و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

ئاشتی… جا بۆ ئاشتی؟! دوو جارانم بەشداری شەڕ كردووە، جاری یەكەم لە پێشەوە بووم و لە جاری دووەمیشدا لەگەڵ ئەوانەدا بووم ئازووقەمان بۆ كەتیبەكە ڕەوانە دەكرد، ئەوەشت پێ بڵێم لە شەڕدا، نە ترساوم و نە مردوویشم، بەڵام دەتوانم بڵێم  كە مرۆڤ دەشێ بە هۆی (ئاشتی) یەوە لەسەرخۆ بمرێ. مەسەلەكەت بۆ ڕوونتر دەكەمەوە: ـــ  مرۆڤێ لە ماڵێ دابنێ، وازی لێ بێنە بێ كارو كاسبی، هەموو شتێكی بە تیژاوێ دەرخوارد بدە باسی بایێی بە بارانێ بۆ بكە… حەیاتی لێ دەبڕێ!

دره‌ختێـكی بێ ڕه‌گ

نیكۆلای خایتۆڤ

و: نه‌ژاد عزیز سورمێ

 

لێم دەپرسی ناوت چییە؟ سوپاست دەكەم! ساڵێكی تەواوم لەم شارەیدا بەسەر برد، هەموو ڕۆژێ لەسەر ئەم جێیە دادەنیشم، تا ئەو سەعاتەی كەسێك لێی نەپرسیوم»ناوت چییە؟«.. هەرگیز، تۆ یەكەمین كەسی.. بۆیە سوپاست دەكەم، خوا لەسەر بەدەنێكی ساغ ڕاوەستاوتان بكا، هیواداریشم نەگەیە ئەو ڕادەیەی منی گەیشتوومەتێ.

ئایا برسیم؟ تینووم؟ نەخێر، تەماشای ڕووی دەرەوەم بكە بێ عەیبم دەبینی. كچەكەم شووی كردووە و لە گوندیدا دەژی. منداڵەكەی لەو پەڕی تەندروستی دایە، مێردی سەرۆكە... كوڕەكەم لە وەزارەتێدا پێی دەڵێن گەورەی ئەندازیاران شایەدنامەیێكی بە قەوارەی چەرچەفێ هەیە، ئۆتۆمبیل دەیباتە سەر ئیش و ئۆتۆمبیل دەیهێنێتەوە، ژنەكەی پزیشك و فەرمانبەرە و مووچە وەردەگرێ، لە حەوزێكی فەخفووری بۆرسلانیش دە ئاوێ دەكەون، خواردنم ئەمما خواردن، جێ و بالنگانیشم ئەمما جێ و بالنگان، لەگەڵ ئەوەشدا حاڵم لە ماڵێدا حاڵ نییە، تابڵێی خەراپە، بەڵام چار چییە؟ لێی دەكشێمەوە، دەبنیسێم و دەتوێمەوە، نە تام لە خواردنێ دەكەم نە دەتوانم لە بیرەخەوێ ڕابچم، سەرەڕای ئەوەش گەلەك خەڵەت و پەڵەتم لە مێشكدا دەخوڵێنەوە كەسێ نابینم بۆی بگێڕمەوە.

بیگێڕمەوە؟ كەواتە پێم دەڵێن دەبەنگە و بەڵكو شێتیش، سەیرێكی ئەم نموونەیە بكە: شتێكی سادە و ساكار (ماست). بە كیرچی كوڕم وت: كوڕم كیرچ لێم گەڕێ بابچم ماست بكرم، لێم گەڕێ تاكو ڕابێم وەك ئینسانێك كە خەڵكی دەبینێ و دەیبینن، كە بانگی دەكەن فێنك دەبێتەوە، مەگەر وانییە؟ وەڵامی دایەوە: ـــ ناچی. لەوانەیە ئاگات لە خۆ ببڕێ ئۆتۆمبیلێ شتێ خۆت پی دادا، ئەو وەختە كێ قوڕ بەسەری خۆی دەكا،(من). وەك وتم لە ماڵەوە دانیشە و چی بە چاك دەزانی ئەوەی بكە!

