موحسین ئەمین‌زادە

بەڵام چۆن دوای ئەوە بەردەوام بم؟ چی بخەمە بەشی دووەم؟ چاوەڕێی چیت لەسەر بنووسم؟ ڕەنگە بۆ بەئاگاهێنەرە نوێیەکان کە بوونیان نییە. وە هەرگیز دەرناکەوێت. بۆ ئەو تاریکییەی کە دەوری ئێمەی گرتووە و  خنکاندووینی. بۆ سێبەرە کاڵەکانی ئەو هاونیشتمانانی کە سنوورەکان دەبڕن و دەچنە شوێنێکی نادیار. سەبارەت بەو شەقامە تاریک و پیسانە کە ئەم سێبەرانە هەوڵی دەربازبوون لێی دەدەن. لەگەڵ خانووی خۆڵەمێشی تۆخ و پیس کە هەژاری و برسێتی و هەژاری و سەرما و ڕق و کینە و مردن حوکمڕانە...

 

کتێبی نەنووسراو

موحسین ئەمین‌زادە

ئایا هێشتا خەون بە خەونی سەد ساڵەی خۆتەوە دەبینیت؟ ناتوانم تێبگەم! سەیری تۆ دەکەم و، سەرم سوڕدەمێنێت. پێم سەیرە ئایا تۆ هێشتا لە ژیاندایت؟ ماوەیەکی زۆرە هەوڵ دەدەم هەست بە ڵێدانی دڵت بکەم، زۆر بێ‌هێزە، بەڵام پێدەچێت هێشتا هەبێت. وا دیارە هێشتا ئومێدی هەر ماوە!

ئەی گەل پێم بڵێ - کێ وای لێکردیت وا بخەویت؟ کێ دەیەوێت وەک هەڤاڵانی ئەشکەوت بکەویتە خەوێکی قووڵەوە و، هەرگیز لە خەو هەڵنەستیت؟ یان خۆت بڕیارت دا - ژیانی سەخت دواهێزی ژیانی تۆی ماندوو کردووە؟ ڕەنگە چارەنووسی سەختت بەدرێژایی سەدەکان ماندووی کردبیت و تامەزرۆی پشوویەکی درێژت هەبی، بۆ ئەوەی سەختیەکانت لەبیر بچێتەوە؟ دەتەوێت بخەویت بۆ ئەوەی ڕابردووت لەبیر بکەیت، بۆ ئەوەی خۆت لەبیر بکەیت. بۆ ڕزگاربوون لە واقعییەتی سەرسەخت. ڕەنگە ئیتر هێزی ئەوەت نەمابێت بەرامبەر باکان بوەستیت و بەرەنگاری زریانەکان ببیتەوە و پێت باش بێت بە هێمنی لەناو چیمەندا پاڵ بکەویت و خەوی شیرین ببینیت؟ ڕەنگە بۆت خۆشتر و ئاسوودەتر بێت کە پاڵکەوتیت؟

یان ڕەنگە کەس نەبێت کە تۆ لە خەو هەڵسێنێت؟ ئایا هەموو لە پاشایەتیی خەونی قووڵدا بەئاگان؟ کەس نییە پێم بڵێت! بێدەنگی... بێدەنگییەکی قورس هەموو شتێک دەگرێتەوە... بێدەنگییەک کە بێدەنگی وەک هاوارێکی بەرز و بێ‌هیوا دەنگ دەداتەوە، وەک هاوارێکی مردوو...

بەڵام من دەزانم سەردەمێک، زۆر لەمەوبەر، کەسانێ هەبوون، جیاواز و نامۆ. کەسانێک کە تێنەگەیشتن کە چی دەکەن و بۆچی ئەو کارە دەکەن. وەک چۆن مرۆڤ بە تەواوی نازانێت ئەوین چییە و، بۆچی ئەوینداری دەکات. بیستوومە لە تاریکیدا کە نیشتمانی ئێمەی داپۆشی‌بوو، دەڕۆیشتن و وەک هەموو مرۆڤەکانی تر ئازاریان دەچێشت. بەڵام لەبری ئەوەی لە تاریکیدا بوەستن و ئەو خۆرە نفرین کەن کە هەڵندهات، بە پێچەوانە  هەڵسوکەوتیان کرد، بێ ترس بەدەوری خۆیاندا دەسووڕانەوە و بەدوای ئەو تیشکانەدا دەگەڕان کە هەڵوەریبوون بەلکو بتوانن هەلیانگرنەوەو ئەو مۆمانەی کە ماوەیەکی زۆر کوژاونەوە دوبارە پێ داگیرسێنن. ئەو کات کە نەیانتوانی بە شێوەیەکی تر تاریکی خەست و خۆڵ لە خۆیان لاببەن، ئاگریان لە خۆیان بەردا. دڵی خۆیان ڕووناک کردەوە و هەوڵیان دا پریشکێک لە دڵی ئەوانی تردا بڵاو بکەنەوە. دیارە سەرکەوتوو بوون. تا ئەو کاتەی کە ئێمەی تێداین...

