ما 3014 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رزگارلوتفی

رەنگە دواتر لێی ‌ورد نەبووبێتمەوە کە حاجی لەق‌لەقەکان کەی و لە چ سەردەمێکدا گەڕابوونەوە و لە سەرهێلانەکانیان، ژیانیانیان دەست پێکردبۆوە بەڵام ئەمەم باش لە بیرە چەندساڵ دواتر، ئەو کاتانەی بۆ خواردنی تووەسپی لە گەڵ هاوڕێکانم حەسارە و حەسارمان دەکرد و دەمەتەقەی حاجی لەق‌لەقەکان گوێچکەمانی مڵەمڕ ئەدا، هانیان ئەداین بە سەعات لێیان رابمێنین و لە سەما و باڵلێدان و ئەتوارە جۆربەجۆرەکانیان بڕوانین. 

 

 

 

پشکی لەق‌لەقەکان

رزگارلوتفی

موبایلەکەم ئەناڵێنێت، بێ پسانەوە.

دڵم لە بابەتی گۆڤارەکەی بەردەمم هەڵناکەندرێ، ناپچڕێت. ڕاز لە خۆڕا نەبووەتە ئێتیکێتێکی پڕ بە بەژنی ئەم گۆڤارە سەردەمییە. هەرچییەکە وەک بزمار نیگاکانمی بە ڕووپەڕی لاپەڕەیەکدا کوتاندوە و، جووڵە و بزاوتمی داگیر کردووە. زەنگە بەردەوامەکان لێم ناگەڕێن؛ ختوورەیەک ئەخەنە دڵم. دوودڵی وەک لاسقی گیا لە دەروونما باڵا ئەکا. وەی لە خوێندنەوەی بابەتە سەرنجڕاکێشەکە و، وەی لە وەڵامدانەوەی موبایلەکە. زۆرانبازییەکە دەوامە دەکێشێت. گۆڤارەکە، ڕازی کەشەوە و راکێشانی پارەم بۆ ئەدرکێنێ و زەنگی موبایلەکەش لەوانەیە سەودایەکی چەور و پڕبەهرەی بە ملەوە بێت. لەو سەودایانەی دەکرێ قەرەبووی سێ مانگ بێکاری و بێ‌دەرامەتی نووسینگەکەم بکاتەوە. بێ‌ئێختیار باسکم ڕووە و موبایلەکە رادەهێڵڕێت. "ئەلۆ... کاکەگیان... دایکت بە قوربانت بێ... ئەوە بۆ گوشییەکە هەڵناگری؟" دەنگی دایکم سەتڵێ ئاوی ساردە بە جەستەی گڕگرتوومدا دەکرێ و یەکەوجێ فێنکم دەکاتەوە. "کاکەگیان .. تۆ بڵێی بتوانی کارێکی بچووکم بۆ بکەی باوکەکەم؟" لەبەر چاومە هەمێستا چ حاڵەتێکی گرتووە و چلۆن دانیشتووە؛ سووچێکی دامێنی کراسە گوڵدرشتە کوردییەکەی هەڵداوەتەوە و ئاخنیوێتیە ناو پشتوێنە گوڵشینە هاوریشمەکەی. سەرقۆلی کراسەکەی تا بن هەنیشکی هەڵکردووە و لەسەر لێواری پەنجەرەی داڵانەکەیان دانیشتووە. بە قامکێکی لە روومەتیا دەگەڕێ بۆ هەرشتێکی زبری وەک زیبکە و بە دەستەکەی تریشی گوشییەکەی راگرتووە. رەنگە چێشتی ژەمی نیوەڕۆژی سەرخستبێ‌ و لەوانەشە کاتەکەی هێشتا بەڕێوە بێت." کاکە گیان، باوکەکەم... تۆ بڵێی رێت بکەوێتە سەرپرد و بە بەری دووخانیاتا بڕۆیتەوە؟... ئەگەر واوە چووی زەحمەت نەبێ تماشایەکی دارتووەکانی ئەو ناوەم بۆ بکە .. بزانە حاجی ‌لەق‌لەقەکان گەڕاونەتەوە؟ " چۆڕاوگەیەک لە بوغز و غەریبی ئەڕژێتە گەرووی و دەنگەکەی نەویتر دەکاتەوە و دەڵێ: "دوێشەو... دوێشەو تا دەمەوبەیان خەونم بە گەڕانەوەیان بینیوە " دوای بەڵێنی‌دان و ماڵئاوایی کردن چەند جار ناوی "حاجی لەقلەق" بە زمانمدا دەگەڕێ. کۆد و ئادرێسەکە ئەدەم بە زەینم. ناگەم گۆڤارەکەی بەردەمم ببەستم پەلکێشم ئەکا بۆ سەردەمی زوو. بۆ ژوورە کۆنە تەریکەکان. بۆ ئەو ساتانەی لە گەڵ هاوڕێکانم  دەچووینە سەیری دیمانەی حاجی لەق‌لەق و بە سەعات لە ئەتوار و کردەوەکانیان رادەماین. ئەتوار و کردەوەی ئەو دەندووک سوورە لاقدرێژانەی بەسەر دارتووە کۆنەساڵەکانەوە هێلانەیان کردبوو و پێدەچوو مێژوویان بەندبووبێ بە تەمەنی هەمان دارگەلەوە. مێژووێک کە پڕبوو لە چیرۆکی خۆش و ناخۆش، لە بەهار و زستان، لە گەرمێن و کوێستان، لە سووتان، بوردومان، کۆڕەوە و گەلێک رووداوی‌ شیرین و تاڵی‌ دیکەش. باوەگەورەم ئەیووت "بانە دووجار سووتاوە"، "دواجار لە پاییزی ساڵی هەزارو سێ‌سەدو بیست‌و سێی هەتاویدا بۆ ئەوەی شار نەکەوێتە دەست لەشکری رەزاخان، حەمەڕەشیدخان سووتاندی". بەڵام بەبیرم نایات پێی وتبێتم چ گەڕەکگەلێکی سووتاندووە. دردۆنگیشم گەڕەکی رووبەڕووی دوخانیات، کە بە گەڕەکی جوولەکەکان مەنشوور بوو و زۆربەیان یەهوودی بوون سووتێندرابێت. ئەگەریش سوتێندرابێ ئەوا دارتووەکانی ئەو ناوچەیە لەو هەڵمەتە گیانپڕووکێنە قوتاریان بووە و گیانیان بە سڵامەت دەربردووە. ئەوان بەر ئاگری کاولکەر و داپڵۆخێنەری ئەو سووتانانە نەکەوتوون و لەسەر پێ ماونەوە بۆ ئەوەی جارێکی‌تر، وەرزێکی‌تر، کە حاجی لەقلەقەکان گەڕانەوە هێلانەکانیان ئاوەدان بکەنەوە و، درێژە وەدەن بە ژیانیان. لێ ئەم درێژەکێشانە رەنگە زۆری نەخایاندبێ و دووبارە کەوتبێتنە بەر لێشاوی شەپۆلی رووداوێکی نەخوازراوی دیکە و بۆ ماوەیەکی نادیار تۆرابێتنەوە. ئەو ماوەیەی کە درێژی و کورتییەکەی، سەنگی رووداوەکەی دیاری کردبێ و گەڕانەوەشیان پەیوەندی بە راوەستاوەیی و مانەوەی دارتووکان و هێلانەکانیانەوە بووبێت. بۆ وێنە پازدەی جۆزەردانی ساڵی شەست‌ و سێی هەتاوی، کاتێک فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق ورگیان بە سەر کۆمەڵێ خەڵکی گردەوەبووی ناو پارکە گشتییەکەی شار ــ کە بە فرمانی بەرپرسانی وەخت کۆ کرابوونەوە ــ بەتاڵ کردەوە و دۆزەخێکی کەموێنەیان خوڵقاند