جا لە ماڵەوە چ دەكەم، ماڵێكی گەورە ئەسپی تیا تاودە، پانسیۆنێكی تەواوە، ڕێك و پێك لە ژوورەوە ڕازاندراوەتەوە، هەموو شتێكی تێدایە، مافور لە پاڵ مافورییە تا لە ڕۆیشتنا ساتمە نەبەی، عاردە دارینەكەی لووس و خلیسكانە هەر لەسەری بجوولێیتەوە دەكەوی. ــ لە ژوورەوە پاڵ كەوە ــ، كوڕەكەم دەڵێ لە ژوورەوە پاڵ كەوە، بژی، بخۆ، بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە! ئەی هاوار! چۆن بژیم؟ لەگەڵ كێ؟ لەگەڵ مێز؟ یا لەگەڵ سندووقی نوینان؟! ئەو خۆی و ژنەكەی ئێواران نەبێ نایەنەوە، لەگەڵ گەردی بەیانیشدا وەدەر دەكەون كە دەشگەڕێنەوە لە پاڵ یەكدی ڕوو بە سندوقەكەی شەیتان دادەنیشن فلیمێ ببینن، كە وەختی نووستنێش دادێ پێكەوە پێم دەڵێن هەستە.. شەوباش، شەوت باش خواحافیز، شەوێكی خۆش... ئا بەو جۆرە وشانە ساڵێك و ــ ئەوەندەیە پێك دەگەین و لێك جودا دەبینەوە، تەنانەت كە منداڵەكەیان لە ماڵەوە بێ چاكترە، یاری لەگەڵ دەكەم، چاوەدێری دەكەم، بەمەیش تەمم لەسەری پەرت دەبێ بەڵام بووكە چۆلیەكەم ـــ خوای لێ ڕازی بێ ــ لە باخچەی منداڵانی داناوە، ئیتر هەفتەی جارێك نەبێ نایبینم... هەموو یەك شەموومانێ. دەزانی بۆ چی ناردوویەتیە باخچەی منداڵان؟ تاكو وشە و قسەی دێهاتم لێ فێر نەبێ، تا زمانی لەنگ نەبێ كەمن بە شێوەی گوندی لەگەڵی دەدوێم. لەو باوەڕەدای بازێ جنێوو منێوم فێر كرد بێ؟ نەخێر، تەنها لە پێش ئەو قسەیێكم لەگەڵ كرد لە باتی ئەوەی بڵێم (دار) پێم وت (شووڵ).. منیش مەبەستم لە دارێكی باریكەلە بوو كە بۆ لێدان بە كاری دەهێنین، ئێمە لە گوندی پێی دەڵێین (شووڵ)، لەبەر ئەوەی باریكەلەیە و لە كاتی لێدان دەچەمێتەوە، لە دەستی نەوەكەم نابوو ئەسپەكەی پێ لێ خوڕێ، وتم: ـــ ها كوڕم ئەو شووڵەی بگرە بەر نەبیتەوە دایكی قیژاندی:ـــ ئەو شووڵە چییە؟ بۆ نەت وت (دار)؟ تۆ بەم جۆرە وشانە زمانەكەی تێك دەدەی!

ـــ: ئنجا بووكێ چی تێدایە، منداڵەكە ئەم جۆرە وشانەیش فێر دەبێ ــ(دار) بە ئەستوورەكەی دەڵێن، بەڵام باریكەكە پێی دەڵین (شووڵ)، ئەویش هەر لە دارەوە وەرگیراوە، لێی گەڕێ بافێری ببێ لەوانەیە پێویستی پێ بێ.

ـــ: نابێتە شوان تا پێویستی بە(شووڵ)ی تۆ هەبێ، كە دەگاتە ئەوەی خوێندنی دواناوەندیش تەواو دەكا زمان فێر دەبێ، ئەو كات بڕیاری پێویست دەدا.. بە هەر حاڵێ بێ، پێویستی بە (شووڵ)ی تۆ نابێ. هەر بە هۆی ئەم شووڵەیشەوە بوو

نێردرایە باخچەی منداڵان! بە مێردەكەیم وت: چاكتر وایە، من بگەڕێمەوە لادێ، منداڵەكەش بێتەوە ماڵێ. بەڵام ئەو كارەكەی بڕاندەوە و وتی: ـــ: هەرگیز! گەڕانەوە نییە.. دەگەڕێیەوە بەتەنێ بژی، تا بكەومە بەر زاروزمانی خەڵكی لادێ! (ناتوانێ بابی بەخێو بكا).. لێرە پاڵ دەوە، بخۆو بخۆرەوە و بیر لە هیچ مەكەرەوە. بخۆ! بەڵام ئاخر نە چێشتی گەرمكراوەی ناو قووتووم پێ خۆش نییە، ئەوەی لە قووتوو ئاخنراوە، كەبابی ناو قووتوو هەموو شتێك قووتوو كراوە، قووتوو دەكەنەوە و خواردن تێ دەكەن لە هەموو ئیشانیش وێرانتر بووكەكەم تیژاوێی بەسەر دادەكا.. كە چووە ئەڵەمانیا، دیتی لەوێ هەموو شتێك بە تیژاوێ دەخۆن، ئەویش هەستا ئامێرێكی ئامادە كردنی كڕی هەر تەواو دەبێ دروستی دەكاتەوە وەك بڵێی قەت تەواو نابێ، گۆشتی گوێلەكە، گۆشتی بەراز، شێخ مەحشی هەمووی تیژاوی لەگەڵ دایە، نە دەتوانی چەشنی ئەو دانە بناسییه‌وه‌ دەیخۆی، نە دەشتوانی نەیخۆی! ژنەكە تەبیات تیژ و مزوڕە مۆنج دادەگرێ. جارێكیان بە (كیرچ)م وت:ـــ ـــ: دەبێ ئەو تیژاوەی لە بێن بەری! ـــ: بۆ؟ ـــ: چونكە سەبارەت بەوەوە گەدەم ئازارم دەدا.