دەزانم ناوی هەندێک لەو کەسانە لەسەر بەرد نووسراوە، هەندێکی تریش لەسەر کاغەز، بەڵام ڕەنگە زۆر ناو بۆ هەمیشە لە ناوچووبێت و لەگەڵ ئەوانیشدا ژیان و چارەنووسی زۆرێک لە ڕۆڵە شایستەکانی دیکەش. ئێستا سوپاسی ناودارەکان دەکەین، بەڵام چۆن سوپاسی ئەو کەسانە بکەین کە وەک ئەستێرە لە شەودا سووتان؟ ناتوانین ناوی هەموویان کۆبکەینەوە. تو بلێی سوپاسگوزاریی ئێمە بەس بێت؟ تو بڵێی کات و لەبیرچوونەوە پێشترمان ئێمەی گەندەڵ نەکردووە؟ ئایا ئەوانەی دەیانناسین لە "کتێبی بەئاگاهێنەرەکان"دا کۆمان کردۆتەوە؟ ئەی گەل؟ دەنگم دەبیستێت؟ نەخەوتوویت؟ دیارە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک قووڵتر خەوتوویت. بەڵام کەس نییە خەبەرت بکاتەوە، هیچ زەنگێکی ساعەت نییە کە بە توندی بتلەرزێنێت و، ناچارت بکات لە سەر جێگا نەرم و ئارامەکەت هەڵبستیت و ئاوی سارد بەسەر دەموچاوتدا بپرژێنیت. لەو ئاوێنەدا کە هیچ کات دەستی لێنەدراوە سەیری خۆت بکە و بە خۆت بڵێ: "باشە من لە مرۆڤەکانی تر جوانتر نیم، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناشرین‌تریش نیم!" بەئاگاهێنەرێکی نوێ نییە کە کتێبی لەسەر بەئاگاهێنەرە کۆنەکان بنووسێت. بۆ نووسینی، بە وشە یان بەبێ وشە. بەم شێوەیە بۆ چەندین ساڵ بە نەنووسراوی دەمێنێتەوە. ساڵەکان سەدە بەدایک دێنن. سەدەکان دایک و باوکی هەزارەن و...

گەلو، چاوەڕێی کێ‌یت کە ئەم کتێبە نەنووسراوەت بوو بنووسێت؟ پێم بڵەی دەبێ بینووسین؟ بەڵام ڕاستە من تۆم و تۆیش منیت؟! من نازانم من توانای ئەوەم هەیە، یان نا. دەتوانم مامەڵەی لەگەڵ بکەم؟ تەنانەت نازانم کێم! نازانم لە کتێبێکی وادا چی بنووسم. چۆن دەست پێ بکەم؟ چۆن تەواو بکەم؟

پێدەچێت دەستپێکردن ئاسانتر بێت. لە بەشی یەکەمدا هەموو شتێک لەسەر بەئاگاهێنەر کۆنەکان دەنووسم. ئەوانەی زۆر پێش ئێمە ژیاون و سووتان بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ڕوونمان بکەنەوە. باسی شێوازی ژیانیان دەکەم، یەک بە یەکی وشەکانیان دەگێڕمەوە، هەوڵ دەدەم بگەڕێمەوە بۆ  ئەو کاتەی کە تیدا دەژیان بۆ ئەوەی هەموو بیرکردنەوەیەکیان پێشبینی بکەم. هەوڵ دەدەم ئەگەر بتوانم سوپاسی بوونیان بکەم.