شەپۆلە سەرسووڕهێنەرەکانی ئەو بۆمبابارانە دۆزەخییە گەڕەکی جوولەکەکانیشی گرتەوە و بووە هۆی تۆران و تاراندنی چەندین‌‌جارەی حاجی لەقلەقەکان. تۆران و پەرتەوازەبوونێک کە چەند ساڵی درێژ و تاقەتپڕووکێنی خایاند و سیمایەکی لاواز و غەمگینی بەخشییە شار بە گشتی و، گەڕەکی جوولەکەکان بە تایبەتی. باوکم ئەیگووت "چەندخولەکێک بەر لە ڕووداوەکە کاتێک پارکی شارم جێ‌‌هێشت و پردی شارم تێپەڕاند و حاجی لەق‌لەقەکانم بینی کە بەتاک و جووت هێلانەکانیان جێ ‌دێڵا و بەرەو شوێنێکی نادیار دەفڕین؛ یەکەوجێ بە دڵما هات ئەم کۆڕەوە دەبێ کارەساتێکی مەزنی پێوەبێ و لەوانەشە بەمزووانە بقەومێت. هێشتا دواهەنگاوەکانم  کۆتایی پردەکەیان نەپێوابوو شریخەی سەوتی فڕۆکە جەنگییەکان زەمینگیریان کردم و بە پردەکەدا نووساندیانم. بۆ یەک ئان هەستمکرد  کەوچکی لۆدێرێک ئاسنەواڵە و بلۆکی چیمەنتۆی بە سەرمدا بەتاڵ کردەوە ". ئیتر باوکم لەوێدا ــ لە کاتی گەییشتن بەو شوێنە لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکەیدا ــ بە ئەستەم تفێکی قووت دەدا و رەنگیشی سپی هەڵدەگەڕا. هەڵبەت بۆ منێک کە دوو کاتژمێر دوای ئەو کارەساتەی ــ چەند سەد کوشتە و چەند هەزار برینداری لێکەوتبۆوە ــ بە مەبەستی جێ‌هێشتنی شار و ئاوارەبوونێکی دیکە بەو گوزەرەدا تێپەڕیبووم و دیمانەی قەسابخانەیەکی راستەقینەی مرۆڤم بینیبوو ئەو رەنگ و ڕوو بارکردنەی باوکم سیمایەکی غەریب و نامۆ نەبوو. ئەو جۆرە سیمایەی کە بووبووە تایبەتمەندییەکی نەگۆڕی گێڕانەوەی زۆربەی بیرەوەرییەکانی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشمان کەم تا زۆر پێی ئاشنا بووین. سەیر ئەوە بووە باوکم لەو تەمتۆمانی گڕ و خوێنەدا بۆ دەرمان  پڕینچکێکی ناقابلیشی پێ هەڵنەپەڕیبوو و تەنها شتێک کە لە دەستی دابوو جامانەکەی بوو؛ ئەویش نەیفەوتاندبوو بەڵکوو بە بریندارێکی چارەڕەشی بەخشیبوو کە بە شەلەشەل لە پەنایەوە تێدەپەڕێ و لەو گەرماوگەرمەدا نەیزانیبوو کە پارچەی بۆمبێک لەتە سمتێکی بردووە و لەگەڵ تاشینەکەی‌ڕا هەڵیشی کزاندووە. پاشان وڕوکاس لەناو ئەو قرمە و هەڵڵایەدا سەرەداوی رێگای ماڵەوەمان دەگرێتە دەست و بە وردی هەڵی دەکاتەوە. کاتێکیش دەگاتەوە ماڵ، جوانچاکیە مەنشوورەکەی هیچ کە وەک رۆحێکی تۆراو جەستەی نەخشینی جێ هێشتبوو دەتگووت هەر ئێستا دەرگای دۆزەخیان بۆ کردۆتەوە و فڕێیانداوەتە دەرەوە.