 ـــ: ڕاست دەكەی، ئەمەش مانای وایە كە تۆ تووشی قورحە بوویت بەیانی دەتبەم معایەنەت دەكەم. ئەگەر تووشی بووبی دەیبڕن. ـــ: بمبە! بمبە بەڵكو بمبڕن.. چی دەبێ باببێ، با بمبڕن با سكم هەڵدڕن، بەڵام با لە تیژاوێم ڕزگار بكەن،  جارێكیان حەزم چووە ئەوەی نەختێ سیر و خوێ بكوتم و لەگەڵ سركە خۆراكێكی ئینسانی بخۆم، ئەو ژەمە وەك دەرمانی یەكساتە بوو بۆم لە دوای تیژاوی بەڕێز، دووبارە و سێ بارەم كردەوە، بەڵام جارێ بەسەهوو چووم لە بیرم چوو پەنجەرەكان بكەمەوە، دیار بوو دكتۆرەش بۆنی سیری كرد بوو، وتی: ــ بۆنی چ كەلاشێكە ئەم بۆنە؟ نەمتوانی درۆ بكەم، پێم وت: سیر. ـــ: جا سیر لێرە چی دەكرد؟ ـــ: ئۆ.. وەڵڵاهی چیت لێ بشارمەوە جنیم و خواردم. (كوڕەكەم دەكوتم)... چ هات و هاواری نەكرد لەگەڵ ئەوەی پڕیشكیشی دەهاوێشتن، نەی قیژاند، ئەو بەو جۆرەش نییە ئەوەندە سادە بێ.. هێمن و لەسەرخۆ دەپەیڤی بەڵام بە شێوەیەك، داغی دەكردم. ـــ: زۆرباشە! بەخوا جوانە، بەخۆ و بە كیرچی ئەم ناو ماڵەمان لە چوار قوڕنەی دونیایێ كۆكردووه‌تەوە، تۆش دێی بە سیری گوڵاوپژێنی دەكەی، كانتۆرەكە بۆگەنی كردووە، دارتاشێ بانگ دەكەم بیگۆڕێ، ئیتر لەمەو دوا هەرگیز ناتوانم پێشوازی له‌ میوانان بكەم. دوای كۆششێكی زۆر ڕازیم كرد كەنتۆرەكە تێك نەشكێنێ، پێم وت: ئەمجارەش چاو لە هەڵەم بپۆشە ئیتر جارێكی تر چاوت بە سیری ناكەوێتەوە. با ئاشت بینەوە!

ئاشتی.. جا بۆ ئاشتی؟! دوو جارانم بەشداری شەڕ كردووە، جاری یەكەم لە پێشەوە بووم و لە جاری دووەمیشدا لەگەڵ ئەوانەدا بووم ئازووقەمان بۆ كەتیبەكە ڕەوانە دەكرد، ئەوەشت پێ بڵێم لە شەڕدا، نە ترساوم و نە مردوویشم، بەڵام دەتوانم بڵێم  كە مرۆڤ دەشێ بە هۆی (ئاشتی) یەوە لەسەرخۆ بمرێ. مەسەلەكەت بۆ ڕوونتر دەكەمەوە: ـــ  مرۆڤێ لە ماڵێ دابنێ، وازی لێ بێنە بێ كارو كاسبی، هەموو شتێكی بە تیژاوێ دەرخوارد بدە باسی بایێی بە بارانێ بۆ بكە.. حەیاتی لێ دەبڕێ!!

بە كیرچم وت: ـــ: كە بۆ كردنەوە و داخستن دەچیتە لای بناوانێ، هەندێ قەدی (شۆڕەبی)م بۆ لەگەڵ خۆت بێنە سەبەتەی پێ دروست دەكەم. كوڕەكەم وتی: ـــ: تۆ سەبەتەی خۆتت دروست كردووە، بۆ خۆت بە ڕەحەتی دانیشە و لە دوو ئەوەی بە  بە چاكی دەزانی! (بەڕەحمەت) بێ هەر لە دایكی دەكا، قسەیەك دەكا لێی نایێتە خوارەوە تەنانەت ئەگەر چەند ساڵێكیشی بە سەردا تێپەری بێ.. قسەیێكی كرد لێی پەشیمان نابێتەوە. ئەو ئەندازیارە و تەنها لە ژماران دەگا،(2) لە لای هەر دەكاتە (2)، سفریش هەر سفرە، لەوەی زیاتر قسەی قۆڕە. (شەو شاد، ڕاكشێ بەڵكو خەوت لێ بكەوێ)! راكشێ بەڵام نەنووی، هەر پاڵ دەكەوم و ناكەوم هەست بە گێژی و سەرسووڕان دەكەم.

