە گۆڕەپانەکە کە حوکمی گشتییان قبوڵ نەکرد و باسی دوو جیهانی جیاوازیان دەکرد. بۆ یەکەمجار نووسەری ئەڵمانی فریدریش ڤۆن شلێگل ئەم دوو جیهانە و بەرهەمە بەنرخەکانی بە کلاسیک و ڕۆمانسی جیاکردەوە.
بەڵام وردە وردە ئەم یاخیبوونە لە بواری ئەدەب و هونەرەوە بۆ بواری کۆمەڵگا و سیاسەت درێژ بووەوە و، لەو بوارانەشدا ڕۆحی ڕۆمانسیزم لە دژی ڕۆحی ڕاسیۆنالیزم وعەقڵانی لە ئەوروپا لەو سەردەمەدا هەڵکشا. خەڵکانی تر بێزار بوون لەو عەقڵاکیەتەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە دوای ڕێنێسانسەوە حوکمڕانی کردبوو و لەو قوتابخانە ئەدەبیانەی کە تایبەتمەندیەکانیان بە وردی پێناسە و ژمارەیان بۆ کراوە.
لەم قۆناغەدا لەپاڵ عەقڵدا پشتی بە هەست و سۆز بەسترا و ئەوەی لە سۆز و وروژاندن ئیلهامی وەرگرتبوو، بە جوان و ڕاستگۆ دادەنرا.
ڕۆمانسیزم بەهای تاکایەتی و ڕێز بە ئازادی هونەرمەند دەدات
1. ئیرادە (شتێک نییە بە ناوی مەحاڵ و هەر ئاستەنگێک تێپەڕێنرێت)،
2. گەڕانەوە بۆ سروشت (بۆ سروشتی ڕەسەن و ڕاستەقینەی مرۆڤ)
3. ڕێزگرتن لە تاکایەتی لە پێکهاتەکانی ڕۆمانسیزمە.
ڕۆمانسیزم ناسنامەیەکی بە مرۆڤ بەخشی. دوای ئەوە بوو کە نووسراو زیاتر کەسایەتی پەیادەکات و چیرۆکی کورت و درێژ زیاتر ڕێزیان لێدەگیرێت. سەرهەڵدانی جۆرە جیاوازەکانی ڕۆمان یەکێکە لە دەرئەنجامەکانی ڕۆمانسیزم.
ڕۆمانسیزم بۆ گەڕاندنەوەی سەربەخۆیی و ئازادی تاکەکەسی مرۆڤ، جەخت لەسەر تاکایەتی مرۆڤ و باڵادەستی سۆز و خەیاڵ بەسەر عەقڵدا دەکاتەوە. بە واتای عەقڵی بازرگان کە بەناوی ئیمتیازەوە ڕاستییەکان پشتگوێ دەخات.
بێگومان ڕۆمانتیکەکان گەڕانی فیکرییان بە تەواوەتی بێمانا نەدەزانی، بەڵکو پێیان وابوو عەقڵ تەنیا نوێنەرێکی بەشەکی بەهرەکانی مرۆڤە. ئەوان دەسەڵاتی مرۆڤیان زۆر گەورە دەبینی کە تەنیا ملکەچی عەقڵ بن و پێیان وابوو هۆشیاری لە چەمکی عەقڵ تەنیا بەشێکە لە ناسنامەی مرۆڤ.
شکسپیر لە زمانی هاملێتەوە وتی: بیرکردنەوە (تەنها) هەموومان دەکاتە ترسنۆک. ئیرادە هەر کاتێک لەگەڵ بیرکردنەوە بە وریایی تێکەڵ بوو، هێزی خۆی لەدەست دەدات.
ڕۆمانسیزم دەبێتە تێپەڕبوونی ڕۆحی فاشیستی
ڕۆمانتیستەکان ڕەسەنایەتی بە هەستەکان دەبەخشن و ماناداریش دەیانبینن، بەڵام جگە لە دەربڕینی عەقڵانی و لۆژیکی ڕێگەیەک بۆ ڕوونکردنەوەیان نادۆزنەوە. لەسەر ئەم ئەکاونتە هەوڵ دەدەن بە لۆژیک لایەنە ناعەقڵانیەکان ڕوون بکەنەوە!
عەقڵانییەت بە میکانیزمی هەست ناتوانرێت دووبارە دروست بکرێتەوە. دروستکردنی دووبارەی عەقڵ لەسەر بنەمای لۆژیکی پێچەوانە دەتوانێت ببێتە هۆی داڕمانی تەواوی سروشتی عەقڵ بۆ هیچ بوون. ئەو سروشتەی کە ئەرکی سەرەکی زانینە.