 

رەنگە دواتر لێی ‌ورد نەبووبێتمەوە کە حاجی لەق‌لەقەکان کەی و لە چ سەردەمێکدا گەڕابوونەوە و لە سەرهێلانەکانیان، ژیانیانیان دەست پێکردبۆوە بەڵام ئەمەم باش لە بیرە چەندساڵ دواتر، ئەو کاتانەی بۆ خواردنی تووەسپی لە گەڵ هاوڕێکانم حەسارە و حەسارمان دەکرد و دەمەتەقەی حاجی لەق‌لەقەکان گوێچکەمانی مڵەمڕ ئەدا، هانیان ئەداین بە سەعات لێیان رابمێنین و لە سەما و باڵلێدان و ئەتوارە جۆربەجۆرەکانیان بڕوانین. بەتایبەت ئەو ساتانەی کە بۆ جووتەکانیان دەکەوتنە فیزڕشتن و خۆفش‌کردن و نزاکردنی روو بە ئاسمان و، دەربڕینی ئەدا سەیر و سەمەرەکانیان. لەو جۆرە کاتانەدا بوو کە بۆ دەیان جاریش ئاواتم هەڵخواستبوو بۆ تەنها کەڕەتێک لە مانگەشەوێکی کامڵدا ببمە میوانی ماڵە ساکارەکەیان و لە سەر پەلی تەنیشت هێلانەیەکەیان دابنیشم و لاقم بەردەمەوە و لە گەڵ جووچکە بزۆزەکانیان یاری بکەم. پاشان بە نیشانەی میوانداری بمنیشێننە سەر پشتی خۆیان و لەو بەرزاییانەوە لە شەوی پڕجریوەی گڵۆپە زەردەکان و خانووە گڵەبانەکانی شارەکەم بڕوانم. لە بان و شەولەبانی ئەو خانووانەی هێشتا خاوەنەکانیان ملیان نەدابووە دابی نوێ و وەک ئێستا بینا نوێباوەکانیان بە ناخی ئاسماندا رۆ نەچووبوون. بەڵام دواتر، گەلێک دواتر بۆمدەرکەوت ئەو شتانەی لە سەردەمی منداڵیمان گڕوویان بۆ دەگرین و بەردەوام خەونیان پێوە دەبینین گەلێک ئەستەمە وەدی بێن و لە گوێزگەلێکی پووچ و رزیو دەکەن کە تا دەستمان دەیانگاتێ دەقرپێن و قرچەکەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە گوێماندا بە میوانی دەمێننەوە. ئەو قرچانەی لەوێوە، لە سەرزەمینی پەرییەکانەوە هاتوون و تا ئێستاش وەک مۆڵگەیەکی دایمی لە شوێنێک نەگیرساونەوە و تا ئێرە، تا ئەم چل‌ساڵیەم گەییشتوون و لەوانەشە بەمزووانە لە جووڵە نەکەون. ئێستا نازانم ئایا گەڕانەوەی حاجی لەق‌لەقەکانیش لە هەمان جەغزی گوێزە پووچەکاندا دەسووڕێ و پەیوەندی بە خەونەکانمانەوە هەیە یا خود ئەمەیان خەونێکی جیاوازە و بۆ دیتنی دەبێ لانیکەم تەمەنت چوون تەمەنی دایکم لە شەست پشت کەوێ و پێ بنێیتە قۆناغی خۆزگە و بریاکان؟ بۆ ئەوەی سەر لەم پرسیارە دەربێنم و بە وڵامێکی شیاو و دەرحەق بگەم لە ئێستا زووتر نییە وەپێچم و تا فەرامۆشم نەکردووە بەدەم داخوازییەکەی دایکمەوە بچم. ئەو داخوازییەی کە هەر با خۆم بیزانم چ هەستێکی شیرین و لەزاوی بە دەروونمدا دەگێڕێ و میزانەکەی بە هیچ خۆشییەکی‌تری لەو چەشنە مەزندە ناکرێ و ناپێورێت. خۆشییەک کە چێژەکەی گەلێک لە خوێندنەوەی گۆڤاری ڕاز و سەیرکردنی لاپەڕە ڕەنگینەکانی بە هێزترە و، لە پشت مێزی کارەکەم هەڵمدەستێنێ و ڕووە و گەڕەکی جوولەکەکان ئاراستەم دەکات.