با حاڵی خۆمانت بۆ بگێڕمەوە! پێم دەڵێن، بابە بۆچی ئێمە لەگەڵ ئەوەش وێكڕا لە جێگایێكی دەژین و لەسەر یەك خوانیش دەخۆین لە یەكتری غەریبین؟ ئێمە بە ڕادەیەك غەریبین لە یەكتری، كە ئەوان ڕازی نەبوون مناڵەكە بە ناوی من بكەن، چونكە ناوی من (ئیگنات)ـە و منداڵەكانیش بە(گاتیۆ) بانگی دەكەن، ناویان نا (كراسیمیۆر).. ناوێكی نوێیە. بە باپیریتیان دەگوت (گاتیۆ)، بابیری باپیریشت ناوی (گاتیۆ) بوو، هەردووكیشیان ژیانێكی پڕ خەباتیان لەگەڵ یاخی بووەكانی (هایدۆت) دا بەسەر برد، بەشداری گەلەك شەڕانیان كرد، ناوێ گەیاندبووینەوە یەك و هەردووكیش بەنهێنی لایەنگیری شۆڕشگێڕەكان بوون.. ئەوەتا ئێستاش نەوەكەیان ناوی دەنرێ (كراسیمۆر). با لە ناوەكە بگەڕێین، ئەوەتا باوكی وازی لە (ئگناتۆن) هێناوە و بووەتە (ئیگناتیڤ)، تەنانەت لەدەلیلی تەلەفۆنیشدا نووسیویەتی: ئەندازیار (كیریل ئیگناتیڤ). زەنگی تەلەفۆن لێ دەدا هەڵی دەگرم: ـــ: كێتان دەوێ؟ ـــ: هاوڕێی ئەندازیار (ئیگناتیڤ)! كە هاتەوە بەرەو ڕوو پێم وت: ـــ: شۆرەتی خێزانەكەم (ئگناتۆڤ)ـە، ئەمەش لە مێژە لە دادگادا تۆمار كراوە، لەبەر خاتری ئەم خێزانەیش چوویتە زانكۆیێ و ئەندازەت خوێند و وات لێ هات سواری ئۆتۆمبیل ببی، ناوەكەی ترت لە كوێدا هێنا، یا لە خێزانەكە بێ بەری دەبی و لە ڕۆژنامەی ڕەسمیش بڵاوی دەكەیەوە، یا ئەوەیە ناوم ناگۆڕی و بێزی لێ ناكەیەوە!

گەلەك جاران جوابی داومەتەوە، بەڵام ئەمجارە فززەی نەكرد لەگەڵ ئەوەشدا ئازایەتی من دادی نەوەكەمی نەداو ناوی هەر بە (كراسیمۆر) مایەوە. جا ئەمە سەركۆڵێكی بچووكە، هی گەورەتریش هەیە كە جارێكیان. وەریان چەرخاند، كونێكی ترسناكی لە هەستمدا كردەوە. ئەوێ شەوێ، دوو سەعات بوو بێنی تەنگ كرد بووم، لە خۆم دەپرسی: بۆچی ماڵی خۆم لە گوندی بەجێ هێشت و هاتم گۆشە گیری ئەم قەفەسە زێڕینەی بووم؟ بۆچی؟ بەڵام تۆ وەرە ئەوەی بە كوڕەكەم بڵێ، كە پێم دەڵێ: چ دەكەی لە گوندی بە تاقی تەنێ دەژی؟ چۆن دەتوانم تێی بگەیێنم، كە من لە ماڵێ دەبم لە گوندی، لە دڵێ جیهانێدا دەبم. لە بێستانێدا گێڵاس و كولەكە و پیواز و تەڕە و فێقی تر.... شتێ خوڕەی دێ، شتێكی تر هاشەی دێ، سێیەم دەبۆڕێنێ. پێش ئەوەی بێمە ئێرە دوو بەرخم هەبوون، دوو بەرخی سپی جەربەزە، فێر ببوون كە بە ماندوویەتی دەگەڕامەوە و لەبەر دەرگا دادەنیشتم، لەشم ئارەقەی لەبەر دەڕۆیی، لێم نزیك ببنەوە و بە زمان ئارەقەی بناگوێ و مل و هەرجێیەكی زمانی تێدا بسوڕابایەوە دەیان لێستەوە، لەگەڵ سوێریشی دەیان لێستەوە.. پفیان دەكرد، دەیان لێستەوە و پفیان دەكرد... وەك بڵێی بۆ خواردنی قوربانیەكی پیرۆز ئامادەم بكەن.. هەردووكم بۆ كوڕەكەم كوشتنەوە.. تاكو ئێستاش خۆم نەبەخشیوە، كە گوێیان لە كرانەوەی دەرگا دەبوو، دەستیان بە باڕەباڕ دەكرد، ئماع… ئماع… مماع... شتێكت لەبارەی دەرگاكەت بۆ دەگێڕمەوە: چوارچێوەكەی كۆنە.. بەڵام قوڕسە و لە داری مازوو دروست كراوە، كە دەكرێتەوە جیڕەی دێ، كە دایشدەخرێ سییڕەی دێ.. هەندێ جار وەك (خاتوون سێمانكە) دەچریكێنێ هەندێ جاریش دەنگێكی كەرخی لێوە دێ... كە نەختێ دونیا شێدار دەبێ دەبۆڕێنێ، كاتێ دەكەوینە ناو گەرمایشەوە وشك هەڵدێ و سییڕەی تەواو لە (ئارگۆن)ی دەستی دەكا.. منیش لە سییڕەی دەرگاوە دەزانم، كەی باران دەبارێ و كەنگێ هەوا خۆش دەبێ.. تەنانەت وام لێ هاتبوو بە ئەندازیارەكەی كشتوكاڵم دەگوت: بەسە لاوە! بەسە، چیتر ئاوێ بەبنە مێوانەوە مەنێ. سبەینێ دەبارێ.. ئەندازیاریش وەڵامی دەدامەوە: بەڵام ئێزگە شتێكی دی دەڵێ؟! ـــ: تۆ گوێ بۆ ئێزگەی خۆت ڕادێرە و منیش گوێ لە ئێزگە تایبەتیەكەی خۆم دەگرم. دەشبینینەوە.. كامەیان ڕاستتر دەردەچێ؟! وەكو منیش گوتم وا دەرچوو و باران باری، لەو كاتەوە وای لێ هات سەر كارەكە دەهاتە لای من هەوای ئەمڕۆ و سبەینێم لێ بپرسێ.. ئێستاكە ئەو دەرگایە ژەنگ هەڵدێنێ.. نە كەس هەیە بیكاتەوە، نە كەسیش هەیە گوێ له‌ گوفتاری بگرێ، نە یاوەر و خەمڕەوێنێكیشی هەیە... نامەیێكم بۆ ئاوەڵ زاواكەم ناردبوو، پرسیارم لێ كرد بوو خەبەرم بداتێ داخۆ ماڵەكە، بەتایبەتیش دەرگاكە وەكو خۆیان ماون؟... ئەویش ئەم نامە كورتەی خوارەوەی بۆ ناردبوومەوە: »سڵاوت لێ بێ ئاوڵ زاوا! چوومە تەماشای دەرگاكە، ئەوا ئێستاش پێت دەڵێم: دەرگا ساغ و سەلیم هەر لەجێی خۆیدایە. بەڵام نە وەك جاران گۆرانی دەڵێ و... نەسییڕەی دێ... بەڵكو وەك یەكێ بە ددانان جیڕە جیڕ دەكا، وەك سەگی پێكراویش نسكە نسكی دێ.. سەركار هەواڵت دەپرسێ، هەروەها خەڵكی گوندی هەموویان، لێت دەپرسن..« نامەكەم دایە دەست كوڕەكەم بیخوێنێتەوە، بەڵكو هەست بەوە بكا، كە من پێویستیم بە ماڵێیە و سووڕەی ناوك نیم بڕابم و فڕێ درابمە بیرێكی قووڵەوە. ئایا دەزانی چی پێ وتم؟:

ـــ: ئێوەی پیر وەك منداڵانن، بە دوای حەسانەوەی خۆتان ناگەڕێن، جا چ كەسێ هەبێ بەڕووتانا بقیژێنێ، یاخۆد یەكێ بۆتان بژەنێ! ـــ: ئاخ.. من ئێستاكە لەكوێم؟ بڕۆ ڕێی خۆت بگرە! ئەوا سیر و تیژاو وەك یەكیان لێ هات. هەر چەندی نەیشتوانم قسەی لەگەڵ بكەم، ئەدی قسە لەگەڵ كێ بكەم؟! لەگەڵ ئەوەشا حەزم لە قسە كردنە بەڵام نە جێگایەكی لەبار دەبینم، نەكەسێ هەیە لەگەڵی بئاخڤێم.. دەستەی جحێڵان لەباخچەكە دادەنیشن و قومارێ دەكەن. تۆزێ دوور دەكەومەوە، یەكتری دەئامێز دەگرن و بەماچان دەكەونە بەر یەكتر.. تۆزێكی دی دوور دەكەومەوە منداڵ و دایكان دەبینم، ئێرە كەسێكی هاوتەمەنمی تێدا نییە، بڵێ ی لەگەڵ ڕیزێ دابن یاخود دەیانبینی گەرما تەنگی پێ هەڵچنیون؟ نازانم. بەڵام هیچیان نابینم، لەوانەیە تووشی یەكێكیان ببم، فەرمانبەرێكی بانق.. یا هەر بۆ نموونە (باش كاتبێ)،بەڵام تۆز قاڵێ لە قسەكانیانم بەدڵ نییە.. جارێكیان لەگەڵ سەرتیپێكی خانەنشین دا پێك گەیشتین، پێم وت: ئەم ساڵ وەرزی ڕەزان باش دەبێ، باخەوانەكانیش بە درێژایی ڕۆژێ ئاو بەباخچەكانیانەوە دەنێن، كەچی ئەو باسی (لێزەر)ی بۆ دەكردم: كەهەموو شتێ دەبڕێ: ـــ: (لێزەر) تۆپ لە نێو دەبا.. ئەگەر زوو یا درەنگ جێگای دەگرێتەوە ئیتر تۆپ ڕەش دەبنه‌وە. پاشان ئەوەی گێڕایەوە، كە چۆن تۆپەكەی بەتالیۆنێكی (ئینگلۆفەڕەنكسی) لە ناو بردووە.. باسی تەقینەوەی بۆمبای گەورە گەورەیشی دەكرد، داخی ئەوەیشی بوو بە كپی سەر دەنێتەوە!! وەك بڵێی ئەوەی كرد بووی لە پەلەكووتەی دوا هەناسە زیاتر نەبووە! ئەمە باسی شەڕی بۆ دەكردم، ئەوانی دیش باسی داوو دەرمان، كەی چاك  بووەتەوە و چۆن سنگیان بە مەلحەمێ شێلاوە.. یان ئەو پەڕۆكەی دینكۆفی پرۆفیسۆر بۆی داناوە بەكاری بهێنێ. یەكێكیان خەڵكی گوندی (كراسنۆ) بوو ناوی (یۆگی یان یۆرگی) بوو، ئەوەی بۆ دەگێڕامەوە، چۆن هەموو بەیانیان وەسەر و پۆڕی خۆی ڕادێ.. تاكو پتری خۆین لە مێشكدا بگەڕێ.. لەگەڵ ئەوەشدا كە ڕەنگ و ڕوخسارت دەدی، زەرد هەڵگەڕاو، تەنانەت وات بە خەیاڵدا دەهات، بە درێژایی ژیانی تنۆكە خوێنێكی بەسەریدا نەگەڕاوە! ملی قەد قەد ببوو، چەناگەیشی دیار بوو ناوە ناوە دەلەرییەوە.. ئەگەر ئەو (یۆرگی) یەیان دەدایە دەستم و پێمەڕەیێكم لە دەست دەنا، ئەو كات دەتبینی چۆنی خوێن لە دەماراندا دەگەڕێ.. لەبەر ئەوەی ئەم ساڵیش هەر لێرە بووم، وام لێ هات هەستم بە ئێشێك دەكرد لە كڵاوەی چۆكم. ئیتر هاوارم كرد: ئەی هاوار هەی خودایە خەریكم دەمرم..! هەندەی دەرزی ئاژنم بكەن وایان لێ كردووم وەك بێژنگم لێ هاتووە. دەم ئێشێ و قسەیش ناكەم. جارێكیان ئاوەڵ زاوەكەم تێپەڕی پێمەڕەیێكی پێ بوو: ـــ: بۆ كوێ؟ ـــ: پارچە زەوییەكیان لە هەرەوەزیێ داومەتێ، ئەوا ئێستاش دەچم تەختی بكەم، (وێنجە)ی بۆ پێچۆڵێ تیا دەچێنم، بۆ لەگەڵم نایێی؟ وەرە چ دەبێ با ببێ. لەگەڵی چووم.. كێڵگەكەمان تەخت كرد، بژارمان كرد، ئێوارە داهات، منیش هیچ ئێشێكم تێدا نەما.. وەك بڵێی كەسێ بە دەست لێی دەرهێنابم و لە بن خاكی نابێ. بەسەرۆكی كۆمەڵەی هەرەوەزیم وت: ئەوان ئاسا، پارچە زەوییەكیش بدە بە من، زۆر دەرد هەنە پێویستە پێی دەرمان بكەم. سەرۆك وتی:ـــ جا تۆ پارچە زەویت بۆ چییە؟ چیت پێ چاكە ئەوه‌ی بكە..!! بە سەرمدا قیژاند:ـــ مێرگێكی بەردراوم بدێ، ئەو وەختە پێت دەڵێم چیم پێ چاكە.. ئەویش ڕێزی لێ دەنام، چونكە من یەكێكم لەوانەی كە بەشداریان لە دامەزراندنی كۆمەڵەی هەرەوەزیدا كردووە. مێرگێكی دامێ، بەڵام دەزانی لە كوێ؟ لە بن كلكی كسۆكی، لە چۆلەوارێكی بەیار و بێ ئاودا.. پێش ئێستا مێرگ بووە، وازی لێ هێنراوە زڕەگیا و وشترالووكی لێ شین بووە و، خاكەكەی خنكاندووە و زیانی پێ گەیاندووە.. ئیتر پێی بەسەردا نەهاتووە. من خۆم بە پلەی یەكەم باخەوانم، لەگەڵ ئەوەشدا تەخسیریم نەكرد، زڕەگیا و بیژۆكم دانە دانە لێ بژار كرد، بڕینمەوە. لە ڕەگەوە دەرم كێشان و دوورم فڕێ دان. مێرگەكەم پاك كردەوە، بەڵام لە ڕەگ و ڕیشەی (قرانیا) یێك هەڵنگووتم. ڕەگی لە قووڵایی خاكدا گیر كرد بوو، نە دەهەژایەوە، نە دەشبزووت.. گەلێكی بە دەسكەپێمەڕان لەگەڵ خەریك بووم، بێ هوودە بوو. تەنیشتم كۆڵین، بەڵام ڕەق و بەگرێ بوو، توند توند خۆی بە خاكەوە گرتبوو نەیدەویست لێی بێتەوە، گشت لق و پۆپم بڕین، لقێك نەبێ چیدی پێوە نەما، لەگەڵ ئەوەشدا پێم دەرنەكێشرا. یەكشەممەیێك بەگژی داچووم، وەك ئەوەی بەگژ دڕندەیێك دابچم.. بڕیمەوە، بن كۆڵم كرد، هەناسە بڕكێم پێوە نووسا كەفم هەڵدا. ئاخری دەرم كێشایە سەر زەوی. ئیتر مێرگ كەوتەوە هەناسەدان. لە جێی (قرانیا)یەكەشدا، دار گێڵاسێكم لێ چەقاند، (خۆخ و هەرمێ)یشم لێ ڕواند. تۆی سێپەڕەیشم كۆكردەوە و زەوی یەكەم پێ تۆدا. ئاوم پێوەنا و لێی گەڕام تا شین دەبێ. لە جێژنی (قەدیس قووستەنتین)دا لەگەڵ ئاوەڵ زاواكەم چووین بژاری بكەین، تۆ بڵێ چیمان بینی؟؟ گوڵە سێپەڕە و خەشخاش تێكەڵ ببوون، بەری دارحەلووكە سوور ببوو، بۆنی گوڵان كە بەناو دارستان بڵاو ببووەوە، ئاپوورەی هەنگ و مێشی دیكەی عاشق بە گوڵی بۆ خۆی ڕاكێشابوو، باڵیان لێك دەدا و شیلەیان دەمژی.. ئاوەڵ زاواكەم بانگی كردم: دەی با دەست بە بژارێ بكەین.. ـــ: بژاری چی و حاڵی چی؟ ئەم مێرگە بژار ناكرێ، وازبێنە با هەنگەكان گۆرانی بڵێن و سوپاسی (گاتیۆ) بكەن.  ئێوارێ بە سەرۆكم وت: ــ گەر دەتەوێ بزانی چیم پێ خۆشە، سبەینێ لەگەڵم وەرە دەچینە ناو مێرگەكە. سەرۆك ڕازی بوو و چووین.