بەڵام چۆن دوای ئەوە بەردەوام بم؟ چی بخەمە بەشی دووەم؟ چاوەڕێی چیت لەسەر بنووسم؟ ڕەنگە بۆ بەئاگاهێنەرە نوێیەکان کە بوونیان نییە. وە هەرگیز دەرناکەوێت. بۆ ئەو تاریکییەی کە دەوری ئێمەی گرتووە و  خنکاندووینی. بۆ سێبەرە کاڵەکانی ئەو هاونیشتمانانی کە سنوورەکان دەبڕن و دەچنە شوێنێکی نادیار. سەبارەت بەو شەقامە تاریک و پیسانە کە ئەم سێبەرانە هەوڵی دەربازبوون لێی دەدەن. لەگەڵ خانووی خۆڵەمێشی تۆخ و پیس کە هەژاری و برسێتی و هەژاری و سەرما و ڕق و کینە و مردن حوکمڕانە...

بۆ مۆمی کوژاوە کە پڵیتەکانیان لەتوپەت لەسەر زەوی فڕێدراوە. لە سەر ئەو کۆمەڵە دڵەی کە شکاون و وەلانراون...

ئەمە ئەوەیە کە لە من چاوەڕێی دەکەیت بینووسم؟

نەخێر، ئەمە نییە!

لەسەر ئەو بەئاگاهێنەر نوێیانە دەنووسم کە هەن و هەمیشەش دەبن! کە دەسوتێن بۆ ڕۆشنکردنەوەی داهاتوومان! هەن! گەلو چاوەکانتان بکەنەوە و بیانبینن! ئەوان کێن؟ لە کۆنەکان دەچن؟ خووشتان ئەوێن؟ ڕەنگە هەندێکیان لە بەئاگاهێنەرە کۆنەکان بچن. ڕەنگە هەندێکیان لەوان نەچن، بەڵام دەبێت هەموویان وەک یەک بن؟ دەبێت وشە هەبێت، دەبێت بیرکردنەوە و، هەستیش هەبێت. دەبێت کەسانێک هەبن کە وشەکان بخەنە سەر بەرد، دار یان کاغەز، بەڵام دەبێت کەسانێکیش هەبن کە پریشکەکان داگیرسێنن و بەبێ هیچ هوێەک بیانپارێزن. ئەی گەل، ئێوە دەزانن بڵێسەی ئاگر چەندە بە ئاسانی و، لە چ شوێنێکی چاوەڕواننەکراودا خوی دەردەخات؟ کاتێک نەناسراوێک  بۆ غەریبیک زەردەخەنە دەکات. کاتێک دەستێک پارچە نانێک هەڵدەگرێت بوو پشیلەیەکی بێ‌سەرپەرشت لەبری بەرد فڕێدان. کاتێک دەستێکی تر دراوێک دەخاتە ناو گیرفانێک یان کەیسێکی کۆن لەسەر شەقام. کاتێک دەستی لێدراو نەچەمێتەوە بۆ مشتێکی تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو دۆستانەو کراوە دەستی درێژ دەکات. کاتێک دەستێک دەستماڵی  کاغەزی بە بەتاڵی فڕێدا نەک لەسەر زەوی بەڵکو لەناو تەنەکەخۆڵەکەدا. کاتێک تیشکی خۆری بەیانی شووشە بچووکەکە ڕووناک دەکاتەوە، لە نیوە بەتاڵەوە دەگۆڕێت بۆ نیوە پڕ. ئەوکاتەش... پێویست دەکات بەردەوام بم لە نووسین؟!

بەهیچ شێوەیەک - دەبێ وشەکان لەسەر کاغەز بنووسرێن؟ ئەمانە بەس نییە کە وشەکانی ئەم کتێبە لە دڵی گەلدا دەربکەون؟ درەنگ یان زوو هەرکەسێک سەرنجیان دەدات و، ڕادەوەستێت بۆ خوێندنەوەیان. تا ئەو کات؟!

گەلو، دەبینم ئێوە ناخەون. تەنها ناتەوێت چاوەکانت بکەیتەوە و، خۆر لە مێژە هەڵهاتبێت. مەترسە! زۆر بە ئاسایی سەیری بکە! چاوەکانت ناسووتێنێت، تەنها سەیری بکە و دەبینیت تاریکی لە مێژە نەماوە. تەنها سێبەری بیرکردنەوەکانت بوو... چاوەڕوان بن، دەمەوێت شتێکی دیکەشت پێ بڵێم. تەنها شتێکی بچووکی دی، من تۆم خۆشدەوێت ئەی گەل.

 

گەڕان بۆ بابەت