                                        ***

بە ئەستەم پانتۆڵە ئارەقاوییە چەسپاوەکەم لە چەرمی کورسییەکەی بنم دەپچڕێنم و بەر لەوەی بچمە سەر شەقام، ورشەورشی ئاشە ئاوییەکە دەبڕم؛ ئەو ئاشە ئاوییەی لای ئێمە بە نوێیی پێیدەڵێین "کولێر ئاوی". کولێرێک کە بە ئاستەم بەرداشی ژیانی دەجووڵێ و لە ژێر بارگرانی ئەم گەرما گیانپڕووکێنەدا لاژەلاژ و خرتەخرت ئەسووڕێ و مەکینەکەی، مەیدی ئێن چینە. سەماوەرە کارەباییە هەردەم لە جۆشەکەی نووسینگەکەشم لە سەرزەمینە کۆنەکەی رێگای هاوریشمەوە گەییشتووە. قوفڵە زەردەکەی دەرگا سکۆریتەکەشم. تابلۆ نێئۆنەکەی دراوسێکەشم. لەوانەیە گەر باشتریش لە دەورووبەرم ورد ببمەوە لە سەر تاک‌تاکی داڵغە جۆربەجۆر و رەنگینەکانیشم مەیدی ئێن چینێکی گچکە بدۆزمەوە کە دەستێوەردان و سڕینەوەیان لە وزە و توانای ئەمن بەدەرە و، قۆنتەرانتکاریی حەزرەتی فیلە. سەیریش لەوەدایە تا ئێستا بیرم لە ناوێکی کوانجۆیانە بە رێنووسی چینی نەکردۆتەوە بۆ ریکڵامی نووسینگەکەم. ناوێک کە پڕ بە پێستی بەژن و قەوارە و دیزانی دەروژووری دەفتەرەکەم بێت. دڵنیام پارچە جۆربەجۆرەکانی ئۆتۆمبیلەکەشم دەستکاری ئەو چاوچکۆلە زەردپێستانەی خۆرهەڵاتی دووری ئاسیایە.

 

دەنگی زلی هۆڕنی ئۆتۆمبیلێک ئاگادارم دەکات جارێ لە پارکینگەکەی بەردەمی نووسینگەکەم نەکشێمەوە. فەرمانەکەی ناو دەستم پۆڵووێکی ڕووتە و هەر شتێکە گوێم لە هەڵچسکانی بەرەدەستەکانم نییە و بەس. لە ناو ئەم خێوەتە ئاسنینەدا هێشتا رێنەکەوتووم ئارەقەی لەشم رێژنە دەبەستێت و گرێ ‌بە گرێی مۆرەکانی ناو شیوەڵەی پشتم داگیر دەکا و بەرە و هەرێمی راستەقینەی خۆی لە پێشڕەویدایە. کاتێک دێمە سەر راستەی بلوارەکە هەست ئەکەم ئیسفاڵتەکەی هێندە نەرم و شڵوێە ئێستەنا ئێستە وەک پانتایی لیتاوێک تێی دەچەقین و قیر، چوون دایکێکی تاسەکێش تایەرە جیڕەکانی ئۆتۆمبیلەکەم لە باوەش دەگرێت. رایدەمووسێنێ و بە خۆیەوە دەیگووشێت.