 ـــ: ئا ئەوەتا، ئەوەی كە من پێم خۆشە جەنابی سەرۆك! ـــ: ئەمە شتێكی چاكە، بەڵام چاكتر دەبێ ئەگەر دێوجامەیێك لە شەرابی گەمزا (جۆرە مەیێكی هەرە چاكی بوڵگارانە) بە بەر چوكڵەی چاوانەوە بنرێ.. ئنجا لەسەر ئەو سێپەڕەیەدا پاڵ بكەوێ و قەڵێشت پێ بێ، لە دەور و بەریشتدا، قرچە قرچی كاریلەی برژاو بێ، ئەو حەلە بە چاكی دەزانم چیت پێ خۆشە... چاكە! من هەندێ چەوراییم پێیە.. دیار بوو ئەوەی پێی بوو دەری هانی و خواردی. پاشان بێ ئەوەی سەیری گێڵاس بكات، یا هەوایێكی پاك و بێگەرد هەڵمژێ لێیدا ڕۆیی!! بەم  جۆرە وەك وتی وای نەكرد. لەو ساوە من بیر لەوە دەكەمەوە كە پێم خۆشە. جارێكیان بە كیرچم وت هاوڕێی ئەندازیار! پێم دەڵێی ئەوەی بكە، پێت خۆشە، داخۆ دەبێ ئەوە چی بێ كە خۆشی لێ دەبینرێ؟ ـــ: دەپرسی چییە؟ ئەوەیە كە بنوی، بچیتە سینەما.. دەشبێ ئەگەر كەسێ هەبوو لەگەڵی بكەی یاری (تەرنیف) ــ جۆرە یاریێكی كاغەزی قومارە ـــ بكەی.. بەڵام زەوق و میزاجی بێگەردیش ئەوەیە دونیات بە گونان بێ و لە كوێ پسا لە وێی گرێ بدەیەوە. وتم:ـــ ئا ئەو زەوق و میزاجەی تۆ قسەی قۆڕە! تۆ دەزانی ئەو سینەمایەی هەموو ئێوارەیێ چاوی تێ نز دەكەیەوە چییە؟. ئەوە وەكو ئەو دۆنە وایە كە بەشووشەوە دەنووسێ. سینەمای جوان ئەوەیە منی تیا دەژیم، وە ئەمما بایەخ بە هیچ نەدەی ئا ئەمەیان مردنە..؟! ـــ: شتێكی ئاسایییە خانەنشین بیت و بحەسێیەوە و بایەخ بەهیچ نەدەی. ـــ: نەخێر ئاسایی نییە ئادەمزادی زیندوو بایەخ بە هیچ نەدا.. ئایا پەلكۆكەیێك لەم سرووشتەدا هەیە خانەنشین بێ؟ نەخێر نییە و نایشبێ هەبێ.. قەتت گوێ لێ بووە، هەڵۆیێك خانەنشین كرابێ و هاتبێ لە دیار هێلانەكەی دانیشتبێ، زاری بەش كردبێتەوە فەرخە هەڵۆیەكان بە دەنووك مشكی دەرخوارد بدەن؟ »هەڵۆ« تا دوا هەناسەی دەفڕێ، ئینجا بۆ زەوی كەڵەواژی دەبێتەوە. ئەوەم بۆ گێڕایەوە كە جارێكیان لە نزیك (سپییەئاو)ـە كەوە ڕوویدا: »وەختی پشوودانی نیوەڕۆم بوو، لە ژێر دارسنەوبەرێكدا پاڵ كەوتبووم، بەرخەكانیش دەورەیان دابووم، گوێم لە هاشەیێك بوو بەسەرمەوە، تەماشام كرد هەڵۆیێكم دی لە لای (برسنەك)دا دەهات تا دەشهات سەرەو خوار دەبووەوە تا گەیشتە سەرسەرم.. راپەڕیم ببینم چی بوو؟ سەیرم كرد باڵەكانی لەسەر مێرگەكەدا جووت كردووە و حەیاتی لەبەر بڕاوە بێ ئەوەی زامدار بووبێ یاخود نووكی دەخوێن هاتبێ... مرد بوو و دەشفڕی... ئا ئەوەیە شتی ئاسایی كوڕی خۆم لە كاتی فڕیندا بمری.. بەڵام تۆ لەو قەفەسەم بەند دەكەی دەمویست ئەوەی پێ بڵێم، لێ پێش ئەوەی بیدركێنم، جوویم و قووتم دایەوە...