لێرەدایە کە ڕۆمانسیزم دەبێتە ڕێڕەوێک بۆ ڕۆحی فاشیستی. لەبیرمان نەچێت ڕۆمانسیزمیش بە کەوتنەخوارەوە لە خەیاڵەوە بۆ وەهم دەتوانێت بکەوێتە ناو قسەی ناشرینەوە.
مۆسیقا و سەردەمی ڕۆمانسی
سەردەمی ڕۆمانسیزمیش پێی دەوترێت قۆناغی ڕۆمانسی. دەکرێ قۆناغی ڕۆمانسی بە بنەمای بیرکردنەوەکانی جیهانی هونەر لە سەدەکانی نوێدا هەژمار بکرێت. یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی گەشەسەندنی ئەدەبی لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا سەردەمی ڕۆمانتیکە.
وشەی ڕۆمانسی سەرەتا بۆ دەربڕینی بیرۆکەی نوێ بەکارهاتووە کە لە هونەری نیگارکێشان و ئەدەبدا بەکارهێنراون، بەڵام دوای سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمیش مۆسیقاژەنان ئەم وشەیەیان بەکارهێناوە بۆ دەربڕینی شێوازی نوێی ئاوازدانان و نمایشکردن.
شوبێرت، شۆپان، شومان، برامس، یۆهان شتراوس، پاگانینی، ڕۆسینی، چایکۆڤسکی، بیزێت، ڤێردی، ڤاگنەر، لیست، مێندێلسۆن، ئەلبێنیز، دڤۆراک، ئۆفێنباخ، سانت سانس، گریگ، ئێلگار، دیبوسی، موسۆرگسکی، ڕیمسکی-کۆرساکۆڤ و ماهلەر .مۆسیقاژەنە بەناوبانگەکانی سەردەمی ڕۆمانسی.
بە گوێرەی شارەزایانی بواری مۆسیقا، دوا بەرهەمەکانی بیتهۆڤن (وەک سەمفۆنیای بەناوبانگی ژمارە ٩)
Symphony No. 9 in D minor, Op. 125 /the Choral
کەشێکی ڕۆمانسییان هەیە.
هەروەها ئەم کارانەی خوارەوە:
بلو دانوب (جۆهان شتراوس) The Blue Danube
دەریاچەی سوان Swan Lake(چایکۆڤسکی).
فڕینی هەنگ Flight of the Bumblebee (ریمسکی کۆرساکۆڤ)
نۆکترن ژمارە ٢ Nocturne op.9 No.2 (چۆپین)
سەمای هەنگاری ژمارە ٥ Hungarian Dance No 5 (برامس)
سەرتاشەکەی سێڤییا The Barber of Seville (ڕۆسینی)
سەمفۆنیای جیهانی نوێ New World" Symphony No. 9 " (دۆرجاک)
ئارفا لە دۆزەخ Orphée aux enfers (جاک ئۆفێنباخ)
بە بڕوای شارەزایان، لە سەردەمی ڕۆمانسیدا، هەرچەندە مۆسیقاکە لە ڕووی پێکهاتەوە هاوشێوەی بەرهەمەکانی سەردەمی کلاسیک بوو، بەڵام زیاتر گرنگی بە تەوەر و مێلۆدی دەدرا، هاوئاهەنگییەکەی هەمەچەشنتر بوو.
چۆن ڕۆمانسیزم دەبێتە کەناڵێک بۆ ڕۆحی فاشیستی؟
مرۆڤی ڕۆمانسی جیهان ناسک دەبینێت، زۆر هەستیار و خەمخۆرە و ئامادەیە ژیانی خۆی بەخت بکات. هەمیشە لە خەمی بارودۆخی ئەوانی تردایە و ئامادەیە خۆی بەخت بکات. ئەم سیفەتانە لە خۆیاندا پاک و جوانن، بەڵام هەڕەشەکە هەر لێرەدایە.
ئەگەر قیبلە و ئامانجی کۆتایی ئەم سیفاتانە ڕوون نەبێت، ئەوە کارەساتە. واتە مرۆڤی پاک و بەزەیی و خۆنەویست تەنها گوێمان لێبگرێت و پاساو بۆ هەر هەڵە و چەوساندنەوەیەک بهێنێتەوە.
لەم حاڵەتەدا، لە دڵی بوونەوەرێکی وەها نەرم و میهرەبانەوە، شیمر و هیندی جەرگ خۆر دەتوانن هەڵبێت و هەڵهاتوون.
ئایا فاشیزم لە ڕۆی بەزەیەوە لە کۆمەڵگەی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ژاپۆن دروست نەبووە؟ زۆرێک لە فاشیستەکان ئایدیا باوەڕ بوون و هەن. بەڵام هەنگاو بە هەنگاو لە پرۆسەیەکی خاودا کە چەند ساڵێکی دەوێت، بە ناچاری ڕێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە ڕێگەی هەبوونی دەسەڵاتەوە دەدۆزنەوە.