 

"بیری مەسیح دەکەومەوە؛ ئایا بۆ دەربازبوون لەم شوێنکاتە مودێڕنەش دووعایەکی سەردەمیانەی هۆنیوەتەوە"

 

تا بەرە و ناوەندی شار دەچم سەروگوێلاکی بینا بەرزە تیجارییەکان پتر خۆیان پێشکەش دەکەن. دەڵێی سەحرای گیانپڕووکێنی میسرە ئەهرام خێوەتیان هەڵداوە و وەک گۆپکەی مێخێکی زەبەلاح پاشماوەی چەقینێکی مێژوویین. فریا ناکەوم بگەمە بازاڕەکە و بە ناوەندیدا تێپەڕ بم بیناکان دەبنە دوو قۆڵی سۆزناک و مێهرەبان و، باوەش بە ڕوومدا دەکەنەوە. لە گەڵ کرانەوەی باسکەکان، مەتاعی سەر سنگیشیان پێشکەش دەکەن. زەرد و خڕۆڵە و لووس. درزێکی تاریک ئاهەنگی دوو قەوسی سفت و سۆڵ نەرم دەکاتەوە و دەبێتە کانگای مەتەڵە کۆنەکان. ئەو مەتەڵانەی سنگاوسنگ گەییون و تا کانگاکەیان دەوامەی هەبێ مەترسی فەوتانیان لە حەددی سیفرە.

 

 ئەو کاتانەی بە ناو باوەشی بینا تیجارییەکاندا رێ‌ دەکەم هەتاویش نەرمەڕێژترە. دەستوبرد ئەکا تینەکەی هەڵمژێتەوە و ڕێ بۆ شەماڵ دەکاتەوە بچڕێت. چڕینی ئاوازێک سەمفۆنیایێکە ئۆرکێسترێک ئەیژەنێ گشتگیر بە قەد بەرینایی شار، بەریناییەک تا دوورترین خاڵی پەڕاوێزەکان کشابێت. بە هەر لەونێک بێ خۆم لە نیگای هەوەس‌ئەنگێزی پاساژەکان ئەدزمەوە و بەرە و پارکە گشتییەکە و پەڕینەوە لە پردە کەوانگیرەکەی شار دەجووڵێم. خوداخودامە هەواڵێکی خۆش بۆ دایکم بەرمەوە. دڵەتەپێمە زەنگ بۆ دایکم بدەم و بڵێم "مزگێنیم دەرێ خەوەکەت بە راست دەرچوو و حاجی لەق‌لەقەکان گەڕاونەوە "، یا پێی بڵێم " شوکور بۆ خودا هێشتا دارتووەکان بە پێوەن و لەق‌لەقەکان هێلانەیان ‌نەشێواوە"، یان کەمێ دەنگم هەڵبڕم و تامەزرۆیانە هاوار بکەم " سپاس بۆ خودا هیچ بینایەکی تیجاری، لە جێی هیچ دارتووێکدا چێ نەکراوە و سەری لە ئاسمان نەسووە !"

 

وردە وردە دەگەمە سەر پردەکەی شار. گەڕەکی جوولەکەکان ئاسۆیەکی نوێم بە ڕوودا دەکاتەوە. ملەقوتێکانم دەست پێدەکەن. سەر ئەگێڕم بە ئەم لا و، بە ئەو لادا. لە مابەینی بینا بەرزەکانەوە لە قەوارەی لاواز و بە ساڵاچووی دارتووێک ئەگەڕێم بە شان هێلانەیەکی گەورەی هەڵگرتبێ و جووتێک لەق‌لەقی دەندووک سووری شاباڵ ڕەشی لە ئامێز گرتبێ و، هەردووکیان پێکەوە، ببنە مایەی دڵخۆشبوونی دایکێکی فرە دڵتەنگ و هەرە لانەواز. دایکێک کە رەنگە لە سێبەری دارتووکانی گەڕەکی جوولەکەکاندا بە پەرۆشەوە لە منداڵی خۆی بگەڕێت و چینەی بیرەوەرییەکانی بکاتەوە.

 

 

گەڕان بۆ بابەت