« كیرچ سەیرێكی كردم وام تێوەڕامابوو، دەتگوت یەكەم جارە دەمبینێ..! وتی: ـــ نەخێر.. دەتبەمە لای دكتۆرێك، پێم وایە كە تۆ مێشكت نەخۆشە! ـــ: لێم گەڕێ لەبەر و دختۆران، چاكتر وایە بۆ خۆت بچیتە سینەما! وام زانی لە قسەكانم دەگا، بەڵام دیار بوو تێی نەگەیشتبوو.. وشە بە گوێرەی ئەو وەك ژمارە وایە، دوو هەر دووە و سفریش هەر سفر...! من بەرەو مێرگی بەرفرەو كاكی بە كاكی دەچم.. ئەویش بەرەو بەغدا.. لە كوێ دەگەینەوەیەك؟ ئا ئەمەیە سەری كۆڵیوم و گێژی كردووم، وێنەی دار كۆڵێ بەسەرمەوەیە، دەسوڕێ و دەسوڕێ تا لە ئاگر و ئارەقەمدا نقوم دەكا... ڕەپێ دەبم پەنجەرەكە بكەمەوە هەوایێك بێتە ژوورەوە.. دەیكەمەوە و نایكەمەوەیش، هاڕە هاڕو ڤڕە ڤڕی مەكینان دێ: بڕ بڕبڕ.. بڕبوك.. قرڕڕڕ قڕڕ.. بوووم... ماتۆڕەكان هەر مەپرسە لە شەقامەكەدا چ زیقە زیقیانە، وەكو بڵێی زیقەیان لەناو دڵ و گوێی پیاویدا دەچەقێ، دەڵێم ئێستا كەڕ دەبم. ژمارەی دانیشتووانی شاری (تۆڵشاف) خۆی لە ملیۆنێك دەدا، پارێزگاریشی لێیە و تیپێكی تەواوی سەربازیش. بڵێی كەسی وای تێدا نەبێ ئەو هەزارــ تۆ بڵێ پێنج هەزار ــ ماتۆڕانە دوور بخاتەوە كە شاری تێك دەدەن و مرۆی كەڕ دەكەن؟؟  پەنجەرەكەم داخستەوە، سەرم خستە ژێر سنەوبەرەكە.. ئیتر لەو زیاترم تا ئێستا بە دەستەوە نەماوە. شتێكی دیكەشم بەخەیاڵدا دێ ئەویش ئەوەیە هەڵبێم... تەنم حەزی لە هەڵمژینی بۆنی خۆڵی زیندوو و گەرمۆكەیە، چ قسەیش لەگەڵ كیرچ یا لەگەڵ بەفرگرەكە (سه‌لاجه‌) بكەی جیاوازی نییە! بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەینێ كوڕەكەم خەرابە، نە‌و! ئەو بە دڵسۆزی و بە شەرەفەوە ئیشی خۆی دەكا، تەنانەت وا دێتە بەرچاو كە لە سكی دایكی نەبووە لە بەرمیلی دا هاتووەتە دەرێ، هەر بۆیە بۆنی بنیادەمی لێ نایێ، پتر لەوەی بۆنی بەنزینی لێ دێ.. ئەوەندەی قسەی بۆ بكەم سوودی نییە، وا ئەم پارچە كاغەزۆكەی بۆ دەنووسم: » كوڕم كیریل! ئەمن دەچمەوە گوندی، ئەوان نەمامان دەگوێزنەوە لە شوێنی تر بیڕوێنن.... تۆ منت هێنایە شار لەوێم بڕوێنی... پیر بووم كوڕم.. من ڕەگ و ڕیشەم لێرە نییە... ڕەگ و ڕیشەی من لەوێیە، لە گوندی. ئەوا منیش دەچمەوە بە دوایدا دەگەڕێم.. كە سیس دەبم و وشك هەڵدێم، بەچاوی كراوەوە دەچمە نێو گۆڕەكەم... بمبورە ڕۆڵەم! بە دوای منیش دا مەگەڕێ. من بەرەو مێرگ و مێرغوزاری كاكی بە كاكی و فراوان ڕۆیشتم. بەڵام تۆ، تۆیش بەردەوام بە لە ڕێگەی خۆت بەرەو بەغدایێ.

                                                             باوكت: گاتیۆ

 

 

        

(*) له‌ ژماره‌ 2 ی ساڵی دووه‌می گۆڤاری (الاداب الاجنبیة)ی سوورییه‌وه‌

     كراوه‌ به‌ كوردی.

گەڕان بۆ بابەت