ئاخ بۆ ئەو کاتەی کە سەرکەردە و پێشرەو کە هەموو کەسێک بە پلیکانە و هەنگاو دەزانن و سیاسەت وەک "هونەر" دەبینن. لەو کاتەدا وەک چۆن هونەرمەندێک هەوڵدەدات بە دەستکاریکردنی کەرەستەی هونەری بەرهەمێک دروست بکات، سەرکردەی پەیوەندیداریش هەوڵدەدات بە چەپڵە لێدان و دەف و سروود و سڵاوی کەسانی دیکە و بە پێناسەکردنی خۆی وەک هونەر ساز، هەول بوو دروست کردنی دووبارەی بابەتی سیاسی و مرۆڤەکان بکات. لە هەلومەرجێکی وادا ڕوێکی ئەم دووانەیە خۆشەویستی و سۆز دەبێت و دیوەکەی تریش دڕندەیی و توندوتیژی دەبێت بۆ گەیشتن بە ئاکام و کۆتایی. ئەم دووانەیە پێش و پاشەکشە لە ڕۆحی ئینسانی ڕۆمانسیدا دروست دەکات، کە دەبێتە هۆی دەرکەوتنی یەکێک لەم دوو حاڵەتە بە شێوەیەکی باڵادەست لە ناخیدا.
ئەگەر باوەڕمان بە ئازادی بەرامبەرەکەمان نەبێت، هەرچەند خۆبەختکەر بین، بێ گومان ئەنجامە فاشیستییەکان زاڵ دەبن و ئەم باڵادەستییە وردە وردە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕۆحی خۆشەویستی و بەم شێوەیە مرۆڤێکی پاک و ئایدیاباوەڕ دەگۆڕێت و دەبێتە پێچەوانەکەی.
بەداخەوە ئەم نهێنییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نییە.
ئەوەی کە ڕۆمانسیزم دەتوانێت ببێتە کەناڵێک بۆ ڕۆحی فاشیستی پێویستی بە ڕوونکردنەوەی زیاتر هەیە و لە دەرەوەی بازنەی ئەم باسەدایە. هەریەکەمان دەتوانێت هەندێک یادەوەری لەم بارەیەوە بەبیر بهێنینەوە.
بەڵام لە ناو ئەوانەوە (هەمان مرۆڤە پاک و خۆنەویستەکان) قابیلەکان سەریان هەڵدا و دڵگەرم بە قەلەڕەش، بیر و چاڵیان بۆ خوشک و براکانیان هەڵکەند و ڕوویان کردە هابیلی کوژی و بێ مروەتی. پاشان بە ڕازاندنەوە و کارە نەشیاوەکانیان، جافایان وەک دڵسۆز خەیاڵ دەکرد و ئێستاش خەیاڵی دەکەن.
هەر شەونمێک بەم شێوەیە سەد دەریا ئاگرە
بەداخەوە ئەم نهێنییە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نییە
منابع
David Levin, History as Romantic Art, 1967
John Emerson, "Sir John Chardin," in Encyclopaedia Iranica, Vol. 5, pp. 773-963
Edward F. Kravitt, The Lied: Mirror of Late Romanticism , Yale University Press, 1996
Donald M. Borchert, Encyclopedia of Philosophy
* اشرف زاده، سید حمیدرضا، رمانتیسم، اصول آن و نفوذ آن در شعر معاصر ایران
* دایرة المعارف بریتانیکا، ذیل رمانتیسم
* ثروت، منصور، مکتب رمانتیسم
* آیزایا برلین، ریشه های رمانتیسم، ترجمه عبد الله کوثری
* جعفری، مسعود، سیر رمانتیسم در ایران
* قیصری، علی، گزارشی از سفرنامه شاردن
* سید حسینی، رضا، مکتبهای ادبی
* فردریک کاپلستون، تاریخ فلسفه
* صلح جو، سپیده، بر همه چیز کتابت بُوَد مگر بر آب...
* خواجات، بهزاد، رمانتیسم ایرانی
* ژان لوک نانسی و فیلیپ لاکولابارت، تئوری ادبیات در رمانتیسم آلمانی،
* حیدریان، محسن، سرآمدان اندیشه و ادبیات از دوران باستان تا قرن بیستم
* مارتین تراوِرس، ادبیات اروپایی، از رمانتیسم تا پست مدرنیسم
* والاس براك وي و هربرت واينستاك، مردان موسيقي
* ای دبلیو لاک، موسیقی و نهضت رمانتیک در موسیقی
* ژاک بارزون، کلاسیک، رومانتیک و مدرن
* ویکیپدیا، موسیقی رمانتیک
* هوشنگ کامکار، موسیقی کلاسیک و رمانتیک
* وطن آبادی، کامران، نگاهی به موسیقی رمانتیک
* مقالات تاریخی و علمی در مورد رمانتیسم